"an independent online kurdish website

بەر لەهەر شتێک دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەم چەند ووشەیە لێکۆڵینەوە یان باسکردن نییە لەکۆمارى دێمۆکراتیى کوردستان، بەڵکوو تەنها بۆ یادکردنەوە و رێزگرتنە لەبیرەوەریى نەمرى ئەو رووداوە گرنگ و پڕ لە شانازییەى مێژووى کورد،bextiar_shemeyiy

چونکە یادکردنەوە و رێزگرتن لە بیرەوەریى رووداوە نەتەوەیى و نیشتمانییەکانى رابردووى نەتەوەکەمان، ئەرک و فەرمانێکى پێویستى سەرشانمانە و دەبێ هەمیشە بەوپەڕى بایەخ و رێز و شانازییەوە یادیان بکەینەوە و ئەو رووداوە مێژووییە گرنگانە لە ئامێزى دڵمان بگرین و بیانکەینە سیمبوڵى کوردایەتى و یەکێتیى تێکۆشان و زیندوویەتیى مێژووەکەمان. ئێمەى کورد لەبەرئەوەى کە خاوەنى ئایینێکى نەتەوەیى تایبەت بە خۆمان نین (وەکوو هۆکارێکى سەرەکى بۆ مانەوە و یەکێتیى نەتەوەییمان)، زۆر پێویستمان بە هەبوون و دروستکردنى سیمبوڵى نەتەوەیى و نیشتمانیى تایبەت بە خۆمان هەیە.

سەربارى ئەمەش، چونکە نەتەوەیەکى نیشتمان داگیرکراو و دابەشکراو و بێ دەوڵەتین، لە هەموو میللەتانى دیکە زۆرتر پێویستمان بە سیمبوڵى نەتەوەیى هەیە تا بتوانین بەهۆى ئەوەوە وەکوو (کورد) بمێنینەوە و لە بۆتەى نەتەوە دەوڵەتدار و سەردەستەکانى دەوروبەرماندا نەتوێنرێینەوە کە ئەوە چەند سەدەیەکە بە درێژایى مێژوو بە گەلێ شێوە و شێوازى جۆربەجۆر هەوڵى تواندنەوە و سڕینەوەى هەموو بوونێک دەدەن کە بۆنى کورد و کوردستانى لێ بێت. بەکورتییەکەى لێرەدا بۆ کورتکردنەوەى رێگاى دوور، دەڵێم ئێمەى کورد چ وەکوو تاک و چ وەکوو نەتەوە، زۆر پێویستە و دەبێ کە رووداوە نەتەوەیى و مێژووییەکانى رابردووى خۆمان زۆرتر و زۆرتر گرنکى و بایەخى تەواویان پێبدەین و بە هەموو شێوەیەک بیانکەینە سیمبوڵى مانەوە و تێکۆشان و کوردایەتیمان.

لەڕەوەندى مێژووى کورد و بزووتنەوەى کوردایەتیدا گەلێ رووداوى نەتەوەیى و مێژوویى گرنگ هەن کە جێگاى داخە هەتا ئێستا وەکوو پێویست لێیان نەکۆڵراوەتەوە و ئەنجامگیریى زانستە و بابەتییانەیان لێهەڵنەهێنجراوە کە بەڕاستى ئەمە بە یەکێ لەگەورەترین ناتەواوى و کەموکوڕییەکانى سەرتاسەرى مێژووى کورد دادەنرێت.

ئێمە هەتا ئێستا گرنگى و بایەخمان بە مێژووى خۆمان نەداوە و ئەمەش مەسەلەیەک نییە کە بتوانری چاوپۆشیى لێبکرێ.

گەلێ لەو کوردناسە بێگانانەى کە مێژوومان بۆ دەنووسنەوە، ئەم مەسەلەیەمان بەڕوودا دەدەنەوە و گلەیى کەمتەرخەمى و فەرامۆشیى خۆمانمان لێدەکەن و پێمان دەڵێن ، کورد هەتا ئەمڕۆ نەیتوانیوە مێژووى خۆى بنووسێتەوە و کەڵک لە مێژوو و ئەزموونەکانى رابردووى خۆى وەربگرێت . ئەمەش تەواو راست و دروستە. لێرەدا ئەگەر بۆ نموونە ژمارەى مێژوونووسانى کورد (مێژوونووس بەماناى تەواوى وشەکە) بهێنینە نێو باسەوە، باشتر لە مەسەلەکە تێدەگەین و دەبێ دان بەو راستییەدا بێنین کە زۆر بەداخەوە ژمارەى مێژوونووسانى کورد لە پەنجەکانى دەست زۆرتر نین. هەتا ئێستا نەمانتوانیوە خۆمان مێژووى خۆمان بنووسینەوە و کێشەکانى رابردووى خۆمان بەلایەکدا بخەین. ئەوانەى کە نووسراونەتەوە هەریەکەیان لە ئاوازێ دەخوێنێ و هەموویان ناچنەوە سەر شاڕێیەکى تەواو کوردانە. ئەم مەسەلەیە گەلێ گرنگە و دەبێ بە دوورودرێژى باسى لێوە بکرێ و لێیبکۆڵرێتەوە. لێرەدا ئەو مەودایە نییە و ئەم چەند وشەیەش بۆ ئەو مەسەلەیە تەرخان نەکراوە و لابەلاکردنەوەى ئەم کێشەیە ئیشى باسکاران و مێژوونووسانە.

ئەمڕۆ ئەوە پتر لە نیوسەدە بەسەر دامەزراندن و لەناوچوونى یەکەم کۆمارى کوردستان، کۆمارى دێمۆکراتیى کوردستان، یان (دەوڵەتى جمهورى کوردستان) دا تێپەڕ دەبێ. راگەیاندنى ئەو کۆمارە کوردییە لە 1946.1.22 دا لە رۆژهەڵاتى کوردستان، بە سەرۆک کۆمارێتیى پێشەواى شەهید (قازى محەمەد) ى نەمر، بە یەکێ لە رووداوە مێژووییە هەرە گرنگ و پڕ لە شانازییەکانى ئەم سەدەیەى مێژووى کورد و کوردستان دادەنرێ. چونکە بۆ یەکەمجار لە مێژووى نوێى کورددا، دەسەڵاتدارێتییەکى سیاسی– سەربازیى نەتەوەیى هاوچەرخ، بە دەستپێشخەری و پشتیوانیى کورد خۆى لە ناوچەیەکى ئازادکراوى کوردستاندا، دامەزرێنرا. ئاڵاى دەوڵەتێکى نەتەوەیى سەربەخۆى کورد لەژێر ئاسمانى بەشێکى رزگارکراوى نیشتمانەکەماندا شەکایەوە و جەماوەرى ستەمدیدەى ئەو بەشەى کوردستان بۆ یەکەمجار بەو شێوەیە خۆیان بە سەربەرزى و سەرفرازى لەسەر خاکى ئازادکراوى خۆیان بینییەوە.

بۆ یەکەمجار هێزە ماددى و ماناییەکانى یەکێ لە داگیرکەرانى کوردستان دەرپەڕێندران و سەربەخۆیى و ئاشتى و ئازادى، شوێنەوارە رەشەکانى سیستەمى کوڵۆنیالیستى و شەڕ و چەوساندنەوەیان سڕییەوە.

بەکورتییەکەى ئەو رووداوە مەزنە یەکێ لە گرنگترین گۆڕانکارییەکان و پڕ لە شانازیترین رووداوە مێژووییەکانى نەتەوەى کوردە لە هەموو مێژووى نوێى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردستاندا. ئەو تەنها یانزە مانگەى دەسەڵاتدارێتى و خۆبەڕێوەبەرێتیى ئەو بەشەى کوردستان، بۆ هەموو جیهانى سەلماند کە کوردیش وەک گشت نەتەوەکانى تر دەتوانێ خۆى دەوڵەتى سەربەخۆ و سیستەمى سیاسى و سەربازیى خۆى بەڕێوەبەرێ و بەشێوەیەکى ئاشتیخوازانە و برایانە و دێمۆکراسیانە بژى و دۆستى ڕاستینەى نەتەوەکانى دراوسێشى بێ.

بە کۆکى و برایەتى و تەبایى لەگەڵ کەمە نەتەوەییەکانى نێوخۆیشیدا پێکەوە بە ئاشتیانە بژین. هەر بۆ نموونە ئەگەر ئەو دیاردەیە لەبەرچاو بگرین کە لەناو ئەو کۆمارە ساوایەدا، تەنێ بۆ چەند خێزانێکى جوولەکە کە لە مەهابادى پایتەختى کۆمارەکەدا دەژیان، فێرگەیەکى تایبەتییان بەزمانى خۆیان بۆ لەبەرچاو گیرابوو تا بتوانن خزمەتى زمان و فەرهەنگى نەتەوەیى خۆیان بکەن کە لەڕاستیدا ئەوە مافێکى ڕەواى خۆیشیان بوو. هەر ئەوە باشترین نموونەیە بۆ هەبوونى گیانى برایەتى و دۆستایەتى و تەبایى کورد لەگەڵ هەموو کەمەنەتەوەییەکانى دانیشتووى کوردستاندا کە بەپڕۆسێسێکى سروشتى و مێژوویى پێکەوە ژیانیان لەتەک کورددا هەڵبژاردووە.

ئەو ڕووداوە بۆ هەردوو نەتەوەکە ( کورد و جوولەکە) مایەى شانازییە.

بێگومان ئەو ماوە کەمەى ژیانى کۆمارەکە، بە هەموو کەموکوڕییەکى ناچاریشییەوە، لە لاپەڕەکانى مێژووى کورددا بە پیتى دروشت و زێڕین نەخشێنراوە و نەوە بە نەوەى کورد و هەموو هاونیشتمانییەکى کوردستان هەمیشە بە ڕێز و شانازییەوە یادى دەکەنەوە.

لێرەدا هەر بەبۆنەى ئەم یادە پیرۆز و نەمرەوە، پێویستە ئەگەرچی زۆر بە کورتیش بێ، لە چەند مەسەلەیەکى پێوەندیدار بەو رووداوە مێژووییەوە بدوێین کە لە ڕاستیشدا شایانى بیرهێنانەوە و ئاماژە بۆکردنن. ئەویش ئەوەیە کە هەتا ئێستاش هەندێ لایەنى گرنگ و مێژوویى ئەو کۆمارە بەنهێنى ماونەتەوە و بوونەتە گرێکوێرەى مێژووى ئەم سەدەیەى کورد. وەک گەلێ باس و ڕووداوانى دیکەى مێژووەکەمان کە هەتا ئەمڕۆش هەر پەردەیان لەسەر هەڵنەدراوەتەوە و بوونەتە تابووى مێژووى کۆن و نوێى کورد.

بەداخەوە ئەوە پتر لە نیوسەدە بەسەر ئەو ڕووداوانەدا تێپەڕ بووەو کەچى هەتا ئێستا ئەو نهێنیانە لەپشت پەردەوە ماونەتەوە و چاوەڕوانى خۆدەرخستن دەکەن. وەکوو پێوەندى و کێشە سەرەکییەکانى نێوان حیزبى دێمۆکراتى کوردستان و فیرقەى دێمۆکراتى ئازەربایجان و یەکێتیى سۆڤێت لەو سەردەمەدا. مەسەلەى کێشەى بارزانییەکانى نێو کۆمار کە هێز و لەشکرى بنچینەیى کۆمارەکە بوون. هەروەها نێوانى پێشەواى شەهید (قازى محەمەد) لەگەڵ ژێنەراڵ بارزانیى نەمر و هەموو بارزانییەکانى تردا.

کۆچڕەو و چارەنووسى جەنگاوەرانى بارزانى بۆ سۆڤێت و کێشە و گیروگرفتەکانیان لەوێ کە ئەو ڕووداوانەش هەر یەکێ لەئەنجامەکانى کارەساتە دڵتەزێنەکەى ڕووخانى کۆمارەکە بوو. پێوەندییەکانى بارزانى و بارزانییەکان لەگەڵ کاربەدەستانى ئەوکاتەى سۆڤێت و بارودۆخى ژیان و گوزەرانیان لەماوەى مانەوەیاندا لەنێو کۆمارە جیاجیاکانى یەکێتیى سۆڤێتدا. هەروەها هۆکارە سەرەکییەکانى دامەزراندن و ڕووخانى کۆمارەکە ، مەسەلەى هەڵوەشاندنەوەى (کۆمەڵەى ژیانەوەى کورد) و دروستکردنى (حیزبى دێمۆکراتى کوردستانى ئێران) لەسەر ڕاسپێریى سەرانى ئازەربایجانى سۆڤێت و هەوڵدانیان بۆ بەپاشکۆکردنى ئەو کۆمارە سەربەخۆیەى کورد بەحکومەتى میللیى ئازەربایجانى ئێرانەوە. ئەمانەو گەلێ ووردە ڕووداوى ترى نێو کۆمار کە هەتا ئێستا وەکوو پێویست باس نەکراون و لەسەریان نەنووسراوە و وەکوو مێژوو تۆمار نەکراون.

ئەم مەسەلانە، بابەتى زۆر گرنگ و پڕ بایەخى مێژووى سیاسیى کوردن و دەبێ لەشەبەنگ و تاریکستانى مێژووى کورددا نەمێننەوە و پێویستە ڕۆشناییان بخرێتە سەرو لێکۆڵینەوەى زانستى و بابەتییان لەسەر بکرێت. لێرەدا دەبێ ئەوەش باس بکەین کە لێکۆڵینەوەو تۆمارکردنى ئەو مێژووە ئەرک و فەرمانى نەتەوەیى و نیشتمانیى نەوەکانى ڕابردوو بوون، کە زۆر بەداخەوە لەم ڕووەوە چ هەوڵێکى ئەوتۆیان نەداوەو تا ئەو کێشە مێژووییانە چارەسەر بکەن و ئەمڕۆ بۆ ئێمە و نەوەکانى داهاتوو ببوونایەتە بەڵگەى مێژوویى و ئەو ئەرک و فەرمانانە ڕووبەڕووى نەوەکانى دواى خۆیان نەبوونایەتەوە.

هەرچەند ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە بمانەوێ بڵێین هەرهیچ نەکراوەو هیچ هەوڵێ نەدراوە و کەس هیچى لەسەر ئەو ڕووداوانە نەنووسیوەو نەوەکانى ئەو سەردەمە لەخەون و خەڵوەتا بوون، لەگەڵ دەربڕینى ئەم ڕاز و گلەییانەشدا لەنەوەکانى ڕابردوو، کە ئەمە مافێکى ڕەواى ئەمڕۆى ئێمەیە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەر دەتوانین ئاماژە بەچەندین نووسین و بەڵگەنامە و لێکۆڵینەوەى مێژوویى و سیاسیى بکەین کە لەسەر کۆمار و ڕووداوەکانى ئەو سەردەمە نووسراون و بڵاوکراونەتەوە.

زۆر لە نووسەران و ڕووناکبیرانى دڵسۆزى کورد لەو پێناوەدا خۆیان ماندوو کردوە و بەرهەمى زۆر بەنرخ و پڕ زانیارییان لەسەر ئەو ڕووداوانە پێشکەشى مێژووى کورد کردووە. ئەمانە دەبێ باس بکرێن و ئەو هەوڵ و ماندووبوون و بەرهەمانەیان زۆر بەڕێزەوە چاولێبکرێ و نرخى شیاوى خۆیانیان بدرێتێ. بەڵام ڕەخنەو گلەیى نەوەکانى ئەمڕۆ زۆرتر لە نەوەکانى ڕابردووە بەتایبەتى لەسەرانى ئەو کاتەیە کە ڕاستەوخۆ بەشدارى کۆمارەکە بوون و خۆیان پێکهێنەرى هەندێ لە ڕووداوەکان بوون.

ئەم ڕەخنانە پتر ڕووبەڕووى ئەو فەرماندە سەربازى و سەرکردە سیاسییە خوێندەوارانە دەبێنەوە کە پاش ڕووخانى کۆمارەکە دەرفەتى ڕزگاربوونیان بۆ ڕەخساوە و هەوڵیان نەداوە ئەو کارەسات و ڕووداوانە بنووسنەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەنجام بدەن، یان بیرەوەرییەکانى خۆیان بنووسنەوە تا ئەمڕۆ ببوونایەتە بەڵگەى مێژوویى و بابەتى لێکۆڵینەوە.

زۆر بەداخەوە زۆربەى ئەوانە ئەمڕۆ لەژیاندا نەماون و ئەو مێژووەیان لەگەڵ خۆیاندا بردۆتە ژێر گڵەوە. ئەوانەشیان کە بیرەوەرییەکانى خۆیانیان نووسیوەتەوە، ژمارەیان لە پەنجەکانى یەک دەست کەمترە. لێرەدا ئەوە دووبارە دەکەمەوە کە ڕەخنەگرتنى نەوەکانى ئەمڕۆ لە نەوەکانى ڕابردوو، کارێکى پێویست و ڕەوایەو نەوەکانى داهاتووش مافى خۆیانە ڕەخنە لە نەوەکانى ئەمڕۆ بگرن.

ڕاستى چەند ناخۆش و هەق چەند ڕەقیش بێ، هەر دەبی لە کات و شوێنی پێویستدا باس بکرێ. ئێمەى کورد نابێ هێندە ئاستى شارستانێتیى خۆمان بهێنینە خوارەوە کە لە باسکردن و نۆمارکردنى مێژووى خۆمان شەرم بکەین یان بترسین.

مێژوو سەرجەمى هەموو ئەو دیاردە و ڕووداوانەن کە لەسەردەمى تایبەتیى خۆیاندا پەیدا بوون و ڕوویان داوە، ئیدى چ باس بکرێن یان نەنووسرێنەوە، هیچ لە ڕابردوو ناتوانن بگۆڕن. بەڵام بەباسکردن و تۆمارکردنیان خزمەت بەئێستا و داهاتوو دەکرێ.

ئێستا با بێینەوە سەر باسەکەمان و مەبەستى ئەم ووشانە، زۆر بەداخەوەو لەڕاستیشدا زۆر جێگاى شەرم و سەرسەڕمانیشە کەئەوە پتر لە پەنجا ساڵ بەسەر دروستبوون و لەناوچوونى کۆمارى دێمۆکراتیى کوردستاندا تێپەڕ بووە، کەچى هەتا ئێستا نەمانتوانیوە تەنانەت پەنجا وتار و لێکۆڵیتەوەى زانستى و بابەتى و ئەکادیمیانە لەسەر ئەو ڕووداو و کارەساتە نەتەوەییە، مێژووییە گرنگە بەبەرهەم بهێنین. ئەمڕۆ ئەگەر ژمارەى خۆمان لەبەرچاو بگرین کە زۆرتر لە سى میلیۆنین، ئەوە دەبێ باشتر هەست بەم ناتەواوى و کەموکوڕییە مێژووییەى خۆمان بکەین. بەڕاستى ئەمە نەنگى و شەرمەزارییەکە کە ڕووى زۆربەى ڕووناکبیران و نووسەرانى کورد دەگرێتەوە.

هەربۆیە لێرەدا ناچارین بۆ بیرهێنانەوە و ڕێزگرتن، ئاماژە بە بەرهەم و ماندووبوونى ئەو نووسەرە تێکۆشەر و دڵسۆزانە بکەین، چ خۆماڵى و چ بێگانە کە هەر یەکەیان لە سنوورى تواناى خۆیاندا، بە مەبەستى جیاوازەوە ، سەبارەت بەم مەسەلەیە جێپەنجەیان لە نامەخانەو مێژووى نەتەوەکەماندا دیارە و شایستەى ڕێز و سوپاسى زۆرن. وەکوو مامۆستایانى نەمر: هەژارى موکریانى، مام هێمن، حەسەنى قزڵجى، عەبدولڕەحمانى زەبیحى، شەهید عەبدولڕەحمانى قاسملۆ، کەریمى حیسامى، ڕەحیمى قازى، عەلادین سەجادى، محەمەد تۆفیق وەردى… هەروەها مامۆستایانى بەڕێز: سەید محەمەدى سەمەدى، مەحمودى مەلا عێزەت، جەلیلى گادانى، مەلا عەبدوڵاى حەسەنزادە، مام غەنى بلوریان، عەبدولقادرى دەباغى… هەروەها بەڕێزان: ویلیام ئیگڵتن، ئارچى ڕۆزفێڵت، میخائیل لازاریف، ئۆلگا ئیڤانۆڤنا ژیگالینا، دەیڤید ماکدوۆڵ… نەمر ئەبولحەسەن تەفریشیان، ئەحمەد شەریفى، ( نەجەف قولى پسیان؟) ، مورتەزاى زەربەخت… هتد.

ئەم نووسەرە بەڕێزانە هەموویان گەلێ زانیاریى بەکەڵکیان لەسەر کۆمار و ڕووداوەکانى ئەو سەردەمە بۆ تۆمارکردووین و بەرهەمەکانیان بوونەتە سەرچاوەى مێژوویى و نێویان و بەرهەمەکانیان لە مێژووى کورد و کوردستاندا بەنەمرى دەمێنێتەوە. بێگومان گەلێ لە نووسەرانى تریش سەبارەت بە کۆمارى کوردستان نووسیویانە و بەرهەمەکانیان لەم ڕووەوە نامەخانەى کوردییان دەوڵەمەند کردووە، جا ئەگەر لێرەدا ناوى هەموو ئەوانە نەهاتووە، ئەوا هیوادارم بەهیچ مەبەستێکى نێگەتیفانە تێنەخوێندرێتەوە. چونکە لەم کورتە نووسینەدا هەر هێندە لە توانادا بووە.

پێویستە ئەوەش بڵێین کە نووسەرانى خۆماڵى و بێگانەى دیکەش زۆر هەن کە لەنووسینەکانیاندا درۆ و دەلەسە و بوختانى زۆریان لەمەڕ کۆمار و سەرانى ئەوکاتەى کوردەوە هۆنیوەتەوە و وەکوو کەرەستەى بازرگانى و خۆژیاندن و خۆپێوەدەرخستن و دوژمنایەتیکردنى کورد بابەتەکانیان نووسیوە، بەڵام بێگومان ئەوانە هەرگیز ناچنە ڕیزى مێژوونووسانەوە و ناوهێنانیشیان لێرەدا پێویست نییە و شایستەى باسکردن نین. تەنێ هێندە دەبێ بڵێین کە درۆ و دەلەسە و بەختانەکانیان بەڵگەى نزمى و ڕیسوابوونیانە.

هەروەکوو باسمانکرد تا ئەندازەیەک نووسراوى مێژوویى و سیاسی لەسەر کۆمار و (ح . د . ک . ڕ) نووسراون…. هەندێ لەو نووسەرانەش ئەگەرچى وەکوو تاکەکەس نیازپاک بوون و مەبەستیان دوژمنایەتیى کورد و مێژووى کورد نەبووە، بەڵام نووسینەکانیان لەبەر ڕۆشنایى تیۆری و فەلسەفەى مارکسیزم– لێنینزم و لە ڕوانگەى بەرژەوەندیى باڵاى سۆڤێت و کۆمینتێرنەوە نووسیوە و ڕووداوەکانیان شیکردۆتەوە و لێکۆڵینەوە و بەرهەمەکانیشیان هەر لەو ڕوانگەیەوە بەبەرهەم هێناوە، لەبەرئەوە بە پێویستى دەزانم ئەکەر بە چەند ووشەیەکیش بێ، کەمێ لەسەر ئەم مەسەلەیە بدوێین و تێگەیشتن و بۆچوونى خۆمانى لەسەر دەربڕین. ئێمەى هاوبیرانى کوردایەتى، بە پێچەوانەى هەموو ئەوانەوە لەبەر ڕۆشنایى ئیدیۆلۆژیى کوردایەتى و لە ڕوانگەى بیروباوەڕى نەتەوەیى کوردییەوە سەرنجى هەموو کێشەیەک دەدەین و گشت ئەنجامگیرییەک لە هەر تیۆرى و فەلسەفە و دیاردە و ڕووداوێک، لەکڵاوڕۆژنەى بەرژەوەندیى باڵاى کوردەوە وەردەگرین و کوردایەتى بۆ ئێمە پێوەرى هەموو شتێکە.

هەر لەم ڕوانگەیەوە ئێمە پێمان وایە کە نووسینەوەى مێژووى کورد، بەر لە هەر کەس و لایەنێکى دیکە، ئەرک و فەرمانى کورد خۆیەتى. بەتایبەتى کەسان و لایەنە نەتەوەییە دڵسۆزەکانى کورد. ئێمە بەم ووشانە ڕەخنە لەو کەس و لایەنانە ناگرین هەر لەبەر ئەوەى کە لەبەر تیشکى بیروباوەڕى مارکسیزم–لێنینیزم و ئینتەرناسیۆنالیزمدا مێژووى کوردیش شیدەکەنەوە و ئەنجامگیریى چینایەتییانەیان لەو ڕووداوانە وەرگرتووە، ئەوە تەواو مافى ڕەواى خۆیانە.

بەڵام ئەمە هەموو مەسەلەکە نییە و ڕخنەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئەو کەس و لایەنانە، ئەو مێژووەیان بە شێواوى و ئاوەژوویى تۆمار کردووە. بەتایبەتى لە تۆمارکردنى ڕووداوەکاندا کە هاتوونەتە سەر مەسەلەى پێوەندییەکانى کۆمارى دێمۆکۆاتیى کوردستان و یەکیتیى سۆڤێت، وەکوو نەخشى نێگەتیفانەى ستالین و جەعفەر باقڕۆف لە ڕووخانى کۆمارەکەدا بە پشتکردنە جەماوەرى چەوساوە و هەژار و بێدەرەتانى کوردستان بۆ وەرگرتنى بەشەپشکى نەوتى باکوورى ئێران لە (قوام سەڵتەنە)ى سەرەک وەزیرانى ئەو دەمەى ئێران و هاوکارىکردنیان لە داگیرکردنەوەى کوردستان و ئازەربایجاندا. ئەگەرچى لە ئەنجامدا قوام سەڵتەنە دەستى بڕین و کڵاوى نایە سەر هەموو لایەکیان و پاشان بەڵێنەکەى خۆى بۆ نەهێنانە سەر، لەو سەودا و مامەڵەیەدا (بە خوێن و فرمێسک و چارەنووسى کورد و ئازەرى) هەڵخەڵەتان و مایەپووچى بۆ سیاسەتى سۆڤێت مایەوە و ماڵوێرانى و سەرگەردانى و کوشتوبڕیش بۆ کورد و ئازەریى لێ شین بۆوە کە ئەنجامەکەى بە داگیرکردنەوەى کوردستان و ئازەربایجان و ڕووخانى هەردوو کۆمارەکە شکایەوە. کرۆکى مەسەلەکە لێرەدایە کە ئەو کەس و لایەنانە لە ئەنجامگیرى و نووسینەکانیاندا، مافەکان و بەرژەوەندییە ڕەواکانى هەژاران و ڕەشوڕووتى کوردستانیان کردووەتە قوربانیى سیاسەتى دەرەوەى سۆڤێت و بەرژەوەندییە ناڕەواکانى ئەو لایەنانە.

لەمەش ناڕەواتر و سەیر و سەمەرەتر ئەوەیە کە هەندێ لەو نووسەر و لایەنە کۆمۆنیستانە، میللەتى کوردیان قەرزارباریش کردۆتەوە و بە بەهانەى پووچ و درۆى پاراستنى ئاشتى و سۆسیالیزم، دەستە چەورەکەى ئەو لایەنە بەرژەوەندپەرستانەیان بە کوردى هەژار و ماڵوێراندا سڕیوەتەوە و بە درۆ و دەلەسە و بڕوبیانووى بێ ناوەڕۆک، پاکانەیان بۆ ستالین و سۆڤێت کردووە. بۆ نموونە پارتە کۆمۆنیستەکانى ڕۆژهەڵات، بەتایبەتى شیوعییەکان و توودەییەکان، بە مەبەستى پاساودانى سیاسەتى ڕەدووکەوتووانەى خۆیان و نامرۆڤدۆستانەى ئاغاکانیان، پاساوى هەموو ئەو تاوان و دەستدرێژى و کوشتوبڕەى کە بەرامبەر میللەتانى کورد و ئازەرى کراوە، بەوە دەدەنەوە کە تاوانى تێشکان و ڕووخانى کۆمارى دێمۆکراتیى کوردستان و حکومەتى میللیى ئازەربایجان دەدەنە پاڵ هێزە ئیمپریالیستەکانى ئەمەریکا و ئینگلستان و هاوپەیمانەکانیان. هەروەکوو یەکێتیى سۆڤێت و شەخسى ستالین، هیچ ڕۆڵێکى نامرۆڤدۆستانە و نێگەتیفانەیان لەو کارەساتانەدا نەبووبا؟. بێگومان ئەو نووسین و بۆچوونانەى کۆمۆنیستەکانى ڕۆژهەڵات، سەرچاوەکەى هەر دەگەڕایەوە بۆ سیاسەتى وابەستەیى و ڕەدووکەوتنیان بۆ سۆڤێت و کۆمۆنیزم و کۆمینتێرن. پاشان بینیمان و مێژووش سەلماندى کە دۆڕاوترین و مایەپووچترین تیۆرى و لایەن لە جیهاندا کۆمۆنیزم و کۆمۆنیستەکان بوون.

لە کۆتایى ئەم چەند ووشەیەدا، دەمەوێ بە زمانێکى کوردانە و سادە و ساکار بڵێم: – با هەمووان بۆ هەتا هەتایە هەر یادى پیرۆز و نەمرى (کۆمارى دێمۆکراتیى کوردستان) و پێشەواى شەهید (قازى محەمەد) ى نەمر بکەینەوە و پەند و وانە لەو ڕووداوە مەزنە وەربگرین و بیرى دەوڵتى ناسیۆنالى کوردى بژێنینەوە.

– با هێز و توانا و تێکۆشانمان یەکخەین و لەنێو یەکدا کۆک و تەبابین، تا چیتر فاشیستە داگیرکەرەکانى ناو میللەتانى سەردەستەى تورک و عەرەب و فارس، نەتوانن بمانچەوسێننەوە و و بمانکوژن و نیشتمانەکەمان وێران بکەن و هەموو شتێکمان بەتاڵان بەرن.

– با ئێمەى کوردیش باوەڕمان بە تواناى خۆمان هەبێ و ئەو مافە ڕەوایانەى نەتەوە دەوڵەتدار و ئازادەکانى جیهان هەیانە، ئێمەش هەمان ماف بە خۆمان ڕەوا ببینین و تەنها هەر بۆ بەدەستهێنانى ئەو مافانە خەبات بکەین.

تێبینى : ئەم چەند ووشەیە بۆ یەکەمجار لە گۆڤارى ( هاوبیر) ، بڵاوکراوەى پارتى سۆسیالیستى کورد (پاسۆک) ، ژمارە 1 ى ساڵى 1998 دا بڵاوکراوەتەوە.

bakhtiarshamaiy@aol.nl

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی