مارتین شتاودینگێر : موحه‌ممه‌د جه‌عفه‌ری سه‌حراروودی به تاوانی تێرۆری د. عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو، عه‌بدوڵا قادری ئازه‌ر و د. فازڵ ڕه‌سووڵ
پێش ٢٤ ساڵ له وییه‌ن، حوکمی ده‌ستبه‌سه‌رکرانی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ ده‌رچووه. ناوبراو پێش چه‌ند ڕۆژ له گه‌ڵ شاندێکی پارلمانی ئێران هاتبووه وڵاتی سویس. به‌ڵام بو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی وڵات، توانی به بێ هێچ کێشه‌یەک ئه‌و وڵاته به‌جێبێڵێت.
له ڕاستیدا ڕێکخراوێکی به ناوبانگی وه‌ک یه‌کێتی نێونه‌ته‌وه‌یی پارلمانتاران بو ئه‌وه نابێت که له په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ کۆشتنی مرۆڤه‌کاندا ناوی بهێنرێت. به‌ڵام ئه‌م جاره یه‌کێک له نوێنه‌رانی به‌شداری کۆنفرانسی ئه‌و ڕێکخراوه، تاوانبارێکه که ٢٤ ساڵه به هۆی کۆشتنی ٣ کورد له وییه‌ن، حوکمی گیرانی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ ده‌رچووه. ئه‌و که‌سه‌ش نێوی موحه‌ممه‌د جه‌عفه‌ری سه‌حراروودیه.
جه‌عفه‌ری ته‌نیا له بواری پارلمان‌دا شاره‌زا نیه، به‌ڵکوو له بواری میلیشیایشدا پسپۆڕه. ناوبراو ژێنڕاڵی سوپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانه و ده‌ره‌جه‌ی ژێنڕاڵی وه‌ک ده‌ستخوشانه‌ی وه‌ڕێ خستنی حه‌مامی خوێن له وییه‌ندا وه‌رگرت!
کاتێک ساڵی ١٩٨٩ جه‌عفه‌ری به سه‌رۆکایه‌تی شاندیك و وه‌ک نوێنه‌رایه‌تی کۆماری ئێسلامی ئێران له گه‌ڵ سه‌رۆکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتوووێژیان ده‌کرد، وێڕای هاوڕێکانی ده‌ستڕێژیان کرده سه‌ر قاسملوو و ٢ هاوڕێی دیکه‌ی و ده‌ستبه‌جێ کوشتنیانن.
وێڕای هه‌بوونی به‌ڵگه‌ی پێویست، ده‌وڵه‌تی ئوتریش له ژێر گوشاری ڕێژیمی ئێران‌دا تاوانباره‌کانیان ئازاد کرد و ڕه‌وانه‌ی ئێران کرانه‌وه.
به‌ڵام پاش ئازادکردنیان حوکمی ده‌ستبه‌سه‌ر کردنیان بۆ ده‌رچوو و ناویان له سه‌ر ئه‌و لیسته‌یه‌یه که پۆلیسی ئوتریش به دوایاندا ده‌گه‌رێت. دیاره بێجگه له پۆلیسی ئوتریش، لایه‌نی دیکه‌ش پێیان خۆش ده‌بوو سه‌حراروودی ده‌ستبه‌سه‌ر بکه‌ن.
ساڵی ٢٠٠٧، هێزێکی تایبه‌تی ئەمریکا به مه‌به‌ستی ده‌ستبه‌سه‌ر کردنی سه‌حراروودی هه‌ڵی کوتایه سه‌ر کۆنسولگه‌ری ئێران له هه‌ولێری کوردستانی عێراق. سه‌حراروودی ئه‌و ده‌م خه‌ریکی سازدانی توڕێکی سیخۆڕی گه‌وره بوو له عێراقدا. هه‌رچه‌ند له هه‌مانکاتدا کرابووه جیگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران و چه‌ند حه‌وتوو پاش ئه‌وه‌ی له ده‌ستی ئەمریکایه‌کان ڕزگاری بوو، وه‌ک ئه‌ندامی شاندی ئێران له کۆبوونه‌وه‌یەک سه‌باره‌ت به پرسی عێراق، له به‌رانبه‌ر کۆندولیزا ڕایسی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و کاتی ئەمریکا دانیشتبوو.
ئێستا جه‌عفه‌ری به‌رپرسی ده‌فته‌ری لاریجانیه. هه‌ر به‌و هۆکاره‌ش له گه‌ڵ لاریجانی هاتبووه سویس. دیاره ئه‌مه یه‌که‌م سه‌فه‌ری ئورووپای نه‌بوو. ناوبراو ساڵی ٢٠١١ جاریكیتر هاتبووه سویس. هه‌روه‌ها ساڵی ٢٠٠٦ چەند ڕۆژ له گه‌ڵ شاندێکی ئێرانی له ئیتالیا بووه. هه‌ردوو جاره‌که که‌س خوی له سه‌حراروودی نه‌گه‌یاندبوو!
به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان جیاواز بوو. به پێی سه‌رچاوه‌ی ئێمه، پۆلیسی سویس په‌یوه‌ندی به پۆلیسی ئوتریشه‌وه کردبوو و سه‌باره‌ت به حوکمی گیرانی نێوده‌وڵه‌تی سه‌حراروودی داوای زانیاریان کردبوو. پۆلیسی ئوتریش له وڵامدا موعته‌بەر بوونی حوکمه‌که‌ی تائید کردبوو. پاش ٢٤ ساڵ له‌وه ده‌چوو کاتی ده‌ستبه‌سه‌ر کردنی سه‌حراروودی هاتبێت. پۆلیس ئه‌مه‌ی پێ خوش بوو، به‌ڵام لایه‌نی سیاسی نه‌یده‌ویست ئه‌مه ڕوو بدات.
له وڵامی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئێمه دا وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئوتریش پێ ڕایگه‌یاندین که له باره‌ی ئه‌م پرسه‌وه هیچیان نه‌بیستووه. وه‌زاره‌تی داد وتیان ئه‌مه ده‌نگویه و ئێمه هیچ له‌مباره‌وه نازانین. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه هه‌ر وڵامی نه‌داینه‌وه!!!
ئه‌مه ده‌ری ده‌خات که به‌ژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت پێش هه‌موو شتێکه. به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر سرنج بده‌ینه ئه‌وه‌ی که ڕێژیمی ئێران به هاتنی ڕوحانی ورده ورده له وڵاتانی ڕۆژاوا نێزیک ده‌بێته‌وه و ڕۆژواییه‌کانیش نایانه‌ویت به ده‌ستبه‌سه‌رکردنی که‌سێکی باڵاده‌ستی ڕێژیمی ئێران که پێش ٢٤ ساڵ حه‌مامێکی خوێنی له وییه‌ن وه‌ڕێخستبوو، کێشه‌یەک بو ئه‌م لێک نزیکبوونه‌وه‌یه ساز بکرێت و دیسان له گه‌ڵ ڕێژیمی ئێران تووشی کێشه ببنه‌وه.
هه‌وڵنه‌دان بو ده‌ستبه‌سه‌ر کردنی سه‌حراروودی له لایه‌ن پۆلیسی سویسه‌وه به‌م چه‌شنه وڵام درایه‌وه: ناوبراو وه‌ک ئه‌ندامی وه‌فدێکی کۆماری ئێسلامی ئێران مه‌سوونیه‌تی دیپلۆماتیکی هه‌یه و بویه نه‌مانده‌توانی ده‌ستبه‌سه‌ری بکه‌ین.
هیوا به‌هرامی نوێنه‌ری حدکا له ئوتریش ده‌ڵێ: ئه‌وان هه‌ر له به‌رنامه‌یاندا نه‌بوو ده‌ستبه‌سه‌ری که‌ن.
ئێرانیه‌کان ڕۆژی چوارشه‌ممه سویسیان به‌ره‌و کرواسی به‌جێ هێشت. له‌و وێنانه‌ی که بڵاوبوونه‌وه، ده‌رکه‌وت که جه‌عفه‌ری و شانده‌که‌ی ئێران، سه‌ردانێکی موفتی گه‌وره‌ی کرواسیان کردبوو ودواتریش بو خوانی نیوه‌ڕۆ بانگهێشتی ئیڤو یوسیپۆڤیچ سه‌رۆک کۆماری کرواسی بوون. هه‌رچه‌ند پۆلیسی ئوتریش پۆلیسی کرواسی ئاگادار کردبووه‌وه که سه‌حراروودی ده‌ستبه‌سه‌ر بکه‌ن. به‌ڵام پۆلیسی کرواسی ته‌نانه‌ت وڵامیشیان نه‌دانه‌وه. به‌مه ده‌ڵێن رێئال پۆلیتیک…
سەرچاوەی هەواڵ رۆژنامەی پروفایل