نکۆڵی ناکرێ کە یەکەم: کورد نەتەوەیەکی ستەملێکراوی بە قەبارە گەورەی دنیایە کە بێ دەوڵەت بێ و بێ ئیرادەی خۆی وڵاتەکەی «کوردستان» دابەشکراوە،
ھەر پارچەیەکی بە دەوڵەتی گەلێکی سەردەستی عەرەب و تورک و فارس لکێنراوە. لەناو ئەو دەوڵەتانەدا ستەمی زۆر لە کورد کراوە و لە مافەکانی بێبەشکراوە، بەشێکی کوردستانی باشووری لێ دەرچێ کە جۆرێ لەخۆبەڕێوەبەریی تێدایە. دووەم: ھەر پارچەیەکی وڵات ھەلومەرجی کۆنکرێتی خۆی ھەیە و ئەوەش بە بزاڤەیلی رزگاریخوازیی نیشتمانیی کوردستان و رابەرایەتی و دروشمەکانی رۆژ و ئامانجەکانیانەوە دیارە. سێیەم، یەکەتیی نەتەوەیی ھۆکارێکی بەھێزی نەتەوەیە بۆ گەیشتن بە مافەکانی و بە پێچەوانەشەوە ناتەبایی و نەسازان و ھەر لایە بۆ خۆی، زیانی بە کوردینی گەیاندووەو لە رەھەندێکی مەزن کە قووڵایی نەتەوەییە سوودێکی کەم وەرگیراوە. چوارەم، کوردیش وەک ھەر گەلێکی دیکەی ئەم دنیایە مافی چارەی خۆنووسینی ھەیە، جا شێوەی پێرەوکردنی ئەم مافە بە گوێرەی ھەلومەرجی ھەستپێکراوی ھەر پارچەیەکی کوردستان، ھەر فۆرمۆڵەیەک وەربگرێ و گەل رای لەسەر بێ، دروستە.
لە چەندین وێستگەی دیرۆکیدا، کوردی ئەم پارچە بە ھانای ئەو پارچەیە یان ئەوێھێ چووە، یان بەشداری لە خەباتی پارچەیەکی دیدا کردووەو خەمی یەکتریان ھەڵگرتووە. ھەوڵی یەکخستنی تواناو وزەکان دراوە. لە ھەندێ باردا رێکخراوی سیاسی یان خوێندکاریی پان ناسیۆناڵیزم، مینا خۆیبوون و کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا، دروستکراون. سەرەڕای سنووری دەستکرد جۆرێ لە تێکەڵاویی بەتایبەتی لەدوای نەوەتەکانی سەدەی رابردووەوە لە ھەموو بوارەکاندا ھەبووەو ئەم تێکەڵاوییە لە کوردستانی عێرقدا بەجوانی و لەسەر ئەرزی واقیع رەنگی داوەتەوە. ھەستی خۆ بە کوردزانین و ھاوچارەنووسی بەھێز و گوڕتر بووە. ھەندێ سیمبوڵی نەتەوەیی وەک: نەورۆز، ئەی رەقیب، ھەلەبجە و…دەورێکیان لە نیشاندانی ئەو ھاوچارەنووسییە نیشانی دنیا داوەو ھۆکاری مۆباڵیزەو رابوونەوەو جۆشدانەوەی ھەستی نەتەوەیین «ئاھەنگەکانی جەژنی نەورۆز بەتایبەتی لە کوردستانی باکوور بێننەوە پێشچاوی خۆتان»، ئەوە سەرباری رۆڵی دەستاوێژەکانی کۆمیونیکەیشن، بەتایبەتی تی ڤی و ئینتەرنێت و.. لەو خۆناسینە نەتەوەییەدا. «ئاخر ئێستە کورد خاوەنی زێتر لە ٣٠ کەناڵی فەزاییە».
بە کورتی و پوختی، کورد وەکو بوونێکی ئیتنی جیا لەوانی دی لەمێژە ھەیە، بەڵام وەکو بوونێک کە خۆی ناسیبێ و لە باری سیاسییەوە لەخۆی گەیشتبێ و کاری بۆ ماف و ئامانجە سیاسییەکانی خۆی کردبێ وەک یەک نەتەوە و گەلێکی بەمانای سیاسی لێکەوتبێتەوە، جێگەی باسە! سەیرکەن تەنانەت ھیچ دەوڵەتێکی سەردەستی ناوچەکە کە کوردیان تێدا دەژی، حاشا لە بوونی ئیتنیکیی کورد ناکەن، بەڵام کە قسە دێتە سەر باسی مافەکان، بەتایبەتی مافە سیاسییەکان، گرژ دەبن!
مخابن لەناو کوردانی ھەر پارچەیەکی کوردستاندا، ناتەبایی توندو پێکھەڵپژانیش ھەبووە، بەڵکە لەنێوان بزووتنەوە سیاسییەکانی ئەو یان ئەم پارچەیەشدا گرژی و بەگژ یەکداچوونەوەو شەڕوشۆڕیش ھەبووە. شوکر ئەم ١٥ ساڵەی دوایی شتێکی لەمبابەتە لەئارادا نەماوە، بەڵام جۆرێ تارمایی و دڕدۆنگی ماوەتەوە!
یەکێتی نەتەوەیی وەک دروشم لەناو بەرنامەو پرۆگرامی زۆرینەی حزبەکاندا ھەیە! بەڵام بەکردەوە لە ئاستێکی خوارێ دابووە…ئێستا گرنگ نییە، کێ یەکەمجار باسی یەکێتیی نەتەوەیی کردووە و کەی باسیکردووە، کێ کردوویە بە دروشمی رۆژ…چونکە کۆڕ و کۆنفرانس و گردبوونەوەی ھەمەجۆری زێتری تایبەت بە «ژنان، لاوان» و کەمتر سیاسی لە ساڵانی رابردوودا ھەبووە، لە برۆکسل، لە پاریس، لە دیار بەکر، لە ئەنقەرە، لە ھەولێر و….بەڵام گردبوونەوە نەتەوەییەکەی رۆژی ٢٢/٧ کە (٣٩) حیزب و لایەنی سیاسی ھەر چوار پارچەی کوردستان بەشدارییان تێدا کرد، بە ھەموو حزبە سەرەکییەکانی مەیدانی کوردایەتیشەوە، لە ھاوینەھەواری پیرمام لە پارێزگای ھەولێر و بەسەرپەرشتی سەرۆک بارزانی مەغزایەکی سیاسیی گرنگی دیکەی ھەیەو حیسابی زێتری لەسەر دەکرێ، بەتایبەتی کە بەناوی خۆی و مام جەلال و ئۆجالانەوە کۆبوونەوەکەی کردۆتەوە و داوەتنامەی ئاراستەی لایەنەکان کردووە…بەقسەی نوێنەری لایەنێکی سیاسی کە لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بووە «بیروڕای جیاواز» ھەبووە. دیارە بیروڕای جیاواز شتێکی زۆر ئاساییە لەناو ئەو حەمکە حزبەدا ھەبێ، نا ئاسایی ئەوەیە کە جیاوازیی بیروبۆچوون لەئارادا نەبێ! ئاخر گرنگیی ئەو کۆبوونەوەیە پێش ھەموو شتێ لەوەدایە کە نوێنەری لایەنە سەرەکییەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان: PKK و بەدەپە BDP لە کوردستانی بەشی تورکیاو، PYD و ئەلپارتی لە کوردستانی بەشی سوریا، ھەردوو حیزبی دیموکرات و پژاک لە بەشی کوردستانی ئێران، پارتی و یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵ لە کوردستانی بەشی عێراق….بە ئینتیماو ئایدیۆلۆجیای جیا جیاوە لەسەر یەک مێز کۆببنەوە و لەسەر پێکھێنانی لیژنەیەکی ئامادەکاری ٢١ کەسی «٦ نوێنەر بۆ باکوور، ٥ نوێنەر بۆ رۆژھەڵات، ٤ نوێنەر بۆ رۆژئاوا، ٥ نوێنەر بۆ باشوور» رێکبکەون کە ئامادەسازیی بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی لە مانگی تەباخی ئەمساڵدا بکات…ھەڵبەت ھەلومەرجی ناوخۆیی و ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش ھاوکار بووە. تا ئێستا ھەڵوێستێکی دژ لەم یان ئەو دەوڵەتی ناوچەکە لەمبارەوە دەرنەبڕاوە.
بێشک، ئەم ھەنگاوە یان ئەو چەترە نەتەوەییە، کاریگەریی پۆزەتیڤیشی دەبێ لەسەر لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی ھەر پارچەیەکیشدا بەتەنیا و دەشێ لە پەراوێزی کۆنگرەی چاوەڕوانکراودا، لا بە لا کۆببنەوە و گرفتەکانیان خاو بکەنەوە بە مەبەستی چارەسەرکردن و گەیشتن بە بەرنامەی لانی کەم لەم قۆناخەدا.
ئەوەی کە گرنگە بگوترێ و پێویستە لە کۆنگرەی چاوەڕوانکراودا رەچاوبکرێ:
یەکەم، ھەموو لایەک، بەبێ ھەڵاواردن و بەبێ رەچاوکردنی قەبارەو قورساییان، بانگ بکرێن.
دووەم، جەخت لەسەر مافی چارەی خۆنووسین بکرێتەوە وەک مافێکی سروشتیی کوردان. ئەم مافە لەیەک شێوەدا کورت ناکرێتەوەو پێویستە رێگەی گەیشتن بەو مافە بەشێوەیەکی وتووێژ و دیالۆگ و دانوستاندن و خەباتی مەدەنیی ئاشتیخوازانەو بێ دەنگ کردنی چەکەکان بێ.
سێیەم، جەخت لە سەر برایەتی و پێکەوەژیانی بەئاشتیانە و مافەکانی سەرجەم ئەو گەل و ئایین و ئولانەی لە کوردستاندا ھەن، بکرێتەوە.
چوارەم، کورد وەک نەتەوە کە بەشداریی لە بنیاتنانی مێژوو و شارستانێتیی ناوچەکەدا کردووە، بژاردەی بەیەکەوە ھەڵکردنی ئاشتی و مەدەنییانە بخاتەوە بەردەست گەلانی عەرەب و تورک و فارسەوە و سەرۆک بارزانی گوتەنی لەو کۆنگرەیەدا «کورد پەیامی ئاشتیخوازانەی خۆی بە گەلانی ناوچەکە بگەیەنێ».
پێنجەم، جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە کۆنگرەی نەتەوەیی دژی ھیچ دەوڵەتێکی ناوچەکە نییە و ناچێتە ناو ھیچ میحوەر و بەرەیەکی ھەرێمایەتییەوە کە دژایەتی بەرەیەکی تر بکات شیعی بێ یان سوننی، بەڵکە دەیەوێ ھۆکاری گرنگ بێ بۆ بەڵانس راگرتن لە ھەرێمەکەدا و بایی ئەوە سەروەت و سامان لە کوردستاندا ھەیە کە خزمەت بە تەناھی و خۆشگوزەرانی ناوچەکە بکات، ئەگەر کێشەکەی لە رۆژھەڵاتی ناڤیندا بەشێوەیەکی دیموکراتی بێتە چارەسەرکردن.
شەشەم، ئەو کۆنگرە نەتەوەییە دوا کۆنگرەی کوردان نەبێ بۆ یەکخستنی گوتار و ستراتیجیای ھاوبەش و دانانی میکانیزمگەلێک بۆ ھامشۆ و تەنسیقی خێرا، بەتایبەتی کە ناوچەکە گۆڕانکاری کتوپڕ و پڕ دراماتیکی تێدا روودەدا، ئامانج و دەرەنجامەکان بۆ گەلەکەمان و گەلانی دراوسێ و رای گشتیی دنیا، بەتایبەتی وڵاتانی بڕیار بەدەست روون بکاتەوە.
بەھەرحاڵ، ھیچ بەربەستێکی جددی لەبەردەم سەرکەوتنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورددا نییەو با ئەم ھەنگاوەش ھەڵبنرێتەوەو با بزانین بەرەو کوێ دەگات!
دڵشاد پاڵانی /۲۲/۸/۲۰۱۳/ زاینی بهریتانیا