"an independent online kurdish website

ده‌قی‌ ده‌قی‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ سه‌لاَحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ئه‌مینداری‌ پێشووی‌ یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ گۆڤاری‌(لڤین)بخوێنه‌ره‌وه‌Salahaddin_Bahauddin

لڤین:دیداری‌ :ژیار محه‌مه‌د و ڕاوێژ كامه‌ران

سه‌لاَحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین بۆ لڤین:ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم خراپترین ماوه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ سیاسی‌ و مێژوویی‌ مه‌سعود بارزانیه‌

سه‌لاَحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ئه‌مینداری‌ گشتی‌ پێشووی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان له‌میانی‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ لڤین ده‌ڵێت ده‌سه‌لاَت له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ته‌بعی‌ دیكتاتۆره‌كانی‌ ناوچه‌كه‌یان گرتووه‌و ئه‌گه‌ر فریای‌ خۆیان نه‌كه‌ون هه‌مان چاره‌نووسی‌ ئه‌وانیان ده‌بێت.

سه‌لاَحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین له‌باره‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌ڵێت “به‌تایبه‌ت زۆر له‌چاودێران ئه‌م ساڵانه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمیان به‌خراپترین ساڵانی‌ مێژووی‌ سیاسی‌‌و ته‌مه‌نی‌ داده‌نێن‌و به‌سلبی‌ له‌سه‌ر ره‌مزییه‌تی‌ كه‌سایه‌تی‌ شكاوه‌ته‌وه‌”.

لڤین: پڕۆسه‌ی‌ چاكسازی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟

سه‌لاَحه‌دین به‌هائه‌دین: ده‌سه‌لاَت له‌هه‌رێمی‌ كوردستان چاكسازی‌ ئه‌نجامنادات‌و به‌جۆرێك ئێستا ده‌سه‌لاَت بێمنه‌تبووه‌ له‌ئاست ره‌خنه‌و داواكاری‌ هاوولاَتییان كه‌ ته‌بعی‌ ده‌سه‌لاَته‌ دیكتاتۆره‌كانی‌ ناوچه‌كه‌یان گرتووه‌و نه‌ك هه‌ر گوێ‌ به‌میلله‌ت‌و داخوازییه‌كانیان ناده‌ن، به‌ڵكو ئێستا وایانلێهاتووه‌ به‌ڕه‌خنه‌گرتن لێیان پێده‌كه‌نن، ئه‌مه‌ش زیانی‌ زۆریان لێده‌دات‌و ئه‌نجام‌و چاره‌نووسی‌ ئه‌و دیكتاتۆرانه‌یان ده‌بێت كه‌ خۆیان رانه‌گرت له‌به‌رده‌می‌ توڕه‌یی‌ خه‌ڵكداو رووخان، ده‌بێت ئه‌م ده‌سه‌لاَته‌ وانه‌یه‌ك له‌و دیكتاتۆرانه‌ وه‌ربگرن‌و گوێ‌ له‌خه‌ڵك بگرن‌و چاكسازی‌ ئه‌نجامبده‌ن‌و فریای‌ خۆیان بكه‌ون.

لڤین: هه‌ندێك له‌خه‌ڵك ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ ده‌گرن كه‌ سیاسه‌تی‌ ئه‌مینداری‌ نوێی‌ یه‌كگرتوو زیاتر نزیكبوونه‌وه‌یه‌ له‌پارتی‌, ئه‌مه‌ تاچه‌ند راسته‌؟

سه‌لاَحه‌دین به‌هائه‌دین: ئه‌و جۆره‌ لێكدانه‌وانه‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌ن بۆ رووداوه‌كان‌و ئه‌منیداری‌ نوێی‌ یه‌كگرتوو مامۆستا محه‌مه‌د فه‌ره‌ج هیچ كاتێك ئه‌وه‌ به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ نه‌بووه‌, جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌ر چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یه‌كی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ ئۆپۆزیسیۆندا, به‌مانای‌ خۆكوشتنی‌ سیاسی‌ دێت، وا نازانم هیچكاتێك یه‌كگرتوو شتی‌ وا بكات‌و ئه‌و راستییانه‌ فه‌رامۆشبكات.

لڤین: به‌ڵام له‌پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ راپۆرته‌ نهێنییه‌كه‌ی‌ گۆڕان, قسه‌یه‌كی‌ زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان ئیسلامییه‌كان‌و گۆڕان به‌ره‌و خراپی‌ چووه‌؟

سه‌لاَحه‌دین به‌هائه‌دین: به‌داخه‌وه‌ له‌پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و راپۆرته‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان, هه‌ندێك له‌ڕاگه‌یاندنی‌ یه‌كگرتوو هێرشیكرده‌ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان, كه‌ به‌ڕای‌ من ئه‌وه‌ كارێكی‌ هه‌ڵه‌بوو, هه‌روه‌ك روونكردنه‌وه‌كه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش كه‌موكاڵ‌و وه‌ك پێویست نه‌بوو، به‌ڕای‌ به‌نده‌ له‌مكاته‌دا ناكرێت كار له‌سه‌ر تێكدانی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان سێ‌ لایه‌نه‌كه‌ی‌ ئۆپۆزیسیۆن بكرێت, چونكه‌ ئه‌و سێ‌ لایه‌نه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌هێزن‌و ده‌توانن كاریگه‌ری‌ دروستبكه‌ن‌و له‌به‌رانبه‌ر ده‌سه‌لاَتدا بوه‌ستن, جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌و راپۆرته‌ش بیركردنه‌وه‌و سیاسه‌تی‌ گشتی‌ فه‌رمی‌ گۆڕان نه‌بووه‌, به‌ڵكو رای‌ به‌شێك بووه‌ له‌و بزووتنه‌وه‌یه‌و ئاساییه‌ له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا كه‌سانێك هه‌بن كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بیربكه‌نه‌وه‌, پێش بلاَوبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و راپۆرته‌ش ئه‌وه‌مانزانیوه‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ له‌نێو گۆڕاندا هه‌یه‌, نه‌ده‌بوو ئاوا هه‌ڵای‌ راگه‌یاندنی‌ له‌سه‌ر دروستبكرێت, به‌ڵام ره‌نگه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌نێو یه‌كگرتوو هه‌بن, حه‌زیان له‌زه‌قكردنه‌وه‌ی‌ باسه‌كه‌ بووبێت, بۆیه‌ ئه‌و هه‌ڵا راگه‌یاندنه‌یان له‌سه‌ر دروستكرد, ئه‌م حاڵه‌ته‌ش له‌نێو لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌شدا هه‌یه‌, بۆ نموونه‌ له‌نێو پارتیدا شوعییه‌كان هێلانه‌یان كردووه‌, به‌هه‌مان شێوه‌ش له‌ناو یه‌كێتیشدا كه‌سانی‌ واهه‌ن كه‌ بیركردنه‌وه‌یان به‌رانبه‌ر به‌ئیسلامییه‌كان تونده‌، به‌هه‌رحاڵ كاتی‌ شه‌ڕی‌ ئایدیۆلۆژی‌ نییه‌و توندڕه‌و له‌هه‌موو لایه‌ك هه‌یه‌.

لڤین: واته‌ تۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانه‌بوویت له‌سه‌ر ئه‌و راپۆرته‌ یه‌كگرتوو ره‌خنه‌ له‌گۆڕان بگرێت؟

سه‌لاَحه‌دین به‌هائه‌دین: به‌ڵێ‌, ده‌بوو ره‌خنه‌كه‌ سیاسی بێت‌و مه‌حره‌مانه‌ بێت، نه‌ك له‌ڕاگه‌یاندن‌و بۆ رای‌ گشتی‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئایدۆلۆژی‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان هاوكاریمان نه‌كردبوو, به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئۆپۆزیسیۆن‌و ده‌سه‌ڵات, كه‌ ئێمه‌ وه‌ك ئۆپۆزیسیۆنێك له‌به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكدا وه‌ستاوین له‌كوردستان كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌موكورتی‌‌و ناعه‌داله‌تی‌‌و به‌هه‌ده‌ردانی‌ ماڵی‌ گشتی‌ تێدایه‌و ئێمه‌ش كار بۆ گۆڕین‌و چاككردنی‌ ده‌كه‌ین, واته‌ ئامانجی‌ ئێمه‌ دیاریكراوه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای‌ خزمه‌تكردنه‌ به‌خه‌ڵك.

لڤین: به‌ڵام به‌شێك له‌به‌رپرسانی‌ ئیسلامی‌, ره‌خنه‌ له‌هاوپه‌یمانی‌ پارته‌ ئیسلامییه‌كان ده‌گرن له‌گه‌ڵ عه‌لمانییه‌كانداو داوای‌ به‌ره‌ی‌ هاوبه‌شی‌ ئیسلامی‌ ده‌كه‌ن؟

سه‌لاَحه‌دین به‌هائه‌دین: من له‌هه‌لومه‌رجی‌ ئێستادا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم (به‌ره‌)یه‌كی‌ هاوبه‌شی‌ ئیسلامی‌ دروستبكرێت‌و كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئیسلامی‌‌و عه‌لمانی‌ جیابكرێته‌وه‌, ئه‌وه‌ كارێكی‌ هه‌ڵه‌یه‌و ئێستا ئه‌و شێوازه‌ كاركردنه‌ به‌قازانجی‌ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان نییه‌, بگره‌ به‌زیانیش ده‌شكێته‌وه‌ به‌سه‌ریاندا، چونكه‌ گۆڕینی‌ ریزبه‌ندی‌ به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزیسیۆن‌و به‌ره‌ی‌ ده‌سه‌ڵات به‌ئیسلامی‌‌و عه‌لمانی‌ له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا زۆر به‌قازانجی‌ ده‌سه‌لاَته‌, واته‌ ره‌نگه‌ هه‌ندێك لایه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئیسلامییه‌كان له‌لیستێكی‌ داخراوی‌ ئیسلامیدا قه‌تیسبكه‌ن, پێشیان خۆشبێت كه‌ ئیسلامییه‌كان ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ بكه‌ن‌و به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌‌و عه‌لمانی‌ جیابكه‌نه‌وه‌, ئێستا له‌كوردستان كێشه‌كان له‌سه‌ر خزمه‌تگوزاری‌و چاكسازییه‌ نه‌ك ئایدۆلۆژیا، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ هاوكاری‌ هێزه‌ ئیسلامییه‌كان‌و كاری‌ هاوبه‌شیان ره‌تبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو به‌جددی‌ له‌گه‌ڵ كاری‌ هاوبه‌شی‌ ئیسلامییه‌كانم به‌مه‌رجی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر حیسابی‌ هاوكێشه‌ی‌ سیاسی‌ ئۆپۆزیسیۆن بوون نه‌بێت.

لڤین: ئێستا نێوماڵی‌ ئۆپۆزیسیۆن چۆنه‌ له‌ناو یه‌كدا؟
سه‌لاَحه‌دین به‌هائه‌دین: له‌ئێستادا نێوماڵی‌ ئۆپۆزیسیۆن وه‌ك پێویست نییه‌, به‌ڵام هیوادارم هیچ جۆره‌ ناكۆكییه‌ك له‌نێو هێزه‌كانی‌ ئۆپۆزیسیۆندا دروستنه‌بێت.

لڤین: په‌یوه‌ندی‌ ئێوه‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ چۆنه‌, باس له‌وه‌ ده‌كرێت ساردی‌ له‌نێوانتاندا هه‌یه‌؟
سه‌لاَحه‌دین به‌هائه‌دین: به‌ڵێ‌، هه‌تا ئێستا په‌یوه‌ندی‌ نێوان ئێمه‌و پارتی‌ جۆرێك له‌ساردی‌ پێوه‌ دیاره‌و من بۆخۆم به‌ئاشكرا ئه‌وه‌شم نه‌شاردووه‌ته‌وه‌, ته‌نانه‌ت جارێكیان كاك نێچیرڤان له‌سه‌ردانێكیدا وتی‌ كاك مه‌سعود زۆر لێت عاجزه‌, منیش وتم منیش له‌و عاجزم, بۆیه‌ هه‌تا ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانمان ساردن.

لڤین: گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ تۆ له‌هه‌ولێره‌وه‌ بۆ سلێمانی‌ هه‌ر په‌یوه‌ندی‌ به‌و بابه‌ته‌وه‌ هه‌بوو؟
سه‌لاَحه‌دین به‌هائه‌دین: نه‌خێر, من بۆخۆم حه‌زمكرد بێمه‌وه‌ سلێمانی‌, به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ كارم له‌هه‌ولێر ته‌واوبووبوو, ئه‌گه‌ر نا ره‌نگه‌ پارتی‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ حه‌زیان بكردایه‌ له‌هه‌ولێر بمێنمه‌وه‌.

لڤین: واته‌ هیچ زه‌ختێك له‌سه‌ر ئێوه‌ نه‌بوو بۆ به‌جێهێشتنی‌ ئه‌و شاره‌؟
سه‌لاَحه‌دین به‌هائه‌دین: نا به‌دڵنیاییه‌وه‌, به‌ڵام من زۆرینه‌ی‌ خزم‌و كه‌س‌و كاره‌كه‌م له‌سلێمانین‌و ئیشێكی‌ ئه‌وتۆشم له‌هه‌ولێر نه‌مابوو, بۆیه‌ هاتنه‌وه‌م بۆ ئێره‌ پێویست تربوو, به‌ڵام ئێستاش هاتووچۆی‌ به‌رده‌وامم هه‌یه‌ بۆ هه‌ولێر.

لڤین: به‌و پێیه‌ی‌ ئێوه‌ هاوڕێییه‌تیتان له‌گه‌ڵ مام جه‌لالدا هه‌یه‌, ده‌كرێت پێمانبڵێن به‌ده‌ر له‌و لێدوانه‌ ره‌سمیانه‌ی‌ له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ ده‌بیسترێن, ته‌ندروستی‌ مام جه‌لال له‌ چ ئاستێكدایه‌؟

سه‌لاَحه‌دین به‌هائه‌دین: منیش زانیارییه‌كی‌ تایبه‌تم لا نییه‌و هه‌ر ئه‌و زانیارییه‌ گشتییانه‌م لایه‌ كه‌ جه‌نابی‌ مام جه‌لال به‌ره‌و باشترچووه‌و هه‌موومان به‌و هیوایه‌ین كه‌ له‌ئاینده‌یه‌كی‌ نزیكدا بگه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان.

لڤین: دۆخی‌ یه‌كێتی‌ پاش مام جه‌لال چۆن ده‌بینیت؟
سه‌لاَحه‌دین به‌هائه‌دین: ئه‌و بابه‌ته‌ لێكدانه‌وه‌ی‌ جۆراوجۆر هه‌ڵده‌گرێت, به‌دیوێكدا ره‌نگه‌ یه‌كێتی‌ له‌دوای‌ مام جه‌لال ده‌ستی‌ فراوانتربێت به‌تایبه‌ت له‌بابه‌تی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌‌و رێكه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ نێوانیان‌و به‌مه‌ش یه‌كێتی‌ زیاتر جوڵه‌ی‌ سیاسی‌ به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت، به‌دیوێكی‌ دیكه‌شدا ره‌نگه‌ سه‌ركرده‌كانی‌ نێو یه‌كێتی‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك ناكۆكبن‌و له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كان رێكنه‌كه‌ون, كه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌و پارته‌ به‌ره‌و بچووكبوونه‌وه‌ ببات, به‌ڵام هێنده‌ی‌ ئێمه‌ ئاگاداربین هه‌موویان بڕیاری‌ ئه‌وه‌یانداوه‌ پابه‌ندبن به‌په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ حیزبه‌كه‌یانه‌وه‌, گه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ن ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ كارێكی‌ باشده‌بێت‌و زیان به‌حیزبه‌كه‌ی‌ خۆیان ناگه‌یه‌نن.

لڤین: گه‌ر یه‌كێتی‌ به‌جیا به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن بكات, له‌و باوه‌ڕه‌دای‌ گۆڕانكاری‌ ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌دی‌ بێت؟
سه‌لاَحه‌دین به‌هائه‌دین: گۆڕانكاری‌ له‌ده‌سه‌ڵات به‌هه‌ر جۆرێك بێت, جا ئۆپۆزیسیۆن بێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، یاخود پارتی‌، یان یه‌كێتی‌ به‌جیا، یان هه‌ر جۆرێكی‌ دیكه‌ ئه‌وا گۆڕین‌و ده‌ستاوده‌ستی‌ ده‌سه‌لاَت كارێكی‌ گرنگه‌, به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ زه‌رووره‌ ئه‌زموونه‌كه‌ نه‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌, چونكه‌ وه‌ك ده‌زانین هه‌ریه‌ك له‌م دوو حیزبه‌ چه‌كداریان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش مه‌ترسیداره‌و ره‌نگه‌ كاتێك هه‌ست به‌مه‌ترسی‌ جددی‌ بكه‌ن, به‌كاریبهێنن.

لڤین: ئه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم؟
سه‌لاَحه‌دین به‌هائه‌دین: پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم تا ئێستا دیار نییه‌ كه‌ له‌ئاینده‌دا چی‌ به‌سه‌ردێت, گرنگ نییه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كێ‌ ده‌بێت, گرنگ ئه‌وه‌یه‌ میكانیزمی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم چۆن ده‌بێت, ئه‌گه‌ر له‌په‌رله‌ماندابێت, ره‌نگه‌ كاك مه‌سعود ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ بكات‌و جارێكی‌ دیكه‌ ئه‌و پۆسته‌ وه‌رنه‌گرێت, به‌تایبه‌ت زۆر له‌چاودێران ئه‌م ساڵانه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمیان به‌خراپترین ساڵانی‌ مێژووی‌ سیاسی‌‌و ته‌مه‌نی‌ داده‌نێن‌و به‌سلبی‌ له‌سه‌ر ره‌مزییه‌تی‌ كه‌سایه‌تی‌ شكاوه‌ته‌وه‌, پاش ئه‌وه‌ش ده‌توانرێت پۆسته‌كه‌ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان‌و له‌ڕێگه‌ی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵببژێردرێت, به‌مه‌ش به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و كێشانه‌ی‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌م پۆسته‌ دروستده‌بن چاره‌سه‌رده‌بێت.

لڤین: ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ تۆ خۆت بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندیدبكه‌یت؟

سه‌لاَحه‌دین به‌هائه‌دین: منیش ئه‌و قسه‌یه‌م ته‌نیا له‌ڕاگه‌یاندنه‌كاندا بیستووه‌و هیچ به‌رنامه‌یه‌كی‌ له‌و شێوه‌یه‌م نییه‌.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی