كۆنگرەی نەتەوەیی كورد و هۆكارەكانی دواكەوتنی لە وتووێژ لەگەڵ بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دیمانە : هیوا میرزایی
كۆنگرەی نەتەوەیی كورد كە بڕیار بوو لە مانگی سێپتامبری 2013دا لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت، بە چەندین هۆكاری جیاواز دوا كەوت. لەم پێوەندییە و بۆ تاوتوێكردنی لایەنەكانی كۆنگرە و هۆكارەكانی دوا كەوتنی كۆنگرە وتووێژێكمان پێكهێناوە لەگەڵ بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و ئەندامی كومیتەی ئامادەكاری یەكەمین كۆنگرەی نەتەوەیی كورد .
– گرینگیی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی لە سەردەمی ئێستادا چییە ؟
بەرێز حەسەن شەرەفی : گرینگیی لێك نزیكبوونەوە و هاوسۆزیی و پشتیوانیكردنی هەر پارچەیەكی كوردستان لە خەبات و مافە نەتەوایەتییەكانی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستان، هەروەها یەكگرتوویی و هاوكاری هێزە سیاسییەكانی كورد لە هەر پارچەیەكی كوردستان هەر لە زووەوە پێویستییەكی خەباتی ئازادیخوازانە و نەتەوایەتیی كورد بووە كە بەداخەوە كەمتر هاتۆتە دی و بە شێوەی شیاوی خەباتی گشتیی كورد، گرینگی پێ نەدراوە. ئەوەش لە كاتێكدایە كە حكوومەتەكانی زاڵ بە سەر هەركام لە پارچەكانی كوردستان سەرەڕای هەموو گیروگرفت و ناكۆكییەكانیان لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی كورد، لە ناوچە هەمیشە یەكگرتوو بوون و پیلانی هاوبەشیان لە دژی كورد داڕشتووە و لە سەركوتی كورددا هاوكاری یەکتریان کردووە . ئەگەر پێویستیی یەكگرتوویی و هاوكاری و هاوسۆزیی كورد لە هەر پارچەیەك بۆ پارچەكانی دیكە هەمیشە لە گۆڕێدا بووە و كەم تا كورتیش رەنگە لە هێندێ بڕگەی زەمانیدا خۆی نیشان دابێ بەڵام هەرگیز بە گوێرەی پێویست و شوێندانەر لە گۆڕێدا نەبووە بەڵام ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی زەقبوونەوەی دۆزی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان و ئەم هەلومەرج و ئاڵوگۆڕانەی لە ناوچەدا روویان داوە یا لە حاڵی رووداندان ئەوە دەخوازێ كە كورد بە شێوەیەكی شیاو ئاوڕ لەو مەسەلە گرینگەکان بداتەوە و ئەو مەسەلەیە بە مەرجی سەركەوتنی كورد و گەشەكردنی خەباتەكەی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان بزانێ. بۆیە هێنانەگۆڕی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لە راستیدا ئاواتێكی لەمێژینەی رۆڵەكانی نەتەوەی كوردە و دەبێ بە گرینگییەوە سەیری بكەین .
– دەكرێ باسێكی كومیتە و كومیسیۆنەكانی لێژنەی ئامادەكاریمان بۆ بكەیی و بە بڕوای بەڕێزتان دەسكەوتەكانی ئەم كومیتە و كومیسیۆنانە تا ئیستا چ بووە؟
پاش كوبۆونەوە بەرینەكەی رۆژی دووشەممە ٣١ ی پووشپەڕ كە بە دەسپێشخەریی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجام دراو لە لەو كۆبوونەوەیەدا پێشنیاری پێكهاتنی كومیتەی ئامادەكاری كۆنگرە پێكهاتوو لە ٢١ کەس و لە هەموو پارچەكانی كوردستان كرا. ئەو كومیتەیە دەستبەكار بوو و تا ئێستا هەشت كومیسیۆنی بۆ مەسەلە جۆراوجۆرەكانی پێوەندیدار بە كۆمەڵگای كوردی و خەباتی كوردەوە پێكهێنا كە ئەو كومیسیۆنانە بێجگە لەوەی كە هەر كام یەك یا دوو یا چەند ئەندامی كۆمیتەی ئامادەكاری كۆنگرەی تێدا بەشدار بوون لە كۆمەڵیك شارەزا و پسپۆری هەر كام لە مەسەلەكان و بابەتەكانی هەر كومیسیۆنێك كەڵك وەرگیراوە و لە هەر كومیسیۆنێكدا چەند گەڵاڵە و راپۆڕت ئامادەكرا كە پاش باس و راوێژ لە سەر هەر گەڵالەیەك بۆ هەر كومیسیۆنێك گەڵالەیەكی یەكە و راپۆرتێكی جێگای پەسندی ئەندامانی كومیسیۆنەكانی لێكەوتەوە. راپۆرتەكان درانەوە بە كومیتەی ئامادەكاری كۆنگرە و پاش باس و هەڵسەنگاندنی راپۆرتی هەر كومیسیۆنێك بە هێندی تێبینی و دەسكارییەوە پەسندكران. دیارە كاری دوو لە كومیسیۆنانە ماوە كە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەوانیش دەچنە ریزی راپۆرتە پەسندكراوەكان. بێجگە لە كاری كومیسیۆنەكان كومیتەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەیی كورد، دروشمەكانی كۆنگرە و ژمارەی میوانانی خاریجی كە ٣٠٠ كەس دەبن هەروەها ژمارەی بەشدارانی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان كە ٦٠٠ كەس دەبن دیاری كردوە بەڵام لەو پێوەندیەشدا ئێستا رێژەی هەر كام لە پارچەكانی كوردستان لەو ٦٠٠ كەسە دیاری نەكراوە .
بە بڕوای من وەك یەكێك لە ئەندامانی ٢١ كەسی كومیتەی ئامادەكاری كۆنگرە كە لە ماوەی ٤٥ رۆژی رابردوودا لە نزیكەوە ئاگاداری كومیسیۆنەكان و تەنانەت ئەندامانی كومیسیۆنی سیاسی و دێپلۆماسی بووم شاهێدی كار و هەموو زەحمەتی زۆری ئەندامانی كومیسیۆنەكان بووم و ئاكامی زەحمەتەكانیان باش دەنرخێنم و راپۆرتە ئامادەكراوەكان بە كاری سەركوتووانەی ئەندامانی كومیسیۆنەكان دەزانم بەتایبەت كە بەئاكام گەیشتنی كاری كومیسیۆنەكان و تەنانەت كومیتەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەی كورد بێ گیروگرفت نەبووە و ئەوەش ئاسایی بوو چونكە روانینی حیزب و لایەنە سیاسییەكان لە چوار پارچەی كوردستان و هەلومەرجی خەباتیان لە هەر پارچەیەك بە تەواوی وەك یەك نییە و ئەوەش كە بۆ یەكەمجارە نوێنەرانی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان بە مەبەستی پێكهێنانی كۆنگرەیەكی كورد كە پەیامی هاوبەشی هەبێ و هەموو لایەنەكانی خەباتی هەر پارچەیەك لەبەر چاو بگرێ دەتوانێ ئەو ئاسایی بوونە پاساو بدا .
– هۆكارەكانی دواكەوتنی كۆنگرەی نەتەوەیی چین؟
دواخستنی كاتیی بەستنی كۆنگرە لە لایەن كومیتەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بۆ دوو هۆی سەرەكی دەگەڕێتەوە .
یەكەم ئەوەیكە كومیتەی ئامادەكاری كۆنگرە لە ماوەی ٤٥ رۆژدا هەر چەند بەشێكی گرینگی كارەكانی خۆی بۆ ئامادەكردنی كۆنگرە راپەڕاند بەڵام بەشێكی ئەساسی و پڕباستر و پڕ بیروبۆچوونتری مابوون كە ئەوەش لە ماوەی١٠ – ١٢ رۆژدا كە بۆ كاتی دیاری كراوی كۆنگرە مابوو بە كردەوە مومكین نەبوو.
جیا لەو مومكین نەبوونە، كاتەكەش موناسب نەبوو، چونكە پێكهێنانی كۆنگرەی نەتەوەیی پێویستی بە كەشوهەوایەكی سالمی پێوەندی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەكان یا لانیكەم عادی هەیە كە راست لەم كاتەدا هەڵمەتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی پارلمانی هەرێمی كوردستان هاتە كایەوە كە كێبەركێی نێوان لایەنە سیاسییەكانی باشووری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەو هەلومەرجە ئەگەر بۆ فەزای هەڵبژاردن ئاسایی و یاساییە بەمشێوە بۆ بەستنی كۆنگرە فەزایەكی موناسب نییە .
ئامادەکردنی دیمانە : هیوا میرزایی