خۆم ڕزیوم
نەماوم تام 
لەهیچ ناکەم
هەموو شەوێك،
غوربەت دەمگرێنێ،
چاوەکانم ئەبن بە دوو
یاقووتی سور،
لێم ناگەرێن،
رێگاکان ببڕم،
هەر چی گەڵای وەریوی
ئەو نیشتیمانە هەیە
کۆیان بکەمەوە،
بیانکەم بە ڕشتەی مرواری
لە ژێر سێبەری بەردێکی لا،
رێگە دایانبنێم،
بەلکو رێگایان پڕ بێ لە
بریسکە
…

پاییز
دوێنی شەو گێم لە گریانت بوو
بەدەم کزەبایەك دەکروزایەوە
بەچاوێکی پر لەگریان،
یەکە بەیەکە بە پێ ی جلەکانت
خۆت بۆ شەو رووت دەکردەوە
لەبەر خۆتەوە ئەتووت
ئێستاهەموو گیانم خوێنە خوێن
هێشتا ماومە
بۆ شەو و خۆ رووتکردنەوە
دوور لە چاوی دراوسێ
پاکیزەیی تەمەنم هەڵگرتووە
بۆ نیوە شەو،
بەلکو دەرکەوێ پیاوەتی تۆ
لە سەر جەستەم،
بەلام پیاوەکە،
ئەمانە هەمووی خەرافاتە خەرافات
نە من ژنم
نە تۆش پیاو
١١/٤/٢٠١٣
ئازادرەواندزی
