هاوڕێ کاک سەید عەزیز نیکجوویان دەگێڕێتەوە :” بەهاری ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی لکی سێی هێزی شەهید پێشەوا بووین کە لە نێو شاری مەهاباد دا مابووینەوە .
چەند کەسێکمان بە منەوە لە گەڵ خدر لە ماڵێک دا بووین کە لە لایەن هێزەکانی دوژمنەوە گەماڕۆ دراین . هەموو سەر بان و کووچە و کۆڵانەکانمان لێ گیرا بوو ، خدر کیسە فەرماندەمان بوو ، بڕیاری دا شەڕی مان و نەمان بکەین و خۆی دەست پێشخەر بوو . دوژمن ماڵەکەی دا بەر گوللەی ئارپیچی و چەکی سووک ، دەڕەتان زۆر کەم بوو، تەنیا ئازایەتی و لەخۆ بردووی بوو کە دەیتوانی لەو گەماڕۆیەمان دەرباز بکات . زۆر زوو دوو کەسمان بریندار بوون کە یەکیان برینەکەی قورس بوو ، تەنیا کەسێکمان کە توانی خۆی بگەیەنێتە سەر بانی ، خدری بوێر و بە جەرگ بوو ، چەکداری دوژمن داوای خۆ بە دەستەوەدانی لێ دەکردین بەڵام ئەو ڕاپەڕینەی خدر بارەکەمان گۆڕا و شەڕی نارنجۆک لەگەڵ خدر دەستی پێ کرد ، خدر نارنجۆکەکانی دوژمنیشی بە گژ خۆیان دا دەکردەوە ، هەر بۆیە بە ئازایەتی ئەو ئێمە توانیمان ئەم گەماڕۆیە دەرباز بکەین ، فەرماندە خدر خۆی لەو گیان بازییەدا بریندار بوو “.
دەنگی پوورە فاتم هەر بەرزە
ئێستاش سۆزی دێ بەو تەرزە
لانکەی کوڕان ڕادەژێنێ
کاکۆڵی سووریان دا دێنێ
بنوون کۆڕپەی ئازا و ژیرم
حەڵاڵتان بێ رەنج و شیرم
گیانتان شاباشی وڵاتە
خوێنتان بۆ گەلتان خەڵاتە
ئەی سێ شا هەڵۆی شەهیدم
خدر و عەوڵا و سەعیدم
نێوتان لە ریزی نەمرانە
تاجی سەری نیشتمانە
رٶحتان تێکەڵی ئاڵایە
لە خوێن و دڵی گەڵ دایە
هەر بەهارێک کە دێتەوە
نێوتان لە نوێ دەڕوێتەوە
مام ئەحمەد پیری سابڵاغی
بەرزە وەک ئاگری داغی
پشتی ئەگەر کسپەش بێنێ
خەمی ئێوە دای ناهێنێ
با فرمێسکی وەکوو سەد دی
نەزانرێن پێوانە و حەد دی
ئەو باخی نییەری دیوە
کە چەندی گوڵ لێ وەریوە
ئەو هەر قیت و قۆز دەمێنێ
لە وڵاتی ڕا دەمێنێ
ئەو کە بابی سێ شەهیدە
ئازیزە وەک نووری دیدە
لە لانکەی کۆماری کوردان
شاری ڕاسان و بەرخودان
سەدان رۆڵەی دوژمن بەزێن
لێرە تێکەڵ بوون لەگەڵ خوێن
لە ڕێگای سەربەرزی گەل دا
سەدان هەتاو خۆی لەگەڵ دا
بوون بە قوربانی وڵاتیان
جلی سوور بوو بە خەڵاتیان
بێ خەم بنوو پوورە فاتم
ئەمن رۆڵەی دێموکراتم
بەڵێن دەدەم تا بمێنم
خوێنی کوڕان نافەوتێنم
تا کوردستان جێی کوردانە
شەهید هەر تاجی سەرمانە