هیوا و هومێدی ژیانی من
چەند هەزار ساڵە شەو پەرستان
گەرەکیانە شوورەی وڵات بپروێنن
سنووریشی بە پەیمانێکی لۆزانی
بنێژن و لە جێگەی ئەو
عارب و فارسی ئێرانی
یا تورکێکی شاخستانی بڕوێنن
بەڵام هۆ … نەورۆزی من
هیوا و هومێدی ژیانی من
تۆ خۆری بێ ئاوا بوونی
پونگ بە شەوەزەنگی تاریکی ئەدەی
بڵێسەی گڕکانی شۆرشی
رووناکی بە نیشتمان ئەبەخشی
تۆ قرمژنی چەکی پێشمەرگەی
حەترەشی دڵی دوژمن ئەبەی
تۆ گەردەلوولی تۆڵەی
تۆ بڕوای تۆ مێژووی
تۆ هەناسەی ژیانەوەی ژینی ئەم گەلەی
نەورۆزی من
هیوا و هومێدی ژیانی من
لەگەڵ کەڵپەی دڵی منی
شەختەی زستان دەتوێنیەوە
دارستانی ژینی ژیان دەروێنیەوە
بەرەو ئاسۆ هەنگاو دەنێی
بۆ ژینی نوێ هانمان ئەدەی
لەسەر بان و لە نێو کۆڵان و شەقامان
لەسە ر دوند و لە دێهات و لە نێو شاران
بورکانی تۆ ئاگری دڵی ئێمەیە
تین و گڕی جەستەی دوژمن دەقرچێنێ
تا خۆری رزگاری گەلمان
لەسەر دوند و کەلی وڵات سەر دەردێنێ
بۆ باڵای تۆ کڕنۆش دەبەین
لە گۆڤەندی سووری تۆدا
دەست بەرنادەین
واز ناهێنین
تا وڵاتمان بونیاد دەنێین .{jcomments off}
٢٩ی رەشەمەی ٢٧١٢ی کوردی
١٩ی مارسی ٢٠١٣ی زایینی