"an independent online kurdish website

بەڕیز کاک شێرکۆ جیهانی ڕۆناکبیری شاری مەهاباد و دانیشتووی وڵاتی سوئێد،sherko_jihani14

لە وڵامی پرسیارەکانی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان دا کۆمەڵێک باس  وبابەتی گرینگ سەبارەت بە باس و خواسەکانی پەیوەندیدار بە هاتنە ئارای پێشنیاری پارێزگایەکی نوێی کوردستان لە مەجلیسی ئێران لە لایەن نوێنەری شاری مەهاباد لە مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران، دەورووژێنێ کە هەرکامەیان بۆ زیاتر شیکردنەوەی خوێنەران هەیە.

پێمان خۆشبوو لە سەر باسێکی داغی ئەم ڕۆژانە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لە سەر ئیستا و داهاتووی ئێمەوە هەیە ، ڕای بەڕێزیان وەک کەسێک کە لەو ناوچەیە را هاتووە بزانین. بەتایبەتی کاک شێرکۆ کەسێکی خاوەن هەڵوێستە لە سەر زۆر باس و بابەتی پەیوەندیدار بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە. بۆیە ڕای ئەو هەم بۆ ئێمە وەک بەڕیوەبەرانی ئەم ماڵپەڕە و هەم بۆ خەڵکی خوێنەر گرینگە.

ئامادەکردنی: کاووس عەزیزی

 

١ . لەم ڕۆژانە و بەدوای پێشنیاری نوێنەری شاری مەهاباد لە مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران، دیسان باسی بە پارێزگا کردنی شاری مەهاباد و پێکهێنانی پارێزگایەک بە ناوی کوردستانی شیمالی، یان موکریان هاتۆتە ئاراوە، پێتان وایە ئەو باسە چەندە جیدیەتی دەبێ و چەندە عەمەڵی یە؟

 شێرکۆ جیهانی: ئەو باسەی کە ئێستا لە سەر سازکردنی پارێزگایەک بە ناوی کوردستانی شومالی دەکرێ، باسێکی زۆر تازەش نییە. لە بیرمە ئەو کاتەی من لە مەهاباد بووم و هێشتا کوردستانم بەجێ نەهێشتبوو، واتا بەر لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٨، لێرە و لەوێ ئەم دەنگۆیەم لە هێندێک کەس دەبیست کە گۆیا واباشترە کە مەهاباد ببێتە ناوەندی پارێزگایەک و لە ئورمیە جیا ببێتەوە. تەنانەت ئەو کات باس لە ساز کردنی ئەیالەتێک بە ناوی “ئوستانی موکریان” دەکرا. جیاوازیەکە لەوەدایە کە ئێستا کەسێک بە ناوی نوێنەری خەڵکی شاری مەهاباد لە پارلەمانی تێئۆکراتیکی کۆماری ئیسلامیدا بە فەرمی ئەم پێشنیارەی داوە و ناوەکەش گۆڕاوە بۆ “ئوستانی کوردستانی شوومالی”!!!

   بەو سەرنجدان بەوەی کە ئەم بەناو نوێنەرە لەو کاتەوە کە چووەتە نێو پارلەمان وەک زۆریەک لە بەناو نوێنەرەکانی دیکەی کورد، تەنیا ماستاوی بۆ حکومەت گرتووەتەوە و شتێکی ئەوتۆی بۆ خەڵک و داخوازەکانی کوردان نەکردووە (تەنانەت گۆیا جارێکیش مۆڵەتی قسە کردنی خۆی بە نوێنەری ئیسفەهان فرۆشتووەتەوە)، واپێدەچێ کە ئەمە بیرۆکەی تاکەکەسی خۆی نەبووبێت و لە شوێنی دیکەوە پێی دیکتە کرابێت. ئایا بۆی هەیە کە تاران بیهەوێ ئەمە پراکتیزە بکات، بە تایبەت کە لە ماوەی ساڵانی ڕابڕدوودا شاهیدی سازبوونی گەلێک پارێزگا بووین. بۆ وێنە شاری “ئەردەبیل” یەکێک لەو شوێنانە بوو کە لە پارێزگای ئازەربایەجانی شەرقی جیا کراوە و بوو بە پارێزگا؟ ئەمە بە تەواوی ڕوون نییە. چوونکە تەنیا لە ئاستی قسە دا شتەکان باس کراون و بە کردەوە جارێ شتێکی جددی نابینن. بەڵام ئەگەر بێت و بیخەنە بواری کرداری، هەر وەک چۆن لە جیاکردنەوەی “ئەردەبیل” دیتمان، بەڕای من کێشەی ئەتنیکی دەورێکی سەرەکی دەبینێت.

   لە لایەکی دیکەوە دەشکرێ هەموو ئەمانە تەنیا مانۆڕی سیاسی پارلەمانتاری مەهاباد و کۆماری ئیسلامی بن لە بەرامبەر کێشەی کورد، بە تایبەت دوای ئەوەیکە لە عێراق زمانی کوردی بە فەرمی دەناسرێ و لە باشووری کوردستان حکومەتی کوردی هەیە، لە تورکیە و باکوری کوردستان کەسی وەک ئەردۆغان دێتە ئامەد و ئاڵای کوردی بەرز دەکەنەوە و گۆرانی کوردی دەگووترێتەوە، هەروەها لە ڕۆژاواش کوردەکان خەریکن خۆ دەگرن. لەم نێوەدا ئێرانیش ڕەنگە بیهەوێ مانۆڕێک لە خۆی نیشان بدات کە گۆیا ئەویش لە قەدیمەوە تا ڕادەیەک کوردی قەبوڵە و پارێزگایەکی بە ناوی کوردستان هەیە (هەر چەند کوردستانیان بەم شێوەیە لە سنە و چەند شارێکدا کەم کردووەتەوە و هەزاران جاریش پڕۆپاگەندەیان بەو ناوە کردووە)، ئێستاش ئەوەتا پارێزگای دوویەم بە ناوی کوردستانی شومالی ساز دەکەن!!! لەو حاڵەتەدا دەبێ بڵێین: شایەدیش نەیکەن و تەنیا پڕۆپاگەندەیە!

   قسەی کۆتایی لەو پێوەندیەدا ئەوەیە کە: بە سەرنجدان بەوەی کە تا ئێستا بەحسەکە لە پارلەمان جیددی نەبووە و بڕیاڕی فەرمی لەسەر نەدراوە، دەکرێ جارێ بە حیسابی پڕۆپاگەندەی دابنێین.

 

٢ . لەگەل ئەوەی کە لە نێو خودی کوردەکانی پارێزگای ئێستای ورمێ دا دوو ڕای جیاواز هەیە، یەکیان دروست بوونی ئەو پارێزگایە بە زیانی کورد دەبینێ و ئەوی تریان بە قازانج، رای جەنابت کامیان دروستترە و بۆ؟

 

شێرکۆ :بەر لە هەر شتێک دەبێ سەرنج بدەین کە ئەسڵەن تا ئێستا پارێزگاکان چۆن سازبوون و کێ بڕیاڕی بۆ داون؟ ئایا بە ئیرادە و خواستی خەڵک، سنوور و ناویان بۆ دیاری کراوە یان حاکمیەت بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی پلانی بۆ داڕشتووە؟ وەک دەزانین کە تا ئێستا ئیرادەی خەڵک کەمترین نرخی هەبووە بۆ دەسهەڵاتداران. سازبوونی پارێزگایەکیش بە ناوی “ئازەربایەجانی غەربی” لەو چوارچێوەیەدا بوو. ڕەزا شا، بڕیاڕدەری سەرەکی ئەو دابەشکردنانە بوو.

   مامۆستای زانکۆ لە ئامریکا “بڕاوند ئابراهامیان” کە بە ئەسڵ ئەرمەنییە، لە کتێبێکدا بە ناوی “ئێران لە نێوان دوو شۆڕشدا” ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەزا شا، بۆ ئەوەی جووڵانەوەی ناڕەزایەتی “شێخ خەزعەل” لە ئەیالەتی “عەرەبستان” سەرکووت بکات و دوای ئەم شێخە ئیتر هیچ عەرەبێک لەم ناوچەیەدا بۆ ناسنامە و سەربەخۆیی عەرەبی هەوڵ نەدات، ناوەکەی لە “عەرەبستانی ئێران”ەوە بۆ “خوزستان” گۆڕی. ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات کە هەمان کاری لە گەڵ ناوچەیەکی کوردان کرد و ناوی “ئازەربایەجانی غەربی” لە سەر دانا! وەک دەبینین سەپاندنی ناوی ئازەربایەجانی غەربی بە سەر هەرێمێکدا کە بێگومان لە سەردەمی ڕەزاشاشدا زۆرینەی دانیشتوانی کورد بوون نەک تورکی ئازەربایەجانی، بە گوێرەی پیلانێکی سیاسی و بە ئامانجی لاواز کردنی جووڵانەوەی ئازادیخوازانەی کوردان کراوە. واتا رەزاشا، لە لایەک هەوڵیداوە کە ناسنامەی کوردی بە تەواوەتی لەو هەرێمە بسڕێتەوە و هەست و ڕامانی جوداییخوازی کوردان لەناو بەرێت. لە لایەکی دیکەشەوە بە گۆڕینی دێمۆگرافیا و شێواندنی ناسنامەی جوغرافیاکە، شەڕ و ناکۆکی بخاتە نێوان کوردان و تورکان (کە دیارە تورکەکان بە زۆرینە لە گەڵ دەسهەڵات بوون و هەتا ئێستاش بەداخەوە هەن).

   دێمەوە سەر پرسیارەکەتان: لێرەدا ئەگەر بێت و دەوڵەت بڕیاڕی ساز کردنی پارێزگایەکی بەم ناوە بدات، هەر وەک چۆن لە پێشووتریشدا کردوویەتی، خەڵک تەنیا تەماشاچین و ئەوە دەوڵەتە کە ناسنامەیان بۆ دیاری دەکات، نەک خەڵک بۆ خۆیان. کەوابوو ئەگەر دەوڵەت پڕۆژەیەکی وای هەبێت، بێگومان قازانجی ئێمەی کورد لە بەر چاو ناگرێت، بەڵکوو قازانجی خۆی لە پێش هەموو شتێک دەبینێت.

   لەم نێوەدا بە تایبەتی پان تورکیستەکانن کە لە دژی ئەم پێشنیارەن. ئەوان تەنانەت جیا لەم جوغرافیایەی کە ئەمڕۆ لە لایەن دەسهەڵاتدارانەوە وەک ئازەربایەجان دیاری کراوە و جیا لە ئەردەبیل و زەنجان کە تورکی ئازەربایەجانن، لە نەخشەی خەیاڵی و فاشیستی خۆیاندا زۆر شار و گوند و ناوچەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشیان وەبەر ئازەربایەجان داوە و بە ئازەربایەجانی دەژمێرن! سرووشتیە کە خەڵکانی خاوەن ئەم بیرۆکە فاشیستیە، بە لەت بوونی ئەیالەتی ئازەربایەجانی غەربی و سازبوونی پارێزگایەک کە بە تایبەتی مەهاباد ناوەندی بێت و موکریانێک کە زۆرینەی خەڵکانی کوردن، توڕە و ناڕازی بن. هاوکات دەبێ ئەوەش لەبەر چاو بگرین کە تەنانەت زۆر یەک لەو تورکانەش کە پاسدار و ئیتلاعاتین بە خۆیان تورک پەرەستی دەکەن و ڕەقیان لە کوردانە. کەوابوو پێموانیە ئەمە پێشنیارێک بوو بێت لە لایەن ئیتلاعاتی ئورمیەوە، بەڵکوو پلانێکە لە لایەن تارانەوە کە بۆی هەیە ئیتلاعاتی تورکی ئورمیە لە دژی ڕاوەستابێت.

   لەوبەرترەوە هێندێک کورد لە دژی ئەو پڕۆژەیەن و پێیان وایە کە جیابوونەوەی موکریان لە ئازەربایەجانی غەربی (من بە ئەیالەتی ئورمیەی ناو دەبەم) بە جۆرێک تەسلیم کردنی هەرێمە کوردیەکانی سەرووی ئەم ئەیالەتەیە بۆ هەتاهەتایە بە تورکەکانی ئازەربایەجان. بۆ وێنە شار و ناوچەکانی وەک ئورمیە، خۆیە، سەلماس، ماکۆ، شووت، قەرەزیائەدین و … هتد. هێندێک کوردیش هەن کە بەو پێشنیارە خۆشحاڵن، چوونکە پێیان وایە چیتر ناوی ئازەربایەجان لە سەر ئەم شارە کوردیانەی موکریان نامێنێ و لە باری ئابوریشەوە بودجەی مەهاباد لە ئورمیەوە نایەت، بەڵکوو مەهاباد بە خۆی دەبێتە ناوەندی بودجە بۆ خۆی و چەندین شاری دەوروبەری. هاوکات شارگەلی وەک میاندواو، نەغەدە، سایین قەڵا و تیکابیش کە هەم کورد و هەم تورکیان تێدا دەژین، تەواو ناسنامەی کوردی دەگرنەوە (ئەگەر ناوی کوردستانی شوومالیان لە سەر بێت).

 

٣. پێتوایە ئەو داوایەی نوێنەری شاری مەهاباد لەلایەن خەڵکی شارەکانی وەک: مەهاباد، بۆکان، میانداو ، نەغەدە، شنۆ، پیرانشار ، ساین قەڵا ، تیکاب و سەردەشت پێشوازی و پشتیوانی دەکرێ؟

 

شێرکۆ : پێموایە هێندێکیان لە دژی دەبن و هێندێکیان لایەنگری لێدەکەن. نوێنەری تورکی شاری میاندواو لایەنگری ئەم بیرۆکەیە نابێت، بەڵام ڕەنگە بۆ وێنە ئەمەی بۆکان پشتیوانی لێبکات. بە هەر حاڵ لەو هەرێمە دوو ئێتنیکی جیاواز دەژین کە بەداخەوە بە درێژایی مێژوو، هەر لە سەردەمی هاتنی تورکەکان لە سەدان ساڵ لەمەو پێشەوە بۆ کوردستان بەردەوام بووە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت. کوردەکان پێیان خۆش نییە کە ناوی ئازەربایەجانیان بە سەر دا بسەپێت و تورکەکانیش بە نێوی کوردستان تووڕەن! تەنانەت پان تورکەکان بە نووسینەوەی مێژووی درۆ، پڕۆڤاکاسیۆن دەکەن و دەڵێن کە گۆیا کورد هاتوونە ئازەربایەجان و دەشبێ بڕۆنە دەرەوە! (قسەکانیان بۆنی خوێنی لێدێت و زۆر فاشیستین). لەوبەرترەوە ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی کورد دەڵێن کە ڕاستیەکانی مێژوویی (مێژوویەک کە ئاکادێمیەکان پەسەندی بکەن) دەیسەلمێنن کە تورکەکان سەدان ساڵ لەمەو پێش لە ئەیالەتی “سین کیانگ”ی چینەوە کۆچیان کردووەتەوە ئێران و تورکیە و لە بەشێک لە کوردستانیشدا نیشتەجێ بوون. لێرەدا هەر دوو ئێتنیک مافیان بەو خاکەوە هەیە، بەو جیاوازیە کە کوردەکان، تورکەکان بە تورکی دانیشتووی بەشێک لە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژمێرن، هەر وەک چۆن تورک لە ئاڵمانیش هەن و کوردیش لە ئیستانبول، بەڵام نە ئاڵمان تورکیەیە و نە ئیستانبوڵ کوردستان.

لە کۆتایی دا سوپاست دەکەین کاک شێرکۆی جیهانی

منیش سوپاستان دەکەم

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی