"an independent online kurdish website

چەند رۆژ لەمەوبەر وتارێکم بۆ بەرگریکردن لە ژنە هونەرمەندی کورد، خاتوو پەرواز حوسەین، کە بە ناڕەوا کەوتبووە بەر شاڵاوی بەدناوکردن، لە چەند ماڵپەرێکی کوردیدا بڵاوکردەوە.braym_lajani_3

لەو وتارەدا من لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤەوەو بە ڕیتۆریکی مافەکان چوومەتە نێوباسەکە. پەروازم وەک سوژە بەکارهێناوە کە تیشک بخەمە سەر شوێن و پێگەی ژن لە کۆمەڵگای سوننەتی کوردستان و رێکارەکانی بە هێزکردنی مەوقعیەتی ژنانیشم لەوکۆمەڵگایەدا دەستنیشان کردوون.

چەند دۆستی نیزیکم بە تەلەفۆن و ئێمەیل بەجۆرێک گلەییان لێکردم کە ئەو مەسەلەیە چ پێوەندیەکی بە منەوە هەیە کە دەبێ لەسەری بنووسم؟  ئەوان لەو بروایە دابوون کەوەخت دانان و ئینێرژی سەرف کردن لەسەر بابەتێکی لەو چەشنە، بۆمن درووست نیە.

بەڵینم بەو دۆستانەم دا تۆزێک بە وردی  مەسەلەکەیان بۆ ڕوونکەمەوە.

لەوساڵانەی دواییدا، ژمارەیەکی زۆر  عەرەبی شارەکانی بەغداو نێوەڕاست و باشووری عێراق وەک پەنابەر هاتوونەتە نۆروێژ. ئەوانە پێشتر لە سووریە و ئۆردۆن ژیاون و ئەزموونێکی زۆری ئاوارەییان وەپشت سەری خۆیان ناوە. مۆس یەکێک لەو کۆمۆنانەیە کە هەموو ساڵێ ژمارەیەک لەو ئاوارانە وەردەگرێ. من وەک مامۆستا لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ئەو کۆمۆنەدا کاردەکەم و هەربۆیەش ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابیەکانمان ئەو قوتابیە عەرەبانەن.

ماوەیەک لەمەوبەر رۆژێک یەکێک لەو قوتابیانەم بەناوی مریەم کە قوتابی کڵاسی نۆیە وتی مامۆستا ئەتۆ دەنگ دەدەی بە پەرواس. منیش لەڕاستیدا حاڵی نەبووم باسی چ دەکا. وتم نازانم دەڵیی چی؟ لەوەڵامدا گوتی پەرواس کوردە و پێم سەیرە تۆ کوردی و دەڵێی پەرواس ناناسم. وتی پەرواس کچە کوردێکە لە کوردستانەوە لە بەرنامەی عەرەب ئیدۆلدا بەشدارەو چاک دەرواتە پێش و هەموو عەرەبەکان پێی موعجیبن. قەولی پێدام دوای دەرس بە مۆبیلەکەی ڤیدیۆی پەرواسم نیشاندا. بەمجۆرە دوای دەرس گۆرانیەکی پەروازی نیشاندام کە کۆپڵەیەکی کوردی تێدابوو. کە گوێم لێگرت، یەکسەر وەک ئەحمەد هەردی دەڵێ شریتی عومری ڕابردوومی هێنامەوە بەرچاو.

گۆرانیەکە ئەوەبوو.

کە دەڵێن ئەمڕۆ دەشت و کێو شینە

چەندە مەڵبەندی ئێمە شیرینە

بچۆ سەر گردی یارە بیبینە

لە جیهاندا گوڵێکی ڕەنگینە

ئەوە شعری شاعیری ناوداری میللەتەکەمان پیرەمێردی نەمرە و یەکێک لەو تابڵۆ ئەدەبیە بەرزانەی شعری کوردیە کە قۆناخی ناسیۆنال ڕۆمانتیزمی ئەدەبی کوردی پێدەناسرێتەوە. ئەو قۆناخە لە درووستکردنی میزاج و ڕووحی میللیی و نەتەوەیی لە نێو ڕۆڵەکانی هەر نەتەوەیەکدا، قۆناخێکی گرنگی مێژووییە. میللەتێک بەوە درووستدەبێ کە ڕۆڵەکانی نیشتمان و وڵاتی خۆیان خۆشبوێ. خۆ لەخۆڕانەبوو دووکتۆر قاسملوو وەک ئیدۆلێک بۆ ئەوەی ئێمە فێرکا هەمیشە سروودی خوایە وەتەن ئاواکەی زەمزەمە دەکرد. ئەوەم وەختێک بۆ دەرکەوت کە لەزانکۆدا مێژووی ئەدەبیات و قۆناخەکانی گەشەکردن ودرووستبوونی میللەتی نۆروێژم خوێند.

ئێستا بۆمنی کورد لەو سەری دونیا و لە قوتبی شیمال، لە ژینگەیەکی نۆرویژیدا، ئەو کۆپڵە شیعرەم گوێ لێ بێ، ئەویش بە دەنگی کچێکی کورد و لە بەرنامەی تەلەفزیۆنێکی عەرەبی وەک ئێم بی سی دا، بەڕاستی شتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو. بەتایبەتی ئەوە کە کچێکی عەرەب بێت و نیشانتبدا، هێندەی دیکەش هەستی کوردایەتیت تەحریک دەبێت. بەوجۆرە  لەدوورەوە دەگەڵ پەرواز ئاشنابووم و ئیتر بەخاتری ئەو عەرەب ئیدۆلم تەماشادەکرد و هەر ئەوەش بوو کاتێک پەرواز کەوتە بەرپەلامار،  ئەووتارەم  بۆ دیفاع لە پەرواز و باسکردنی مەوقعیەتی ژنی کورد نووسی.

بەڵام ئەو گۆرانیە بۆمن هەرئەوە نەبوو کە باسی سرووشتی جوانی کوردستان دەکا و دەمباتەوە بەهاری وڵات و وەسفەکانی دیکەی سرووشتی کوردستانم لە شعیری کوردیدا بیردەخاتەوە. وەک باهار هات بە گاڵەگاڵی هێمن، وتم بەبەختی خەواڵووی حاجی قادری کۆیی و تابڵۆ جوانەکانی دیکەی گۆران و شاعیرانی دیکەمان کە قەت لێیان تێرنابم و  زوو زوو  ڕووحی ماندووم دەبەمە سەر کانیەکانیان و بینیان پێوەدەنێم. ئەو پارچە شعرە پێوەندیەکی ڕووحی زۆر نزیکیشی لەگەڵ من و ژیانی نەوجەوانی و جەوانی من هەیە.

بۆیە کە لەپڕ گوێم لە پەرواز بوو ئەو شیعرەی بە گۆرانی دەوت، بوومە لەرزە کەوتە ڕووحمەوە و دەنگی گەرم و سەمیمی ئەو شۆخە کوردە، وەک  گۆران لە دەروێش عەبددوڵادا دەڵێ،  کەوتە سکاڵا لەگەڵ ڕووحی کڵۆڵمدا.  بەو دەنگە مەلی خەیاڵم فریەوە بۆ سلێمانی، بۆ سەیوان، بەردەرکی سەرا، مامەیارە، سەرچنار، تووی مەلیک، برایم پاشا، شەقامی ئوورزی و  جادەی کاوە و چاخانەی شەعب.  هەزاران خاتراتی تر وەک شانە زەردەواڵە لەسەرمدا ئالۆز بوون. غەریبی و دوورە وڵاتی، ئەزموونێکە کە مرۆڤ تا خۆی تاقی نەکاتەوە، سەری لێدەرناکا. مەولانای ڕۆمی و ناڵی و حاجی قادری کۆیی زۆرجوان ئەو ئەزموونە ئینسانیە دەگێرنەوە. ناڵەی جودایی هێمن، ئاو لەبەردی دێنێ. ئاخر بەرد لەبەردی بێتەوە دەنگی هەیە. بادی خۆشمرووری ناڵی لە ئەستەمبووڵەوە بۆ شارەزوور ناڵی دەخاتە سەر باڵەکانی و دەیباتەوە وڵات. حاجی قادری کۆیی بەخەو لە  ئەستەمبووڵەوە دێتەوە  کۆیە، ئەو شارەی  خۆی وتەنی، لەبەهارا قووبەی کشمیر دەداتە بەر شەق وەکو گۆ. دێتەوە هەیبە سوڵتان، حەمامۆک، ئۆمەرخوچان، دیتەوە بۆ ئەوشارەی  خۆی وتەنی کوڕیان غیلمانن و کچیان عەینی حۆری.

مامۆستا هێمن جارێک لە بەغدا بە کۆڵانێک دا ڕەتدەبێ و لەپڕ گوێی لە ژنێک دەبێ کە کچە بچکۆلەی بانگ دەکا و دەڵی مەهاباد مەهاباد وەرە مەوەستە. بۆ هێمنی ئاوارەو غەریبی مەهابادی ، لەو بەغدایە و لە کوچەیەکدا، بیستنی ناوی مەهاباد، هێندە چاوەڕوان نەکراو دەبێ کە شاگەشکەی دەکا. بیستنی ئەوکۆپڵە شیعرەش بۆمن ئەزمونێکی شەخسی لەو جۆرە بوو. پەرواز بادی خۆشمروور بوو ، پەیکی شارازا بوو بە هەموو وادی شارەزووردا و منی بردەوە سلێمانی. خەوێک بوو لە چەشنی بەختی خەواڵووی حاجی قادری کۆیی. هەڵی گرتم و بردمیەوە ئەوشارەی منداڵی و نەوجەوانی من و کەسایەتی منی شکڵ پێدا.

گردی یارە یا مامەیارە ئەودەم کەمن لە سلێمانی بووم دەکەوتە قەراخی شار و نزیکی گردی سەیوان. بەهاران خەڵک دەڕژانە ئەو ناوە و سەیرانگای خەڵک بوو. لەوەش زیاتر ئارامگای پیرەمێرد دەکەوێتە سەرگردەکە. حافز و سەعدی بۆ خەڵکی شیراز چۆنن، ئیبسن بۆ خەڵکی ئۆسلۆ چەند بەرزە پیرەمێردیش بۆ خەڵکی شاری سلێمانی بەوجۆرەیە. دەگێڕنەوە پیرەمێرد کاتی خۆی نەورۆزان یاپراخی درووستکردوە و بۆ نەورۆزکردن خەڵکی شاری جاڕداوە بێنە مامەیارە و لەوێ نەورۆزی کردوە. ئەوە کە ئێستاش نەورۆزی سلێمانی لە چاو نەورۆزی شارەکانی دیکەی کوردستان تامێکی تایبەتی هەیە لەو نەریتەوە سەرچاوەدەگرێ کە پیرەمێرد بە خەڵکی ساری سڵیمانی بەجێ هێشتوە.

پتر لە نیوسەدەیە چارەنووسی من و بنەماڵەکەم بە چارەنووسی بزووتنەوەی کوردو چۆنیەتی تێکۆشانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە گرێدراوە. دوای دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول کە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش دەکەوێتە بەر پەلاماری پۆلیسی شا، بەشی زۆری کادرو ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی  ئێران و ڕێبەری حیزب ، بە کردەوە ئیمکاناتی حیزب دەخەنە خزمەت شۆڕش. ئەودەم لە قۆناخێکدا سەنگەسەر ناوەندی سەرکردایەتی شۆڕش دەبێ و بارزانی و  شەهید ئەحمەد تۆفیق لە قشڵەی سەنگەسەر دەبن. ئێمەش بەهۆی ئەوە  کەباوکم پێشمەرگەدەبێ، ماڵمان وەک ماڵی بەشێکی زۆر لە ئەندامانی حیزب لە سەنگەسەر و دەوروبەری سەنگەسەر جێگیردەبێ. من خۆم ئەو دەورانەم لەبیرە و زۆر منداڵبووم وێنەم لە گەڵ شەهید باپیر شکاک هەیە لە بەردەکی و قشڵەی سەنگەسەر کە ناوەندی تێکۆشانی حیزب و شۆڕشیش بوو.

ناچمەوە سەر ڕووداوەکانی دواتر  و چۆنیەتی درووستبوونی کۆمیتەی ئینقلابی حیزبی دێموکرات و  دەستپێکردنی جوڵانەوەی ٤٦ و٤٧ و چۆنیەتی تەسلیمکردنەوەی باوکم ساڵح لاجانی و هاوڕیکانی بە رێژیمی شا لە لالەیەن سەرکردایەتی شۆڕشەوە. ئەوەدەڵێم کە بنەماڵەی ئێمە دوایی هەموو ئاڵوگۆڕەکان  دیسانیش هەر لەسەنگەسەر ماینەوە چونکە خزممان لەوێبوون و بە هۆی ئەو غەدرەش کە سەرکردایەتی شۆڕش لێمانی کردبوو، خەڵکی سەنگەسەر بەگشتی و تەنانەت ئەندامان و پێشمەرگەکانی پارتیش تەعاتوفیان بۆمان هەبوو و وەک خەڵکی خۆیان تەماشایان دەکردین. تا دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی ئازار. لەو قۆناغەدا بە هاتنەوەی قاسملووی نەمر و کاک کەریمی حیسامی، حیزب خۆی دەگرێتەوە و دەورانی گەشەی سیاسی و تەشکیلاتی حیزب دەست پێدەکاتەوە.

بەڵام تەنانەت دوایی دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی ئازاریش کە شۆڕش سەرکەوت بوو، دیسانیش فشاروپاڵەپەستۆ خرایە سەر حیزبی ئێمە کە دەبێ لە ناوچە سنووریەکان دوورکەونەوە و چالاکیتان نەبێت. بەمجۆرە هەموو ئەندامان و لەیەنگرانی حیزبیان کۆکردینەوە ناردیانین بۆ هیران و نازەنین و دواتر بۆ کۆیە. کە وتووێژی نێوان بەغداو شۆڕش بە بنبەست گەیشت و شەردەستی پێکردەوە ئێمە ماڵمان چووەوە سەنگەسەر  نێو خزمەکانمان. سەنگەسەر کەوتە بەر پەلاماری دەوڵەت و خەڵکەکەی ئاوارەبوون.  ئێمەش ئاوارەی ئاڵیە ڕەش و بەستێ سۆفیان بووین. دوو گوندن لە نزیک سونێ. بەشێک لە خەڵکەکە ڕایان کردە دیوی ئێران و لە ئۆردووگاکاندا دەحەوانەوە. بەشێکیش دوای ماوەیەک گەڕانەوە سەر جێگاورێگای خۆیان لە سەنگەسەر. وەزعی ئێمە زۆر دژوار بوو. نە دەمانتوانی بچینەوە سەنگەسەر، ناوچەیەکی شەڕلێدراو بوو، نە دەشمانتوانی بڕۆینە ئەودیوو. لەوبنارە لەوپەڕی سەختی مەینەتبەشیدا دەژیاین.

رێبەرایەتی حیزب بڕیاریدا  بەشێک لە رێبەری حیزب لە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی شۆڕشدا وەمێنن. بەشێک لە ئورروپابێ و بەشێکیش لە بەغدا و سلێمانی وەمێنێ.  لەبیرمە ئەوبەشەی کە لە نێو شۆڕش مابووە وە لەلایەن بەرێز مامۆستا عەبدولا حەسەنزادە وە سەرپەرستی دەکرا.

من کە عاشقی خوێندن بووم بۆخۆم و بەهاوکاری مامی شەهیدم، بڕیارم دا بڕۆم وەدوای خوێندنەکەم کەوم. تازە شەڕ دەستی پێکردبووە وە. هەموو کوردستان ئاوری لێدەباری. لەگەڵ ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی حیزب واتە بەڕیز کاک سمایلی حاجی  بە دۆڵی شینکایەتیدا، بەپێ رۆیشتین و پاش چەند شەو و ڕۆژ گەیشتینە دەوورووبەی سلێمانی. من ئێستا پێم سەیرە چۆنم توانیوە ئەو هەموو رێیە بڕۆم.  ئاخر پۆلی دووی متەوەستە بووم. لەبیرمە بەشەو بە دۆلێکدا کە ناوەکەی دۆڵی قەیوانبوو، لە گەڵ  خەڵکی گوندەکانی دەووروبەر کە باری ترێ و میوەیان پێبوو، خۆمان بە نێوشاری سڵیمانیداکرد و بەیانیەک زوو گەیشتینە جێگایەک کە گەرەكێکی شاربوو  بە ناوی کارێزە وشکە. کاک سمایل زۆر دەترسا، حەقی بوو، دەمانچەیەکی حیزبی پێ بوو دەبوایە بیباتە نێوشار، ئەگەر بە دەمانچەوە گیراباین، هەر لەوێ ئیعدام دەکراین. بەمجۆرە بەسلامەتی گەیشتینە نێو شار.

من زوو لە قوتابخانەی ناوەندی کاوە ناونوسیم کرد و دەستم کرد بە خوێندن. لەبیرمە بۆناونوسینم و جێبەجێ کردنی کارەکانم، کاک کەریمی حیسامی ئەرکەکەی خستە سەر شانی مامۆستا کەریم زەند. بە کوردی من لە مێژبوو ناوم بیستبوو. ئێستا لە نزیکەوە لە خزمەتی دابووم. ئەوەم بە شانازی دەزانی کە کاک کەریم زەندم بینی. ئەو یەکەم وەرگێڕی ئینجیل بوو .  چونکە شەر دەستی پێکردبووە و  خەڵکێکی زۆری دەوورووبەری شار بۆ خوێند روویان لە شاری سلێمانی کردبوو، بە زەحمەت لە قوتابخانەکان جێ دەست دەکەوت. بە هیمەتی مامۆستا کەریم زەند لە متەوەستەی کاوە دەستم بە خوێندن کرد. لە سەرەتادا لە ماڵی کاک سمایلی حاجی و دواتر لە ماڵی دەروێش ئەحمەد و پاشانیش لە ماڵی کاک فایق و دواتریش لە ماڵی سەدیقی ئیبڕاهیمی کە نوێنەری حیزب بوو لەسلێمانی دەژیام. لێرەوە سوپاسی هەموویان دەکەم و مەمنوونی ئەو هەموو لوتف و موحیبەتەم کە لەو دەوەرە سەختەدا دەگەڵ منیان کرد.

دواتر کاک حەمەدەمینی سیڕاجی کە نوینەری  حیزب بوو لە بەغدا، مەسەلەکەی منی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق  باس کردبوو و بەمجۆرە بە کتابێکی ڕەسمی تەربیەی سولەیمانیان ئاگادار کردبوو کە لە قسمی داخلی جێگاو رێگام بۆ دابین بکەن. دەبێ بگوترێ من کاک کەریمی حیسامی و کاک حەمەدەمینی سیڕاجیم لە مێژبوو دەناسین و پێشتر دیتبوومن. ئەو شەوەم لەبیرە کە کاک حەمەدەمین لە سەنگەسەر کۆبوونەوەی دەگەڵ باوکم و دەستەیەکی دیکە لە هاورێیانی حیزبی کرد لە خانوویەکدا کە ئێستاش شوینەکەی پێدەزانمەوە، خانووی سۆفی ئاسکەی دایکی کاک ئەحمەد رەجەب و بەم جۆرە لە کۆبوونەوەوەڕا چەخماخەی چولانەوەی ٤٦ و ٤٧ لیدرا و باوکم و ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگەکانی حیزب ئەو شەوە گەڕانەوە نێوخۆی وڵات. پیشتر لە رێبەرانی حیزب بە خزمەت مۆمۆستا حەسەنزادە و کاک حەسەنی ڕستگار و کاک رەسولێ پێشنماز و کاک سەید ڕەسوڵی دەهقان و کاک کەریم حەداد و کاک  قادری وێردی و مەلاسەید ڕەشید  و کاک سولەیمانی موعێنی و کاک سمایلی شەریفزادە گەیشتبووم. دواتر لە بەغدا دەگەڵ کاک حەسەنی شیوەسەڵی ، کاک جەلالی میراوەیی، کاک رەحمان کاژەیی  ئاشنابووم.  کە ئینتشاراتی حیزبیان هەڵدەسوڕاند و رۆژنامەی کوردستان و نامیلکەی تێکۆشەریان چاپ دەکرد.

بەو شێوەیە من لە داروتەڵەبەی برایم پاشا شوێنی ژیان و خوێندنم دیاری کرا. ئەو جێگەیە لە گردی سەیوان و گردی مامەیارە نزیکە. لەماوەی ئەو هەموو ساڵانەدا کەمن لە سلێمانی دەمخوێند،  بۆ دەرس حازرکردن و سەعی کردن دەچوومە گردی یارەو دەوروبەری. دواتر کە کەمێک فراژووتر بووم لەگەڵ رەفیقەکانم، بۆ عارەق خواردنەوەش هەر دەچووینە ئەوێ.

هەر لەو قۆناغەشدا، بە رەسمی بووم بە ئەندامی حیزب. من بە کاک سەدیقم وت کە دەمەوێ ببمە ئەندامی حیزب. کاک سەدیقی ئیبڕاهیمی کە خەڵکی بانەبوو و نوینەری حیزبوو لە سلێمانی داوای لێکردم کە بە نوسراوە داوای ئەندامەتی حیزب بکەم. پێموایە هێشتا تەمەنم نەیدەگەیاندێ. من هەر لە منداڵیەوە لە حیزب و باوەشی حیزبدابووم. بەڵام ئەندامەتی حیزب شتێکی دیکە بوو و دەبوایە پڕۆسەی ئەساسنامەیی خۆی ببرێ. سەرەنجام وەرگیرام. کاتێک هەواڵیان پێدام  کە حیزب وەک ئەندامی خۆی قبووڵی کردووم، لە خۆشیان و لە شانازیان دەپێستی خۆمدا جێم نەدەبۆوە. ئاخر ئەو دەم حیزبایەتی و کوردایەتی و خەبات تێکەڵاوێک بوو لە ڕۆمانتیزمی ئینقلابی و قاەرمانبازی و لەخۆبردووی، دەورانی مائۆ و هوشیمینەو کاسترۆ بوو. لەبیرمە مەسئوولی حیزبیم برای گەورەو تێکۆشەرم کاک کەریم حەداد بوو. کەسێک کە بەماڵ و سەروەت و سامانی خۆی خزمەتی حیزبی دەکرد. مانگی جارێک کۆبوونەوەی حیزبیمان هەبوو. ئەدەبیاتی حیزبیمان دەخوێندەوە و باسی خەبات و ڕووداوەکانی  کوردستان و ئێرانمان دەکرد.

بەمجۆرە ئەلفوبێی کاری حیزبایەتی و تەشکیلاتی لەکاک کەریم فێربووم و کاک کەریم منی بۆ نێو  تەشیلاتی حیزب و  حیزب هیدایەت کرد.  کاک کەریم بوو هەستی نیشتمان پەروەری و حیزب خۆشەویشتی لە مندا مشتوماڵ کرد و دواتر بوو بە هیزێکی مادی کەسەرتاسەری ژیانی منی گرتەوە و حیزبایەتی کردە پڕۆژەی ژیانی من. ئەو هەستە بوو منی کردە رێبواری رێگای عیشق و ئازادی. ئەگەرچی هێمن وتەنی جگە لەناکامیش، نەمدیوە بەرهەمێکیتر.  ئەودەم ماڵی کاک کەریم لە نزیک ئوورزی هەر لە حەوشەی ماڵی کاک کەریم زەندا دەژیان. ئێمە زۆرتر ڕۆژانی تەعتیل بۆ کۆبوونەوە دەچوینە ماڵی کاک کەریم. هەمیشە براژنە خەدیجی خێزانی کاک کەریم بە ڕووی خۆشەوە دەرگای لێدەکردینەوە. قەت نەمدی براژن جارێک نێوچاوانی تێکنێ و ڕووی گرژبێت. هەزار سڵای لێبێ و لە هەرکوێە هەر ساخ و سلامەت و تەمەن درێژبێ.

هەر لێرە بوو لەگەڵ مامۆستا هاشمی کەریمی ئاشنابووم.  ئێمە پێمان دەگووت کاک حەسەن. هاوکلاسیەکی خۆم ، تەها ڕەسووڵ، برای دوکتۆر شوکریە ڕەسوڵ، بۆ فێربوونی فارسی دەهاتە لای کاک هاشم ،. ئەوە منیشی هاندا خۆم فێری فارسی کەم و ئەدەبیاتی فارسی بخوێنمەوە. بەتایبەتی بەرتوڵت برێشتم بە فارسی دەخوێندەو کەیفم دەکرد. هەر لێرەبوو لەگەڵ کاک مستەفای شەڵماشی ئاشنابووم. لەبیرمە جارێک جێژنی دامەزرانی حیزبمان لەو دەورەیەدا لە ماڵی کاک مەلاسمایلی حاجی گرت. هەموو ئەندامانی حیزب لە سلێمانی و دەووروبەر کۆببوینەوە لەسەر سفرەیەک پێکەوە نانمان خوارد. ژمارەمان لە قامکەکانی دەستان تێنەدەپەڕی. یەکەم جار بوو لێرە لە جەژنی ٢٥ گەلاوێژدا،  بیرە واتە ئابووجۆم خواردەوە و لەبیرمە کاک حەمەدەمینی سیڕاجی نەمر، بۆی تێکردم. هەزارجار یادی بەخێر. ئاخر من حیزبی دێموکراتم ئاوا لە خەباتدا دیوە. ئێستاش ٢٥ گەڵاوێژ لێرە هەزاران کەس لە ساڵۆنی جەژنی ٢٥ گەلاوێژدا ئامادەدەبن. 

من وەک ئێستا عاشقی خوێندنەوەبووم. ئەودەم سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی ئەدەبیاتی کوردی و گۆڤارو رۆژنامە کوردییەکان لە سلێمانی  کتێب فرۆشی کاک عومەری مەکتەبە بوو. کە بەداخەوە بە غەریبی ئەو ماوەیە لە سوئێد مرد و گوایە ئەمڕۆ تەرمەکەی دەگێرنەوە بۆ سڵێمانی. ئەودەم ڕۆژنامەی هاوکاری هەفتەی یەکجار بڵاودەبووە. من ڕۆژانی جومعە دەچووم تا دەهات ڕادەوەستام  و هەوەڵین کەسبووم دەمکڕی. کاک عومەر دەیزانی کە بەوەخت دەگەیشتمە لای و خۆشی دەویستم چونکە دەمخوێندەوە. جار جار شتی تایبەت بەخۆشی دەدامێ بۆ هاندانم بۆ خوێندنەوە. 

چیرۆکی پێشمەرگەی ڕەحیمی قازی و ژانی گەلی برایم ئەحمەدم لە کاک عومەر بە قەرز وەرگرت بۆ خوێندنەوە. ئەودەم رێگای بەغداو سلیمانی وا ئاسان نەبوو.  گۆڤاری بەیان و ڕۆشەنبیری نوێش مانگانە بلاودەبوونەوە. هەموویانم بە عیشق و عیلاقەوە دەخوێندنەوە. دەستم کرد بەنوسین بۆ هاوکاری و یەکەمین وتاری درێژم لە پێوەندی دەگەڵ جوڵانەوەی ساڵانی ٤٦ و ٤٧ دا لە هاوکاردیدا دابەزی و بۆم  بوو بە تەشویقێکی گەورە بۆ نوسین.  شعرێکیشم بۆ ئیعدامی پەرویزی حیکمەت جۆ، کە شا ئیعدامی کرد لە بیری نوێدا بڵاکرایەوە و دواتر  بە عەرەبیش بڵاوم کردەوە.  من کە شەووڕۆژ لە گردی یارە بووم بە چاوی خۆم دەمدیت کە ئارامگای پیرەمێرد خەریکە دەرووخێ و نە شەهرداری و نەکەس خەمی لێدەخوا. بۆیە وتارێکم لەوبارەوە نارد بۆ ڕۆژنامەی بیری نوێ و مەسەلەکەم وروژاند وئەوەش لە سلێمانی دەنگی دایەوە. کە ئەو وتارەم لە مەدرەسە پێشانی مامۆستاکانمدا، زۆریان پێ باس بوو و ئافەرینیان پێوتم.

ڕۆژنامەی بیری نوی، زمان حاڵی حیزبی شیوعی کوردستانیش دەردەچوو، کە ئەویشم موو بە موو دەخوێندەوە. بەو جۆرە کەوتمە نێو گۆمی مەندیی بزووتنەوەی ئەدەبی و ڕووناکبیری و سیاسی سلێمانی. لەگەڵ گۆران مەریوانی، مامۆستا حوسێن بەفرین، ممەد عومەر عوسمان، جەمال غەمبار، عوسمان شەیدا، محمەد ڕەنجاو، خەبات عارف کە ئەودەم پرینسەسەی حیزبی شوعی بوو، ئومێد ئاشنا، دڵشاد مەریوانی شەهید، بەرزان فەرەج، رێبوار مەریوانی، فاتح عیزەدین، شێخ ئەنوەر، حەسیب قەرەداخی، وشاعیر و نوسەرانی دیکەی سولەیمانی ئاشنابووم. ئەوەی لە گەردەولوولدا باسی دەکرێ کە مامۆستا هێمن و تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە زیندووکردنەوەی ڕووحیەی کوردایەتیدا لە دوای هەرەس کاریگەر بوون، تەواو راستە.

بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستانی ئۆرگانی حیزب و کتێبەکانی دیکەی بنکەی پێشەوا، لەسەر بەرز راگرتنی ڕووحیەی خەبات شوێنەواری باشیان دانا. ڕێبەران و کادرەکانی حیزب چ لە بەغدا و چ لە سلێمانی و چ لە شارو شاڕۆچکەکانی تر پێوەندیەکی نیزیک و پتەویان دەگەڵ خەڵک و نووسەران و ڕووناکبیرانی کوردستان هەبوو. لە بیرمە هەموو جارێ کە مامۆستا هێمن بەسەردان دەهاتە سلێمانی، سلێمانی دەکەوتە جووڵە. تەواوی شار دەخرۆشا. کاتێک یەکیەتی نووسەرانی کورد کۆڕێکیان بۆ مامۆستا هێمن بەست لە سلێمانی تا ئەزموونی شیعریی خۆی بگێرێتەوە، شار جۆشا بوو. حکوومەت لە ترسی تەقینەوەی وەزعەکە، ئامادەباشی راگەیاندبوو. ئای کە سەربەرز و ڕووسوور بووم کە لەماڵی کاک کەریمی حەداد دەگەڵ مامۆستا هیمن بەرەو ساڵۆنی کۆڕەکە چووین. مەپرسە خەڵک چیان بۆ هێمن دەکرد. ئاخر هێمن لەو هەلومەرجە سەختەدا، ئەو شیعرەی بلاوکردەوە کە دەڵێ

دەمگرن ئەمما لە گرتووخانە ڕق ئەستوورترم

لێمدەدەن ئەمما لەسەر داوا ڕەواکەم سورترم

دەمکوژن ئەمما بە گژ جەللادەکەمدا دێمەوە

کوردم و ناتوێمەوە، ناتوێمەوە.

ئەو شیعرە لەسەر لێوی گەورەو بچووکی خەڵکی سلێمانی بوو.

با ئەوەش بگێرمەوە کە حیزبی بەعس، وەزعێکی پێک هێنابوو کە دەبووایە هەموو کەس بەعسی بێت. ڕۆژانی جۆراوجۆر ئێمەیان لە مەدرەسەکانەوە دەهێنا سەرجاددەو  ڕێژەیان پێدەداین. یەکێک هەمیشە پێش دەکەوت و بە عەرەبی دەیگووت.

هەموو عێراق بەعسیە.هەموو کڕیکارێک بەعسیە، هەموو خوێندکارێک بەعسیە، سلێمانی هەمووی بەعسیە.

ئێمەش کە دەبووایە تیکراری کەینەوە و بۆیان بڵێینەوە.  دەستەجەمعی دەمان گووت.

سلێمانی گشتی بەعسیە.هەورامانیش بەعسیە. دارگوێزەکانیش بەعسیە، پشت دارگوویزەکانیش بەعسیە.

یا دەمان گووت

دەسکی بە پێنج فلسە کەوەر

مەزەی ساوارە کەوەر

ماڵی فەقیرە کەوەر

بەوجۆرە مەسیرەکانی قوتابخانەکانمان دەکردە کۆمێدیەکی سیاسی و رێژیم بۆخۆی بەدەستیەوە گیرۆدەدەبوو.

بەڵی تا دەستپێکردنی شۆڕشی سەرانسەر گەلانی ئێران بە دژی شا من لە سلێمانی بووم. لەوێ فێری خوێندنەوە  بەزمانی عەرەبی بووم. لەوێ  مارکسیسمم بە عەرەبی خوێندەوە. سەرمایەی مارکس و کتێبەکانی دیکەی فەلسەفەم خوێندەوە.  لەوێ لەگەڵ سوخەنڕانیە ئاگراویەکانی مامۆستا سێخ جەلالی حوسەینی ئاشنابووم کە بەدزیەوە بۆمان دەهاتن.

منداڵ و لاو لە شوێنە سۆسیالیزێرە دەبێ کە لێی گەورە دەبێ. بەڵی ئەو ساڵانە شکڵیان بە کەسایەتی من داو دواتریش ئەو بارگە کولتوریەی لە سلێمانی خستمە سەرکۆڵم، لە سەرتاسەری قۆناخەکانی دیکەی ژیانمدا، تەنانەت لە ئورروپاشدا بەکەڵکم هات و وەک زەخیرەی وزەو ئینێرژی بۆ بردنە پێشی خۆم دەکارم کرد. 

ئێستاش پێم خۆشە بڕۆمەوە سلێمانی و بە جادەکانی دا بڕۆم. حەزم لێیە شەربەتی مێوژی سلێمانی بخۆمەوە، کەبابی سلێمانی بخۆم، یاپراخی سلێمانی بخۆم. گەزی سلێمانی بخۆم. ئای کە شێلمی کوڵیوی سەر عارەبانە دەستیەکان چەند بە لەزەت بوو، پاقڵاوەکەی چی؟ حەزم لێ یە  بە برایم پاشاو سابوونکەراندا جاریکی دیکە لە گەڵ هاوڕێکانی دەورانی مەدرەسەمدا، لە گەڵ کاک عومەر ئەمین عەلی ڕانیەیی ، رەفیق  واتە ناڵی لە مەڕ خۆمان و  موەفەق، ناسح، ئایار، ئەوانی تردا بێمەخوار، تەماشای کچەجوانەکانی  سەرجادە بکەم وەک ئەودەم. ئەوانەی بە جادەی کاوەدا دەهاتنەخوار و پێی نازیان لە سەر ئەرزدا دادەنا و گۆران وتەنی نەزەریان نەدەکرد و ئەرۆیشتن ئۆغر.

هەژار دەڵی

دەشتی لاجانە بەهەشتی پێشووم

هونەرم گەر هەبێ لەوێیە تێشووم

ئەوێ بوو لانکی یەکەم دڵداریم

لەوێ هەڵبوو سەرەتای خەمباریم

بەڵێ بۆ منیش سلێمانی دەشتی لاجانەکەی مامۆستا هەژارە. خەمی گەورەی من لەوێ سەوز بوو کە خەمی  وشیاری و  بە دەربەست بوونە. ئەگەر هونەرێکیشم هەبێ، بەڕاستی ئەوە تێشووەکەیم  هەر لەوێ وەرگرتووە. بەڕاستی هەر سلێمانیش بوو لانکی یەکەم دڵداریم.  لەوێ فێربووم  گوڵ نەچنم بۆ گوڵدانی مردووی سەرمێز  لەبەرۆکی کچانی دەم پێش ئەوەی بیانگرمە ئامێز. سڵاو لە سلێمانی و دارووبەردی درشت و وردی.

 ئێستا بڵێی ئەو دۆستە خۆشەویستەم پاش ئەو داستانەش کە بۆم گێڕایەوە و تەنیا گۆشەیەکی بچووکی  ژیانی منیشە لە سلێمانی، حەقم پێنەدا بە دەنگی پەرواز و ئەو کۆپڵە شیعرە جوانەی و ناوی  گردی یارە، لەوسەری دونیا ڕانەچڵەکێم و پەرواز نەکەمە بادی خۆشمرروور تا بمباتەوە سلێمانی و دەشتی شارەزوور.

ئیبڕاهیم لاجانی

١١.٠٦.٢٠١٣

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی