"an independent online kurdish website

تا مێژوو مێژووە و کورد کوردە پێشەواش هەر دەم زیندووە. پێشەوا قازی موحەممەد لە ساڵی ١٢٨٩ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایک دەبێت، دواتر لە ساڵی ١٣٢٣ی هەتاوی بە کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد ژ.ک. پێوەندی دەگرێت و پاشان دەبێتە ئەندام لەو ڕێکخراوەیەدا. شایانی وتنە کە کۆمەڵەی ژ.ک ڕێکخراێکی ناسیۆنالیستی کوردی و نەتەوەیی بو کە بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی خەباتی دەکرد.

aritma_muhammadi

ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوەیە دەبوایە نەتەوەیی و نیشتیمانی بونایە و خەباتی و تێکۆشانیان لەو پێوەندییەدا بەرەوپێش بردایە.

پێشەوا قازی مەحەممەدیش وەک کەسێکی خوێندەوار و ڕوناکبیر کە بە سەر چەندین زماندا زاڵ بووە و لە ناو کۆمەڵگەی ئەو کاتی کوردستان پێگە و جێپێی تاییبەتی هەبووە و لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە ڕێزی لێنراوە، هەروەها وەک کەسێکی نەتەوەیی و مافخواز و لە بەر نەتەوەیی بونی ئەو ڕێکخراوەیە دەبێتە ئەندامی چالاکی ئەو بزوتنەوەیە.

ئەندام بون لە کۆمەڵەی ژ.ک. دەبێتە سەرەتایەک بۆ ئەوە کە پێشەوا قازی مەحەممەد بێتە ناو گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو کاتی کوردستان و ناوچەکە، هاوکات لە بەر ڕوناکبیری ناوبراو و هەڵسوکەوتی پێشکەوتوخوازانەی زۆر زوو لە لایەن خەڵکەوە متمانەی پێدەرێت و خەڵک وەک کەسایەتییەکی نیشتیمانی و کۆمەڵایەتی و سیاسی دەیناسن، هەر بۆیە لە ماوەیەکی کورتدا  پلە سیاسییەکان دەبڕێت و وەک نوێنەری کورد دەناسرێت.

پێشەوای نەمریش ئەو هێز و توانایەیی دەبێت، ئیتر هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە پرسی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد بوروژێنێت، هەر بۆیە لە گەڵ نەتەوەی هاوسێی واتا ئازارییەکان پێوەندی دروست دەکات و لە هەمو بوارەکاندا هەوڵ دەدات کە لە گەڵ ئەو نەتەوەیەدا لە پێوەندی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا بێت.

ڕوانگەی پێشکەوتوخوازانەی پێشەوا ئاوا دەبێت کە پێی وابووە کە دژوارە کورد بە تەنیا لە دژی حوکوومەتی ناوەندی بوەستێتەوە و داوای مافەکانی بکات، هاوکات پێشی وابووە کە نابێت کورد دەستبەرداری مافەکانی بێت، دەبێت کورد لە هەمو بوارێکدا دریژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی بدات و لەو پێوەندییەدا هەنگاوی مەزن هەڵنێتەوە.

هەر بەو مەبەستە لە گەڵ ئازەرییەکاندا پێوەندی بتو ساز دەکات، بە جۆرێک کە لە گەڵ ئەو نەتەوەیەدا هاوپەیمانی پێک دەهێنێت و پێکەوە کۆماری سەربەخۆی کوردستان و ئازەربایجان بناغە دادەڕێژن.

قازی موحەممەد هێدی هێدی دەبێتە کەسایەتییەکی سیاسی ناوچەیی کە سرنجی ئەمریکایی و ئینگلیزیی و ڕوسەکان و پارچەکانی دیکەی کوردستان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و ئەوانیش چەندین جار سەردانی دەکەن بە مەبەستی تێگەیشتن لە ڕوانگە و بیرو ڕاکانی سەبارەت بە کوردستان و ناوچەکە و ئاڵۆگۆڕەکانی ئەو کاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

دیارە ڕوانگەی پێشەوا زۆرتر لە ڕوسەکان نزیک دەبێت، لە بەر ئەوە کە ڕوسەکان لەو کاتەدا بەرنامە و پلانیان بۆ نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران و ناوچەکە پێ دەبێت و هەوڵ دەدەن کە سرنجی بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بچوک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، لە بەرامبەردا ئینگلیز و ئەمریکاییەکان پشتیوانیان لە داگیرکەران و حوکوومەتی ناوەندی ئەو کاتی ئێران و عێراق دەکرد، هەر بۆیە ڕوانگەی پێشەوا لەوان دوور بو.

هاوکات ئاڵوگۆڕەکان بە شێوەیەک هاتەبونە پێش کە بۆشایییەک لەو بەشەی کوردستان کە کۆماری کوردستانی تێدا لە دایک بو، دەبینرا، ڕوسەکانیش لە پاش ئاگاداربون  لە هەڵومەرجی ئەو کاتی کوردستان و هەڵوێستە نەتەوەییەکانی پێشەوا و پێگە و جێپێی خودی پێشەوا پشتیوانیان لێی کرد، دیارە پێشەوا لەو ماوەیەدا چەندین جار سەردانی کۆماری سەربەخۆیی ئازەربایجانی کردووە و لە نزیکەوە لە گەڵ بەرپرسانی سیاسی و نیزامی ئەو کاتی یەکێتی سۆڤییەت کۆبووەتەوە و هەروەها سەردانی یەکێتی سۆڤییەتیشی کردووە.

هەر بۆیە پێشەوا قازی مەحەممەد لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی پارتێکی سیاسی بە ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستان پێکهێنا، هەروەها لە ٢ی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا کۆماری کوردستانی دامەزراند، لە پاش ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان سپای کوردستانی پێکهێنا، ڕۆژنامەی فەرمی دەرکرد، سرودی نەتەوایەتی هەڵبژارد و ڕادیو و قوتابخانەشی دروست کرد، گرینگی بە پەروەردە و پێگەیاندن درا و ئاستی ڕوناکبیری و هۆشیاری خەڵک بەرز کرایەوە.

پێشەوا دەیان کاری پڕ بایخی ئەنجام داون کە ئیتساش لە سەردەمی بەجیهانی بون و بچوک بونەوەی دونیا و بەرز بونەوەی ئاستی تێگەیشتنی خەڵک و هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەی کورد و دامەزراندنی دەیان پارتی سیاسی، نەیانتوانییوە وەک کۆماری کوردستان و کەسایەتی پێشەوا کاریگەری لە سەر بزاڤی نەتەوایەتی کورد و نەتەوەی کورددا بنێن، بگرە بە ڕێگەیەکدا چونە کە ڕێبازی پێشەوای کز و لاواز کردووە، ئەوەش لە ژێر ناوی خزمەت بە کورد و کوردستان و فریودانی نەتەوەی باڵادەست.

هەر ئەو سیاسەتەی کە خۆیان ناوی دەنێن هەوڵدان بۆ فریودانی دوژمن، ئیستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە کولتوری سیاسی بەشێکی زۆر لە پارتە سیاسییەکان و خەڵکی پێ پەروەردە دەکەن، ئەوەش مایەی داخ و پەژارەیە.

پێشەوا هەوڵی زۆری بۆ ئەوە داوە کە حوکوومەتی ناوەندی ددان بە کۆماری سەربەخۆی کوردستاندا بنێت و وەک دەوڵەتی دراوسێی چاوی لێبکات، بەڵام لە بەر فاشیستی بونی ئەو حوکوومەتە و دەسەڵاتی دیکتاتۆری بنەماڵەی ڕەزا خانییەکان ئەو دەرفەتە نەڕەقسا، هاو کات دەسەڵاتی ئینگلیزی و ئەمریکاییەکانیش بە سەر یاساو ڕێسای ئێراندا زاڵە بووە و ڕوانگەی ئەو زلهێزانەش لە گەڵ بەرژەوەندی کورددا نەبووە و لە بەرامبەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی بە هەمو شێوەیەک دژایەتیان کردووە.

بە بونی دەوڵەتی کوردی دەسەڵاتی ئەوان لە ناوچەکە کورت دەکرایەوە و ئیتر نەیاندەتوانی سەرمایەو سەرچاوە ژێر زەوییەکانی کوردستان بدزن. بۆیە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بونە کە نۆکەر و دەستنیشاندەی خۆیان دروست بکەن و دەسەڵاتی پێببەخشن و بیپارێزن، بۆ ئەوە کە هەرچیان پێباش بێت ئەنجامی بدەن.

وەک باس دەکرێت، پێشەوا بەردەوام پێوەندی بە دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی ئێران گرتووە بۆ ئەوە کە هێرش نەبەنە سەر کوردستان و لە ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ پرسەکە چارەسەر بێت، ئەوە پەیامی ئاشتی و ئازادیخوازی پێشەوا دەگەیەنێت کە هەمیشە باوەڕی بەو پێوەرە ئینسانییەکان هەبووە و ئاواتی ئەوە بووە کە کێشەکە بە ڕێگای دیپلۆماسی چارەسەر بکرێت.

تەمەنی کۆماری کوردستان زۆر درێژ نەبو، بەداخەوە تەنیا ١١ مانگی پێچو، تەمەنی هەر چەند کەم بو، بەڵام کار و تێکۆشانی پێشەوا بووەتە ڕەمزی تێکۆشانی کورد و دەسپێکی ڕێگای ڕزگاری کورد، لەو ماوەیەدا زۆر کاری گرینگ کران کە ئیستاش کاریگەریان لە سەر زمان و مێژو و داهاتوی کورد دەبێت و وەک نمونەی یەکەمین دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی کورد چاوی لێدەکرێت.

لە ٢٦ خەرمانانی ١٣٢٥ هەتاوی لە پاش داگیرکردنی کۆماری سەربەخۆی ئازەربایجان، هێزەکانی پاشایەتی هێرش دەبەنە سەرکۆماری کوردستان و لە بەر ئەوەی کە گیانی خەڵک بپارێزێت و کەس نەکوژرێت پێشەوا خۆی دەکات بە قوربانی و دەبێتە ڕەمزی نەتەوەی کورد بۆ هەمیشە.

دواتر لە دادگایەکی نادادپەروەرانە و بەبەشداری نوێنەری ئینگلیزی و ئەمریکایەکان پێشەوا بوێرانە لە خۆی و نەتەوەی کورد دیفاع دەکات و هەمو چەواشەکارییەکان بەرپرچ دەداتەوە، لە ئاکامدا بە لە سێدارەدان حوکم دەدرێت و لە ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی لە سێدارە دەدرێت و بە کاروانی نەمران و شەهیدان پەیوەست دەبێت.

(ڕوسەکانیش لە پاش وەرگرتنی چەند ئیمتیاز لە حوکوومەتی ئەو کاتی ئێران، لە پشتیوانی کردنی کۆمار دەکشێنەوە و خیانەت بە کۆماری کوردستان دەکەن. هاوکات حوکومەتی ئێران بە پشتیوانی هێزە بریتانی و ئەمریکایەکان هێڕش دەکەنە سەر کۆماری کوردستان)

ئەگەر باس لە هۆکاری ڕۆخانی کۆماری کوردستان بکەین، ئەو گەلێک هۆکاری مەزن و ڕون هەن کە ئاماژەیان پێبکەین، فیئۆدالیزم و دەرەبەگایەتی، سیستمی دواکەوتویی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پشت کردنە پێشەوا و کۆماری کوردستان لە لایەن دەرەبەگەکان و دەیان هۆکاری دیکە هەن کە باسیان لەسەر بکەین، بەڵام من پێم وایە کە گرینگترین هۆکار ئەوەیە کە کورد و پێشەوا و نەتەوەی کورد دۆستی ڕاستەقینە و پشتیوانی سیاسی و دەرەکیان نەبووە، لە هەمو گرینگتر پشتیوانی بریتانی و ئەمریکایەکان لە ڕژیمی دیکتاتور و داگیرکەری ئەو کاتی ئێران  کە دەستنیشاندەی خۆیان بو، بووە هۆکاری ڕۆخانی کۆماری کوردستان.

 لەو سەردەمەدا، هەرچەند کورد و نەتەوەی کورد خۆڕاگر و خەباتگێڕ و نەبەز بونایە لە بەر نەبونی پشتیوانی نێونەتەوەیی و دەرەکی بزوتنەوەکە دەشێوا و دەڕۆخا. کۆماری کوردستانیش قوربانی نەبونی پشتیوانی دەرەکی وسیاسی و پشتیوانی زلهێزەکان لە ڕژیمی ناوەندی بو.

سەرکوتی بزوتنەوەی لۆڕەکان، عەرەبەکان لە ئەهواز، بەختیارییەکانی چوارمەحال، تورکەمەن و ئازەرییەکان لە ئازەربایجان ئەو پەیامە دەگەیەنن کە کێشەی ناوخۆی و سیستمی دەرەبەگی و عەشایەری هۆکاری بنەڕەتی ئەو ڕۆخانەی کۆماری کوردستان و ئازەربایجان نەبووە. بەڵکو تەنیا هۆکاری دەرەکی و پشتیوانی زلهێزەکان لەو ڕژیمە دڕندەیە بووە.

١٠ی خاکەلێوەی ٢٧١٣ی کوردی واتا ڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا و سەیفی قازی و هەڤاڵەکانی، گونجاوترین ڕۆژە بۆ ئەوە بکرێتە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە هەمو بەشەکانی کوردستان. لە بەر ئەوە کۆماری کوردستان تەنیا پێوەندی بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە نەبووە، نوێنەرانی کورد لە هەمو بەشەکانی کوردستان لەو کۆمارەدا بەشداریان کردووە و یارمەتیان داوە، بۆ نمونە ڕۆشەنبیرانی سلێمانی لەو سەردەمەدا نامە بۆ پێشەوا دەنێرن و هاوپشتیوانی خۆیان بۆ کۆمار دووپات دەکەنەوە، لە باکوری کوردستانیش هەر بەو شێوە نوێنەر و ڕوناکبیریان بەشداری ڕاگەیاندنی کۆمار دەکەن، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بە هەمان چەشن بووە.

 هاوکات بەرزانییەکانیش دەوری گرنگیان لە ئاسایشی کۆماردا گێڕاوە. ئەمانە هەموی نیشانەی ئەوەن کە کۆماری کوردستان پەیوەست بووە بە هەمو بەشەکانی کوردستان، ئەو کەس و لایەنانەش کە کۆماری کوردستان بە کۆماری مەهاباد پێناسە دەکەن ناڕاستەوخۆ دەیانهەوێت لە مەزنایەتی کۆمار کەم بکەنەوە، بەڵێ ڕاستە کۆمار لە ماهاباد دامەزرا، بەڵام پەلی ڕاکێشا بوو بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستان.

لێرەدا ئەو خاڵەش بەرپرچ دەدەمەوە کە هندێک لایەن کۆماری کوردستان بە کۆمارێکی خودموختار پێناسە دەکەن، کۆماری کوردستان بە تەواوەتی کۆمارێکی نەتەوەیی و لە سەر بنەمانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد ژ. ک. دامەزراوە، ئەو ڕێکخراوەشە ڕێکخراوێکی بە تەواو ناسیۆنالیست و نەتەوەیی بووە، ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوەیە سوێندیان دەخوارد کە لە بەرژەوەندی کورد و کوردستان هەنگاو هەڵنێنەوە و هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بدەن، هەر بۆیە هیچ کات ئەو خەیاڵە بە مێشکی قازی و کۆمارییەکاندا تێنەپەڕیوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ژێر دەستی بنەماڵەی ڕەزاخاندا کۆمار بمێنێتەوە یان ببێتە بەشێک لە وڵاتێکی دیکتاتۆر لێدراو، قازی کەسێکی دیموکرات و ئازادیخواز بووە، باوەڕی بە چەوساندنەوە نەبووە و لە دژی هەر چەشنە چەوساندنەوەیەک خەباتی کردووە. هاوکات ئاگاداری پێشهاتەکانی جیهان و ناوچەکە بووە، بۆیە باوەڕی بە داگیرکەری ئێران و ئینگلیز و ئەمریکایەکان نەبووە.

قازی پێی وابو کە داگیرکەران تەنیا سەرمایەی سروشتی ئەو وڵاتەیان دەوێت ، بۆیە هەمیشە هەوڵ دەدەن کەسانێکی نەخوێندەوار و ناسیاسی دەسەڵات بە دەست بگرن. ئەوش دژی ڕوانگەی ئەو زلهێزانە بو.

ئەو ڕاستییە ئەوەمان پێ دەڵێت کە قازی هەوڵی بۆ ئەوە نەداوە کە بەشێک لە ئێران بێت. ڕێگای قازی بە چەواشە کردن درێژەی پێنادرێت، بەڵکو دەبێت لە فەلسەفەی ڕێگاکە تێبگەین و لەو پێناوەدا برەو بە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی خۆمان بدەین.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی