له قاوه‌خانه‌یه‌كی شه‌قامی (سه‌ین میشێل)ی سه‌نته‌ری پاریس چاوه‌ڕێی ده‌كردم، من خه‌می ئه‌وه‌م بوو چۆن له‌نێوان ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ی ناو قاوه‌خانه‌كه ئه‌و بناسم و بیدۆزمه‌وه، ئاخر پێشتر وێنه‌یشم نه‌بینیبوو.
به‌ڵام (نه‌سرین قاسملوو) وه‌ك ئه‌وه‌ی به رۆحی… هه‌موو كوردێك ئاشنا بێت، هه‌ر به گه‌یشتنم و به یه‌كه‌م بینین، زانی من ئه‌و كه‌سه‌م كه بۆ دیداری ئه‌و هاتووم، سڵاوی لێ كردم و بانگی كردمه لای خۆی، دوای خواردنه‌وه‌ی قاوه‌یه‌ك دانیشتنه‌كه‌مان ئه‌و گفتوگۆیه‌ی لێ هاته به‌رهه‌م.
باس- بۆ یه‌كه‌مین جار چۆن و له كوێ له‌گه‌ڵ دكتۆر عه‌بدولره‌حمانی قاسملوو یه‌كترتان ناسی و پێوه‌ندی له نێوانتان دروست بوو، دوایی چۆن پێوه‌ندییه‌كه‌تان گه‌یشته ژیانی هاوسه‌ری؟
نه‌سرین قاسملوو: ئێمه یه‌كترمان كاتێك ناسی كه من خوێندكاری زانكۆ بووم و ته‌مه‌نم 17 ساڵ بوو، ئه‌ویش 20 ساڵ، ئه‌و یه‌كترناسینه‌ش له زانكۆی پراگ بوو له ساڵی 1952. له ساڵی 1953 ژیانی هاوسه‌ریمان پێكهێنا و له‌و كاته‌وه تا 37 ساڵ چاره‌نووسمان به‌یه‌كه‌وه به‌سترایه‌وه. دكتۆر خوێندنه‌كه‌ی ته‌واو بوو گه‌ڕایه‌وه بۆ ئێران، به‌ڵام من به‌هۆی بوون به دایك، ساڵێك دوای ئه‌و به منداڵه‌وه رۆیشتم بۆ ئێران. له‌وێش چه‌ند مانگێك له‌نێو ماڵباتی قاسملوو بووین له ورمێ. ئیتر هه‌ر له‌وێوه ژیانی نهێنیی ئێمه ده‌ستی پێكرد، چونكه پۆلیس به‌دوای دكتۆره‌وه بوون.
باس- له ده‌می یه‌كتر ناسینتاندا چ شتێك له د.قاسملوودا هه‌بوو كه جێی سه‌رنجی تۆ بوو و تۆی به‌ره‌و لای خۆی راكێشا؟ كه‌سایه‌تیی ئه‌و، رۆشنبیریی ئه‌و یان سیاسی بوونی ئه‌و؟
نه‌سرین قاسملوو: ئه‌وكات من كچێكی 17 ساڵان بووم، كه ئه‌ندامی رێكخراوی لاوانی چێكۆسلۆڤاكیا بووم و هاتبوومه نێو گۆڕه‌پانی سیاسییه‌وه. پێوه‌ندیی ئێمه له سه‌ره‌تاوه سیاسی نه‌بوو، ئێمه زوو عاشقی یه‌كتر بووین. له دواییدا بۆ من شتێكی زۆر سه‌رنجڕاكێش بوو كه ئه‌و ده‌یویست بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خه‌بات بكات. دۆسیه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین بۆ من جێی سه‌رنج بوو، كورد كه پێشتر هه‌ر ناویشم نه‌بیستبوو و نه‌مده‌زانی هه‌یه، بۆ من بووه دۆسیه‌یه‌كی گرنگ. ئه‌وه‌بوو كه ئێمه‌ی له‌یه‌كتر نزیك كرده‌وه.
باس- تۆ 37 ساڵ ژیانی هاوبه‌شت له‌گه‌ڵ د.قاسملوو به‌سه‌ر بردووه، ئێسته كه بیری لێ ده‌كه‌یه‌وه ئه‌و ژیانه چۆن بوو و تا چه‌ند پێی ئاسووده بوویت، ئایا شتێكی تێدا بوو به‌خواستی تۆ نه‌بووبێت؟
نه‌سرین قاسملوو: ژیانی هه‌موو مرۆڤێك هه‌وراز و نشێوی خۆی هه‌یه و ئێمه‌ش هه‌روه‌تر. ئه‌و شته‌ی كه بۆم گرنگ بوو ئه‌وه بوو كه دكتۆر ده‌یوست بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خه‌بات بكات و منیش به‌خته‌وه‌ر بووم له‌و خه‌باته‌دا هاوكاری بووم. پاش مردن هه‌رگیز باش نییه باسی چاكه و خراپه‌ی كه‌سێك بكه‌ین، چونكه هیچ كه‌سمان فریشته نین.
باس- تۆ ته‌نیا وه‌ك هاوسه‌ر له‌گه‌ڵ قاسملوو ژیای، یان به‌یه‌كه‌وه خه‌باتیشتان كرد؟
نه‌سرین قاسملوو: هه‌ردووكیان. وه‌ك هاوسه‌ر ژیاین و هاوخه‌باتیش بووین.
باس- خه‌باتی ئێوه بۆ سه‌ربه‌ستیی كورد بووه یان خه‌باتێكی مرۆیی بووه، واته زیاتر پێبه‌ند بوویت به خه‌بات بۆ كورد، یان خه‌باتێكی ئینته‌رناسیۆناڵ؟
نه‌سرین قاسملوو: تۆ كاتێك خه‌بات ده‌كه‌ی یه‌كه‌م جار خه‌بات بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ی كه لێته‌وه نزیكه، بێگومان هه‌نگاوی یه‌كه‌م خه‌بات بۆ كورده، كاتێ قاسملو له ساڵانی دواتر له ئه‌وروپا ناسرا له‌به‌رئه‌وه بوو كه كه‌سێكی دیموكرات بوو، له‌و رێیه‌وه مه‌سه‌له‌ی كوردی به‌شێوه‌یه‌كی نوێ به دنیا ده‌ناساند، ئه‌و خه‌باتكارێكی كورد بوو، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی تێكۆشانه‌كه‌ی هێز په‌یدا بكات، ئه‌بووایه بیكاته تێكۆشانێكی نێونه‌ته‌وه‌یی، بۆیه خه‌باتی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌سته‌وه به خه‌باتێكی ره‌وا له ئاستێكی نێوده‌وڵه‌تیدا. ئه‌گه‌ر خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی له چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سك و ناوچه‌ییدا بێت، ناتوانی دوور بڕۆیت و به‌جیهانی بناسێنیت. تێكۆشانی ئێمه پێش هه‌موو شتێك بۆ كوردان بووه، كه ئه‌وه بۆ ئێمه له هه‌موو شتێك گرنگتر بووه، به‌ڵام ئه‌و تێكۆشانه بته‌وێ یان نه‌ته‌وێ ده‌بێت بڕواته ده‌ره‌وه‌ی كوردستان.
باس- له ماوه‌ی 37 ساڵی هاوسه‌ریتان ژیانی سیاسیی د.قاسملوو چ جۆره كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ژیانی خێزانیتان هه‌بوو، ئه‌و كاریگه‌رییه باش بوو یان خراپ؟
نه‌سرین قاسملوو: من له ژیان له‌گه‌ڵ قاسملوودا فێری شتێك بووم، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه بۆ مرۆڤی خه‌باتگێڕ، یه‌كه‌م شت كه گرنگه خه‌باته‌كه‌یه‌تی. له هه‌لومه‌رجێكی ناسكدا كه مرۆڤ تێیده‌كه‌وێت ئه‌وه‌ی بیری لێده‌كاته‌وه تێكۆشانه نه‌ك خێزان. واته له‌وڕووه‌وه له‌راستیدا خێزانه‌كه‌ی له پله‌ی دووه‌مدا بوو، به‌و پێیه ژیانی ئێمه زۆر ئاسایی نه‌بوو.
باس- ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی پێشوو پێچه‌وانه بكه‌ینه‌وه، ژیانی خێزانیتان كاریگه‌ریی بووه له‌سه‌ر تێكۆشانی سیاسیی د. قاسملوو واته ڕێگریی لێ كردووه؟
نه‌سرین قاسملوو: (به‌پێكه‌نینه‌وه) نا من پێموایه عه‌بدولره‌حمان شانسی هه‌بوو، چونكه من ده‌ركم پێ ده‌كرد. ژیانی خێزانیمان هه‌رگیز كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر خه‌باته‌كه‌ی دانه‌نا، چونكه من هه‌میشه هاوكاری بووم. ئه‌توانم بڵێم زۆرتری ژیانی ئێمه وابوو كه به‌یه‌كه‌وه نه‌بووین، ئه‌و به‌رده‌وام له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و به‌هۆی كاری سیاسییه‌وه له سه‌فه‌ردا بوو و منیش ده‌ركم ده‌كرد، هه‌رگیز پێی بێزار نه‌بووم. له راستیدا خێزان بۆ ئه‌و هه‌میشه پێگه‌یه‌كی به‌هێز و یارمه‌تیده‌ری بوون بۆ خه‌باته‌كه‌ی، كه ئه‌و ده‌یتوانی پشتی پێ ببه‌ستێت.
باس- دووریی ئه‌و لێتان، بێجگه له لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر لایه‌نی سایكۆلۆجیتان نه‌بوو، ژیانی تۆی دژوار نه‌كردبوو؟ به‌و ته‌رزی ژیانه ناڕه‌حه‌ت نه‌بووی؟
نه‌سرین قاسملوو: دژوار بوو، چونكه منداڵه‌كان حه‌زیان ده‌كرد باوكیان ببینن و منیش مێرده‌كه‌مم كه‌م ده‌بینی و بۆ هه‌موو كاره‌كان ته‌نیا بووم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من بۆ ئه‌و و بۆ كورد كردم منی ره‌زامه‌ند ده‌كرد، واته سه‌ختییه‌كان نه‌بوونه هۆی به‌دبه‌ختیمان.
باس- ئێوه منداڵتان هه‌بوو، د. قاسملوو توانی هیچ ڕۆڵێكی له په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كاندا هه‌بێت، یاخود ئه‌و كاره‌ی بۆ ئێوه به‌جێ هێشتبوو؟
نه‌سرین قاسملوو: ئه‌و كاتی زۆر كه‌م بوو بۆ ئه‌وه، منداڵی زۆر خۆش ده‌ویستن، به‌ڵام ده‌رفه‌تێكی وه‌های نه‌بوو له‌گه‌ڵیان بێت و ئاگای له په‌روه‌رده‌ی رۆژانه‌یان بێت، بۆیه من په‌ره‌وه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانم وه‌ئه‌ستۆ بوو. ئه‌و كارێكی وه‌های كرد كه كورد و حزبی دیموكرات بناسرێن، ئه‌وه‌ش بایه‌خی كێشانی ئه‌و دژوارییانه‌ی ئێمه‌ی هه‌بوو.
باس- قاسملوو دوور له سیاسه‌ت له بواری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه چ جۆره مرۆڤێك بوو؟
نه‌سرین قاسملوو: كه‌سێكی زۆر كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، به‌ئاسانی دۆستی بۆ خۆی ده‌دۆزیه‌وه، ره‌فتاری زۆر شیرین بوو، رووخۆش بوو. زۆر حه‌زی له گاڵته‌وگه‌پ بوو، هه‌میشه مه‌ته‌لۆك و داستانی كورت و سه‌رنجڕاكێشی ده‌گوتن و خه‌ڵك حه‌زیان به دانیشتن و قسه‌كردن له‌گه‌ڵی هه‌بوو، به ئاسانی به‌رامبه‌ره‌كانی له خۆی رازی ده‌كرد و خه‌ڵكی به‌ره‌و لای خۆی راده‌كێشا.
باس- ئه‌وانه بوونه هۆی ئه‌وه‌ی تۆی له ته‌مه‌نی 17 ساڵیدا به‌ره‌و لای خۆی راكێشا؟
نه‌سرین قاسملوو: به‌ڵێ. پێموایه، چونكه زۆر گه‌نج بوو. هه‌ر ئه‌و كاته‌ی من ناسیم كه‌سێكی قسه‌خۆش و ده‌م به‌پێكه‌نین بوو، دیاره منیش له ته‌مه‌نی 17 ساڵیدا حه‌زم له كه‌سێكی وابوو.
باس- ئه‌وكات بیرت له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه پێكهێنانی ژیانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كه‌سێكی سیاسی بۆی هه‌یه به‌ره‌و ڕووی سه‌ختی و ناهه‌مواریت بكاته‌وه، به‌تایبه‌تی بۆ تۆی كچێكی گه‌نجی ئه‌وروپایی له‌وكاتدا؟
نه‌سرین قاسملوو: ئه‌و كاته‌ی هیشتا مرۆڤێكی كامڵ نیت و عاشقیت، بیر له‌و شتانه ناكه‌یته‌وه و پێتخۆشه خه‌بات بكه‌یت. له راستیدا چێكۆسلۆڤاكیای ئه‌و كات خه‌ڵكه‌كه‌ی سیاسی بوون و ئێمه‌ش گه‌نج بووین و ده‌مانویست جیهان بگۆڕین و باشتری بكه‌ین. منیش حه‌زم لێ‌بوو دنیا بگۆڕم (به‌پێكه‌نیه‌وه). هه‌رگیز بیرم له رۆژانی سه‌ختی دواڕۆژ نه‌ده‌كرده‌وه، كاتێك عاشقیت پێتوایه ده‌توانی زاڵ بیت به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌دا كه دێنه ڕێت. ئه‌و پرسیاره له گه‌وره‌كان ده‌كرێت نه‌ك له گه‌نجه‌كان.
با)- ئه‌و ناوه كوردییه (نه‌سرین) چۆن و كه‌ی بوو به ناوی تۆ؟
نه‌سرین قاسملوو: ناوی نه‌سرین داستانی خۆی هه‌یه، ئه‌و كاته‌ی له به‌غدا به‌نهێنی ده‌ژیام له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانم، به‌رده‌وام له شوێنێك ده‌چووین بۆ شوێنێكی تر، بۆ هه‌ر شوێنێكی تازه بچووباین ناوێكی نوێمان له خۆمان ده‌نا تا نه‌ناسرێینه‌وه، جارێكیان كه به‌نهێنی له ماڵێكدا ده‌ژیاین سێ گه‌نجی تری كوردی لێ بوو، كاتێ ده‌ستمان كرد به‌وه‌ی ناوی نوێ له خۆمان بنێین، یه‌كیان گوتی با ناوی تۆ (نه‌سرین) بێت، چونكه نه‌سرین ناوی گوڵێكی سپیه له كوێستانه‌كان. تۆش له چیا و كوێستانه‌وه هاتوویت و سپیت، ئه‌و گه‌نجه ناوی جه‌لال تاڵه‌بانی بوو. نازانم بۆ ئیتر ئه‌و ناوه هه‌رچه‌ند ناوی نهێنیی تریشم هه‌بوو، به‌ڵام بوو به ناوی من. ئه‌وه‌بوو پێش ئه‌وه‌ی عه‌بدولره‌حمان قاسملوو جه‌لال تاڵه‌بانی بناسێت، من ئه‌وم ناسی.
باس- پاش تیرۆركردنی دكتۆر قاسملوو و هه‌روه‌ها دكتۆر شه‌ره‌فكه‌ندی، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لاواز بوو و ئێسته دوو كه‌رته، ئایا پێتوایه ئه‌وان له‌سه‌ر هه‌مان رێبازی د.قاسملوون؟ ئه‌و كه‌رتبوونه چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ئێوه هه‌بووه؟
نه‌سرین قاسملوو: بۆ من زۆر دژواره، چونكه عه‌بدولڕه‌حمان هه‌موو ژیانی خۆی له‌پێناوی ئه‌وه دانا تا رێگه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه یۆ باشتركردنی ژیانی گه‌له‌كه‌ی و به‌خته‌وه‌ریی نه‌ته‌وه‌كه‌ی. پاش 1978 كه گه‌ڕایه‌وه بۆ كوردستان و سكرتێری گشتیی حزبه‌كه‌ی بوو هه‌تا كاتی شه‌هیدبوونی، حزبی دیموكراتی كرده حزبێكی به‌هێز و گه‌وره و ناسراو. ئه‌وه‌ی كه له‌دوای مه‌رگی ئه‌و رووی داوه له من مه‌پرسن، چونكه ئاگه‌داری ورده‌كارییه‌كان نیم، ته‌نیا ئه‌وه ده‌زانم ئه‌و رووداوانه رووداوگه‌لێكی زۆر زۆر خراپ بوون، ئێسته حزبی دیموكرات بووه‌ته دوو حزبی دیموكرات.
هه‌رچه‌ند هه‌ردوو حزبی دیموكرات نوێنه‌رایه‌تییان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌یه، به‌ڵام هیچ كه‌سێك ئه‌وان زۆر به‌جدی وه‌رناگرێ و لای من وایه ئه‌گه‌ر ئێسته عه‌بدولڕه‌حمان زیندوو بووایه‌ته‌وه زۆر ناڕه‌حه‌ت ده‌بوو، ئێسته كه ئه‌و نییه من ئه‌و خه‌مه ده‌كێشم. ناتوانم له‌وباره‌یه‌وه بدوێم، چونكه هه‌رلایه‌نێك له‌وان وه‌ها قسه‌یه‌ك ده‌كه‌ن كه باش نین. من ئه‌و لایه‌نه‌ی كه له‌تبوون كۆمه‌ڵێكیان ده‌ناسم، ده‌بێ بڵێم كه كارێكی زۆر خراپیان كرد، كارێكی خراپیان له به‌رامبه‌ر میلله‌ته‌كه‌ی خۆیان كرد. ئێسته هه‌ردووكیان ده‌ڵێن له‌سه‌ر رێبازی قاسملوون و هه‌ردوولایان ناوی حزبی دیموكراتی كوردستانیان هه‌یه و سه‌ریشیان له خه‌ڵك شێواندووه، خه‌ڵك چۆن بزانێت كام له‌وان له‌سه‌ر هێلی قاسملوویه!، قاسملوو سیمبۆلێكه له كوردستانی ئێران و هه‌موو كه‌س خۆشی ده‌وێت، له‌ڕاستیدا ئه‌وان رێبازی قاسملوویان شێواند. ئێسته پێویسته كه‌سانێك بێن كه له مه‌سه‌له‌كه حاڵین و دووباره حزب بخه‌نه‌وه سه‌ر رێگه‌ی خۆی.
باس- پێوه‌ندیی تۆ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حزبی دیموكراتی له‌یه‌ك جیابووه‌وه چۆنه؟
نه‌سرین قاسملوو: من له‌گه‌ڵ لاده‌ران هیچ پێوه‌ندییه‌كم نییه، من له‌گه‌ڵ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كه به‌ڕێز مسته‌فا هیجری سه‌رۆكیه‌تی پێوه‌ندیی به‌رده‌وامم هه‌یه. من ده‌مه‌وێت حزبی دیموكرات به‌ره‌و پێش بچێت، حزبی دیموكرات لای من ئه‌وانه‌ن كه دیانه‌وێت له‌سه‌ر رێبازی قاسملوو بڕۆن، به‌داخه‌وه كه‌سێك نییه ئه‌و داناییه‌ی قاسملووی هه‌بێت، به‌ڵام هه‌ن كه راستگۆن، ئێسته ئه‌وان ئه‌گه‌ر كارێكیان به من بێت، بۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌م. ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌سانێك له‌گه‌ڵ لاده‌ره‌كان كه‌وتوون كه من لێیان تێده‌گه‌م، حزب لاواز بوو، تێكۆشان نه‌مابوو به‌و جۆره‌ی ئه‌وان بیریان لێ ده‌كرده‌وه، ئه‌وانیش نیازی خه‌باتیان هه‌بوو، رابه‌ره‌كانیان به‌ڵێنیان پێدان كه بیانخه‌نه سه‌ر رێگه‌ی خه‌باتكردن، ئه‌وان به‌درووشمی خه‌باته‌وه جیا بوونه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه شه‌ش حه‌وت ساڵ تێپه‌ڕی هیچیان نه‌كردووه. ئێسته من له رابه‌رانی لاده‌ران زۆر ناڕه‌حه‌تم، به‌ڵام له‌و كه‌سانه نا كه له‌گه‌ڵیان رۆیشتن.
باس- هه‌وڵێك له‌ئارادا بوو بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی حزبی دیموكرات، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكی لێ نه‌كه‌وه‌ته‌وه، ئێوه هیچ هه‌وڵتان له‌وباره‌یه‌وه داوه؟
نه‌سرین قاسملوو: من ئه‌و كاته‌ی زانیم كه‌رتبوونه‌كه رووی دا، له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده قسه‌م كرد و وتم كارێكی باشتان نه‌كردووه و ئیتر له‌گه‌ڵ كه‌سانی تریان قسه‌م نه‌كردووه و ناشمه‌وێ لایه‌نگیری بنوێنم، هیچ له‌و قسانه‌شم قبووڵ نه‌بوو كه بۆیان كردم، ئه‌وان به‌هێزن له‌به‌رامبه‌ر مندا و منیش ئیتر به‌ساڵا چووم و ئه‌و هێزه‌م نییه كه بتوانم هه‌موو كارێك بكه‌م، رام وایه كورده‌كان خۆیان ده‌بێت تێبگه‌ن و هه‌وڵ بده‌ن جارێكی تر حزب وه‌كو خۆی لێ بكه‌نه‌وه.
باس- تۆ له رابردوودا ئه‌ندامی حزبی دیموكرات بوویت یان نا، ئه‌ی له ئێسته‌دا؟
نه‌سرین قاسملوو: نا من ئێسته ئه‌ندامی هیچ حزبێك نیم، له رابردوودا هه‌ر ته‌نیا ساڵێك ئه‌ندامی حزبی دیموكراتی كوردستان بووم، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كێك له ئه‌ندامان داوای ئه‌ندامه‌تیی لێ ده‌كردم و وازی لێ نه‌هێنام تا ماندووی كردم، بۆیه ئیمزام كرد ببمه ئه‌ندام و پاش ساڵێك لێی چوومه ده‌ره‌وه. من كه‌سێك نیم بتوانم له چوارچێوه‌ی حزبیدا هه‌ڵكه‌م.
باس- پێوه‌ندییه‌كانی د.قاسملوو .زۆر فراوان بوون، نه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵ پارته كوردییه‌كان به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ زۆر له پارته‌كانی دنیا و به‌تایبه‌ت پارته سۆسیال دیموكراته‌كانی ئه‌وروپا. ئه‌وه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه د.قاسملوو سیاسییه‌كی لێهاتوو و كارا بوو یان بۆ ئه‌وه‌ی كه ئۆپۆزسیۆنی ئێران بوو و به دژی ئێران هاوكارییان ده‌كرد؟
نه‌سرین قاسملوو: من هه‌ندێ كه‌سایه‌تیم ده‌ناسی له ئه‌وروپا كه هه‌رگیز نه‌یانده‌ویست لایه‌نگری جوڵانه‌وه‌یه‌ك بن كه له دژی خومه‌ینی بێت، ئه‌گه‌ر حزبی دیموكرات و د. قاسملوو له ئه‌ورووپا جێگه‌ی په‌سندكردن بوون ئه‌وه پێوه‌ندیی به كه‌سایه‌تیی د. قاسملووه هه‌بوو، كه دیپلۆماتێكی زۆر به‌توانا بوو، كه‌سێك بوو زانیاریی زۆری هه‌بوو، د.قاسملوو كه‌سایه‌تییه‌كی خوێنده‌وار، به‌ئه‌زموون و لێهاتوو بوو كه ده‌یتوانی به‌چه‌ند زمان قسان بكات، ده‌یتوانی به زمان و فه‌رهه‌نگی ئه‌وروپاییه‌كان خۆیان له‌گه‌ڵیان بدوێت.
باس- كارایی و دیپلۆمات‌بوونی د.قاسملوو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاستی خوێندن و ئه‌وه‌ی له خوێندن فێری ببوو، یان بۆ توانای تایبه‌تی خۆی وه‌ك كه‌سێكی جیدی؟
نه‌سرین قاسملوو: من پێموایه قاسملوو ته‌لیسمێكی هه‌بوو كه له‌گه‌ڵیدا له‌دایك ببوو. هه‌روه‌ها له‌لایه‌نی په‌روه‌رده و خوێندن ئه‌و له خێزانێكدا گه‌وره ببوو كه ئیمكاناتی زۆریان هه‌بوو.
باس: پێتوایه قاسملوو كه‌سایه‌تییه‌كی كاریزمایی بووبێت، توانایه‌كی هه‌بووبێ له لایه‌نی كه‌سایه‌تی و سیاسی و دیپلۆماتی كه ناكرێ له كه‌سانی تردا هه‌بێت، ئه‌وه‌ش وای لێكردبێت هه‌مووان پێی سه‌رسام بن؟
نه‌سرین قاسملوو: من پێموایه له دنیادا زۆر كه‌س هه‌ن كه كارێزمایین، ئه‌و تاكه‌كه‌س نه‌بووه كه ئه‌و توانایه‌ی هه‌بووبێت، به‌ڵام هه‌بوونی كارێزما لای كه‌سێك پێویستی به زانیاریی فراوانیش هه‌یه، له هه‌مان كاتدا هه‌بوونی ئامانجێك كه ئه‌و توانایه كارێزماییه‌ی له‌پێناودا به‌كار بهێنێت، ئه‌وانه به‌یه‌كه‌وه وا ئه‌كه‌ن بتوانی كه‌سانی تر بڕوا پێ بێنی، جا ئه‌و ئاستی خوێنده‌وارییه‌كه‌یشی كاریگه‌ریی هه‌بوو. ئه‌و له ئه‌ورووپا به‌ئاسانی ده‌یتوانی سۆسیال دیموكراته‌كان به‌قه‌ناعه‌ت بگه‌یه‌نێت و باشتر له‌وه‌ش له كوردستانیش كورده‌كان به‌باشی قایل بكات. به‌داخه‌وه ئه‌و كه‌سانه‌ی خوێنده‌واریی وه‌كو ئه‌ویان هه‌بێت له‌نێو كوردان كه‌من.
باس- مام جه‌لال پێوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ د.قاسملوودا هه‌بوو، ئایا ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی به خانه‌واده‌كه‌یه‌وه به‌رده‌وامه؟
نه‌سرین قاسملوو: نا، نیه‌تی.
باس: بۆچی؟ هۆیه‌كه‌ی چییه؟ پێتوایه به‌هۆی كاریگه‌ریی پێوه‌ندیه‌كانی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئێرانه‌وه بێت؟
نه‌سرین قاسملوو: پرسیاری سه‌ختم لێ ده‌كه‌یت. ئه‌وان سه‌ره‌تا پێوه‌ندیی هاوڕێیه‌تیی دۆستانه‌یان هه‌بوو، دواتر پتر پێوه‌ندیی سیاسی‌یان هه‌بوو وه‌ك له دۆستایه‌تی. ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن هه‌تا ئاخر پێوه‌ندیی دۆستانه‌یان هه‌بوو من پێموایه ئاگه‌داری ژیانی نه‌بوون. من له راستیدا بۆ خۆم هیچ كات هاوڕێیه‌تیی نێزیكم له‌گه‌ڵ نه جه‌لال تاڵه‌بانی نه هێرۆخان نه‌بووه. یه‌كه‌م جار كه هێرۆ خانم ناسی له كوردستان بوو كه فیلم به‌رداری ده‌كرد، كه‌سێكی سه‌مپاتیك (خۆشمه‌شڕه‌ب) هاته به‌رچاوم. ئیتر بۆ له‌مه‌ودوا نه‌مبینیه‌وه، پێموایه ئه‌وان سه‌رقاڵن و له‌گه‌ڵ مام جه‌لال خه‌ریكی سه‌رۆكایه‌تین، له‌گه‌ڵ ئێرانیش هاتوچۆیان هه‌یه.
باس- هیچ كات هێرۆخان پێوه‌ندیی پێوه نه‌كردوویت؟
نه‌سرین قاسملوو: نه‌خێر. جارێكیان پێش ئه‌وه‌ی ببنه سه‌رۆكی عێراق مام جه‌لال هاته پراگ و پێوه‌ندیم پێوه كردن و داوام لێ كرد یارمه‌تیی دوو ده‌رهێنه‌ری چیكی بدات كه ده‌یانویست له‌باره‌ی (فه‌ناتیزم) و ژیانی فره‌ئاینی و ئاشته‌وایی له كوردستان فیلمێك به‌رهه‌م بهێنن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من خۆم ئه‌و توانا داراییه‌م نه‌بوو، من تێبینیم كردبوو له كوردستان وه‌ك شوێنه‌كانی تری دنیا فه‌ناتیزم بوونی نه‌بوو، له كوردستان ئیسلام و مه‌سیحی و ئاینه‌كانی تر بوونیان هه‌یه، به‌رهه‌مهێنانی فیلمێك له‌سه‌ر ئه‌وه زۆر كاریگه‌ریی له ناساندنی كورد به‌لایه‌نی باشیه‌وه بۆ جیهانی ده‌ره‌وه ده‌بوو، چونكه ئه‌گه‌ر جیهانی ده‌ره‌وه بزانن كه كورد فه‌ناتیك نییه ئه‌وه بۆ خۆی كۆمه‌كێكی گه‌وره‌یه بۆ كورد. هه‌موو به‌ڵێنێكیان دا به‌ڵام دوایی وا نه‌بوو.
باس- ئه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و شه‌خسی كاك مه‌سعود بارزانی هیچ پێوه‌ندیتان هه‌یه، ئه‌وانتان بینیوه؟
نه‌سرین قاسملوو: نه‌خێر، پێوه‌ندیم نییه. كاك مه‌سعودم چه‌ند جار بینیوه. كاتی خۆی چه‌ندین جار كاك ئیدریسم بینیبوو و هه‌روه‌ها مه‌لا مسته‌فا بارزانیشم كاتی خۆی بینیبوو كه له پراگ و له ئێرانیش میوانی ئێمه بوو، واته میوانی د.قاسملوو و من بوو.
باس- كه‌ی بوو كه مسته‌فا بارزانی میوانی ئێوه بوو له پراگ؟
نه‌سرین قاسملوو: له ساڵی 1958 كاتی كه له ئیمگراسیۆنی شۆره‌وی له‌سه‌ر بانگهێشتی عه‌بدولكه‌ریم قاسم گه‌ڕانه‌وه بۆ عێراق. ئه‌و كاته ئێمه هێشتا له پراگ بووین، تازه ده‌ستم به خوێندن كردبووه‌وه، به‌ڵام رۆیشتین بۆ عێراق، چونكه مه‌لا مسته‌فا ئێمه‌ی بانگهێشتی كرد بۆ كوردستانی عێراق.
باس- پێوه‌ندیتان هه‌ر ئه‌وه‌نده بووه، یان ناته‌وێ له‌وباره‌یه‌وه چیتر بڵێیت؟
نه‌سرین قاسملوو: من پێموایه بارزانییه‌كان عه‌شیره‌تێكی گرنگن له عێراق و ئه‌م خه‌باته‌ی مه‌لا مسته‌فاش به‌لایانه‌وه زۆر گرنگ بووه، خه‌باتی ئه‌وان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه زۆر گرنگ بووه، ئێسته‌ش دیاره كه دنیا گۆڕاوه، من رێزی زۆرم هه‌یه بۆ بارزانییه‌كان، به‌ڵام چونكه ئێسته زۆر نێزیك نیم، ناتوانم ده‌رباره‌ی ئه‌وان بیروڕایه‌ك ده‌رببڕم.
باس- حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار یه‌كێتی و پارتی، هه‌تا ئێسته تۆیان بۆ كوردستان بانگهێشت كردووه؟
نه‌سرین قاسملوو: بانگهیشتیان كردووم هه‌ردوولایه‌ن، به‌ڵام من نه‌چووم.
باس- بۆچی نه‌چوویت و بانگهێشتنه‌كانت قبووڵ نه‌كردووه؟
نه‌سرین قاسملوو: ئایا ناچارم وه‌ڵام بده‌مه‌وه؟
باس- خۆت ئه‌یزانی، ئه‌گه‌ر وه‌ڵام بده‌یته‌وه باشتره.
نه‌سرین قاسملوو: بڕوانه من له‌گه‌ڵ هه‌موو بزووتنه‌وه‌كانی كوردستان كه‌متاكورتێ نێزیك بووم، به‌ڵام ئه‌و رووداوه‌ی له ڤییه‌ننا رووی دا منی دڵ‌سارد و بێ‌ئومێد كرد، ناتوانم هه‌ستم به‌دروستی ده‌رببڕم و بڵێم كه هه‌ستم چۆنه، ناتوانم خۆم بم و هیچ نه‌ڵێم به‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌توانم قسه‌ی خۆم بكه‌م، ئه‌وانه‌ی تا ئێسته ده‌توانم قسه‌ی خۆمیان پێ بڵێم ئه‌ندامانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانن و به‌توندی قسه‌ی خۆم كردووه و قسه‌ی خراپیشم كردووه، بۆچوونی خۆشمم پی گوتوون، به‌ڵام ناتوانم قسه‌كانی خۆم به پارته‌كانی كوردستانی عێراق بڵێم.
باس- واته قسه‌ی خۆت هه‌یه به‌وانیش بڵێی به‌ڵام نه‌تگوتووه؟
نه‌سرین قاسملوو: به‌ڵێ.
باس- ئه‌گه‌ر ئێسته‌ش بانگهێشتت بكه‌ن هه‌ر ناڕۆی؟
نه‌سرین قاسملوو: نه‌خێر ناڕۆم، هه‌تا كۆتایی ته‌مه‌نم ناڕۆم.
باس- د.قاسملوو كه‌سێكی دیپلۆماتكار، جددی و زانا بوو. به‌ڕای تۆ چۆن بوو وا به‌ئاسانی كه‌وته داوی ئێرانیه‌كانه‌وه و سه‌ره‌نجام بووه هۆی له‌ناوچوونی؟
نه‌سرین قاسملوو: ئه‌وه پرسیارێكه هه‌موو كه‌س ده‌پرسن و وه‌ڵامی كۆتاییشی نییه. ئه‌و كاته‌ی ئه‌وه رووی دا ماوه‌ی 10 ساڵ ده‌بوو حزبی دیموكرات ناچار بوو له دژی سوپای پاسداران‌دا شه‌ڕ بكات و خه‌بات بكات، میلله‌تی كورد زۆر ماندوو ببوو، ئه‌وه راستییه، حزب ئه‌و ئیمكاناته‌ی پاسداره‌كانی نه‌بوو، پێشمه‌رگه‌كانی دیموكرات زۆر بوێرانه به‌رگرییان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و توانایه‌ی خومه‌ینی هه‌یبوو ئه‌وان نه‌یانبوو، قاسملووش مرۆڤێكی شه‌ڕخواز نه‌بوو. ئه‌و و ئێرانییه‌كان زستانی 1988-1989 له ڤیه‌ننا به‌یه‌كه‌وه دانیشتن و من نازانم بۆ له‌گه‌ڵیان دانیشت، به‌ڵام ده‌زانم هه‌موو هه‌وڵی ئه‌وه بوو رێگه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه بدۆزێته‌وه تا كۆتایی به شه‌ڕ بهێنێت. له‌كاتێكدا ئه‌نجامه‌كان به هیچ گه‌یشتن بۆچی ئه‌و پێشنیاری دووه‌می قبووڵ كرد، نازانم ته‌نانه‌ت هیچ بڵێم، رام وایه چونكه تازه خومه‌ینی مردبوو، ره‌فسه‌نجانیش خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی وڵات ئاماده ده‌كرد و له هه‌موو شوێنێك واناسرابوو گوایه عاقڵتر له‌وانی تره. عه‌بدولڕه‌حمان به منی گوت ره‌فسه‌نجانی ئێسته ده‌بێ بیر له‌وه بكاته‌وه كۆتایی به‌شه‌ڕ بێنێت و بارودۆخی نێوخۆی وڵات باش بكات. شه‌ڕی نێوان ئێران و عێراق ته‌واو ببوو، ئێران وێران ببوو و ئاساییه ده‌بێ ره‌فسه‌نجانی بیری له سارێژكردنی برینه‌كانی شه‌ڕ بكردایه‌ته‌وه بۆ پێشكه‌وتنی وڵاته‌كه‌ی و پێموایه عه‌بدولڕه‌حمان پێیوابوو ده‌توانێ ئه‌وان به‌قه‌ناعه‌ت بگه‌یه‌نێت. كاتێكیش كاره‌ساته‌كه رووید ا من وتم چۆن بوو كه‌سێك به‌م دیده سیاسییه و پێشینه و ئه‌زموونه‌وه وای كرد؟! به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌بوو و پێموایه نایشیبێت.
باس- به‌ر له تیرۆركردنی له ڤیه‌ننا ئه‌و له‌باره‌ی وتوێژه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان هیچی به تۆ گوت؟
نه‌سرین قاسملوو: به منی گوت كه بۆ جاری دووه‌م له زستاندا ده‌یه‌وێت بڕوات له‌گه‌ڵیان دابنیشێت و منیش به عه‌قڵێكی دێهاتیانه پێمگوت بیرت نه‌چێت كه كاتی خۆی باوكت چی پێ گوتی، ئامۆژگاریی باوكیم وه‌بیر هێنایه‌وه و پێم گوت بیرت نه‌ماوه چیان به سمكۆی شكاك كرد؟. ئه‌و گوتی من به ئێرانییه‌كانم گوتووه من سمكۆ نیم. به‌كورتی له‌سه‌ر ئه‌وه من و ئه‌و شه‌ڕێكی سیاسیمان بوو، چونكه من ئه‌و رۆیشتنه‌ییم به خراپ ده‌زانی. له دڵی خۆمدا ده‌مگوت من كه سیاسی نیم و ناتوانم كارێك بكه‌م. كه به‌داخه‌وه ئاكامه‌كه‌ی ئه‌وه بوو. (لێره‌دا خاتوو نه‌سرین خه‌مناك و چاوه‌كانی پڕ بوون له ئاو)
باس- كێ له پشت پێكهێنانی دیالۆگی نێوان ئێران و د.قاسملوو بوو واته لایه‌نی سێیه‌م له‌و وتوێژانه كێ بوو؟ پارته كوردییه‌كان یان ئه‌وروپاییه‌كان یان هه‌ر لایه‌نێك و كه‌سێكی تر؟
نه‌سرین قاسملوو: تا به‌ڵگه‌م نه‌بێت ناتوانم به دروستی قسه بكه‌م، ته‌نیا بۆچوونی خۆم و ئه‌وه‌ی دیومه ده‌توانم بڵێم، له قۆناخی یه‌كه‌م جه‌لال تاڵه‌بانی بوو، گفتوگۆی كاتی زستان ئه‌و رێكی خست، پێشمه‌رگه‌كانی خۆی له‌وێ دانا و خۆیشی له‌وێ ئاماده بوو، له‌و دانیشتنه‌دا هیچ شتێك رووی نه‌دا، به‌ڵام دواتر بیستم ئێرانییه‌كان وتبوویان “تاڵه‌بانیمان ناوێ چونكه (ببورن ئه‌وه قسه‌ی ئه‌وانه) ناڕاستگۆیه و گفتوگۆی ئێمه نهێنییه و ئه‌و له‌ملاولا رای ده‌گه‌یه‌نێت”. نێوانگیریی دووه‌م به‌ڕێز فازڵ ره‌سووڵ بوو، من له‌وه‌یان تێنه‌گه‌یشتم، فازڵ ره‌سوڵ دۆستانێكی له ده‌وڵه‌تی ئێران‌دا هه‌بوون، خۆیشی پیاوێكی ئیسلامی بوو، ته‌نیا ئه‌وه‌ی من لێی تێگه‌یشتم ناچار بوون ئه‌ویش بكوژن بۆ ئه‌وه‌ی شایه‌تحاڵێك نه‌مێنێت. به‌ڵام چۆن بوو ئه‌و وه‌ك میانگیر په‌سند كرابوو له‌لایه‌ن د.قاسملووه، ئه‌وه من لێی تێنه‌گه‌یشتم.
باس- د.قاسملوو دۆستانێكی له ئه‌ورووپا هه‌بوون یه‌كێكیان د.فریدریك تیسۆ كه ئێسته كۆنسولی فه‌ره‌نسایه له هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها بێرنارد كۆشنه‌ر و ئه‌وانی تر. ئه‌وان له ئیسته‌دا پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی قاسملوودا ماوه؟
نه‌سرین قاسملوو: ئێمه هیچ پێوه‌ندییه‌كی تایبه‌تیمان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا نییه و فریدریك تیسۆ مرۆڤێكی باش ه‌و زۆر كاری بۆ كوردستانی ئێران كرد، كه من به‌ڕاستی ستایشی ده‌كه‌م. ته‌نیا كه‌سێك كه له‌گه‌ڵ ئێمه پێوه‌ندیی خۆی نه‌پچڕاندووه د.بێرنارد گرانژۆنه. ئه‌وان زۆربه‌یان دكتۆر و په‌رستار بوون كه بۆ داووده‌رمان ده‌ڕۆیشتن بۆ كوردستان و شتێكی وه‌ها نه‌بووه له نێوانمان كه پێوه‌ندییه‌كانمان رابگرێت.
باس- د. فرێدریك تیسۆ وه‌كو پزیشكێك له‌گه‌ڵ د.قاسملوو بوو یان وه‌كو سیاسه‌توانێك؟
نه‌سرین قاسملوو: سه‌ره‌تا وه‌كو پزیشكێك هات بۆ كوردستان، به‌ڵام دواتر له‌گه‌ڵ قاسملوو بوونه هاوڕێی نزیك و پێوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌نێواندا په‌یدا بوو، له‌یه‌كتر به‌باشی تێده‌گه‌یشتن.
باس- چ بۆچوونێك یان پێشبینیه‌كت هه‌یه له‌باره‌ی ئاینده‌ی كوردستانی ئێران و حزبی دیموكرات؟
نه‌سرین قاسملوو: ئێران وڵاتێكی فره‌نه‌ته‌وه‌یه و فارسه‌كان 37% خه‌ڵكی ئێران پێكدێنن، ئه‌و نه‌ته‌وانه له‌ڕاستیدا هه‌موویان مه‌ینه‌ت و ئازار ده‌كێشن. ئۆمێده‌وار بووم به خه‌باتی كورده‌كان و حزبی دیموكرات و پارته‌كانی تری ئێران كه له كوردستان تێده‌كۆشان، به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی ئێران به‌ره‌و لای خۆیان راكێشن، كه ته‌نانه‌ت ئه‌وسا فارسه‌كانیش به‌ره‌و لای حزبی دیموكرات ده‌هاتن. من ئۆمێده‌وار بووم هێزێك په‌یدا ببێت كه ئێران به ئاراسته‌ی دیموكراسیزم ببات و ئه‌و خه‌باته ئه‌نجامی هه‌بێ. به‌داخه‌وه سه‌ره‌نجامه‌كان نادیارن.
باس- كه‌سانێك گوتوویانه تۆ به دژی د.قاسملوو قسه‌ی خراپت كردووه، ئه‌م قسانه له كوێوه هاتوون، ئایا هیچ بنه‌مایه‌كیان هه‌یه؟
نه‌سرین قاسملوو: خزمێكمان له ئێرانه‌وه ته‌له‌فوونی بۆ كردم، به‌گریانه‌وه ده‌یگوت كه گوایه من قسه‌ی خراپم به دژی د.قاسملوو كردووه، به‌ر له هه‌موو شتێك درۆیه، به‌ڵام من پێش ئه‌وه‌ش ده‌مزانی كه‌سانێك هه‌ن ده‌یانه‌وێ قسه‌كانی من بگۆڕن وای پیشانده‌ن كه دژی قاسملوون، من نازانم له‌وه‌دا مه‌به‌ستیان چییه. بڕوانه له نێوان هه‌موو هێزه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا كه‌سانێك هه‌ن كه ده‌یانه‌وێ له‌م جۆره كارانه بۆ بچووككردنه‌وه‌ی یه‌كێكی تر بكه‌ن و مێژووه‌كه‌ی بشێوێنن، ئه‌وه بۆ من گرنگ نییه، به‌ڵام تا ئه‌و جێیه‌ی ده‌توانم ده‌مه‌وێ پێشیان پێ بگرم.
باس- ئایا ئه‌وه ته‌نیا قسه بوو یان به نووسینش ئه‌و شتانه‌یان له‌باره‌ی تۆ بڵاو كردووه‌ته‌وه؟
نه‌سرین قاسملوو: بیستوومه له ئینته‌رنێتیشدا وه‌ها شتگه‌لێكیان نووسیوه، به‌ڵام من نه‌مخوێندوونه‌ته‌وه و ناشمه‌وێت بیانخوێنمه‌وه.
باس- به‌هۆی لاوازبوونی حزبی دیموكرات و پارته‌كانی تری كوردستانی ئێران، پژاك ئێسته بوونی هه‌یه رای ئێوه له‌وباره‌یه‌وه چییه؟
نه‌سرین قاسملوو: پێش هه‌موو شتێك پژاك رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆ نییه، نه‌ك ته‌نیا سه‌ربه‌خۆ نییه به‌وه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتێكی ئێرانی‌دا بێ، به‌ڵكوو له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌كه‌كه‌یه و مێژوویه‌كی خوێناوییان هه‌یه. من ناتوانم شتێكی باش له‌باره‌یانه‌وه بڵێم، چونكه پێموایه هه‌ر رێكخراوێك نۆكه‌ری بۆ رێكخراوێكی تر بكات لای من جێی رێز نییه.
باس- ئێوه دوو كچتان هه‌یه، كچه‌كانی تۆ و قاسملوو هه‌تا چه‌ند پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ حزبی دیموكرات هه‌یه؟ ئایا ئه‌ندامن تیایدا؟
نه‌سرین قاسملوو: به‌ڕێزه‌وه ده‌ڕواننه حزبی دیموكرات، به‌ڵام ئه‌ندام یان سیاسی نین تیایدا. كاتێك كچه گه‌وره‌كه‌م سیانزه ساڵی بوو لێم پرسی كه گه‌وره بوویت ده‌ته‌وێ چ ئیشێك بكه‌ی و ببی به چی، وتی نازانم به‌ڵام ده‌زانم نامه‌وێ ببمه سیاسی چونكه ئێوه به‌رده‌وام كار ده‌كه‌ن و من نامه‌وێ وا بم.
باس- ئه‌وان به مه‌یلی خۆیان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان وه‌رگرتووه؟ ئێوه كاریگه‌ریتان نه‌بووه له‌وه‌ی له سیاسه‌ت و له حزبی دیموكرات دووریان بخه‌نه‌وه؟
نه‌سرین قاسملوو: من كارێكم نه‌كردووه بۆ ئه‌وه‌ی دووره‌په‌رێز بن، به‌ڵام كارم بۆ ئه‌وه‌ش نه‌كردووه كه ببنه سیاسی. ئه‌وه خۆیانن كه ده‌بووایه بڕیاری لێ بده‌ن. من هه‌وڵم داوه كاریگه‌ریم له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی ژیانیان نه‌بێت كه پێوه‌ندیی به سیاسه‌ت و ئاین و جۆری كاریانه‌وه هه‌یه. بڕیار لای خۆیانه. بۆ نموونه ئێمه كه‌سانێكی ئاینی نه‌بووین، به‌ڵام مافی ئه‌وه‌م نییه كه ئه‌وان ئه‌گه‌ر بیانویستایه ئاینی بن رێگه‌یان لێ بگرم، ئه‌وه پێوه‌ندیی به بڕیاری خۆیانه‌وه هه‌یه.
باس- كچه‌كانتان ئێسته خه‌ریكی چین؟
نه‌سرین قاسملوو: گه‌وره‌كه‌یان ته‌مه‌نی چووه‌ته سه‌ر و خانه‌نشین بووه و دووه‌میشیان خوێندنی دانیشگه‌ی ته‌واو كردووه و له قۆناخی خانه‌نشینبووندایه. ئیتر دره‌نگه بۆی كه ببێته سیاسی ( به پێكه‌نینه‌وه).
باس- “ئه‌ورووپییه‌ك له سه‌رزه‌مینی كوردان” ناوی كتێبێكه كه تۆ به فه‌ره‌نسی نووسیوته، ئه‌و كتێبه باسی چی ده‌كات؟
نه‌سرین قاسملوو: زۆر كه‌س ده‌هاتن داوایان ده‌كرد كه شتێك له‌سه‌ر سه‌رنوشتی خۆم و قاسملوو و له‌باره‌ی جولانه‌وه‌ی كورد و ئێران و شتی تری له‌و بابه‌ته بنووسم، من چونكه نووسه‌ر نیم، ماوه‌یه‌كی زۆر ئاگام له‌وه نه‌بوو كه شتێكی ئاوا پێویسته، به‌ڵام بینیم كه له‌باره‌ی د. عه‌بدولره‌حمانی قاسملوو كتێبگه‌لێك ده‌نووسرێن یان ده‌یكه‌نه فریشته یان خراپی له‌باره‌وه ده‌ڵێن. نووسین ده‌رباره‌ی سیاسه‌ته‌كانی پارته‌كانی ئێران و كوردستان و شتی له‌و بابه‌ته كاری من نییه و كه‌سانی تر ئه‌و كاره ده‌كه‌ن و كردوویانه، به‌ڵام پێموابوو پێویسته خه‌ڵك بزانن د.قاسملوو مرۆڤێك بووه وه‌كو من و ئێوه، به‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی كه خوێنده‌واری و كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی وای لێ‌كرد ببێته سكرتێری گشتیی حزبی دیموكرات. ئه‌م كتێبه‌ی نووسیومه بیۆگرافی نییه، واته كورته ژیاننامه‌ی من نییه. له ناسینی خۆمه‌وه له‌گه‌ڵ عه‌بدولڕه‌حمان ده‌ستم پێكردووه هه‌تا گه‌یشتووم به كاره‌ساتی ڤیه‌ننا، ئه‌و تاوانه‌ی كه ده‌وڵه‌تی ئێران كردی. له‌وێ باسی ئه‌و كارانه‌م كردووه كه كردوومانن و ئه‌وانه‌ی نه‌مانكردوون، ده‌رباره‌ی هاوكارانمان، خۆمان، منداڵه‌كانمان. هه‌وڵم داوه تابلۆیه‌ك بێت له ژیانمان بۆ خوێنه‌ران.
باس- كه‌واته ئه‌و كتێبه پتر یاداشته نه‌ك مێژووی كاره سیاسییه‌كانی د.قاسملوو و حزبی دیموكرات، وایه؟
نه‌سرین قاسملوو: به‌ڵێ بیره‌وه‌رییه. یه‌كێك له هاوڕێیانمان خه‌ریكه وه‌ریده‌گێڕێته سه‌ر زمانی فارسی و بڕیار وایه بكرێته كوردیش.
باس- دۆسیه‌ی تیرۆری د.قاسملوو له ڤیه‌ننا به كوێ گویشت؟
نه‌سرین قاسملوو: باسی ئه‌وه‌ش له كتێبه‌كه‌مدا هه‌یه و باسی كراوه كه چۆن ده‌وڵه‌تی نه‌مسا راپۆرته‌كه‌ی ون كردووه و دوو كه‌س له قاتڵان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه بۆ ئێران نێردراونه‌ته‌وه. بێجگه له‌وه‌ش كه ئێران و عێڕاق له‌شه‌ڕدا بوون، نه‌مسا ده‌وڵه‌تێكی نیوترال (بێلایه‌ن) بوو، مافی ئه‌وه‌ی نه‌بوو چه‌ك بفرۆشێت، به‌ڵام چه‌كی به‌هه‌ردوولایان ده‌فرۆشت، ئه‌وه‌بوو ئێران زۆر فشاری خسته سه‌ر ده‌وڵه‌تی نه‌مسا، ئه‌ویش چووه ژێر باریه‌وه، پاش ساڵێك كه زانیم ده‌وڵه‌تی نه‌مسا هاوكاری ناكات، شكاتم كرد به دژی ئه‌و ده‌وڵه‌ته، به‌ڵام پاش دوو ساڵ دادگه‌ی به‌دواداچوونه‌وه سكاڵاكه‌می ره‌ت كرده‌وه، به‌و بیانووه‌ی به‌ڵگه‌ی ته‌واو له‌به‌رده‌ستدا نییه، كاری من له ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌دا ئه‌وه بووه دونیا ئاگه‌دار بكه‌مه‌وه كه له نه‌مسا چی رووی داوه، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دادگه وه‌ڵامی نه‌رێنیی به من دایه‌وه، تیرۆری د.شه‌ره‌فكه‌ندی هاته پێش. جێگره‌وه‌ی دكتۆر شه‌ڕه‌فكه‌ندی مامۆستا عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده بوو، من ئه‌وم له‌و دۆسیه‌یه ئاگه‌دار كرده‌وه و پێمگوتن ده‌توانین شكاته‌كه‌مان ببه‌ینه دادگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام ناوبراو وتی جارێ سه‌رقاڵی دۆسیه‌ی تیرۆری دكتۆر شه‌ره‌فكه‌ندین، د.قاسملوو ئیتر ته‌واو بوو. من به‌ته‌نیا ده‌متوانی بڕۆم بۆ دادگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و چووشم، به‌ڵام پێویستیم به بڕێكی زۆری توانای دارایی هه‌بوو، منیش ئه‌و توانا داراییه‌م نه‌بوو. تا ئه‌و كاته له ڤیه‌ننا حزبی دیموكرات ئه‌و لایه‌نه‌ی گرتبووه ئه‌ستۆ، ئیتر كاری ئێمه له‌وێدا كۆتایی هات.
باس: دوا وته‌ت ده‌رباره‌ی د.قاسملوو چییه وه‌كو هاوسه‌ری ئه‌و؟
نه‌سرین قاسملوو: پێمخۆشبوو پێی بڵێم زۆر خراپی كرد وا زوو له دنیا رۆیشت، ئه‌گه‌ر بمایه زۆر كار مابوو باشتر له كه‌سانی تر ئه‌نجامی بدات.
پرۆفایل
هێلێن كرۆلیخ (نه‌سرین قاسملوو) هاوسه‌ری د. عه‌بدولره‌حمانی قاسملوو و به ره‌گه‌ز چیكییه و له ساڵی 1933 له پراگ له‌دایك بووه.
1963 له پراگ خوێندنی فه‌لسه‌فه و زمانی ته‌واو كردووه و بڕوانامه‌ی ماسته‌ری تێدا به‌ده‌ست هێناوه.
له ئه‌وروپا و ئێران و عێراق و كوردستان ژیاوه.
له ساڵی 1976 تا ئێسته له پاریس ده‌ژی
..
تێبینی: ئەم وتووێژە لە 7 مانگی ئوکتۆبری 2011 کراوە و دوبارە لە ماڵپەڕی پێشمەرگەکان دا بڵاو کرایەوە.
https://peshmergekan.com/index_a.php?id=9125
{jcomments off}