"an independent online kurdish website

کاتێک لە نێو هەزاران وێنەی پێشمەرگەکانی دێمۆکرات دا دەگەڕام تا وێنەی چەند شەهدێک کە ژیاننامەکەیانم نووسیوە بدۆزمەوە، لە پڕ چاوم کەوتە ئەم وێنەیە و بەدیتنی وێنەکە بەسورعەت گەڕامەوە بۆ ١٠ ی خاکەلێوە ساڵی ١٣٦٦.chwar_nemr

گوندێ کاوڵان دوایین گوندی گەلی بەدەڕەشە و بەهاری ساڵی ١٣٦٤ ڕیژیمی ئاخوند لە هێرشیکی بەریندا لە دەست هێزی پێشمەرگەی دێمۆکرات ئەستانەوە و هاوکات بەشێکی ئاوایەکەی سووتاند و خەڵکەکەشی هەتا ئەم ساتەوەختەش هەر ئاوارە و دەربەدەرن و ئیزنیان نەدراوە کاوڵان کە گوندێکی قەدیمی ناوچەیە و خاوەن سەدان هیکتار ڵەوەرگە یە کە چیای میربهاڵ قوتی هەرەبەرزیانە.

بە سەدان و بگرە زیاتر کانیاو لەو لەوەڕگانە هەیە. دەورووبەری گوندی کاوڵان زیاتر لە ٣٠ تا ٣٥ زۆزان (بێر) ی هەیە کە هەرکامەی دەتوانێ خواردنی هەزاران سەر مەڕ وماڵات بدات.  هەمووی ئەوانە ئەوە ٢٨ ساڵە هیچ قازانجێکی بۆ خەڵکەکەی نیە.

پاییزی ساڵی ١٣٦٥ مەڵبەندی شیمال بریاری دابوو کە مەڵبەند ، ئەرکانی هیز و هەردوو کۆمیتە شارستانی ورمێ و سەڵماس ، و لکی ٢ و ٣ ی هیز لەو گوندە بمێنن و نەچنەوە باشووری کوردستان کە هەر واشمان کرد.

ناچمەوە سەر ئەوەی کە ئەو سالە چەندە سەخت و دژوار بوو، بەڵام گەیشتینە ١٠ ی خاکەلێوەی ١٣٦٦ و هاوکات بنکەکانی چیای قەرەغان ئامادە بوون و ئێمە ڕۆژانە دەچووین کارمان لە سەری دەکرد تا ڕۆژی ١٣ ی خاکەلیوە بنکەکانمان بگوێزینە قەرەغان، چوونکی کاولان ئیدی بۆ مانەوە نەدەبوو. ئەوەبوو هەر واشمان کردو ڕۆژی ١٣ی خاکەلیوە گوێستمانەوە بۆ بنکە تازەکانمان کە هەمووی بەفر بوو  و ناچار بووین بەیانیان هێشتا بەفر ویشک بوو بە سەری دا کەل وپەلی بنکەکانمان دەگواستەوە.

ڕۆژی ١٠ ی خاکەلیوە مەراسمێکی گەورەمان بە بەشداریی کادر  وپێشمەرگەکان و خەڵکی چەند ئاوایەکی سەرسنووریی باکووری کوردستان بەڕێوەبرد. پەیامی مەڵبەند لە لایەن شاپوور شوجاعیفەرد کە ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی ئامووزیش و پەیوەندییەکانی مەلبەند بوو خوێندرایەوە . دەمەو ئێوارە بوو مەراسیم کۆتایی هات . ڕەنگە بێ موناسیبەت نەبێ کە هەڵەی بەرپرسێکیی نیزامیی خۆمان کە زۆر ئینسانێکی فیداکار و جەسوور بوو بێنمەبەر باس. بەداخەوە ئەو بەرپرسە لە ژیان دا نەماوە و ڕووحی شاد بێ. کاتێک لە مەراسیم تەواو بووین ، بەرپرسەکە ئارپی جی لە زوبێر وەرگرت و ئارپیجی یەکی دا لەو شاخەی کە لە  پشتی سەری وێنەکە دیارە.  زۆر کەس پێی ناخۆش و تەنانەت سەیر بوو. ئەوەش ناڕۆمە سەری کە دواتر ئەو ئارپی جی یە لەو کات و ساتە دا(١٠ ی خاکەلێوە) بوو بە هۆی ئەوە کە نرخێکی زۆر بدەین.

dulaw_dupir
مام ئەبووبەکر- لۆقمان فۆلادی – مام خالیس – شوجاع

_____________________________________________________________

بەڵام دوو لاو و دوو پیری دێمۆکرات

خالیس حاجی زادە(مام خالیس) کە بە خالسێ تەمێ (تەمر) دەناسرا و خەڵکی گوندی ئینگیجەی ناوچەی سۆما  و لە ئەندامانی سەردەمی ١٣٤١.

مام خالیس خوێندەوارییەکی کەمی هەبوو . ئەو لە ئەندامانی سوێند خواردوو بوو، و لە گەل نەحۆ پاشۆ(شەهید نەحۆ) و هاوڕێیانی کاری کردبوو، زەحمەتی زۆری کێشابوو. هەر لە سەرەتای خەباتی ئاشکەرای حیزبەوە چووبووە مەهاباد و پەیوەندی کردبوو بە ڕێبەرایەتی یەوە تا ڕێکخراوەکانی حیزب لە شیمالی کوردستان دامەزرێنن.

دواتریش مام خالیس هەتا ساڵی ١٣٦٤ بەرپرسی زیندانی حیزب بوو لە شیمالی کوردستان.

دوای پێک هاتنی مەڵبەندی شیمالی لە بەهاری ١٣٦٥ ، مام خالیس لە گەل مەڵبەند و کاری گومرکی دەکرد. لەو مەیدانەش دا مام خالیس بەو تەمەنەی کە هەیبوو خزمەتێکی زۆری دەکرد.

مام خالیس هەتا بڵێی ئینسانێکی زەحمەتکێش و وەفادار بە ڕێبازەکەی بوو. زۆریش زەحمەتی کێشا .

وابزانم ساڵی ٦٩ ئیدی زۆر پیر بوو و لە سەر ویستی خۆی گەڕایەوە لای کەس وکاری و تا دواساتی ژیانیشی هە ربە ئۆمێدی ئەوە دەژیا کە ئازادیی کوردستان دەبینێ. بەداخەوە هاوینی ساڵی ١٣٧٩ کۆچی دوایی کرد .

…………………………………

  ئەبووبەکر مێهری(مام ئەبووبەکر)

مام ئەبووبەکر خەڵکی جووجەهی بوو . ئەویش وەک لە ئەندامانی ١٣٤١ و سوێند خواردوو بوو . زۆر جار دەیگوت: من سوێندم خواردووە و ناتوانم وەفاداری سوێندەکەم نەبمەوە. بەتایبەتی مام ئەبوو بەکر قورئانی خەتم کردبوو و باوەڕی زۆری بە سوێند و بەها ئائینیەکان هەبوو.

هەر دوای دەستپێکردنی خەباتی ئاشکەرای حیزب لە شیمال ، مام ئەبووبەکر بە ئاواتی لە مێژینەی خۆی گەیشتبوو، ئەو ئینسانە لە دژوارترین هەل و مەرج دا کار و خەباتی خۆی دەکرد.

خەڵکی سۆما شاهیدی ئەوەن کە مام ئەبوو بەکر نیزیک بە دوو ساڵ ، هەموو بەیانیەک دەبوایە نان و خوراکی لە گوندی جووجەهی ڕا بۆ قەلای بێردووک بردباوە کە بنکەی پێشمەرگەکان و زیندانی لێ بوو. نانەکەیان لە گوندی جووجەهی دەکرا. مەودای نیوان جووجەهی و مەقەر ، ئەگەر بەفر لە ئەرزی نەبێ بە پێیان ٢ سەعاتە و بە ئەسپ سەعاتێک. زۆر جار بەفر زۆر دەبوو ، مام ئەبوو بەکر دەبوایە نوێژی بەیانی کردباوە و کەوتبایە ڕێگا تا بۆ نانی بەیانی پێشمەرگە درەنگ نەکەون. هەر وەک گوتم هەمووی ساڵی ٦١ و ٦٢ ئەوە کاری مام ئەبووبەکربوو .

کاتێک خەباتی پێشمەرگە کەوتە قۆناغی پارتیزانی ، مام ئەبووبەکر زۆربەی کات لە گەل پێشمەرگەکان دا بوو و زۆر کەم لە بنکەکان دەمایەوە.

دوای گیرانی مەدەنی و نیزام ، مام ئەبووبەکر بوو بە بەرپرسی گومرکی سنووری سۆما. هەم داهاتی باشی بۆ حیزب کۆدەکردەوە، هەم خەڵکێکی زۆری لە خۆی کۆکردبووە و ڕۆژانە زانیاریی بۆ دەهێناین.

ئەوەبوو لە پاییزی هەمانساڵ دا لە لایەن سەربازانی تورکەوە گیرا و بۆ ماوەی نیزیک بە دوو ساڵ و نیو کەوتە زیندانی تورکیە.

لە زیندانی دیاربەکرد دا مام ئەبوو بەکر زۆر بە چاکی فێری خوێندن و نووسینی لاتینی ببوو  و دوای ئازاد بوونی دەیان کەسی فێری خوێندن و نووسینی کوردیی لاتینی کرد.

مام ئەبووبەکر هەتا ساڵی ١٣٨٤ بەوپەڕی دڵسۆزی یەوە خزمەتی کرد و بێ گوێدانە چوونە سەری تەمەن و نەخۆشی. بەداخەوە ساڵی ٨٤ تووشی نەخۆشیی هات و لە سەر داوای خۆی ، کوڕەکەی هات  بردیەوە بۆ جووجەهی و بە قەولی خودی مام ئەبووبەکر بۆ دواماڵئاوایی لە کەس و کار و زیدی خۆی.

بەداخەوە دوای هەفتەیەک مانەوە لە زێدی خۆی و دیدار لە گەل زۆربەی کەس و کار  وناسیاوانی ، کۆچی دوایی کرد. شایانی باسە بە خاکسپاردنی مام ئەبوبەکر بە جۆرێک بەڕێوە چووە کە شایانی خەباتی دەیان سالەی ئەوبێ لە پێناو نیشتیمانەکەی دا.

……………………

شوجاع زرنگی

شوجاع زرنگی کوری حەبیب لەدایک بووی ساڵی ١٣٤٧ ی  بلەغووی ناوچەی ئەنزەل.

شوجاع لە بنەمالەیەکی پێشمەرگە پەوەر دا گەورە ببوو و پێگەیشتبوو . برا گەورەکەی ڕۆستەم پێشمەرگەی سەرەتای ئینقلاب بوو.

هاوینی ساڵی ١٣٦٥ شوجاع ڕیزی سەربازیی بە جێ هێشت و ڕووی کردە پێشمەرگایەتی.

شوجاع لە ماوەیەکی کورت دا بوو بە پێشمەرگەیەکی قارەمان و نەترس کە کەس هەستی بەوەی نەدەکرد کە شوجاع پێشمەرگەیەکی تازە هاتووە. لە دەیان شەڕی حەماسی دا بەشداریی چالاکانەی هەبوو و یەکێک لەو پێشمەرگانە بوو کە بۆ مەئمووریەتی سەخت دەنێردرا.

پاییزی ساڵی ٦٧ کە گەڕاینەوە بنکەکانمان لە باشوور ، لە سەر داوای خۆی چوو بۆ دەورەی سەرەتایی و لە فێرگەی حیزب خەریکی ئامووزیش بوو کە بەداخەوە لەنەکاو بێ ئەوەی هیچ نەخۆشی یەکی هەبووبێ ،  لە ڕۆژی ٦ ی ڕێبەندانی ١٣٦٧ کۆچی دوایی کرد. دواتر دوکتۆرە فەرانسەویەکان گوتیان کە شوجاع حەبی خەوی خواردووە و ئەو حەبانە قەڵبیان راوەستاندووە. شوجاع ئینسانێکی مەجلیس خۆش ، ئینسانێکی دڵ و دەرون پاک، خۆش قسە ، هەتا بڵێی سادق و جەسوور بوو. بەو خوو و خەسڵەتانە ، شوجاع ببووە خۆشەویستی هەموومان . بەداخەوە دوای شەش مانگ براگەورەی شوجاعیش بەناوی ڕۆستەم زرنگی پێشمەرگەی ناسراو و تێکۆشەری حیزب  لە ١١ی گەلاوێژی ١٣٦٨ لە گوندی وارگەنم تێرۆر کرا.

…………………………

لۆقمان فۆلادی   لە دایک بووی ساڵی ١٣٤٤ی گوندی کانی ڕەشی سۆما.

لۆقمان بەرلەوەی ببێتەوە پێشمەرگە لە  هیرشی گەورەیی ڕێژیم بۆ سەر ئاوایەکانی پیرانجغ و کانی ڕەش لە ٧ ی خاکەلێوەی ١٣٦٢ د ابە توندی بریندارب بوو کە ئەوکات تەمەنی زۆر لە خوار بووە و ئامۆزایەکیشی بە ناوی عومەر فۆلادی کە پێشمەرگەی حیزب بوو هەر لەو شەڕە دا شەهید ببووە.

وەک خۆی زۆر جار دەگێڕایەوە دژواریی زۆری بینیبوو تا برینەکانی سارێژ ببوونەوە . دوای ئەوە ڕێژیم بە سەرباز دەگرێ و رەوانەی ئامووزیش دەکا. دوای کۆتای هاتنی ئامووزیش دەنێردرێ بۆ بەرەکانی شەڕی ئێران و عێڕاق.

هاوینی ساڵی ١٣٦٥ لە گەل هاوڕێکەی، شوجاع زرنگی هاتنەوە ڕیزی پێشمەرگایەتی.

شوجاع و لۆقمان پێکەوە لە ئامووزیشی سەربازی بوون، پێکەوە نیردراون بۆ بەرەی شەڕی ئیران عێڕاق، پێکەوە هاتنە نیو حیزب و پێکەوەش چوونە دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە و بەداخەوە پێکەوە نەگرانەوە مەڵبەندی شیمال. ڕەفاقەت و دۆستایەتیان سنووری نەبوو، لە برایەتیش دەرباس ببوو . چایەکیان بە بێ یەکتری نەدەخواردەوە.  دەتوانم بڵێم دوای ئەوەی کە شوجاع کۆچی دوایی کرد ، لۆقمان بۆ ماوەیەکی زۆر ڕۆژانە نەیدەزانی چی دەکا. من ئەوکات لە دەورەی کادر بووم وڕۆژانە پێکەوە دەبووین. ئاگام لێبوو کە لۆقمان نە ڕۆژی دەبوو بە شەو  ونەشەوی دەبوو بەڕۆژ. زۆر جار دەمگوت لۆقمان ، بەم شێوەیە تووشی نەخۆشی دەبی. دەیگوت هەرچی دەکەم شوجاع لە بەر چاوم ون نابێ.

لۆقمان مایەوە، بوو بە خاوەن ئەزموونی جەندین ساڵ خەباتی پێشمەرگایەتی، ئازایەتی ونەزم و دیسیپلینی لۆقمان ببووە سەرمەشق بۆ زۆر پێشمەرگە. پلەکانی دەبڕی و وردە وردە دەچووە سەر تا فەرماندەرێکی چاکی لیدەربێت. جێگری پەلێکی هیزی ئاگری بوو. ئیدی لۆقمان بەتەواوی ببووە کەسی جێی حیساب و پێی ئەسپاردنی ئەرک.

بەداخەوە دەستی خیانەت ، تێرۆری کۆماری ئیسلامی گەیشتە گیانی لۆقمان و لە ڕیکەوتی ٤ ڕەزبەری ساڵی ١٣٧٢ ی هەتاوی لە لایەن تێۆریستێکی بە ڕەگەز کوردەوە لە شاخی بەرەگەورانی پشتی ڕاژان بریندار کرا و دوای چەند سەعات بەربەرەکانی لە گەل مەرگ ، کۆچی دوایی کرد .

پێم خۆشە لە کۆاتیی یەک ڕستە باس بکەم ، ئەوەیش ئەوەیە کە هەردوو لاو(لۆقمان و شوجاع) دۆستایەتی و رەفاقەتیان سنووری بەزاند بوو و گەیشتبووە برایەتی ،بەلام بە پێچەوانەوە هەردوو دێمۆکراتی پیر بەداخەوە قەت دانوویان پێکەوە نەدەکولا.

یادیان بە خێر و رووحیان شاد

ئیوە تا سەر وەفادار بە ڕێبازتان بوون، هیوادارم ئێمەش تا سەر درێژەدەری ڕێگاتان بین و خەبات بکەین بۆ وەدی هاتنی ئاواتەوەدی نەهاتووەکانتان.

خوێنەری بەڕیز، من مەبەستم نەبوو ژیان نامەی ئەو نەمرانە بنووسم ، هەر ویستم کورتە یادکردنەوەیەکم هەبێ لەو هاوڕێیانەی سەردەمی خەباتی شاخ. دەنا ژیان نامە و کار و خەباتیان زۆری هەڵدەگرێ کە لە توانای من دا نیە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی