"an independent online kurdish website

کورتە فیلمی “ژووری کچان”م ئەم ئێوارەیە بینی، لە بارەی تەکنیکی سینماییەوە هیچ بۆچوونێکم لە سەری نیە چون کاری من ئەوە نیە و لێی نازانم،gullalle_kamangerw

لە باری دارشتنی هونەری و چۆنیەتی ریوایەت کردنیشەوە دیسان قسەیەکی وام لە سەری نیە چون لە کارێکی ئاماتۆر بێ گومان نابێ چاوەڕوانی زۆر هەبێ و لەوانەیە بۆ ئەو کەسانە ئەم کارەیان ئامادە کردوە (لە ئەکتەر تا دەرهێنەرو نووسەر و…) کارێکی باش و سەرکەوتنێک بێتە ئەژمار . بەڵام ئەو شتەی وای کرد دابنیشم و چەند خاڵێک لە سەر ئەو کورتە فیلمە بنووسم نێوەرۆکی سیاسی ئەو کارە بوو، کورتەفیلمێک کە لە کەمپی حیزبێکی سیاسی دروست کراوەو و لە میدیای هەمان حیزبەوە بڵاو بووەتەوە.

ئەم فیلمە ئەگەر کارێکی تاکەکەسی بوایە بێ گومان رای شەخسی دەرهێنەر بوو و لەوانەیە هیچ حەساسیەتێکی لای منی بربێژ درووست نەکردایە و هیچ ئاورێکم لێ نەدایەتەوە، بەڵام کاتێ میدیای حیزبێکی سیاسی خۆی بە دروست کردنی فیلمێکەوە سەرقاڵ دەکات عەقڵی هەر بینەرێک دەڵێ ئەوە بەشێک لە سیاسەتی گشتی ئەو حیزبە یان دەرخەری بیر و بۆچوون و ئایدیالەکانی ئەو حیزبەیە. نازانم ئایا هیچ پێداچوونەوەیەک لە سەر ناوەرۆکی دەقی سناریۆی ئەو فیلمە کراوە یان نا. ئایا پەیامە راستەوخۆ و ناراستەوخۆکانی لێک دراوەتەوە؟ ئایا کاریگەری دەروونی رستەکان لە بەرچاو گیراوە و لە هەموو گرنگ تر ئایا لە باری سیاسیەوە وەکوو بەرهەمێک کە رووی لە خەڵکی کوردستانە بە وردی خوێندنەوەی بۆ کراوە یان نا.

چە ئەو کارە کرا بێت و ئەم فیلمە لە واقێع دا دەرخەری بۆچوونی رێبەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بێت و چە ئەوەی کە بەرپرسانی تیشک بەلای دا تێپەڕی بن و زۆر بە وردبینی پێداچوونەوەیان نەکردبێ، لە سەر خۆمی دەزانم وەکوو بەردەنگێک و وەکوو بینەرێک و هەروەها وەکوو کەسێک کە ئەو سێ وێنەی نیشاندراوی ناو ئەم فیلمەی (وێنەی سێ رێبەری شەهیدی کوردستان) بەلاوە بەهامەندە و تەنیا بە وێنەی وشک و پەتی بۆ رازاندنەوەی دیواری نازانێ ، بە چەند خاڵی گرنگ کە چەند پرس و مەسئەلەی گرنگترمان دەخەنە بەردەست ئاماژە بکەم. شایانی ئاماژەیە کە پێشتر لە بارەی ناوەرۆکی هێندێ لە بەرنامەکانی تیشکەوە بۆ بەرپرسانی نامەم نووسیوە بەڵام چون تەنیا وەڵام ئەوە بووە کە نامەکەت بە شوێنی مەبەست دەگەیەنین، ئەم جارە پێم باشتر بوو رەخنەکانم لە شوێنی گشتی بڵاو بکەمەوە بەو هیوایە کە بکەوێتە بەردەستی بەڕێوەبەرانی تیشک و لە ئاستی سەرەوەتر رێبەری حیزب و بە شێوەیەکی جیدیتر چاو لە ئەو رەخنەگەلە کە بەرەوروویان دەبێتەوە بکەن.

کورتە فیلمی ژووری کچان کە بە کوردی دروست کراوەو و ژێرنووسی ئینگلیسیشی هەیە لەوانەیە بۆ بەشداری کردن لە فێستیواڵێکی نێونەتەوەیی دروست کرابێ. هەوڵی بەشداری کردن لە مەیدانی گەورە و جیهانیدا بێ گومان هەوڵێکی پیرۆز و جوانە، ئەو ژێرنووسە یەک پەیامی ناڕاستەوخۆی هەیە کە بە بینەر دەڵێ ئەم فیلمە قەرارە وەکوو فیلمێکی سەربەخۆ لە شوێنێک نمایش بکرێت و بۆیە بە پێویستی نازانێ هیچ تێبینیەکی سیاسی لە بەرچاو بگرێت. تەنیا دەلیلێک کە من بۆ ناوەرۆکی سەقەتی فیلمی ژووری کچان دۆزیمەوە هەر ئەو ژێرنووسە بوو! کە گوایا قەرارە ئەو فیلمە فیلمێکی سەربەخۆ بێت و هەر بۆیە کێشە نیە ئەگەر زۆر شت بچێتە ژێر پرسیار و گرنگ ئەوەیە لە فستیڤاڵی مەبەست دا سەربکەوێ! دیارە دەلیلێکی مەعقوول نیە بەڵام بە راستی هیچ شتێکی تر لەو فیلمەدا نیە کە ئەو ناوەرۆکە بە تەواوی سەقەتە پاساو بداتەوە.

بەڵام دەلیلم چیە بۆ بە سەقەت زانینی ناوەرۆکی ئەو کورتە فیلمە؟ بۆ وەڵام دانەوە تۆزێک وردتر بۆ دیالۆگەکانی ئەو فیلمە دەڕوانین و مانا راستەوخۆ و ناراستەوخۆکانی لێکدەدەنینەوە بۆ ئەوەی ببینین کە دیالۆگێکی بە رواڵەت ئاسایی چەندە لە واقێع دا ئاساییە و چەندە خەریکە گشتیەتی سیاسەتەکان و بۆچوونەکان و یا لانیکەم گشتیەتی عەقڵیەتی خەڵکانی دانیشتوی کەمپی ئازادی دەردەخات، عەقڵیەتێک کە قەرارە لە رێگای تیشکەوە بگوازرێتەوە بۆ کوردستانی رۆژهەڵات. فیلمی ژووری کچان روایەتی پێشمەرگایەتی چەند کچێکە، یەکێک لەو کچانە دەیهەوێ بگەرێتەوە و هاوژووریەکانی بە قەناعەتی دەگەیەنن کە نابێ ئەو کارە بکات و لە ئاکامدا کچەکە گوڵێکی سوور لە سەر مێزی کارەکەی خۆ دادەنێ و بە زەردەخەنەیەک لە هاوژووریەکەی دەڕوانێ و بینەر بۆی دەردەکەرێ کە بەڵێ ناگەڕێتەوە. کەواتە فیلمەکە لە سەر پەشیمان بوونەوەی پێشمەرگەیەک لە پێشمەرگایەتیە و دیسان بە قەناعەت گەییشتنی.

بەڵام ئەو چەند پرسە گرنگە کە ئەم فیلمە زۆر بە کورتی و خامی و لەوانەیە تەنانەت بە نائاگایی دەرهێنەر و نووسەر دەیخاتە بەرباس لە چەند دیالۆگ دا دەردەکەوێ. کچەکان لە کاری رۆژانەی حیزبی دەگەڕێنەوە و لە رێدا بە پێشمەرگەیەکی دیکە کە خاوەنی بنەماڵەیە دەگەن (کاک فاروق) شیرینی لە دایک بوونی منداڵەکەیان پێدەدات و لە نزیکی ماڵ هایدە (ئەو کچە کە دەیهەوێ بگەرێتەوە) شیرینیەکە ناخوات، ئەویتریان دەڵێ هی شتی خەیرە بۆ نایخۆی، دەڵێ: “کام خێر؟ پێت وایە کاری چاکیان کردوە منداڵیان بوە ئەویش لەم کەمپە؟” ئەوی دیکە کە گوایا ناوی مەهابادە دەڵێ: بۆ خانم، کەمپ چیەتی؟ زۆربەی ئەو منداڵانە لێرە لە دایک بوون ئێستا گەورە بوونە و لە زۆربەی دانشگاکان دەرسیان خوێندوە و ئێمە شانازیان پێدەکەین. لێرە لە سەر ئەم دیالۆگە دەبێ کەمێک راوەستین.

کارمان بە پرسیاری کچی یەکەم نیە ئەوەی جێگای رامان وەڵامی کچی دووهەمە: بۆ خانم کەمپ چیەتی؟ رستەیەکی زۆر کورت کە وەک زیللە لە ناو چاوی هەر پرسیارکەرێک دەدات و دەیهەوێ دۆخی کەمپ بشینی بە دۆخێکی زۆر ئاسایی نیشان بدات، نە تەنیا ئاسایی بەڵکوو زۆر بە خێر و بەرەکەت! “ئەو منداڵانە لێرە گەورە بوون هەموویان چوونەتە دانشگا” . لایەنی دیکە و ئەو دیوی ئەم دراوە ناراستەوخۆ ئەوەیە کە ئەو منداڵانەی لە قەندیل لە دایک دەبوون ئەو ئیمکانەیان نەبوو، کەوابوو دۆخی کەمپ نشینی نە تەنها هیچ کێشەیەکی نیە بەڵکوو زۆریش باشە! لە درێژەدا دیسان ناراستەوخۆ پێمان دەڵێ کە منداڵەکەی کاک فاروقیش قەرارە وەک ئەوانی تر لێرە بچێتە دانشگا، واتە ئەمە دۆخێکی پەسەندکراوە کە قەرارە درێژەی هەبێ و تەنانەت منداڵی کاک فاروقەکانیش ، واتە ئەوانەی ئەمساڵ لە دایک بوون هەر لە کەمپەوە رەوانەی دانشگای سەلاحەدین بکات…لێرەدایە کە ئاوێکی سارد بە سەر هەموو ئەوکەسانەدا دەکرێ کە پێیان وایە حیزبی شۆڕشگێڕ دەبێ بە زووترین کات بگەڕێتەوە ناو خاکی خۆی.

کچی دووهەم (مەهاباد) دەکرا وەڵامێکی تری بوایەت، دەکرا باسی ئەوە بکات کە ئەم دۆخە هەتایی نیە و ئەم منداڵە قەرار نیە تا هەمیشە لێرە بێت، یان هەر وەڵامێکی دیکە جگە لە هەڵگوتن بە باڵای کەمپ نشینی، بەڵام ئەو، گوتاری زاڵ بە سەر تاکەکانی ئەو کۆمەڵگە چووکەیە باس دەکات، عەقڵیەتی زاڵ و روانگە و بۆچوونی زاڵ. روانگەیەک کە هەر پرسیارێک لە سەر دۆخی کەمپنشینی نە بە خوێندنەوەی پرسیارەکە و لێکدانەوەی بارودۆخی هەنووکەیی بەڵکوو بە هێرش کردن وەڵام دەداتەوە. ئەو روانەگەیە هیچکات بە خۆی ناڵێ من بۆ لێرەم، بەڵکوو دەلێ تۆی پرسیارکەر بۆ لەو شتانە پرسیار دەکەی، وەڵامی توند و تووڕەی مەهاباد “بۆ خانم کەمپ چیەتی؟” دەتوانێ وڵامی گشتی ئەو کۆمەڵگایە (ئەگەر نەڵێین وەڵامی رێبەرایەتی حیزب ، چونکو من هێشتا فەرزی سەرەتاییم لە سەر ئەوە دادەنێم کە رێبەری حیزب پێداچوونەوەی ناوەرۆکی ئەو فیلمەی نەکردوە!) بە هەر پرسیارکەرێکە.

لە بەشێکی دیکە لە فیلمەکەدا کە لە ماڵدایە، مەسئەلەی هایدە دەکەوێتە بەرباس، کە کێشەی چیە و بۆ دەیهەوێ بگەڕێتەوە دەڵێ “باوکم لە گەڵم قسە ناکات، براکەم ئەڵێ خەڵک ئەڵێن چوە بۆ ناو حیزبێک کە کەس نازانێ چی بەسەر دێ …” کچی سێهەم (سەرگوڵ) لە وەڵام دا دەڵێ : ئەوەی تۆ باسی دەکەی بە سەر ئێمەش هاتوە… لە درێژەدا کێشەکانی ژیانی سەرگوڵ کە بوونەتە هۆی ئەوەی روو لە حیزبی دیموکرات بکات باس دەکرێ و دەڵێ : “کێشەی بنەماڵە، دەرک نەکردن، شت بە زۆر بە سەردا سەپاندان، تەشەر و تانە و… ئەوانە کێشەی من بوون.” دیسان دەبێ لە سەر قسەکانی کچی سێهەم واتە سەرگوڵ رابمێنین و تۆزێک لێکی بدەینەوە بزانین خەریکە چیمان پێدەڵێ.

لە وتەکانی هایدەدا دەردەکەوێ کە بنەماڵەکەی لە گەڵ بوونی ئەو لە ناو حیزبێکی سیاسی دا نین و بە عەیبەی دەزانن، ئەوە دەتوانێ جۆرێک لە بۆچوونی بەشێک لە کۆمەڵگای کوردی بێت کە بەهۆی دوورکەوتنەوەی خەباتی سیاسی لە خەڵک، بە چاوێکی باش بۆی نەڕوانن، بەڵام کاتێ سەرگوڵ دەڵێ : ” ئەوەی تۆ باسی دەکەی بە سەر ئێمەش هاتوە” کێشەکە گشتیەتی پێدەرێ و وەکوو روانگەیەکی زاڵی گشتی لە کۆمەڵگادا باس دەکرێ و دیارە زۆر لۆژیکی نیە ئەگەر حیزبێکی سیاسی لە میدیای فەرمی خۆیەوە و وەها بۆچوونێک بە بۆچوونی گشتی خەڵک بناسێنێ و بڵێ بەڵێ لەو کۆمەڵگایەدا کە ئێمە خەباتی بۆ دەکەین هیچ بنەماڵەیەک حەز ناکەن کچیان تێکەڵی بیر و باوەڕی ئێمە بێت! وەها دیالۆگێک ئەگەر لە فیلمێک دا ببیندرێت کە بەرهەمی دژبەری حیزبی دیموکرات یان بە گشتی خەباتی نەتەوەیی کورد بێت زۆر ئاساییە و نە پێوست دەکات قسەیەکی لە سەر بکرێت و نە باسیشی بکرێت. هێزی دژبەرە و کاری ئەوەیە.

بەڵام میدیای فەرمی حیزب ئایا هەر بەراستی رەوایی و پێگەی خۆی لە ناو خەڵکدا وا دەبینێ؟! کە هیچ بنەماڵەیەک رازی نەبێ منداڵی رێگای پێشمەرگایەتی لە سەنگەری ئەودا هەڵبژێرێ؟!! ئەم شێوازە لە دەربڕین چە سیاسەتێکی دەتوانێ لە پشت بێت؟ لەوانەشە حیکمەتی ئەم چەشنە بۆچوونانەش وەک کەوا نادیارەکەی سوڵتان بێ کە بە هەموو کەس نابیندرێ! بەشی دووهەمی قسەکانی کچی سێهەم (سەرگوڵ) دیسان دەپەرژێتە سەر باسێکی قەدیمی کە لە خۆیدا بێریزی ئاشکرایە بە عەقڵی ژن و کچ و ئەوەی کە کچ ئەساسەن ناتوانێ خاوەنی بڕیاری سیاسی ببێت و ئەو شتەی کە بەرەو حیزبێکی سیاسی راودووی دەنێ گوشاری کۆمەڵایەتی و بێ توانایی لە تەحەموولی ئەو گوشارانە و لە ئاکامدا هەڵاتن لەو دۆخەیە

روانگەیەک کە بەداخەوە ئەویش دیسان گوتاری زاڵی کۆمەڵگای نیشتەجێی کەمپە و لەم فیلمەدا لە زاری سەرگوڵەوە باس دەکرێ. لێرەدا باسی ئەوە نیە کە ئایا چەند لە سەدی کچانی ناو حیزبە سیاسیەکان، هەڵاتووی کێشە کۆمەڵایەتیەکان و گوشاری بنەماڵەن، بەڵکوو باسی ئەوەیە کە بۆچی حیزبێکی سیاسی کە بانگەشەی بەرانبەری و مافی یەکسان بۆ ژن و پیاو دەکات بە فەرمی هۆکارەکانی ئەندامەتی و پێشمەرگایەتی ئەندامانی خۆی وا پێناسە دەکات کە پیاوان بە بۆنەی بڕیاری سیاسی و روانگەی سیاسیانەوە روو لە حیزب دەکەن و ژنان بە بۆنەی کێشەی کۆمەڵایەتی و گوشاری بنەماڵە و بێ دەرەتانێ.

راستی حاشا هەڵنەگری هەر شۆڕشێک و هەر پێکهاتەیەکی سیاسی شۆڕشگێڕ لە هەموو شوێنەکان و کاتەکاندا ئەوەیە کە بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی ئەو پێکهاتەیە (بە ژن و پیاوەوە) بە بۆنەی کێشەکانیانەوە روو لە خەبات و حیزبایەتی کردوە و دیارە کابرا تا کێشەیەکی نەبێ و کێشەکان نەبینێ و هەست بە ئازار نەکات پێویستیەکیش بە گۆڕان نابینێ و ئەوە شتێکی ئاساییە، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی کێشەی کۆمەڵایەتی ئەوەندە لە ژن زەق دەکرێتەوە تا ئەو رادەیە کە ئەگەر لای تاکێکیش ئەوە مەوزووعیەتی نەبێ بە سەری دا بە زۆر بسەپێ؟ بۆ دەبێ لە حیزبێکی یەکسانی خواز دا حیزب بۆ پێشمەرگەی ژن داڵدە و پەناگا بێت و بۆ پێشمەرگەی پیاو سەنگەری خەبات؟! لە حاڵێک دا هەر دووی ئەوانە لە کۆمەڵگایەکی هاوبەش و دۆخی هاوبەش هاتوون و زۆربەی جار کێشەی هاوچەشنیان بوە و لە کاتی شەڕیش دا وەکوو یەک شەڕیان کردوە.

لە درێژەدا هایدە پرسیارێک دەخاتە روو کە دیسان جێگای تێڕامانە و وەڵامێکیش کە وەری دەگرێ بە هەمان شێوە دەڵێ: “دەبا ئێمە نەهاتباین بۆ دەرەوە، دەبا چالاکیمان کردبا رەنگە باشتر بوایە” ئەو پرسیارە لەوانەیە لە ناخی زۆر کەس دا بارها دروست بووبێ، وەڵامەکەی خۆی باسێکی زۆر و دوور و درێژە بەڵام لێرەدا سەرگوڵ وەڵامیك دەداتەوە کە دیسان تیژیی رەخنەکەی دەگەرێتەوە بۆ حیزب، دەڵێ: “کوا مەجال و دەرفەت هەبوو، کەسێک هەبوو رێگایەکمان پیشان بدات بۆ ئەوەی بتوانین چالاکی سیاسی بکەین؟” بینەر دەپرسێ ئەی باشە ئەو حیزبە ئایا لە ناوخۆ ئەندامی نیە؟ بۆ ناتوانێ پێوەندی بکات بە خەڵکەوە؟ بۆ ئەو کەسەی (وەک سەرگوڵ) کە لە ئازارەکان وەرەز بووە و ئامادەیە و دەتوانێ ئیشی بۆ بکات لە ناوخۆ سازمان نادرێ و هیچ رێگایەک نادۆزێتەوە جگە لەوە روو لە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب بکات؟ ئەم وتەیە ناراستەوخۆ پێمان دەڵێ لە ناوخۆ مەجال نیە و ئێمەش (وەکوو حیزب) خەیاڵی ئەوەمان نیە مەجالی وا بخولقێنین کەوا بوو دوا رێگە ئەوەیە روو لە حیزب و تەشکیلاتی ئاشکرا بکەن، بەڵام تەشکیلاتێک کە لە پێشەوە باس کراوە لە کەمپە و کەمپیش زۆر باشە و منداڵەکانیان لە داهاتوودا دەچنە زانکۆ و هتد.

لەم کورتە فیلمەدا کارکردی حیزبێکی شۆڕشگێر بە ئاشکرا دادەبەزێتە سەر ئاستی فێر کردنی مونتاژ و تایپ و هێندێ شتی سەرەتایی کە کابرا لە هەر شوێنێک بێت بە یەک یان چەند کورس و دەورەی فێرکاری فێری دەبێ. لەم فیلمەدا کە باسی گۆشەیەک لە ژیانی پێشمەرگەیەک لە ناو حیزبێکی سیاسی لە حاڵی شۆڕش دا دەکات، بە داخێکی زۆر گرانەوە تەنیا وەشەیەک کە بوونی نیە و وەبەرگوێ ناکەوێ وشەی “خەباتە” لە هیچ شوێنێکی فیلمی ژووری کچان دا باسی ئەوە ناکرێ کە خەباتێک لە ئارادایە! تەنانەت بە یەک وشەش بوونی نیە! (ئەوەش لە شوێنێ خۆی دا بینەر دەتەزێنێ و فڕێی دەداتە ناو قووڵایی رەشی واقعیەتێکی زۆر تاڵەوە کە بریتیە لە بەتاڵ بوونەوەی حیزبی سیاسی لە خەباتی سیاسی) ئەگەر بینەری بیانی (کە قەرارە ئەم فیلمە لە نازانم لە کام فستیڤاڵ دا ببینێ) بە وردی چاوی لێ بکات بە هیچ شێوە تێناگات کە ئەمە فیلمی ژیانی پێشمەرگەیەکە کە بۆ مەبەستێک و ئامانجێکی سیاسی و نەتەوەیی رێگایەکی جیاوازی هەڵبژاردوە.

بێ گومان شتێکی سەیرە ئەگەر دەرهێنەری فیلم پێی وابێ وێنەی سێ رێبەری شەهیدی حیزبی دیموکرات رێفرێنسێکی باشە بۆ ئەو مەبەستە! بینەری بیانی لە باشترین حاڵەتدا (و بە لە بەرچاو گرتنی پێداگری سەرەتای فیلمەکە لە سەر واقێعی بوونی داستانەکە و کەسایەتیەکان) دەتوانێ وا خەیاڵ بکات کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کەمپێک هەیە کە ئەو کەسانەی کێشەی کۆمەڵایەتیان هەیە دەتوانن پەنای بۆ ببەن و لەوێ هێندێ شت فێر بن، دوایی منداڵیان بێت و منداڵەکانیان لە داهاتوودا بچن بۆ زانکۆ. لەم فیلمەدا بینەر نە حیزبی سیاسی دەبینێ، نە شۆرش، نە خەبات و نە پێشمەرگە، بەڵکوو چەند مرۆڤێکی بێ دەرەتان دەبینی کە لەبەرانبەر پرسی بێ هیوایی پێشمەرگە و ماندوو بوونی لە دۆخی کەمپنشینی دا تەنیا بە وێنا کردنی دۆخی خراپتری زیندان وەڵام دەدرێنەوە و رادەگیرێن.

لە کۆتایی فیلمەکەدا هایدە بە قەناعەت گەییشتوە کە نەگەڕێتەوە بەڵام هۆکاری ئەو بڕیارە نە سوور بوون لە سەر خەبات و شۆڕش بەڵکوو ترس لە دۆخی زیندان لە کاتی گەڕانەوە بۆ ئێرانە. فیلمەکە پێمان دەڵێ پێشمەرگە ئەگەر بگەڕێتەوە دەکەوێتە زیندان کە وا بوو باشترە لە حێزب دا بمێنێتەوە و لە نێوان خراپ و خراپتردا دەبێ یەکیان هەڵبژێرێ! لەم فیلمەدا بەهایەک بە ناوی شۆڕش و هەستی نەتەوەیی لە بنەڕەتەوە بوونی نیە و مرۆڤەکان لە بێدەرەتانی دایە کە روو لە حیزب دەکەن و لە ئاکامیش دا ترسی زیندان پێش بەگەڕانەوەیان دەگرێ و وادەکات بڕیاری مانەوە بدەن. ئەگەرچی دەرهێنەر بەو گوڵە سوورەی کە هایدە بۆ سەرکارەکەی دەبا، دەیهەوێ بڵێ ئەو هیوادارە، بەڵام نێواخنی فیلمەکە هیچ باسێک لە هیوا و سەرکەوتن و هەوڵ دان ناکات، دیار نیە هایدە بە چی هیوادار بووە، رەنگە بەوەی کە منداڵەکانی لە داهاتوودا دەتوانن لە کەمپەوە بڕۆن بۆ زانکۆ!

فیلم ژوری کچان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی