"an independent online kurdish website

بە چاو خشاندنێک بەسەر کارنامەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە ماوەی ٣٤ ساڵ دەسەڵاتی نگریس و لێواولێو لە سەرکەوت و کوشتن و سێدارە و گرتن و تۆقاندنی ڕووناکبیران و جیابیران چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای هەمەچەشنی ئێران و یەک لەوان گەلانی بن دەستی ئەم ڕێژیمە  بۆمان دەردەکەوێت،sebah_aliasi-0

کە هەر پاش کۆتایی هاتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی نیزامی پاشایەتی، کە لە ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمەدا، گەلانی ئێران، بە بێ پێشبینی کردن لەوەی کە ڕێژیمێکی دڕەندەی وەک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، جێگاکەە دەگرێتەوە، باجی ئەو شۆڕشە مەزنەیاندا و زۆر بە داخەوە، لە نەبوونی پرسپێکتیڤ و ئاڵتێرناتیڤی گونجاو بۆ جێگرتنەوەی ڕێژیمی پاشایەتی، سەر ئەنجام ڕێژیمی وەلایەتی فەقێ، بە ڕێبەرایەتیی کەسێکی وەک خومەینی،  تان و پۆی هەموو ئاوات و خەون و خۆزگەکانی گەلانی ئێرانیان تێکدا و سیستەمێکی پڕ لە نەزانی و جەهالەتیی وەک وەلایەتی فەقێ، کە نوێنەرایەتی بیری دواکەوتی چاخەکانی نێوەڕاست، سێبەری ڕەشی سیمای خۆی بەسەر تەواوی ئێراندا، داکێشا.

 

شی کردنەوە و باس کردنی کارنامەی کردار و گوفتاری ئەم ڕێژیمە، لە ماوەی ٣٤ ساڵی ڕابردوودا، لە وتارێک و دوو وتاردا، ناگونجێ و ئەو بابەتە، حەوجەی بە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەیەکی وردی شیکارانە هەیە. هەر بۆیە، من هەوڵ دەدەم، باس لە مەترسییەکانی سەقامگیربوونی ئەم دەسەڵاتە سیاسی ـ مەزهەبییە مەترسیدارە، وەک هەڕەشەیەکی جیددی بۆ داهاتووی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناڤین و دوورتر لە سنوورەکانی ڕۆژەهەڵاتی ناقین بکەم.

 

وەک باسمان کرد، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەسەڵاتدارانی ئەم ڕێژیمە، وەلایەتی فەقێیان کرد بە  دینامزم و بنچینەی ئیدۆلۆژییان و ئەویش لە شێوەی “شیعەی ئەسنا عەشەری” و لە هەنگاوی یەکەمیشیان، سەرەڕای دروست کردنی زیندانێکی بەرین بۆ کۆمەڵگای خودی ئێران بە هەموو پێکهاتە جیاوازە ، کولتووری، زمانی، ڕەگەزی ، ئاینییەکانی و …هتد، بیریان لە هەناردەکردنی شۆڕش واتا “صادر کردن انقلاب” ئەویش لە جۆری ئیسالمییەکەی و بە ئیدۆلۆژی شیعەی ئەسنا عەشەری، کە هەستە و کرۆکەکەی لە هەمان وەلایەتی فەقێ، واتا نوێنەرایەتی کردنی خودا لە سەر زەوەی، پێکهاتووە، کردەوە. کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران ، چاکیان لە بیرماوە، کە  بۆ مسۆگەر کردنی فەلسەفەی ئەم بیرۆکە مەترسیدارە، دروشمی سەرانی ڕێژیم “ئازادکردنی قودس لە ڕێگای کەربەلا”دا بوو. بۆ فریودانی کۆمەڵگای فرەچەشنی ئێرانیش، خومەینی، وەک بیرمەند و تێئورسی سێنی ئەم ڕەوتە،  بەمەبەستی فریودانی خەڵکی ئێران، لە ڕێگای مەزهەبەوە، شەڕی بە نیعمەتی ئیلاهی دەزانی و دەستەواژەی “شەڕ ، شەڕ تا سەرکەوتن” ببوو بە گرینگترین ئیستراتیژییان و لەم ڕێگایەوە، بە سەدان هەزار خەڵکی هەژار ی لە داوی دروشمی مەزەبی عەسنا عەشەری ، ئاخوندەکان کەوتن و بوون بە خۆراک و دەستەچیەلەی سەر ئاگرێک، کە  تینی گڕەکەی، تەنیا ئاخوندەکانی گەرم دەکردەوە.

بە کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان دەسەڵاتدارنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراقی ئەودەم، ئەم دروشم و دەستەواژنەش، بە ڕواڵەت، لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە کۆتاییان پێهات، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە سەرانی ڕێژیم، بە هیچ شێوەیەک، دەست بەرداری ئەم دروشمانە نەبوون و لەو پێناوەدا، بە دەیان گروپی توندئاژۆ و ڕادیکاڵی ئیسلامییان، لە نەوعی هەڵگرانی بیری وەلایەتی فەقێ، بۆ شێواندنی ئاشتی و ئارامی لە ڕۆهەلاتی نێوەڕاست دروست کرد و بە تەواوی هێزی ماددی و مەعنەوی و نیزامییەوە، پشتگیرییان لەم ڕەوت و لایەنە توندئاژو ئیسلامیانە کرد و ئامانجی ئەم ڕێژیمە، هەر هەمان هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی، ئەویش لە نەوعی وەلایەتی فەقێ بوو، بۆ وڵاتانی هاوسێ و دەوروبەر، تا نیازی دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەک، لە شکڵی وەلایەتی فەقێ، ببێت بە سەرەکی ترین ئیستراتیژی و ئامانج بۆ سەرانی ڕێژیم و بە نیشانە کردن و نیشانە گرتن لە ئیسرائیل، وەک دوژمنی سەرەکی ئومەتی ئیسلام، لە بیری ورووژاندنی هەستی مەزهەبیانەی گرووپ و تاقمە توندئاژۆکانی لە جۆری شیعەگەری کەوتن  و حیزبوڵڵای لوبنان، باشترین نموونەیە بۆ دانی وێنەیەک، لە ئامانجە مەترسی دارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران.

سەرکوتی گەلانی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک و یەک لاوان، گەلی کورد، گۆشەگیرکردنی توێژی بەرچاوی کۆمەڵگا، واتا ژنان، لە ژێر چەمکی حەدیس و ئایەتە ئاسمانییەکان، بەربەست کردن و لە ناوبردنی ئازادییە فەردی و گشتییەکان، دەرکردنی فیتوای جیهاد بە دژی گەلی خەباتگێڕی کورد لە کوردستانی ئێران، تووش کردنی لاوانی وڵات بە ماددەهۆشبەرەکان، شکاندنی قەڵمی نووسەرانی ڕووناکبیرو ئازادیخواز، خولقاندنی کەش و هەوای هەژاری و نەداری بۆ بۆ خەڵکی ئێران و ئیعدامی سیستەماتیکی تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و دەیان کارەساتی دیکە، بەشێکی بچووک لە بەرهەمی دەسەڵاتداری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ نێوخۆی وڵات بووە.

بەربڵاوتر کردنەوی ڕایەڵکەی تێرۆرکردنی کەسایەتییە سیاسییە دژبەرەکان، نانەیوە نائارمی و بشێوی و دەست تێوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی ناوچە و دوورەدەست، بە هێزکردنی پێوەندییەکانی، لەگەڵ تاقم وگرووپە تێرۆریستییەکانی دنیا، پێشلکردنی پرەنسیپە نێونەتەوەییەکان و بە تایبەت، پێشلکاریی مافەکانی مرۆڤ و هەروەها هەوڵدانی بەردەوامی ڕێژیم بۆ دەست ڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی و …هتد، کۆمەڵگای نێونەتەوەییان هێناوەتە سەر ئەو بڕوایە، کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، گەورەترین هەڕەشەیە، بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی. ئەم سیاسەتە مەترسی دارانەی ڕێژیم، تا دێ، دەسڵاتدارنی کۆماری ئیسلامی ئێران و تەواوییەتی ڕێژیمەکەی تا دێ، زایاتر بە ناخی گۆشەگیربوون و تەریک کەوتنەەی پتر دەبات.

تەنگترکردنەوەی بازنەی گەمارۆکانی ئابووری لە ڕێژیم لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ە تایبەت واڵاتانی ئامریکا و ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی لە ساڵی ڕابردوودا، واتا ساڵی ١٣٩١ی زایینی، بە ئیعترافی خودی سەرانی ڕێژیم و یەک لەوان عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕیژیم و سەرۆک کۆمارەکەی، واتا مەحموودی ئەحمەدی نەژاد، ڕێژیمیان تووشی قەیرانێکی بەرین کردۆتەوە. ئاکامەکانی ئەو گەمارۆیانە، بە تایبەت لە ساڵی ڕابردوودا، شتێکی شاراوەنیە و شوێنەوارەکانی ئەو گەمارۆیانە، خەڵکی ئێرانی خستۆتە ژێر زەخت و فشارێکی کاریگەری ئەوتۆ، کە حاشا هەڵنگرە. لەوە گرنگتر، لاوازبوونی ئابووری ئێران و لە گەڕ کەوتن و لاوازبوونی سەرمایەی نەوت، زەبرێکی کاریگەرە کە لە ئابووری ئێران کەوتووە. سەرجەمی ئەم گیروگرفتانە، فاکتەری ئەوەن، کە ڕێژیم لە چاو ساڵی ڕابردوودا، نەک تەنیا بە هێز نەبووە، بەڵکوو زۆریش لاواز بووە و ئاماژەکان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن، کە ساڵی داهاتوو، واتا ساڵی ١٣٩٢، ساڵی لاوازتربوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێ.

بەم پێیە، ئێران  لە ساڵی ١٣٩٢ بە لێواری ئاڵوگۆڕێکی قووڵ و بنەڕەتی دا تێدەپەڕێ، کە ڕەنگە، نیشانەکانی لەبەر یەکهەڵتەکاندنی قەوارە و پێکهاتەی ڕێژیم، مسۆگەرتر بکات. ڕەنگە ٣ فاکتەری سەرەکی لەم ئاڵۆگۆڕانەدا، دەورێکی سەرەکی بگێڕن کە بریتین لە :

١ـ کەوتنەوەی بەشێوی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ. وەک دەبینین، هەر لە ئێستاوە، بە بێ پێچ و پەنا، دژایەتییەکی بە تەواوی هەست پێکراو لە نێوان بەرپرسانی پلە یەک و پلە دووی ڕێژیم، لە وتارو کرداردا، هەست پێدەکرێ. بۆ نموونمە، دژ بە یەکتر بوونی قسەکانی خامنەیی و مەحموومەدی ئەحمەدی نەژاد. کێشەی نێوان سەرۆکی شورای ئیسلامی و خودی سەرۆک کۆمار، گوێنەدان، بە ڕێنوێنییەکانی ڕێبەر لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە.

ئەم دژبەری و پارادۆکسانە، نیشانەی دژایەتییەکی ئاڵۆزی فیکرین لە نێوان دەسەڵاتدارانی ڕێژیم.

٢ـ تەنگتر کردنەوەی بازنەی ئابڵۆقەکانی ئابووری و کاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێران  لە لایەک و گوێ نەدانی بەرپرسیانی ئەم ڕێژیمە بە باری گوزەرانی خەڵک، کە هیچ دوور نییە، ئاکامی تەقینەوەیەکی جەماوەریی بەرفراونی بە دوادا بێت، کە ڕەنگە پێشگرتن لە ڕق و تووڕەیی ئەمجارەی خەڵکی ئێران، کارێکی هێندە ئاسان نەبێ، وەک ساڵی ١٣٨٨ .

٣ـ پلانی ئیسرائیل، بۆ هێرش کردنە سەری بنکە ئەتۆمییەکانی ڕێژیم. ئەگەر وتووێژەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران  و وڵاتانی ٥+١ نەگەنە ئامانجێکی دڵخواز و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، لە ئاکامی پڕۆژەی بە ئەتۆمی بوونی ئێران، دە لایەنی ئەرێنی، لە لایەن ڕێژمەوە، دڵنیا نەکرێتەوە، هێرشیکی نیزامی فرەڕەهەندی نێونەتەوەیی بۆ سەر ئێران و بەتایبەت، بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، بە دوور نازانرێت و ئەو کات، نەک تەنیا ئیسرائیل بە تەنیا ئەوکارە ناکات، بەڵکوو ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە چوارچێوەی بڕیارنامەیەک لە لایەن ڕێکخراوی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەو هەڕەشانە دەکەن بە ئەگەرێکی کرداری

 

بۆ بە لاوازتر کردنی ڕێژیم لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، ئەرکی حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی کوردستانی ئێرانیشە کە:

بە داڕشتنی بەرناکەیەکی تۆکمەی هاوبەش، هەموو دەنگە جیاوازەکانی نێو بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵکی ککوردستانی ئێران، لە دەوری بەرناکەیەکی هاوبەش، بە بێ لە بەرچاوگرتنی جیاوزی بیروڕا سیاسییەکان، لە نێو یەک بازنەدا کۆببنەوە. زۆرگرنگە کە هەموو لایەنەکان، بەرنامەیەکی ئیستراتیژی، کە ئامانجەکەی لاوازترکردن و لەقتر کردنی پێگەی ڕێژیمە، یەکتر قبووڵ بکەن و لە بەرامبەر ویست و داخوازی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، هەست بە ئەرکی مێژوویی خۆان بکەن. لەو پێوەندییەدا، هەموو لایەک، تواناکانی خۆیان، لە باشترناساندنی  نێوەڕۆکی سیستەمی ڕێژیم، بە کۆمەڵگای پێشکەوتوو و ئازادیخوازی دنیا، بە هێنانە گۆڕ و چڕترکردنەوەی دۆسیەی پێشلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و یەک لەوان،  سەرکوتی گەلی کورد لە لایەن ڕێژیمەوە، پتر زانیاری بدەن بە بیروڕای گشتیی دنیاوە. هەروەها، بەو یەکگرتنەیان، کۆمەڵگای سیاسیی کورد لە کوردستانی ئێران یەکگرتووتر دەبێت. هەوڵدان بۆ کرامەترکردنی خەباتی تەشیکلاتی و میدیایی، ئەو میکانیزمە بە گوڕتر دەکات.

کۆکردنەوەی ئۆپۆزیسێونی ئازادیخوازی ئێران لە دەوری بەرنامەیەکی هاوبەش و داڕشتنی بەرنامەی ڕێک و پێک بۆ ئاشکراکردنی زیاتری دەزگای سەرکوتی ڕێژیم. ئەم خاڵانە دەتوانن، یەکێک لە میکانیزمەکانی خێراتر لاوازکردنی ڕێژیم لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی دەبێت.

{jcomments off}

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی