بچکه شێر و مرۆڤی پیر
پیره شێرێک له‌گه‌ڵ به‌چکه‌که‌ی له دارستانێکدا ده‌ژیان. شێره‌که به‌چکه‌که‌ی بانگ کرد و گوتی« ڕۆڵه گیان!
بزانم ده‌زانی له‌م دنیا گه‌وره‌دا نرکه‌ی کامه ئاژه‌ڵ له هی هه‌مووان به‌سام تره؟» به‌چکه شێڕ گوتی« جا دیاره ده‌زانم، نرکه‌ی شێر له هی هه‌موو ئاژه‌ڵێک به‌سام تره» پیره شێڕ گوتی « ئافه‌ریم ڕۆڵه‌که‌م. ئێستا پێم بڵێ په‌نجه‌ی کامه ئاژه‌ڵ له هی هه‌موویان تیژتره؟» به‌چکه شێر وه‌ڵامی داوه « هه‌ڵبه‌ته په‌نجه‌ی شێر » شێره‌که گوتی « باره‌که‌ڵا ڕۆڵه. هه‌نوکه پێم خۆشه، دواین پرسیارم دروست وه‌ڵام بده‌یته‌وه. کامه ئاژه‌ڵ له هه‌موو ئاژه‌ڵه‌کانی دیکه به‌هێزتره ؟ » به‌چکه شێر قاقای پێکه‌نینه، نرکه‌یکی به سامی لێدا و گوتی « باوکه چۆن خۆت نازانی؟ دیاره ئاژه‌ڵێکی که له هه‌موو ئه‌وانتر به‌هێزتره، په‌نجه‌ی له هه‌مووان تیژتره، بێجگه له خۆم کێیه! من ده‌سه‌ڵاتدارترین ئاژه‌ڵی سه‌ر زه‌ویم.»
پیره شێڕ که‌وتبووه گیانه‌ڵا، به دژواری قسه‌ی بۆ ده‌کرا گوتی « ئای ڕۆڵه! منیش که جحێڵ بووم هه‌ر وه‌کوو ئێستای تۆ بیرم ده‌کرده‌وه. به‌ڵام ئێستا بۆم ده‌رکه‌وتووه که ده‌سه‌ڵاتدارترین بونه‌وه‌ری ئه‌م دنیایه من نیم. به‌ڵکو، مرۆڤه. مرۆڤ به هێزترین بونه‌وه‌ری گه‌ردوونه. به‌چکه شێر سه‌رێکی له‌قاند، و گوتی هو هوم، به‌ڵام. . .
شێڕه‌که گوتی « پشووت له سه‌ر خۆبێ. وه‌ره! با تێتگه‌یه‌نم. ڕۆڵه‌ی خۆم، باش گوێ ڕاگره! ده‌مه‌وێ له‌م کۆتایی ژیانم دا ئامۆژگاریه‌کت بکه‌م. کوڕی خۆم! له مرۆڤ بترسه ئه‌گه‌ر تووشی مرۆڤ بووی ئاگات له خۆت بێ. هه‌وڵ بده که خۆت له شه‌ڕی مرۆڤ بپارێزی نه‌چی له‌گه‌ڵی به‌شه‌ڕێ. چونکه مرۆڤ زۆر له تۆ به هێزتره و زۆریش فێڵه‌بازه. له بیرت نه‌چێ که مرۆڤ به‌هێزترین بوونه‌وه‌ری سه‌ر زه‌وییه » شێره‌که ئه‌م قسانه‌ی بۆ به‌چکه‌که‌ی کرد و سه‌ری ناوه و گیانی ده‌رچوو، مرد.
به‌چکه شێر پاش مردنی باوکی، که‌مێک دانیشت. قسه‌کانی باوکی کاریگه‌ر بوون. که‌وته ماڵی ئه‌ندێشه و بیرکردنه‌وه. له خۆیی ده‌پرسی « تۆ بڵێی مرۆڤ چ جۆره بوونه‌وه‌رێک بێ؟! ڕه‌نگه هه‌موو ئاژه‌ڵێک لێی بترسێ. تۆ بڵێی نرکه‌ی مرۆڤ شێریش بترسێنێ؟ له وانه‌یه په‌نجه‌ی له هی شێریش تیژتر بێ. بریا بم دیبایه. خۆزیا له دووریشه‌وه بێ بتوانم بیبینم. ده‌بێ بگه‌ڕێم و شوێن پێی په‌یداکه‌م. ده‌بێ بی دۆزمه‌وه . . . تۆبڵێی له لووتکه‌ی کێو بێ، له ئه‌شکه‌وتدا بێ، یان له جه‌نگه‌ڵدا بژی ؟ خۆزگه په‌یدای که‌م .ڕه‌نگه به قه‌ت چیاێک گه‌وره و لووتکه به‌رز بێ. وا بزانم وه‌کوو با و بۆران و گێژه‌ڵوکه بڕوا»
به‌چکه شێر به‌م خه‌یاڵه‌وه ملی ڕێی گرت و ڕۆیی. ماوه‌یه‌ک ڕۆیی، به‌ڵام هیچی نه‌دی. هه‌ر ده‌ڕۆیی و چاوی ده‌گێڕا. له پڕێکدا کهڵهکێویکی دی. قه‌تی شتی وا گه‌وره و سه‌یر نه‌دی بوو. له دڵی خۆیدا گوتی « ئه‌ها، په‌یدام کرد خۆیه‌تی » به ترسه‌وه چوو بۆ لای و پرسی تۆ مرۆڤی؟
که‌ڵه کێویکه مۆڕه‌یکی لێکرد. به وه‌ڕه‌زییه‌وه سه‌ری ڕاوه‌شاند و بۆڕاندی مرۆڤ چییه؟ به من ده‌ڵێن که‌ڵه‌کێوی.
به‌چکه شێر هه‌وه‌ڵ ترسا، به‌ڵام ڕووی کراوه. له که‌ڵه‌کێوییه‌که نزیکتر بوه‌وه و پرسی تۆ تا ئێستا به چاوی خۆت مرۆڤت دیوه؟
که‌ڵه‌کێوییه‌که قه‌پاڵێکی گیا له‌ده‌مدا بوو جاوی،و قوتی دا و گوتی« به‌ڵێ دیومه. زۆر جار له نزیکه‌وه دیومه »
به‌چکه شێڕ گوتی « تۆ خوا پێم بڵێ چۆناوچۆنه. ڕاست ده‌که‌ن نرکه‌ی شێریش ده‌ترسێنێ ؟ ڕاسته که ده‌ڵێن په‌نجه‌ی له هی هه‌موو ئاژه‌ڵێک تیژتره ؟»
که‌ڵه‌کێوی گوتی« بۆ قسه‌ی بێتام ده‌که‌ی. مرۆڤ نرکه‌ی نییه، په‌نجه‌شی باریک و چکۆله‌یه، ئه‌م قسانه له کێوه فێر بوو ؟»
به‌چکه شێر گوتی« وابزانم من خراپ حاڵی بووم. به‌ڵام بیستومه مستێک له هه‌ر کس بدا، هه‌ڵناستێته‌وه.»
که‌ڵه کێوی پێکه‌نی و گوتی« تۆ زۆر نه‌زانی. ده‌ستی مرۆڤ وه‌کوو گۆشتی ماسی نه‌رمه. هه‌یکه‌لیشی ئه‌ونده گه‌وره نییه. ئه‌گه‌ر تۆ فووی لێبکه‌ی با ده‌یبا»
به‌چکه شێر گوتی« نا،وانییه تۆ هه‌ڵه ده‌که‌ی. خۆ تۆ له باوکی من زیاتر نازانی». به‌چکه شێر ئه‌وه‌ی گوت و لێیدا و ڕۆیی. به‌ڵام که‌ڵه کێوی له سه‌ر له‌وه‌ڕی خۆی به‌رده‌وام بوو. به‌چکه شێر به هیوای دۆزینه‌وه‌ی مرۆڤ، ڕۆیی و ڕۆی ئه‌ونده ڕۆیی تا له دارستان ده‌رکه‌وت و گه‌یشته ده‌شت و بیابان. ده‌شتێکی کاکی به‌کاکی ، وشک وقاقڕ، نه گیای لێ سه‌وز ببوو، نه دارێک و نه کانیاوێکی لێ بوو. هێچ ئاژه‌ڵێکیشی لێنه‌بوو. له‌و ده‌شته‌دا له ژێر قرچه‌ی خۆره‌تاودا ده‌گه‌ڕا. له‌ناکاو توشی ئاژه‌ڵێک هات ئاژه‌ڵێکی زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره‌بوو. ملی درێژ، به‌ژن و باڵا خوار و خێچ، کۆهانێک له سه‌ر پشتی، توک و خوری بۆر هه‌موو له‌شی داپۆشی بوو. ملی خوار بوو، لچیشی شۆڕ ببوه‌وه .
به‌چکه شێر تێڕاما، له به‌ر خۆیه‌وه گوتی زۆر سه‌یره، ئه‌م ئاژه‌ڵه، به‌م گه‌رمایه بۆچی جلی په‌شمی له به‌ر کردووه! لێی چووه پێش و بانگی کرد وه‌ره بزانم! تۆ مرۆڤ نیت؟
وشتر گوتی« ئه‌وه ده‌ڵێی چی؟ ئاخه من کوێم وه‌کوو مرۆڤ ده‌چێ ؟ به خودا من هیچکوێم له مرۆڤ ناچێ »
به‌چکه شێر گوتی« باشه، پێم بڵێ تۆ تا ئێستا مرۆڤت به چاوی خۆت دیوه؟»
وشتر گوتی« یانی من مر‌ۆڤم نه‌دیبێ! مه‌گه‌ر تۆ نازانی که بهمن ده‌ڵێن وشتر؟ مرۆڤ له مێژ ساڵه من بارده‌کا و سوارم ده‌بێ. منی فه‌قیر به‌م قرچه‌ی گه‌رمایه کارم پێ ده‌که‌ن. ناهێڵن بحه‌سێمه‌وه ».
به‌چکه شێر گوتی« به‌وجۆره‌ی که تۆ ده‌ڵێی ده‌بێ مرۆڤ زۆر له تۆش گه‌وره‌تر بێ، که تۆی ژێرده‌سته‌ی خۆی کردووه ».
وشتری مل درێژ سه‌ری ته‌کان دا و گوتی: نا، به پێچه‌وانه‌وه. مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی چکۆله‌یه. باڵای ناگاته من. به‌ڵام مه‌جبوورم ده‌کا ی‌خ بخۆم تا بتوانێ سوای پشتم بێ، یان بارم بکا ».
به‌چکه شێر گوتی« ڕه‌نگه پێستی زۆر نه‌رم بێ. وانییه »؟
وشتر گوتی« ئه‌رێوه‌لا، پێستی مرۆڤ له پێستی هه‌موو ئاژه‌ڵێک نه‌رم و ناسک تره. به پێکه‌نینه‌وه به‌ر ده‌وام بوو، و گوتی ڕه‌نگه باوه‌ڕ نه‌که‌ی به‌ڵام مرۆڤ ئه‌گه‌ر مێشێک پێوه‌ی بدا، شه‌و تا به‌یانی خه‌وی لێناکه‌وێ ».
به‌چکه شێر له ژێر لچه‌وه پێکه‌نی و گوتی« جا،چۆن شتی واده‌بێ؟ به پێی ئه‌م قسانه‌ی که من له باره‌ی ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌وه ده‌ی بیستم، له‌وانه‌یه باوکم ڕاستی پێ نه‌گوتبێتم! یان خۆی هیچ وه‌خت مرۆڤی نه‌دیبێ. تۆ بڵێی درۆی له‌گه‌ڵ کردبێتم؟ به‌ڵام نا، باوکم درۆزن نه‌بوو. ده‌بێ بڕۆم و و به هه‌ر له‌ونێک بێ مرۆڤ په‌یداکه‌م. ده‌بێ تۆڵه‌ی هه‌موو ئاژه‌ڵانی لێ بستێنمه‌وه ». به‌و ته‌مایه خواحافیزی له وشتر کرد و ڕۆیی.
به‌چکه شێر له‌و ده‌شت و لێڕهواڵه تێپه‌ڕی و به‌ره‌و بێشهێك ڕۆیی. که گوێی هه‌ڵخست ئاوازێکی خۆشی هاته گوێ. ڕاوێستا و له خۆیی ده‌پرسی تۆ بڵێی ئه‌مه ئاوازی مرۆڤ نه‌بێ ؟ به‌و بۆنه‌یه‌وه ڕووی کرده ئه‌و شوێنه‌ی که ده‌نگه‌که‌ی لێوه ده‌هات. هه‌ڵبه‌ته به ئاسپایی هه‌نگاوی ده‌نا. چونکه نه‌یده‌ویست خاوه‌ن ده‌نگه‌که پێبزانێ. گه‌ره‌کی بوو فێڵ بکا. له نێون داره‌کانه‌وه به پێدزه ڕۆیی. چاوی گێڕا له پڕ دیتی بوونه‌وه‌ریک پشت چه‌ماوه گرده‌ڵه ئه‌ندام. به‌چکه شێر له دڵی خۆیدا ده‌یگوت هه‌بێ نه‌بێ ئه‌م ئاژه‌ڵه ده‌بێ مرۆڤ بێ. پێکه‌نی و به گاڵته‌وه گوتی من له عومری خۆم شتی وام نه‌دیوه. له‌پی ئه‌ستووره، په‌نجه‌ی تیژه،ئه‌و بوده‌ڵه‌ی به‌د به‌خته، ناتوانێ به ددانه‌کانی گیا و دڕک هه‌ڵکه‌نێ، ئه‌ی چۆن ئاژه‌ڵ ڕاو ده‌کا؟ به‌چکه شێر له‌به‌رده‌می ئه‌و بوونه‌وه‌ره قوت بووه‌وه، هه‌ندێکی ڕوانی و گوتی« ئه‌هۆی من تا به‌ئه‌مڕۆ ئاژه‌ڵی وه‌کوو تۆم هه‌ر نه‌دیوه، پێم سه‌یره که تا ئێستا گورگ و ورچ نه‌یان خواردووی! ڕه‌نگه تۆ هه‌ر ئه‌و مرۆچه‌یه‌بی که من ناویم بیستووه.
پیره پیاو، به‌لاڵه‌په‌تێ گوتی« نا، نا، تۆ هه‌ڵه‌ی. من مرۆچه‌نیم »
به‌چکه شێر به فیزێکه‌وه گوتی« که وایه تۆ ژوو ژووی».
پیره پیاو گوتی« نه ، کاکه شێر من ژوو ژوو نیم. نا، من مر‌ۆڤم ».
به‌چکه شێر سه‌ری سووڕ مابوو. که‌مێک ترسا و شڵه‌ژا. پرسی مرۆڤ؟ ئه‌ها ئه‌وه تۆ مرۆڤی؟ ئه‌گه‌ر بمه‌وێ به‌مشتێک ده‌تکوژم. به‌ڕه‌حمه‌ت بێ باوکم، بۆ ئه‌ونده له تۆ ده‌ترسا ؟ به لامه‌وه زۆر سه‌یره »
پیره پیاوی داربڕ گوتی« ئه‌گه‌ر باوکت له من ترسابێ، تۆ ده‌ڵێی چی ».
به‌چکه شێر گوتی« تۆ ڕاست ده‌که‌ی پیم وابێ له‌به‌ر ئه‌وه بوو که باوکم له سه‌ره‌مه‌رگی دا بوو. بۆیه له تۆ ده‌ترسا . . .
پیره پیاو گوتی« ده‌مزانی، ئه‌گه‌ر ڵاو و ته‌ندروست بوایه تۆی له مرۆڤ نه‌دترساند. تۆ ده‌توانی به دوو شه‌پ و شه‌پڵاخه من بنێری بۆ ئه‌و دنیا ».
به‌چکه شێر گوتی« هه‌ڵبه‌ته هه‌ر واشم گه‌ره‌که. چونکه له‌بیری تۆدا بووم، چه‌ن شه‌وه له‌به‌ر ئه‌ندێشه خه‌و نه‌چوه‌ته چاوه‌کانم. ئێستا ده‌مه‌وێ تۆڵه‌ت لێ بستێنم. جا، وه‌سیه‌تی خۆت بکه ».
پیره پیاوی داربڕ، ئه‌هۆن و له سه‌رخۆ گوتی« خوا و ڕاستان منیش زۆر دڵم به‌م ژیانه خۆش نییه، چونکه ته‌مه‌نی خۆم ڕابواردووه. سه‌ر ئاکام ئه‌مڕۆ یان چه‌ن ڕۆژی دیکه ده‌بێ بمرم، جا،ئاژه‌ڵ ده‌مخوا یان قه‌ل و داڵ چاوه‌کانم ده‌ردێنێ، نازانم. چونکه وایه وا باشتره که له ژێر ئه‌و ددانه تیژانه‌ی تۆدا پارو پاروبم و ڕزگارم بێ. به‌ڵام ئیزنم بده با وه‌سیه‌ت بکه‌م ».
به‌چکه شێر گوتی« باشه فه‌رموو وه‌سیه‌ت بکه گوێم لێیه ».
پیره پیاوی داربڕ گوتی« من منداڵم نییه. هه‌رچیم هه‌یه به میرات بیبا، ژنیشم نییه، خزم و که‌سیشم نییه. له‌م دنیایه‌دا تاقه خۆم و خۆم. ئێستا که تۆ ده‌ته‌وێ بمخۆی، وه‌ره با هه‌رچی هه‌مه نیشانت بده‌م و هه‌مووت پێشکه‌ش که‌م ».
به‌چکه شێر بیری لێکرده‌وه، سه‌ری له‌قاند و ئا به‌ڵێ، ڕه‌نگه به‌کارم بی.
پیره پیاویداربڕ گوتی« ئه‌گه‌ر پێت خۆشه وه‌ره با له پێشدا ماڵه‌که‌مت پێ نیشان بده‌م »
به‌چکه شێر بۆ ئه‌وه‌ی که‌مێک پیره پیاو بترسێنێ، نه‌رکه‌یه‌کی کێشا و گوڕاندی ئه‌گه‌ر وایه زووکه! دی زووتر پێم نیشانده. ده‌ی زووکه برسیمه. ده‌ی پێشم که‌وه »!
پیره پیاو به ترسه‌وه گوتی« باشه، قوربان باشه، په‌له مه‌که هه‌ر ئێستا فه‌رموو با بڕۆین
به‌چکه شێر و پیره پیاو به‌ره‌و ماڵه‌که‌ی به‌ڕێکه‌وتن. کاتێک که له ماڵه‌که نزیک بووه‌وه پیره پیاو گوتی« کاک شێر دار و نه‌دارم هه‌ر ئه‌مه‌یه ».
به‌چکه شێر له ده‌وری ماڵه‌که گه‌ڕا و سه‌ری ڕاوه‌شاند و گوتی« ده‌ی باشه، ئه‌مه به کاری چی من دێت ؟ بۆ چی ئه‌م خانووه‌ت دروست کردووه؟ »
پیره پیاوی داربڕ گوتی« تۆ نازانی له‌و خانووه‌دا، مرۆڤ ده‌حه‌سێته‌وه. زۆر خۆشه په‌ناگه‌یه، ده‌چیته نێوی و خۆت له سه‌رما و با و بۆران ده‌پارێزی. درگا له خۆت داده‌خه‌ی و ڕاحه‌ت ده‌خه‌وی ».
به‌چکه شێر سه‌ری بۆ له‌قاند و گوتی« ڕاسته شوێنێکی ناخۆش نییه. پێم باشه. که تۆم قه‌پاڵ قه‌پاڵ خوارد و تێر بووم، جا، بۆی ڕاده‌کشێم و ده‌حه‌سێمه‌وه ».
پیره پیاوی داربڕگوتی« به‌ڵام کاک شێر کێشه‌ێک هه‌یه. تۆ نازانی چۆن درگاکه بکه‌یته‌وه و دایخه‌یته‌وه ».
به‌چکه شێر گوتی« زۆری لێمهڵێ زووکه فێڕمکه! »
پیره پیاو گوتی« زۆر باشه کاک شێر. به‌ڵام پشووت له سه‌رخۆت بێ، به چاوان »
به‌چکه شێر گوتی« وادیاره واده‌زانی که من به‌چکه‌م ده‌ته وێ فریوم بده‌ی »
پیره پیاو گوتی« زۆر باشه قوربان وه‌ره ته‌ماشاکه. چووه نێو خانووه‌که و درگاکه‌ی له سه‌ر خۆی داخست. له دلاقه‌که‌وه بانگی کرد کاک شێر وه‌ره تاقی که‌وه بزانه ده‌توانی درگاکه بکه‌یته‌وه ! »
به‌چکه شێر به په‌نجه تیژه‌کانی پاڵی به درگاوه‌نا، به‌ڵام درگا قورس و قایم بوو ئه‌خت و چاری کرد بۆی نه‌کراوه. پیره پیاو له ده‌لاقه‌که‌وه ڕوانی و گوتی« نه‌مگوت بزانه چن خاترجه‌مه، ناکرێته‌وه. هه‌ر بۆیه‌ش من کاتێک له‌م ژووره دام له هیچ که‌س و هیچ شتێک ناترسم. حه‌تا له شێریش ناترسم. به دڵنیایه‌وه بۆی ده‌خه‌وم.»
به‌چکه شیر وادیاره ناتێوێ بێته ده‌ره‌وه، ها ؟ وه‌ره ده‌رێ !
پیره پیاو پێکه‌نی و گوتی« نه‌خێر، وانییه. درۆت له‌گه‌ڵ ناکه‌م. بڕوانه ئه‌وه دێمه ده‌ره‌وه.
پیره پیاو ئه‌وه‌ی گوت و له ماڵه‌که ده‌رکه‌وت.
به‌چکه شێر له به‌ر خۆیه‌وه تێفکری، ئه‌م مرۆڤه به ڕاستی ئاژه‌ڵێکی ئه‌حمه‌قه. ده‌یتوانی درگاکه بۆ من نه‌کاته‌وه، خۆی ڕزگارکا. سوور ده‌زانی که ده‌یخۆم، به‌ڵام وادیاره که مێشکی کار ناکا.
پیره پیاو له به‌چکه شێری پرسی« تۆ ناته‌وێ چاوه‌ێک به ماڵه‌که‌دا بگێڕی؟ بزانه به دڵته یان نه.»
به‌چکه شێر گوتی« با، گه‌ره‌کمه. زۆرم پێ خۆشه جوان جوان ته‌ماشایکه‌م» ئه‌وه‌ی گوت و بازێکی دا و چووه ژوورێ. جا، ئه‌وده‌م پیره پیاو درگاکه‌ی له سه‌ر به‌چکه شێر داخست و به دڵنیاییه‌وه، کۆڵه داره‌که‌ی له پشتی به‌ست و به‌ره‌و ئاوای گه‌ڕاوه . . . .
{jcomments off}