"an independent online kurdish website

بە چاوخشاندنێکی سەرپێیی بە بنەماكانی پێشکەوتن لە ناوچەکانی کوردستان‌دا (پارێزگاکانی ورمێ، سنه‌، کرماشان، ئیلام)،agiri_baleki

دەبینین کە ئەو ناوچانە هەمیشە لە دەرەوه‌ی بەرنامەی ئابووریی رێژیمەکانی ئێران بوون‌و هەمیشە ناوچە کوردنشینەکان وه‌ک ناوچەی پله‌ دوو و سێ چاویان لێ‌کراوە، ئەوە لە حاڵێک‌دایە که‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بە بوونی کانگاو داهاتی ژێر زەوی‌و هەروەها کشتوکاڵ‌و ئاژه‌ڵداری بەناوبانگە بەڵام لەگەڵ ئەوەش‌دا هەمیشە لە بەرنامەی پێشکەوتنی ئێران‌دا لە په‌راوێزی بەرنامەدا بووه‌و هیچ کات بەپێی پێویست کار بۆ ئەم پارێزگایانە نەکراوە. ئەو دواکەوتنە لە بنەماکانی پێشکەوتن‌و پێڕاگەیشتن لە هەندێک لە پارێزگاکان وەک سنه‌و ئیلام بە ئەندازەیەکە کە لە ئێران‌دا لە دواکەوتووترین پارێزگاکان دێنە ئەژمار. لێره‌دا هەوڵ دەدەین کە هەندێک نموونە لەبارەی دواکەوتوویی ناوچە کوردنشینەکان لە بواری ئابووری‌و گه‌شه‌سه‌ندن‌دا باس بکەین‌و هەروەها تیشک دەخەینە سەر ئەو کێشانەی بەهۆی خەراپیی بواری ئابووری‌یه‌وه‌ تووشی ناوچە کوردنشینەکانی کوردستانی ئێران بوون. 

کار لە کوردستان
لە کارگاکانی پیشەسازیی ئێران لە ساڵی ١٣٨٦دا بەشی ناوچە کوردنشینەکان تەنیا ٤.٦% بووە،لەو چوار پارێزگا کوردنشینە تەنیا ٣٤٤٦٧ کەس لەو کارگایانەدا کە لە ١٠ کەس زیاتر کاریان لێ‌کردوه‌ خەریکی کار بوون، ئەو ژمارەیە تەنها ٣.١ % لە کارگەرەکانی ئێران پێک دەهێنێ . 
بەپێی لێکۆلینەوەیەک که‌ ساڵی ١٣٨٧ لە پارێزگاکانی (ورمێ، سنه‌، کرماشان و ئیلام) ئەنجام دراوە لەو رێژەیە کە دەتوانن کار بکەن لەو چوار پارێزگایەدا نزیک بە ٣٧٤٠٠٠ کەس بێکارن! بە پێی ئاماری ناوەندە رەسمی‌یەکان لە ساڵی ١٣٨٧ دا رێژەی بێکاری لە گرووپی تەمەنیی ١٥ تا ٢٩ ساڵ لە پارێزگای ورمێ ١٦.٧% ، پارێزگای سنه‌ %٢٣.٦ ، لە پارێزگای کرماشان ٢٥،٥ % و لە پارێزگای ئیلام ٣٠% بووە. هەروەها ئەم رێژەیە لە ساڵی ١٣٩٠دا نەک کەمی نەکردوە بەڵکوو زیادیشی کردوە. هۆکاری چیە ئەو ڕێژانە ئاوا بە خێرایی بەرز دەبنەوە؟ هۆکار زۆرن لەوانە کارو کردەوەکانی حکوومەتەکانی زاڵ بەسەر ئێران دایه‌، حکوومەتی ناوەندی بەشێوەیەکی بەرنامەبۆدارێژراو لەبەرامبەر کوردەکان دا کار دەکا ، بۆ نموونە دانەمەزراندنی کوردەکان لە ئێدارەحکوومەتی‌یه‌کان یان ڕێکخراوو بنیادەکان یاخود ناوەندەکانی خوێندن‌و تەندروستی‌و لە بەرامبەردا کەسانێک کە خەڵکی ئەو ناوچانە نین‌ لە ناوەندی ئێرانەوە دەهێنرێن بۆ بەڕێوەبردنی ئەو کارانەو پڕکردنەوەی شوێنەبەتاڵەکان لە ناوچە کوردنشینەکان.
ڕێژەی بێکاری لە کوردستان بەردەوام به‌رز ده‌بێته‌وه‌ چونکە ڕێژەی کارو دامەزراندن یه‌کسان نیە بە ڕێژەی گەشەی حەشیمەت، هەروەها ئەو ئاماره‌ کە حکوومەتی ناوەندی دەربارەی رێژەی بێکاری لەناوچە کوردنشینەکان بڵاوی دەکاتەوە ناڕاسته‌!

لە کوردستان هیچ کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنان نیە، ئەگەر چاوێکی خێرا بە سەر نەخشەی ئێران‌دا بخشێنن دەبینن کە زۆربەی کارگه‌کانی بەرهەمهێنان‌و هەروەها بناغەکانی ئابووری لە ئێران لە سێ‌گۆشەیەکی فارس‌نیشنی ناوەندی ئێران کۆبۆتەوەو هیچ کارگەیەکی گەورەو بەرهەم‌هێن ناکەوێتە درەوەی ئەم سێ‌گۆشەیەوە. ئەو بەرنامەیه‌ی حکوومەتی ناوەندی بەشێوەیه‌ک بەرنامەبۆدارێژراوەو حکوومەت دوای حکوومەت لە ناوچە کوردنشینەکان دووبارە بۆتەوە. لە زۆربەی بنەماڵەکان لەو ٤ پارێزگایە تەنها یەک کەس کار دەکاو چەند کەسی بێکار لە سەر داهاتی ئەو دەژین. ئەمە وای کردوە کە کێشە کۆمەڵایەتی‌یەکان زیاتر سەر هەڵ‌بدەن. تەڵاق، ئیعتیاد بەمادە هۆشبەرەکان، قاچاغی کەل‌و پەل‌و بێکاری، وای کردوە کە کێشەو ئاژاوە زیاد بکا. هەر بۆیە خەڵکێکی زۆر بە هۆی بوونی کێشەوە ڕێگایان کەوتۆتە زیندانەکان. بێکاری‌ وای لە خەڵک کردوە کە بۆ پەیدا کردنی پارووه‌نانێک بۆ ژیانی خۆیان‌و بنەماڵەکانیان په‌نا بۆ کاری پڕمه‌ترسییش به‌رن. بۆیە زۆر لەوانە لە کاتی ئێستادا خەریکی کۆڵبەری‌و کاری قاچاغی کەل‌و پەل لە سەر سنوورەکانی رۆژئاوای ئێرانن، لەگەڵ ئەوەش دا رێژەی منداڵانی کرێکار زیادی کردوەو زۆربەیان وازیان خوێندن هێناوه‌و روویان کردۆتە ناوەندەکانی کار چونکە ژمارەیەکی زۆر لەوانەی خوێندنیان تەواو کردوە، کاریان ده‌ست ناکه‌وێ.

کارگەکان له‌ کوردستان
بە چاولێکردنێکی نەخشەی ئابووریی ئێران دەتوانین تێبینیی چەند خاڵ بکەین. یەکەم: هەموو کارگەو ناوەندەکانی بەرهەمهێنان لە ئیران‌دا کەوتوونەتە سێ‌گۆشەیەکی فارس‌نشین‌و سەری سێ‌گۆشەکە لە تاران‌و لاکانی دیکه‌ لە شیرازو ئیسفهانە، ئەمە بە کرده‌وه‌ وای کردوە کە زۆر له‌ ناوچەکانی دیکه‌ی ئێران لە بوونی کارگەو ناوەندی بەرهەمهێنان بێ بەش بن. ئەمە لەحالێک‌دایە کە کەرەستە سەرەتایی‌یەکانی ئەم کارگانە لە ناوچەکانی دەرەوەی ناوچەی فارس‌نشینه‌وه‌ دێن‌و لە کارگەکانی ناوەندی ئێران‌دا کەرەستە خاوەکانی ناوچە کوردنشینەکان دەکرێن بە کاڵاو خێرو داهاتەکەی بۆ گیرفانی حکوومەتی ناوەندی دەبێ‌و لە کاتی دابەش‌کردنی داهاتی سەرانەش‌دا کوردەکان وەک پله‌ دوو حیسابیان بۆ دەکرێ. وەک نموونە دەکرێ بەشی بەرهەمهێنانی شەکر لە چەوەندەری قەند وەربگرین‌و لێرەدا باسی بکەین، بەپێی ئاماری ساڵی ١٣٨٥ پارێزگای ورمێ لە چاندنی چەوەندەری قەنددا، بە ٢٩٦٥٠ دۆنم کە دەکاتە ٢٢% لەسەر ئاستی ئێران بە پلەی دووەم دێ‌وهەروەها پارێزگای کرماشان به‌١٣١٤٦ دۆنم کە دەکاتە ١١% لەسەر ئاستی ئێران‌و پارێزگای ئیلام بە ٥٠٠ دۆنم‌و‌ پارێزگای کوردستان بە ١٢٠ دۆنم لە بەرهەمهێنانی چەوەندەری قەنددا بەشدارن ، ئەگەر چاو بەو ئامارانەدا بخشێنین دەبیننین کە ٣٨% تا ٤٠% کە دەکاتە ( ١٦١٩٣٣٥ تۆن) لە چەوەندەری بەرهەم‌هاتوو لە ئێران لە ناوچە کوردنشینەکان بەرهەم دێ، ئەمە لەحالێک‌دایە که‌ کوردستان بەوهەموو چەوەندەرەوە تەنیا یەک کارگەی بەرهەمهێنانی قەندو شەکری لێیه‌ ئەویش کارگەی قەندی میاندواوە، کە ئەویش لە شارێکی ئازەری نشینەو هیچ پەیوەندیی بە کوردەکانەوە نیە. لەم ساڵانەی ڕابردوودا چەندین هەوڵ بۆ دروستکردنی کارگەی شەکر لە پیرانشارو نەغەدە دراوە کە بەهۆی ئەوەی حکوومەت پشتیوانی‌یەکی ئەوتۆی لێ نەکردوە ئەو هەوڵانە ئەگەر جێ بەجێش کراون زۆر لاواز بوون‌و نەتوانراوە وەک کارگەیەکی بەرهەمهێن چاوی لێ‌بکرێ. 
لە لایەکی دیکەوە ئەگەر چاو بە ئاماری کانگاکانی ژێرزەوی‌دا بخشێنین دەبینین بۆ ٥٦٢ کانگای تۆمارکراو لە لایەن حکوومەتی ناوەندی‌یەوە لەم چوار پارێزگایەدا تەنیا ٣٧ کارگه‌ی حکوومەتی هه‌یه‌و ئەوانی دیکه‌ شەخسین‌و حکوومەت خۆی بواردوە لە دروستکردنی کارگاو کارخانە لە نزیک کانگاکانی ژێر زەوی لە کوردستان، خالێکی سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یە کە لە کانگاکانی بەردی پارێزگای ورمێ (مەهاباد) بەردی گرانیت دەردەهێنرێ‌و دەبرێ بۆ ئیسفەهان لەوێ ڕاستەو پاستە دەکرێ‌و دەنێردرێ بۆ دەره‌وەی وڵات‌و خێرو داهاتەکەی پارێزگا کوردنشینەکان بۆ پارێزگاکانی ناوه‌ندی ئێران دەبێ.
هەروەک لەسەروە باس کرا بوونی بێکاری‌و هەروەها نەبوونی بەرنامەیەکی پێویست بۆ پیشکەوتن لە ناوچەکوردنشینەکان دەبنە هۆی دروست‌بوونی زۆر کێشه‌ کە گرینگرینیان لێرەدا دێنینە بەر باس.
ساڵی ١٣٨٧ لە ٤ پارێزگای کوردنشین نزیک بەیەک میلیۆن پەروەندە ( ٩٦٩٦٩١ پەروندە) لە لایەن دادگا گشتی‌یەکان‌و شوورای چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتی‌یەکان کاریان لەسەر کراوەو کۆتایی‌یان پێ‌هێنراوە، کە ئەو ئامارە نیشاندەری ئەو راستی‌یەیە کە ژیانی دانیشتوانی ئەم ناوچانە پڕ لە کێشەو نائارامی‌یه‌ کە زۆربەی هۆکارەکانی ئەم پەروەندانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەم ناوچانە کێشەگەلێکی بنچینەیی هەن وەک لاوازیی باری ئابووریی بنەماڵەکان‌و نەبوونی شوێنی کارکردن بۆ وەدەستهێنانی داهاتێک بۆ بنەماڵەکان، که‌ ئه‌مانه‌ بوونە هۆی ڕووداو گەلێکی نەخوازراو .
لەلایەکی دیکەوە ئەگەر چاو بە ئاماری خۆکوژی‌دا بخشێنین، دەبینین کە لە ساڵی ١٣٨٧ دا نزیک بە ٣١70 هەوڵدان بۆ خۆکوژی (ژن‌و پیاو) لە ئێران دا هەبووە ، کە ٦٢٢ هەوڵیان لە ٤ پارێزگای ( ورمێ، سنه‌، کرمانشان، ئیلام) بووە، یانی ٢٠% هەوڵدان بۆ خۆکوشتن لە ناوچە کوردنشینەکان بووە، کە لەو رێژەیە ٤.٤% لە پارێزگای ورمێ بووە و ٢.٧% لە پارێزگای کوردستان و ٥% لە پارێزگای کرماشان،٧.٩% تایبەت بووە بە پارێزگای ئیلام. هەروەها لە ٩٧٣ هەوڵدان بۆ خۆکوژیی ژنانیش لە ئیران لە ساڵی ١٣٨٧دا، ٢٧٩ هەوڵی خۆکوژی لە ناوچە کوردنشینەکان بووە کە دەکاتە ڕێژەی ٢٨.٦٧% لەسەر ئاستی ئێران، ڕێژەی خۆکوژی تەنیا لە پارێزگای ئیلام ١٣.٧% بووە لە سەر ئاستی ئێران. ئەگەر بەوردی سرنج بدەینە هۆکاری ئەم خۆکوشتنانە دەبینین کە هۆکاری زۆربەیان هەژاری‌و نەداریی بنەماڵەکان بووە، هۆکارێکی دیکه‌ش ئەوەیە کە ژنان بەهۆکاری کۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگی ناتوانن لەدەره‌وە کار بکەن‌و هەربۆیە بۆ وەدەستهێنانی پێداویستی‌یەکانیان چاو لەدەستی پیاوانن. 
نەبوونی کارو هەلی کارو هەروەها ژیانی پڕ موشکیلە دەبنە هۆی ئەوەی لە زۆربەی کات‌دا چوارچێوەی بنەماڵە تێک بچێ،کار بگاتە تەڵاق‌و جیابوونەوەی ژن‌و مێرد لەیەکتری. هەربۆیە ساڵی ١٣٨٧ لەگەڵ ڕێژەیەکی بەرچاوی تەڵاق لە ناوچە کوردنشینەکان‌دا ڕووبەڕوو دەبین ، لە پارێزگای ورمێ لە هەر ٣٩٨٧٤ هاوسەرگیری لە ساڵی ١٣٨٧ دا ٤٠٦٦ تەڵاق هەبووە کە ئەم رێژەیه‌ ٩.٨% لە کۆی هاوسەرگیری‌یەکانی ئەم پارێزگایە پێک دێنێ. هەروەها لە پارێزگای ئیلام لە ساڵی ١٣٨٧ دا ٦٣٦٧ هاوسەرگیری ئەنجام دراوە کە لە بەرامبەردا ١١٠٦ تەڵاق هەبووە کە دەکاتە رێژەی ١٧.٤% رێژەی تەڵاق بەرامبەر بە هاوسەرگیری، ئەم ئامارە لە زۆربەی شارەکانی ناوچە کوردنشینەکان لە نێوان ٢٤% تا ٢٨% بووە، لە پارێزگاکانی کوردستان‌و کرماشان بە تەرتیب ١٨.٢ % و ١٧.٢% بووە. هەروەها ئەو رێژەیە لە دێهاتەکانی مەهابادو سەقز مەریوان تا ٢٤% بووە رێژەی هاوسەرگیری بەرامبەر بە تەڵاق.

ئاکام:
بە پێی ئەو ئامارو زانیاری‌یانەی لە سەروە باس کران بۆمان دەردەکەوێ کە لە ناوچە کوردنشینەکان رێژیمە دەسەڵاتدارەکان بەسەر ئێران‌دا نەک هەوڵیان نەداوە بۆ ئەوەی کە باری گوزەرانی خەڵک چاک بکرێ، بەڵکوو هەمیشە بە بەرنامەو میتۆدی جیاواز ناوچە کوردنشینەکانیان لە پێشکەوتنی ئابووری‌و هەروەها دروست‌کردنی هەلی کار بێ بەش کردوە، ئەم بێ بەش‌کردنەش وای کردوە کە ببێتە هۆی ئەوەی کە چەندین کێشەو دیاردەی نەخوازراو لە کوردستان‌دا بێنە ئاراوە کە چارەسەرکردنیان پێویستی بە کات‌و بەرنامەی تایبەت هەیەو بە مانه‌وه‌ی رێژیمە دیکتاتۆرەکان لە ئێران‌دا جێ‌بەجێ‌کردنی بەرنامەی تۆکمە بۆ ناوچە کوردنشینەکان کارێکی ئاستەمە.

سەرچاوەکان:
١ ـ ناوەندی ئاماری ئێران، نامیلکەی ئاماری بێکاران لە ئێران‌دا 
٢ـ کانگاکانی ژێر زەوی لە ئیران‌دا، لە بڵاوکراوەکانی «سازمان صنایع و معادن»
٣ـ ماڵپەری ناوەندی «انجمن قندو شکر ایران» www.isfs.ir 
٤ـ بڵاوکراوەکانی «سازمان کارو امور اجتماعی»
٥ـ تەڵاق لە ئێران‌دا لە نێوان ساڵانی ١٣٨٠ تا ١٣٩٠ 
٦ـ ماڵپەری وێکی‌پێدیا

له‌ ژماره‌ 606ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی