"an independent online kurdish website

یەکێک لە تاڵترین کارەساتە مرۆییەکانی شەڕی کوردستان قەڵاچۆکردنی خەڵکی بێ تاوانی گوندی قاڕنێیە.
qarne_qellatan

ڕابردووی ئەو کارەساتە بۆ تێکهەڵچوونی چەند مانگ پێشتر و بە دروستی تێک‌هەڵچوونێک دەگەڕێتەوە کە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی مەلا حەسەنی, نوێنەری خومەینی کە بە ناوی” جوامێران” لەو ناوچەیە دا سەرقاڵی ڕاو و ڕووت و تاڵانی خەڵک بوون و وادیارە لەو تێکهەڵچوونە دا ژومارەیەک لە هێزەکانی حەسەنی دەکوژرێن.
ڕۆژی ١١ی خەرمانانی ١٣٥٨ی هەتاوی لە کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆ بە بڕیاری حەسەنی نوێنەری خومەینی هێزێکی پۆشتە و پەرداخ بە تانک و تۆپ هێرشیان کردە سەر ئاوایی”قاڕنێ” و بە تۆڵەی کوژراوانی تێکهەڵجوونەکەی نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی ناوبراو خەڵکی ئەو گوندەیان قەڵاچۆ کرد کە بە پێی ئامار و بە ناو ٦٨ کەس لە خەڵکی بێ تاوانی ئەو گوندە گیانیان لێ ئەستێندرا و بوون بە قوربانی سیاسەتەکانی ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەویشتوو بەڵام ئاماری ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیم ژومارەی کوژراوەکانی قاڕنێ بە ٤٦ کەس مەزەندە دەکەن.
ڕۆژنامەی کەیهان ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانانی ١٣٥٨ی هەتاوی باسی کارەساتی قاڕنێ بەو جۆرە لە زمان مەلا ساڵح ڕەحیمی پێشنوێژی کوردەکانی شاری نەغەدە دەگێڕێتەوە.
لەو ڕووداوەدا هێزێکی چەکداری نابەرپرسیار بە تۆڵەی کوژراوانی گەردەنەی دوو ئاو ژومارەیەک لە خەڵکی بێ تاوانی گوندی قاڕنێیان شەهید کرد کە هەموویان بڕوایان بە کۆماری ئیسلامی بوو.
ڕۆژنامەکە لە درێژەدا دەنووسێ کە “حەقگو” پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاواش وێڕای بە داخ بوون لەو ڕووداوە وتی کە ناکرێ ئەو کارانە نە بە حیسابی دەوڵەت و نە بە حسابی ئیسلام بێنە ئەژماردن و کەسانێک کە ئەو تاوانەیان کردوە نە شۆڕشگێڕن و نە ڕێڕەوانی ڕاستەقینەی ئیمام خومەینین.
حەقگوو لە درێژە دا دەڵێ!
من بەڵێن بە ئێوە دەدەم کە بەڕێوەبەرانی ئەو کارەساتە بە زووترین کات بدۆزینەوە و بە سزایان بگەیەنێنین.
تیمسار سەرتیپ” ظهیرنژاد” فەرماندەی لەشکری ٦٤ی ورمێش کە لەو دیدارەدا حزووری هەبوو وتی کە ئێمە پشتیوانی بکوژەکان نین و پشتیوانی یاساین ،ناوبراو بەڵێنی بە نوێنەرە کوردەکانی شاری نەغەدە دا کە بە جێگیر کردنی هێزێکی تایبەت لە نەغەدە دا ئاساییشی خۆشک و بگرا کوردەکانی ئەو شارە دابین بکات.(کەیهان ١٦/٦/١٣٥٨)
بەڵام ئەوەی زیاتر لە هەر شتێک سەبارەت بەو ڕووداوە جێگای لی ورد بوونەوەیە ئەو ڕاپۆرتەکەیە کە نێردراوی خومەینی لە سەر ئەو کارەساتە نوسیویەتی کە”مهدی بهادران” ە و ناوبراو بە بڕیاری خومەینی(شفاهی) و بە نووسراوەی فەرمی (کتبی)ئایەتوڵلا مونتەزەری بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر ڕووداوەکانی ناوچەکە نێردراوە.
بە ناوی خوا!
حضرت امام خمینی دام ظلە!
لە کۆی بینین و لێکۆڵینەوەکانی ٢٥ ڕۆژی ڕابردوو لە نەغەدە و ناوچەکانی دەور  و بەری ئەو شارە و باقی ڕێگا و بانەکان کە بەڵگەکانی هاوکات دەگەڵ ڕاپۆرتەکان پێشکیش دەکرێت.
١. هێندێک بەڵگە و شاهید لە بەر دەست دان کە لە کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا پیلانێک لە گۆڕێ دایە لە بەر ئەوە ئاغا و دەربەگەکان کە لە ڕێژیمی پێشوو دا گوێ لە مست و بەڕێوەبەری شا لە ناوچەکەدا بوون،لە لایەن کەسانی وەک دکتور چەمڕان و تیمسار زەهیر نەژاد فەرماندەی لەشکری ٦٤ی ورمێ،سەرهەنگ شەهبازیان و باقی فەرماندەکانی ئەرتەش و ژامدارمەریەوە تا بنا گوێ چەکدار کراون و لە بەرانبەردا خەڵکی هەژار کە ساڵانێکە لە دەست خان و دەرەبەگەکان دەناڵێنن  و لە ژێر گوشاردان.

٢. بەشێک لە مۆرەکانی ئەرتەش وەک فەرماندەکانی ئێستای کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و بەشێک لە هێزەکانی ژێر فەرمانیان بە هۆی نەبوونی باوەڕ بە بنەماکانی دینی و شۆڕشگێڕی لە پال کارەکانیاندا تۆوی ڕق و قینیان  بە جۆرێک لە نێوان کورد و تورکدا  چاندوە کە بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە و تا ڕادەیەکی زۆر چاوڕوانی ئەوە دەکرێ کە لە داهاتوو دا دەگەل شەڕێكی چریکی لە لایەن دێموکڕاتەکانە وە بەرەو ڕوو بینەوە هەر ئەوەش بۆتە هۆی بیزاری خەڵکی بێ تاوان لە کۆماری ئیسلامی و چوون بەرەو دێموکڕاتەکان.(مەبەست حدکا)یە.

٣. بە ڵێکۆڵینەوەیەکی ورد لەو ڕاپۆرت وکاسێتانەی لە بەردەستدان،بە ڕواڵەت  جوامێرەکانی ژاندارمەری  نەغەدە کە لە ژێر سەرپەرەستی ئاغای” معبودی” و سەرگورد”نجفی” لە قاڕنێ و دەور و بەری نەغەدە لانیکەم ٤٥ کەسیان بە بی تاوان قەڵا چۆ کردوە و دواتر تەرمەکانی گوازتۆتەوە بۆ دەر و دەشت و دەرەوەی ئاوایی بۆ ئەوە وا نیشان بدەن ئەو کوژراوانە لە شەڕدا کوژراون و دێهاتەکانیان تاڵان کردوە و ئاگریان تێبەرداون و ئوستوار “بیگلری” لە” کوپلکو” ٥ کەسی کوشتوە و ئەوە لە ئاکامی بێ لیاقەتی یان خەیانەت و پیلانی فەرماندەکانی ژاندارمەری لە لایەک و لە لایەکی دیکە بە بزاوتنی هەستی دژە کوردی و جووڵاندنی ڕۆحی تۆڵە ئەساندنەوە  لە دژی کوردانی بێ تاوانە. مەخابن سەرەڕای ئەوە کە بەڕێوەبەرانی ئەو کارەساتە ناسراون بەڵام بە هۆی داڵدەدانیان لە لایەن زەهیرنژادەوە هەتا ئێستا دەرفەتی گرتن و سزادانیان نەڕەخساوە.

٤. لە نەغەدە و ناوچەکانی و بگرە لە سەرانسەری کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا یەکێک لە هۆکارەکانی شەڕ و خوێن ڕشتن بوونی ئەو بە ناو مەلا ساواکیانە خاوەن هەستی دژە کوردی و دەرەبەگە چەکدارانەیە کەن لە لایەن ئەرتەش و ژاندارمەریەوە پڕ چەک کراون دادگای شۆڕش و سپای پاسداران دەسەلاتی تەواوی نیە بۆ بەرگری کردن بۆیە حوکمی حاکمی شەرع ئاغای خاڵخاڵی و “امید نجف آبادی” بەڕێوە نەچووە.

٥. لە پەنا ڕێگای نیزامی،ڕێگای فەرهەنگی و ئیدۆلۆژی و خزمەتگوزاری لە کوردستان و ئازەبایجاندا پێویستە.
پێشنهاد!

پاکتاو کردنی مەلا دەستکردەکان(قلابی) کە هۆکاری شەڕی ٣ مانگەی نەغەدە و دەورو وبەر و باقی شوێنەکان.
گرتن و سزا دانی بەڕێوەبەرانی کارەساتی کوشتن و تاڵانی قاڕنێ، بەگم قەڵا، و سووتاندنی خلە و خرمانەکانی دوئاو و دەور بەری.
چاوەدێری کردنی دادگای شٶڕش و بە هێز کردنی بە مەبەستی گرتنی تاوانباران.
گۆڕێن یان تۆبیخی ئەو فەرماندانەی کە بە فەرمی زانیاریانداوە بە دژی شۆڕش و نیازی لاواز کردنی سپای پاسدارنایان هەیە .
ناردنی دوو  لێکۆڵەر لە لایەن ئیمام، دو لێکٶڵەر لە لایەن دەوڵەت و شۆڕای ئینقلاب و کەسێک لە لایەن داد ئەستێنی گشتیەوە. بە ڕێزەوە مێهدی بەهادۆران ٢٤/٦//١٣٥٧. ٢٦/٦/١٣٥٨ کەیهان.

ئەوە بەشێکە لەو کارەساتە و بۆ ڕۆچوون بە ناخی ئەو تراژیدیایە وا باشە باسی ئەو کۆمەڵکوژیە لە زمانی خاڵکی بێ تاوان و کارەساتباری ئەو گوندەوە ببیستین .

ڕۆژنامەی “اطلاعات” ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٥٨ی هەتاوی وێڕای باسێکی تێر و تەسەل لە سەر ڕووداوی کۆمەڵکوژیەکەی قاڕنێ و هۆکارەکانی ،دەگەڵ بەشێک لە خەڵکی ئەو گوندە وت و وێژی پێک هێناوە.

هەمزە دەڵێ ڕۆژی ١١ی خەرمانان هەرچوار دەوری ئاوایی بە تانک و تۆپ گیرابوو، کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆ ١٠٠ کەسێک هاوڕی دەگەڵ قادر ناوێک لە شیوەی مجاهیدی پاسدار بە نێو ماڵالن وەر بوون و هەر کەسێکیان دیبایە دەیان کوشت و سەریان دەبڕی.
مەلای ئاوایی بە قورعانێکەوە چوو بو لایان و سوێندی خوارد کە خەڵکی ئەو گوندە بێ تاوانن، هێرشبەرەکان خێرا مەلایان کوشت و سەریان بڕی و دەگەڵ خۆیان بردیان و هەتا ئێستا سەری مەلا نەدۆزراوەتەوە.

ژنێک کە دو ڕۆڵەی ١٥ و ١٨ ساڵی لەو کوشتارە دا لە دەست دابوو وتی بەزەییان بە کەس دا نەدەهاتەوە و بەجۆرێک کە تا ئێستا وەها دڵڕەقیەکمان نەبیستبووە و نەدیوە، ئەوانە کە ئێستا زیندوون ئەو کاتە یان لە ماڵ نەبوون یان توانیبوویان بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆیان حەشار بدەن.

سەبارەت بە جۆری ئەو چەکانە کە لەو کۆمەڵکوژیەدا بە کار هاتوون خەڵكی ئاوایی قاڕنێ دەڵێن.

پیرە مێردێک بە ناوی سەید ئەحمەد وتی هێندێک کەسیان بە تفەنگ کوشت و هێندێکیشیان بە چەقۆ و کارد سەر بڕێ و بەشێکیش بە تایبەت منداڵکانیان لە ژێر پێلاقەی پۆستاڵەکانیان دا خنکاند و گیانیان لێ ئەستاندن. 
سەید ئەحمەد کە ٩ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە کارەساتەدا قەڵاچۆکراون سەبارەت بە بە زیندوو مانی خۆی دەڵێ،ئەو ڕۆژە من لە نەغەدە بووم و ئێوارەی ئەو ڕۆژە کە گەڕامەوە بۆ ناو قاڕنێ دۆزەخم بە چاوی خۆم دیت. 

خەڵک چیان دەوێ!؟؟
سێ مانگ بە سەر کارەساتی قاڕنێ دا تێپەڕیوە و خەڵکی بەشمەینەتی ئەو ئاواییە سەرەڕای لە دەست دانی ئازیزانیان بە دەرێکی دیکەشەوە دەناڵێنن کە وا خۆیان ئەوایان هێنایە زمان.
خەمی ئێمە ئەوە نیە کە لەو ماوەیە دا کەس بە هانمانەوە نەهاتوە،کەس نەهاتوە کە وەزعی ئێمە ببینێ، ئێمە بکوژانی ئازیزانمان دەبینین کە بە بەر چاومان دا دێن و دەچن و فەرخر دەفرۆشن و بەشێکیان بە هۆی ئەو تاوانە خەلاتیش کراون و ئێمە دەزانین کە ئەو کەسە ئەمیرێکی ئەرتەش بووە،ئێمە پووڵ و پارەمان ناوێ.

بەشێک لە خەڵكی قاڕنێ بۆ سەردانی هەیئەتی نیردراوی دەوڵەت چوون بۆ مەهاباد و بە قسەکانیان کاریگەریان لە سەر داریوش فرووهەر دانا کاتێک ناوبراو بە ژنێک کە دوو کچ و  هاوسەرەکەی لە دەست دابوو وت وەدوای کارەکەیان دەکەوێ ژنەکە بە گریانەوە بە سەری دا قیژاند و وتی لە ئاواییەکەی ئێمە دا جەنایەت  کراوە و ئێمە پووڵ ناخوازین و تەنیا دەخوازین بکوژانی ئازیزانمان سزا بدرێن و لە درێژە دا بە داریوش فرووهەری وت.
دوێنێ چەند کەس هاتن و وتیان شەڕ ئەو بەڵایانەی بە دوایە!! بەڵام لەو گوندە دا شەر نەبووە و کۆمەڵێک خەڵکی بێ تاوان کوژراون و منداڵی ٤ ساڵە ناتوانێ بچێ بۆ شەڕ.

فرووهەر بەڵێنی پێدان کە قسەکانیان بگەیەنێتە گوێی خومەینی .کەیهان ١٦/٦/١٣٥٨
 هاوکات ڕۆژنامەی “اطلاعات” ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەز نامەیەکی سەر ئاواڵای کۆمەڵێک لە مافناسانی ئێرانی سەبارەت بە ڕووداوەکانی کوردستان بە تایبەت کارەساتی قاڕنێ بۆ سەرەک وەزیران بازرگان بڵاو کردۆتەوە کە تێدا هاتوە، ئاگاداری کە لە بەشێک لە ناوچە کوردنشینەکانی کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کرماشان ڕاپۆرتی دڵتەزێن لە پێوەندی دەگەڵ پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیە تاکە کەسیەکان دێتە بەر گوێ بە تایبەت کارەساتی قاڕنێ کە وێنەیەکە لە توند و تیژی و و تۆڵە سەندنەوە،پێویستە لەو بارەوە لێکۆڵینەوە بکرێ. 
ئەرکی ئینسانی و نیشتیمنای هەر مرۆڤێکە کە لە دژی ئەو ئەو کارەساتانە بوەستێتەوە و ڕێگا بە بڵاو بوونەوەیان نەدا. اطلاعات ٢١ی سەرماوەزی ١٣٥٨ی هەتاوی لاپەڕەی ٢

کوشتارەکانی دیکە.
هەر لەو کاتانەدا مەلا حەسەنی و دار ودەستەکەی ژێر فەرمانی، ئەو شێوە جەنایەتەیان لە گوندەکانی دیکەی کوردستان دا بەڕێوە برد کەدەتوانین ئاماژە بە ناو گوندەکانی نەڵۆس لە شنۆ،سەروکانی،کولیج لە پیرانشار، سۆفیان و شادەلە لە نەغەدە،وسووکەند، ئیندرقاش، قەرەقشلاق،داشخانە لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بکەین.

ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٥٩ هێزێک بە ناوی کومیتەی ورمێ و بەسیج کە لە ژیر فەرمانی مەلا حەسەنی و کەسێک بە ناوی “عظیم معبودی” دابوون بۆ بە ناو پاکسازی ئاواییەکانی ناوچەی مەهاباد و شاروێران ڕوویان کردە گوندی ئیندرقاش هەڵکەوتوو لە ٨ کیلۆمیتری شاری ماهاباد وهاوکات گوندی وسووکەند لە پەنا شاری ماهاباد و لە ماوەی چەند کاتژمێردا تەنیا لە گوندی ئیندرقاش زیاتر لە ٣٥ کەسیان قەڵاچۆ کرد.

لە ١٧ی خەزەڵوەر و تەنیا ٤ ڕۆژ دوای ککۆمەڵکوژیەکەی ئیندرقاش گۆپاڵ بە دەست و چەقۆ کێشەکانی حەسەنی و مەعبوودی بە مەبەستی پاکسازی ناوچە ڕوویان کردە گوندی سۆفیان لە ناوچەی شنۆ و بە بێ هۆ دەستیان کرد بە تەقە کردن لە خەڵک و لە ئاکام دا مەلا ئاوایی و ماوستای قوتابخانە و لە سەر یەک ١٣ کەس لە خەڵکی بێ تاوانی ئەو گوندەیان شەهید کرد و ٢٠ کەسیان بریندار کرد و لاپەڕەیەکی ڕەشی دیکەیان خستە سەر مێژووی پڕ لە جەنایەتی کۆماری ئیسلامی تازە بە دەسەڵات گەویشتوو.
کوشتارەکانی دیکە بە پێی ئاماری ناوەندی فەرهەنگی بەربەرەکانی لە دژی ژینۆسایدی کوردی بەو جۆرەیە.

١. کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی گوندی قەڵاتانی نەغدە ٦/١/٥٩ کە تێیدا ١٣ کەس شەهید کران.
٢. کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی گوندی سۆفیانی پیرانشار ٢٧/٨/٥٩ کە تێیدا ١٢ کەس شەهید کران و ٧ کەسیان لە سەرووی ٥٠ ساڵ تەمەنیان هەبووە .
٣. کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی گوندی بایزاوێ نەغەدە ١٨/٨/٦٠ کە تێیدا ١٢ کەس شەهید بوو کە ٩ کەس ناسراون.
٤. کوشتاری بە کۆمەڵی کرێکارنی کورەخانە ساروقامیش ٦/١١/٦١ کە تێیدا ١٨ کەس شەهید بوون کە زۆربەیان سەرووی ٥٠ ساڵ بوون و لە نێویان دا ٧٠ ساڵ  و٩٠ ساڵیش هەبووە.
٥. کۆمەڵکووژی گوندی سەوزی لە ناوچەی چۆمی مەجید خان سەر بە مەهاباد کە تێیدا ٩ کەس شەهید بوون.
٦ .کۆشتاری بە کۆمەڵی گوندەکانی دیلانچەرخ،حەڵبێ،کویکان،کەرێزەی شکاکان و یونسلیان لە ناوچەی نەغەدە کە لە سەر یەک تێیدا ٤٠ کەس شەهید بوون و تەنیا ناو  ٢٣ کەس تۆمار کراوە وناسراون.
٧. کوشتاری بە کۆمەڵی ئاواییەکانی دێمەنسوور.جەعفەرئاوا،مەرجان ئاوا لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان کە لە ڕێکەوتی ٢٤/١٢/٦١ بەڕێوە چوو  ولە کارەساتانە دا چەندین کەس شەهید بوون کە تەنیا ناوی ٩ کەس زانراوە.
٨. کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی گوندەکانی هەڵقۆش و گێجە لە ناوچەی سۆما لە ڕێکەوتی ٣/١/١٣٦٢ کە ناوی ١٣ کەسیان تۆمار کراون.
٩. کوشتاری بە کۆمەڵی گوندەکانی چەقەڵ مستەفا و خەلەفەلیان  و گۆڕخانە لە ناوچەی نەغەدە لە ڕێکەوتی ٥/١/١٣٦٢ کە تێیدا ٢١ کەس شەهید بوون.
١٠. کوشتاری بە کۆمەڵی گوندەکانی جوبرەئیل ئاو ا و گوندە وێڵە و دوو ئاو لە ناوچەی شنۆ لە ڕێکەوتی ٢٣.٦.١٣٦٢ کە تێیدا ٦ کەس شەهد بوون
جگە لە ناوی کوژراوەکانی گوندی قاڕنێ لە ساڵی ١٣٥٨  لە ٦٨ کەس تەنیا ناوی ٤٩ کەسیان تۆمار کراوە و ١٢ کەسیان خەڵکی قەڵاتان، ٣٥ کەس خەڵکی ئیندرقاش و وسووکەند و ١٢ کەسیان خەڵکی سۆفیان بوون هاوکات لەو ساڵە دا ٢٧ کەس لە هاووڵاتیانی بێ تاوان لە ناوچەکانی کوردستان بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کراون کە لە نێویاندا ٢٥ کەس لە ئاڕشیوی حدکا دا تۆمار کراون و دو کەسی دیکەش لە لێکۆڵینەوە دا ناسراون.

قوربانیەکانی ساڵی١٣٥٩ زۆر بە کەمی ناسراون و هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە لەو ساڵە دا هێرشەکان زۆر بەربڵاو و بەردەوام بوون و بە ڕوانین لە کوژراوەکانی ساڵی ٥٨ و ساڵەکانی دیکە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێ کە ئاماری کوژراوەکانی ئەو ساڵە ئەو ڕاستیە نیە کە باس لە ڕێژەی دروستی کوژراوەکانی شەری کوردستان دەکەن چونکە بە پێی قسەی شاهید حاڵەکان ڕێژەی کوژراوەکانی خەڵکی بێ تاوان لە شارێکی وەکو سنە دا هەزان کەس بووە کە یەک ناویش تۆمار نەکراوە.

خاڵێکی دیکەی جێگای ئاماژە ئەوەیە کە لەو ٢٧ کەسە ٦ کەسیان کە ئیعدام کراون لەو ٦ کەسە ٣ کەسیان ژن بوون و تا ئێستاش نەزاندراوە کە ئەو ٣ کەسە ئەندام یان لایەنگری حیزبە کوردیەکان بوون یان خەڵکی ئاسایی بوون
بەڵام ئەوەی کە لەو ڕووداوە دادەردەکەوێ ئەوەیە کە هیچ هەڵاواردن و جیاوازیەک لە نێوان چەکداری کورد و خەڵکی ئاسایی دا نەبووە. نامیلکەی شەڕ لە کوردستان ساڵەکانی ١٣٥٩ ، ١٣٦٠ و ١٣٦٢ی هەتاوی.

لە ڕاستیدا دەکرێ بڵێن لە مەودای نێوان ساڵەکانی ٥٨ هەتا ٦٢ی هەتاوی دا زیاتر لە ١٤ جار هێرش کراوەتە سەر خەڵکی ناوچە جیا جیاکانی کوردستان و خەڵکی بێ تاوان بە کۆمەڵ کوژراون.

لەو هێرشانە دا سەدان کەس شەهید کراون کە هەتا ئێستا تەنیا ناوی ٢٤٢ کەس لەو قوربانیانە تۆمار کراون و شرنج ڕاکێش ئەوەیە کە لەو ٢٤٢ کەسە ١٠٥ کەسیان واتا لە سەدا ٤٤یان کوردانی ناوچەکانی نەغەدەن و شاری مەهاباد بە پلەی دووهەم دێتە ئەژماردن و ئەوەش ئەو ڕاستیە نیشان دەدات کە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بەو پێیە کە کەسانی وەک مەلا حسەنی و بە ناو جوامێرە گۆپاڵ بەدەستەکانی ناوبراو زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکەی کوردستان تێیدا دەسەڵاتدار بوون، زیاتر لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان شوێنی قەڵاچۆ کردنی خەڵکی بێ تاوان بووە.  
 یادی سەرجەم شەهیددانی کوردستان بەرز و بەڕێز بێ.
تێبێنی!
ئەو نووسراوەیە بە فارسی بووە ولە لایەن هاوڕێی بەڕێزکاک سەڵیم شێخەپوورەوە (سەلیمە ڕەش) بۆ ماڵپەڕی ئیندرقاش نێردراوە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی