"an independent online kurdish website

پێشەکی

لە ئەم بەشەدا هەوڵ ئەدەم کە بە یاد کردنەوەیەکی کورت ڕێز بگرم لە خەبات و دڵسۆزی بەشێکی تر لە ئەو لایەنگرانەی کۆمەڵەali_qenberi1

کە لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٥ تا ئاخر و ئۆخری ١٩٩٠زایینی بە جۆرێک لە جۆرەکان پێوەندییان لە گەڵ ئێمە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی هەبووە. بە لە بەرچاو گرتنی شوێنی ژیانی بەشێک لە ئەو هاوڕێیانە بەداخەوە ناکرێت هەموو شتێک  بە ئەو جۆرەی کە دەبێت لە سەریان باس بکرێت. هیوادارم کە پێش لە بە چاپ گەیاندنی ئەم زەنجیرە باسە بار و دۆخێک بێتە ئاراوە تا بتوانرێت بە ڕۆشنی باسیان بکرێت و ناوی تەواویان بێتە نووسین. ئەوەشم لە بیر نەچێت کە ئەم مێژووە دەگەڕێتەوە بۆ بیست، سی ساڵ پێش. من ئێستە بە هۆی دوری و بێ خەبەری لە بەشێک لە ئەو کەسانەوە نازانم کە ئێستە چۆن بیر ئەکەنەوە؟ ئایا بیر و باوەڕیان گۆڕاوە؟یان هەر خۆیان بە لایەنگری کۆمەلە ئەزانن؟ لە گەڵ سیاسەتی  کام لایەن لە لایەنەکانی کۆمەڵەن؟  یان ئێستە سەر بە لایەن و شوێنی ترن، یان نە؟ وەڵام بۆ هەموو ئەو پرسیارانە لە ئێستەدا بۆ من زۆر ئاسان و ڕوون نییە! بەڵام یاد کردنەوەی من لە ئەو بەڕێزانە پێوەندی بە مێژوویەکی دیاریکراوی هاوبەشمانەوە هەیە.
هەر وەک باسم کرد لە ئەم بەشەدا ناوی کۆمەڵێک لە ئەو مرۆڤە دڵسۆزانە دێنم کە بەشداری ئەو مێژووە هابەشە بوون.
١ – موحەمەد وەیسی خەڵکی کۆرەیی سەر بە ناوچەی سەلاسی باوەجانی کە لە ساڵی ١٩٨٧ بە دواوە وەک لایەنگری کۆمەڵە پێوەندی بە ئێمەوە هەبووە. زۆر جار گۆڤار و نووسراوەکانی کۆمەڵەی لە ئێمە وەر ئەگرت و لە ناو دۆستان و نزیکانی خۆیدا بڵای ئەکردەوە. تا ئەو کاتەی کە من ئۆردووگام بە جێ هێشت، پێوەندییەکانی لە گەڵ ئێمە بەردەوام بوو.
ناوبراو ئێستە لە وڵاتی ئیرلەند ئەژی و پێوەندی ڕێکخراوەیی لە گەڵ هیچ لایەنێکی سیاسیدا نییە، بەڵام کەسێکی نیشتمانی و خاوەن هەڵوێستە.
٢- وەفا وەیسی خەڵکی باینگان کە لە ساڵی ١٩٨٧ بە دواوە وەک لایەنگری کۆمەڵەلە ئۆردووگای ڕومادی لە گەڵ ئێمە لە پێوەندیدا بوو. زۆر جار خۆی و نەبی برای لە گەڵ کوڕێکی تری ناوچەکەی خۆیان کە ناویم لە بیر نەماوە  دەهاتن بۆ لای ئێمە و نووسراوەکانی کۆمەڵەیان وەر ئەگرت و لە ناو دۆستانی خۆیان بڵاویان ئەکردەوە. لە مەراسم و بۆنەکانی کۆمەڵەدا بەشدارییان ئەکرد. کاک وەفا زووتر لە ڕێگای کاک سەیفەدینەوە کە خزم وخەڵکی لای خۆیان و پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو لە گەڵ سیاسەتی کۆمەڵە ئاشنایەتی پەیدا کرد بوو. تا ئەو کاتەی کە من هاتم بۆ دەرەوە کەم و زۆر هەر پێوەندی لە گەڵ کۆمەڵە مابوو. ئێستە لە وڵاتی نورویژ ئەژی و لە گەڵ هیچ کام لە لایەنەکانی کۆمەڵەدا نییە. وابزانم نەبی برایشی هەر لە ئەو وڵاتە ئەژی!

٣ – ئارام عەلیپووڕ (عەبدوڵڵە) خەڵکی کۆرەیی سەر بە ناوچەی سەلاسی باوەجانییە کە لە ساڵی ١٩٨٦ بە دواوە وەک لایەنگری کۆمەڵە لە کەمپی ئەلتاش لە گەڵ ئێمە لە پیوەندیدا بوو. ئەگەر چی لە لایەن دەور و بەرەوە زۆر لە ژێر زەخت و گوشاردا بوو، بەڵام هەر لە پێوەندی خۆیدا بەردەوام بوو. ئارام ساڵی ١٩٩٢ زایینی لە ڕێگای خاچی سووری نێو دەوڵەتییەوە دێتە وڵاتی سوید و ئێستە لە ئەم وڵاتە ئەژی. لە گەڵ هیچ کام لە لایەنەکانی کۆمەڵەدا نییە. کەسێکی نیشتمانی و خاوەن هەڵوێستە!

٤ – ح.  خەڵکی یەکێک لە ئاواییەکانی سەر بە شارستانی سەلاسی باوەجانییە کە ساڵی ١٩٩٨ پێوەندی کرد بە ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەوە. کاتی خۆی پێکەوە پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات بووین. هەر ئەو ئاشنایەتی و بڕوا بە یەکبوونە بوو کە ناوبراوی لە ئۆردووگای ڕومادی هێنایە ڕیزی لایەنگرانی کۆمەڵەوە.
ح. بە گەرم و گوڕی لە کۆبوونەوە و مەراسمەکاندا بەشداری ئەکرد. هەر لە ئەو ژینگەیە کە ئەو دەژیا کۆمەڵێکی تر گەنجی تازە پێگەیشتوو هەبوون کە بوون بە لایەنگری کۆمەلە و بە گەرم و گوڕییەوە لە مەراسمەکاندا بەشدارییان ئەکرد.

٥ – موحەمەد مام عەلی خەڵکی ناوچەی سەردەشت کە لە ئۆردووگای ڕومادی لە ناو ئەو بڕە خەڵکەدا ئەژیان کە پێیان ئەوترا مهابادییەکان (٢٠ماڵێک ئەبوون و بە زۆری خەڵکی ناوچەی سەردەشت و پیرانشار بوون).کاک موحەمەد لایەنگری لە کۆمەڵە ئەکرد و لە مەراسمەکاندا بەشداری ئەکرد. زۆر جار سەردانی ئێمەی ئەکرد و گۆڤار و نووسراوەکانی کۆمەڵەی ئەگەیاندە دەستی نزیکان و دۆستانی خۆی. لە ئەو ژینگەیدا کە ئەوان ئەژیان لایەنگری کردن لە کۆمەڵە یەکجار دژوار بوو. ناوبراو ئێستە لە وڵاتی نورویژ ئەژی.

٥ – س. عەبدوڵاهی خەڵکی ناوچەی تاوگۆزی سەر بە شارستانی سەلاسی باوەجانی کە ساڵی ١٩٨٨ لە ئۆردووگای ڕومادی پێوەندی کرد بە ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەوە. ناوبراو ساڵی پێشتر کە ماڵێان لە باشووری کوردستان بوو پێوەندی لە گەڵ کۆمەڵە گرتبوو. لە ناو خەڵکی خۆیاندا هەڵسووڕاو بوو. لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٨٨ و ١٩٨٩ چوو بۆ پێشمەرگایەتی کۆمەڵە و دوای تەواو کردنی دەورەی فێرگەی پێشمەرگایەتی گەڕایەوە بۆ ئۆردووگای ڕومادی.
ساڵی ١٩٩١ گەڕایەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بۆ ماوەی ١٠، ١١ ساڵ لە بەندیخانەی دێزڵ ئابادی شاری کرماشان بەند کرا. دوای ڕزگار بوون لە بەندیخانە دێتەوە باشووری کوردستان و ئێستە لە ئەو بەشەی کوردستان ئەژی و لایەنگری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕە.

٦ – س. خەڵکی یەکێک لە ئاواییەکانی زەهاو کە ساڵی ١٩٨٧ پێوەندی کرد بە ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەوە. تا ساڵی ١٩٩٠ کە من ئۆردووگام بە جێ هێشت، لە زۆربەی کۆبوونەوە و مەراسمەکانی کۆمەڵەدا بەشداری ئەکرد.

٧ – ح. خەڵکی یەکێک لە ئاواییەکانی سەر بە شارستانی سەلاسی باوەجانییە کە ساڵی ١٩٨٨ پێوەندی کرد بە ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەوە. پێشتر پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات بووە. کەسێکی زۆر هەڵسووڕاو و دڵسۆز بوو. سەرە ڕای گوشاری خانەوادە و دەور و بەر، بۆ پەرە پێدانی بیر و باوەڕی کۆمەڵە هەڵدەسوورا.

٨ –ع. خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی هەورامان بوو کە پێشتر لە هەورامان لایەنگری کۆمەڵە بووە. لە ئۆردووگای ڕومادییەوە سەرەڕای ئەو هەمووزەخت و گوشارانەی کە لە سەر لایەنگرانی کۆمەڵە بوو، بە ڕاشکاوی داکۆکی لە ڕێبازی کۆمەڵە ئەکرد و پێوەندی بە ئێمەوە هەبوو. لە ئەو لایەنگرانە بوو کە یارمەتی ماڵی بە کۆمەڵە ئەکرد.
(ئەو کاتە کۆمەڵە لە ئۆردووگای رومادی داوای یارمەتی ماڵی لە کەس نەدەکرد، بەڵام ئێمە چەند کەسێک هەبووین کە سەرە ڕای ئەوەی هەموو هێز و توانامان لە خزمەتی کۆمەڵەدا بوو، یارمەتی ماڵێشمان بە ئەو ڕێکخراوە ئەکرد. ع. سەرە رای ئەوەی کە بە تەمەن بوو و لە ڕێگای فرۆشتنی کڵاشی هەورامی و دەست فرۆشییەوە ژیانی خانەوادەکەی بەڕیوە ئەبرد، بە ئەو حاڵەشەوە چەندجارێک یارمەتی ماڵی بە کۆمەڵە کرد).

٩ – ع. خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شارستانی سەلاسی باوەجانییە کە ساڵی ١٩٨٨ بوو بە لایەنگری کۆمەڵە. ناوبراو پێشتر پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات بووە. دوای چەکدانان و گەڕانەوە بۆ ئۆردووگای ڕومادی پیوەندیبە ئێمەوە گرت.
 تا ئەو کاتەی کە من ئۆردووگای ڕومادیم بە جێ هێشت (سپتامبر ١٩٩٠)، سەرە ڕای هەموو زەخت و گوشارێک کە لە سەری بوو، بۆ پەرەپێدانی ئامانجەکانی کۆمەڵە تێدەکۆشا.

١٠ – مەحموود و مریم خەڵکی یەکێک لە ئاواییەکانی ناوچەی مەریوان کە ساڵی ١٩٨٩ وەک پەنابەر هاتنە ئۆردووگای ڕومادی و پێوەندییان کرد بە ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەوە. هەر دووکیان لە فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە دەورەیان تەواو کرد بوو. دواتر ڕێگای ئۆردووگای ڕومادییان گرتبووە پێش. تا ئەو کاتەی کە من ئۆردووگام بە جێ هێشت، هاتووچۆی ئەنجوومەنی لایەنگرانیان ئەکرد و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا بەشدارییان ئەکرد. لە سەر لایەنگری کردن لە کۆمەڵە، لە ئەو جێگەی کە ئەژیان جار و بار تووشی کێشە و گرفت دەبوون.
ڕۆژێک هەر دووکیان هاتن بۆ ماڵی ئێمە و زۆر ناڕەحەت بوون. پرسیم چی بووە؟
ناوی………هێنا کە کە زۆر ڕقی لە کۆمەڵە بوو. ئەو کەسە لە دژایەتی کردن و بێ ڕێزی کردن بە کەسەکانی کۆمەڵە لە هیچ شتێک درێغی نەئەکرد!
 ئەو کەسە  (ڕێگرە) کە زانیبووی مەحموود و مریەم لایەنگری کۆمەڵەن و لە ئەو ڕۆژانەدا لە یەکێک لە مەراسمەکانی ئەو ڕێکخراوەدا بەشذارییان کردووەو هاتووچۆی لای ئێمەش ئەکەن،  ڕێگای پێ گرتبوون و زۆر بێ ڕێزی پێ کرد بوون. ………. ئێستە لە یەکێک لە وڵاتانی ئەسکاندیناوی ئەژی.
 تەنیا ئاواتێک کە بۆ ………. و کەسانی تری وەک ئەومهەیە، ئەوەیە کە ئێستە ئەوەندە لە ئینسانیەت و ئازادی تێگەیشتوو بن و یان ئەوەندە تێگەیشتنیان پەیدا کرد بێت کە بزانن کە هەڕەشە کردن لە ئازادی کەسانی تر و بێ ڕێزی کردن بە مرۆڤ چی تاوانێکی گەورەیە!
هیوادارم ئەو کەسە و کەسانی تری وەک ئەو ئەگەر بۆیان ناکرێت پیوەندی بە یەک بە یەکی ئەو کەسانەوە بکەن کە بێ ڕێزییان پێ کردوون، لانی کەم بە نووسینی کورتە نامەیەک ئەوەندە شەهامەتیان هەبێت کە داوای لێبوردن لە بەرانبەرەکانیان بکەن و بەو جۆرە ویژدانی خۆیان کەمێک ئاسوودە بکەن!
 لە وانەیە کەسێک بپرسێت دەی خۆ ئەو کابرا  ” خوڵە پیزە نەبووە”؟
ڕاستە ئەو کەسە خۆلە پیزە نەبوو، بەڵام پشتی بە شوێنی ترەوە گەرم بوو.

١١- دادە خەجیج و کاک عومەر خەڵکی ناوچەی بانە کە ساڵی ١٩٨٨ وەک پەنابەر هاتنە ئۆردووگای ڕومادی و پێوەندییان کرد بە ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەلەوە. کاک عومەر کە بە عومەر کۆمەڵە دەناسرا، پێشتر لە باشووری کوردستان بە پێناسەی کۆمەڵەوە لە ناوچە سنوورییەکان بۆ خوی کەسابەتی کرد بوو. هەر لە بەر ئەو یارمەتیدان و خزمەتانەی کۆمەڵەش بە ئەو و کەسانی وەک ئەوان بوو کە ئەو خانەوادە بوون بە لایەنگری کۆمەڵە.
ئەو ژن و مێردە لە گەڵ ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەدا لە پێوەندیدا بوون و لە مەراسمەکاندا بەشدارییان ئەکرد. رٶژێک کە لە یەکێک لە مەراسمەکانی کۆمەڵەدا گەڕابوونەوە، ئێوارەکەی بە پیلانی هەمان کەس کە پێشتر ڕێگای بە مەحموود و مریەم گرتبوو ماڵەکەیان بەرد باران کرا بوو.

کاتژمێر دەور و بەری ٨ و ٩ ئێوارە بوو. دادە خەجیج و کاک عومەر و دوو مناڵەکەیان بە دەم گریانەوە کردیان بە ماڵی ئێمەدا. ئەو شەوە دوو کەس لە کادرەکانی کۆمەڵەش (ئەگەر باش لە بیر مابێت، کاک ئەسەد نۆدینیان و کاک حوسەین ئەحمەدی نیا) لە ماڵی ئێمە بوون. بێجگە لە ئەوان چەند کەسی تر لە هەڵسووڕاوان و لایەنگرانیش ئەو ئێوارە میوانمان بوون. عومەر و خەجیج هاتبوون کە لە کۆمەڵە ئیزن وەرگرن و بڕۆن لە لای ئیدارەی پۆلیس و ئەمن لە دەست ئەو کابرایە سکاڵا بکەن. ئێمە سەرە ڕای ئەوەی کە بە ئەو هەڵسووکەتانە زۆر ناڕەحەت بووین، بەڵام نەمانهێشت ئەوان بڕۆن و سکاڵا بکەن. قسەی ئێمە ئەوە بوو کە کابرا ڕۆژێک دێت کە پەشیمان ببێتەوە. دواتر ئاراممان کردنەوە و ناردنمانەوە بۆ ماڵەکەیان.
لە ئەم ساڵانەی دواییەدا بیستمەوە کە ئەو خانەوادە خەیر نەدیوە هاتوونەتە وڵاتی کانادا و زۆر بە داخەوە دادە خەجیج لە ڕووداوی ماشیندا ژیانی لە دەست داوە. هەر لە ئێرەوە سەرەخۆشی لە کەس و کار و خانەوادەی ئەکەم!

١٢ – زۆراو (برای سوفی و یارئەحمەد) خەڵکی ناوچەی جوانڕۆ کە ساڵی ١٩٨٧ لە ئۆردووگای ڕومادی بوو بە لایەنگری کۆمەڵە و لە بۆنە و مەراسمەکاندا بە گەرم و گوڕی بەشداری ئەکرد. بە داخەوە لە یەکێک لە ساڵەکانی نەوەدەکانی زایینی لە ناو گوندە عەرەب نشینەکانی نزیک شاری ڕومادی بە شێوەیەکی نامرۆڤانە کوژرا. چەند ساڵ دوای ئەویش سۆفی برایشی هەر بە هەمان شێوە کوژرا! هەر لە ئێرەوە جارێکی تر سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەس و کاریان ئەکەم!

تا ئێستە بە زۆری یادم کردووە لە ئەو لایەنگرە هەڵسووڕاوانەی کۆمەڵە کە لە نێوان ١٩٨٤ تا ئاخر و ئۆخری ١٩٩٠ زایینی بۆ پەرەپێدانی سیاسەت و ئامانجەکانی کۆمەلە لە ئۆردووگای ڕومادی پێوەندییان بە ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەوە هەبووە. لە ئێرەدا بە کورتی ناوی چەند کەسی تر دێنم کە ئەو ساڵانەی لە ئۆردووگای ڕومادی وەک دۆست و لایەنگر پێوەندییان لە گەڵ ئێمەدا هەبوو:  مەحموود تاڵب خەڵکی ئاوایی تەپانی زەهاو، دانیشتووی وڵاتی سوید.  عەبدولقادر تەپانی دانیشتووی باشووری کوردستان. میرزا باینگانی خەڵکی باینگان دانیشتووی وڵاتی نورویژ.  فەرهاد خەڵکی قەسری شیرین دانیشتووی وڵاتی سوید. مەسعوود هەورامی دانیشتووی وڵاتی سویس، مەجید خەڵکی جوانڕۆ دانیشتووی وڵاتی سوید. موحەمەد خەڵکی سەرقڵا دانیشتووی ئۆسترالیا، ئەمیر خەڵکی جەیران دانیشتووی کانادا، ستار خەڵکی سەرقڵا دانیشتووی کانادا، سابیر خەڵکی هەورامان دانیشتووی نورویژ،حوسەین خەڵکی سەلاسی باوەجانی دانیشتووی سوید، حەمزە سەردەشتی دانیشتووی وڵاتی ئیرلەند، عەبدوڵڵە س. و موحەمەد ی. خەڵکی ناوچەی سەلاسی باوەجانی و دانیشتووی باشووری کوردستان.هەر وەها دەیان کەسی تر کە یان ناویانم لە بیر نەماوە و یان ناکرێت ئێستە ناویان بهێنرێت. 
دڵنیام کە زۆر کەسی تر لە ئۆردووگای ڕومادی هەبووە کە سەرەڕای هەموو زەخت و گوشارێکی خانەوادە و دەور و بەر، بەڵام دەستیان بە نووسراوەکان و پێرەو و پرۆگرامی کۆمەڵە گەیشتووە و لە ناخەوە خۆیان لە کۆمەڵە بە نزیک زانیوە. دیسان دڵنیام کە کار و چالاکییەکانی ئێمە لە ئۆردووگای ڕومادی لە سەر وشیار کردنەوەی ئەو خەڵکە کاریگەری زۆری هەبووە.
لە کۆتایی ئەم بەشەدا ڕێز ئەگرم لە دڵسۆزی و زەحمەتی یەک بە یەکی ئەو هاوڕێیانەی کە تا ئێستە ناویانم هێناوە. هەر وەها ئەوانەش کە یان بۆم نەکراوە ناویان بهێنم و یان ناویانم لە یاد نەماوە.
لە بەشی چواردەیەمدا باسی ئەو بەشەی لە هەڵسووڕاون و لایەنگرانی کۆمەڵە ئەکەم کە لە ساڵی ١٩٩١ بە دواوە هاتنە ڕیزی لایەنگرانی کۆمەڵەوە.
عەلی قەنبەری ٣١ – ٥ – ٢٠١٣ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی