"an independent online kurdish website

ئامادە کردنی : محەممەد سولەیمانیmuhamad_suleiani_2011

پێک هێنانی دیدارێکی تایبەت سەبارەت بە پڕۆسە و ئاکامی دیالۆگ لە نێوا ن حدکا و هاوڕێیانی پێشووماندا لە گەڵ ڕێزدار کاک محەممەد ساڵح قادری ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی گشتی پەیوەندیە سیاسی و ڕێکخراوەیەکانی حیزب لە شاری هەوڵێر.
 
 سەرتا زۆر سوپاستان دەکەین کە کاتی خۆتان بۆ ئێمە تەرخان کردوە بۆ ئەوەی لە ڕێگایی بەڕێزتانەوە بتوانین سەبارەت بە پڕۆسەی  کۆبوونەوەی  حدکا لە گەڵ هاوڕێیانی پێشوو مان و ئاکامی ئەو دانیشتنە کە چەند جارێک لە ئاستی بەرزی ڕێبەریدا بەڕێوە چووە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بیروڕایی گشتی کورد و خوێنەرانی ماڵپەڕی خاکەلێوە  باس بکرێ و هەرلەوکاتەشدا ئاماژە بە ئەستەنگەکانی ئەو مەسەلە گرینگ و جەوهەریە بکرێ بۆ ئەوەیی بەرچاورونی باشتر بخرێتە بەر چاوی خەڵکی کوردستان.
 
 چوونکە ئێستا هێندک تێڕوانین و خوێندنەوەیی دژبەیەك لەسەر ئەو بابەتە هەستیارە لە نێو خەڵک و ئەندامانی تەشکیلاتی بنەماڵەیی گەورەویی دێمۆکڕات دا سەڕی هەڵداوە ، کە گوایە حدکا لە بەرنامەی دایە کە ئەو دۆستانەمان بەناوی حدک بە فەرمی دەناسێت. ئێمەش هەر لەو چوار چێوەیەدا پرسیارەکانمان ئاڕاستەیی ڕێزدار کاك محەممەد ساڵح قادری ئەندامی کومیتەیی ناوەندی حدکا و بەرپرسی پەیوەندیە سیاسی و ڕێکخراوەکانی حیزب لە شاری هەولێر کردەوە بۆ تیشک خستنە سەر ئەو بابەتە. ئامانج لەو دیدارە ئەوەیە کە لەو رێگایەوە ئەو بەرچاورونیە بکرێ و هەموو لایەک ئاگاداری رەوتی بەردەوامبوون و ئاکامەکانی دیالۆگی دوولانە بین و هەتا گیروگرفتەکانی سەر ڕێگایی یەکگرتنەوە.
 
 ئەوەیی ئەمڕۆ بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆتە جێگایی پرسیار، نارونی ئاکامی ئەو کۆبوونەوە هاوبەشانن کە لە ئاستی زۆر بەرزی ڕێبەریدا چەند جارێک ئەنجامدراون.ئەو دیمانیە لە ڕاستایی ئەو مەسەلەیەدا لە گەڵ ئەندامی ڕێبەری حیزب پێک هاتووە کە بەڕێزیان لە نیزێکەوە ئاگاداری رەوتی دانیشتن و دیالۆگی هاوبەشبووە.
 
 پ: دەکرێت بەڕێزتان تیشک بخەیە سەر ئەو هانگاوانەیی کە لە پێناو وەسەریەکخستنەوەیی بنەماڵەیی گەورەیی دێمۆکڕاتدا نراون یان رەوتی کۆبوونەوەکان بە چ ئاستێک گەیشتوون؟

محەممەد ساڵح قادری: سەرەتا منیش سوپاسى ئێوەى بەرێز و هەموو ئەو خەڵکە دلسۆزە دەکەم کە بە پەرۆشەوە بە دواچوونى رەوش و بارۆدۆخى حیزبەکەمان دەکەن و بە پشتیوانى کردنیان لە هەڵوێست و هەنگاوەکانى تەبایى و یەکریزى هیوامان پێ دەبەخشن. ئەوە نیشانەى ئاستى بەرزى هوشیارى نەتەوەیى و چاوەروانى ئەو خەڵکە لە حیزبەکەمانە بۆ خزمەت بە چارەنووسى ئەوان و کاریگەربوونى لە رەوتى ئالوگۆرەکانى پێوەندیدار بە جوولانەوەى نەتەوەکەمان بۆ گەیشتن بە ئازادى و سەربەستىیە.

  لە سۆنگەى هەست بە بەرپرسیارەتى کردنى هەر چى زیاترى حیزبەکەمان لە ئاست ئەرکى نەتەوەیى و بەرژەوەندى گشتى میلەتەکەماندا و بە لێکدانەوەى هەلومەرجى سیاسى ناوچە و کوردستان و ئەو ئالوگۆرە خێرایانەى کە روویان لە رۆژهەڵاتى ناوەراست کردووە، بە پەسەندى کۆنگرەى پازدەهەمى حیزبەوە زەروورەتى حەولدان بۆ چارەسەرى کێشەى لە گەل هاورێیانى پێشوومان و کۆتایى هێنان بە دیاردەى دووبەرەکى و لێکترازان کە بەرژەوەندى هەموو لایەکى خستووەتە قەفەسى رق و تۆلە سەندنەوەیەکى بێ بنەما، هەروەها درێژەدان بە دیالۆگى بونیادنەر بە مەبەستى رێگا خۆش کردن بۆ هاوکارى و یەکریزى خراوەتە بوارى جێبەجێ بوونەوە. لەو راستایەدا لە لایەن رێبەرایەتى حیزبەکەمانەوە وەک نیاز پاکى و پابەندبوون بە بریارى کۆنگرە تا ئێستا چەندین چاوپێکەوتن و وتووێژ لە ئاستى بەرزدا ئەنجام دراون و هەول دراوە بە رەخساندنى کەشێکى لە بار و برایانە بۆ لێک تێگەیشتن و پێکەوە تاوتوێکردنى کێشەکان و دەست نیشانکردنى لەمپەرە دەروونى و تەشکیلاتیەکانى پێوەندیدار بە پرسى یەکگرتنەوە و چۆنیەتى دەرباز بوون لە قەیرانەکان و هێنانەدى تەبایى و یەکگرتن ، ناوەرۆکى وتووێژى کۆبوونەوەکانمان لە گەل هاورێیانى پێشوو بووە.

mihemmeds_qadiri

 
 پ: ئێوە پێتان وایە هەلومەرجێکی ئەو تۆ لە نێو ڕێبەری حدکا دا پێک هاتووە کە شێمانەیی ئەوەیی لێبکرێت کە هاوڕێیانی پێشوومان بەو ناوەیی ئێستایان بناسێ و دابەشبوونی حدکا ببێ بەئەرزی واقع لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا؟
 
 محەممەد ساڵح قادری:  تێروانینێکى لەو چەشنە لە گۆرێ دا نیە و ناشتوانێ بنەمایەکى زانستى و بابەتیانەى هەبێ. لە بەر ئەوەى کە لە گەل ئەو هاورێیانەمان جیاوازیەکى ئیدئولۆژیکى یان سیاسى ئەوتۆمان لە پێوەندى لە گەل ستراتیژى جوولانەوە و ئامانجەکانى دا نیە تا بگاتە ئەو ئاستەى بە ناوى دوو دێموکراتى خاوەن یەک مێژوو و بە هێماکانى هاوچەشن و رێبەرانى شەهید و یادوەرى هاوبەشەوە بوونمان هەبێ. کە وایە ئەوە نە لە گەل لوژیکى سەردەم و نە لە گەل ویستى گەلەکەمان کە یەکریزى و یەکبوونى حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێرانیان دەوێ یەک ناگرێتەوە.
 هەروەها ئەزموونى چەند جار جیابوونەکانى پێشووترى نێو حیزبى دێموکراتیش ئەو راستیەى سەلماندووە کە دیاردەى دوو حیزبى دێموکراتى هاوچەشن ، بە یەک ناو نە لە ناو کۆمەڵگاى کوردستاندا و نە لە جیهانى مودێرن دا عەمەلى نیە و باوى نەماوە. کە وایە مەبەست لە کردنەوەى دەرگاى دیالۆگ و دانیشتن لە گەل هاورێیانى پێشوومان بە ماناى بە رەسمى ناسینیان بەو ناوەوە نیە و بەلکو بۆ نەهێشتنى ئەو دیاردەى دوو بەرەکى خولقێنەیە کە سالەهایە بە قەتیس مانەوەى خۆیەوە میلەتەکەمانى تووشى بێزارى و نیگەرانى کردووە و لە بەرابەریشدا ناحەزان و دوژمنان شایى دەگێرن.
 
 پ: ئێوە چۆن و لە سەر چ بنەمایەک دەتان هەوێت بەرچاوروونی بخەنە بەرچاوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئەندامانی تەشکیلاتی بنەماڵەیی گەورەیی دێمۆکرات کە هەنگاوەکانی وەسەریەک خستنەوەیی حیزب بەردەوامە و دوورە لە تاکتیکی ڕاگەیاندنی سیاسی و دیپڵۆماسی لە ئاستی کوردستاندا؟
 
 محەممەد ساڵح قادری: ئەوە مەسەلەیەکى دوو لایەنەیە و بەستراوە بە ئاکامە کردەوەییەکانى دیالۆگ و دانیشتن لە گەل ئەو هاوڕێیانە. وەک ئاگادارن کێشەکە چەندین ساڵە درێژەى هەیە و بۆ پڕ کردنى ئەو کەلێنە تەشکیلاتى و دەروونیە و هەلگرتنى کۆسپەکانى سەر رێگاى یەکگرتنەوە پێویستمان بە کات و ئیرادەیەکى بە هێزى دوولایەنە هەیە کە بتوانآ بە گیانێکى لێبوردەیى و بە راوێژیکى تەندروست و دێموکراتیک متمانە و گرینگى یەکگرتنى بکاتە ئەرکێکى ئەخلاقى و نەتەوەیى بۆ تێکراى تێکوشەرانى دێموکرات. لەو پێوەندیەدا پێویستە چاوەروانیەکان بە قەدەر تواناکان ببنە پالپشتى پروسەى یەکگرتن و بە پشوو درێژى و ماندى نەبوونى هەمەلایەنە لەو رێگایەدا نەمامى هیوا بۆ یەکگرتنى حیزبەکەمان بروێنین.
 
 پ: زۆر لە خاوەن نەزەران و هەڵسوڕاوانی چالاکی سیاسی و مەدەنی پێیان وایە هاوڕییانی پێشوومان لە ئاستی ڕێبەریاندا ئێستا وەك پێشوو مەیلیان زۆر بە لای یەکبوونەوەدا نیەو دەیان هەوێت لەمەیدانی مل ملانەیی سیاسی و ڕاگەیاندن دا فشاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئەندامانی تەشکیلاتیان لە سەر خۆیان کەمتر بکەنەوە. ئێوە ئەو بارودۆخە چۆن هەڵدەسەنگێنن و پێتان وایە ئەو بابەتە بوونی هەبێ و پڕۆسەیی یەکگرتنەوە بەو جۆرە بەرەودواوە ببات و لایەنگرانی یەک ڕێزی بنەماڵەی دێمۆکڕات بەرەو نا ئومێدی برێ؟
 
 
 محەممەد ساڵح قادری: باشتر ئەوەیە لە جیاتى قەزاوەتى پێش وەخت و دروستکردنى تەوەهوماتى بێ جێ، چاوەروانى هەنگاو و هەلوێستى هاورێیانى پێشوومان لە بەرامبەر ویستى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بۆ یەکگرتن بین. ئەو کارەش لە گرەوى هەنگاوى بە کردەوە دایە و لە خەیرى ئەوە دا بە میدیایى کردنى بێ کردەوە و پرۆپاگەندەى بەتال نەک هەر لە بەرژەوەندى هیچ لایەک دا نیە، بگرە دژکردەوە و کاریگەرى نیگەتیڤى بیروراى گشتى خەڵکى کوردستان و ئەندامەکانیان بە دوادا دەبێ.
 
 
 پ: بەڕێزتان وەك بەرپرسی پەیوەندیە سیاسی و ڕێکخراوەکانی حیزبی دێمۆکڕات لە شاری هەولێر هەوڵتانداوە وەک حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بۆ ئەوەیی حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دووری مێزی دیالۆگی بەرفراون کۆببنەوە و سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی وڵات و هەڵبژاردنی داهاتوو لە ئێران دا بگەنە یەك هەڵوێستی سیاسی ؟
 
 محەممەد ساڵح قادری: حیزبەکەمان تا ئەو جێگایەى کە بۆى مومکین بووە بە رێگاى دیالۆگى دێموکراتیک لە گەل هەرکام لەو لایەنە سیاسیانەى کوردستانى ئێران کە خاوەن پێگە و قورسایى سیاسى و کۆمەڵایەتین، هەولى پێک هێنانى بەستێنى هاوکارى و هاوهەڵوێستى بۆ خزمەتى گەل و نیشتمان داوە و لەو پێوەندیەدا دەستى دۆستایەتى و ئاشتەوایى نەتەوەیى بۆ ئەو لایەنانە و پێکهاتەکانى کۆمەڵگاى کوردستان درێژ کردووە تا کو بتوانێ بە رێگاى کۆ دەنگى و پڕ رەنگى لایەنە جیاجیاکان دەرەتانى شوێن دانەرى و دەرفەت خولقێنى بۆ بزووتنەوەى گەلەکەمان لە هاوسەنگى یە هەرێمى و نێوخۆییەکاندا برەخسێنێ.
  {jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی