"an independent online kurdish website

بە گوێره‌ی لێکۆله‌رانی بواری رەوان ناسانی کۆمه‌ڵایه‌تی ، مرۆڤ ده‌توانێ لە  رۆژێك دا دە جار درۆ بکات.mansur_feroxi

   بە گشتی درۆکردن، لەهەمان روژەکانی منداڵییەوە ده‌ستپێده‌کات. لە و کاتەوە کە بە گریانێکی ناڕاست، دایک یان باوکت هه‌ڵده‌خڵه‌تێنی، تەمەنی درۆش دەس بە لەدایک بوون دەکات. لە کۆمه‌ڵگای دنیای ئه‌وڕۆدا درۆکردن بۆته‌ به‌شێك لە هه‌ڵس و کەوتی رۆژانه‌ی مرۆڤ. له‌گه‌ڵ ئەوەی لە دنیای مودێڕنی ئه‌وڕۆدا، مرۆڤ فێری ئەوەبووە، لە حاند بەرانبەره‌کەی دا به‌و په‌ڕی ئەدەب و حورمەتەوە بدوێ و خۆی لە جوانترین جل وبەرگی رازاوەدا نیشانبدا، کە چی لەهەمان کاتیشدا ئەگەربە پێویستیی بزانێ پەنا بو درۆ دەبا . گە لۆ، تۆ بڵێی حیکمەتی درۆ، دەبی چ بی ومرۆڤ بۆهانا بۆ درۆ دەبات. وه‌ڵامی ئەم پرسیارە هەروا کارێکی هاسان نییه. (فریدریک نیچە) ده‌ڵێت: “درۆ پێویستییه‌کی رۆژانه‌یە  بۆ ژیان”. لەراستییدا درۆکانمان بو ئەوەیە کە راستییه‌کانی پێ روون کەینەوە، ئەوه‌ی درۆ ناکات نازانیت راستییه‌کان چین.

(جرمی بنتهام) مافناس و فیلوسۆفی سیاسی ئینگلیزی، جیاوازی داده‌نێت لە نێوان چەشنی درۆکانی رۆژانه‌ی مرۆڤدا. بنتهام لە سەرئەو باوه‌ڕیە ئەگەر درۆیەک بتوانی چارەنووسی ژیانێك بەرەو باشتربوون بەرێ و خەسارێکی گەورە بچووک بکاتەوە، ده‌توانێ درۆیه‌کی ره‌وابێت.

مێژوو ناس، (جون فورەستەر)، لە هه‌ڵس وکەوتی نێوان دەروون ناس ونەخۆشەکەی ده‌دوێت، کە نەخوشەکە ئەوەندە درۆدەکات هەتاکوهەموو درۆکانی ژیانی بسلمێنێ، بۆ ئەم مەبەستەش پارەیه‌کی فه‌راوان مەسرەف دەکات، بۆ چوونی لای دەروونناس.

   یەک لە بەناوبانگترین درۆکان، درۆی نێوان ژن وپیاوە، کە پیاوەکە لە هەرەتی دەستپێکردنی  یەکترناسیندا، روژی چەند جاربە ژنەکە ده‌ڵێت، توجوانترین ژنی دنیای، ژنەکەش هەرچەندە کەدەزانێت، پیاوەکە شتیکی زۆرسیروعەجاییب نییە، هەرکات دەچێتە ناوکۆڕی ژنانەوە، بە تامەزروییه‌کی تەواوەوه، باس لەپیاوەکە دەکات و، ده‌ڵێت کە لەژیانمدا پیاوی واباشم نەدیوە… لەم بەشه‌دا هۆی ئەم چه‌شنه‌ درۆیانە، ئەوەیە کە لەراستێدا ئەو شتەی کە وەک ئاواتێک لەمێشکیاندایە، ده‌یڵێن، یان بە واتایه‌کیترئاوات و ئارەزویان دەردەبڕن. لە دوایین دسکەوتی دەرونناسیدا دەرکەوتووە، ئەوکەسانەی کە درۆدەکەن، لەگەل خۆشیان دەکەونە کیشەوه، ژیانیان تووشی بێ ئوقره‌یی دەبێت و رۆحێکی نائارام ونەحەساوەییان دەبێ.

(ئوسکار وایلد) ده‌ڵێت: “راستیی شتێک نییە کە زۆر زەرق وبەرقداربێت و ده‌توانێ زۆرغمگینانە بێت.

   بە بڕوای من، درۆکردن لەژیانی ئاسایی و دەوروبەری خۆتدا، هەرچەندە ورد و بێبایەخیش بێتە به‌ر چاو، ره‌وشتێکی مەترسیداره. بەو مانایە هەم متمانەی نێوان مرۆڤەکان  لە ناودەبات، هەم کەرامەتی ئینسانیی مرۆڤیکی بێ تاوان بریندا ر دەکات. لە سەرده‌می ئینترنیت وپەره گرتنی تورەکانی زانیاریی ، مەترسییەکانی ئەم گرفتە بۆتە بەڵای گیانی مرۆڤ. هەرچەندە ئەم ده‌سکەوتە زانستییانە لە لایەکەوه کارئاسانی بۆ بەروپێش چوونی ژیانی مرۆڤی ئێستا دەستەبڕ دەکات، به‌ڵام لەهەمان کاتیشدا ئەم هەلەی رخساندەوه کە بە زووترین کات درۆ لەو سەری دنیاوه بۆ ئەوسەری دنیا بە سانایی دەوران بکات و مێشکی مرۆڤی پێ بخاپێندریێ . دانانی سەنەدی ساختە و گێڕانەوەی بەسەرهاتی ناڕاست و ناوزراندن و تومەت لێدان لەمرۆڤی بێ تاوان، وێنه‌گەلێگی ژیانی ئەوسەردەمەی مرۆڤی ئەم چآخەن.

   منیش وەک مرۆڤێک، درۆمکردووە. بەتایبەت لەکاتی منداڵیدا، بۆ چلە وخۆدزینەوە لە ئەرکێک پەنام بۆ بردووه. به‌ڵام هەرچی فامم کردۆتەوه و تەمەنم چۆتەسەرتر، ئەوپه‌ڕی هەولم داوە بۆم نەبێتە پیشه.

(چارلز ف فورد) لە کتیبی درۆ، درۆ، درۆدا، درۆکان چین چین دەکات. لیستەیه‌ک لە درۆکان لە پاڵ یه‌کتر داده‌نێت، لەدوای درۆکانی پێوه‌ندیداربە عیشق وعاشقی، بە فراوانی لەسەر چۆنیه‌تیی درۆکردن، لەژیانی رۆژانه‌ لە کۆمه‌ڵگادا دەدوی. چارلز، ده‌ڵێت: “هۆی درۆکردنی مرۆڤ لە ژیانی ئاساییدا دوولایەنەیە، بەم شێوه‌یە کە مرۆڤ درۆکانی یان لە خزمەت خۆیدا داده‌نێت یان لەخزمەت بەرامبەرەکەیدا. کەهەردولا قازانجی لێدەکەن، بەم شێوه‌یە جێگای خۆی لەناو کۆمه‌ڵگای دەوروبەری خۆیدا مسوگەردەکات”. بونمونە چێشتەکەم زۆر پێخۆشبوو، یان چێشتەکەتان زۆرخۆش لێ نابوو، جلەکانتم  زۆر پی جوانە یان جلەکانت زۆرلێ جوانە، ئای ئەو قسانەت چەند خۆشن تەواو بە دڵی منە، منیش هەروا بیر دەکەمەوە. ئەو نەوعە کەسانە بەم شێوه‌یە جێگایه‌ک لە ناو دڵی خه‌ڵکی خۆشباوه‌ڕ بۆ خۆیان دەکەنەوە. به‌ڵام لە دووپاتکردنەوەی، بەردوامدا تووشی هەڵە دێن، و دەردەکەوێت کە ئەوەی ده‌یڵێن راست نییە و بە درۆزن دەناسرێن، ئەو کاتەش کە قسەیه‌کی راست دەکەن، دەوروبەرەکەیان بە شکەوە چاویان لێدەکەن و بڕوایان بە قسە راستەکانیشیان نامێنێت.

   بێ مەسئولییەتی لەحاند مرۆڤی دەوروبەری خۆ، یان لە بەرامبەر کۆمه‌ڵگا، لە دەروونناسیدا وەک نەخۆشیی دەناسرێت. مرۆڤی بێ مەسئولییت، بە هاسانی درۆدەکات، کەچی سەیرئەوه یە لە بیرو ڕای گشتی دا زۆرجار وەک کەسێکی روح سووک و لە بەردڵانیش دێتە بەرچاو.

   لە لایه‌کیتریشەوە، واهەیە کە کۆمه‌ڵگا داوات لێدەکات، درۆیان بۆ بکەیت و درۆکانی ئەوانیش قبوڵ بکەیت. لە هەمان کاتیشدا، ئاڵوگوڕ بەسەر کۆمه‌ڵگادادێت و درۆکانیش رەنگ دەگۆڕن بە  نارەوا کۆمه‌ڵێك پەسه‌نی وای پێدەدرێ کە بەهیچ  لەونێک شآیانی نییە. پەسن گەلێکی وەک بەڕاستی زۆر جوان قسەت کرد، یان تۆ سیاسه‌تمه‌دارێکی زۆرباشی، هەردوابەدوای ئەوە دا دەبێ درۆکان گەورەتر بنەوە ودەلێن تۆ بۆ سەروەری دەبێت. لیرەوەیە کە نەخوشییەکە پەرە دەستێنێت ومرۆڤ دەستدەکات بە درۆکردن لەگەل خۆیدا. هەرچەندە خۆی، خۆی دەناسێت، دەزانێت کە قەد وقەوارەی فیکریی و پتانسییه‌لی دەروونی لەو ئاستەدا نییه ، دەزانێ کە هەر سیاسیش نییە، به‌ڵام دەروونی لەرزۆک و بیری بێپشتیوان لە زانست وای لێده‌کات کە خۆی تەنیا لە کەلامی خەڵکانی دەوروبەری خۆیدا وبینێتەوە. قۆناخ بە قۆناخ رووداوی جۆراوجۆر دێنە کایەوە، درۆکانیش لە هەر قۆناخێکدا رەنگ دەگۆڕن و پڕڕەنگتر دەبن. ویستی سەروەریی، لە ویستدا نامێنێتەوە و دەبێتە داخوازێکی راستەقینە ومسوگەر. ئیتر لێره وە ماف بۆ خۆی دیاریدەکات و تووشی بەرزه فڕییەکی واده‌بێ کە پێی وایە هەرچی ئەو ده‌یڵێ حەقە. لەم قۆناخەدایە کە مەترسیە هەرە گەورەکان خۆدەنوێنن وکۆمه‌ڵگای مرۆڤ تووشی قەیرانی نامۆیی و سڕینەوەی یەکتر دەبێ. دوایین قوناخیش دەبێتە سەردەمی جەنایەتەکان وکوشتوبڕی مرۆڤ بەتاک وبە کۆمه‌ڵ. بەم شێوه‌یە، دیکتاتۆر لە دایک دەبێت.

درۆ، بەفەرهەنگ و کولتورەوە بەستراوەتەوە، لەروژئاوادا، درۆ لە لاین پسپۆرانی فەلسەفەوە، بریاری لەسەردراوە. بونمونە، پیتوایە کام بۆچوون ده‌توانێ راست بێت.

کانت  ده‌ڵێت: “لە پرنسیبدا، نابێت درۆبکەیت”.

بەنتهاام  ده‌ڵێت: “ده‌توانی درۆبکەیت، بەشەرتێک زرەرەکەی زۆر گەورە نەبێت”.

نیچە ده‌ڵێت: “حەقیقەت و راستی خۆی درۆیەکە”.

جیالەوەش که‌سانێك هەن کە بە لێزانینەوە درۆدەکەن، وەک درۆکردن لەبواری دنیای سیاست یان کاروباری ئابورییدا. لە سیاسەتدا بۆ گەیشتن بە پلە ومەقام، لە ئابوریشدا بۆ دەس بەسەر داگرتن بە سەرچاوەی داراییدا، هۆکاره‌کانی درۆکردن لە خۆ دەگرن. لەکاتی ئاشکرابونی درۆکان لەم  دوو بواره دا، پەنا بۆ زمانی دیپلۆماسی دەبه‌ن. لە سیاسەتدا، کاتێك درۆیه‌ک عینوان ده‌کرێت، لەوانەیە له‌پێشدا وه‌ڵامه‌که‌شی بۆ دیاری کرابێت. لەگەل ئەوی درۆکردن له‌ژێرهەر دمامکێک دابێ کارێکی ناپەسەند و شیاوی پلە ومه‌قامی بەرزی ئینسانیی نیه ، به‌ڵام کاتێك دێنە پێ وشوێنی خەسار ناسییان دەبێ لێکیان جیا بکەینەوە. بۆ وێنه‌ کاتێك سیاستوانێک پەنا  بۆ درۆ دەبات و راستییەک لە خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی ده‌شارێته‌وه‌، زیانی ئەو کاره زۆر لە قوولبرکی بازاریی بۆ کۆمه‌ڵگا بەئیش تر و خەسارەکانیشی بەر فراوانتره.

ئەوەی بەشی کوردییش بێت ئەوەیە کە، چەند جاران رێبه‌رانی کورد، بە درۆ بانگهێشتن کراون بۆ ئاشتی وگفتگوکردن، به‌ڵام هیچ ئاکامێکی زیاتر لە سەربڕین و کوشتنی تێدا نەبووە.

کۆمه‌ڵگای کوردی، خۆشباوه‌ڕترین کۆمه‌ڵگایە، کە نەیارانی تا ئێستا توانیویانە بەهاسانترین شێوه‌ درۆی له‌گه‌ڵدا بکەن وهەستی بڕوا به‌خۆبوونی لاواز بکەن.{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی