پێشەکی : لە بەشەکانی پێشوترودا باسی هاتنی خۆم بۆ ناو دونیای سیاسەت و حیزبایەتی کرد کە لە پێشدا لە حیزبی دیموکراتەوە دەستم پێ کرد و پاشەن لە گەڵ کۆمەڵە درێژەم پێدا.
هەر وەها تا ئێستە باسی کۆمەڵێکی بەرچاو لە هەڵسووڕاوان و لایەنگرانی کۆمەڵەم لە ئۆردووگای ڕومادی و ناوچەکە کردووە کە بۆ پەرەپێدانی بیر و باوەڕی ڕێکخراوەکەیان چی وەک کادر، پێشمەرگە، هەڵسووڕاو، لایەنگر و دۆستی ئەم ڕێکخراوەیە هەر کەس و بە پێی توانای خۆیان کاریان کردووە و هەوڵیان بۆ داوە.
مەبەستی سەرەکی من لە نووسینی ئەم مێژووە ئەوەیە کە هەم یادێک بکەم لە هەوڵ و ماندوو بوونی هاوڕێیانی دێرینی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی کە بە زۆری خەڵکی ناوچەکانی سەلاسی باوەجانی، سەرپێڵی زەهاو و داڵاهۆ بوون. هەم هەڵسەنگاندنێکیش بێت لە دەور و جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی ئەم حیزبە لە ئەو دەڤەرانە.
لە پاڵ ئەمانەشدا بە باشم زانی کە باس لە کۆمەڵێک کەند و کۆسپ بکەم کە ڕۆژانە دەهاتنە سەر ڕێگامان.
لە درێژەی باس کردنی بەشەکانی ڕابردوودا، لە ئێرەشەدا (هەر وەک لە کۆتایی بەشی ڕابردوودا ئاماژەم پێ کرد بوو) بە باس کردنی پێوەندییەکانی تەشکیلاتی کۆمەڵە لە گەڵ ئێمە ( لایەنگرانی کۆمەڵە ) و ئۆردووگای ڕومادی درێژە بە ئەم نووسینە ئەدەم.
پێوەندی گرتن لە گەڵ ئۆردووگاە و ناردنی کادیر
لە ئاخر و ئۆخری پائیزی ساڵی ١٩٨٤ زایینی (١٣٦٣هەتاوی) لە سەر داوای چەند لایەنگرێکی کۆمەڵە کە تازە هاتبوونە ئۆردووگای ڕومادی، چەن کەس لە کادیرەکانی کۆمەڵە دێنە ئەو ئۆردووگایە و دەچنە ناو مزگەوتی تایفەی قوایی (قوبادی) کە نزیکترین مزگەوت بوو لە دەروازەی هاتووچۆ کردن بۆ ناو ئۆردووگاکە.
لە ناو ئەو کادیرانەدا تا ئەو جێگەی کە من دواتر بیستوومەوە ئەتوانم ئاماژە بە ناوی کاک عەبدوڵلە بابان و کاک موحەمەد نەبەوەی بکەم. ئەوان لە پێشدا زۆر ئاسایی ئەچنە ناو مزگەوتەکە و کاک عەبدوڵلە بابان لە بڵیندگۆی مەزگەوتەکەوە دەست ئەکات بە قسە کردن (سوخەنڕانی کردن). لە بەشێک لە قسە و باسەکانیدا باسی ڕووداوەکەی ڕۆژی ٢٥ – ٨ – ١٣٦٣ هەتاوی لە ناوچەی هەورامان ئەکات کە بە شەڕی یەکەمی دیموکرات و کۆمەڵە لە ئەو دەڤەرەو ناسراوە. بە داخەوە لە ئەو شەڕەدا کۆمەڵێک لە شۆڕشگێڕانی گەلی چەساوەی کورد کە بۆ ئازادی و بەختەوەری خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان چەکی پێشمەرگایەتییان هەڵگرت بوو، دەبن بە قوربانی وخوێنی پاکیان بە ناهەق ئەڕژێتە سەر ئەرز!
گێڕانەوەی ئازارەکانی ئەو ڕووداوە ئەوەندە قورسن کە لە توانای منی نووسەری ئەم باسەدا نییە. هیوادارم کە ئەو کەسانەی کە لە نزیکەوە شایەتی ئەو ڕووداوە بوون بە ئەمانەتداری و بە ویژدانەوە بینووسنەوە. تا نەوەکانی ئیمڕۆ و سبەی ڕۆژی کۆمەڵگاکەمان بیخوێننەوە و ئەزموونی لێ وەرگرن و پێش لە دووپات بوونەوەیان بگرن.
خەڵکێکی بەرچاو لە دەوری ئەو مزگەوتە کۆ ئەبنەوە. هێشتا چەند خولەکێک لە قسەکانی کاک عەبدوڵڵە تێ ناپەڕێت کە لە ناو ئەو خەڵکەدا چەن کەسێکی نەیاری کۆمەڵە دەست ئەکەن بە هات و هاوار کردن و هەڵخڕاندنی هەستی ئایینی و مەزهەبی ئەو خەڵکەی کە گوێ بیستی قسە و باسەکانی ئەو کادیرەی کۆمەڵە دەبن. بەو شێوەیە ئەو کۆبوونەوەیە لە لایەن نەیارانی کۆمەڵەوە دەشێوێنرێت.
من خۆم ئەو ڕۆژە لە ئۆردووگاە نەبووم و نەیشم دەزانی کە کەسی کۆمەڵە بڕیارە بێن بۆ ئۆردووگاە
دواتر کە بۆیان گێڕامەوە، گوایە ئەگەر پۆلیس و مەئمورانی جێگیر لە ئەو ئۆردووگاە نەبوایەن لە وانەیە کارەساتێک بۆ ئەو هەیئەتەی کۆمەڵە ڕووی بدایەت.
ئەوەی کە مرۆڤ لە سەر ڕووداوی لە ئەو چەشنە بە وردی بیر ئەکاتەوە، ئەوەیە کە ڕێکخراوی سیاسی و مرۆڤی خەباتکار لە پێشدا دەبێ کۆمەڵگاکەی خۆی بە باشی بناسێت. دواتر لە سەر ئەو شناخت و ناسینانەیە کە دەبێ پلان و بەرنامە بۆ پێشوەچوونی سیاسەتەکانی خۆی دابڕێژێت. ئەو هاوڕێیانە لە وانەیە یان هیچ شناختێکیان لە سەر باری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینی خەڵکی ئەو ئۆردووگایە نەبوو بێت و یان لە لایەن چەند لایەنگرێکی کەم ئەزموونەوە کە لە ئەساسدا خەڵکی شوێنەکانی تری کوردستان بوون و ئەوانیش شناختێکی ئەوتۆیان لە سەر ئەو خەڵکە نەبووە، تووشی ئەو کێشەیە و هەڵەی لێکدانەوە بوو بن. لە وانەیە ئەوان پێیان وا بوو بێت کە کۆمەڵە چۆن لە سنە، مەریوان، کامیاران، دێواندرە و شوێنەکانی تری کوردستان خاوەن مێژووە و لە ناو خەڵکدا خۆشەویستە لە ئێرەش هەر وەها دەبێت.
بە هەر حاڵ، ئاکامی ئەو سەفەرە و ئەو کۆبوونەوەیە بوو بە ئەوەی کە چەند لایەنگرێکی کۆمەڵە لە ناو مجەڕەدەکان (بە کەسانی سەلت و تەنیا ئەوترا) بکەونە بەر پەلاماردان و بێ حورمەتی پێ کردن لە لایەن نەیارانی کۆمەڵەوە.
هەر وەها ئەتوانم بڵێـم لە ئەو ڕۆژە بە دواوە تا وەستانی شەڕی نێوان دیموکرات و کۆمەڵە، ئێمە (لایەنگرانی کۆمەڵە) لە ئۆردووگای ڕومادی لە ژێر گوشار و هەڕەشەی نەیارانی بیری کۆمەڵەدا بووین. ڕۆژانە ڕوو بە ڕووی دەیان کەند و کۆسپ ئەبووینەوە.
بەڵام ئەوەی کە سەرئەنجام کۆمەڵەی لە ئۆردووگای ڕومادی جێ خست، ڕاستگۆیی، فیداکاری و هەوڵ و ماندوو بوونی بێ وچانی کەسەکانی ئەم ڕێکخراوەیە بوو کە لە ناو خودی ئەو خەڵکەدا سەریان بەرز کردەوە.
بە بێ خۆهەڵکێشان هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی لە ڕیزی پاکترین، خۆشناوترین، ڕاستگۆترین و دڵسۆزترین کەسەکانی ئەو ئۆردووگایە بوون. هەر بۆیە هیچ کام لە پیلانەکانی ناحەزانی ڕەنگاو ڕەنگمان لە ئەو ژینگەیە نەیدەتوانی سەرکەوتوو بێت و تۆسقاڵێک کار بکاتە سەر ورەی خەباتکارانەمان.
بۆیە من لە ئەو بڕوایەدام کە هیچ حیزبێک بە بێ کادیری خۆماڵی ناتوانێت لە جێگایەکی تری کوردستان کاریگەری پێویست دابنێت. ئەوەندە پەیڕەو و پرۆگرامی حیزب بۆ ڕاکێشانی جەماوەر بۆ لای خۆی گرنگ و پێویستە، ئەوەندەش بوونی کادیری خۆشناو و جێگە متمانەی خەڵک، ڕاستگۆ، پاک، خۆ بەزلنەزان و لە هەمان کاتدا هەڵقوڵای ناو خودی جەماوەر بێت، پێویستترە!
لە ساڵەکانی ١٩٩٣ بەدواوە کە خۆشبەختانە پێوەندییەکانی نێوان کۆمەڵە و دیموکرات لە کوردستان تا ڕادەیەک بەرەو ئاسایی بوونەوە چوون، لە سەر ئۆردووگای رومادیش کاریگەری خۆی هەبوو.
دواتر کۆمیتەکانی کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات لە ئەو ژینگەیە پێکەوە دانیشتنیان هەبوو و لە مەراسمەکانی یەکتردا بەشدارییان ئەکرد. کاتێک کە نەواری ئەو مەراسمانەی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی لە لایەن هاوڕێیانەوە بۆ ئێمە دەنێردرا و چاوم لێ ئەکردن کە هەڵسووڕاوان و لایەنگرانی حیزبی دیموکراتیشی تێدا بەشدارن، زۆر خۆشحاڵ ئەبووم و لە دڵەوە ئاواتم ئەخواست کە هەموو کات لە جیاتی ناتەبایی و یەک قوبووڵ نەکردن، تەبایی و هاوکاری و دۆستایەتی هەبوایەت!
بە هەر حاڵ ماوەیەک دواتر (پێموایە بەهاری ساڵی ١٩٨٥) کۆمەڵە کادیرێکی دیکەی (ئەم جارەیان زۆر بە بەرنامەوە) نارد بۆ ناو ئۆردووگای ڕومادی. لە ئەو ماوەیەدا ئێمە کەسەکانی کۆمەڵە لە ناو مەردمی وەڵەوەیی لە گەڵ کەسانێک لە لایەنگرانی کۆمەڵە لە ناو مجەڕەدەکان و لە ناو مەردمی گۆران و قەڵخانی و شوێنەکانی تری ئۆردووگاکە ئاشنایەتیمان پەیدا کرد بوو و لە گەڵ یەکتردا پێوەندیمان هەبوو. تا ڕادەیەکیش بە باشی کارمان کرد بوو.
پێموایە تا ئەو کاتە ژمارەمان لە سەر یەک بە ٢٠ کەسێک ئەگەیشت.
ئەو کادیرەی کە ئەو جارەیان کۆمەڵە ناردی بۆ ئۆردووگای ڕومادی کاک حەمەی موهتەدی (ئامۆزای کاک عەبدوڵڵە موهتەدی) بوو.
ئەوە یەکەم جار بوو کە لە ئۆردووگای ڕومادی ئێمە لە نزیکەوە کادیرێکی کۆمەڵەمان ئەبینی و لە گەڵیدا دادەنیشتین و قسە و باسمان ئەکرد. ئێمە کاک حەمەمان لە ماڵەکەی کاک ئایەت، کاک خالید و کاک حەمەسوور بینی. دکتور نەبی و عەلیجان ڕەوانسەری و کەسانی تری لایەنگری کۆمەڵەش هەر هەمان ڕۆژ لە ئەوێ بوون.
تەنانەت کاک …… کە ئێستە لە وڵاتی سوید ئەژی و ئەندامێکی چالاکی حیزبێکی دیکەیە، ئەو ڕۆژە هات بۆ ئەوێ و وتی منیش لە ئیمڕۆ بە دواوە ئەبم بە لایەنگری کۆمەڵە و ناوی نهێنیشی بۆ دیاری کرا. ناوبراو وتی من لە ئێرە عەشرەت و کەس و کاری زۆرم نییە و ناتوانم بە ئاشکرا بڵێم کۆمەڵەم، بەڵام بەڵێن ئەدەم کە لە ئیمڕۆ بە دواوە خۆم بە کۆمەڵە بزانم.
بە هەر حال ئێمە دواتر کاک موحەمەدمان لە گەڵ خۆمان برد بۆ ماڵی ئێمە. دەتوانم بڵێم لە ئەو ڕۆژە بە دواوە تا دوو، سێ مانگ پێش لە ئەوەی کە ئەو ئۆردووگایەم بە جێ هێشت (مانگی سپتامبری ١٩٩٠ زایینی)، ماڵی ئێمە شوێنی سەرەکی کۆبوونەوە و بە یەک گەیشتنی هاوڕێیانی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی بووە.
جێگای خۆیەتی کە هەر لە ئێرەدا پڕ بە دڵ سوپاسی هاوسەری ژیانم بکەم کە بە بۆنەی منەوە هەر لە تەمەنی ١٩، ٢٠ ساڵانەوە کەوتە بەر ئەزیەت و ئازاری ئاوارە بوون و دووری لە خانەوادە و کەس و کاری. بە بۆنەی منەوە هاتە عێراق و بۆ ماوەی ٦ مانگ بە دوو منداڵی تەمەن دوو ساڵان و چەن مانگانەوە لە سەرمای زستانی ١٣٥٨ هەتاوی لە ژێر چادردا ژیانیان بە سەر برد. لە گەڵ مندا هاتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وەک ژنە پێشمەرگەیەک زۆر ئازار و مەیەنەتی شەڕ و غەریبی و نەداری چەشت. (ئەو کات لە گەڵ حیزبی دیموکراتدا بووم).
لە ئۆردووگای ڕومادیش سەرەڕای ئەوەی کە پێنج، شەش منداڵمان هەبوو، ڕۆژی وەها هەبوو کە دەبوایە نان و خواردنی بۆ ١٠ تا ١٥ کەس درووست بکردایەت. بە زۆری ئەو چاوی بە منداڵەکانەوە هەبوو لە کاتێکدا کە من بە شوێن بژێوی ژیانی ڕۆژانە و کاری سیاسییەوە بووم. هەر کات کادیرەکانی کۆمەلە بهاتایەن بۆ ئۆردووگاە دوو هەفتە لە ئەو شوێنە ئەمانەوە. بە لانی کەمەوە یەک هەفتەی لە ماڵی ئێمە ئەبوون و هەر ڕۆژە چەندها کەس هاتووچۆی ماڵی ئێمەیان ئەکرد و دەبوایە میوانداریمان لێ بکردایەن.
بە گشتی بەشێکی زۆری زەحمەتەکانی من لە سەر شانی هاوسەری ژیانم قورساییان کردووە. هەربۆیە هەتا لە ژیاندا ماوم سوپاسی ئەکەم وخۆمیش بە قەرزداری ئەزانم!
هەر وەها سوپاسی ئەو خزمانەشم ئەکەم کە بە بۆنەی من و کۆمەڵەوە زۆر زەحمەتیان کێشاوە! زۆر جار کەوتوونەتە بەر قسە و قسەڵۆکی خەڵکی ناحەز و نەیارمانەوە!
هیوادارم کە ڕەنج و ماندوو بوونی هەموومان توانبێتی چەند هەنگاوێک شٶڕشی بەشمەینەتانی کوردستانی بەرەو پێش بردبێت.
بێجگە لە ماڵی ئێمە ماڵی کاک قادر قەنبەری، کاک مەجید قەنبەری، ماڵی کاک ڕەحمان عەلیپووڕ و کاک مەڵک چراغی و چەندین هاوڕێی تر لە ناو مەردمی قەڵخانی و گۆران جێگە و شوێنی بە یەک گەیشتنی هاوڕێیانی کۆمەڵە بووە.
هاتنی کاک حەمە و مانەوەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە ناومان کاریگەری باشی دانا و زۆر یارمەتی کرد بە خۆ ڕێکخستنمان. لە ئەو وەختەدا کە کاک حەمە لە ئۆردووگا بوو، کەسێکی خەڵکی مهاباد وەک پەنابەر لە ئەو ئۆردووگایە ئەژیا کە ناوی ڕەحمان سینگ شێر بوو. ماڵەکەی لە خوارەوەی ئۆردووگاە و لە نزیک ماڵەکانی تایفەی باوەجانی بوو. کەسێکی باڵابەرز، وەرزشکار و کاراتەباز بوو.
نازانم لە بەر چی هۆکارێک، بە داخەوە ژنەکەی لە ئۆردووگاە بە هۆی سوتاندنەوە لە ژیان ماڵئاوایی کرد و چەن منداڵێکی بچووکی لە شوێن خۆی (بە سەر دەستی ڕەحمانەوە) بە جێ هێشت. ڕەحمان لە سەر ئەو ڕووداوە و گیر خواردن بە دەست دوو، سێ منداڵەوە تووشی چەشنێ لە ڕەفتاری عەسەبی و تووڕە بوون هاتبوو. ناوبراو گوایە کاتی خۆی (نازانم لە بەر چی هۆکارێک) ماوەیەک لە لای کۆمەڵە دەست بە سەر بووە. زۆر ڕقی لە کۆمەڵە بوو. ناحەزانی کۆمەڵە کە زانیبوویان کادیرێکی ئەم ڕێکخراوەیە لە ئۆردووگایە بە گوێی ڕەحمانیان دا گەیاند بوو. زۆر بە شوێن کاک حەمەدا گەڕا بوو. تەنانەت چەند جارێکیش لە دەور و بەری گەڕەکەکەی ئێمەش سووڕا بووە. هەر ئەو کەسە چەن جارێکیش پێشی بە خەڵکی تر و بە لایەنگرانی کۆمەلەش لە ناو مجەڕەدەکان گرتبوو.
بە هەر حاڵ کاک حەمە چەند ڕۆژێک لامان مایەوە و گوڕ و تینێکی باشی پێ بەخشین. لە ڕێگای ناوبراوەوە ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەلم لە سەرلایەنە جۆر ا و جۆرەکانی ئۆردووگای ڕومادی نووسی و ناردم بۆ سەرکردایەتی کۆمەڵە.
ماوەیەک دواتر کۆمەڵە چەند کادیرێکی تریان بۆ ئۆردووگای ڕومادی نارد. ئەو ڕۆژە لە دوکان بووم. منداڵەکانم هاتن بە شوێنمدا و وتیان میوانمانە. کە گەڕامەوە بۆ ماڵ ماشینێکی سپیم بینی کە لە بەر دەرکی حەوشەکەماندا ڕاوەستا بوو. چوومەوە ماڵ و بە خێر هاتنی میوانەکانم کرد. تا دانیشتین و چاک و چۆنییەکمان پێکەوە کرد، چای و نانی نێوەڕۆ ئامادە کرا. بۆ نیوەڕۆ و دوا نیوەڕۆکەی پڕی ماڵمان بوو لە لایەنگران و دۆستانی کۆمەڵە. دوای ئەوەی کە خۆیان ناساند میوانەکان سێ کادیری خوێن شیرین و دەم بە پێکەنینی کۆمەڵە بوون. کاک حەمەی ڕاستی خەڵکی مەریوان. کاک عومەر کەریمی خەڵکی مهاباد و کاک جەماڵ (پێموایە شۆرەتی خالدیان بوو) خەڵکی سنە ئەو سێ کادیرەی کۆمەڵە بوون.
پاش خواردنی نانی نیوەڕۆ کاک جەماڵ کە شۆفیری ماشینەکە بوو گەڕایەوە بۆ مەقەڕی نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە بەغدا. کاک حەمە و کاک عومەر بۆ ماوەی یەک هەفتە لامان مانەوە و کەوتینە کۆبوونە گرتن و پیوەندی گرتن لە گەڵ دۆستان و لایەنگرانی کۆمەڵە و ئەتوانم بڵێم بە هاتنی ئەو دوو کادیرەی کۆمەڵە و مانەوەیان بۆ ماوەی یەک هەفتە و گەڕان و جەولە کردنمان بە ناو ئۆردووگاەدا، کۆمەڵە بۆ خەڵکی ئەو ئۆردووگایە بە تەواوی ئاشکرا بوو. ئیتر هەموو کەسێک ئەیزانی کێ کۆمەڵەیە و کێ نەیاری کۆمەڵە.
لە ئەو ڕۆژە بە دواوە تا ئەو کاتەی کە من ئۆردووگام بە جێ هێشت و هاتم بۆ وڵاتی سوید (مانگی سپتامبری ١٩٩١) کۆمەڵە لە گەڵ ئۆردووگای ڕومادی بە شێوەیەکی ڕێک و پێک لە پیوەندیدا بووە. ساڵێ سێ بۆ چوار جار و هەر جارێک چەن کادیریان دەنارد بۆ ناو ئەو کەمپە. هەر جارێک بۆ ماوەی یەک، دوو هەفتە لە ئەو شوێنە ئەماونەوە و کاری ڕێکخستن و کۆڕ و کۆبوونەوە گرتنیان لە گەڵ لایەنگران و دۆستان ئەکرد.
ئەوەی کە ئێمە بە گشتی و من بە تایبەتی لە کۆمەڵە و لە کادیرانی لە ماوەی ئەو پێنج، شەش سالەدا فێر بووم، ڕێز گرتن لە بەرانبەر، لە خانەوادە و لە هاوسەری ژیان، لە منداڵ و لە خەڵکی فەقیر و هەژاری کۆمەڵگا بوو! ناسینی ئازارەکانی جیهانی چینایەتی و هۆکارەکانی بوون!
هەوڵدان بۆ ڕیگەچارەی ستەمی نەتەوایەتی و بە دەست هێنانی مافی چارەی خۆنووسین بوو!
ناسینی سیما و ڕوخساری خوینمژان و مفتخۆرانی ناو کۆمەڵگای کوردستان، دەور و کاریگەری ئایین لە ژێردەست کردن و بە هەژار هێشتنەوەی خەڵکی چەوساوە و بێ مافی و ئازارەکانی ژنان لە کۆمەڵگای پیاوسالار، ئایین سالار و نیزامی سەرمایەداریدا و هەوڵدان بۆ ڕزگار بوونیان بوو!
بە گشتی کۆمەڵە بۆ من ئەو فێرگەیە و ئەو زانکۆیە بوو کە لایەنە جۆراو جۆرەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیم تێدا ئەناسییەوە! بە ئاسانی تێدەگەیشتم کە جیهانی مرۆڤی چەوساوە و مرۆڤی چەوسێنەر دوو جیهانی بە تەواوی لە یەک جیاوازن!
تێدەگەیشتم کە نانی سفرە و خوانی ئەم لە سەر ئارەقی نێو چاوان و خوێنی لەش و جەستەی ئەوی تر بە دەست دێت!
وەک شاعیر دەڵێ:
هەتا هەتاو گزنگ نەکێشێ
هەتا فەلاح ئارەق نەڕێژێ
چۆن ملهوڕی ناو کۆشک و قڵا
ئەخوات نانی گەرمی گڵا گڵا!؟
(داوای لێبوردن ئەکەم کە هەم ناوی شاعیرەکەم لە بیر نییە و هەم لە وانەیە شیعرەکەشم بە بێ هەڵە و کەم و کورتی نەوتبێتەوە).
لە بیرمە لە کۆبوونەوەیکدا بووین لە ناوچەی قەلخانی لە ماڵی یەکێک لە هاوڕێیان. کەسێکمان باسی ئەوەی کرد کە ئیمڕۆ کەسێکی کردووە بە لایەنگری کۆمەلە. یەکێک لە کادیرەکان وتی خراپ نییە کە لایەنگرمان زیاتر بێت و دەست خۆشی لە ئەو کەسە کرد و درێژەی بە قسە کردن دا وتی لە بیرتان نەچێت کە ئەرکی سەرەکی ئێمە زیاد کردنی لایەنگر نییە، بەڵکوو وشیار کردنەوەی ئەم خەڵکە چەوساوە و ستەم لێکراوەیە کە سەدان کیلومیتر لە زێد و شوێنی خۆیان دوور خراونەتەوە و ئاوارە بوون و لە ژیانی جەهەنمی ئەم ئۆردووگایەدا ئەژین. “بزانین ئێمە وەک کۆمەڵە ئەتوانین چییان بۆ بکەین؟ چۆن ڕێکیان بخەین کە داوا لە لایەنە پیوەندیدارەکان بکەن کە ژیانیان باشتر بکەن؟”
ئەوان پێداگرییان لە سەر ئەوە ئەکرد کە گرنگ نییە کە کابرای زەحمەتکێش لە چێ حیزبێک لایەنگری ئەکات. گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤی چەساوە، کرێکار و زەحمەتکێش، ژنی ستەم لێکراو، منداڵی بێ بەش لە خۆشی ژیان ئەوە بزانێت کە بۆ ژیانی وەهایە؟ کێ دەسڕەنجی ئەخوات؟ ئارەقی نێو چاوانی ئەو بۆ کێ ئەبێت بە کۆشک و تەلار؟
ئەوان بە ئێمەیان ئەوت کە ئێمە دوژمنی خەڵکی موسڵمان نین و شەڕی خودا و ئاسمان ناکەین. ئێمە دژی ئەو نیزام و دین و یاسایەین کە مرۆڤ بۆ ملکەچ بوون و هەژار بوون لە ئاستی زاڵمان و چەوسێنەراندا هان ئەدات!
کۆمەڵە و کادیرەکانی ئێمەیان بە کردەوە و ڕەفتاری شۆڕشگێڕی، پاکی و ڕاستگۆیی هان ئەدا!
بۆ خۆشەویستی مرۆف، بۆ خۆشەویستی ژینگە و بە گشتی بۆ جیهانێک کە لێواو لیو بێت لە خۆشی و ئاسایش و یەکسانی بۆ هەمووان تێ ئەگەیاند!
ئەو بیر و باوەڕە بوو کە ئێمەی لە بەرانبەر دەیان هەڕەشە و گوڕەشە و کەند و کۆسپدا ڕاگرتوو ئەهێشتەوە!
جیگای خۆیەتی کە ڕێز بگرم لە زەحمەت و ماندوو بوونی یەک بە یەکی ئەو کادیرانە کە ئێمە گەلێک لە ئەزموون و زانستی ئەوان شتی باش و بە سوود فێر بووین!
بێجگە لە ئەو سێ هاوڕێیە کە لە سەرەوە ناویانم هێناوە ناوی بەشێکی تر لە کادیرەکانی کۆمەڵەتان پی ئەناسێنم کە سەردانی ئۆردووگای رومادییان ئەکرد و یارمەتیدەر و مامۆستای ئێمە بوون:
کاک ئەسەد نەودینیان، کاک حوسەین ئەحمەدی، دادە برشنگ بەهرامی، کاک موسلیح شێخ الاسلامی (ڕێبواری شاعێر، شاعێری زۆربەی سروودەکانی کۆمەڵە)، دکتور نەجمەی شەریفی (پزشکیاری کۆمەڵە کە بۆ چەند جارێک لە ڕومادی خزمەتی خەڵکی کردووە)، موختار غوڵام وەیسی، ئەرسەڵان، عەبدولا سەید مورادی، کاک جەواد قوتبی، کۆڕی هونەری بانگەوازی کۆمەڵە. دادە پەروین خێزانی دکتور ئەحمەد (پزشکیارلە بەشی ژنان).
کاک عەلا موفاخری، کاکا شەمی ئەمانەتی و کاک تەهمورس لە نوێنەرایەتی بەغدا کە زۆر جار کەلوپەل و نووسراوەکانی کۆمەلەیان بۆ ئەهێناین. کاک عەبە چیانە پێشمەرگەی کۆمەڵە کە یەک، دوو جار بۆ سەردان لە خزمانی هات بۆ ڕومادی و سەردانی ئێمەشی ئەکرد. هەر وەها سوپاسی ئەو ئەو کادیرە بەڕێزانەش ئەکەم کە لە دوای هاتنی من بۆ وڵاتی سوید سەردانی ئەو کەمپەیان کردووە.
لە ئێرەدا کۆتایی بە ئەم بەشە ئەهێنم و لە درێژەی ئەم باسەدا لە بەشی داهاتوودا باس لە کۆمەڵێک لە کار و چالاکییەکانمان لە ئۆردووگای ڕومادی ئەکەم. چاوەڕوان بن!
عەلی قەنبەری ٢٧ – ٦ – ٢٠١٣ زایینی