"an independent online kurdish website

کورد لە دۆخی نەبوونی مافی شارۆمەندیی و نەبوونی کەشی دیموکراتیک بۆ خەباتbirzo_elyasi

نووسین: د. برزۆ ئەلیاسی

وەرگێران: جەلال ئەلیاسی

ئەمەی خوارەوە نووسراوەیەکی د. برزۆ ئەلیاسی-یە ، کە لە ڕۆژنامەیەکی ئۆنلاین ” ئەنتێرنێت”ی پڕ فرۆشی ئینگلیزی زماندا بڵاوبووەتەوە، خوێندنەوەیەکی بابەتیی هەڵوێست و ڕوانگەی دەستەی بەناو ڕووناکبیرانی فارس، یاخود لایەنگرانی ئێرانی واحید” ئێرانی فارسی” ، زمانی واحید” زمانی فارسیی”، میللەتی واحید”میللەتی فارس”ـە کە جگە لە حەکایەتە کۆنەکانی سەرچاوەگرتوو لە ئەفسانەکانی کۆرشی کەبیر و داریووش و …..هتد، چ گرێدراوییەکی زەینییان بە ڕاستەدیمەنی دنیای ئەمڕۆوە نییە.

بابەتەکە زیاتر باس لە کاردانەوەی ئەو گرووپە دەکات کە بەرانبەر بە ڕێککەوتنامەکەی دیموکرات و کۆمەڵە نواندییان.  لە ڕوویەکەوە گرنگیی بابەتەکە لە بارگاویی بوونیەتی بە لایەنە زانستییەکەیەوە ، کە خوێندنەوەیەکی ئەوڕۆیی هەیە سەبارەت بە هەڵوێستی ڕووناکبیرانی فارس = ئێرانیی . لە روویەکی دیکەشەوە گرنگیی بابەتەکە لەوەدایە کە وشیارمان دەکاتەوە لەوەی چیتر پێکناکۆک نەبین و بەهۆی پێکناکۆکبوون و  جیاوازیی و پارچە پارچە بوونمانەوە هێندەی دیکە کورد رووبەڕووی مەترسی نەکەینەوە.

بە کورتی بۆخۆم ، پاش ئەوەی ئەم بابەتەم خوێندەوە، درکم بەوە کرد ئەم جۆرە بە ناو ڕووناکبیرانە ,کە بیری نامرۆیی و ناڕاست و دژە ئاشتیی خۆیان لە پشت تێورییە زانستییەکان و بۆچوونە جوان و دڵگیرە فەلسەفیی و ئنسانییەکانەوە دەشارنەوە ، چ هەڕەشەیەکن بۆ خواستە ڕەواکانی ئێمەی کورد. پتر لەوەش، کاتێک کۆمێنتە چەواشەکار و پڕ تووڕەییەکانی ئەم پان-ئێرانیستانەم لە هەمان ڕۆژنامە، کە لە خوارەوە ئادرێسەکەی دادەنێم، خوێندەوە ، گوایە وەک کاردانەوە بەرانبەر بە ڕوانگە و بۆچوونەکانی د.

برزۆ لە ژێر ئەم بابەتەوە دایان نابوو ، ئەوجا باشتر تێگەیشتم لە گرنگی دەستڕاگەیشتنی ئێمەی کورد بەو کاناڵ وڕێگەیانەی، کە  خواست و دەنگی ڕەواو و مرۆیی ئێمە دەگەێنێتە بیر و ڕای جیهانیی.لە خۆڕایی نییە کە بەرانبەر بە هەر دەنگێک و هەڵوێستێکی یەکگرتووانەی کورد، شپرزەدەبن و هەراوهوریایان دەگاتە ئاسمانی حەوتەم.

بێگوومان یەکێک لە کاناڵە هەرە کاریگەرەکان کە ئەم بەناو ڕووناکبیرانە ساڵانێکی زۆرە بە بیر و درۆکانیان ژاراوییان کردووە و خستوویانەتە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە ، زەین و عەقڵی تاک و سیاسەتمەدار و ڕووناکبیر و لەسەریەک بیر وڕای دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانە، بە تایبەت ڕۆژئاوا. بێگومان ئەمەش بەهۆی جۆراوجۆر کە بێگومان هەموو ئەمە بە مەبەستی شێواندنی ڕاستییەکان و لاوازکردنی نەتەوەی کورد بووە.

گومانی تێدا نییە هێندەی خەباتی ناوخۆی کوردستان و وەستانمان بە ڕووی دوژمناندا، بەرنگاربوونەوەی ئەم دوژمنانە لە گۆڕەپانی بیر و ڕای جیهاندا گرنگە. بێ هۆ نەبوو کە کەسایەتییە هەڵکەوتە و دیپلۆماتە دیار و گەورە کوردەکانی وەک شەریف پاشا و د.قاسملوو و پێشەوا قازی هەر زوو درکیان بەم مەسەلەیە کرد و  گرنگییەکی زۆریان دا بە بیر و ڕای نێو دەوڵەتیی ، و هەوڵێکی زۆریان دا تا بیرو ڕای نێودەوڵەتیی لە خواستە ڕەوا و مرۆییەکانی ئێمەی کورد تێبگەیەنن ، و هاوکات ئەو وێنا هەڵە و چەواشەکارانە کە ڕووناکبیرانی نەتەوەگەلی فارس ،توورک و عەرەب سەبارەت بە کورد داویانەتە جیهانی دەرەوە، بسڕنەوە.

سەبارەت بە نووسەر” د. برزۆ”یش ، هێندە بەسە بڵێم کە ناوبراو لە داییکبووی1978ی شاری سەرپێڵ زەهاوە ، و 13 ساڵ لە کەمپی ڕوومادی لە ئاوارەییدا بەسەر بردووە. لەوە بە دوا تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە نیشتەجێی وڵاتی سویدە و چەند ساڵێکە وەک مامۆستا  خەریکی توێژینەوە و وانە وتنەوەیە لە زانکۆی لووند.

” وەرگێڕ”

لە ڕێکەوتی 22 ی8ی 2012 هەردووک حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە سەرۆکایەتی مستەفا هیجری و عەبدوڵا موهتەدی ڕێکەوتنامەیەکی ستراتیژییان مۆرکرد، کە تێیدا هەردوولایەن پێیانوایە بەبێ ڕووخانی رژێمی کۆماری ئیسلامی ،کەشی دیموکراتیک بۆ دانپێدانانی فەرمی و نوێنەرایەتیکردنی کوردان نایێتە ئاراوە.

ئەم دوو هێزە خوازیاری پێکهێنانی کوردستانێکی فیدراڵن بە پێناسەیەکی نەتەوەیی-جوگرافی، بۆ چارەسەریکردنی ئەو ستەمەی لە کورد دەکرێت. جگە لەو داواکارییەی سەرەوە ،ئەم ڕێکەوتننامەیە چەندین خواستی دیکەی وەک: جودا کردنەوەی دین لە دەوڵەت،بەرابەریی ڕەگەزیی، دادپەروەریی کۆمەلایەتی و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان بەڕێگای ئاشتییانە و دیالۆگ لە خۆدەگرێت.

بێجگە لەوەش ،ئەم دوو هێزە ئاماژەیان داوەتە مافی چارەی خۆنووسین وەک بنچینەیەکی دیموکراتی. موستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند کە ئەم ڕێککەوتننامەیەی نێوان هەردوولایەن، خۆئامادەکردنە بۆ ڕووخانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، لەبەر ڕۆشنایی ئەو بەرنگاریی و بەرهەڵستییە توندەی ،کە سورییەی گەورە هاوپەیمانی ئێران لەلایەن شۆڕشگێڕەکانەوە بەرەوڕووی بووەتەوە.

هەرچۆنێک بێت، ژمارەیەکی بەرچاو لە سیاسەتوانانی بەرهەڵستکاری تاراوگەنشینی ئێرانی، لە ڕاگەیەندراوێکی تونددا لەڕێککەوتی 8ی 9ی2012 ، ئەم ڕێککەوتننامەیەی نێوان دیموکرات و کۆمەڵەیان ، بەو هۆیەوە کە خواستی جوداخوازی لەخۆدەگرێت و ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ پارچەپارچەکردنی ئێران ،شەرمەزار کرد . لەنێو ئەو ناوانەشدا کەسانی وەک ئەبوولحەسەن بەنی سەدر ،بابەک ئەمیر خوسرەویی،موحەممەد ئەمینی و چەندین نووسەری دیکەی دیار بەرچاودەکەون.

لەم ڕاگەیەندراوەدا، وەها بە زەقی جەخت لە سەروەری و یەکپارچەیی ئێران کراوەتەوە ، بە جۆرێک کە ببێتە “خاڵی دەستپێک بۆ هەر دەستپێشخەرییەکی سیاسی” . جگە لەمەش ، ئەم ڕاگەیەندراوە نکووڵی لەوە دەکات کە کوردەکان ژێردەستەی شوناسی فارسی کرابن. هەروەها دەڵێ کە ڕەوشی سیاسی کوردەکان لەو دۆخە کۆڵۆنیاڵییە ناچێت کە پێوەندییەکی نایەکسان لە نێوان کۆڵۆنیالیست و کۆڵۆنیدا زاڵە.

ڕاگەیەندراوەکە کە لەلایەن ئێلیتە ( دەستەبژێر، ڕۆشنبیران) ی ئێرانییەوە دژ بەو دوو هێزە سیاسییەی کورد نووسراوە کە مافی چارەی خۆنووسینیان کردووەتە خواستی خۆیان، کاردانەوەیەکی خێرای 117 لە نووسەران، هونەرمەندان، سیاسەتکاران و چالاکانی مەدەنیی چ لە کوردستان و چ لە دەروەدا بە دوای خۆیدا هێنا. ئامادەکارانی ئەم ڕاگەیەندراوە پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە لەبەر ڕووناکی ئەم دژایەتییە ئاشکارەی ئۆپۆزیسیۆنی فارسی، هیچ جیاوازییەک لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزیسیۆنە فارسییەکەیدا نییە و هەردووکیان وەک یەک هەڕەشەن بۆ سەر خواستە ڕەواکانی گەلی کورد.

بە دوای ئەم شەرمەزارکردن (مەحکوومکردن) ــەی ڕێککەوتننامەی دیموکرات وکۆمەڵە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییەوە، ئیبراهیم فەرشی کە چالاکێکی کۆمۆنیستیی ئێرانییە، ڕایگەیاند سەرەکیترین کێشەی ڕووناکبیران(دەستەبژێر )ی ئێران ” مەبەست ڕووناکبیری فارسە ــ وەرگێڕ” شەیدابوونیانە بە یەکپارچەیی خاکی ئێران لە باتی سەرنجدان، دیموکراتیزەکردن و گوێ شلکردن بۆ ڕەنجی بەکۆمەڵ و خەباتی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

شادی سەدر کە ئێرانییەکی چالاک و ناسراوی بواری مافەکانی مروڤە، لە وتارێکیدا دەنووسێ کە خواستی کوردان بۆ مافی چارەی خۆنووسین لە ترۆپکی پرسەکانی مافی مرۆڤەوە دەوەستێت. ئەم وتارە هێرشێکی بەهێزی ناوزڕاندن و سووکایەتیی بۆ سەر ناوبراو بەدوای خۆیدا هێنا. بۆ نموونە کۆمێنتی گرووپەفەیسبووکەکان ناوبراویان وەک ” ناپاک بە میللەت” بە قازانجی” کوردە جوداخوازەکان” ناودێرکرد . گەورەترین گرفتی شوناسی ئێرانی، نەدیتراوی” بەرجەستەنەبوون” و سرووشتیبوونی باڵادەستی و سەردەستەیی شوناسی فارسییە، کە لە ئاکامدا و بەکردەوە هوییەتی ئێرانیبوون ڕەنگڕێژ دەکات و بڕیاری لێدەدات.

ئەگەرچی ئێران کۆمەڵگەیەکی فرەڕەنگە ، شوناسی فارس خۆی وەک شوناسی سەردەستە لە ئێراندا ناساندووە، و نەتەوە غەیرە فارسەکان ( ئازەری، کورد، بەلووچ، لوڕ ،عەرەب و تورکمەن)ی لە دەسەڵاتی سیاسی وەلاناوە لەڕێگەی جێگیرکردنی چەمکگەلی ڕاسیستییانە سەبارەت بە بەرتەری فارس بەرانبەر بە نەتەوە و ئیتنیکگەلی غەیرە فارس لە ئێراندا.

لەم بارەیەوە،دەکرێ بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی دەوڵەتی ئێران بگەڕێینەوە بۆ بۆچوونی ڕۆژهەڵاتناسەکان و باسگەلی وەک بەشارستانی کردن و مۆدێرن کردنی هەرێمگەلی نەتەوە غەیرە فارسەکان ، هەڵبەت بە مۆرکێکی فارسی ، بێگومان ئەمەش بە مەبەستی فارساندن و پەلکێشکردنیان بۆ ناو مۆدەرنیتە و لەناوبردنی جیاوازیگەلی نژادی و زمانییان، جیاوازیگەلێک کە بەنیشانەی دواکەوتوویی و بێ عەقڵییان دێتە ئەژمار.

لەگەڵ ئەوەی کە دەسەڵاتی پاشایەتی پاڵەوی، لەبیری ئەوەدا بوو کە باڵادەستی هوییەتی فارسی و سرێنەوەی جیاوازییەکانی نەتەوە غەیرە فارسەکان بکاتە جەژن و ئاهەنگی بگێڕێ، بەڵام شۆڕشی ئیسلامی ئێران زیاتر و زەقتر ڕێگەخۆشکەربوو بۆ پەرەدان بە ستەمکردن لە نەتەوە ناـ فارسەکان” غەیرە شیعەکانیش” بە لەبەرچاوگرتنی ئینتمای نەتەوەیی و مەزهەبییان.

هەرکات کە باڵادەستیی فارس کەوتبێتە بەرپرسیار، رووناکبیری ئێرانی/ فارسی ڕاهاتووە کە خێرا پێمانبڵێ ئێران لە هیچ بڕگەیەکی مێژوویدا لەلایەن فارسەکانەوە بە ڕێوەنەبراوە ، بەڵکوو سەرکردە ناـ فارسەکان بەڕێوەیان بردووە، وەک نادر شا(تورکمەن) ، کەریم خانی زەند(لوڕـ زۆرێک لە بەڵگەکان پێچەوانەی ئەمە دەسەڵمێنن) و ئاغا موهەممەدخان (تورک) ، یاخود ڕابەری باڵای ئێرانی ئێستاکەیی ئایەتوللا خامنەیی (ئازەری ـ  دیارە ئەمیش هەر روون نییە و نەسەلمێنراوە کە ئازەریی بێت). بەڵامئەوان بیریان دەچێت کە پێمان بڵێن ئاخۆ ئەم ڕابەرانە فرەڕەنگی و جیاوازییەکانیان پەسەند کردووە ، یان باڵادەستیی هوییەتی فارسییان بەهێزتر کردووە لە گشت بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی ، سیاسی و کەلتووری لە ئێراندا.

بێگومان،ئەگەر سەرنجی ئینتمای ئازەرییەکان بدەین لە ڕووی شیعەگەرییەوە کە دەگونجێت لەگەڵ شوناسی باڵادستی کۆماری ئیسلامی، هەڵە نابێت ئەگەر بڵێین ئازەرییەکان سوود دەبینن لە سیستێمی هەنووکەیی ئێران . ئەم ڕەوشە هەروەها ئەو کوردانە دەگرێتەوە کە سەر بە مەزهەبی شیعەن.

لەڕووی ئابوورییەوە ، بۆ نموونە ناوچە ئازەرییەکان پتر گەشەیان پێدراوە لە چاو ناوچە کوردییەکان، بەلووچەکان و عەرەبەکان، ئەمە سەرەڕای ئەو ڕاستییە کە ئەم ناوچانە زۆرترین سامانە سرووشتییەکانی وەک نەوت،گاز و کشت وکاڵ لە خۆدەگرێت. خاڵی هاوبەشی ئازەرییەکان لەگەل کورد، تورکمەن، بەلووچ ، لوڕڕ و عەرەبەکاندا سەرکوتکردن و بە نزم سەیرکردنی زمانیانە لە فەزای گشتیدا و قەدەخەکردنی ئەم زمانانەیە لە سیستێمی پەروەردەکردندا، ئەمە وێڕای ئەو ڕاستییە کە دستوور” یاسای بنەڕەتی” ی ئێران لە ماددەی 15دا ، ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە ” بەکارهێنانی زمانە ناوچەیی و خێڵەکییەکان لە بڵاڤۆک و دەزگاکانی ڕاگەیاندندا، هەروەها خوێندنی ئەدەبییاتی ئەم زمانانە لە قوتابخانەدا شانبەشانی زمانی فارسی” .

زۆر سەیرە، زمانە ناـ فارسییەکان وەک زمانی خێڵ و ناوچەکان ناودەبرێت و خۆدەبوێردرێت لە ئاماژەدان بە لایەنی نەتەوەیی و نژادیی ئەم زمانانە. ڕژیمی ئیسلامی لە ئاستی گوفتمانیدا هەرجۆرە مافخواستنێکی ئیتنیکییانەی بە پلانی دەرەکی دێنێتە ئەژمار، گوایە مەبەست لێی لەبەریەکهەڵوەشاندنی یەکیەتیی و برایەتیی گەلانی ئێرانە.

لەکاتێكدا ناسیونالیزم ،یان پان ـ ناسیونالیزم لەخزمەت سیاسەتی بەرچاوتەنگ و ناوچەیی دایە و کار لەسەر قووڵکردنەوەی جیاوازییەکان دەکات، بەهەمانشێوە سیاسەتکارانی ئیسلامی- شیعە لە ئێراندا درێژە دەدەن بە سووکاتیپێکردن و ژێردەستەکردنی کورد، عەرەب، بەلووچ و تورکمەن بەو هۆیەوە کە ئەمانە خۆیان گرێنادەن بە ئایینزای شیعە و ئیدئۆلۆژی زاڵی دەوڵەت ، ئەو دەوڵەتەی کە  باوەڕی بە باڵادەستی فارس هەیە.

بەگەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی نێوان دوو هێزە کوردییەکە ،دەبینین کە گرنگی و چوارچێوە ی تەفسیریی ئتنیسیتی لە ناو کوردان و پارتە کوردەکانی ئێراندا، لەوە دەرچووە کە تەنیا درووشمێک بێت و لە بۆشاییدا بخولێتەوە، بەڵکوو بریتییە لە ئەزموونیی هاوبەش و هاوچارەنووسیی لە کێشان و هەڵگرتنی نابەرابەری ئابووری ، نزمدانان و قێزەوەن ئەژماردنی کولتووری، سەرکوتکردنی زمانیی، حەساب بۆ نەکردنی سیاسیی و هەڵاواردنی سیستماتیک .

ئەم ئەزموونە زیندووانە، وا دەکات کە گیانی نەتەوە پەروەریی گرنگتر پەرەبسێنێت ،بە جۆرێک کە کوردەکان نابەرانبەرییەکان دەبینن و دەستیان داوەتە ڕاپەڕین لەبەرانبەر دەسەڵاتی ئێران و باڵادەستی و هێژموونی نەتەوەی فارسدا. زۆرێک لە کوردەکانی ئێران کولتووری نەتەوەییان هێندە لەلادا نزم و جێی شەرمەزارییە بەرانبەر بە شوناسی فارسی، کە تەنانەت خۆبەدوور دەگرن لەوەی بەزمانی کوردی دەگەڵ منداڵەکانیان بئاخێڤن ، یاخود ناوی کوردییان بۆ بگرنەوە.

بەگشتی دەتوانین لەم ستەمە تێبگەین ئەگەر گرێیی بدەینەوە بە ئەو نژادپەرستییە دەروونییەوە کە ئەو گرووپە کەمێندراوانە دەگرێتەوە لە ڕێگەی ئەوەی لەخۆیان وردببنەوە، لە شوناسیان، زمانیان،جل و پۆشاکیان، دیرۆکیان بە ڕێگەی خوێندنەوەی جێگرتوو و پەرەپێدراودا، واتە باڵادەستیی نەتەوەی فارس. سەرەڕای ئەم نادادپەروەرییانەش، پارێزەرانی شوناسی فارسی پێداگری ئەوەدەکەن کە ” شتێک نییە بە ناوی نەتەوەی فارس لە ئێراندا “.

لە باشترین حاڵەتدا باس لە هەبوونی” ئاخێڤەرانی زمانی فارسی” دەکەن. ئەم بۆچوونە لە کتێبی ( لە ئیمپراتۆرییەتی ئیرانەوە بۆ ئێرانی ئیسلامی،2009) لەلایەن توێژەری ئێرانی پەرویز تەوفیقی ـ یەوە خراوەتە بەرباس، کەپێیوایە لە ئێراندا هیچ خەڵکێک نییە بەناوی فارس ناوببردرێن پاش ئەوەی کە ئەو خەڵکە بەهۆی تێکەڵبوونیانەوە بە گرووپگەلی دیکەوە بەتەواوەتی تواونەتەوە لە ئێراندا.

هەنووکەش، ئەم لاف و بۆچوونە بەرگریکارانە کە نکووڵی لە هەبوونی هێژموون و باڵادەستیی فارس دەکات ، ڕەچاوی ئە‌و ڕاستییەش ناکەن کە کاتێک خوێندکارانی کورد دەچنە قوتابخانەوە فێری ئەوە دەکرێن زمان ، هونەر،کەنداو ” مەبەست خەلیجی فارسە”، وێژە و ئەدبییات،دیرۆک، مووزیک و هونەری فەرش و قاڵیچە چنین….هتد لە قۆرخی شوناسی زاڵ و باڵادەستی نەتەوەی فارسدایە. دەسەڵات لە ئێراندا ئەو هۆکارە ڕوون ناکاتەوە کە چما منداڵانی کورد ناکارن زمانی دایکیی خۆیان ، یاخود دیرۆک و ئەدەبی کوردی لە نیشتمانی خۆیاندا بخوێنن.

یان ئەگەر ئەوان بەڕاستی شارۆمەندی ئێرانین ، چما مافی بوونە سەرۆککۆماریی ،یاخود بەڕێوەبردنی هەرێم و ناوچەکانیان نکووڵی دەکرێت. ئەگەر کوردێک بییەوێت کاری دەستبکەوێت، دەستبەجێ درک بەوە دەکات کە پێشینەی نەتەوەیی و مەزهەبیی وێرای جیاوازیی ڕەگەزیی ڕێگری دەکرێت لەلایەن ئەو ساختارە هەڵاوردەکارەی دەسەڵاتەوە کە دیتنێکی نزمئامێزی هەیە بەرانبەر بەو جیاوازییانە، بێگومان بەو جۆرە شانسی هەرکوردێک لە گشت زەمینەکانی ژیاندا کەمتر و کەمتر دەبێتەوە.

ئا بەمشێوەیە دەبینین کە چلۆن ژێردەستەکردنی کەلتووری، شانبەشان مەحروومییەتە ئابوورییەکان پێڕەودەکرێت. سەرەڕای گشت ئەم نا بەرابەرییانەی دژ بە کورد، سەیرتر ئەوەیە کە داوا دەکرێت کورد بێدەنگبێت و چۆک دابدات بۆ گوتاری باڵادەستی دەوڵەت، گوایە دەنگی ناڕەزایەتی کوردان زۆربەی کات بە وێرانکارانە پێشاندراوە و وەک ئەسپی تراودە ” مەبەست ناپاکییەـ وەرگێڕ” بە پیلانە دەرەکییەکانەوە گرێدراوەتەوە.

هەروەک توێژەری ئێرانیی، پیرووز موجتەبازادە کە لە بەرنامەیەکی بەشە فارسیی “بی بی سی” دا سەبارەت بە فیدرالیسم میوانیی کرا بوو گوتی : ” لە کوردستاندا ، جگە لە دەنگە دەنگ ، خواستێکی ڕوون سەبارەت بە مافە سیاسییەکان لە ئارادا نییە” , ئەمەش نادیدەگرتنی ئەو ڕاستییەیە کە چەندین دەیەیە کوردەکان داوای جێبەجێکردنی “دیموکراسی بۆ ئێران، وخودموختاری بۆ کوردستان” دەکەن.

ئەمە بە ڕێکەوت نییە کە کوردەکان وەک خنجەری ناپاکیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێنە ئەژمار، بەتایبەت کە کوردەکان دەیانەوێت ئیسرائیلێکی دیکە دروست بکەن لە ناوچەکەدا. ڕوانگەی سەرەکیی گرووپی باڵادەست ئەوەیە کە کوردەکان کۆتایی بە خەباتی سیاسیی خۆیان بێنن ، گوایە خواستەکانیان  چ پێوەندییەکی بە نادادپەروەریی و ڕاستیی ژیانی کوردەکانی ئێرانەوە نییە، بەڵکوو  ئەمە دنەدان و فیتی   ئیسرایل و ئامریکایە  !!. بە هۆی رۆژهەڵاتناسانی ڕۆژئاوا و ناسیونالیسمی فارسەوە، شوناسی فارسی لەڕێگەی سیاسەتێکی زیرەکانەی نوێنەرایەتیکردنەوە توانیویەتی زانست و تایبەتمەندێتییەکانی خۆی بە شێوەیەکی بابەتیی بە گشت دنیادا بڵاو بکاتەوە.

لە ئێراندا، خولیابوون و ئۆگربوون بە سەردەستەیی فارس وەک حەز و خواستی گشتیی و هەمووان پێانسە کراوە، و وەهای لە گرووپە بندەستەکراوەکان کردووە کە ئەم شوناسە بە هی خۆیان بزانن. کە چی لە ڕاستیدا گشت بابەتەکە پێوەندیی بە شوناسێکی نەخوازراوی فارسییەوە هەیە کە پێناسەیەکی ساختەکارانە و گریمانەیی بۆ دنیا هەیە.

بە هۆی ئەوەی کە کوردی ئێران نەک تەنیا دووچاری هەڵاواردنی دەوڵەتین سەبارەت بە کار و دامەزراندن ، پەروەردە وفێرکردن و نیشتەجێبوون، بەڵکوو مافی ئەوان لە پەروەردە و فێرکردنیشدا نکووڵی دەکرێت ، داواکاریی سەبەخۆیی و خۆبەڕێوەبردن تا دێت پشتیوانی زیاتربەدەست دێنێت و پەرە دەستێنێت.

ڕژێمی ئیسلامی ئێران نە مافی شارۆمەندی بە کوردان ڕەوا دەبینێت ، و نەش کەشێکی گشتی دیموکراتیکیان بۆ دابین دەکات ، کە تێیدا بتوانن بە شێوەیەکی دیار جیاوازییە سیاسییەکانیان دەربارەی مافە پێشێل کراوەکانیان وەک شارۆمەندی ئێرانیی دەرببڕن، بەتایبەتیی کە زۆربری کات چالاکوانە سیاسییە کوردەکان وەک “دژە-ئێرانی” و ” دژە-ئیسلامی” ، و هەروەها وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی دێنە حیساب.

پێناسەکردنی جیاوازیی و ناکۆکیی کوردەکان بەرانبەر بە دەسەڵاتی ئێران لە فۆرمی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی، بووەتە ستراتیژییەکی کارای دەوڵەتی ئێران بە مەبەستی خۆدزینەوە لە چارەسەرکردنی یاساییانە و دانانی کوردەکان لە خانەی ئیستیسنادا. لەمپەرە ئایینی، یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان کە کورد بەرەڕوویان دەبێتەوە لە ئێراندا ، پێگەی “هاوڵاتی بێ ماف” ی داوەتێ.

جیهانی ئێمە ،بەو مۆرکە قۆرخکراوەی سیستەمی نێودەوڵەتیی، هەڵاواردن و ئاپارتایدێکی جیهانی وەهای خولقاندووە، کە دنیای بەسەر دوو دەستەدا: ” نەتەوەی دەوڵەتدار” و ” نەتەوەی بێ دەوڵەت” دابەشکردووە. بە جۆرێک کە یەکەمیان لە پێگەیەکی نایابدا قەرار دەگرێت لەناو دنیایەکی نابەرابەر لە زەمینەی شارۆمەندیی، لە کاتێکدا کە دوەمیان ” نەتەوەی بێ دەوڵەت” لە پێگەی شوناسی ژێردەستەدا بەسەردەبات. گەلانی بێ دەوڵەتی وەک کورد، فەلەستین و تامیل ئەو کارەساتە وجوودی و سیاسییە پێشان دەدات کە ئەم نەتەوانە بەرەوڕووی بوونەتەوە،شانبەشانی گشت ئەو توندوتیژییە سیاسییانەی کە ئەزموونیان کردووە لەلایەن دەوڵەتانی جیاواز و هەروەها بەشێوەی جیاواز.

بێگومان ،دەشێت بنواڕینە ناسیونالیزمی کوردیی وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بەو بێ دەوڵەتییەی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەت پاش ئەوەی کە کوردەکان لە ئاکامی بێ دەوڵەتییاندا پەراوێز ، و لەڕووی سیاسییەوە لاواز و کپێنراو نەتەوە بەڕێگەی سیاسەتی سیستماتیکیی پاکتاوکردن و سڕینەوەی دەوڵەتییەوە لە ئێران، ئێراق، تورکیا و سووریەدا.

ڕۆڵی هێزە سیاسییەکان و بزاڤە سیاسسەکان بریتییە لە دابینکردنی نیشتمان و پەناگەیەکی سیاسیی کە بتوانن تێیدا بژین و ئاواتەکانیان کە لە مافی شارۆمەندیی پێکدێت، وەدیبهێنن. بێجگە لەوەش، کاراکتەرە سیاسییەکانی کورد پێویستییان بە گەڵاڵەکردنی جۆرە زمانێکی سیاسییە کە نەیەوێت سەرلەنوێ پەرتکردن و دەرهاویشتن بەرهەمبهێنێتەوە. پرۆسەی بە فارسیکردنی شوناس، نکووڵی دەکات لەوەی کە پێگەیەکی تایبەتی یاسایی پێدرابێت ، یا خود پارێزگاری لە فارساندن و یەکڕنگکردن بکات لەڕێگەی پیادەکردنی ئیدئۆلۆژییەکی زاڵەوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، پێویستە کوردەکان بیریان نەچێت کە کوردستان هەرێمێکی سیاسیی نییە کە بەتەنیا کورد لێی بژێت، بەڵکوو گرووپی جۆراوجۆری دیکەشی لێ دەژێت ،کە دەشێت هەم دان بە بوونیاندا بنرێت و، هەمیش مافی یەکسانییان بۆ دەستەبەر بکرێت لە گشت زەمینەکانی کۆمەڵایەتیدا.

بە کورتی، سەرچاوەی سەرەکیی ململانێ سیاسییە ئیتنیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕق و دژبەرییەی ناسیونالیزم، کە دان نانێت بە بوون و نوێنەرایەتییە جیاوازەکاندا،بە تایبەت لە فۆرمە سیاسییەکەیدا. ناسیونالیزمیباڵادەستی فارس ناتوانێت درێژە بدات بە فەرمانڕەواییکردن ،و تاوانی ململانێکە وەئۆباڵی کورد بخات، دوای ئەوەی کە بەسەرهات و مەینەتیی کوردەکان پشتگوێ دەخات بە شێوەیەکی پڕ لە سووکایەتیی و ناشیرین ، وەلێ سیستماتیک.

ڕاشکاوانەتر بڵێم ، تەنیا دوو بژاردەلە بەر دەست ئێران، تورکیا، ئێراق و سووریەدایە: یان تەواوی مافەکانی شارۆمەندی بە کوردان دەدەن ” دیفاکتۆــ جێکەوتەـ ئەمری واقع” ، و یا خود گەلی کورد درێژە دەدات بە خەباتی سیاسیی خۆی بە مەبەستی پێکهێنانی ماڵێکی سیاسیی کەتێیدا دەست درێژیی نەکرێتە سەر بە هۆی جیاوازیگەلی کەلتووری نەتەوەیی، کۆمەڵایەتیی و لەسەر یەک تێکڕای جیاوازییەکانییەوە.

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە بە ئینگلیزی دەتوانن تماشای ماڵپەڕی خوارەوە بکەن:{jcomments off}

http://www.yourmiddleeast.com/opinion/barzoo-eliassi-kurds-in-the-shadow-of-iranian-citizenship_11632#1

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی