پێشەکی ، لە هەژدە بەشی ڕابردوودا کۆمەڵێک بابەتی پێوەندیدار بە ئەو مێژووەم خستە بەر باس، کە بریتی بوون لە چۆنیەتی هاتنم بۆ ناو جیهانی سیاسەت و حیزبایەتی و گواستنەوەی سەنگەری خەبات
لە نێو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بۆ ناو کۆمەڵە. هەر وەها پێناسەیەکی کورتیشم لە سەر ئۆردووگای ڕومادی کرد. هەر لە هەمان پێوەندییەدا باسی چالاکی و دەور و کاریگەری کادر و لایەنگر و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵەشم لە ئەو ژینگەیە کرد.
لە ئەم بەشە و لە بەشی بیستەمیشدا کە دەبێتە بەشی کۆتایی لە سەر ئۆردووگای ڕومادی هەوڵ ئەدەم کۆمەڵێک ڕووداو و فاکتەری گرنگ بخەمە پێش چاوی ئێوەی بەڕێز!
هەر وەها وەک قسەی ئاخرم ( لە سەر ئۆردووگای ڕومادی) لە کۆتایی بەشی بیستەمی ئەم نووسینەدا، باس لە ئەوە ئەکەم کە لە جیاتی نا تەبا بوون لە نێوان لایەنگرانی ڕێکخراوە سیاسییەکان لە ئەو ئۆردووگایەدا ئەگەر تەبایی و هاوکاری و هاوخەباتی بوایە، چەندە لە قازانج و بەرژەوەندی ئەو خەڵکەدا دەبوو!
بواری کۆمەڵایەتی
ئەو خەڵکەی کە بە ٤٠ هەزار کەس مزەندە ئەکران و لە هاوینی ساڵی ١٩٨٢ بەدواوە لە ئۆردووگای ڕومادی جێگیر کران، لە ئەسڵدا خەڵکی گوندەکانی سەر بە ناوچەکانی سەلاسی باوەجانی، سەرپێڵی زەهاو و داڵاهۆ بوون کە لە ٢٠٠ گوندێک پێکهاتبوو. هەر وەها خەڵکی چەن گوندێکی سەر بە ناوچەکانی قەسری شیرین، جوانڕۆ، هەورامان و سەردەشتیش لە پەنابەران و پێکهێنەرانی دانیشتووی ئەو کەمپە بوون.
دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە هەژارترین توێژی کۆمەڵگای کوردستان پێکهاتبوون. ڕادەی نەخوێندەواری لە نێوانیاندا لە سەرەوەی ٨٠ لە سەد بوو. دەسکورتی و هەژاری بەشێکی تر لە ئازارەکانی ئەو خەڵکە بوو. لە دەورانی دەسڵاتداری ڕژیمی شاە و پێش لە ئەویش، جموجووڵی سیاسی بە گشتی و شۆڕشی کوردی (بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) بە تایبەتی لە ئەو ناوچانەدا لە ئارادا بوونی نەبووە.
هەر بۆیە لە کاتی ڕووخانی ڕژیمی شاەدا ئەو بۆشاییە لە ئەو ناوچەیە بە دی ئەکرا. لە مانگەکانی پێش لە ڕووخانی ڕژیمی شاە تا دوو، سێ مانگ دواتریش لە ئەو ناوچەیە کە ئەو خەڵکەی لێ دەژیان جموجووڵی سیاسی لە لایەن ڕێکخراوە کوردییەکانەوە لە ئارادا نەبوو. بۆ نموونە لە شارێکی وەک سەرپێڵی زەهاو کە شوێنی بە یەک گەیشتنی زۆربەی خەڵکی ناوچەکە لە هەموو پێکهاتە ئایینی، مەزهەبی و زاراوەییەکان بووە، بێجگە لە کۆمیتەییەکانی سەر بە ڕژیم (حیزبوڵاییەکان) کەسی تری لێ نەبوو. لە ئەو دەورانەدا کێشەی عەشایەری و کۆمەڵێک ڕووداوی نەخوازراوی دیکە لە ناوچەکە سەریان هەڵدا.
لە مانگەکانی پێش لە ڕووخانی ڕژیمی شاە لە شاری سەرپێڵی زەهاو بە پیلانی بەکرێگیراوانی ساواک لە لایەک و تووندڕەوەکانی سەر بە ڕەوتی ” ئایەتوڵا خۆمەینی” لە لایەکی ترەوە کێشە کەوتە ناو پێکهاتە ئایینی و مەزهەبییەکانی ئەو شارە و ناوچەکە، کە تاڵان کردن و سووتاندنی چەندەها دوکانی ئەم و ئەوی لێ کەوتەوە. سالاری جاف کە نوێنەری مجلیس لە ڕژیمی شاەدابوو کۆمەڵێک لە دەست و پێوەندەکانی خۆی بردە سەر خەڵکی ڕاپەڕیوی شاری پاوە کە چەن قوربانییەکی لێ کەوتەوە.
لە ئەو ماوەیەدا ئێمە چەن کەسێکی خەڵکی ئەو دەڤەرە پێوەندیمان کرد بە نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کرماشان (زیندوو یاد ئەبووبەکری هیدایەتی) و یەکەم بەردی بناغەی حیزبایەتیمان لە سەرەتای مانگی بانەمەڕی ١٣٥٨ هەتاوی لە تەپەڕەشی سەرقڵا دانا و هەر لە شاری سەرپێڵی زەهاوەوە بگرە تا ناوچەی سەلاسی باوەجانی و سەرقڵا و زەهاو دەستمان دایە کاری سیاسی و ڕێکخستن.
خەباتی ئێمە لە ئەو کاتەدا تەنیا سێ، چوار مانگێک درێژەی کێشا و لە ئەو ماوە کورتەدا کاری زۆرمان کرد.
دواتر شەڕ لە کوردستان و لە شاری پاوەوە هەڵگیرسا.
ئایەتوڵڵە خومەینی فتوای جیهادی لە دژی گەلی مافخوازی کورد دەرکرد. هەموو هێزی ئەرتەش و پاسدار و حیزبوڵایی و کۆمیتەچی لە ئەرز و ئاسمانەوە لە ڕۆژی ٢٨ گەلاوێژی ١٣٥٨ هەتاوی بە دواوە هێرشیان هێنایە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئایەتوڵلە سادقی خەڵخاڵی هاتە کوردستان و لە شارەکانی پاوە، مەریوان و سنە دەستی کرد بە گولەباران کردنی بە کۆمەڵی خەڵکی بێ تاوان و شۆڕشگێڕانی ئەو دەڤەرانە.
ترسێک سەر تا سەری ناوچەکەی داگرتبوو. لە ئەو کاتەدا بنەماڵەی جاف (بە تایبەت سەردار بەگی جاف) کە لە ڕژیمی پەهڵەویدا دەستیان ئەڕۆیشت لە دوای گولەباران کردنی سالار بەگی جاف بە دەستی ڕژیمی تازە بە دەسڵات گەیشتووی ئیسلامی ئێران گەڕا بوونەوە بۆ عێراق و لە گەڵ دەست و پێوەندەکانی خۆیان کەوتبوونە پێوەندی گرتن. هەر لە ئەو کاتەشدا بوو دەوڵەتی عێراقیش لە ڕێگای سیخوڕەکانی خۆی، لە کوردانی باشوور کە خزم و کەس و کاریان لە ئەو دەڤەرانە هەبوو کەوتە جموجووڵ.
پیلانی دەوڵەتی عێراق و سەرداری جاف لە لایەک و فتوای مەلاخۆمەینی و ئیعدامە بە کۆمەڵەکانی مەلاخەڵخاڵی لە لایەکی ترەوە هۆکار بوون تا ئەو خەڵکە هەژارە بکەونە شوێنی قسەی سەرۆک عەشیرەت و کویخا و دەست و پێوەندەکانی ڕژیمی پەهلەوی و ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان بە جێ بهێڵن و ئاوارەی وڵاتی عێراق بن.
ئەو خەڵکە لە دوو دەرفەت و کاتی جیاوازدا هاتنە عێراق کە دواتر نزیک بە ٨هەزار ماڵ مزەندە ئەکران. بەشێکی لە ساڵی ١٣٥٨ هەتاوی (١٩٧٩ زایینی) ولە کاتی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی کوردستان و بەشێکی تریش لە ساڵی ١٩٨٠ زایینی لە کاتی هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر وڵاتی ئێران ئاوارە بوون. ئەو خەڵکە دوو، سێ ساڵی ئەوەڵی لە باشووری کوردستان ( کە ئەو کات لە ژێر دەسڵاتی ڕژیمی بەعسی عێراقدا بوو) مانەوە و دواتر (لە دوای هاوینی ١٩٨٢ زایینی) ڕاپێچی ئۆردووگای ڕومادی کران.
لە ناو ئەو خەڵکەدا نزیک بە ٧ هەزار کەس لە بەرانبەر مانگانەیەکی کەمدا چەکی دەوڵەتی عێراق و سەرداری جافیان هەڵگرت. لە بەرانبەرمانگی ٣٠ دیناری عێراقی دەبوایە شەڕی سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێرانیان بکردایەت.
خەڵکی ئەو دەڤەرە لە پێناوی بەرژەوەندیخوازی جەماعەتی سەرداری جاف و چەن سەرۆک عەشیرەت و سەر گروپێکی چەکدار لە لایەک، زوڵم و زۆری ڕژیمەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی و هەر وەها نەزانین و کەم ئەزموونی و دوور بوون لە شۆڕش و سیاسەت لە لایەکی ترەوە، بوون بە قوربانی و دەیان کەسیان بە ناحەق لێ بە کوشت درا. هەر لە ئەو پێوەندییەدا ئەو گرووپە چەکدارانە لە ناوچەکەش بەرانبەر بە ئەو خەڵکەی دیکە کە لە شوێنی خۆیاندا ما بوونەوە زۆر جار هەڵسووکەوتی خراپ و نامرۆڤانەیان کرد بوو.
یەکێکی تر لە ئامانجەکانی ڕژیمی بەعسی عێراق ئەوە بوو کە ئەو خەڵکەی ناچار بکردایەت کە شەڕی هێزی پێشمەرگەی باشووری کوردستانیش بکەن. بەڵام ئەو گرووپە چەکدارانە ئامادە نەبوون ئەو خەیانەتە گەورەیە قەبووڵ بکەن. هەر بۆیە دەوڵەتی عێراق تۆڵەی لێ کردنەوە و ناردنی بۆ بیابانەکانی دەڤەری ڕومادی کە بە کەمپی ئەلتاش ناوبانگی دەرکرد.
لە ئۆردووگای ڕومادی ئەو خەڵکە لە گەڵ ژیانێکی پڕ لە ئازار و نەهامەتی ڕوو بە ڕوو بوونەوە. هەر بۆیە زۆربەی ئەو خەڵکە لە ئەو ژینگەیەدا بە خۆیاندا هاتنەوە و تێگەیشتن کە چۆن فریوی بەرژەوەندیخوازانیان خواردووە و چۆن مال و حاڵی خۆیانیان بە جێ هێشتووە. لە ئەو ئۆردووگایەدا لە بەرانبەر هەر بێ مافی و بێ ڕێزییەک کە لە لایەن دام و دەزگاکانی ڕژیمی بەعسی عێراق و یان عەرەبەکانی دەور و بەر بە کەسێک بکریایەت، یەکسەر دەچووە خانەی کورد بوونی ئەو خەڵکەوە.
هەر بۆیە شانس بۆ حیزبێکی کوردی کە لە ئەو کاتەدا حیزبی دیموکرات بوو زۆر لە بارتر بوو. ئەو خەڵکە سەدان کیلومیتر لە خاکی کوردستان دوور خرا بوونەوە. ئەوان لە کوردستان نەبوون تا لە نزیکەوە ڕێکخراوە سیاسیەکان بناسن و کردەوە و پراکتیکی ڕۆژانەیان ببینن و بە ئەو پێیەی هەڵیان سەنگێنن و دواتر هەڵیان بژێرن. کاتێک کە کەسێک لە زێد و نیشتمانی خۆی دوور ئەکەوێتەوە ئەوەی کە زۆر بە لایەوە گرنگە گەل و نیشتمانیەتی. بە تایبەت کە ئەو نیشتمان و گەلە لە ژێر داگیرکاری و زوڵم و ستەمی داگیرکەریشدا بێت!لە بیرمان نەچێت کە بیری ناسیونالیستی لە ئەوەها کەش و هەویەکدا قسەی یەکەم ئەکات!
حیزبی دیموکرات پێش لە کۆمەڵە هاتە ناوچەکە
هەر وەک لە سەرەوە باسم کرد حیزبی دیموکرات چەن ساڵیک پێشتر لە کۆمەڵە لە ئەو ناوچەیە کە خەڵکەکەی ئاوارەی وڵاتی عێراق و ئۆردووگای ڕومادی بوون دەستی دایە کار و چالاکی سیاسی.
ئێمە چەن مانگ پێش لە هێرشی یەکەمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، لە ناوچەکە لە ڕیزی حیزبی دیموکراتدا دەستمان کرد بوو بە چالاکی سیاسی. ئاخر و ئۆخری زستانی ١٣٥٩ حیزبی دیموکرات لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی
(لە گوندەکانی شێخسەڵە و ئەزگڵە) مەقەڕ و بارەگای کردەوە. تەنانەت پێش لە ئەوەش پێشمەرگەکانی هێزی شاهۆ و کۆمیتەی باینگانی حیزبی دیموکرات چی لە ڕیگای جەولە کردن لە ناوچەکە و چی لە ڕێگای پێوەندی گرتن لە گەڵ ئۆردووگای پەنابەران لە عەربەت، دسکەرەوە و باریکە لە باشووری کوردستان لە گەڵ ئەو خەڵکە لە پێوەندیدا بوون. پێش لە هاتنی گوردانی داڵاهۆ و کۆمیتەی کرماشانی کۆمەڵە بۆ بناری بەمۆ (ساڵی ١٣٦٢ هەتاوی)، حیزبی دیموکرات لە خەڵکی ئەو ناوچەیە خاوەنی دەیان کادیر و پێشمەرگە و سەدان ئەندام و لایەنگر بوو. کاتێک کە حیزبی دیموکرات لە ئاخری زستانی ١٣٥٩ هەتاوی لە ناوچەکە مەقەڕ و بنکەیان کرد بووە کە خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکە دەژیان و ئەو حیزبە لە ناویاندا کاری سیاسی و ڕێکخستنی ئەکرد. بەڵام کاتێک کە کۆمەلە هاتە ناوچەکە یەک گوندیش بە دەستی هێزی پێشمەرگەوە نەما بوو.
بۆچی ئەو خەڵکە زیاتر ڕوویان لە حیزبی دیموکرات کرد؟
وڵامی یەکەم بە ئەو پرسیارە هەر وەک لە سەرەوە باسم کرد ئەوە بوو کە ئەو حیزبە یەکەم هێزی سیاسی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە لە ئەو دەڤەرە دەستی دایە کار و چالاکی سیاسی و چەکداری.
دووەم، ئەو خەڵکە دوای ئەوەی کە فریوی سەرداری جاف، مخابراتی عێراقی و سەرۆک عەشیرەتەکانیان خوارد بوو و هاوکات هەبوونی ڕێکخراوێکی سیاسی کوردییان لە ناوچەکە هەست پێ ئەکرد، ڕوویان لە ئەو حیزبە کرد.
سێیەم، کاتێک کە ئەو خەڵکە هاتنە ئۆردووگای ڕومادی و ڕۆژانە هەڵسووکەوتی دام و دەزگاکانی ڕژیمی بەعسی عەرەبی و خەڵکی نەتەوەپەرەستی عەرەبی شار و گوندەکانی ڕومادییان بەرانبەر بە خۆیان ئەبینی، ئەو کات ئەکەوتنە شوێن پێناسەی نەتەوەیی خۆیان و ئەوەی کە لە ئەو جێگەی بۆ ئەوان گرنگ بوو، کورد بوون بوو.
چوارەم، حیزبی دیموکرات حیزبێک بوو کە زۆر کەسێکی لە خۆ ئەگرت. لە کەسی مەزهەبییەوە بگرە هەتا کەسی سکۆلار و غەیرە مەزهەبی لە ئەو حیزبەدا وەرئەگیران.
بەڵام بۆ کۆمەڵە کە هێزێکی چەپ و مارکسیست بوو و تازەش ببوو بە بەشێک لە حیزبی کومونیستی ئێران، ڕاکێشانی جەماوەر بە ئەو جۆرەی کە بۆ حیزبی دیموکرات دەکرا، بۆ ئەو ڕێکخراوە وەها ئاسان نەبوو. بێجگە لە ئەوەش کۆمەڵە سێ، چوار ساڵ دێرتر لە حیزبی دیموکرات ڕووی لە ناوچەکە کرد بوو. هەر وەها کۆمەڵە وەک هێزێکی ئیدئولوژیک لە ئەو دەورانەدا زۆر بە خۆپارێزییەوە (احتیاط) خەڵکی لە ڕیزەکانی خۆیدا وەرئەگرت.
بۆ کۆمەڵە خەباتی چینایەتی لە خەباتی نەتەوایەتی گرنگی زیاتری پێ ئەدرا.ئەوە لە کاتێکدا بوو کە لە ئۆردووگای ڕومادی هەستی نەتەوایەتی و ناسیونالیستی زیاتر بەرچاو بوو.
هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە ئەو خەڵکە لە بەر کورد بوونیان لە لایەن دەسڵاتی دژە مرۆڤ و دژە کوردی ڕژیمی بەعس لە لایەک و بەشێک لە خەڵکی عەرەب زمانی ناوچەکە لە لایەکی ترەوە ئازار و ئەزیەت ئەدران.
کۆمەڵە درووشمی یەکسانی ژن و پیاوی بەرز کرد بووە. ئەمە بۆ کۆمەڵگایەکی وەک ئەو ئۆردوگایە زۆر ئاسان نەبوو. لە ئەو شوێنە و لە ئەو کاتەدا قسەی مەلا و شێخ و گەورەی عەشیرەت ڕەواج و کڕیاری زۆرتر بوو تا قسەی حیزبێکی پێشڕەو و پێشکەوتنخوازی وەک کۆمەڵە.
کۆمەڵە درووشمی جیایی دین لە دەوڵەتی هێنایە ناو کۆڕ و کۆمەڵەوە. باسی ئەو هەموو فریوکارییەمان ئەکرد کە لە ژێر پەردەی ئایینەوە دەرهەق بە کۆمەڵگا و مرۆڤی چەوساوە ئەکرێت. باسی ئەوەمان ئەکرد کە ئایین یەکێک لە ئەو ئامرازانەیە کە چەوسێنەران و زاڵمان لە دژی خەڵکی زەحمەتکێش بە کاری ئەبەن! حیزبی دیموکرات خۆی لە ئەم باسانە نەئەدا و تەنیا لە ڕێگای هەستی نەتەوایەتی خەڵکەوە بە ئاسانی هێزی لە دەوری خۆ کۆ ئەکردەوە.
ئێمە باسی ڕەنج و ئازاری خەڵکی هەژارمان لە نیزامی چەوسێنەری سەرمایەداریدا ئەکرد و بە ئەو خەڵکەمان ئەوت کە خوێنمژ و چەوسێنەر چی کورد بێت یان غەیرە کورد، هیچ جیاوازییەکیان نییە. ئەو باسانەی ئێمە بۆ خەڵکی ئۆردووگایەک کەلە لایەک هێشتا لە ژێر کاریگەری کولتووری عەشیرەتی بوون ولە لایەکی ترەوە سەدان کیلومیتر لە کوردستانەوە دوو بوون، زۆر بە ئاسانی وەر نەئەگیرا.
پێنجەم، لە ئەو کاتەوە کە کۆمەڵە بوو بە بەشێک لە حیزبی کومونیستی ئێران (مانگی خەرمانانی ١٣٦٢ هەتاوی) ڕیگە بۆ حیزبی دیموکرات خۆش بوو کە لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیدا بڵێ کە کۆمەڵە ئیدی ڕێکخراوێکی کوردستانی نییە و ڕێکخراوێکی ئێرانییە و خۆی وەک تاکە هێزی دێرینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە بکات.
شەشەم، کەڵک وەرگرتنی نەیاران لە هەستی ئایینی و مەزهەبی خەڵک لە ئەو ئۆردووگایە لە دژی کۆمەلە لە ئەو دەورانەدا. بیر و باوەڕی کۆمەڵە لە ئەو کات و ساتەدا بۆ زۆرینەی ئەو خەڵکە نە تەنیا تازە بوو، بەڵکوو بە بیرۆکەیەکی تەنیا دژی ئایین لە لایەن نەیارانی کۆمەڵەوە تەبلێغی لە سەر ئەکرا و زۆر بە ئاسانی دەیانتوانی هەستی مەزهەبی ئەو خەڵکەی لە دژی ئێمە پێ هەڵخڕێنن.
بەڵام کۆمەڵە سەرە ڕای هەموو ئەو کەند و کۆسپانەی کە دەهاتنە سەر ڕێگای خەباتی، لە ئۆردووگای ڕومادی توانی ببێتە هێزێکی دیار و کۆمەڵێکی بەرچاو لە مرۆڤە تێگەیشتوو، دڵسۆز و چالاکەکانی ئەو ژینگەیە لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. ئامانجی ئەم نووسینەش هەر چاوخ
شانێکی مێژووییە لە سەر کار و خەباتمان لە ئەو ئۆردووگایە کە لە داهاتوودا دەبێتە کتێبێک و لە چاپ ئەدرێت!
لە ئێرەدا کۆتایی بە ئەم بەشە دێنم و کۆتایی ئەم بەشە لە سەر ئۆردووگای ڕومادی هەڵئەگرم بۆ بەشی بیستەم.
عەلی قەنبەری ١٢ – ٧ – ٢٠١٣ زایینی