ماندیلا کوڕی سەرکردەی هۆزێکی وڵاتی باشووری ئەفریقایەو لە ساڵی ١٩١٨ لە ناوچەی ئێستۆن کیبی ئەو وڵاتە لەدیاک بووە،
دواتر ماندیلا لەتەمەنی گەنجێتی بوو بە پارێزەرو نووسینگەیەکی پارێزەریی لەگەڵ ئۆلیڤەر تامبۆ، سەرۆکی حیزبی کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقا کردەوەو پێکەوە دەستیان کرد بەرابەرایەتی هەڵمەتی دژی رژێمی جیاکاری رەگەزپەرستی کە بەهۆیەوە کەمینەی سپی پێست لە باشووری ئەفریقا دەستی بەسەر سوپاو ئابووری ئەو وڵاتە گرتبوو و مافی مرۆڤیشی پێشێل کردبوو هاوکات ئاواتی پێکهاتەی زۆرینەی گەلی باشووری ئەفریقای لەباربردبوو. دواتر لە ساڵی ١٩٦٥ ماندیلاو ١٥٥ چالاکوانی سیاسی بەتومەتی خەیانەت لە وڵات بۆ ماوەی چوار ساڵ لەگەڵ هاوەڵانی دادگاییکرا پێش ئەوەی ئازاد بکرێ، هاوکات هاووڵاتیانی رەش پێستی باشووری ئەفریقا بەهۆی ئەو یاسایانەی ئازادی کارکردن و نیشتەجێبوونیان لە هەر ناوچەیەک سنووردار دەکرد پەرەیان بە چالاکییەکانیان لە دژی رژێمی رەگەز پەرستیی وڵاتەکەیان دا، لەکاتێکدا ماندیلا بەنهێنی مانگرتن و خۆپێشاندانی زیاتری لە دژی رژێمی وڵاتەکەی رێکدەخست. لەو دەمە حیزبی کۆنگرەی نیشتمانی باشووری ئەفریقا ناچار بوو ستراتیژییەتی خۆی بگۆڕێ پاش کوشتارگەی شەرڤێل لە ساڵی ١٩٦٠ کە بەهۆی دەسترێژکردنی پۆلیس لە خۆپێشاندەرانی رەش پێشت ٦٩ کەس کوژران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو حیزبە قەدەخە کراو ماندیلا خۆی حەشارداو بەو هۆی ئەو رووداوانەوە لایەنگرانی حیزبی کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقا خەباتی چەکداریان لەبڕی خەباتی ئاشتیانە دەستپێکرد.
هاوکات ماندیلا هەڵمەتێکی دژی ئابووری باشووری ئەفریقا دەستپێکردو دواتر دەستگیرکراو بەهەوڵی رووخاندنی رژێمی وڵاتەکەی تومەتبارکرا لەبەرامبەردا ماندیلا لە پێش دادگا گوتی من دەستبەرداری بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی و ئازاد نەبوومە تێدا هەموو پێکهاتەکان بەئاشتیانەو دادپەروەرانە بژین، ئەوەش پەرەنسیپێکە هیواخوازم لە پێناویدا بژیم و ئامادەم لەپێناویدا ژیانیشم ببەخشم گەر پێویست بکات، لەگەڵ ئەوەشدا دادگا سزای زیندانی هەتاهەتای لەسەر ماندێلا سەپاندو ماندێلا لە زیندانییەکەیدا کە ئێستا گەشتیاران رووی تێدەکەن نووسی مرۆڤ لە بەندیخانە رووبەڕووی کات دەبێتەوەو هیچ شتێک نییە لەوە ترسناکتربێ. لەو دەمە جیهان زیاتر لە رژێمی جیاکاری رەگەز پەرستی لە باشووری ئەفریقا توڕەببوو، هاوکات لەبڕی سەرکردە بەندکراوەکان منداڵان لە قوتابخانەکانی باشووری ئەفریقا پەرەیان بەشۆرش دەداو بەو هۆکارەوە سەدان کوژران و بە هەزارانیش برینداربوون، لەکۆتایشدا راپەرینی قوتابخانەکانیش سەرکوت کرا، بەڵام ئەو کات وڵاتانی سپی پێست گەیشتن بەو باوەرەی کە ماندیلا کێشە نییە بگرە چارەسەرە، بۆیە هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی دەستی پێکرد بۆ ئازادکردنی ماندیلاو گەمارۆی زیاتر خرایە سەر رژێمی باشووری ئەفریقا.
دواتر دکلێریکی سەرۆکی سپی پێشتی باشووری ئەفریقا لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٩٠ بڕیاری قەدەخەکردنی حیزبی کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقای هەڵوەشاندو ماندێلای دوای ٢٧ ساڵ زیندانی ئازاد کرد، هاوکات فشارە نێودەوڵەتییەکان بوونە هۆی بەدیهێنانی سیستمێکی دیموکراتی لە باشووری ئەفریقا، لەگەڵ ئەوەشداو سەرەرای داواکانی ماندێلا بۆ ئاشتی لە وڵاتەکەی، بەڵام شەڕ لەنێوان پێکهاتەی سپی پێست و رەش پێستی باشووری ئەفریقا بەردەوام بوو. بۆیە ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتی ماندێلاو رژێمی باشووری ئەفریقا رێککەوتن لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات تاکاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد بەپێی دەستوورێکی نوێ. لەبەرامبەرداو بەهۆی خەباتی سیاسی درێژخایەنەوە ماندێلا کاتی زۆری بەدەستەوە نەبوو بۆ گرنگیدان بە ژیانی کۆمەڵایەتی خۆی، لەکاتێکدا ماندێلا چوار منداڵی لە ژنی یەکەمی هەبوو کە دوانیان کۆچی دواییان کردووە، هاوکات دوو منداڵی دیکەی لە وینی ژنی دووەمی بوو، بەڵام دوای تومەتبارکردنی وینی بەدەسترێژی و رفاندن ماندێلا لێی جیابووەوە، هەرچەندە وینی بەهۆی خەباتی و پشتگیری بۆ ماندێلا نازناوی دایکی نەتەوەی لێنرابوو، لەکۆتاییشدا ماندێلا لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا بۆ سێیەم جار هاوسەرگیری لەگەڵ هاوسەری پێشووی سەرۆکی کۆچکردووی مۆزەمبیق ئەنجامدا. دواتر دوای یەکەم هەڵبژاردنی ئازاد لە باشووری ئەفریقا لە ساڵی ١٩٩٤ حیزبی کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقا بە سەرۆکایەتی ماندیلا زۆرینەی دەنگەکانی بەردەوەو ماندێلا لە ١٠ی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٤ بوو بەیەکەم سەرۆکی رەش پێستی کۆماری باشووری ئەفریقاو بەهۆیەوە ملیۆنەها لە هاووڵاتیانی گەلی باشووری ئەفریقا بۆ یەکەم جار لەسایەی سیستمێکی دیموکراتی و ئازاد حەسانەوە، هاوکات ماندێلا توانی ئابووری وڵاتەکەی باشتر بکات، پێش ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٧ دەستبەرداری دەسەڵات بێ.
نیلسۆن ماندێلا رۆژی 2013-12-05 لە تەمەنی 95 ساڵی دا لە ماڵەکەی خۆی لە جوهانسبۆرغ (یوهانسبۆری) کۆچی دواییکرد”.
ماڵپەڕی روداو