"an independent online kurdish website

هەفتەی جارێک بۆ ماوەی ٤٥ دەقیقە، لە کانتینەی قوتابخانەدا، لە پێوەندی لەگەڵ پەرەپێدانی پڕۆگرامێکی هاوبەشی نۆرویژی/ ئەمریکاییدا، وەک چاودەێر دەکەوینە لای یەکتر.braym_lajani

ئەو پڕۆگرامە لێکۆلینەوەیەکی مەیدانیە بۆ دەرخستنی شوێنەواری ڕەفتاری پۆزەتیڤ لەسەر گەشەی ژینگەی فێربوون.

ئەو هەفتەیەش بۆ یەکەم جار لە ساڵی تازەدا کەوتینەوە لای یەکتر. ساڵی تازەمان لە یەک پیرۆزکرد و کەوتینە دوان. لێی پرسیم داخوا لە پشوی سەری ساڵدا چۆنم بۆ گوزەراوە.

منیش وتم هەر لە وڵات بووم . خۆش بوو. لە ماڵەوەبووم . خواردنی خۆش، پێکەوبوون لەگەڵ بنەمـاڵە، تێرنوستن. سەردان و دیدار ، تۆزێکیش میوان و میوانداری و یەک دوو ئێوارە جەژنیش لە نێو ژینگەی خۆمان کوردەکانی ئوسلۆدا.
وتی ڕاستە ئەو جەژنانە زۆرتر بۆ ئەوەن بنەماڵەکان لە دەوری یەکتر کۆبنەوە. منیش چووبوومەوە وڵاتی خۆم و لای بنەماڵەکەم بۆ سکۆت لەند. وتم نەمزانی بوو خەڵکی ئێرەنی. وتی ئەوە داستانێکی دیکەیە. من کچێکی نۆروێژیم هێناوە و چەند منداڵمان پێکەوەهەن و هەر بۆیەشە لێرە دەژیم. بەڵام لەو جۆرە موناسەبەتانەدا، جار جار خۆم و منداڵەکان دەچینەوە سکۆت لاند.
وتم کەوایە لە پێوەندی دەگەڵ وەزعی سیاسی سکۆت لاند هەندێک پرسیارم هەن. من کوردم و خۆت دەزانی کوردەکان میللەتێکی گەوەرەن لە رۆژ هەڵاتی نێوەراستدا لە ژیر ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەییدان. ساڵانێکی زۆرە خەبات دەکەین و ئەو خەباتە جارێ هەر بەردەوامە.
ئەوە کە ئێوە دەتانەوێت ڕیفڕاندۆم بکەن و لەوڕێگایەوە چارەنوسی خۆتان دیاری بکەن، بۆ ئێمەش قوەتی قەلب و سەرچاوی ئیلهامە.
دەتوانی لەوبارەوە کەمێک بەرچاو ڕوونیم بدەیەی.
وتی ئێمە پاڕلەمانی ناوچەیی خۆمان هەیە. لە بەڕیوەبردنی کاروباری ناوچەکانی خۆماندا خودموختارین. سیستەمی حقوقی و پەروەردەیی سەربە خۆمان هەیە. دەوڵەتی محەللی ئێمە یارمەتیە دەرمانی و بیهداشتیەکان بێ بەرامبەر بۆ خەڵک دابین دەکات.

خوێندکارانی ئێمە شەهریەی خوێندن نادەن. جگە لە مەسەلەکانی پێوەندیدار بە موهاجەرەت، چەک، قومار و مەوادی موخەدیر، لە بوارەکانی دیکەدا، تەنانەت لە پێوەندی دەگەڵ دیاری کردنی ڕادەی ماڵیاتیشدا، ئۆرگانە ناوچەییەکان دەستەڵات دارن. بەو حاڵەش بە حەقی خۆمانی دەزانین جیابینەوە. لە پایزی ساڵی ٢٠١٤ دا رێفڕاندۆم بۆ ئەو مەسەلەیە بەڕێوەدەبەین.

ئێمە سەرچاوەی گەورەی نەوتی دەریای شیمال و ئیمکاناتێکی زۆری سەنعەتی و فەرهەنگێکی دەوڵەمەند و هاوپێوەندیەکی بە هێزمان لەگەڵ یەکتر هەیە. لە ڕابردووشدا، مێژوویەکی پڕ لە گرێوگۆڵمان لە گەڵ لەندەن هەبووە. حەقی خۆمانە سەربەخۆبین. ئێمە ٣٠٧ساڵ لەمەوبە لە گەڵ ئینگلیستان یەکەیەکی سیاسی تازەمان پێک هێنا. بەڵام لەسەرتاسەری ئەو ماویەدا، هەر تەحقیر کراوین، بە بەراورد لە گەڵ ئینگلیسیەکان هەمیشە لە مەینەتبەشی و بێ عەداڵەتیدا ژیاوین.

ئاخر نازانم ئەتۆ لێم تێدەگەی یانا، خۆشنیە هەمیشە هەر برا چکۆڵەبیت. برا چکۆڵەش مافی خۆیەتی رۆژێک ماڵێ خۆی بکات و ببیتە خاوەن ماڵ و حاڵی خۆی و ئەدرەس و جێگەورێگەی خۆی هەبێت و بچێتە نێو نێوان و کەسایەتی سەربەخۆی خۆی پەیداکات.

کە ئەو قسەیم لێ بیست، دەسبەجێ کەوتمەوە یادی هاوڕێێ تێکۆشەرم، کادری بەوەجی حیزبەکەمان کاک محمەد رەسوڵی کە ئێستا لە ئەمریکادەژی کە دەیگوت: یاخوا کەس لە ماڵێ برا چکۆڵەنەبێت، لە تەشکیلاتی حیزب و بەتایبەتی لە کۆمیتەی ناوچەدا کادری دەرەجە چوارنەبیت و لە نێو هێزی پێشمەرگەشدا خوایە کەس سەرپەل نەبێت.
وتی زوو لە سەرەتای هاویندا دەڕۆمەوە. ئەمساڵ و هەموو توانای خۆم بەکاردەبەم تا کاریگەربم لە بردنەپێشی پرۆسەی سەربەخۆییخوازیدا. ئەوە ئەرکی نەتەوەییمە و دەبێ زوو لە گۆرەپانەکەبم.
وتم ئومێدێک هەیە. وتی دونیاکە گۆڕاوە. ئەگەر ئیرادەی خۆمان بۆ ئەو مەبەستە هەبیت، ئەو پرۆسەیە سەردەکەوێ. هەلومەرجێکی تازە هاتۆتە گۆڕ کە ئیجازەی ئەوەمان پێدەدات. وتم چۆن؟
سەیرکە لە ماوەی نێوان ساڵەکانی ١٩٤٧ تا ١٩٩١ دا تەنیا یەک نموونەمان لەوە هەیە کە ناوچەیەک جیابووبێتەوە و سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندبێ، ئەویش بەنگلادیشە. لەو ماوەیەدا زلهێزەکان لەسەر ئەوە پێکهاتبوون کە سنوورە مەوجودەکان بپارێزن. یاسایی نێونەتەوەیش و عورفی دیپلۆماسی جیهانیش ئەوەبوو کە سنورەکان و دەوڵەتەکان وەک شتێکی ئەبەدی و هەمیشەیی و وتووێژ هەڵنەگر بناسێت. بەڵام دوای ساڵی ١٩٩١ رەوتێکی تازە هاتۆتەکایە.

لەو ماوە کورتەدا، زۆردەوڵەتی فرەنەتەوە لەسەر نەخشەی سیاسی دونیا نەماون و زۆری تازەش لەسەر وێرانەکانی ئەوان پێکهاتوون. وەک یەکیەتی سۆڤیەت،  یوگۆسلاڤیا،چیکۆسلۆڤاکیا و ئیتیوپی. لەو ئاخرانەشدا سودان. جگەلەوە زۆر میللەتی دیکەش لەو ماوەیەدا باشتر لە ڕابردوو داوای سەربەخۆیی خۆیان دەکەن و بۆ ئەو مەبەستە خەبات دەکەن وەک: کوبیک، ئیرلەندی شیمالی، فلاندەرەکان، کاتالۆن، باسکەکان، فەلەستینیەکان، تامیلەکان، کشمیر، پەنجاب. ئەو مەسەلەیە جارێکی دیکە مەسەلەی حەقی دیاریکردنی دەستەجەمعی مافی چارەیخۆنوسینی لە یاسای نێونەتەوەییدا خستۆتەوە نێو ئەجێندای ڕۆژ.

لێم پرسی ئەگەر سەربەخۆبن چ روودەدا. دەستبەجێ وتی سکۆتلاند گوڵدەکا. ئێمەش دەبینە خاوەنی دەستەڵات و دەوڵەمەندی و پووڵ. ئاخر ئینگلیسەکان پێیان وایە هەر ئەوان دەزانن پووڵ و سەرەوەت شتی چاکن. ئەوان پێیان وایە ئەوانە کالایەکی لۆکسن تەنیا بە بەژنی ئەوان بڕاون. ئاخر سەروەت و دەستەڵات پووڵ لە هەموو جێ یەک مەرغوبن و هەموو کەس پێویستیان پێیان هەیە.
وتم پێم خۆشە ئەوپرۆسەیە بڕواتە پێش لە سکۆتلان چونکە بۆ ئێمە کوردەکانیش، دەبێتە ئیلهام دەر. ئاخر دەزانی ئێمە لەو وڵاتانەدا کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە تەنانەت بەبرا چوکەشمان دانانێن.

نە لەحکومەتدا و نە لە حاکمیەتدا بەشمان نیە. لە ناوچەکانی خۆشماندا هیچ دەستەڵاتێکمان بۆ بەرێوەبردنی کاروباری خۆمان نیە. لەو بیست ساڵەی دواییدا لە عێراق ناوچەی کوردستان توانیویەتی حکومەتی محەللی خۆی پێکبێنێ. بەڵام بەردەوام لە هەڕەشەی دەوڵەتەکانی دەوروبەردایە.
وتی دایکم لەسەر مەسەلەی کورد زانیاری هەیە. ئەو دەڵێ گیروگرفتی گەورەی کوردەکان ئەوەیە کە شەرمێ دەکەن بە دەنگی بەرز هاوارکەن کە چیان دەوێ. ئێوە نابێت شەرم بکەن. کەس لە ئاسمانان ڕانایە دەردومەرگی ئێوە بە گوێی دونیا بگەیەنێ. پێویستە خۆتان داخوازیەکانی خۆتان رووک و ڕەوان بە کۆمەڵگای جیهانی بگەیەنن. ڕەنگە باجی زۆری بوێ و کێشەی گەورەی لێ دروستبێ. بەڵام ئەو هەموو شەرم و حوجبەی ئێوەش مەترسیەکی گەورەیە لە سەر بزووتنەوەکەتان. وتم ئێمە لە ناوچەیەکی حەساسداین . وتی کاکە فەلەستینیەکانیش هەر لەوناوچەن کە ئێوەی تێدان. وتم زۆرم پێخۆش بوو ئەوقسانەمان پێکەوەکردن. لە داهاتوودا درێژە بەو باسە دەدەین.

کاتەکەمان تەواو بوو. زەنگی چوونەژوور لێیداو دەبوایە سەرکەومەوە نهۆمی سەرەوەی مەدرەسەکەمان. لەگەڵخۆم کەوتمە دیالۆگ کە تۆبڵێی راستبێ کە ئێمە لە کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا وەک میللەتێکی شەرمن و لەڕادەبەدەر نەجیبی سیاسی ناسرابین. بە جۆرێک کە نەجابەتی سیاسیمان بوبێتە نوقتەزەعف و پاژنەی ئاشیلمان. لە لایەکی دیکەش قسەکانی دوکتۆر قاسملووم وەبیر دەهاتنەوە کە دەیگووت کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆیە گوێی لێ ئاخنیوین چونکە تەیارە ناڕفێنین و بارمتان ناگرین. بەڵام بەو حاڵەش هەرنابێ بزووتنەوەی رەوای کورد ئالوودەی ئەوجۆرە میتۆدە نا پەسندانە بکەین.

هەرچۆنێک بێ لە جێ یەک کە خەڵک خەمی گەورەیان ئەوەیە کە لە وەختی ئازادیاندا بچنەکوێ بۆ خلیسکێن و لە بەفر نیشتن، قسەکانی ئەو هاوکارەی خۆمم زۆر پێخۆش بوون. بە ئێسک و پێستەوە ئەو وتە بەرزەی مەولانام هاتەوە بیر کە دەڵی هاودڵی لە هاوزمانی خۆشترە.
ئیبڕاهیم لاجانی{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی