ئەمەی خوارەوە نەک وتارێک بەڵکوو ئالووگۆڕی بیرورایە. تا ئەو جێگەیەش کە توانیومە رەچاوی بنەما ئەخلاقیەکانی خۆمم کردوە.
یەکەم: پەکەکە خاوەنی پێکهاتەو کەلتوورێکە کە بێگانەیە لەگەڵ دیموکراسی و مافی مرۆڤ. پەکەکە خاوەنی مێژوویەکە کە لێوانلێوە لە تیرۆر کردنی ئەو کەسانەی کە ناڕازی بوون و رێگەی بە هیچ جۆرە پرسیار و رەخنەیێک نەداوە چ لە ناو خۆی دا و چ لە دەرەوەی خۆی دا. پەکەکە و ئەو رێکخراوانەی کە دایمەزراندوون هەموو کاتێک دەسیان داوەتە هێرش بۆ سەر مێژوو، پارتی سیاسی و کەسایەتی جیاواز لە خۆیان ئەوان هەر شتێک جگە لە خۆیان ناتوانن قەبووڵ بکەن.
دووهەم: پەکەکە لێوانلێوە لە دۆگماتیسم: ئەندام بوون لە پەکەکە بەر لە هەر شتێک پێویستی بەوە هەیە کە هەر چەشنە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری رەت بکرێتەوە و دروازەی بیرکردنەوە و پرسیار لە پێناو پیرۆزی بنەماکانی پەکەکە و قسەکانی ئۆجەلان دابخرێت. ئەندامانی پەکەکە ناچارن بە بێ سەرچاوە مێژوویەک کە پەکەکە پێیان دەڵێتەوە قەبووڵ بکەن و ئەو چەمکانەی کە لەلایەن پەکەکەوە پێیان رادەگەیێندرێت پەرەستش بکەن. کتێبەکانی ئۆجالان کە سەرچاوەی هزری پەکەکە پێک دێنن بێ بەرین لە هەر چەشنە پێوەرێکی مێتۆدۆلۆژیک و بە بێ سەرچاوە خەریکن هەندێک چەواشەکاری بە ناوی مێژوو رادەستی ئەندامانی ئەو پارتە ئەکەن و ئەوانیش وا راهاتوون کە بە بێ هیچ پرسیارێک ئەوانە قەبووڵ بکەن.
سێهەم: پەکەکە یەکێکە لە گەورەترین سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانەوەی پۆپۆلیسم لە کوردستان دا. هەموو پارت و جەرەیانێکی سیاسی خاوەن دوو سیاسەتی جیاوازە یەکەم سیاسەتی ئێعلامی واتە ئەو سیاسەتەی کە را دەگەییندرێ و دووهەم سیاسەتی ئێعمالی واتە ئەو سیاسەتەی کە لە راستی دا پەیرەو دەکرێت. هەموو جارێ ئەو دوو سیاسەتە پێکەوە جیاوازیان هەیە بەڵام ئەگەر ئەو دوو سیاسەتە زۆرتر لە رادەی مەعموول جیاوازیان پێکەوە بوو ئەوا ئەو حیزبە یان ئەو لایەنە خەریکە درۆ بە خەڵکی دەڵێت. دیارە پەکەکە یەکێکە لەو پارتانە کە بەردەوام درۆ بە خەڵکی دەڵێت تا بتوانێت بە ئاراستەیێکی پۆپۆلیستی خۆی لە سەروە راگرێ. بۆ وێنە هێشتا لایەنگران و ئەندامانی پەکەکە ناتوانن وەڵامی ئەوە بدەنەوە کە ئەگەر لە چوار چێوە فەلسەفیەکانیانا دەوڵەت بە گشتی رەت دەکەنەوە بۆچی راگەیاندنی پەکەکە ئاراستەی ناسیۆناسڵیستی هەیە و بۆچی ئەوکەسانە کە پێوەست بە پەکەکەوە دەبن هەوێنی دوا رۆژیان دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیە. یەکێک لە گەورەترین رەنگدانەوەکانی پۆپۆلیسمی پەکەکە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوایە. لە رۆژهەڵات بە بێ هیچ چەشنە بنەمایێک دەستی داوەتە هەندێک چالاکی نا کارامە و ناکاریگەری سەربازی و لە ئاکام دا بێ هیچ چەشنە لێکدانەوەیێک ئەو چالاکیانە دادەخات و لایەنگرانی پەکەکە ناچاران بێ پرسیار ئەوە وەکوو عەقلانیەتێکی بێ وینە قەبووڵ بکەن. لە رۆژئاوا دوای مێژوویێک نکوولی کردن لە بوونی کورد لەو شوێنە دا و هاوپەیمانی لەگەڵ بنەماڵەی ئەسەد جاڕی شۆڕش لێ دەدەن لە حاڵەتێک دا نەتەنیا پێکهاتە و دامەزراوەکانی رژێمی ئەسەد هێشتا لەو شوێنە ماون بەڵکوو تەنانەت پەیکەرەکانی حافێز و بەشار هێشتا لە ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی پەکەکە لە رۆژئاوا ئەدرۆشێننەوە
دێماگۆجیسم و عەوام فەریبی: یەکێک لە کارامە ترین ئامێرەکانی پەکەکە درۆ کردنە. پەکەکە بە درۆ کردن و ئاراستە کردنی مێژووی درۆ هەموو کاتێ توانیویەتی هەست و ئیحساساتی خەڵک بورووژێنێت. پەکەکە هەموو کاتێک ئەڵێت گەلی کورد لەوانەوە دەس پێ دەکات. واتە ئەو شۆڕشانەی کە گەلی کورد لە پرۆسەی دۆزینەوەی شوناسی خۆی دا ئەنجامی داون هەموویان یان دەسکردی وەکوو پەکەکە ئەڵێت ئیمپریالیست بوون یان دواکەوتوانە و پاشکەوتنخوازانە.
پاوان خوازی: لە مێژووی درووس بوونی پەکەکە دا چەن قۆناخ هەن کە پەکەکە یان راستەو خۆ یان ناراستەوخۆ هەوڵی لە ناو بردنی نەیارانی داوە. پەکەکە چەندین جار شەڕی ناوخۆی کردوە و بە هۆی ئەو رێکخراوانەی کە لە بەشەکانی تری کوردستان دایمەزراندوون هەوڵی پاوان کردنی بەشەکانی تری کودرستان دەدات بۆیە هەموو کاتێک ئەو رێکخراوانەی سەر بە پەکەکە هێرش دەکەنە سەر پارتەکانی ئەو بەشانەی تر یان ئەوەی چالاکانی مەدەنی بە جاش ناو لێدەبەن.
کێشەی تاک پەرستی: زۆر نامەوێ لە سەر ئەمە بدوێم لە بەر ئەوەی دیارە پەکەکە چۆن ئەندامان و لایەنگرانی خۆی را ئەهێنیێ کە ئۆجەلان بخەنە سەرەوەی بەرژەوەندی حیزبی و نیشتمانی خۆیان. دیارە چۆن راهاتوون کە چاوپۆشی کەن لە هەموو بەها مرۆیەکان و ئازادی و دیمۆکراسی لە پیناو تاکێک کە پەرستش ئەکرێت و رۆڵی باوکێک ئەگێڕێت لە سیستەمێکی پاتریمۆنیاڵ.
پێکهاتەو کەلتووری سیاسی پەکەکە بە شێوەیكی زۆر لە پێکهاتەو کەلتووری سیاسی سازمانی موجاهیدینی خەلقی ئێران دەچێت و چارەنووسێکی باشتر لەویشی نابێت. پەکەکە بە باشی توانیویەتی بە پۆپۆلیسم، دۆگماتیسم ، عەوامفەریبی و تۆقاندن و کۆشتن تاکی کورد کە پێێ پێوەست دەبێت لە کەسایەتی خاڵی بکات و بیکات بە کۆیلەیێکی حیزب یان ئەندامی عەشیرەیێک لە قاڵبی حیزبێک دا. کێشەی تاکی کورد نە بە خۆسەری دیمۆکراتیک و نەش بە کۆنفێدراڵیسم چارەسەر نابێت: ئەو دوو چەمکەی کە تا ئێستاش بۆ خۆدی پەکەکە روون نەبوونەتوە کە چین. ئەو پێکهاتەو ئەو کەلتوورەو ئەو سەرلێ شێواویە نەتەنیا کۆمەڵگا و تاکی کورد رزگار ناکات بەڵکوو تەنانەت ئەگەریش سەرکەوێت لە کۆیلەتیێکەوە بەرەو کۆیلەتیێکی تر دەیبات.