ئێران پێکهاتووه له چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی جۆراوجۆر، واته ئێران وڵاتێکی فره ئتنیکی یان فره نه‌ته‌وه‌ییه. له ئێران‌دا هه‌ر کام له نه‌ته‌وه‌کان خاوه‌نی زمان ، مێژوو، سه‌رزه‌مین و فه‌رهه‌نگی خۆیانن..
راسته که زۆربه‌ی حه‌شیمه‌تی کۆمه‌ڵگای ئێران موسه‌ڵمانن ،به‌ڵام سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران یاساکانی بنه‌ڕه‌تی ولاتی له سه‌ر شیعه‌ی دوازده ئیمامی نوسیووه . واته حوکمه‌تی ئێران له جیاتی ئه‌وه‌ی یاساکانی ولات له سه‌ر بنه‌مای جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ بنووسێت، راست به پێچه‌وانه‌وه یاساکانی به پشت به‌ستن به شه‌رئیه‌تی دینی نووسیووه . بۆیه زۆر جار حکوومه‌تی ئێران به ده‌سه‌ڵاتێکی تئوکراتی یان دینی پێناسه ده‌کرێت. ئه‌م یاسانه بوونه‌ته هۆی ناکۆکی له به‌ینی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران‌دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاساکانی ئێران به دوور له ئێراده‌ی ڕه‌نگه جیاوازه‌کانی ناو وڵات نووسراوه.
له سیسته‌می کۆماری ئیسلامی که زۆرتر به سیسته‌می ویلاتی فه‌قی ده‌ناسرێت، نائه‌داڵه‌تی له بواره‌کانی سیاسی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری گه‌یشتتوته به‌رزترین ئاستی خۆی. کورد یه‌کێک له‌و نه‌ته‌وانه‌یه که 33 ساڵ پێش ئێستا له رێگای نوێنه‌ره‌کانیووه، نیازیان ئه‌وه بوو که پرسی کورد وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌کی خاوه‌ن شوناس له رێگای ئاشتی و دیالۆگ چاره‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵام رێبه‌ری ئه‌و کاتی کۆماری ئیسلامی ئێران واته ” ئایه‌تۆڵا خومه‌ینی” نه‌ك ئاماده نه‌بوو گوێ له داخوازییه‌کانی کورد بگرێت، به‌ڵکوو یه‌که‌مین جیهادی سیاسی تا ئه‌و کات له ناوچه‌که بوونی نه‌بوو، به دژی گه‌لی بێبه‌شی کورد له ئێران، ده‌رکرد.
هه‌ر له کرماشان تا سه‌ڵماس و ماکۆ سه‌دان که‌س له خه‌ڵکی مه‌ده‌نی کورد به ده‌ستووری خومه‌ینی له لایه‌ن سوپای پاسدارنه‌وه، کۆمه‌ڵکوژ کران. به ده‌یان گوند و شوێنی مه‌ده‌نی له کوردستانی ئێران‌دا، له لایه‌ن هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی روخێندران. ده‌یان که‌س به دیل گیران و له به‌رچاوی خه‌ڵک به کۆمه‌ڵ له سێداره‌دران.. کورد و بزوتنه‌وه‌که‌ی به رێبه‌رایه‌تی حیزبه سیاسی یه‌کانی کوردستانی ئێران، ناچار بوون وه‌کوو مافێکی ڕه‌وا و سروشتی به‌رگری له خۆیان بکه‌ن.. به‌ڵام کۆماری ئیسلامی ئێران له باتی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد ، شه‌ڕێکی سه‌رانسه‌ری به سه‌ر کوردستاندا، سه‌پاند.
.
٣٣ساڵه ئه‌و شه‌ڕه به شێوازی جۆراجۆر به‌رده‌وامه. تاکوو نووسینی ئه‌م دێڕانه نه‌ك پرسی کورد چاره‌سه‌ر نه‌بووه، به‌ڵکوو هه‌زاران که‌س له کورده‌کانی ئێران له پێناوی ئازادی‌دا، گیانی خۆیان به‌خت کردووه. هه‌زاران که‌س له زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامی‌دا شکه‌نجه و پاشان ئێعدام کراون.. کۆماری ئیسلامی هه‌زاران ئورگانی جاسۆسی و ڕایڵکه‌ی تروریستی بۆخۆی دروست کردوه و له ماوه‌ی 33 ساڵی رابڕدوودا به ده‌یان که‌س له نه‌یارانی خۆیان له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران، تیرۆر کردووه..
نمونه‌ی ڕوون و ئاشکرا تیرۆر کردنی ڕێبه‌ری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران” دکتور قاسملوو” له ساڵی 1989 له‌ڤیه‌نا و هه‌ر وه‌ها جێگری دکتور قاسملوو واته “دکتور سه‌عید” له ئاڵمان له ساڵی ۱۹۹۲ . ده‌بێ بگوترێت که ناوبراو میوانی وڵاتی ئاڵمان بوو که پاش میوانداریه‌که‌ی ویستی له گه‌ڵ نه‌یارانی ئێران مشوریک بۆ داهاتووی ئێران بخۆن که‌چی ئه‌وانیش به هاوکاری حیزب اڵڵه لیبنان تیرۆرکران۰
حکومه‌تی ئێران 33 ساڵه کوردستانی ئێرانی ئه‌منیه‌تی کردووه و هه‌ر که‌س بچووکترین ناڕه‌زایه‌تی له خۆی نیشان بدات، ده‌س به جێ ڕه‌وانه‌ی زیندان ده‌کرێت و پاشان به بیانووی موادی مخه‌دیر به مه‌رگ حکوم ده‌درێت و سه‌ره‌نجام بۆ چاوترساندنی خه‌ڵک له شوێنه گشتیه‌کان هه‌ڵیان ده‌واسن..
له ئێرانی بان 70 ملیونیدا، ڕه‌نگه ته‌نیا چه‌ن ده‌رسه‌دێک ژیانیان خۆش بێت. ئه‌وانه‌ش هه‌موویان سه‌ر به ناوه‌نده سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ده‌وڵه‌تن.. له ئێران‌دا هێشتا ژنان به‌ردباران ده‌کرێن و منداڵانی ژێر ته‌مه‌ن 18 مه‌حکووم به ئێعدام ده‌کرێن.. به گشتی له ئێران‌دا و به تایبه‌تی له کوردستاندا هیچ هیوایه‌ك بۆ داهاتووێکی گه‌ش نابینرێت..
واته له ئێران‌دا، هاووڵاتی چ کورد بێ و چ سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه ، هیچ گارانتییه‌ك بۆ ئاسایشی ژیانی نیه. له سیسته‌مێکی وه‌کوو ئێران هه‌ر کات مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه که به بیانویکی چکۆڵه ژیانت له ده‌س بده‌یت.
که‌واته به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستیانه‌ی سه‌ره‌وه، تا کۆماری ئیسلامی ئێران له ده‌سه‌ڵات بێت ، دیمۆکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ روو له ئێران ناکات.