"an independent online kurdish website

ئەوەی راستی بێ لە لایەکەوە سیاسەتی سەرکووب و توندوتیژی و لە لایەکیترەوە سەردەمی خەباتی چەکداری بەسەرچووە و کۆماری ئیسلامیش بە شەڕی چەکداری کورد نە ئەڕووخێ و نەدێتە سەر مێزی گفتوگۆ. ئەگەریش بێ ئەوە دیارە مەبەستی داننان بە مافی کوردی نیە و بە شوێن شتیترا ئەگەڕێ. جیا لە مانەیش بەش بە حاڵی خۆم ئەم شێوە لە خەباتە بە گشتی و بۆ ئێستای کوردستان زۆر بە گونجاو نازانم.xalid_tewekoli_2

بەڕیز کاک خالد توکلی ، بەمەبەستی تیشک خستنە سەر هەوڵەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە پێناو پێکهێنانی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی و دروست کردنی کۆدەنگی یەک ،  و هەر وەها ناردنی پەیامی  نەتەوەی کورد بۆ دەورو بەریان لە چوارچیوەی  پێکەوە ژیانێکی  بەئاشتی و ڕەچاو کردنی مافی بەرانبەر لەو وڵاتانە دا، دەمانەوێ چەند پرسیار بێنینە گۆڕێ ، و وڵامیان بخەینە بەر دیدی خوێنەرانی ماڵپەری پێشمەرگەکان. بێ گومان وڵامەکانی بەڕێزتان دەتوانێ گرینگیی خۆیان هەبێ و خوێنەر ئەو وڵامانە لە زمان حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی یەوە نابیستێ  ، بەڵکوو لە زمان کەسایەتیەکی زانستی و دەرەوەی ئەحزاب دەبیستێ.

پێشەکی سوپاستان دەکەم لەوەی کە ئامادەیی تان دەر بڕی بۆ ئەم وتوێژە.

سادانی دیمانە: کاووس عەزیزی

پ.  ئێوە وەک چالاکێکی سیاسیی لە ناوخۆیی وڵات ، بێگومان بەدواداچوونتان هەیە لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان و هەڵسەنگاندنی خۆشتان هەیە، پێتان وایە گرینگی و بایەغی  کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کورد کە ئەوە بەرەو پێکهاتنی دەڕۆن ، لە چی دایە؟

و. گرینگی ئەو کۆنگرەیە بە گشتی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی کە دوای بەهاری عەرەبی لە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی روویدا و بە تایبەت ئەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی ئێستای سووریە و تورکیە کە لە هەر دووکیاندا حیزبە کوردییەکان شەرایەتێکی تازەو تارادەیەک باشتریان بۆ رەخساوە  بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئەمانە وایان کردووە کە گۆڕانی خێرا و چاوەڕوان نەکراو لە ناوچە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێتە ئاراوە. کورد ئەگەر گەرەکی بێ ئەم گۆڕانکارییانە بە قازانجی ئەو تەواو بێ و سوودی زیاتر لەو هەلومەرجە وەربگرێ ئەبێ ئامادە بێ و تەحلیلی دروستی لە ئێستا و داهاتووی خۆی و ناوچەکە ببێ.  

 پ. پێتانوایە ئەو کۆنگرەیە دەبێ ئەرکی چی بێ، پێکهاتەی لە سەر چ ئەساسێک بێ، کام شێوە خەباتی نەتەوەیی بگرێتەوە بەر؟

و. سەرەتا ئەبێ بزانین ئەرکی سەرەکی کۆنگرە ئەبێ چی نەبێ؟ ئەگەری ئەوە هەیە مەبەست لە بەڕێوەبردنی ئەم کۆنگرە زیادکردنی دەسەڵاتی بڕێک لایەن و حیزب بێ و لە لایەکیترەوە لاوازکردن و نادیدەگرتنی بڕێکیتر بێ کە ئەبێ وا نەبێ. بانگهێشتنی حیزب و لایەنە سیاسییەکان نابێ بە پێی دووچاوەکی و تەبعیز بێت و ئیمکانی بیستنی قسە و بیروڕای تەواوی لایەنەکان فەراهەم بێت. بە واتایەکیتر نابێ کەس خۆی، بنەماڵە، حیزب و دەوروبەرییەکانی لە خەڵکیتر بە کوردتر بزانێ.

بەڵام پێموابێ ئەرکی سەرەکی کۆنگرە بەهێزکردنی کورد بێ لە فەزای سیاسی جیهان و ناوچە جا بە رای من بۆ بەدیهاتنی ئەو ئامانجە ئەبێ پەرەپێدان بە دیموکڕاسی لە ناو حیزبە کوردییەکان، هەڵسوکەوتییان لە گەڵ یەکتر و پشتیوانی یارمەتیدانی ئەو دەوڵەت و حیزبانە بێ کە پابەندن بە پرەنسیپەکانی دیموکڕاسی ببێ بە ئەرکی سەرەکی کۆنگرە. هەروەها دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ بزووتنەوەی کورد لە پارچەکانی کوردستان.

پ. بەنەزەری جەنابتان کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کورد و پێکهاتوو لە ئەحزابی ئۆپۆزیسیۆن، و تەنانەت  بەشێکیان چەکدار و خاوەن سیاسەتی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی  چۆن دەتوانێ لانی کەم لە  لایەن ئێرانەوە تەعامولی لە گەل بکرێ وەک لایەنێکی کورد؟

و. ئەوە پاڕادۆکسێکی گەورەیە کە دۆزینەوەی چارەسەری دیموکراسییانەی بۆ کورد زۆر دژوار کردوە. ئەوەی راستی بێ لە لایەکەوە سیاسەتی سەرکووب و توندوتیژی و لە لایەکیترەوە سەردەمی خەباتی چەکداری بەسەرچووە و کۆماری ئیسلامیش بە شەڕی چەکداری کورد نە ئەڕووخێ و نەدێتە سەر مێزی گفتوگۆ. ئەگەریش بێ ئەوە دیارە مەبەستی داننان بە مافی کوردی نیە و بە شوێن شتیترا ئەگەڕێ. جیا لە مانەیش بەش بە حاڵی خۆم ئەم شێوە لە خەباتە بە گشتی و بۆ ئێستای کوردستان زۆر بە گونجاو نازانم.

پ. هەر وەک دیتمان لایەنەکانی ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەشدار نەکران و بگرە ئەوانیش گلەییان هەبوو، جەنابت لە سەر ئەوە هەڵسەنگاندنتان چیە؟

و. من هیچ گلەییێکم نیە. بانگهێشتنیش بکرایەم نەئەهاتم. کارنامە و بەرنامەی بەڕێوەبەرانی ئەم کۆنگرە نیشانی داوە کە دەرکێکی دروستییان لە نەتەوە و کێشەی کورد نیە بۆیە ئاسایی یە کە بانگهێشتنی هەموو لایەنێک نەکەن. ئەڵبەتە زۆریش سەخت و دژوار ئەبوو کۆکردنەوەی لایەنەکانی ناوخۆ و دەرەوە و دروستبوونی کۆدەنگییەک لە نێوانییان. هەرچەند لەوانەیە لە بەر ئەوەیش بێ کە نایانهەوێ پەیوەندییەکانییان لە گەڵ ئێران بشێوێ.

پ. وەک دوا پرسیار، بە گشتی پێکهاتن و پەیامەدی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کورد لەو سەرووبەندە دا کە بەهاری عەرەبی دەستی پێکردووە و ناوچە زۆر قەیراناوی یە، دەتوانێ پێگە و سەنگی کورد و لە هەمان کاتیش دا یەکیەتیی کورد بکاتە مسۆگەر بکا؟

و. ئەوەی تا ئێستا بەدیکراوە زیاتر گوزارشت لە ناتەبایی و چەندبەرەکی بەرەی کوردی ئەکا. کاتێک باس لە نەتەوە ئەکری ئەبێ بەرژەوەندی نەتەوە بکەوێتە سەر بەرژەوندی و قازانجی بنەماڵە و حیزب. ئەو نیگەرانییە هەیە وا نەبێ. نیشانەی زۆریش هەیە کە رابردووی زۆر یەک لە حیزبە کوردییەکان و بەڕێوەبەرە سەرەکییەکانی کۆنگرە ئەوە ئەسەلمێنێ. بەهاری عەرەبیش ئاکامەکەی نادیارە و ئاڵۆزی زۆری بەسەردا هاتوە. بەڵێ ئەگەر بنەمای ئەو کۆنگرەیە سەقامگیرکردنی دیموکڕاسی بوایە، جێگە و پێگەی کورد و یەکیەتی ناوخۆیی مسۆگەر ئەکرد ، ئەما کەسانێک کە ناتوانن لە پۆستی سیاسی خۆیان بگوزەرێن و یاسا نادیدە ئەگرن چۆن ئەتوانن باس لە نەتەوە، پێگە، سەنگ و بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد بکەن؟

 قسەی ئاخرم ئەوەیە کە نەتەوە و رووحی نەتەوەیی بە کۆنگرە و پووڵخەرجکردنی زۆر و بێ سەرەوبەرە دروست نابێ و دووبەرەکییەکان زۆرتر لە هەمیشە ئەکات.

xalid_tewekoli

دوکتۆر  خالید  توکلی لە دایک بووی ساڵی ١٩٦٧ی شاری سەردەشت و دانیشتووی سەقز و چالاکی بواری پسپۆرییەکەی،واتە توێژەری کۆمەڵایەتییە و دکتۆرای کۆمەڵناسی گەشەسەندنی هەیە. لە بواری چالاکی سیاسیش دا کاک خالید بە نوێنەرایەتیی شارەکانی بانە و سەقز دەنگی هێناوە بۆ مەجلیسی شەشەم بەلام ئیزنیان نەداوە  واریدی مەجلیس بێ و  دەنگەکانی لە لایەن دەسەڵاتەوە باتڵ کراون.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی