ماوەیەک لەمەوبەر وتوێژێکی مەبەستتداری بارام ڕەزایی” مرد پر ماجرا” ی نێوکۆمەڵە بڵاو بۆتەوە. ئەگەرکورتی بیبڕمەوە دەبێ بیڵێم کە ،
هەم ئەو کەسەی دەپرسێ و هەم ئەو کەسەی وڵام دەداتەوە تەمەنی لاویەتیی خۆیان لە پێناو دوو ئیدئۆلۆژیی دژبەیەک و بە دوور لە خەباتی نەتەوایەتی دەرباس کردووە.یەکیان کۆنە کۆمۆنیستێک کە خەباتی نەتەوایەتیی بە کۆسپی سەر ڕیگای مرۆڤایەتی و چینی کرێکار دەزانی، ئەوی تریان لە ڕێکخراوێکی داخراوی ئیسلامیی توندرۆی فەردپەرستی وەک موجاهیدین دا دژایەتیی خەباتی نەتەوایەتیی کوردی کردووە. بۆیە ئا لەم کات و ساتە دا وەها وتوێژێکی بێ موناسیبەت بە تەواوی جێی لێوردبوونەوەیە. دەبێ چ حیکمەتێک لەو ورووژاندنە دا هەبێ ؟ کام بەرژەوەندی تەعقیب دەکەن؟ داخوا کاتی ئەوە هاتووە کە ئەو مەسائیلە بێنە بەرباس؟ یان ئەسڵەن ئەو دوو بەڕێزە دەتوانن کام کاریگەریان هەبێ بۆ بەدوادا چوون و ڕوونکردنەوەی ئەو مێژووە تاڵە؟
بارام ڕەزایی کە لەم ساڵانەی دوایدا وەک “مرد پر ماجرا” ی نێو کۆمەڵەی لێهاتووە و لە ساڵێک دا لانی کەم دووجار جیا دەبێتەوە و یەک دەگرێتەوە، قوربانییەکی ڕەفتارەکانی خۆی لە نێوحیزبەکەی دا یە . ئەو بۆ گەیشتن بەدەسەڵاتی حیزبی سەری لە زۆر سەربزێوی داوە، زۆر سنووری دیسیپلینی بەزاندووە، بۆیە لە هیچ باڵێکی کۆمەڵە دا کڕیاری نەماوە. کەوابوو ئەو وتوێژەی تەنیا بۆ خۆ مەترەح کردن و بەو هیوایەی کە بتوانێ ئەو ڕێککەوتنەی نێوا حدکا و کۆمەلە تێک بدا، ئامانجێکی تری لە پشت نیە.
مردپرماجرا دەیان جار لەو وتوێژەی دا باس لەوە دەکا کە گوایە حیزبی دێمۆکرات بە بڕیای کۆنگرە شەری بە سەرانسەری کردووە ، بێ ئەوەی بێت و بەراوردی ڕێکەوتی دەستپێکی شەڕ و بەڕێوە چوونی کۆنگرە بێنێتەوە بەرباس. خۆ ناکرێ ئەو ڕێکەوتانە بشاردرێنەوە تا حەقانیەتی خۆمان سابیت بکەین.
وادیارە ئەو بەڕێزە وێڕای ئەوەی کە حافیزەی لاوازە ، دەشیهەوێ وانیشان بدا کە ئاگادارە لە بڕیار و هەڵوێستە سیاسییەکانی ئەوکاتی حیزب و کۆمەڵە. لە کاتێک دا بۆی دەست نیشان دەکەم کە زۆر دە هەڵەدایە و تەنیا ئاگاداری ئەوپەیامانە بووە کە دەستووراتی شەڕی وەرگرتووە وبەس.
١ . شەڕی خەزەلوەری ١٣٦٣ی نەوسوود بە نێوبژیوانی یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆتایی هاتبوو و هەرسێ لایەن ئیمزایان کردبوو کە ئەو کێشەیە کوتایی هاتووە، کەوابوو ئەوە دەستپێکی شەڕەکە نیە. دەتوانین بڵێین یەکێک لە هۆیەکانە کە لە لایەن کۆمەڵەوە کرایە سووژەی تۆڵەکردنەوە لە حیزب.
٢ . دەستپێکی شەڕی نێوان کۆمەڵە ودێمۆکرات کە هەموو ناوچەکانی گرتەوە ، بە هێرشی کۆمەڵە بۆ سەر بنکەکانی حیزب لە ٦ ی ڕێبەندانی ١٣٦٣ بوو کە لەو دا ١٧ پێشمەرگە و ٢ ئەندامی حیزب شەهید بوون. لە کاتێک دا کە ڕەمزی شەوی هاوبەشیان هەبووە .
٣ . شەڕەگەورە و پڕ خەسارەکان زستانی ٦٣ و بەهار، هاوین وپاییزی ٦٤ بوون(بەداخەوە) . بەئیعترافی خودی ڕەزایی .
٤ . لە ناوچەکانی سۆما و برادۆست هیچ شەڕێکی کۆمەڵە و دێمۆکرات ڕووی نەداوە کە بەڕێز ڕەزایی باسی دەکا. ئەو شەڕەی کەلە مەڕگەوەڕ ڕوویدا دەگەڕێتەوە بۆ خەزەلوەری ١٣٦٤ .
٥ . کۆنگرەی ٧ ی حیزب کە لەو دا بڕیار درا لە سەرانسەری کوردستان حیزب بەرگری لە خۆی بکا، لە ٢٦ ی سەرماوەزی ١٣٦٤ گیراوە.
٦ . بەپێچەوانەی ئەوەی کە ڕەزایی دەڵێ : هیچ بەڵگەیەک نیە کە حیزب شەڕی بە دژی کۆمەڵە راگرتبێ، بە بەڕیزیان دەڵێم کە بەهاری ساڵی ١٣٦٩ پلۆنۆمی کۆمیتەی ناوەند لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمی دا کە لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران و ڕۆژنامەی کوردستان دا بڵاو کراوەتەوە، حیزب یەک لایەنە شەڕی ڕاگرتووە، سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵە دەمێک بوو وازی لە خەباتی چەکداری هێنابوو و عەمەڵەن شەڕەکە نەمابوو.
٧ . مردپرماجرا دەڵێ حیزب لە ڕێگای “ڕادیۆ دەنگی گەلی کوردستانەوە” ئێمەی ئاگر باران دەکرد. دەبێ بە کاک بارام بڵێم کە ئەو ناوەی جەنابت باسی دەکەی هی حیزبێکی باشوورە. بەڵام سەیرە کە لە قسەکەت ڕادیارە گوێت داوە ئەو ئاگربارانانە ، بەڵام ناوی ئەو رادیۆیەی نازانی کە ئاگر بارانی کردووی؟ ناوی’ ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران’ ە .
٨ . مرد پرماجرا دەڵێ چەندین ئەندامی ڕێبەریی حیزب هەڵوێستیان گرت و دژی شەڕی حیزب بوون لەگەل کۆمەڵە و تەنانەت لە لایەن دوکتۆر قاسملووە پەڕاوێز خران!
دەبێ بڵێم : نەخێر ! تەنیا یەک کەس کە ئەویش بەشێک لە بنەمالەکەی لە گەل کۆمەڵە بوون هەڵویستی گرت، بەڵام ئەوکەسە سەرەرایی بلاو کردنەوەی نوسراوەیەک، لە ماوەیەکی کورت دا دیسان دەستی بە تێکۆشانی حیزبی کردووە و ئێستاشی لە گەل بێ تێکۆشەرێکی دیار و دڵسۆزی حیزبە و شانازی بە ڕابردووی پڕەلە شانازیی خۆی لە حدکا دا دەکاتەوە.
خوێنەری بەڕیز
ئەوەتە بۆمان ڕوون بوو کە بە سەرانسەری کردنی شەڕ لە لایەن حیزبەوە، نیزیک ساڵێکی پڕ کارەسات لە شەڕ دەرباس بۆوە. شەڕ لە ٦ ی ڕێبەندانی ٦٣ دەستی پێکردووە، کۆنگرەی ٧ لە ٢٦ ی سەرماوەزی ٦٤، واتە ١١مانگ.
بە ئیعترافی مرد پرماجرا کە ناوی چەند شەڕێک دێنێ وەک شەڕی پرهەزینەی گیانی، هەر هەموویان بەرلە کۆنگرەی ٧ بوون. واتە هەمووی ئەو شەڕە گەورانەی کە ڕەزائی باسیان دەکا و منیش هاوڕاییم لە پڕ خەساربوونی ئەو شەڕانە، بەرلە کۆنگرە و بڕیاری بە سەرانسەری کردنی شەڕەکە بوون لە لایەن حیزبەوە. کەوابوو ئەو مێژوو سازیەی دەیان ساڵە باسی دەکەن ڕاست نیە.
هیوادارم لەمەو دواش ئەگەر برادەرانی کۆمەڵە باس لەو بڕیارەی حیزب دەکەن، کەمێک دیقەت بەکار بێنن و ڕووداوە کارەساتبارەکانی ئەوشەڕە کە لە مەودای ٦ ی ڕیبەندانی ٦٣ و تا ٢٦ ی سەرماوەزی ٦٤ کە تێیدا کۆنگرەی ٧ دەبەسترێ ، ببینن ، جا باس لە بڕیاری حیزب بکەن.
بەداخەوە تا ئێستا هەرکات لە لایەن برایانی کۆمەڵەوە باس لە شەڕی کۆمەڵە دەگەل دێمۆکرات کرابێ، وانیشان دراوە کە گوایە بەرلە شەڕەکە حیزب بڕیاری شەڕێکی سەرانسەریی لەگەل کۆمەڵەی دەرکردووە ، جا شەڕ هاتۆتە ئاراوە! لەکاتێکدا تا نیزیک بە ساڵێک شەڕ، حیزب هەر لە حاڵەتی بەرگریدا بووە، کە ئارشیوی ڕاگەیاندنی ئەوکاتی حیزب شاهیدی بۆ ئەو ڕاستی یە دەدات.
لە کۆتایی دا پێموایە ورووژاندنی ئەوباسانە هیچ قازانجێکی نیە، بەڵام بەومانایەش نیە کە کەسانێک بە موناسیبەت و بێ موناسیبەت بێن و حیزبی دێمۆکراتی کوردستان تاوانبار بکەن. خۆیان فریشتە و حیزبی دێمۆکرات بە ئەهریمەن نیشانی خەڵکی بدەن. لەوەها حاڵەتێک دا دەبێ چاوەروانی وڵامیش بن.
کاووس : لە ناوەرۆکی بابەت خۆم بەرپرسیارم
دەقی وتووێژی بەهرام رەزایی لە گەڵ رادیۆ کوردانە