لە تەنیایی ئەم غوربەتەدا
دێیتەوە ناو چاوەکانم و
ماچ بۆ لاپەڕە دەستەوەستانەکان ئەنێری
بۆ ئەوەی بە ژانترین قەسیدە
بە برک ترین شیعر و
بە سوێ ترین پەخشان بنووسمەوە
من لێرەم و
خەیاڵم لێزمەی بارانێکە
خۆش ناکاتەوە
من لێرەم و
لەو دوورەوە خاکێک بانگم دەکا
بۆنی جەستەی شەھیدی لێ دێ
من لێرەم و
نزاکانم لە لەپی دەستەکانم بەولاتر ناگەن
ئەبمەوە بە ھەوری ئاسمانی مەھاباد
یادگارەکان وەک پەلکە گیای بەھاری
لە گیانما دەڕسکێنەوە
لە کوێن ئەو دەستانەی ھیوایان چاند
کە ئەمڕۆ
لە کۆڵانە داگیرساوەکانی شاردا
خەم دابەش ئەکرێ و دڕکەزێیە.
زبانمان بە یادی ئاو لە گۆ کەوتووەو
ئاوێنەکان
بەر لەوەی خۆر ھەڵبێت
مەدالیای مەرگ ئەدەن لە سینگیانو
کریستاڵی ترین وێنەی خۆر
پێشکەشی شەوەزەنگ ئەکەن.
ئەمە سەرەتاتکەی غوربەتی منو
غوربەتی تۆفانە دامرکاوەکانەو
جوانیەکی جوانەمەرگە.
لە سەرپەنجەی منەوە تا مانگەشەو
لە پێستی منەوە تا شیبا
لە بێدەنگی منەوە تا زریکەی ئەو دیوی پەنجەرەکەم
فڕین مەودایەکە تا ئازادی
ئەوانەی لە فڕین تێناگەن
رازەکانی ئاسمان ناخوێننەوە
سەر لە سڕی ھەورەکان دەرناکەنو
ئاشنای جەھەننەمێکن
ئەوینی تیا ئەسووتێنن
ئەوانەی گوێ لە ھەناسەکانی باخچە ناگرن
ھەست بە دڵداری خاکو گوڵ ناکەن
گوڵ بە دەستیانەوە ھەڵئەوەرێو
بۆنی ناکەن
ئەوانە رازی سەربەستی خاکو
سەربەرزی سێدارە نازانن
دۆڕاوی ژیانێکن
رۆژی ھەزارجاریان لە قەواخ ئەدات
کاتژمێریان تەمەنی حەقیقەت جواب ئەکاتو
مێژوویان ئەستێرە ئینکار
پەنجە بەجێ ماوەکانیش لە کۆڵان
خەوی شەوانەی ئەو دەروازانە ئەزڕێنن
چاوەڕوانیی کرانەوە ژەنگی پێ ھەڵێنانو
پیری کردن.
ئێمە لە سەودای ئاوێنەشارداو
دەستەکانی ئەوان
کۆڵی نووسینەوەی خەونە دزراوەکانمان
ئێمە لە قەدەری ئەنفالی نەوڕەسەکانمان نەبووینەتەوە
ئەوان نەفرەت لە رووناکیو ئەستێرەو ئاوێنە ئەکەن
پێکەکانیان نەیارانە لەیەک ئەدەن
شەوارە سەرخۆشی کردوونو
مەستانە پێدەکەنن
بەو ئەستێرانەی شوێن پێی مانگە شەویان ھەڵکرد.
گەورەی شەھید
لەم رۆژگاری دڵەڕاوکێ و نائارامییەدا
تەرمی شەھیدەکانمان بە سەردەستمانەوە ماوەتەوە و
کەس نییە شان بداتە بەر تابووتی خەونەکانمان
پڕی مێژووی ئەم عەشقە لاسارە
سەیری پەنجەرەکانی خۆرئاوابوونمان کرد
بە چی ئەچێ
گەر نەفرەت لە ھەموو پاکیزەییەک بکرێ
بەچی ئەچێ
گەر بە ئاسوودەیی
پاکییەکانی مرۆڤایەتی دادگایی بکرێن
لە بێ دادگەی بێدادەکاندا
گەر بەھارەمان کوێروو لێی بداو
ھەوری نەزۆک داببارێ
گەر گوڵە ھەمیشەییەکانی بەھەشت
ببن بە قردێلەی ئازادی
بە لاجانگی پرچی کچانی ناو بەستەڵەکەوە
لە برینەکانی رۆحم بڕوانن
ئەنجن ئەنجنی رۆژگارمو
شەوگار لەسەر پێڵووی چاوم ھێلانەی کردووە
بۆتیمارێکی قەراخی شێعرم
حەسرەت بۆ ئەو وشانە ئەخۆم
دارو سێدارە، سەرو قەواخ، ژیانو مەرگ، ئازادیو شەھیدیان وێنا کرد.
گەورەی شەھیدم
تۆ وەکوو کوڵی فرمێسک
لە ھەنسکەکانی دڵمەوە نزیکی
ساڵمان گڕو وەرزمان گڕو رۆژمان گڕ
ئاگر، ئاگر ناسووتێنێ
ئەمە رازی سەمای کڵپەیە
شیری مەمکی ئاگر خورایەوە
گڕکانی رق تەقایەوە
زەوی ھەناسەی ساردی لێ بوو بە توونی ئاگر
وەرەوە گەورەم
چیرۆکەکەت ناتەواو مایەوە
پێکمان ژارو
نۆشمان دار
چاوی شێعرمان بە باران و
تریشقەمان گێنگڵ ئەدا
وشە لە سینگماندا قەتیسە
وەرەوە
ئەم نیشتمانە نزایەکی خێری دەوێ
تۆ کە لە رەنگی موعجیزەکانی خودای
تۆ کە لە تۆرەمەی دەنگی ئەنەلحەقیت
تۆ کە قەواخ لە دوا ھەناسەت شکۆفەی گرت
تۆی دڕ بە تاریکیی شەوەزەنگ بردوو
وەرەوە و پێیان بڵێ
ئێوە کێن؟!
ھەڵگری چ ناسنامەو شەریعەتێکی پۆخڵن
کە نە وەرزتان لە ساڵدا ناوی ھەیەو
نە رەنگتان لە ھیچ وەرزێک ئەچێ
ئێوە
ساڵتان رەشو
وەرزتان رەشو
رۆژتان رەشو
مێژووتان رەشترو
چارەنووستان قەترانییە
ئێوە میراتگرانی ھەرەسن
وەرە و پێیان بڵێ
لە وانەفسای دڵە بەردینەکاندا
ئێمە ھێشتاش سروودی عەشقو
نەغمەی خۆشەویستی دەچڕین
سەر چاوە: لاپەرەی فەیسبۆکی بەرێز ناھید حوسێن{jcomments off}ی