"an independent online kurdish website

مێژوو ئەو رابردویەیە کە گەلانی دونیا لە باو باپیرانیانەوە بۆیان بە  جێماوە  و باسی رۆژگارە کۆن و بە سەرچووەکانە کە شکست و سەرکەوتن و خۆشی و ناخۆشی و بزەو فرمێسك  و برین ساڕێژبوون و سەرکەوتن بۆ لوتکە و کەوتنەخوارەوە لە لوتکە و هەناسەی سەرد و خۆزگەی  ئاسوودەیی و حەسرەت و هتدی ….. لە خۆ گرتووە .fayq-eliasi

زۆر گەلی سەر گۆی ئەم زەوییەش هەیە کە مێژووەکەی لە چەند دەیەیەك تێپەر نابێ و بەڵام لە لوتکەی داهێنان و بەرەو پێشچونی هەمیشەییدایە ، هەشە مێژوویەکی کۆنی هەیە کە لێواولێوە لە شانازی سەرفرازی کەچی گیرۆدی کوشندەترین پەتا بووە کە پێی ئەوترێ خولانەوە لە بازنەی نەزانی.

 نموونەی ئەو گەلانە یان ئەو وڵاتانەی کە مێژوویەکی کۆنی وایان نیە و خۆیان توانیویانە ئەو مێژووە بسازن و ئێستا بوەتە جێگای سەربڵندی بۆ نەوەکانی ئەمڕۆییان و بوەتە ڕوانگە و مەبەستی خەڵکانی هەرچوار لای گۆی زەوی و زۆرترین کەسانێك کە ڕوویان تێدەکەن بۆ ئاسودەیی ژیان لە خەڵکانی ئەو نەتەوانەن کە خاوەنی کۆنترین شارستانی مرۆڤایەتیین.

بۆ نمونە ، ئەمریکا- کەنەدا – ئوسترالیا – نیوزلاند . کە لە ڕیزی پێشکەوتووترین وڵاتانی دونیادان و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ 100 یان 200 ساڵ کە لە چاوی میللەتانی ترو وڵاتانی تردا باتەقایەك نیە .

ئێمە وەك گەلانی ڕۆژهەڵاتی هەردەم بە میژووی خۆماندا خۆمان هەڵدەواسین و هەردەم کە باسێك دەکرێتەوە یەکسەر بێ ئەوەی بیربکەینەوە  لە وتانەی کە لە زارمان دێتە دەرێ سەبارەت بەو مێژووە و ئەو ئاکامەی کە ئێستا پێیگەیشتووین، قۆڵی لێ هەڵدەماڵین هەزاران داستانی شاهنامە ئاسا دەهۆنینەوە ، وەك ئەوەی کە چوارلای گۆی زەوی ئێمە بونیادمان نابێ.

بۆ نمونە .

 کە پرسیار لە هەرعەرەبێك  دەکەی سەبارەت بە مێژووەکەی ، بێ یەك و دوو لیکردن هەر 13 بەرگەکەی ( تاریخی تەبەری) و (معجم البلدان ) و هتدت… بۆ دەخوێنێتەوە ، باس لە دادپەروەری ئیسلام و پێغەمبەر موحەممەد ( د-خ )  جێنشینەکانی  و هەردوو عومەر دەکەن ( عومەری کوڕی خەتاب و عومەری کوڕی عەبدولعەزیز ) ، کە لە فڵانە ڕووداودا چیان کرد و چۆن وڵامیان داوەتەوە ،وە بۆ فڵانە بەندی شەرعی چۆن پاساویان هێناوەتەوە ، بێخەر لە وەی ئەو عومەرەی ئەوان باسی لێدەکەن بیری لە خەڵکەکەی و ترسی خودای هەبووە، وە  شەرمی لە کەس نەدەکرد و تیغ و قەمچی بەر لە هەموو شتێك ڕووی لە زاڵمان بوو. فەقیر و دەوڵەمەند لای وەك یەك وابوو ، ئیشی بۆ ئەوە دەکرد ، ورگی موسڵمانان تێر بکات نەك کەعبە حەریر پۆش بکات . وە دژی پیاهەڵدان بە ڕەگەز و ڕەگەزپەرەستی بوو وە بە شتێکی بۆگەن ناوی دەبرد ، چونکە ئەو پێی وابوو  مرۆڤ کوێر دەکات وای لێدەکات  لە لوتی خۆی زیاتر بەرزتری نەبینێ. یان عومەری کوڕی عەبدولعەزیز خۆی جلەکانی خۆی دەشۆرد و خۆی ئیشی ناوماڵی دەکرد ، چونکە خێزانەکەی نەخۆش بوو ، وە بە شانازییەوە باسی دەکرد و دەیوت گەر ئەوە نەکەم من کەسێکی سپڵەم. نازانن ئەوانەی ئێستا کە خۆیان بە موسڵمان حیساب دەکەن،  موسڵمان بوون لە ڕیش و هاتو هاوار دەبینن نەك لەو وتەییەی پێغمەبەریەکەیان کە دەفەرموێ “( ارحمو من فی الأرض یرحمکم من فی سماء) ( بەزەییتان بەئەودا  بێتەوە کەلە سەر زەوین تا ئەوەی ئاسمانیش بەزەیی پێتاندا بێتەوە ) ”  وە بێئاگا لەوەی کە ماوەی تەمەنی ئیسلام لە دوای مردنی پێغەمبەر موحەممەد( د-خ ) لە 30 ساڵ تێپەڕی نەکردوە ، وە لە دوای دەست لە کار کێشانەوەی حەسەنی کوڕی ئیمای عەلی لە خەلافەت،  پاشانشینە بنەماڵەییەکان دەستی پێکرد و تا ساڵی 1919 کە کۆتای سەڵتەنەتی عوسمانی بوو بەردەوام بوو .

یان ئێرانیەکان کە باسی مێژوو دەکەن ، دەڵێن ئێمە یەکەمین بڵاوکراوەی مافی مرۆڤمان هەبووە و گەورەترین شارستانیمان هەبووە و باسی چیرۆکی خەیاڵی ئارشی کەمانگیرت بۆ دەکەن کە چۆن لە لوتکەی دەماوەندوە تیری تەقاندوە و سنوری ئێران و تورانی دەستنیشان کردوە ، ئەگەر مرۆڤ باش بیری لێبکاتەوە بۆی ڕوون ئەبێتەوە کە مووشەکی تۆماهۆکیش ئەوەندە ناتوانێ ببڕێ. بەڵام کە چاو بە مێژوویاندا دەگێڕی بێجگە لە خوێن ڕشتن و ئاوارەکردن و جینۆساید و ڕاگواستن و بێڕێزی کردن بە گەلانی تر مێژوویان شتێکی تری تێدا نابینی ، وە ئەو مێژووەی کە هەیانە داستانەکانی شاهنامەیە و خەیاڵاتی شاعرێك کە زۆرترین شیعرەکانی نێو کتێبەکەی لە داستانی سەرەوەریەکانی  گلگامش وەری گرتووە ، کە داستانێکی کۆنی ئاشوری و کدان و سۆمەری و بابلیەکانە ، وە ئەگەر ئەوەی ڕاست بێ کە ئەوان باسی لێدەکەن ئەی بۆ چارەنووسیان هەر خولانەوە لە بازنەی نەزانیدایە ، کە ئێستاش خەون بە گەڕانەوەی کورشی حەقیر دەبینن ، یان چۆن ئێستاش لەو بازنەدا هەر دەخولێنەوە بە هاتنە خواری ئاخوندێکی بێ عەمامە و بردنە سەری ئاخوندێکی عەمامە دار ، یان چۆن بە قەوڵی خۆیان نەفامێکی وەك خومەینی لە پاریسەوە دێت دەسەڵاتی ڕەها دەگرێتە دەست و لە گۆرستانێکدا کۆبوەوەیان بۆ دەکات و پەیامی ناڕاستەوخۆی خۆیی پێیان دەڵی ” گەر بە قسەم نەکەن جێگاتان ئێرەیە کە تێیدا قسەتان بۆ دەکەم ”  ئەمە تەنها یەك واتای هەیە ئەویش پەتای مێژوو و خولانەوە لە بازنەی نەفامی …

یان ئێمەی کورد ، هەرچی نەبێ و ببێ باسی مێژووی خۆمان دەکەین و دەڵێین ئاوا بووین ئاوایان لێ بەسەر هێناین ئاوا فریوی داگیرکەرانمان خوارد ئاوا بە غەدر لێیان کوشتین و هەر حەسرەتی بۆ دەخۆین ، بەڵام کەچی لەو بازنەدا هەر دەسووڕێینەوە و نە بستێك بۆ پێش بەڵکو بست بست بۆ دوا دەگەڕێنەوە هەرجارە گێلەپیاوێکی بەناو ڕێبەر سواری ئەسپی کوردایەتی نیشتمانی ئەبێ و ئێمەش وەك مەڕ دوای دەکەوین وە کاتێك بە خەبەر دێینەوە کار لە کار ترازاوە و ئەنگوست گەستنیش بە کەڵکمان نایەت.   

شانۆگەری بە ناو هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی ئێران ئەوەی سەلماند ، کە زۆرینەی میللەتی ئێمە چیدی ناتوانێ یان نایەوێ لە سەر خوانی مێژوو  نانی دەرخوارد بکرێ ،  وە خەڵك خوازیاری  گوفتار کردارن لە هێزە بە ناو سیاسیەکان کە ماشەڵایان لێ بێ ، هەر ساڵێك باران زۆربێ  چەند دانەیەك وەك قارچك سەر دەردێنن  ئەوانیش کراسێکی مێژوو دادەبڕن . وە هۆکاری بە کۆمەڵ کۆچ کردنی لاوان لە ناوخۆی وڵاتەوە دەگەڕێتەوە بۆ دیار نەبوونی ئەو هێزانە لە گۆڕەپانی سیاسی و نیزامی وڵاتدا وە چیدی لێدانی قەوانی ئاوا بووم ئاوام کرد بە کەڵکیان نایەت .

بە هیوای ئەو ڕۆژەی لە نیشتامانی مندا شێوازی پەروەردە و بە بارهێنان و باس کردنی مێژوو و جوگرافیا و هتد…  وەك ژاپونی لێبێت ، ئەو کات دەتوانی هەم شانازی بە ڕابردوو بڕوا بە ئایندە بزە لە سەر لێوی هەموو خەڵکی وڵاتەکەم بـبـیـنـرێ .  

بە هیوای ئەو ڕۆژە

فایەق ئەلیاسی – دانا

24-06-2013

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی