مادام کەسێک روو لەراستی بکات
جێگەی لە بارەگای پڕشنگداری تۆدایە و
کەسێک رێگەی چەوت هەڵبژێرێ
بەهۆی رەفتاری خۆی
دەمێک ساڵان
لە تاریکی و کوێردڵی و حەسرەتدا
ژیان بەسەر دەبا
گاتاکانی زەردەشت،سروودی چوارەم
بە دوای بڵاوبوونەوەی دوو بەرهەمی مامۆستا شکور مستەفادا، “سەرچاوەکانی بیروباوەڕی کوردەواری” و” گەشتێک بەناو زمان و فیکر و ئیستێتیکادا”، باوەڕم بەوە هێنا، مامۆستا شکور هەر بە تەنیا وەرگێڕ و زمانزانێکی گەورە نییە، بەڵکو لێوەشاوە و شۆڕەسوارێکی بەئەزموونی مەیدانی هزر و جیهانبینی رۆشنبیریشە. هەروەها،مەلا شوکور دەتوانێ قوڵتر و فراوانتر دەست لەسەر رەهەندەکانی هزر و تایبەتمەندیی کوردەواری دابگرێ و وەک گەورەرۆشنبیرێکی شارەزا و کارامە، بەشداریی چالاکانەی خۆی لە بیناکردنی هزر و ڕامانی کوردیدا بکات.
لەبەر رۆشنایی چراوگی ئەم راستییەدا، بیرم لەوە کردەوە دەتوانم بە چەند پرسیارێ مامۆستا بە شێوازێک بدوێنم، کڵووکۆی دەروونی خۆم و رەنگە بەشێکی زۆری خوێنەرانیشی پێ دامرکێنمەوە. هەمان کات دەرگا و پەنجەرەیەک بەرووی مامۆستادا واڵا بکەم، تا لە گۆڕەپانی هزر و بیروباوەڕدا. قەڵەمی خۆی زیاتر تاو بدات و بەرهەدوو بتوانین کەلێنێکی بچووک پڕبکەینەوە.
بە هەر تەقەلایەک بوو، سەرەتا توانیم (٤١) پرسیارێ لە رێگای دۆستێکەوە لەبەرلین،کە لە بنەماڵەی رێزداری (فەرهادی)ی رۆشنبیر و ئەدەبدۆستی شاری هەولێرن بگەیەنمە دەست مامۆستا شکور.
شایانی ئاماژە پێدانە،کە برای زێدە بەرێز و شاعیر و روناکبیر،کاک فەرهاد شاکەلیم لە کارەکەم ئاگادار کردەوە. چونکە ناوبراو هەم ئاگای لەکارەکانی پێشووترم هەبوو، هەمیش بەردەوام، هاندەر و پشتیوانێکی دڵسۆزی ئەم چەشنە کارانەیە.
نامە رۆیشت و هێندەی نەخایاند، تەلەفونێکی پڕ لە قسەی خۆش و شادیم لە مامۆستا شکورەوە لە هەولێرڕا بۆ کرا و ئاگاداری گەشتنی نامە و پرسیارەکان و خاترجەمیشی کردم، بەوەی بەخۆشییەوە وەرامیان دەداتەوە و لە ماوەیەکی کورتدا بۆم دەنێرێتەوە. بە کەیفسازییەوە گوتی: ” هەر ئێستا چوومەتە وێزەیان و هەرچی تریشت هەبووـ وەک من لە نامەکەدا بۆم نووسیبوو،کەوا رەنگە پرسیاری دیکەشت بۆ بنێرم ـ بێ وەخران بیان نێرە”!!. دیارە من سەرەتای چاوەڕێی وەرامەکانم دەکرد، تاوەکو لەبەر رۆشناییاندا پرسیاری دیکە داڕێژم بۆی.
وێڕای خۆشییەکی زۆر، کەوتمە بەردەم بیرکردنەوەیەکی قورس، چۆن خۆم بۆ هەنگاوەکانی ئاییندە لەتەک ئەم کارە مەزنەدا ئامادە بکەم.
رێکەوت وابوو، باوکم کۆچی دوایی کرد و بۆ پرسەکەی گەڕامەوە کوردستان…سەرباری دژواری باری دەروونم و کەمکاتیم، سەردانێکی مامۆستام وەک ئەرک خستە بەرنامەکانمەوە.
بە هاوڕێیەتی برا و هابیری خۆشەویستم، نووسەر و ئەدیب کاک فوئاد محەمەد ئەمین سەراج،کە ئێسبتا جێگری یەکێتی نووسەرانی کورد ـ لقی سلێمانییە و کاک شوانە لە سلێمانییەوە بەرەو شاری قەڵا و منارە، بە کەرکوکی خۆشەویستدا کەوتینە رێ. دوای پشوویەکی کورت لە ناو هەولێر، یەکەوراست بەرەو کۆری زانیاری کوردستان و بۆ لای مامۆستا مەلا شکور چووین. کە گەشتین، مامۆستا لەسەر کۆمپیتەر کاری دەکرد. هەڵسا و بەگەرمی بەخێرهاتنی هاتنی کردین و رێز و خۆشەویستییەکی بێئەندازەی دەربڕی… هاوکات فەرمووی: “ئەوە بە پرسیارەکانتەوە سەرقاڵم و کاریان لەسەر دەکەم” . خۆشم هەندێ لە پرسیارەکانم دی لەبەردەستیدا بوو. پاش تۆزێ رووی کۆمپیوتەرەکەی تێکردم .تا بەتەواوی دڵنیا بکات.
منیش بە رێزەوە سوپاس و دەستخۆشیم لێکرد و هیوای لەشساغیم بۆ خواست.
پاش کەمێ،مەلا شکور هەواڵی گەڕانەوەی لێ پرسیم،گوتی: ” رەنگە تا گەڕانەوەت تەواوی بکەم” …. منیش هەڵم دایە و ووتـم: مامۆستا گیان ،گەر سازیش نەبوو،کاک فەرهاد شاکەلیش بە رێکەوت هاتۆتەوە و وا لە گەرمیان ، ئەو دوای من دەگەڕێتەوە، دەتوانی بیدەیتە دەست ئەویش… گوتی :”جا کەی مردووە لەوە پاکتر شۆراوە!” .
مامۆستا شکور مستەفا،هەڵۆ بەرزنجەیی، میوان،کاک شوان.کاک فوئاد سەراج
مامۆستا، دۆستێکی رۆشنبیریشی لە باکووری کوردستانەوە هاتبوو، هەموو بووینە میوانی و چووینە رێستەورانتێکی هەولێر. مامۆستا لەو میانەدا سەرێکی ماڵەوەی دا و کۆمەڵێ کتێب و بڵاوکراوە و ئارم و بڵاڤۆکی کۆڕی بە دیاری دامێ و نامەیەکیشی بۆ مامۆستا جەمال نەبەز نووسی و تکای کرد بیگەیەنمە دەستی. گفتم دایە، داخوازییەکەی بە چاوان، بۆی ئەنجام بدەم. پاش من کاک فەرهاد، بۆ سەردان دەچێتە لای مامۆستا.. چیرۆکی پرسیارەکانی من باس دەکرێتەوە و مامۆستا دەڵی: “بەهۆی کاروباری زۆر و ناساغیمەوە، نەمپەرژاوە وەرامی تەواوی پرسیارەکان بدەمەوە.. تۆ ئۆغر بکەرەوە،من خۆم لەم ماوەیەدا دەچمە شام و لەوێوە بۆ کاک هەڵۆی رەوانە دەکەم”.
دوای گەڕانەوە کاک فەرهاد بۆ سوید، زانیم وەرامەکانی مامۆستای نەهێناوە… لێگەڕام مامۆستا بەکاوەخۆ کارە ئەنجام بدات، چونکە ئەوەی بەلای منەوە مەبەست و گرنگ بوو…بیروڕاکانی مامۆستا و تێروتەسەلی باس و وەرامەکان بوو. بۆیە هیچ پەلەم نەبوو.
پاش ماوەیەک هەواڵم زانی، مامۆستا لەگەڵ شاندێ چووەتە ئێران. دوای گەڕانەوەی پەیوەندی پێوە کردم، گوتی:” برالە، لە تاران بووم لەگەڵ هەندێ زمانزان و رۆشنبیری ئێرانیدا،لەسەر کۆمەڵێ بابەت، هەروا دەممان لێک گیربووە،دەمەوێ ئەم بیروڕایانەش بخەمە سەر وەرامەکان،چونکە شتی نوێی تێدایە”.
منیش سوپاسگوزاری و خۆشحاڵی خۆمم بۆ ئەم هەنگاوە نوێیەی دەربڕی. ئیدی هێندەی نەبرد، هەواڵی مەرگی مامۆستا. چزەی لە جەرگم هەستاند و پرۆژەکەم لێرەدا وەستا و منیش دەستێکم کەوتە مەملاو ئەوی دیکەم ئەولا.
دەمودەست، بە تەلەفون سەرخۆشیم لە خێزانەکەی کرد و خەمباری و دڵگوشراوی خۆم پێڕاگەیاند.
دوای چەند رۆژێ، لە میدیاکاندا، بابەتێکی کاک سەرۆ قادرم خوێندەوە، کە بۆ مەرگی مامۆستای نووسیبوو، خۆی بە میراتگری مامۆستا دابووە قەڵەم.
بێ شاردنەوە و خۆ لادان لە راستی، دڵم داخورپا و چەخماخەیەک بە مێشکمدا گوزەری کرد. ترسی ئەوەم لێ نیشت، کارەکەم دیزە بەدەرخۆنە بکرێ و سەری تێدا بچێ.
هەنگاوی یەکەم، تەلەفونێکم بۆ ماڵی مامۆستا کردەوە و هەواڵی ئەو چاوپێکەوتنەم لێ پرسین. خێزانی مامۆستا، بێ سێودوو کرد، بەدەم هەناسە هەڵکێشانەوە، گوتی:” کاکە گیان،میراتەکەی مامۆستا شکور، نزیکەی ٩ ـ١٠ CD یەک و هەندێ شتی تر بوون ، سەرۆ قادر گسکی لێدا و بردی بۆ لای خۆی “.
تەماشام کرد، کارەکەم بەرەو تاریکی و نادیاریی ملی ناوە. بە پارێزەوە، هەواڵم لە کاک سەرۆ پرسی. کۆمەڵێ ووشەی گەرم و گوڕی دا بەسەر یەکدا و گوایە گفتی داوە،تەماشای سیدییەکان بکات و ئاگادارم کاتەوە… ماوەیەکی باش بەسەر چوو،هیچ دەنگ نەبوو. جارێکی دی پەیوەندیم پێوە کردەوە. گوتی: لەگەڵ کاک رێبوار کەریم وەلی، دەگەڕێین و هەوڵت بۆ دەدەم….پاش چەند مانگێک، بۆ سۆراخی بەرهەمەکە، پردی پەیوەندیم لەگەڵدا هەڵبەستەوە. گوتی” گەڕاوین و هیچمان نەدیوەتەوە”.
من زوو لە فیکەی خۆم گەشتم و زانیم ئەو بەڕێزە!!،دەستخەڕۆم دەکات و ئامادە نییە، هاوکاریم بکات و ئەمەکی میراتگری بۆ مامۆستاکەیشی نیشان بدات.
دوای نائومێدبووون، کەوتمە پەنابردن بۆ دۆست و برایان. لەم میانەدا هانام بۆ ئەم بەڕێزانە بردووە،کە گفتییان دا،قسە لەگەڵ کاک سەرۆ بکەن و هەوڵم بۆ بدەن.
ـ کاک مارف کۆیی، بەرپرسی پارتی کۆمەنیستی کوردستان لەبەرلین. گوتی سەرۆ هاوڕێی ئێمە بوو، من بە کاک عەزیز محەمەد دەڵێم ،هەوڵێ بدات.
ـ پێم وایە کاک فەرهاد شاکەلیش، جۆرە هەوڵێکی لەگەڵ دابوو، بێ ئاکام بوو.
ـ د. ئازاد عوسمان،مامۆستا زانستگەی سەلاحەدین.گوتی کاک کاروان عەبدوڵڵای کوڕی پوم زاوای کاک سەرۆیە،هەوڵت بۆ دەدەم،هیچی لێ شین نەبوو.
ـ ـ چەند خزم و ناسیاوێکی رانییەیی،وەک حەمە نیاز ،ئەمەش بێ سوود مایەوە.
ـ د. نوری بارزانی /ئەرگۆشی،راگری کۆلیژی سیاسەت لە زانستگەی سەلاحەدین. ئەمیشی بە قسە سەوز و سوورەکانی تەفرە دابوو.
ـ کاک هۆشیار جەمال غەریب،برای رۆشنبیر و رۆماننووسی گەورە مامۆستا جەبار جەمال غەریب. بە زمانە لووس و دبلۆماسییە زراوەکەی،دەستێکی بەرووی ئەمیشەوە نابوو.
ئەم هەموو هەوڵەم و پەیتا پەیتا گەڕان بەدوای کەناڵ و رایەڵەی نوێدا بۆ قوتارکردنی بەرهەمە ئامانەتەکەی مامۆستا بوو، لە چنگی ، ئەم پیاوە بەناو رۆشنبیر و بەرپرسی دەزگای راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و میراتگری دەستپاکی ژیان و ماڵ و مەرگی مامۆستا شکور بوو. هەر بۆ ئەوە بوو هەراسان بێت و میراتەکە بداتە دەستەوە.
لێ مەخابن، هەر جارەی بیانوویەک و بۆ هەر سۆراخێک ، خۆدزینەوەیەک و، بەرانبەر هەر لێپرسینەوەیەک، گفتی گەورە گەورەی بێئەنجامی دەدا بە و دۆستانە..
لە یەکێ لە وەرامەکانیدا،گوتوویەتی،” گوایە ئەو بابەتە، لە کۆمپیوتەرەکەی کۆڕدا و ئەم پەیوەندیی بە کۆڕەوە نییە” و ژمارەی تەلەفونی کاک د. شەفیق قەزازی بۆ نووسیبووم. ناچار بۆ کونبڕکردنی دوا هەوڵم، پەنام برد بۆ د. شەفیق و بەڕێزیان بەوپەڕی پەڕۆش و رێزەوە بە تەنگ کێشەکەمەوە هات و ووتی : ” وام لە سلێمانی بەبۆنەی جەژنەکانی ئازار و نەورۆزەوە، پاش دوو سێ هەفتەی دی تەلەفونم بۆ بکەرەوە، کارێکی باشت بۆ دەکەم”…. ئەوە بوو. لەسەر گفتەکەمان دوو هەفتە پاش نەورۆز تەلەفونم بۆ کرد و گوتی: ” هەوڵی خۆم داوە و مەسەلەکەم لە بەڕێز د. ئازاد ئەحمەد، کە هەر لەسەرەتاوە سکرتێری کۆڕ بووە و زۆر لە مامۆستا نزیک و بە پەرۆشی فەرهەنگی نەتەوەکەیەتی گەیاندووە. ئەمەش تەلەفونەکەی د. ئازاد و قسەی لەگەڵ بکە، ئەو چی لەدەست بێت، بێ درێخیکردن هاوکاریت دەکات”.
دوای چەند رۆژێ،دەرفەتم هێنا و تەلەفونێکم بۆ کاک د. ئازاد ئەحمەد کرد. بەڕێزیان بە زمانێکی شیرین و تژی لە رێز و دڵسۆزی گوێی لە کێشەکەم گرتوو. لەوەرامدا گوتی: ” کاک د. شەفیق بابەتەکەی بۆ باس کردووم و، ئاگادارم. برا، ماوەیەکی دوورودرێژە وام لێرە و ئاگاداری هەموو شتەکانم،لێ لە هیچ شوێنێکی کۆڕدا ، نە لە کۆمپیوتەر و نە لە ئەرشیفدا و نە لە چەکمەچەکانیدا،چ بابەتێکی وا نییە و سەرتاپای میراتەکەی،وەک خێزانی مامۆستا شکور بۆی باس کردوویت،بەو شێوەیە گسکی لێدراوە”. بەدەم باسەکەوە گەلەگ دەرد و داخی دیکەشی دەربڕی و گوتیشی: ” ئامادەم لە هەر شوێنێ پێویست بکات، من ئەم قسانە دووبارە و چەندبارە بکەمەوە”. منیش بەرانبەر بەو رێز و ماندووبوونەی بە دڵ سوپاسم کرد.
ئەوجا، ئاکامی هەوڵەکانمم بە ئیمێلێک بۆ کاک سەرۆ ناردەوە و ئاگادارم کرد،کەوا ئیدی پردی ئارامگرتنم دارووخاو و لەسەر بابەتەکە دەنووسم و رێی یاسایی دەگرمەبەر. ئەویش بێ ئەوەی من ئاگادار بم ، ئیمێلێکی بۆ کاک فەرهاد شاکەلی نووسیبوو، تاوەکو بێتە سەر خەت و بکەوێتە نێوانەوە. کاک فەرهادیش بەوپەڕی رێز و دادپەروەرانە و رۆشنبیرانە و وەک دۆستی هەردوولامان کورتە ئیمێلێکی بۆ کاک سەرۆ و من نووسی و بەیانی شتەکانی وەک هەیە کردەوە. سەرۆ قادر بەوەرامەکەی کاک شاکەلی زۆر نیگەران و شپرزە بوو. ئەوەبوو من جارێکی دیی ئیمێلێکیترم بۆ نارد و پێمگوت، لەمێژە، دەمەوێ ئەم هەق و حیسابەت لەگەڵدا یەکلا بکەمەوە. ئەو رۆژانەی کەوا گڵۆڵەت لە لێژیدا بوو، گەر مەبەستم ناوزڕاندن و تاوانبارکردن و شکاندنی تۆ بێت، زۆر بە سانایی، دەمتوانی بیقۆزمەوە و منیش ئەم باسە بکەمە سەرباری هەواڵی میدیا کوردییەکان و چەشنی بەنزین بیکەم بەسەر ئاگردا، کاری خۆی بکات.
لێ من ڕەوشت و بیرم، رێگەم نادات وەک فرسەتخوازێ، سوود لە لاوازی تۆ و کەسی دیکە وەرگرم.
خوێنەر ئاگادارە، لەم چەند دەیەیەی رابووردوودا، کەس هێندەی کاک سەرۆ قادر، ناوزڕاو و گۆی مەیدانی شەقشەقێنی رۆشنبیریی و رۆشنبیرانی کورد نەبووە. هیچ قەڵەم بەدەستێ، هێندەی ناوبراو ناشیرینی مەیدانی راگەیاندیی کوردیی نەبووە.
من خۆم هەڵگرت، بە ئامانجی ئەوەی بە هەر ـ ناری عەلی ـ یەک بێت، ئەو بەرهەمە لە فەوتان رزگار بکەم لە لایەک و لەولاشەوە لەسەر بنەمای رەوشت و جوانی کێشەیەکی رۆشنبیریی چارەسەر بکرێ.
لە راستیدا، من چ پێویستییەکم بەو نووسینانەی مامۆستا شکور نییە، گەر کاک سەرۆ، هەنووکەش بەناوی خۆیەوە بڵاوی دەکاتەوە، من لەدڵەوە پیرۆزبایی لێ دەکەم و هاوکاریشی دەکەم . پەرۆشی من، سەرەتا و کۆتایی، بۆ بیروبۆچوونەکانی مامۆستا و فەرهەنگ و رۆشنبیریی کوردییە. ئاخر باش دەزانم، رۆشنبیرییەکەمان چەند تینووو و پێویستی بەو بیروڕایانە هەیە. هاوزەمان چەندیی بکرێت، نابێ رێگە بدەین فەرهەنگەکەمان بەم شێوازە تاڵانبکرێت، هەرزانبفرۆشرێ و بە چەقۆی کول سەرببڕدرێت. لەمەش بایەخدارتر، خودی حاڵەتەکە، بەتاڵان بردن و سەرەونگوومکردنی سامانی رۆشنبیرییمان تاوانێکە جێی قبوڵکردن نییە.
ئێستا، خوێنەری هێژا تێدەگات، بەندە چەند بەپەڕۆش و پارێز و پشوودرێژیی و ئەدەبەوە هەوڵم داوە مامەڵە لەتەک کێشەکەدا بکەم و ساڵانێکی زۆرە لە چاوەڕوانی گۆدۆکەی مەلا شکوردام.
هەنووکە، چ رێگایەک لەبەردەم مندا نەماوە، جگە لەوەی ناچارکرام، رێگەی یاسایی بگرمە بەر. وەلێ، بە پێویستیشم زانی، پێشوەخت خوێنەری بەڕێز و خەمخۆرانی فەرهەنگی نەتەوەکەمان لەم هەوڵە تاڵانچێتییەی کاک سەرۆ ئاگادار بکەمەوە. شایانی ئاماژە پێدانە ،من بۆ خۆم ،ئاشکراکردنی ئەم زوڵمەم بەرانبەر بە مامۆستا شکور لەلایەن میراتگرەکەیەوە و ئەو ناهەقییەی لە هەمبەر رۆشنبیریی کوردیی دەکرێ، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و رۆشنبیریی تەماشا دەکەم. رەنگە گەر شتێکی کەسیی و تایبەتیی لە نێوان من و کاک سەرۆدا بوایە، وا بە هیچ کلۆجێک نەدەگەیشتمە ئەم ئاست و قۆناغ و شێوازەی مامەڵەکردن و زوو خاڵەبەخشم دەکرد.
کێ دەڵێ و خودا دەزانێ!!، بەرهەمی چەندان کەسانی دیکەش بەم شێوازە و جۆرەها میتۆدی دیکە!! دیزە بەدەرخۆنە نەکراون. ئاخر هەموو دەزانین سەرۆ قادرئاساکان،چەند بە رق و کینەوە بوونەتە جەللادی گیانی رۆشنبیریی تازە سەرجوقاوی کوردیی. ئەوەی لەکەوشەنی بەرژەوەندییە کەسی و ئایدۆلۆژییەکانیان نەسوڕ ێتەوە، بە چ ئەندازەیەک ، بێبەزەییانە ئەتکی دەکەن.
هەموو دەزانین، گەلەک کەس هەن راوی خۆیان لە ئاوی لیخندا دەکەن و ئۆپۆرتۆنیستانە، هەموو چرکەساتێکی پشێویی و نائارامی دەقۆزنەوە . کاک سەرۆئاساییەکان لە کوردستاندا زۆرن، لێ دەشێ بڵێین، وێنەی چیرۆکی میراتگریی وەک ناوبراو ، رەنگە هێجگار دەگمەن بن.
ئاخر ، مامۆستا شکور، گەلێ متمانەی بە ناوبراو بەخشی بوو…سەرۆ قادر، بەرپرسی باڵای حیزبی دەسەڵات ـ پارتی ـ و ئیمپراتۆریی دەزگای راگەیاندنی ئەو دەڤەرە بوو، کە مامۆستاش لێی دەژیا.
دەرد و قەیرانێک کە ساڵانێکە ، پارتەکەی سەرۆ قادرـ پارتی دیموکراتی کوردستان ـ بەدەستییەوە دەناڵێنێ، ئەوەیە ریشی خۆی داوەتە دەست کۆمەڵێ کەسانی دۆڕاوی ئایدۆلۆژیی و کۆمۆنیستی عەمارەپۆی مۆزەخانەکانی جیهان. ئەمانە دوور لە نۆڕم و دابونەریتی کوردەواری خۆیان کردۆتە ئاغای ووشە و پۆلیسی میدیا. دەسەڵاتیی ناوبراویش بە هەموو توانای ماددیی و مەعنەوییەوە پشتیوانییان لێ دەکات و بەردەوام دەستی ئافەرین بە پشتییاندا دێنێت. ئەمانە، لە سێبەر و ساباتی ئەم دەسەڵاتەدا!، کە بریتییە لە ئەقڵی بنەماڵە، ئاکارنزمانە ئەوەی نەشێ ئەنجامی دەدەن و ئەوەی پێویست بێ بکرێ، لەباری دەبەن.
سەرۆکایەتی حیزبی ناوبراو، کە خۆی لە چوارچێوەی ئەقڵی خێڵدا دەبینێتەوە، رەزامەندە بە رۆڵی سیاسیی و هەژموونی ئەمانە بەسەر راگەیاندنەوە، گرنگ!! ئەوەیە، لە چەند سانتیمەتری رستەیەکدا، ناوی سەرۆکی پارتی/ هەرێم !! یان سەرۆکی حکومەت!! وەک رێزدار ، بە قەڵەمی ئەم سکراببوونە بەرچاو بکەوێ. ئاخر سەرانی خێڵەکی ،هەتا ئێستاش خەون بەوەوە دەبینن، داخۆ ، پارتی کۆمۆنیست!! ، پێناسەی نیشتمانپەروەرێکی عێراقییان دەداتێ!!؟؟. لە لایەکی دیکەوە، سەرانی پارتی ، لە رۆژانی شەڕی کوردکوژیی و تەنگژە سیاسیی و قەیرانە رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتییەکان دا، سوود لەم تاقمە دەمهەراشە وەردەگرن، تا بییانکەن بە گژ نەیارەکانی خۆیاندا.
پێڕەکەی سەرۆ قادر، سەلماندوویانە، کە ناشیرینترین و دزێوترین و… کاراکتەری مێژووی دوو دەیەیەی رابووردووی میدیا و رۆشنبیریی کوردی بوون. چونکە هەم خۆیان هەڵتۆقیوی ئەو رۆژگارە نەفرەت لێبووەن و هەمیش هەر زوو قەڵەمەکەیان هەرزانفرۆش کردووە. لە رۆژگاری ئیمڕۆشدا، ئەم کاراکتەرانە رەواجێکی دیکەشیان پەیدا کردووە و سیفەتی دزی ناو رۆشنبیریی و تاڵانچێتییان بۆ خۆیان زیاد کردووە.
هەڵبەت،کاتێ بە لای کەسانێکەوە، شەرم و ئابڕوومەندییەک نەما، سڵی لێ بکەنەوە، شێخ رەزا ووتەنی: “چەرمی روویان هێندە قایم بوو….” ئیدی هیچ نامێنێ دەستی بۆ درێژ نەکەن و بەهایەک نابینرێ ئەتکیی نەکەن.
ئاخر ئەوە نییە،زۆریان بڕیاریان دابوو ، لە سەر خوێن و کوشتنی هاورەگەز و هاوخوێن و هاوزمان و هاونیشتمانی خۆیان بلەوەڕێن. کەچی لە چرکەساتی ئاشتی و تەبایشدا، ئیفلیج و تاساون و توانای کارکردنییان نامێنی.
ئەمانە ساڵانێکی زۆرە، کۆ لە هیچ ناکەنەوە و ویژدانی نەتەوەیی و مرۆیییان بە دیماگۆگێتی سڕ کردووە. زۆریان بوونەتە سەربازی رووهەڵماڵراو و ئەهریمەنی دڵڕەش و چەندی خراپەیان بۆ بکرێ، دەست و قەڵەم و زمانییان لە هیچ ناپرنگێتەوە.
ئەو یاسا و پرنسیپەی کە دەسەڵات بۆ ئەم دەستە و تاقمەی فەراهەم کردووە، رۆژگارێکە دەرەتانی داوە بە سەرۆئاساکان، درێژە بە کار و کاسبی و رەوتی خۆیان بدەن و هەمیشە سوورەی بەرلەشکری رووداوە گرژ و دڵتەزێنەکان بن و رۆڵێکی نەرێنییان لە هەموو روودا و باسێکدا، هەبێت و( ئەسکوێ ناو هەموو دیزەیەک بن).
چەند سەیرە!!؟؟،ساتێ دەسەڵاتێ بەبەرچاوییەوە،بەرپرس و ئەندامەکانی وێڕای ئاکارنزمیی، کلک و گوێی فەرهەنگی گەلەکەیان بکەن، بێدەنگی هەڵبژێرێت!، لەپشت بکەرەکانەوە بوەستێ و خەڵاتیشیان بکات . ساتێ رەفتاری دەسەڵاتێک بەم چەشنە و دادگا بەدەست زاڵمەوە بیت، ئەوسا هەموو هەق بە خۆمان دەدەین، گومان بکەین لە سەروەری یاسا و بێلایەنی دادگا و دڵسۆزی دەسەڵاتدارانی هەر نیشتمانێک.
ئەوەی بەڵگەنەویستە لەم بارودۆخەدا، مافی هاووڵاتی بێچارە بەو شیوەیەی باسمان کرد، پێشێل دەکرێ. منیش لەوە دڵنیابووم ،هەر بۆیە پێش ئەوەی چاوەڕێی بڕیاری دادگای حیزب!! بکەم، بە پێویستم زانی خوێنەری بەرێز لە دەستپاکیی کاک سەرۆ قادر لە هەمبەر میراتەکەی شکور مستەفای مامۆستای، ئاگادار بکەمەوە.
هەڵبەت دەمەوێ ئەوەش رابگەیەنم،کە ئەو میراتەی مامۆستا شکور هەتا هەتا قەرزە بە ویژدان و ملی کاک سەرۆوە ….گەر تاڵانچێتی نەبووایە ، وەرامەکانی مامۆستا، لە مێژ بوو لە دووتوێی بەرهەمێکدا کەوتبووە بەردەست خوێنەران و خۆشەویستانی مامۆستا شکور.
لەو رۆژەوەی پرسیارکردن، وەک زانین و زانیاری لام بۆتە پێداویستییەکی رۆشنبیریی، توانیومە لەم سەرە رێیەدا ئەم بەرهەمانە بەچاپ بگەیەنم:
ـ پەرژینی بێدەنگی، لەگەڵ مامۆستا مەسعوود دا.
ـ ژیان و جیهانبینی لەگەڵ مامۆستا مەسعوود محەمەد دا.
ـ پرسیارەکان هێشتا تینووی وەرامن، بەشی یەکەم لەگەڵ د. مارف خەزنەدار،لەتیف هەڵمەت، فەرهاد شاکەلی.
ـ پرسیارەکان هێشتا تینووی وەرامن بەشی دووەم لەگەڵ حەکیم کاکەوەیس دا…
ـ چاوپێکەوتن لەگەڵ حەمەرەشید هەرەس دا
چاوپێکەوتن و دواندنی چەندان کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیریی دیکە، کە لێرە و لەوێ بڵاو کراونەتەوە . هەندێکی تریشیان وان بەڕێوە . . من تا ئێستاش لەسەر کاراکردنی پرۆژەکەم بەردەوامم و سەرگەمی ئەنجامدانی هەڤپەیڤینەکانم.
دڵنیام لەوەی ، کارەکەم لەگەڵ مامۆستا شکور مستەفاش دا سەنگ و قورسایی مێژوویی و فەرهەنگی خۆی دەبوو… دەبووە بەرهەمێکی پڕ لە زانیاریی و یادگارێکی شیرینی مامۆستا، لە کتێبخانەی کوردیدا .
بەم سروودەی زەردەشتی مەزن، کۆتایی بە نووسینەکەم دێنم.
ئەی ئەهورا مەزدا!!
بە من بڵێ
لەرەوتی ژیانی هەر کەسێکدا،
چ لە رابردوو و لە داهاتووشدا
پێڕەوی راستی بە چ پاداشتێک دەگا و ؟
فریوکا بە چ سزایەک ؟
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرنج: دەقی پرسیارەکانم وەک خۆی لێرەدا بڵاوکردۆتەوە.
سەرۆ قادر کتێبێکی بە ناوی “ئەندێشە و هونەر لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیدا”بڵاوکردۆتەوە.
خوێنەر دەتوانێ وەرامی گەلێ لە پرسیارەکانم لەم کتێبەدا ببینێتەوە.
پرسیارەکان بۆ مامۆستا مەلا شکور
سەبارەت بەم زاتانە چی دەڵێن:
١ـ شەرەفخانی بەتدلیسی،عوشین حوزنی موکریانیـ داماوـ،هەژار، هێمن، مەولەوی، گۆران، عەزیز گەردی، زوبیر بیلال،عەبدولرەقیب یوسف،مەحوی،نالی شێخ مەحموودی نەمر، ئیسماعیل خانی شکاک ـ سمکۆ ـ عەبدولرەزاق بەدرخان، سەرۆک بارزانی نەمر، جەمیل رۆژبەیانی، عەلادین سەجادی،شاکیر فەتاح، رەفیق حیلمی، شێخ رەزا.
٢ـ ئەمانە چۆن پێناسە دەکەیت:
کوردایەتی، سۆفیزم، رۆشنبیر،شیعر،ئادۆلۆژی،دیموکراسی،ئازادی، یەکسانی
٣ـ مامۆستا تۆ دۆستێکی گیانی بە گیانی و نزیکی مامۆستا مەسئوود محەمەد بوویت. لەم رووەوە دەپرسم:
خوێندنەوەی تۆ بۆ ئەو زانایە و بەرهەمەکانی چۆنە؟ چ نهێنییەک هەیە بۆمان بگێڕیتەوە؟ خٶشترین یادگارت لەگەڵیدا چییە؟ لە کوێدا بیروبۆچوونەکانتان یەکانگیر و چووتبوون و لە کوێشدا ناکۆک و دوور لە یەکتر ؟!.
٤ـ مامۆستا مەسعوود دەڵێ:
{ مرۆڤ تاکە هۆکاری ئەرێتییە،مێژوو بە کۆمەڵایەتی مرۆڤ دادەنێ،هۆکاری نەزیفی ئابووری بە فاکتەری گرنگی دروستنەبوونی دەوڵەتی کوردی دادەنێ و دەڵێ: کورد . لە دەرەوەی مێژوودایە}؟؟ با لەم چەند بٶچوونەی مامۆستا مەسعوود بڕوانین و لەباری سەرنجی ئێوە بپرسین و شارەزا بین:
٥ ـ کاریگەرێتی ئیسلام و مارکسایەتی لە رووی ئەرێتی و نەرێتییەوە لەسەر کورد چۆن و لە کوێدا دەبین؟
٦ ـ دابونەریت و کولتوور و کۆمەڵگەی کوردی تا کوێ لەبار و نالەبار بووە لەبەردەم هاتنە مەیدانی ژن و رۆڵی لە گەشەکردن و دەوڵەمەنکردنی ژیاندا چەند هەبووە دەبێت؟
٧ـ گرنگترین ئەرکێک تۆ بیخەیتە سەرشانی “رۆشنبیران” لەمڕۆدا چییە؟ لە رۆشنبیر چاوەڕێی چی دەکرێت و دەبێت چی بکەن؟
٨ ـ دەسەڵات، کیان چەند رۆڵ لە یەکگرتن و پۆشتەوپەرداخکردنی ماڵی کورد دا دەبینێت؟
٩خەسڵەت و بنەماکانی فەرهەنگی کوردیی بە هەموو رەهەندەکانییەوە چین، کە لە میللەتێکی دیکەمان جیادەکاتەوە،بەتایبەت فارس؟
١٠ ـ درێژترین ئەزموونتان لەگەڵ وەرگێڕاندا لە زمانی بێگانەوە بۆ کوردی و بە پێچەوانەشەوە هەیە.ئێوە چۆن لەو هونەرە بەرزە دەڕوانن؟ وەرگێڕان کام بایەخی بە لای ئێوەوە هەیە و بۆ؟ پێویستە وەرگێڕان و وەرگێر چۆن بن؟
١١ـ هەر سەبارەت بە وەرگێڕان. لە رۆژنامەیەکی ئەڵمانیدا ئاماژە بەوە کرابوو،کەوا ساڵانە تەنها ٣٠٠ کتێب تەرجومەی زمانی عەرەبی دەکرێت. ئەمەش واتە ١/٥ یەک لە پێنجی ئەوەی لە وڵاتێکی وەک یۆناندا لە ساڵێکدا تەرجومە دەکرێت. وە هەروەها رۆژنامەکە دەنووسێ:کەوا عەرەب لەسەردەمی گەشی خەلیفە موئمنی عەباسییەوە هەتا ئێستا ١٠٠،٠٠٠ سەد هەزار کتیبییان لە زمانی بێگانەوە وەرگێراوە. ئەمەش بەرانبەر ئەو بەرهەمە وەرگێردراوانە دەوەستێتەوە کە لە ساڵێکدا لە وڵاتیکی وەک ئیسپانیا دا ئەنجام دەدرێت. هەر بۆ نوکتە رۆژنامەکە دەنووسێ: “کەمی فێربوون ،کەمی ماف،وە سەحرای کتێب ” .
ئەمە حاڵی رۆشنبیریی و وەرگێڕانی دنیای عەرەبە.کوچی بەشێکی زۆری خوێندەوارانی کورد،بەتایبەت لە باشووری کوردستاندا کەوتوونەتە ژێر کاریگەرێتی ئەو فەرهەنگ و ئەقڵێتەوە. زیانی ئەمە چۆن دەبینن؟ بە واتایەکی دیکە چۆن دەکرێت عەقڵێتی کوردی لە بازنەی پاشکۆیەتی عەرەب و تورک و فارس رزگار بکەین ؟
١٣ـ بەکارهێنانی ووشەی بێگانە لە زمانی کوردیدا چۆن دەبینن و ئەو نووسەرانەی کوردن و بە زمانانی ناکوردی بەرهەم بڵاودەکەنەوە چۆن دەبینن؟ چ پەیامێکتان بۆ خونچە تازەپشکووتووەکان هەیە؟
١٤ـ کەسایەتی کوردی،کەسایەتییەکی لاواز و تێکشکاو و داماڵەخاسکراوە. ئێوە ئەو دیاردەیە لە کوێدا دەبینن ؟ چۆن دەکرێت تیماری ئەو دەردە کوشندەیە بکرێت؟
١٥ـ بۆئەوەیئێمە لە بارودۆخی کورد بە هەموو رەهەندەکانییەوە{ کۆمەڵایەتی،سیاسی،ئابووری مێژوویی و رۆشنبیریی}ەوە بگەین و خوێندنەوەیەکی دروستمان بۆی هەبێت و بتوانین لە پێکهاتەی پێناسەکەیدا نەخشییان بکەین.پێویستە چی بکەین و لە کوێوە دەست پێ بکەین؟
١٦ـ رەسەنایەتی و سەرکەوتنی بەرهەمێکی ئەدەبی/ هونەری کوردی بە چی پێوانە و دیاری دەکرێت؟
١٧ـ کامانەن ئەو قەیران و تەڵەزگانەی بەردەم{ئەفراندن}لای ئەدیب و هونەرمەندانی کورد؟هۆ و چارەسەریان چین؟
١٨ـ تۆی عاشقە” سیعر و چیرۆک و رۆمان ،مۆسیقا و گۆرانی، وەرگێڕان و فەرهەنگ،مێژوو و زمان” و گەلێ بواری دیکەی کوردناسی و کوردەواری،سەرچاوەی ئەم هەموو ووزەی عەشقە چییە و ئێستا دەتانەوێت چیمان ئاڕاستە بکەیت؟
١٩ـ کامانەن ئەو توخم و رەگەزانەی کە کورد بکەنە خاوەنی هوشیارییەکی نەتەوەیی دروست و مەحکەم؟
٢٠ـ ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی گیانی کوردایەتی لە زۆر کەسدا کوشتووە چین؟
٢١ـ ساتەوەختێ لە ( زمان)ی کوردی دەڕوانین،چەند دیالێکتێک و نایەکگرتوو دێتە بەرچاومان!. تەماشای (مێژوو)مان دەکەین،ئاڵۆز و نادیارە!. باس لە (ئایین )دەکەین قسە و باسەکان هەمەجۆر دەبن!.(کولتوور )مان فرەچەشن و بەرجەستە نەبووە. هەستی کوردبوون و خۆناسیمان شێوێندراوە و بووینەتە هەر هەموو شتێک و کراوینیتە هەموو ستی دوور لە ژیان و واقعی خۆمان؟ئەمانە لای ئێوە چ دەگەیەنن و بۆ وامان لێهاتووە و داخۆ چارەسەر دەبێ چی بێت؟
٢٢ـ نەتەوەی کورد زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵە بێ کیان و بندەست و وڵات داگیرکراوە.تێدەکۆشێ وەلێ نەگەشتۆتە ئامانج. دوورییەکانی ئەم پرسە چۆن لێکدەدەنەوە؟
٢٣ـ پاشاگەردانی و بێ سەروبەرییەکی زۆر سەرتاپای دنیای کوردی بە هەموو لق و پۆپەکانییەوە داگیرکردووە. میزاجی کوردەواریمان تێکچووە. مانا و بەهای هەموو شتەکانمان شێوێندراوە. ئەمە هەتا کەیی و میتۆدەکانی چارەسەرکردنی چۆن و چین ؟ کەی مانیفێستی{ ئەدەب ،هونەر، مێژوو ، زمان }مان فۆرمەلە دەبێت؟
٢٤ـ بەرنامەی پەروەردەکردن وەک سیستەم. بۆ کورد چەند بە پێویست دەزانن؟ ئایا دەبێت کەرەسەکانی ئەو بەرنامەیە چی بن؟
٢٥ـ چەپی کورد،بزوتنەوەی کوردایەتییان بە هەڵە لە قەڵەم دەدا. ئێوە چ قسەیەک لەسەر ئەم مەسەلەیە دەکەن؟.
٢٦ـ ئەو نووسەرە کوردانەی بە زمانێکی دیکە دەنووسن،چۆنیان دەبینی؟ لە کامە چوارچێوەدا جێگەیان دەدەیتێ؟
٢٧ـ بۆ دانانی زاراوە زانستی و فەلسەفییەکان،پێت وایە چ رێگەیەک بگرین باشە؟
٢٨ ـ تورک پشتیان کردە هەموو رابووردووی خۆیان، ئەلفوبێیان گۆڕی و پێیان وایە بەوە بوون بە ئەوروپایی. فارسیش توند دەستی بە رابوودوو،ئایین و کلاسیکی خۆیەوە گرتووە و فەرهەنگێکی دەوڵەمەندییان پێک هێناوە. پێت وایە کام ئەزموونەیان لە ئێمەوە باشتر و نزیکترە؟
٢٩ ـ بەشێکی هەرە زۆری نووسەران و داهێنەرانی کورد کاری رۆژنامەگەرییان کردووە،ئەمەیش کارێکی خراپی کردووەتە سەر ژیان و بەرهەمەکانیان. چی بکەین بۆ ئەوەی سنووری نێوان نووسەر و رۆژنامەگەر جیا بکەینەوە؟
٣٠ ـ لە پەنجاکاندا چاوت بە نازم حیکمەت کەوت. ئەوە چۆن بوو؟ چیت لە بیر ماوە؟
٣١ـ لە نووسەرانی دنیا کێی دیکەت بینیوە؟چ بیرەوەرییەکت لەو بوارەدا هەیە؟
٣٢ـ تۆ تورکیزانێکی گەورەی. کەچی بەرادەی یەکەم تەنیا رۆمانەکانی یاشار کەمال تەرجەمە دەکەیت. بەڵام خۆ ئەدەبی تورکی گەلێ شتی گەورە و جوانی دیکەی تێدایە. بۆ ئەوانە تەرجەمە ناکەیت؟
٣٣ـ بۆچی زیاتر پەخشان تەرجەمە دەکەیت؟کەچی بەدەگمەن،یا رەنگە هیچ،شیعر لەناو تەرجەمەکاندا نین؟
٣٤ ـ تەرجەمە لە زمانی دووەم و سێیەمەوە چۆن دەبینن؟
٣٥ ـ پێت وا نییە ،ئێمە دەبێ دەستگایەکی تەرجەمەمان هەبێت ،بۆ ئەوەی بە نەخشە و بە بەرنامە کار بکەین ،نەک ئەم ئاژاوەیەی ئێستا؟
٣٦ ـ ئەگەرچی جەنابت شارەزایەکی گەورەی زمانی کوردیت،بە زاراوە جۆربەجۆرەکانییەوە.چۆنە هەوڵت نەداوە فەرهەنگێکی سەرتاسەری بۆ زمانی کوردی دابنێی؟
٣٧ ـ مامۆستا سەججادی لە پەنجاکاندا(مێژووی ئەدەبی کوردی)ی نووسی.دوای ئەو گەلێ کەس هەوڵیان داوە،کەچی تا ئێستا ئێمە مێژوویەکی ستانداردی ئەدەبی کوردیمان نییە.؟ بۆ؟ مێژووی ستانداردی ئەدەبی کوردی دەبێ چۆن بێ؟
٣٨ ـ دوای ئەو هەموو ساڵەی تەرجەمە،بیرت لەوە نەکردۆتەوە ئەزموونی خۆت لەم بوارەدا لا کارێکی تێۆتیدا دابڕێژیت بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو سوودی لێ وەربگرن؟ کارێکی وا کە ببێتە رێنوێیەک بۆ کەسێک بیەوێ تەرجەمە بکات؟
٣٩ ـ هێندەی من ئاگادار بم جەنابت سەردەمانێک ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی عێراق بوویت. دواتریش وەک نەتەوەپەروەرێک ناسراویت. دەڵێن مام هەژار ئەو کاتە گوتبووی : ” شەکوور بە قەزا دەیگێڕێتەو”. ئێستا گەیشتوویتە کوێ؟ تەسەوف یا بووزایی؟خواناسی یا نەناسی؟.
٤٠ ـ تۆ خوێنەرێکی چاکی سیعر و جیرۆکیت. لەبەر ئەوەی سێ چوار زمانێک بە چاکی دەزانیت،ئەوەیشت بۆ هەڵکەوتووە دەستت بگاتە نموونەی جیاواز و بەرزیش… ئەی چۆنە کە خۆت هەوڵت نەداوە بنووسیت؟ بەتایبەتی رۆمان.کە دەزانی ئەمە هونەرێکی بەرز و گرنگی دنیای ئەمڕۆی فەرهەنگە؟
٤١ـ لەگەڵ نووسینی بیرەوەریدا نێوانت چۆنە؟ بیرت لێ کردۆتەوە،یا دەستت پێی کردووە؟
٤٢ـ ئەو فەرهەنگ و رۆشنبیرییە قووڵ و فراوانەی لای جەنابت هەیە،توانستی ئەوەت دەداتێ کە تێکستێکی ئەدەبی لە رووی زمانەوانی و ئێستێتیکییەوە هەڵسەنگێنی. مەبەستم ئەوە نییە تاکە تاکەی تێکستی ئەدەبی وەک رەخنەگرێک بەسەر بکەیتەوە..بەڵام بۆچی لێکۆڵینەوە لەسەر قۆناغێکی تایبەتی ئەدەبی کوردی نانووسی؟ یا لەسەر ئەزموونێکی تایبەت،گۆران، شاعیرانی نەوەی حەفتاکان…هتد؟ بۆ نموونە کارێکی وەک (چەپکێ لە گوڵزاری نالی)یەکەی مامۆستا مەسعوود یا(شیعر و ئەدەبیاتی کوردی)یەکەی مامۆستا رەفیق حیلمی؟
٤٣ـ دەزانم بە کوردی تەرجەمە زۆر نەکراوە،بەڵام ئەگەر لە هەموو مێژووی کتێبی کوردیدا سێ کتێبی تەرجەمەکراو هەڵبأێریت،بێجگە لە تەرجەمەکانی خۆت و خەڵاتی چاکترین تەرجەمەیان بدەیتێ،کام سێیە هەڵدەبژێریت؟
نووسەر بەرپرسە لەم نووسینە، بڵاو کراوە لە www.peshmergekan.com