عوسمان ئۆجه‌لان، برای عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، رێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK لەم هه‌ڤپه‌یڤینەدا له‌گه‌ڵ (رووداو)، پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD به تاكڕه‌وی له ده‌سه‌ڵاتدا له رۆژئاوای كوردستان تۆمه‌تبار ده‌كات. 

باسی ره‌وشی نێوخۆی PKK و كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد و پرۆسه‌ی ئاشتی له باكووری كوردستانیش دەکات.
هه‌ڤپه‌یڤین: دانا هادی
رووداو-کۆیە
رووداو: ره‌وشی ئێستای رۆژئاوای كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
عوسمان ئۆجه‌لان: رۆژئاوای كوردستان له شۆڕشدایه. ده‌رفه‌تێك بۆ كورد هاتووه‌تەپێش تاوەکو ئازادیی خۆی وه‌ده‌ستبهێنێت. رژێمی ئه‌سه‌د لاوازه. ئۆپۆزیسیۆنیش لاوازه. نه ئه‌سه‌د ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ڕێوه ببات، نه ئۆپۆزیسیۆنیش ده‌توانێت ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ده‌ست. هه‌ندێك وڵات پشتگیری رژێمی ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن و به‌شێكی تر پشتگیری ئۆپۆزسیۆن ده‌كه‌ن.
زۆر هێزی دیکەش هەن کە بێ لایه‌نن، مه‌ترسییان بۆ سەر هێزە ئیسلامییە تووندڕه‌وەکان و ئه‌لقاعیده هه‌یه. ئه‌وه‌ی گرنگه كورد بتوانێت ئازادیی خۆی وه‌ده‌ستبخات. ره‌وشه‌كه بۆ كورد له‌باره. PYD هێزی گه‌وره‌ی رۆژئاوای كوردستانه. هاوکات هێزی دیکەش هه‌ن، به‌ڵام ئه‌و هێزانه بێبه‌شن له هاوبه‌شیی ده‌سه‌ڵاتدا. PYD هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی خستووه‌ته ژێر ركێفی خۆیه‌وه، به هێزه‌كانی دیکە دەڵێت ده‌بێ داوا له ئێمه بكه‌ن. ئه‌گه‌رنا له ده‌سه‌ڵات به‌شدار نابن. ئه‌مه‌ش به‌ره‌ی كورد لاواز ده‌كات. بۆیه وایكردووه کە به‌ره‌ی نوسڕه و هێزی تووندڕه‌و سه‌ر هه‌ڵبدەن و په‌لاماری كورد بدەن.
رووداو: چی بە هۆكاری لاوازبوونی كورد دەزانن له رۆژئاوا؟
عوسمان ئۆجه‌لان: هۆكاری هه‌ر لاوازبوونێك سیاسه‌تی تاکڕەوییە. ئه‌گه‌ر تۆ بڵێی من هێزی یه‌كه‌مینم و هه‌موو شتێك به خواستی من ده‌بێت، هەروەها هێزه‌كانی دیکە به‌شدار ناکەم له ده‌سه‌ڵات و لە شۆرشدا، ئه‌وه لاوازی دروست ده‌كات و نا‌توانیت هه‌موو خه‌ڵك رێكبخه‌یت.
رووداو: واته تۆ PYD به هۆكاری درووست نه‌بوونی ئیداره‌ی هاوبه‌ش ده‌زانیت؟
عوسمان ئۆجه‌لان: له فه‌لسه‌فه‌ی PKKدا، وه‌ك سیستمێکی سۆسیالیستی، سیاسه‌تی تاکڕەوی هه‌یه. سیستمی PKK له سیستمی سۆسیالیستیی كۆنەوە سه‌رچاوه ده‌گرێت. واتە یه‌ك پارت و یه‌ك سه‌رۆك و یه‌ك ده‌سه‌ڵات. بۆیه نایه‌وێت هیچ هێزێکی دیکە به‌شداری پێ بكات. ده‌بێ ئه‌وه بزانین کە ئه‌و سیستمه‌ی هه‌موو هێزه‌كان به‌شداری پێده‌كات به‌هێز ده‌بێت، ئه‌گه‌رنا لاوازی دروست ده‌كات. بۆنموونه كاتیك له باشووری كوردستان هەر هێزێك ده‌یگوت ده‌بێت من خاوەن ده‌سەڵات بم، كێشه و ناكۆكی و شەڕی ناوخۆ دروست بوو. ئەمەش كوردی لاواز كرد. بەڵام كاتێك پێكهاتن و هاوپه‌یمانییان كرد، كورد به‌هێز بوو.
رووداو: واته ئه‌وه‌ی له رۆژئاوای کوردستان ده‌بینرێت سیاسه‌تی PKKیه و PYD جیبه‌جێی ده‌كات؟
عوسمان ئۆجه‌لان: فیكر و فه‌لسه‌فه‌ی PKK سیاسه‌تی تاکڕەوی و تاكده‌سه‌ڵاتییه. كاتێك من له‌ناو PKKدا بووم، خزمه‌تێكی گه‌وره‌م پێشكه‌شكرد. ته‌نانه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی كه سه‌رۆك ئاپۆش زیندانی بوو، ئێمه وه‌ك خۆبه‌خشێك به‌رده‌وام بووین له شۆڕش و رێگه‌مان نه‌دا شۆڕش تێكبچێت. من سی ساڵ خه‌باتم له‌ناو PKK و شۆڕشدا كرد، به‌ڵام به قه‌ڵه‌مێك هێڵی سووریا‌ن به‌سه‌ردا كێشام و گوتیان تۆ قبوڵ ناكه‌ین. PKK هاوبه‌شی قبوڵ ناكات، بۆیه ده‌بینین کە PYD له‌سه‌دا سه‌د سیاسه‌تی PKK له رۆژئاوای كوردستاندا بەڕێوه ده‌بات. بۆیه رێگە بە به‌شداریی فراوانی پارتەکانی دیکە نادات.
رووداو: ئاپۆش هه‌مان بیری تاكڕەویی هه‌یه؟
عوسمان ئۆجه‌لان: لای ئاپۆ و لای PKKش بیری تاکڕەوی به‌هێزه، بەڵام وایده‌بینم کە فیكری ئاپۆ گۆڕابێت.
رووداو :چه‌ند ساڵه ئاپۆت نه‌بینیوه؟
عوسمان ئۆجه‌لان: 22 ساڵ ده‌بێت نه‌مبینیوه.


رووداو: ئه‌وه‌ی PYD جێبه‌جێی ده‌كات له رۆژئاوای كوردستان، روانینی گشتیی PKKیه یان سیاسەتی به‌شێك له ده‌ستڕۆیشتووانی نێو PKKیه؟
عوسمان ئۆجه‌لان: دامه‌زراندنی PKK له‌سه‌ر ده‌ستی ئاپۆیه. ئه‌وانی دیکەش جه‌میل بایك و دو‌وران كاڵكان و عه‌لی حه‌یده‌ر قه‌یتانن.
ئێستا ئه‌وانه له‌گه‌ڵ جه‌میل بایك PKK به‌ڕێوه ده‌به‌ن و له‌ژێر سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌ودان. جه‌میل بایك هێزی خۆی هه‌یه، به‌تایبه‌تی باڵی چه‌پ و عه‌له‌وییه‌كان. ئه‌گه‌ر به پله‌ی یه‌كه‌م سه‌رۆك ئاپۆ كاریگه‌ریی هه‌بێت، ئه‌وە به پله‌ی دووه‌م جه‌میل بایك كاریگه‌ریی هه‌یه. بۆیه ده‌بینین کە كاریگه‌ریی خۆی به‌كارهێناوه. ده‌توانم بڵێم 90%ی ئه‌وه‌ی له رۆژئاوای كوردستان ده‌گوزه‌رێت، بیروبۆچوونی جه‌میل بایكه، كه بیربۆچوونیكی سۆسیالیستیی ستالینیی تووندڕه‌وه.
رووداو: ئەو بۆچوونەی بایک کە باسیدەکەی چ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی دروستكردووه لەسەر رۆژئاوای كوردستان؟
عوسمان ئۆجه‌لان: ئێمه كه باسی دیموكراسی ده‌كه‌ین، دیموكراسی واته دروستكردنی هێزی گه‌وره تاوەکو كۆمەڵی لاواز به‌هێز بكات و پرسگه‌لی گه‌وره و بچووك چاره‌سه‌ر بكات. ئه‌وه‌ی PKK له‌ڕێگه‌ی PYD به‌ڕێوه‌یده‌بات، ره‌نگدانه‌وه‌ی خراپی دروستكردوه و كوردی لاوازكردووه. ئه‌مه‌ش نیگه‌رانیی كوردی لێكه‌وتۆته‌وه. بەوەی کە هه‌ست به‌وه نه‌كه‌ن کە ئەمە شۆڕشی هه‌موو كورد بێت. ده‌بێ PKK و PYD سیاسه‌تی خۆیان بگۆڕن.
رووداو: چۆن بیگۆڕن؟
عوسمان ئۆجه‌لان: ده‌بێ رێگه بده‌ن هه‌موو حیزبه‌كان له‌ناو شۆڕش و ده‌سه‌ڵاتدا جێگه‌ی خۆیان بگرن و رۆڵیان هه‌بێت. ئێستا ده‌سه‌ڵات له رۆژئاوای كوردستان له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی بێت، بۆته ده‌سه‌ڵاتی تاكحیزبی. PKK و PYD ده‌بێ ئه‌وه بزانن كه پارتی و یه‌كێتی دۆستیان له رۆژئاوای كوردستان هه‌یه و PYD نابێت بڵێت به‌ته‌نها من هه‌موو شتێكم. بۆنموونه پارتی هێزێكی سیاسی و ئابووریی مه‌زنی هه‌یه. ده‌بێ رێگه بدرێت له‌خزمه‌تی شۆڕشی رۆژئاوادا به‌كاربهێندرێت. به‌مه‌ش شۆرشه‌كه به‌هێزتر ده‌بێت، به‌ڵام PYD ئه‌مه قبوڵ ناكه‌ن.
رووداو: بۆ قبوڵی ناكه‌ن، له چی ده‌ترسن؟
عوسمان ئۆجه‌لان: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی PKK و PYD دیموكرات نین، دیموكراتیه‌ت له‌نێویاندا زۆر لاوازه. ئه‌گه‌ر هه‌شبێت دیموكراسییه‌كی شكڵییه و جه‌وهه‌ری نییه. ئه‌گه‌ر ئه‌وان دیموكراسییان له‌ناودا هه‌بووایە، من جیا نه‌ده‌بوومه‌وه. چونكه رێگه‌یان نه‌ده‌دا بیروبۆچوونی خۆم بخه‌مەڕوو، ته‌نانه‌ت هەڕه‌شه‌ی كوشتن و له‌سێداره‌دانیشیان لێكردم، به‌ڵام ئاپۆ رێگه‌ی نه‌دان.
رووداو: PYD ده‌ڵێت رۆژئاوای كوردستان هه‌مووی له‌گه‌ڵ ئێمه‌یه، بۆیه مافی خۆمانه ده‌سه‌ڵاتی ره‌هامان هه‌بێت…
عوسمان ئۆجه‌لان: دیموكراسیه‌ت پێش هه‌موو شتێك مافی گروپی كه‌مینە ده‌پارێزێت، به‌ڵام PYD لە دیموكراسی نازانێت و باش تێنەگەیشتووه. ئه‌گه‌ر لەسەدا شەستی خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان له‌گه‌ڵ PYDدا بن، ئه‌ی لەسەدا چلەکەی دیكه چی بكه‌ن؟ خۆ ئه‌وانیش پێویستیان به هێز و لایه‌نی سیاسیی خۆیان هه‌یه. كورد دوژمنی زۆره. ئێستا توركیا و سعودیه پشتگیری له گرووپه تووندڕەوە‌كانی سووریا له‌دژی كورد ده‌كه‌ن. بۆیه ده‌بێ ئه‌و راستییه بزانین کە فه‌رامۆشكردنی لەسەدا یەکی خەڵکیش لاوازمان ده‌كات.
ده‌بێ ئه‌و شۆڕشه شۆڕشی هه‌موو كوردان بێت، به هه‌موو هێز و لایه‌نه‌كانه‌وه. دەبێ ده‌سه‌ڵاتی رۆژئاوای كوردستان ده‌سه‌ڵاتی هاوبه‌ش بێت و هی هه‌موو كوردان بێت، نه‌ك لایه‌نێك بێت به تاكڕه‌وانه حوكم بكات.
رووداو: ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا جه‌میل بایك هه‌ڕه‌شه‌ی له پارتی كرد، رای تۆ لەبارەی ئەو هەڕەشانەوە چییه؟
عوسمان ئۆجه‌لان: جه‌میل بایك پیاوێكی سۆسیالیستیی ستالینیی تووندڕه‌وه. ماڵباتەکەی هه‌موویان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركن، ته‌نها برایه‌كی نه‌بێت له‌ناو شۆڕشدایه. ئه‌و باڵی چه‌پ و تووندڕه‌وی هه‌یه. كاتێك ده‌بینێت پارتی سیستمی فیدراڵی ده‌پارێزێت و له‌گەڵ یه‌كێتی رێكکه‌وتنی هه‌یه، هه‌رچه‌نده یه‌كێتی به‌هۆی جیابوونه‌وه‌ی گۆڕانەوە لاواز بووە و نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال لاوازتری كردووه، بۆیه جه‌میل بایك هێرش ده‌كاته سه‌ر پارتی. هێرشیش بۆ سه‌ر پارتی، هێرشه بۆ سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، چونكه پارتی هێزی كاریگه‌ر و جووڵێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانە. بۆیه هه‌وڵ هه‌یه تێكیبده‌ن. بایك له‌بری ئه‌وه‌ی داوا له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارتی و مه‌سعود بارزانی بكات هاوكاریی بكه‌ن، كه‌چی دێت هەڕه‌شه ده‌كات. ئه‌و هەڕه‌شه‌یه‌ی جه‌میل بایك ئیدانه ده‌كه‌م و ره‌خنه‌ی لێده‌گرم. بانگه‌واز ده‌كه‌م په‌شیمان بێته‌وه.
رووداو: کەواتە تۆ پشتگیری لە پارتی ده‌كه‌یت به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كەی جه‌میل بایك؟
عوسمان ئۆجه‌لان: من به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی ده‌هێنمه پێشچاو. ئه‌گه‌ر پارتی و حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش هەڵه‌یان هه‌بن، ره‌خنه‌یان لێده‌گرم. ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه ده‌بات، پارتی دیموكراتی كوردستانه. له‌وانه‌یه كه‌موكورتیش هه‌بن.
رووداو: ئەو کەموکورتییانە چین؟
عوسمان ئۆجه‌لان: ده‌خوازم یارمه‌تییه مرۆییه‌كان زیاتر بكرێن. راسته PYD ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا گرتووه، به‌ڵام نابێت ئه‌مه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی كه سنووره‌كان دابخرێن، ئه‌وه‌ش به داوای هاوكاری ده‌بێت نه‌ك بەوەی کە بێیت و هەڕه‌شه بكه‌یت.
رووداو: كێ به عه‌قڵی به‌ڕێوەبەری په‌كه‌كه ده‌زانیت بۆ ئێستا؟
عوسمان ئۆجه‌لان: ئه‌وه‌ی PKK بەڕێوه ده‌بات، جه‌میل بایك، دو‌وران كاڵكان، مسته‌فا قه‌ره‌سوو، عه‌لی حه‌یده‌ر قه‌یتانن. ئه‌وانه چوار ناون، به‌ڵام یه‌ك بیركردنه‌وه‌یان هه‌یه. ئه‌وانه باڵی تووندڕه‌وی سۆسیالیستیی ستالینیی ناو PKKن.
رووداو: ئه‌وانه باڵی تووندڕه‌وی سه‌ربازین یان سیاسین؟
عوسمان ئۆجه‌لان: له‌ڕاستیدا ئه‌وانه كاری سه‌ربازیشیان نه‌كردووه و له‌وه‌شدا لاوازن، له‌ڕووی سیاسیشه‌وه ته‌نها له بیری ئه‌وه‌دان كه سیستمی تاکڕەوی بچه‌سپێنن.


رووداو: تۆ ناكۆكیی شه‌خسیت له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا هه‌یه یان ناكۆكیی فیكری و سیاسی؟
عوسمان ئۆجه‌لان: ئێمه ناكۆكیی فیكریمان هه‌یه، من كه‌سایه‌تییه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ر و وڵاتپارێزم، به‌ڵام ئه‌وان چه‌پگه‌را و تووندڕه‌ون، بۆیه ئێمه له‌وه‌دا ناكۆكیمان هه‌بوو، بۆیه پێیانگوتم یان ده‌تكوژین یان ده‌بێت PKK جێبهێڵیت. له‌وانه‌شه هه‌ندێك ناكۆكیی شه‌خسیشمان هه‌بێت. هه‌موو خزمه‌ته‌كه‌میان خسته لاوه. من ده‌مەویست ئه‌و گرووپه چه‌په تووندڕه‌وه له‌نێو PKKدا نه‌مێنێت، به‌ڵام ئه‌وان سووربوون له‌سه‌ر بیروبۆچوونه‌كانی خۆیان. ئێستاش ده‌سه‌ڵاتن و گرووپی مه‌زهه‌بیی عه‌له‌وین.
رووداو: ئێستا كێشه‌ت له‌گه‌ل PKK هه‌یه؟
عوسمان ئۆجه‌لان: بیروبۆچوونی من جیایه له‌گه‌ڵ PKK، ئه‌وان سۆسیالیستی تووندڕه‌ون و منیش دیموكراتم.
رووداو: واته خۆت به ئه‌ندامی PKK نازانیت؟
عوسمان ئۆجه‌لان: نه‌خێر، به‌ڵام ده‌خوازم پێكه‌وه خه‌بات بكه‌ین.
رووداو: کەواتە حیزبێكی سیاسی دروست ده‌كه‌یت؟
عوسمان ئۆجه‌لان: به‌ڵێ، ئه‌گه‌ر گەڕامه‌وه توركیا مافی خۆمە سیاسه‌ت بكه‌م.
رووداو: له‌وه ناترسیت PKK رێگه‌ت پێنه‌ده‌ن، چونکە تۆ دەڵێی بیری PKK تاكڕەوانەیە؟
عوسمان ئۆجه‌لان: (به پێكه‌نینه‌وه) بڵێم چی، بڕیاری كۆتاییم نه‌داوه. خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه و زانیاری کۆکردنەوەم، به‌ڵام ئه‌و بیرۆكه‌یه‌م هه‌یه.
رووداو: PKK لێبوردنی گشتیی ده‌ركرد، ئه‌و لێبوردنه گه‌یشته كوێ؟
عوسمان ئۆجه‌لان: وه‌كچۆن له سه‌رده‌می توركه كه‌مالیسته‌كاندا لێبوردنی راستگۆیانه نه‌بوو، به هه‌مان شێوه‌ش له بیروباوەڕی PKKدا لێبوردنی راستگۆیانه نییه. تۆ سه‌یركه، كاتێك سامی عه‌بدولره‌حمان له پارتی جیاده‌بێته‌وه و دواتر ده‌گەڕێته‌وه ناو پارتی، دەبێتە كه‌سایه‌تیی دووه‌م، مه‌لا به‌ختیار له یه‌كێتی جیاده‌بێته‌وه و حیزب دروست ده‌كات، پاش چه‌ندین ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه ناو یه‌كێتی، له‌وانه‌یه پاش مام جه‌لال ببێته كه‌سایه‌تیی یه‌كه‌م. به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌ناو PKKدا ئه‌وه بوونی نییه، ئه‌وان كه‌سایه‌تیی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد قبوڵ ناكه‌ن.


رووداو: كه‌واته تۆ بریاری ئه‌وه‌ت داوه كه جارێكی دیکە نه‌گەڕێیته‌وه ناو PKK؟
عوسمان ئۆجه‌لان: ناگەڕێمه‌وه. ده‌بێ PKK ریفۆرم بکات. ده‌بێ په‌یوه‌ندیی له‌گەڵ هێزە دیموكراسییە جیهانییەکان به‌هێز بكات. له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه‌ی كورددا سیاسه‌تێكی باشتر په‌یڕه‌و بكات، مافی مرۆڤ و مافی كه‌سایه‌تی و له‌نێوخۆیدا به‌هێز بكات. هەروەها واز له فیكری تاكڕەوی و تووندڕه‌وی بهێنێت.
رووداو: بۆچی PKK حیزبی سیاسی له پارچه‌كانی دیکەی كوردستاندا دروست ده‌كات؟
عوسمان ئۆجه‌لان: PKK ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی به‌هێز بكات و له هه‌موو كوردستان هه‌بێت. ئه‌و حیزبانه‌ی دروستیكردوون، حیزبی سه‌ربه‌خۆ نین، خۆم دروستم كردوون، كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی پارتی چاره‌سه‌ر من دروستمكردووه، به‌ڵام بیروبۆچوونی من ئه‌وه بوو کە دوای شه‌ش مانگ ئه‌و حیزبانه سه‌ربه‌خۆ بن، به‌ڵام فیكری جه‌میل بایك ئه‌وه بوو کە گرێدراوی PKK بن. دوای رۆیشتنی من، ئێستا ئه‌و حیزبانه سه‌ر به PKKن.
رووداو: كه‌واته ئه‌گه‌ر دۆخێكی وه‌كو رۆژئاوا له رۆژهه‌لاتی كوردستاندا درووست ببێت، پژاكیش هه‌مان سیاسه‌تی PYD جێبه‌جێ ده‌كات به‌رامبه‌ر پارته‌كانی رۆژهەڵات؟
عوسمان ئۆجه‌لان: 100% بە بێ هیچ موناقه‌شه‌یه‌ك ئەمە دەکات. چونكه هێزه‌كانی دیکەی رۆژهەڵات خه‌وتوون و زۆر لاوازن، پژاك هێزی هه‌ره گه‌وره‌یه، ئه‌و هێزه خه‌وتووانه نه خه‌باتی سه‌ربازی نه خه‌باتی سیاسی ناكه‌ن، بۆیه پێشبینیی ئه‌وه چاوەڕوانكراوه.
رووداو: به بۆچوونی تۆ چی بكرێت بۆئەوەی ئه‌و دۆخه دووباره نه‌بێته‌وه؟
عوسمان ئۆجه‌لان: ده‌بێ هه‌موو هێزه‌كان رێكکه‌وتن له‌نێوانیاندا هه‌بێت، رێكکه‌وتن له‌نێوان پارتی و PKKدا هه‌بێت تاوەکو لایه‌نێك نه‌توانێت به‌ته‌نها حوكمی رۆژئاوای كوردستان بكات.
رووداو: تۆ خۆت دەڵێیت ئەوەی لە رۆژئاوا دەگوزەرێت جێبەجێکردنی سیاسەتی PKKیە، کەواتە رێكکه‌وتن له‌سه‌ر چی بكه‌ن؟
عوسمان ئۆجه‌لان: ئه‌وه‌ی له رۆژهه‌لاتی نێوەڕاستدا دەیبینین ئه‌و شۆڕشانه‌ی هه‌ڵگیرساون هه‌مووی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سیاسه‌تی تاكحیزبی و خه‌ڵكیش راپه‌رینیان كرد و داوای دیموكراسییان كرد. ده‌بێ PKK تێبگات کە سیاسه‌تی هاوبه‌ش پێویسته. له‌نێو PKKدا ئه‌و خواسته هه‌یه. كاتێك ئێمه له ساڵی 2003 ویستمان ریفۆرم بكه‌ین، 80%ی كادیرانی PKK له‌گه‌ڵ ئێمه بوون، بۆئه‌وه‌ی ئه‌وان ناچاری ریفۆرم بكه‌ن، پێویسته فشارێكی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت، تاوەکو ئه‌و گۆڕانكارییه بكه‌ن و واز له ده‌سه‌ڵاتی تاكحیزبی بهێنن. له‌گەڵ پارتیش بگه‌نه رێكکه‌وتن كه PYD هاوبه‌شی قبوڵ بكات.
رووداو: بۆچوونت لەسەر سه‌ردانه‌كانی ساڵح موسلیم بۆ توركیا چییە؟
عوسمان ئۆجه‌لان: ئه‌و سه‌ردان و دانووستاندنانه كاری باشن، توركیاش مه‌ترسی خۆی هه‌یه، له‌وه ده‌ترسێت کە له رۆژئاوای كوردستان وه‌كو باشووری كوردستان سیستمێكی فیدراڵی دروست ببێت، ئه‌مه‌ش واده‌كات كوردانی باكوور داواكاریی گه‌وره‌تر له توركیا بكه‌ن.
توركیاش ئه‌مه به تێكدانی ره‌وشی ناوخۆیی خۆی ده‌زانێت، بۆیه پێویستی به گفتوگۆیه، ئه‌م گفتوگۆیه‌ش له‌نێوان باشووری كوردستان و توركیادا له‌لایه‌ك و رۆژئاوای كوردستان و توركیا له‌لایه‌كی دیكه‌وه بەڕێوه‌ده‌چێت. به‌ڵام پێش هه‌موو شتێك هه‌روه‌ك گوتم، ده‌بێت PKK و پارتی بگه‌نه رێكکه‌وتن، كه رۆژئاوای كوردستان پێویستی به ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی حیزبی.
رووداو: توركیا رێگه به‌وه ده‌دات کە له رۆژئاوای كوردستان ئیداره‌یه‌كی خۆ‌بەڕێوەبەر دابمه‌زرێت؟
عوسمان ئۆجه‌لان: توركیا ناچاره رێگه بدات، وه‌ك من تێگه‌یشتبم توركیا گەیشتووه‌ته ئه‌و راستییه‌ی کە كورد بگاته مافی خۆی، جا فیدراڵی بێت یان حوكمی زاتی. ره‌نگه توركیا نه‌یه‌وێت كورد جیاببێته‌وه، ئێستا ئاساییه به‌لایانه‌وه كه باشووری كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی فیدراڵی حوكمی خۆی ده‌كات، به‌ڵام بۆ رۆژئاوای كوردستان سیسته‌مێكی خۆ‌بەڕێوەبەر بخوازێت. توركیا ناتوانێت پێشی كورد بگرێت، ده‌بێت ئەمە قبوڵ بكات.
رووداو: ئەی پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا چۆنە و دەگاتە کوێ؟
عوسمان ئۆجه‌لان: له‌ساڵی 1993 مام جه‌لال خه‌باتێكی تایبه‌تی كرد بۆئەوەی ئه‌و كێشه‌یه له‌نێوان PKK و توركیادا چاره‌سه‌ر بكرێت. ئه‌وه‌ش سیاسه‌تێكی ستراتیژیی گرنگ بوو، مام جه‌لال ده‌یزانی چاره‌سه‌ری کێشەی باكوور وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكە بۆ ئاسایشی باشووری كوردستان، بۆیه زۆر هه‌وڵیدا تا له‌گەڵ توركوت ئۆزاڵ و PKK بگەنه رێكکه‌وتنێك، به‌ڵام سه‌ركه‌توو نه‌بوون. بۆیه كاتێك باسی پرۆسه‌ی ئاشتی بكه‌ین، له توركیا ده‌بێت یه‌كه‌مجار ناوی مام جه‌لال بهێنین، به‌ڵام له بواری پراكتیزه‌كردندا كاك نێچیرڤان بارزانی رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌یه و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش له‌ئێستادا ده‌ستی پێكردووه، دڵنیانیم، به‌ڵام بڕوا‌م وایه نێچیرڤان له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لانیش دانیشتنی ئه‌نجامدابێت. سه‌رۆك مه‌سعود بارزانیش هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئاشتی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورددا بووه. دكتۆر به‌رهه‌میش كاریگه‌ری و رۆڵی خۆی هه‌بووه.
رووداو: پێتوایە ئه‌و پرۆسه‌یه ئه‌نجامی ده‌بێت؟
عوسمان ئۆجه‌لان: له‌وانه‌یه هه‌ندێك ئاسته‌نگی هه‌بێت و چه‌ند مانگێك ده‌وه‌ستێت و دواتر ده‌ستپێده‌كاته‌وه، پێموایه ساڵی 2014-2015 ئه‌نجامی لێدەكه‌وێته‌وه و سه‌ردەكه‌وێت و كورد دەگاته مافی بنه‌ڕه‌تی و سیاسیی خۆی.
رووداو: رات چییه دەربارەی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كه بڕیاروایه لە مانگی ئه‌یلوولدا ببه‌سترێت؟
عوسمان ئۆجه‌لان: من به‌باشی ده‌زانم. ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كه‌م ئەوەیە کە PKK دەیەوێت ده‌سەڵاتی خۆی له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستاندا به‌هێزتر بكات، بۆیه ده‌یه‌وێت كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌كاربهێنێت، پارتیش ده‌خوازێت هێزی وه‌كو PKK ناچاری گۆڕانكاری بكات، گروپی دیكه‌ش هه‌ن ده‌یانه‌وێت به‌رژه‌وه‌ندی كورد له‌ڕێگه‌ی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه بپارێزن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم، ئه‌و كۆنگره‌یه، كه بریاروایه ببه‌سترێت، زیاتر وه‌كو كۆنگره‌یه‌كی حزبییە. من به پێویستی ده‌زانم کە كه‌سایه‌تیی سه‌ربه‌خۆ نیوه زیاتری ئه‌ندامانی كۆنگره بن. ده‌بێت كوتله‌یه‌كی گه‌وره‌ی سه‌ربه‌خۆ هه‌بێت رێگه نه‌دات به‌رژه‌وه‌ندیی حیزب زاڵ بێت. من مه‌ترسیم هه‌یه ئه‌و كۆنگره‌یه سه‌رنه‌كه‌وێت و ناكۆكیی نێوان حیزبه‌كان زیاتر بكات، من بانگه‌واز ده‌كه‌م نه‌به‌سترێت، تا پێداچوونه‌وه‌یه‌كی باشتری بۆ ده‌كرێت.
رووداو: ئه‌گه‌ر كۆنگره به‌سترا، پێت باشه سه‌رۆكی هه‌بێت یان ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هەبێت؟
عوسمان ئۆجه‌لان: هه‌ردووكی هه‌بێت، هێزی گه‌وره‌ش له ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیدا بێت بۆئه‌وه‌ی سه‌قامگیری درووست ببێت، وا باشتره سه‌رۆكێكی دائیمی هه‌بێت، چونكه تازه داده‌مه‌زرێت، تا ئه‌وكاته‌ی رێچكه‌ی خۆی ده‌گرێت.


رووداو: كێ به شیاو ده‌زانیت بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌و كۆنگره‌یه؟
عوسمان ئۆجه‌لان: له‌م 14 ساڵی دواییدا بڕوا‌م وایه کە كاك مه‌سعود له‌ڕووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه سیاسه‌تێكی باشی بەڕێوه بردووه، رێگه‌ی نه‌داوه ناكۆكی له‌نێوان كورددا دروست ببێت. شایسته‌ی ئه‌وه‌یه ببێته سه‌رۆكی كۆنگره، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بخوازیت روویه‌كی تازه ببینیت بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی، كاك نێچیرڤان بارزانی شایسته‌یه، هه‌ردوو كه‌سایه‌تییه‌كه بۆ سه‌رۆكایه‌تیی كۆنگره شایسته‌ن. له‌لایه‌كی دیکەوە، مام جه‌لال نه‌خۆشه، ئه‌گه‌ر نا ئه‌و شایسته‌ی ئه‌وه‌یه سه‌رۆكایه‌تیی كۆنگره‌كه بكات، هه‌روه‌ها سه‌رۆك ئاپۆش، دكتۆر به‌رهه‌میش، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه گرنگه ئەوەیە کە ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌بێت و هێزه‌كان جێگه‌ی خۆیان بگرن.
رووداو: ئه‌و كۆنگره‌یه وا ده‌كات گوتارێكی كوردیی هاوبه‌ش دروست ببێت؟
عوسمان ئۆجه‌لان: له‌ڕاستیدا رێكخستنی كۆنگره‌كه كه‌موكوڕیی هه‌یه، كه‌سایه‌تیی سه‌ربه‌خۆ له كۆنگره‌دا نییه، هێڵی نه‌ته‌وه‌یی له‌پێشه‌وه نییه، نابێت ببێته كۆنگره‌ی حیزبی، چونكه ده‌سه‌ڵاتی حیزبی ترسناكه، ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه گرنگه نیوه‌ی زیاتری ئه‌ندامانی كۆنگره‌كه کەسایه‌تیی سه‌ربه‌خۆ بن، بەڕاستی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد بێت.
رووداو: له ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا، ئیدریس بارزانی جۆرێك له‌رێكکه‌وتنی له‌گه‌ڵ PKK هه‌بووه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هێز و لایه‌نه‌كان، تۆ چی لەو‌باره‌یه‌وه ده‌زانیت؟
عوسمان ئۆجه‌لان: ئێستا رووی سیاسه‌تی نوێی پارتی دیموكراتی كوردستان هی كاك نێچیرڤان بارزانییه. ئه‌و زۆر شت له باوكی خۆی فێر بووه. ماڵباتی بارزانی قوتابخانه‌ی سیاسه‌تن. ره‌حمه‌تی ئیدریس بارزانی، كه دۆستێكی ئێمه بوو، زۆر هه‌وڵیدا یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی درووست ببێت و شەڕ و كێشه وه‌لابنرێت و خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی كورد بكات، ئه‌وه‌ی ئێستاش ده‌یبینین به‌رهه‌می ئه‌و خه‌باته له‌مێژینه‌ی باوكی ره‌حمه‌تییانه. بۆیه ئه‌م كۆنگره‌یه كه ئێستا خه‌ریكه ده‌به‌سترێت خه‌ون و ئاره‌زووی ئه‌وكاتی كاك ئیدریس بارزانی بوو. بۆیه با هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵی سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی بدەن، به مه‌رجێك نه‌بێته كۆنگره‌ی حیزبه‌كان.