"an independent online kurdish website

پاش پەسەند کردنی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨، لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، گەلێک راگەیەندراو و بەیاننامە لەسەر ئەو بنەمایە و لە پێوەندی لەگەڵ مافەکانی مرۆڤدا پەسەند کراون کە ھەرکامەیان بە نۆبەی خۆیان کاریگەرییان لە سەر چۆنیەتی وشێوازی ژیانی مرۆڤایەتی داناوە.nahid_huseini16

یەکێک لەو راگەیەندراوانە کە ساڵی ١٩٩٦ لە شاری بارسێلۆنای ئیسپانیاپەسەند کرا، “راگەیاندراوی جیھانیی مافە زمانییەکان”بوو. پێویستیی بوونی وەھا رۆژێک و ھۆکارەکانی واژۆ کردنی لە لایەن دامەزراوە و رێکخراوە ناحکومییە جیھانییەکانەوە گرینگی و بەھای “زمان”مان وەک فاکتەرێکی بنیاتنەر لا بەرجەستە دەکاتەوە.
لە بەشی سەرەتای ئەو راگەیەندراوەدا ھاتووە کە:” بە رەچاو کردنی ئەویکە زۆربەی ئەو زمانانەی کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە پەیوەندییان بەو کۆمەڵە خەڵکانەوە ھەیە کە مافی دەسەڵاتی نەتەوەیی خۆیان نییە و ئەوەیکە ئەو ھۆکارە سەرەکییانەی کە پێش بە پەرەسەندنی ئەو زمانانە دەگرن و رەوتی جێگرتنەوەی زمانێکی دیکە لە بری ئەوان خێراتر دەکەنەوە، بریتین لە نەبوونی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەر بۆ ئەوان و سیاسەتی حکومەتەکان، کە پێکھاتەکانی سیاسی و ئیداری و زمانی خۆیانیان بەسەردا دەسەپێنن”.
لە سۆنگەی ئەو سەپاندنە زمانییەوە، بوون و شوناسی زمانی یەکەم واتە زمانی دایکیی مرۆڤ تووشی ھەرەس ھێنان و فەوتان و کاڵ بوونەوە دەبێت و مرۆڤ تووشی ئێلیناسیۆنی زمانی دەبێت. ھەر لەو پێوەندییەشدا دیاریکردنی رۆژێک بە ناوی رۆژی جیھانیی زمانی دایک، ئەو رۆڵە بنیاتنەرەی زمانمان زیاتر بۆ دەردەخات.
لە وڵاتێکی فرەنەتەوەدا، فرەزمانی تایبەتمەندییەکی سروشتییە، بەڵام کاتێک ئەو تایبەتمەندییە شرووشتییە بەھۆی بەرژەوندیخوازی و سەرەڕۆیی دەسەڵاتی ناوەندیی زاڵەوە لە رێگەی جۆراوجۆرەوە بە بیانووی ھەبوونی زمانی فەرمی و گشتگیر و لە روانگەی یەک دەوڵت و یەک نەتەوەوە، ھەوڵی بە ناسرووشتی کردنی دەدرێت، کێشە و گرفتی کۆمەڵە زمانییە جیاوازەکان ھەر لە یەکەم قۆناغەکانی تێکەڵ بوونیان بە کۆمەڵگای گشتییەوە سەرھەڵدەدات.
قوتابخانەکان وەک یەکەم قۆناغی دابڕان لە زمانی دایکی و ناسینی زمانی فەرمیی دەسەڵات بۆ منداڵەکانی کۆمەڵگای فرەنەتەوە دێتە ھەژمار. رۆڵی قوتابخانە لە گەشە و پێشکەوتنی منداڵدا حاشاھەڵنەگرە، بەڵام گەلێک دیاردەش لەو پێشکەوتنەدا دەور دەگێڕن، وەکوو رادەی پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی و ھەروەھا پلانداڕێژیی بۆناوەرۆکی کتێبە دەرسییەکان. کە ھەردووکی ئەو خاڵانە و گەلێک خاڵی دیکەش دەگەڕێتەوە سەر زمانی پێوەندی لەو بوارەدا و لە راستیدا لە نابەرابەرییەکی زمانی و دەرفەتەکاندا خۆی دەبینێتەوە. منداڵ تووشی بەرکەوتنێکی کولتووری دەبێتەوە، ھەست بە جیاوازی دەکات و لە یەکەم ھەڵسەنگاندنیدا لە خۆی، تووشی خۆ بە کەم زانین و داڕمانی ھەستی باوەڕبەخۆبوون دەبێت، داھێنانە زمانییەکانی خۆی لەدەست دەدات و ناچار بە فێربوونی زمانی زاڵ دەبێت.
س.چ / لاپەرەی ف نووسەر{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی