خوێنەری ئازیز!
١١ساڵ پێش ئێستا و لە دەیەمین ساڵڕۆژی تێرۆری ڕێبەری بە توانا و بە بڕشت، سەرکردەیەک،
کە پاش سەهید بوونی دوکتۆر قاسملووی مەزن، نەیهێشت، مەشخەڵەکەی وی، لە شەوەزەنگی لێواولێو لە ناهومێدی و ترس لە باوبۆران و ڕۆژانی ئاوس بە گەردەلوول و زریان، بکووژێتەوە و ئەمیش ئەو ئاسا، وتە و کردەی تێکەڵ بەو بەڵێنە شۆڕشگێرانە کرد، کە سەر ئەنجام سەری لە پێناوی دانا.
بۆیە، ئەمساڵیش، لە یادی ٢١یەکەمین ساڵڕۆژی شەهیدی نەمر، کاک سەعیدی هەردەم لە دڵان‌دا زیندوو و هاوڕێکانی، هۆنراوەی “تاجەگوڵینە” لە ڕێگای ماڵپەری خۆشەویستی خۆ نەویستی “پێشمەرگەکان” بڵاو دەکەمەوە.
ئاکۆ ئەلیاسی
من نه‌مزانی که (ته‌ره‌غه)
خوێنی قسملوو ده‌ی گرێ و
وه‌ک تریقه‌ی هه‌ور،
هه‌ڵده‌ستێته سه‌ر چۆک
من نه‌مزانی
شا ئه‌ستێره بڵینده‌کان،
شا ئه‌ستێره گه‌رده‌ن که‌ش و هه‌ڵچووه‌کان
دووجار دوای یه‌ک
به‌سه‌ر زامی تازه‌ی مێژوو داده‌چۆڕێن
من نه‌مزانی ئه‌مجاره‌شیان
مێژووی سووری ئه‌م کاروانه
هه‌ر له قه‌ندیل … له‌و بنار و
سه‌ر لووتکانه … به دوای کۆستی
قاسملوودا،
جه‌سته و بزه‌ی خوێناوڵینی
شه‌ره‌فکه‌ندی
بۆ ئامێزی گه‌رمی نیشتمان
به‌ڕێ ده‌کا
ئه‌ی هیوای پاش دڵ داخورپان!
ئه‌ی کڵاو ڕۆژنه‌ی ڕۆژی ڕه‌شی ناهومێدی!
ئه‌ی عاشقی ڕێی ئازادی،
کوڕی دیرۆک!
من سیمای قاسملووم
له باوه‌ڕی به‌رزی تۆ دی
باوه‌ڕت به‌رز، وه‌کوو لووتکه
وته‌ت قاییم، وه‌کوو باوه‌ڕ
چنگنه دۆڵپا ئاساکانی
قوم و تاران
زاره تره‌ک بوون
له ئاست ده‌نگت،
له ئاست ناوت،
له ئاست ڕه‌نگت
ئه‌ی سواره‌که‌ی ته‌وقه له‌گه‌ڵ
چۆک دا داندا، نه‌کردوو!
تۆ تابهن و سه‌نگچنی پاش
دیواری مێژووی ڕووخاو بووی
تۆ خوڕێنی بنار بووی و
به لێزمه‌ی بارانی خوێن
سڵوێ نه بووی
له شه‌وه‌زه‌نگ،
له بێ سیمای قاسملوویی،
تفه‌نگ و ئه‌سپی بێ سوارت
زین کرده‌وه،
جارێکی که‌ش … دیسانه‌وه
به زاخانی لووتکه‌ی خه‌م له باوه‌ش گرتووی
شۆڕشی سوور
ههڵچوویتهوه
کاره‌ساتی پووشپهڕهت،
به فرمێسکی چاوه‌کانت، بۆ کاروانی
ماندووی ڕێگا نووسیووه
وه‌کوو هه‌ڵۆی پێشه‌نگی گه‌ل
جوامێرانه هه‌ڵفڕیت و
وه‌ک گوفتارت، وه‌ک کردارت،
“سادقانه” ، سه‌ربه‌رزانه، له نێو دڵی
میلیۆنان کورد،
ههڵنیشتیهوه
تۆ ده‌ته‌ویست
هه‌موو هه‌وره تریشقه‌کان،
له ژێر سێبه‌ری چه‌تری
یه‌ک ئامانجا
کۆکه‌یته‌وه و
وه‌کوو په‌ڵه‌ی ده‌می زامی وه‌رزی پاییز
پێش له باران،
گڕ به‌ر بده‌ی
له ئاخوندی پرچ و ڕیش پان
تۆ خوێن بوویت … خوێن،
(پاش دووسه‌د و چل و حه‌وت جار)
تف کوتانه چاوی ئاخوند
له دواییش دا وه‌کوو به‌هار
به‌رت کرد و
ڕییای ژێر مه‌ندیل و عه‌بای
تاپاڵی مه‌لات هه‌ڵته‌کاند!
ئه‌مڕۆ گڤه‌ی شه‌ماڵێکی هه‌ناسه سوار
ماندوو … شه‌که‌ت،
گوڵێکی ئالئال و تڵژێن
له باخچه‌که‌ی ماڵی “گۆته”
له‌به‌ر پژوێنهکهی ده‌دا و
ژێیه‌ک له کلاڤێرهکهی “باخ” و
تاڵێک له پرچی خه‌ناوی
“خۆری کوژراوی بێرلین”
له‌به‌ر باخهڵانی ده‌نێ
له تافاوی به خوڕی “ڕاین”
گومگومهکهی لێو ڕێژ ده‌کا و
له‌گه‌ڵ خوێنی داوهستاوهی
“پێرلاشێز”
پێش ئه‌وه‌ی که
ده‌ستی به دامێنی
هه‌وری سووری سه‌فه‌ر بگرێ،
نێو ته‌وێڵی “قاسملووی” که‌ڵ”
ماچ ده‌کات و
ته‌وقه‌ی په‌یمان، به جێ دێنێ
ئینجا ئیدی به ئه‌وینی
“شمشاڵه‌که‌ی قاله مه‌ڕه”
که له گه‌رووی:
“ئێره ده‌نگی کوردستانه”
به‌ر له‌وه‌ی به نه‌عره‌ی ده‌نگی “شێر به‌گی”
سامی بێده‌نگی بشکێندرێ
هه‌ڵ ده‌قوڵێ
هێدی … هێدی
نه‌رم … نه‌رم
وه‌کوو پرزه‌ی بارانێکی لای ئێواره‌ی
ده‌مه و پاییزی زهردهڵپهڕ
به‌ره‌و قهبدیل
به‌ره‌و وڵاتی به‌فر و گوڵ و خۆشه‌ویستی
ده‌که‌وێته سه‌ر ته‌ختی ڕێ
تاسه‌ی قومێک به‌فر ئه‌کا و
ده‌ستی مانگه‌شه‌و ئه‌گرێ و
وه‌کوو پرزه
به ئسپایی …
له نێو کۆڕی پێشمه‌رگه‌دا
به‌سه‌ر ژووره پێشمه‌رگانه‌که‌ی خۆیدا
ئارام … ئارام
نمه … نمه … داببارێ
سه‌فه‌ر … سه‌فه‌ر
دیسان سه‌فه‌ر
سه‌فه‌رێکی سووری ته‌ته‌ر
سه‌فه‌رێکی چکڵهچزێ،
زامی سووری ڕۆژهه‌ڵاتم
قووڵتر ده‌کا
ته‌ته‌ر … ته‌ته‌ر
ئه‌م ته‌ته‌ره
باڵی برینداری کۆره شینکه‌یه‌کی
هه‌ڵفڕیوه
ئایه‌ی ڕاستی
“مێژووی کورته جووڵانه‌وه‌ی”
کوردی گوردی
له کۆڵه پشتی باوه‌ڕی پێشمه‌رگانه‌ی
ئاخنیووه
سمێڵ قیت و ده‌م به خه‌نده،
ڕوومه‌ت سوور و سه‌ری به‌فرین، وه‌کوو قه‌ندیل
نیگای تیژی چاوه‌کانی پڕ له هیوا
پرز و ئازا،
برووسکه ئاسا
قۆڵ له قۆڵی
(عه‌بدولی و ئه‌رده‌ڵان)
ده‌ستی ڕاستیان له‌سه‌ر دڵه و
گوڵه ستێره‌ی
تازه هه‌ڵتۆقیوی زامیان
وه‌کوو قوبه،
وه‌کوو میداڵ،
ده‌ده‌ن له به‌رۆکی کوردستان
بهتڵانه … بهتڵانه
هه‌ر هه‌مان ڕۆژ
هه‌ینی یه‌کی دووکه‌ڵین و
بزیسکه … بزیسکی
هه‌ورێکی خه‌م له‌سه‌ر ڕوواو
لێوی تاسه ده‌کرۆژێت و
ڕووباری فرمێسکی هێشتا
ویشک نه‌بوومان بۆ قاسملوو،
ده‌کاته‌وه میوانی چاو
بهتڵانه … بهتڵان
هێشتا چاومان له پووشپه‌ڕی قژ سووتاوه
که چی دیسان
هه‌ڵپڕووزانی گوڵه گه‌نمی تازه له بۆقه ده‌ر هاتووی
خهمانانمان لا میوانه
ئه‌ی بزه‌ی کوژراوی سه‌ر لێو!
کاره‌ساتی پاشکۆی جمان!
ئه‌ی مه‌شخه‌ڵی شه‌وی تۆفان!
من لێره‌وه چاوم لێته
تۆ …
هه‌ر هه‌مان گڤه‌ی شهماڵیت و
هه‌ر هه‌مان لاوژه و حه‌یران
من لێره‌وه چاوم لێته
له “قامیشلی” نووچێک ده‌ده‌ی
قه‌ڵه‌مێکی سوورت پێ یه،
ده‌یده‌یه ده‌ست “به‌درخانی” زا ناڤان و
هه‌ر له‌وێوه
به پرتافی پڵینگ ئاسا، به‌ڵام زامدار
وه‌ک خوڕێنی
عاشق به شه‌پۆلی ڕووبار
ده‌چیته ناو چاوی مێژووی دیاربه‌کر
من لێره‌وه چاوم لێته
“شێخ” له خانه‌قاوه، “شه‌ره‌فنامه‌ی” له ده‌ست دایه و
له قامیشلی تاکوو ئه‌وێ، چاو له ڕێگا و
گوێی له ترپه‌ی ڕه‌وتی ڕێته
من لێره‌وه،
تاسه‌ی مڵۆی خه‌رمانم و
ده‌بینم وا “شێخی نه‌هری”
بۆنی هه‌ناسه‌ی گوڵاویت هه‌ڵده‌مژێ و ،
ماچت گوڵه په‌پووله‌یه و
له ده‌وری شه‌می ڕوخساری
“شێخی شه‌مزین”
ههڵدهنیشێ
من ده‌ت بینم،
تۆ هه‌ر له‌وێی
“خانی” ده‌ستێک به کاکۆڵی وه‌کوو به‌فری تێکچڕژاوی
له خوێن مهیووت داده‌هێنێ
ملوانکه‌یه‌ک گوڵی ڕه‌نگین،
له کوێستانی ڕه‌نگا و ڕه‌نگ و
ئه‌فسووناوی
“کاکه مهم و خاتوونه زین”
له گه‌رده‌نت ده‌ئاڵێنێ
تۆ هه‌ر له‌وێی
گوڵی خوێناوی سه‌ر سینگی
زار و زێچی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی
پاش چۆرتمێک
هه‌وری مه‌راق ده‌ستت ده‌گرێ و
وه‌ک خوناوکه
ده‌ت بارێنێته ناو
چاوه کزه‌کانی “ده‌رسیم”
من ده‌ت بینم
ئه‌تۆ تاجه گوڵینه‌یه‌ک
له هه‌سینه و زهڕینهیت و
“سه‌ید ڕه‌زا” باوه‌شت بۆ ده‌گرێته‌وه
وه‌ک ته‌مه‌نی ئه‌ستێره‌یه‌ک
ده‌ستێکت وه‌کوو قولاو
ئاڵاوه‌ته قژی مانگ و
ئه‌وی دیشت
ئارام … ئارام
بۆ ئامێزی تاسه‌ی “سه‌ید”
شۆڕ ده‌بێته‌وه
تۆ ئێستاکه
کۆترێکی هه‌ڵکورماوی
په‌ڕ و باڵ خوێناویت و
” به شاڵی سه‌وز” هه‌ڵبه‌ستراوی
هێنده نابا
ئاره‌قه‌ی نێو چاوانت
دهتکێنێته ناخی دیجله ” و
“فورات” ده‌یکا به شه‌پۆلی تووڕه و هه‌ڵچوون
بۆ به‌ر په‌ڵه
دیسانه‌وه
وێنه‌ی هه‌ورێکی سووکه‌ڵه
ئه‌سپی باڵداری شۆڕش ئهجووڵینی و
چاوی تاریکی ناتبینێ و
به‌ره‌و په‌ڕ پهڕۆچکهی ئاسمان
ده‌کشێیته‌وه
ئه‌ی ژوواری دانه‌بڕاوی
زامه‌کانی نێو دیرۆکم!
ئه‌ی سواره ده‌ست و پل خوێناویه‌که‌ی
له تافیته ههڵدێڕاوی … دووپات بووه‌ی
نێو ڕۆمان و نێو چیرۆکم
من لێره‌وه
نیگای وێڵی دوای سهفهرتم
من ده‌تبینم
تۆ هه‌نووکه
ته‌وقه‌ی ماندووی سه‌فه‌ریت و
ماشه‌ی چرکێندراوی “به‌رده قاره‌مانی”
ده‌ستت له مل “شێخی حه‌فید” ئاڵاندووه و
زڵهوینهوهی پرچی خۆری سه‌ر سه‌یوانی
من ده‌تبینم
تۆ له “بارزان”
مێژووی سووری
ڕاسانه‌وه
ئه‌خوێنیه‌وه
ئه‌ی خوێنگری خۆری زامدار
من لێره‌وه چاوم لێته،
تۆ، سواری باڵی ڕۆژپه‌ڕی،
پێش هه‌ناسه‌ی ماڵ ئاوایی
وه‌کوو ڕۆحی ماندووی مه‌لێک هه‌ڵده‌فڕی و
له قه‌راخی گولی ورمێ،
شانی “سمکۆ” ماچ ده‌که‌یت و
له خه‌نه‌ی خوێنی “قازی”
ده‌ست نوێژ ده‌گری
تۆ ئێستاکه
بارانی خۆشه‌ویستیت و
ڕوومه‌تت
وه‌کوو ئاڵماسه
دهبباره … دهبباره
ئه‌ی ته‌ته‌ر
دڵمان مه‌کۆی عه‌شقی تۆیه
وه‌ک تاڤهبهر
ڕات دهمووسین …. وه‌کوو تاسه
ئاکۆ ئه‌لیاسی
2002.9.17ی زایینی