"an independent online kurdish website

کاتێک پرسیمان پێشمەرگەکان کێن؟ گوتی عەبدورەحمان و سولەیمان نیزامی(ئێستا نازانم لە کوێ دەژی). kavos_azizi66

حەسەن هە ربە قسەکانمان لەگەل سەعید ڕا ئاگاداربوو کە چی بووە؟ بۆیە هەر زوو خەڵک و پێشمەرگەیان نارد. بەڵام بەفرێکی یەکجار زۆر لە عەرز بوو ، هاوکات کڕیوە مەجالی نەدەدا تا هیندێک بە پەلە بچن.   خەڵک و پێشمەرگە جارێ نەگەیشتبوونەوە لای ڕنووکە، فەرامەرز گوتی سولەیمان دەرهێنرا و وەزعی باشە. من لەوێ مامەوە و جارێک هاتمە ناو ئاوایی باتریم برد بۆ بیسیم و زوو گەڕامەوە. دەتوانم بڵێم من تەنیا پێشمەرگە بووم کە لە نێو ئاوایی مابوومەوە، ئەویش لە بەر ئەوەبوو کە ئەگەر شتێک پیویست بایە، یان هەر وەزعیەتێکی دیکە هاتباوە پێش ، ئەو خەڵکە کەمەی کە لە ئاوایی مابوونەوە ئاگادار بکەمەوە. چوونکی لەو دۆلە دا ڕنووی دیکەش هەبوون کە هەر دەبوایە هاوڕێیان بەوێ دا بڕۆن. ئەوەبوو ڕنووی دیکە نەهاتە خوار.

سەعات ٩ی شەو بوو کە گوتیان عەبدورەحمان مان دەرهێنا و بەداخەوە شەهید بووە.عەبدورەحمان ڕۆژێک پێشتر لە مرەخەستی هاتبووە. دوای نیزیک بە ٢ ساڵ، توانیبووی سەردانی مناڵەکانی بکا و بەداخەوە بوو بە دوایین دیداریش. تا هاوڕێیان گەیشتنەوە نیو گوند سەعات بوو بە نیزیک ١٢ی شەو.

بەیانی لەگەل فەرامەرز و چەند هاوڕێی دیکە چووین و لیباسەکانی عەبدوڕەحمان کە ببوونە بەستەلەک ، بە چەقۆ بڕیمان و مەلای ئاوایی هات و شۆردی هە رلە قەبرستانی گوندی دێریشک بە خاک مان سپارد و ساپۆوور سوجاعی فەرد باسی ژیان و خەباتی شەهیدی کرد.

desht_peyma__desh

ع. دەشت پێمان

عەبدورەحمان دەشت پێمان کوری جەهانگیر ی محەممەد عەلی خەلکی ئاغجەقەڵی ناوچەی سۆما بوو. ئەو لە بنەماڵەی ناوداری سەیدی عەمۆ بوو کە ژاندارمی ڕێژیمی شای لە باتی گا جەنجەڕی پێکردبوو. بنەمالەیەک کە هەم لەگەل شۆڕشەکانی ڕابردوو و هەم لە گەل حیزبی دێمۆکراتی کوردستان خاوەن سانازی و نرخی گەورە بوون.

لە بنەماڵەی ئەوان شەهیدی دیکە و پێشمەرگەی دیکەش هەبوون و ئێستاش لە ڕیزەکانی حیزب داهەن. عەبدرەحمان هە رلە سەرەتای دەستپێکردنی خەبای ئاشکرای حیزب لە شیمالی کوردستان ، وێڕای چەندین کەس لە لاوانی بنەمالەکەیان ڕوویان لە ڕیزەکانی حیزب کردبوو و لەو پێناوەش دا چەندین کەسیان شەهید ببوون.

kavos_derishk

٢٩ خەزلوەری ١٣٦٥. دێریشک ، ئەو ڕۆژەی کە حەرەکەتمان کرد بەرەو گەلی بەردەڕەش.

دوای چەند ڕۆژێک کە هەواکەمێک خۆش ببوو، ناچار بووین بەرەو بنکەکانمان لە گەلی بەردەڕەش بڕۆین. بەیانی یەک(٢٩/٨/١٣٦٥) کەوتینە ڕێگا هەوا خۆش بوو. بەڵام بەفرێکی ئەستوور لە عەرزی بوو. تەنیا باسکەکان هیندێک با کەمتر بەفری تێدا بوو و با بەفری هەڵگرتبوو بۆ شیو و دۆڵ. ڕنوو زۆر بوون.

کە حەرەکەتمان کرد ، بۆ تاریکایی شەو گەیشتینەوە گوندی بلمباسان و شەو لەوێ ماینەوە. ڕۆژی دوایی کەسێک بە ناوی جەمیل بوو(بەداخەوە ئەویش هەمنا زستان بەهۆی ڕنووی بەفر کۆچی دوایی کرد و ئینسانێکی هەتا بڵێی کورد پەروەر و حیزب دۆست بوو. ڕووحی شاد) بە شارەزامان تا پەڕینەوە ئەوبەری جاددەی ئێران تورکیە. نیوە شەوبوو گەیشتینە گوندی زێوکان و ماوەی ٢ سەعاتێک حەساینەوە چایەکمان خوارد. ئەو گوندە یەکەم جار بوو پێشمەرگە ببینن. گوندەکە نیزیک سنووری فەرمی بوو، هیزی زۆری عەسکەری تورکیش لەو ناوچەیە بوون. بۆیە پێشمەرگە قەت هات و چووی ئەوگوندەیان نەکردبوو. کە حەرەکەتمان کرد، هیندە سارد بوو، دەتوانم بڵێم زۆر ژێر سیفرەوە بوو، هەورازێکی سەخت و بەفر.

بە هاوین ئینسان ناتوانێ تێیدا دەرباس بێ.(جارێکیان هاوینی ساڵی ١٣٦٨ دوو هاوڕێی کۆمیتەی سەڵماس لەو شوێنە گیریان کردبوو ، نەیاندەتوانی دەرباس بن و زەنگیان دا بۆ ئیمە کە چی بکەین؟ کاک سولەیمان کەلەشی توورە بوو و گوتی کاکە بۆ ئێوە نازانم بوونەتە خەج و سیامەند لە شاخ دا گیرتان کردووە؟).

تاو هەڵات و ئێمە بەرنابەر دەیان پایەگای ئێران وتورکیە لە سەر بەفری سپی. خولاسە هیچکامیان کاریان بە ئێمە نەبوو، وابزانم دەورووبەری سەعات ١١ی بەیانی بوو کە ئێمە سەر کەوتینە لای کاولەگوند. کە چووین دابەش بووینە گوندەکانی کاولەگوند، ئێلێ و پاگەنگ و ماڵی فەتتاح ئەفەندی. نیزیک ٣٠ کەس لە ماڵی ئەو کورد ەنیشتیمان پەرەوەرە بووین داوای دەکرد با کەس دەرباس نەبێ بۆ گوندەکانی دیکە و هەموویان لە ماڵی ئەوبن.

فەتتاح ئەفەندی یەک ماڵی گەورەی هەبوو و خاوەنی جەند دانگ لێرەوار و دارستان بوو. بەڵکوو زیاتر لە ٦٠٠ تا ٧٠٠ سەر مەڕی هەبوو، کورەکانی توجارەتیان دەکرد و ئەویش دەستی لە ڕەش و سپی نەدەدایەوە. هەمیشە لیباسی جوان و خاوێنی شاری، دەمانجەکەی لەبەر قەدی و ڕادیۆیەکی بچووکی بۆ ئەخبار و زانیاری. کورەکانی وەک سەرباز و ئەو وەک ژنڕاڵێک وابوو. بەڵما تا بڵێی زار شیرین لە گەل کوڕەکانی، تا بڵێی خۆش سوحبەت و کراوە بوو.

هەرکات ئێمە دەجووینەوە ماڵی مام فەتتاح، بەس بۆ نان خواردن دەهات لامان و لە گەل ئەوەی کە لە نان خوارد تەواو دەبووین، دەیگوت کورەکانم، ئێوە ئیستراحەتی خۆتان بکەن و منیش دەچم دەورێک دەدەم و ئاگام لە دەورووبەر دەبێ، ئیوەش بە ڕاحەتی ئیستراحەت بکەن.

مام فەتتاح نە تەنیا ماڵێک بوو، بە شاهیدی هەموو هاوڕێیانی ئەوکات، لەواقیع دا بنکەیەکی بێ منەتی ئێمە بوو لە سەر ڕێگا. ئەوەی کە لە کۆن دا پێیان دەگوت: کاروان سەرا. بەداخەوە نازانم داخوا لە ژیان د اماوە یان نا. دوای ئەوەی کە دەوڵەتی تورک هەمووە ڕۆژی ئوگوندانەی چۆل کرد و سوتاندنی، ئەوانیش پەڕیوەی شارەکان بوون .

ئێوارەی ڕۆژی ٢ ی سەرماوەز بوو کە ئامادە بووین تا بەرەو کاولان بڕۆین کە مقەڕەکانمان لەوێ دانرا بوون. ئەو ڕۆژە هەوا تەم ومژێکی تاریک بوو. سەعید مەحموود نەژاد وەک بەرپرسی تێمێک دەبوایە لە پێشدا بڕۆن تا نیزیک پایەگای گوندی دێرێ(مارمیشو) کەمین دابنێن و باقی هاوڕێیان بە ئەمنیەت لەو مەسیرە دەرباس بنەوە. ،م وەک بێسیم چی لە گەل سەعید بووم. گەیشتینەوە سەرەوە پاگەنک، تەماسمان گرت کاک عەلی کاشفپوور لە سەر خەت بوو.

هەر دوای سڵاو کاک عەلی پرسی ئێوە ئێستا لە کوێن ؟ گوتم ئەوە بەرەو لای ئێوە دێین و بەڕەمز گوتم کە لە کوێین. کاک عەلیش گوتی بە داخەوە کاک مەلا خالیدیش پێرێ کۆچی دوایی کرد و دوێنێ بە خاکمان سپارد. مەلا خالید باقی فەرماندەری پێشووی هێزی شەهید سەرگورد عەبباسی ، کە لە سازماندەهیی نوێ دا ببووە بەشی قەزایی مەڵبەند، بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کردبوو.

mela_xalid_baqi
م. خالید باقی

مەلا خالیدیش هەر لە بنەمالەی عەبدوڕەحمان دەشت پێمان بوو و پێکەو ەببوونە پێشمەرگە و بەداخەوە تەنیا ١٢ ڕۆژ کەوتە بەینیان . ئەوەبوو بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی مەلاخالید غەمێکی دیکەش زیا دبوو. بەتایبەتی یەکەم جار بینیم کە حەسەن بازووکا بە هەموو وجوودی یەوە دەگریا چوونکی ڕەفاقەتیان زۆر خۆش بوو . منالەکانی مەلا خالید ماوەیەکی کەم بوو هاتبوونەوە لای و مالەکەی لە کەنداڵۆک بوو .

ئێمە بۆ نیوە شەو بوو گەیشتینەوە مقەرەکانمان کە هەرکامەی لە سەر ماڵێک دانرابوون. گوندی کاولان لە بەهاری ساڵی ١٣٦٤ ڕێژیم چۆڵی کردبوو و خەڵکەکەی هەتا ئەم لەحزەیەش هەرکامەی ئاوارەی شوێنێک بووە. بەس ئەوکات مالەکان زۆربەینا ئاوەدان بوون.

نیزیک ٢٥٠ پێشمەرگە لەوێ بووین . لکی ٢ و ٣، مەڵبەند و کۆمیتەکان و پەلی فەرماندەهی لەوێ بوون. کۆمیتەی سەڵماس و ئەرکانی لکی ٣ پێکەوە دوو دیومان هەبوو. لە بەر ئەوەی کە گوندەکە بەربلاو بوو، ساڵۆنێک نەبوو، ناچار لە ٤ جێگا ئاشپەزخانە دانرابوو. ئیمکانات کەم بوو . بەڵام سەرەرای کەمیی ئیمکانات ، خۆشی یەکەی ئەوەبوو کە لە سەر خاکی خۆمان بووین. ئەو هەموو ڕێگایەمان نەبڕی بوو بۆ عێراق. هەر کات تیمەکانمان لە ناوجە دا دەبوون.

خوێنەری هێژا ، لێرە دا دەگەمە کۆتایی ئەو بیرەوەرییەی کە دەستم پێکردبوو. بیگومان ئەوە تەنیا ئەوشتانەن کە من شاهیدیان بووم و دوای ٢٧ ساڵ بە بێ ئەوەی هیچ سەرچاوە ، یان یادداشتێکم لە بەر دەستی دابووبێ، لە حافیزەی ژەنگاویم دا جێگایان ببوو تا بە ئەمڕۆ. هەر وەها لە هیندێک شوێن ناچار بووم بە هۆی ئەوەی کە جارێ داستان کۆتایی نەهاتووە ودوژمن هار و دڕندەیە، هیندێک شت هەبوون کە نەمنووسیون. ئەگەر تەمەن باقی بێ لە داهاتووش دا بیرەوەریی دیکە و بەشی دیکەش دەنووسمەوە، بەلام قەوڵ نادەم.

ڕووحی پاکی شەهیدان شاد، ئێوەش هەر لە خۆشی دا بن .  ماڵئاوا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی