ئەمجارە من، پێچەوانەی خەوی ” پەشێو” خەوم بینی؛
لە خەوومدا چەند دەستێکم لە مێژوویی دوورەوە هاتووم،
قایم بتەو، بە چوار شاباڵی پەڕ سپی، ئاڵا بە دەست،
بۆ بارەگای ئاڵاکانی جیهان دەچووم.
لە ناو جەرگەی کوردستان و جوگرافیای وڵاتەکەم
ئاڵای شەکاوەی کوردستان، لە سەر سەرم،
چەند قولانجێک لەو بانەوە بە شنەی با؛
هەر وەک خەلەی پڕ بارانی بەر بەهار و لەرزە شەپۆلی سەر دەریا،
بۆ پانتایی نیشتمانم بۆ هەر چوار لا، کەروێشکەی دەکرد دەجوڵا؛
لە خەوومدا بۆ سەر لوتکە و بۆ ناو کۆڕی گەلان دەچوم
پاش بڕینی کەند و لەند و چاڵی چۆڵی مێژووی کۆنی سەدانساڵەم،
گەیاندمە ناو باخچەکەی ئاڵاکانی هەموو جیهان، ئاڵای گەشم؛
وتم ئۆخەی؛ کە نەمردم هەتا دامنا، ڕەمزی گەلی بەشمەینەتم.
لە خەوومدا بێجگە لە چەند وڵاتێکی خاوەن ئاڵای کۆنە ڕەقیب،
باقی هاتن، بۆ پێشوازی ئاڵای گەلی پاک و نەجیب.
لە ناو هۆڵی پێناسەکانی گۆی زەوی، جاڕی ئاشتیخوازی درا
لە سەر بینای باڵا بەرزی نەتەوە یەکگرتووەکان،
بە سروود و بە مارشێکی نەتەوەیی ئاڵای کوردستان هەڵدرا.
وتم ئۆخەی؛ ئەی کوردستان؛ ئەی شەهیدان؛
ئەی دایکان و ئەی باوکانی جگەر سووتاو، دڵ بریندار؛
سەدان ساڵە چاوە ڕێی وەها ڕۆژێکین کورد سەرکەوێ،
کوردستانمان سەر بە خۆیی و ئاڵای سەربەرزی دەستکەوێ.
ئۆخەی؛ ئیتر لاوانی کورد هەست بە بوونی خۆیان دەکەن
زمان و ئاڵا و نیشتمان، چیترهەرزانفرۆش ناکەن.
لە خۆشییا کە ڕاپەڕیم، هەستام دیتم خەو بوو!
کەوتمە خەیاڵ؛
وتم؛ ئاخ و ئاخۆ خوایا!
کەی بێ؛ گەلم یەکگرتوو بێ پێگەیشتوو
ڕۆژی ببێ منیش وەک خەو کاسەی خەمم بکەم بە تاڵ!.
مـــەجــید کــاکــەوەیسی
ڕۆژەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ز.