"an independent online kurdish website

جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئیمینكی وته‌بێژی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ “نیقاش”دا باس له‌ورده‌كاری‌ گرێدانی‌ كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كورد ده‌كات كه‌ بڕیار وایه‌ له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و پارچه‌كانی‌ تری‌ باكورو خۆرهه‌ڵات‌و خۆرئاوا گرێبدرێت.jahfar-ebrahim-eminki

هه‌ر له‌م دیداره‌دا وته‌بێژی‌ پارتی‌ باس له‌دوا هه‌نگاوه‌كانی‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ ره‌شنووسی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و په‌یوه‌ندی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم‌و په‌یوه‌ندی‌ كوردو به‌غدا ده‌كات.

نیقاش: ئێستا گرنگترین باس‌و خواسی شه‌قامی كوردی به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌‌، ئایا ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ده‌توانێت نێو ماڵی كورد له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان یه‌كبخات؟ یاخود چی له‌دۆخی كورد ده‌گۆڕێت؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئاوات‌و خه‌ونی گه‌لی كورد بووه‌، له‌ساڵی هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌وه‌‌ باس له‌م كۆنگره‌یه‌ كراوه‌، ئێستاش باشترین كاته‌ بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌تایبه‌ت له‌باشوور، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رێمی كورستان دۆخێكی یاسایی‌و ده‌ستووری باشی هه‌یه‌، بۆیه‌ مافی ئه‌م پارچه‌ی كوردستانه‌ له‌چواچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ئه‌نجامبدات، هاوكات ئه‌وه‌ ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی سیاسی باشوور كه‌ ئه‌م خزمه‌ته‌ پێشكه‌شی پارچه‌كانی تر بكات، ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ده‌توانێت بڕیار له‌سه‌ر پاراستنی ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ یاسایی‌و سیاسیی‌و ده‌ستووریانه‌ بدات كه‌ له‌هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان به‌ده‌ست‌ هاتوون، له‌وانه‌ش پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی‌ كوردستان‌و پاڵپشتی به‌هێز له‌و‌ ئه‌م واقعه‌ سیاسییه‌ی له‌باكوورو رۆژئاوا هاتووته‌دی، دڵنیام ئه‌م كۆنگره‌یه‌ پاڵپشتیه‌كی به‌هێزی ئاشتی له‌هه‌ر سێ پارچه‌كه‌ی تری كوردستان ده‌كات به‌تایبه‌ت له‌باكورو رۆژئاوادا.
 
نیقاش: بۆچی توركیا داوای كردبوو كه‌ بارزانی ببێته‌ سه‌رۆكی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی، ئایا ئه‌وه‌ تاچه‌ند په‌یوه‌سته‌ به‌نزیكی پارتی له‌توركیاوه‌؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: ئه‌مه‌ كۆنگره‌یه‌، نه‌ك دامه‌زراوه‌، تا‌ سه‌ركردایه‌تی به‌رده‌وامی هه‌بێت، به‌ڵكو كۆنگره‌یه‌كه‌ سێ رۆژ ده‌خایه‌نێت‌و كۆتایی دێت، ته‌نیا سكرتاریه‌تێكی ده‌بێت كه‌ بۆ به‌رێوه‌بردنی كاروباری لۆجیستی‌و كارگێری‌و په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌بێت، ته‌ئكید له‌وه ‌ده‌كه‌مه‌وه‌ كۆنگره‌ سه‌رۆك‌و ئه‌نجومه‌نی هه‌میشه‌یی نابێت، گه‌رچی ئومێده‌وارین له‌ئاینده‌دا ببێته‌ شێوازێكی به‌رده‌وام، كۆنگره‌ ته‌نیا ره‌نگه‌ بۆ سێ رۆژی به‌ستنی دیوانێك‌و سه‌رۆكێكی هه‌بێت ئه‌وه‌ش شتێكی ئاسایه‌ هه‌رده‌بێت هه‌ی بێت.
 
نیقاش: به‌ڵام توركیا داوای‌ كردووه‌ بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ كۆنگره‌كه‌ بێت؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: من ئاگاداری شتێكی له‌وشێوه‌یه‌ نیم‌و باوه‌ڕناكه‌م توركیا داوای شتی وای كردبێت.
 
نیقاش: پاش سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ توركیا، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ئێرانیشی كرد، ئایا ئێران هیچ مه‌رجێكی بۆ كۆنگره‌كه‌ هه‌بوو؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: دیاره‌ ئێرانیش وه‌ك توركیا چاودێری كۆنگره‌كه‌ ده‌كات‌و ده‌یه‌وێت كۆنگره‌كه‌ نه‌بێته‌ هۆی ده‌ستێوه‌ردانی كاروباری ناوخۆی ئێران، به‌دڵنیاییه‌وه‌ش كۆنگره‌ مه‌به‌ستی ئه‌مه‌ نییه‌، به‌ڵام ئێران ده‌زانێت هێزه‌ سیاسییه‌كانی كورد پاڵپشتی پرۆسه‌ی ئاشتی‌و دیموكراسی ده‌كه‌ن له‌ئێران، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌و دیموكراسیه‌ته‌ی له‌ئێران هه‌یه‌ گه‌شه‌ بكات‌و كورد مافی سیاسی زیاتر به‌ده‌سته‌وه‌ بهێنێت، ره‌نگه‌ ئێران مه‌ترسی هه‌بێت له‌كۆنگره‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌و مه‌ترسیانه‌یان زۆر زه‌ق دیاری نه‌كردووه‌.
 
نیقاش: واته‌ ئێران مه‌رجی بۆ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد نه‌بووه‌؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: تائێستا ئێران باسی مه‌رجی نه‌كردووه‌، به‌ڵام به‌راستی كۆنگره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌گه‌ر مه‌رجدار بێت باشتر وایه‌ هه‌ر نه‌به‌سترێت.
 
نیقاش: ئێران مه‌ترسی زیاتری له‌كۆنگره‌و ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌یه‌ یان توركیا؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: ره‌نگه‌ هه‌ردووكیان مه‌ترسیان هه‌بێت، به‌ڵام ئێران زیاتری هه‌یه‌.
 
نیقاش: ده‌گوترێت له‌دواین كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی، په‌یه‌ده له‌سوریا مه‌رجی‌ ئه‌وه‌ی‌ داناوه‌ ته‌واوی خاڵی‌ سنووری پیشخابوو له‌نێوان هه‌رێم‌و سوریا بكرێته‌وه‌؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: ئه‌م ده‌روازه‌یه‌ هی حكومه‌تی هه‌رێمه‌و ئیشی ئه‌و‌یشه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات، ئه‌مه‌ نه‌ئیشی پارتییه‌ نه‌ هی یه‌كێتی‌و نه‌ هی هیچ حزبێكی تر، چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌روازه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان تازه بۆ هاوكاری مرۆیی‌و لۆجستی بۆ برایانی كوردمان له‌رۆژئاوا ‌كراوه‌ته‌وه‌، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی په‌نابه‌ر له‌رۆژئاواوه‌ بێته‌ باشوور، ئێمه‌ وه‌ك پارتی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بووین په‌یه‌ده‌ له‌رۆژئاوای كوردستان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تری سیاسی له‌رووی سیاسییه‌وه‌ كراوه‌تربێت‌و ئێستاش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین دیموكراسی گه‌شه‌ بكات‌و تاكڕه‌وی نه‌مێنێت، چونكه‌ ئه‌و تاكڕه‌ویه‌ی له‌وێ هه‌یه‌ به‌رژه‌وه‌ندی رۆژئاوای كوردستان ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، پێشموانییه‌ په‌یه‌ده‌ به‌زمانی مه‌رج له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم‌و لیژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ قسه‌ی كردبێت.
 
نیقاش: كه‌واته‌ كێشه‌ی پارتی‌و په‌یه‌ده‌ له‌سه‌ر چییه‌؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: ئێمه‌و په‌یه‌ده‌ له‌سه‌ر یه‌ك خاڵ رێككه‌وتبووین كه‌ به‌داخه‌وه‌ په‌یه‌ده‌ ئه‌و خاڵه‌ی پێشێلكرد، خاڵه‌كه‌ش ئه‌وه‌بوو كه‌ كوردستانی رۆژئاوا چۆڵ نه‌بێت له‌هاوڵاتیانی كوردو بۆ عه‌ره‌بی جێبهێڵین، كه‌چی رۆژی 15ی‌ ئه‌م مانگه‌ ئه‌م خاڵه‌ی پێشێلكرد، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاینده‌ی كورد له‌م رۆژئاوا دروست ده‌كات.
 
نیقاش: كه‌واته‌ هۆكار چییه‌ كه‌ په‌یه‌ده‌ داوای هاوكاری لۆجیستی ده‌كات له‌هه‌مان كاتدا په‌نابه‌ره‌كانی كوردیش ره‌وانه‌ی باشوور ده‌كات؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: دڵنیام له‌وه‌ی په‌یه‌ده‌ پێیخۆش نه‌بووه‌ هاوڵاتیانی كورد رۆژئاوا جێبهێڵن، چونكه‌ په‌یه‌ده‌ كه‌ داوای ده‌كرد سنوور زیاتر كراوه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ بازرگانی بوو كه‌ سوودی زۆریان لێده‌بینی.
 
نیقاش: له‌ئێستادا دۆخێكی ناجێگیر له‌په‌یوه‌ندی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌حزبه‌ حكومڕانه‌كان‌و ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ له‌ئارادایه‌، ئایا پارتی نیازی هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان هه‌یه‌؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: په‌یوه‌ندی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی دیموكراسیدان، گه‌ر گرژی تێبكه‌وێت هه‌ر له‌پێناوی دیموكراسیدایه‌، ئه‌وه‌ی رووشده‌دات په‌یوه‌سته‌ به‌تێگه‌یشتنی جیاوازه‌وه‌ بۆ گرفته‌كان‌و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری، ئێمه‌ تێگه‌یشتنی خۆمان له‌مه‌ر ده‌ستوورو سیسته‌می سیاسی‌و په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان‌و خزمه‌تگوزاریی‌و چاكسازییه‌كان هه‌یه‌، ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمه‌و یه‌كێتی گۆڕانكاری به‌خۆییه‌وه‌ بینیوه‌، به‌ڵام له‌پرسه‌ ستراتیژییه‌كان هاوڕایه‌كی هه‌یه‌، دڵنیام په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی‌و یه‌كێتی به‌ره‌و خراپی ناچێت، بۆ په‌یوه‌ندی پارتی‌و ئۆپۆزسیۆن ئێمه‌ حه‌زده‌كه‌ین بۆ یه‌ك كاتژمێریش گرژی نه‌كه‌وێته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمانه‌وه‌، ‌ هه‌ڵوێستێكی پێشوه‌ختمان نییه‌ بۆ ناشیرینكردنی ئۆپۆزسیۆن، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان هه‌یانه‌، ئێمه‌ له‌زمانی ئۆپۆزسیۆن بێزارین‌و نیگه‌رانین له‌و زمانه‌ی كه‌ ره‌خنه‌ی پێ له‌ئێمه‌ ده‌گرن.
 
نیقاش: وه‌ك ده‌بینرێت په‌یوه‌ندی ئێستا پارتی‌و یه‌كێتیش وه‌ك جاران نییه‌، نزیكترین نموونه‌ش بێبه‌شكردنی یه‌كێتییه‌ له‌پۆسته‌كانی ئیداره‌ی موسڵ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی لێكه‌وتووه‌، ئایا ئێوه‌ بۆ یه‌كێتیتان له‌پۆسته‌كان بێبه‌شكرد؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: براده‌رانی یه‌كێتی خۆیان به‌رپرسیارن له‌وه‌ی خۆیان له‌ئیداره‌ی موسڵ بێبه‌شكردووه‌، چونكه‌ پارتی ئه‌وانی بێبه‌ش نه‌كردووه، ئه‌گینا پارتی به‌پێی ئیستیحقاقی ئینتیخابی پۆستی به‌یه‌كێتی داوه‌، به‌ڵام ئه‌وان داوای پۆستی زیاتریان كردووه‌، ئه‌مه‌ش بێبه‌شكردن نییه‌، چونكه‌ بێبه‌شكردن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ بڕیارێك بده‌ی كه‌ یه‌كێتی بێبه‌ش بكه‌ی كه‌ شتی واش نه‌بووه‌.
 
نیقاش: به‌ڵام یه‌كێتی ده‌ڵێت رێككه‌وتننامه‌ی نێوانتان بۆ موسڵ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ پێشێلكراوه‌؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: ئاگاداری هیچ رێككه‌وتننامه‌یه‌ك نیم له‌نێوان پارتی‌و یه‌كێتی كرابێت تا پێشێل بكرێت، ره‌نگه‌ یه‌كێتی ئه‌و پۆستانه‌ی كه‌ به‌ر پارتی كه‌وتوون به‌زیاد بزانێت، به‌ڵام ئێمه‌ به‌كه‌می ده‌زانین، وه‌ك سه‌ركردایه‌تی پارتی حه‌زمانده‌كرد یه‌كێتی رازیبوایه‌و پێویستیش بوو یه‌كێتی به‌و پۆستانه‌ی پێیدرابوو رازی بوایه.
 
نیقاش: چه‌ند جارێك باسی‌ پێداچوونه‌وه‌تان كردووه‌ به‌رێكه‌وتننامه‌ی‌ ستراتیژی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، گرنگترین ئه‌و خاڵه‌نه‌ چین كه‌ وه‌ك پارتی به‌نیازن له‌رێككه‌تننامه‌كه‌دا هه‌مواری بكه‌نه‌وه‌؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: دوو خاڵ لای پارتی گرنگه‌، یه‌كه‌م: لای پارتی مه‌رج نییه‌ له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌یه‌ك لیستی هاوبه‌ش به‌شداری بكه‌ین، كه‌ ئه‌وه‌ش چاره‌سه‌ر كرا، دووه‌م: هاوسه‌نگی له‌دابه‌شكردنی پۆسته‌كان، كه‌ به‌بۆچوونی پارتی ده‌بوایه‌ ئه‌وه‌ سنووردا بكرێت‌و مه‌رج نییه‌ له‌هه‌موو پۆستێك هاوسه‌نگی هه‌بێت له‌وانه‌ش له‌به‌غداد كه‌ ناكرێت له‌هه‌موو پۆسته‌كان هاوسه‌نگی هه‌بێت، چونكه‌ پارتی ئیستیحقاقی ئینتیخابی دوو به‌رامبه‌ری یه‌كێتیه‌، به‌ڵام له‌پۆسته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم پێوسته‌ تا 10 بۆ 15 ساڵی تر هاوسه‌نگی هه‌بێت، گه‌ر واقعی هه‌رێمی كوردستانیش به‌خێرایی به‌ره‌و باشتر گۆڕا ئه‌وسا ده‌توانین قسه‌ی تر بكه‌ین.
 
نیقاش: له‌ئێستادا هاوشانی ئۆپۆزسیۆن، یه‌كێتی هاوپه‌یمانیشتان پێیوایه‌ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی ره‌شنووسی ده‌ستوور بۆ په‌رله‌مان‌و سازانی نیشتمانی له‌سه‌ری‌و خستنه‌ ریفراندۆمیه‌وه‌ كۆده‌تایه‌ به‌سه‌ر دیموكراسی، ئایا بۆچوونی ئێوه‌ ئێستا له‌سه‌ر ده‌ستوور چییه‌؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: مه‌سه‌له‌ی ده‌ستوور یه‌كلابووته‌وه‌و تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش هه‌یه‌ له‌نێوان سه‌ركردایه‌تی پارتی‌و یه‌كێتی كه‌ نامه‌وێت بچمه‌ ناوه‌ڕۆكیه‌وه‌.
 
نیقاش: واته‌ به‌چ ئاراسته‌یه‌ك یه‌كلابووته‌وه‌؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: به‌و ئاراسته‌ی هه‌ردوو لامان خزمه‌ت به‌پرۆسه‌ی دیموكراسی بكه‌ین‌و پارتی‌و یه‌كێتی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون كه‌ ده‌ستوور هه‌موار بكرێته‌وه‌ دواتر بخرێته‌ ریفراندۆمه‌وه‌، به‌ڵام به‌سازانێكی نیشتمانی.
 
نیقاش: ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش رێككه‌وتوون كه‌ وه‌ك یه‌كێتی‌و ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێن سیسته‌می سیاسیش له‌سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ بگۆڕن بۆ په‌رله‌مانی؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: نه‌خێر، ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی تره‌، چونكه‌ سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی له‌هه‌رێم بوونی نییه‌ تا بیگۆڕین، ئه‌وه‌ش خاڵێكی تره‌ كه‌ له‌كاتی پرۆسه‌ی هه‌موواركردنه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستوور دێته‌ ئاراوه‌.
 
نیقاش: له‌وتاره‌كه‌یدا بارزانی ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌نیاز نییه‌ خۆی كاندیدبكاته‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم، ئایا پارتی جێگره‌وه‌ی بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌بێت یاخود ئه‌و پۆسته‌ ده‌ده‌نه‌ یه‌كێتی‌؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: ئه‌وه‌ی جه‌نابی سه‌رۆك فه‌رموویه‌تی كه‌ بووه‌ واقع ئه‌وسا باسی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ین.
 
نیقاش: واته‌ له‌نێوان پارتی‌و یه‌كێتی باس له‌ئاڵوگۆڕی پۆستی سه‌رۆك كۆمارو سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌كراوه‌؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: نه‌خێر، چونكه‌ لای ئێمه‌ پۆست مه‌به‌ست نییه‌، ئه‌وه‌ پۆستی میلله‌ته‌‌و لای ئێمه‌ شتێك نییه‌ به‌ناوی پاوانكردنی پۆسته‌كان.
 
نیقاش: به‌ڵام ماوه‌یه‌كه‌ میدیا ناوخۆیی‌و بیانییه‌كان باس له‌ئه‌گه‌ری وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار له‌خولی داهاتوو له‌لایه‌ن بارزانییه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئایا ئه‌مه‌ له‌ناو پارتی باسكراوه‌و تاچه‌ند ئه‌گه‌رێكه‌ رێی‌ تێده‌چێت‌؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ له‌سه‌ركردایه‌تی پارتی باس نه‌كراوه‌، له‌گه‌ڵ یه‌كێتش به‌هه‌مان شێوه‌.
 
نیقاش: تائێستا ره‌وشی ته‌ندروستی سه‌رۆك كۆمار  تاڵه‌بانی ناجێگیره‌، ئایا ئێوه‌ تاچه‌ند ئاگاداری دۆخی ته‌ندروستی ناوبراون؟ ئایا پێتوایه‌ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌باره‌ی ته‌ندروستی تاڵه‌بانییه‌وه‌ بڵاویده‌كاته‌وه‌ ده‌قیقه‌؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: ئاگاداری ئه‌وه‌ین كه‌ دۆخی به‌ره‌و باشتر ده‌چێت، ئاگاداری ئێمه‌ش له‌و لێدوانانه‌وه‌یه‌ كه‌ پزیشكه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ باسی لێوه‌ ده‌كات، پێمانوایه قسه‌كانی پزیشكه‌كه‌ی‌ ده‌قیق‌و راستگۆیانه‌ن چونكه‌ پیشه‌ی ئه‌و ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سوێندی خواردووه‌ وه‌ك دكتۆرێك پیشه‌كه‌ی به‌سیاسی نه‌كات.
 
نیقاش: له‌ئێستادا ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ پارتی‌و یه‌كێتی نیازی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیان هه‌یه كه‌ وابڕیاره‌ 21ی‌ ئه‌یلول ئه‌نجامبدرێت‌، ئایا وایه‌؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: ئه‌وه‌ هیچ راست نییه‌، ناهه‌قییه‌ به‌رامبه‌ر پارتی ده‌كرێت، چونكه‌ پارتی سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ 21ی‌ ئه‌یلول هه‌ڵبژاردن بكرێت.
 
نیقاش: به‌ڵام ئێستا كۆمسیۆنیش ئه‌و داوایه‌ی هه‌یه‌؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: ئێمه‌ دژی ئه‌و داوایه‌ی كۆمسیۆنین‌و شه‌رمه‌زاری بڕیاری دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین، چونكه‌ ناكرێت دوابكه‌وێت‌و كۆمسیۆنیش ئیشه‌كانی خۆی كردووه‌.
 
نیقاش: له‌مانگی حوزه‌یراندا رێككه‌وتنێكی 7 خاڵی له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم‌و به‌غداد واژووكرا، ئایا ئه‌مجاره‌ كورد چ گرنتیه‌كی وه‌رگرتووه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌؟ ئه‌گه‌ر جێبه‌جێنه‌كرێت هه‌ڵوێستان چی ده‌بێت؟
جه‌عفه‌ر ئیبراهیم: په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ره‌و باشی ده‌چن‌و ئێمه‌ پابه‌ندین به‌و رێككه‌وتنه‌ تائێستاش به‌غداد پابه‌نده‌، هاوكات لیژنه‌كانی هاوبه‌ش كاری خۆیان كردوون‌و به‌رده‌وامن، ئێستا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین یاسای نه‌وت‌و غاز له‌په‌رله‌مانی عێراق په‌سند بكرێت‌و حكومه‌تی به‌غداد پاڵپشتی زیاتر له‌كاری لیژنه‌ی مادده‌ی 140 بكات تا مادده‌كه‌ جێبه‌جێبكرێت.

وەرگیراو لە ئاوێنە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی