کوردستان میدیا: سەدیق عارفی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کەلە ساڵی ١٣٦٩ هەتاوی لە چیای بەمۆ چووە سەر مین و قاچی بڕدرایەوە و پاش ٢٣ ساڵ لە روداوەکە دیسان لاقیان بڕییەوە.
بۆ ئەم مەبەستە ماڵپەڕی کوردستان میدیا دیمانەیەکی لەگەڵ سەدیق عارفی پێکهێناوە کە سەرنجتانی بۆ رادەکێشین.
دەقی وتووێژەکە:
کوردستان میدیا: کاک سەدیق زۆر سپاس لەوەی کاتی خۆتان لە ئێخیاری ئێمە دانا.
سەدیق عارفی: سپاستان دەکەم و بەخێرهاتنتان دەکەم.
سەرەتا بە ناوی خوای بەخشەندە و میهرەبان. من ناوم سەدیق عارفی لەدایک بووی ( ١٣٢٤) هەتاویم لە بنەماڵەیەکی مام ناوەندی لە ئاوایی ”دەرەهەجیج” سەربە شارستانی پاوە لە دایک بووم. لە تەمەنی منداڵیمەوە کە ئاوایییەکەمان قوتابخانەی تێدا نەبووە و من نەچوومەتە بەر خوێندن.
کوردستان میدیا: کاک سەدیق سەردەمی منداڵی و مێرمنداڵیت چۆن بەسەر بردووە؟
سەدیق عارفی: من لە تەمەنی هەشت ساڵیدا باوکم وتی کە رۆڵە گوندەکەی ئێمە مەدرەسەی نییە و تۆ دەبێ سەنعەتێک بزانی، منی نارد بۆ ئەوەی فێری جۆڵایی بم من لەگەڵ کابرایەکی نۆدشەیی بە ناوی دەروێش فەتاح شاگردی جۆڵاییم دەست پێ کرد، من چووم بۆ شاگرد جۆڵایی بۆ بـێتواتە، عەلا کوولی زۆری درێژ نەکەینەوە من چوومە بێتواتە بۆ شاگرد جۆڵایی، ئاوم دەهێنا و چاییم دەهێنا و ژوورەکەم خاوێن دەکردەوە و لوولەی پێ دەڵێن لوولەم هەڵدەکردەوە بۆیان و تەقریبەن حەوت (٧) مانگ، یان هەشت(٨) مانگ کارم کرد.
کوردستان میدیا: لەوێ بێجگەلە تۆ منداڵی دیکەشی لێ بوو؟
سەدیق عارفی: بەڵێ لێی بوو شاگرد جۆڵای لێ بوو سێ (٣)ی تری لێ بوو، یەکیان خەڵکی نۆدشە بوو یەکیان خەڵکی دزاوەر بوو و هەر لە تەمەنی مندا بوون
کوردستان میدیا: چەند ساڵی پێ چوو هەتا فێری جۆڵایی بووی؟
سەدیق عارفی: ساڵێکی پێ چوو هەتا فێری جۆڵایی بووم، دوای ساڵێک من لە ئاوایی خۆمان پێچاڵی جۆڵاییم دانا.
کوردستان میدیا: یەکەم کەس بووی لە گوندەی خۆتان کە جۆڵایی دابنێی؟
سەدیق عارفی: وەڵڵاهی نازانم لە قەدیم دایان نابێ، یان نا؟ بەڵام لەو فەسڵەدا بەڵێ من یەکەم کەس بووم کەلە گوندەکەی خۆمان (دەرەهەجیج ) جۆڵاییم دانا، ئاوا هەندێک سەنعاتی خەڵکی و هی نۆدشە، نۆدشە کارگەیان هەبوو بڵێین رەییس و ئەوانەیان هەبوو، دەیان هێنا دەیانبردە لای جۆڵاکان و دەیانکرد، مەسەلەن دەیانگوت دەستێک رانکو چۆغە بە دە تمەن، یان پێنج تمەن، دوای ئەوە ساڵێکیتر دوو ساڵی دیکە من وەردە وردە گەورە بووم لەگەڵ کابرایەک بەناوی حاجی عەلی هاتین بۆ مەنتەقەی خۆشناوەتی ناوچەی گراڵ و قامیش، لەوێ (٣-٤) مانگ جۆڵاییمان کرد، مەوج و بەرماڵ و ئەوانەمان چنی، ئەو ساڵە لەوێ کارمان کرد و دوایی چووینەوە بۆ ئەو دیو.
کوردستان میدیا: ئەو کاتە هاتوچۆ لە سنوورەکاندا چۆن بوو؟
سەدیق عارفی: ئێستا بۆت باس دەکەم، ئەو سنوورە ئێمە بە قاچاغ دەهاتین چونکە زەمانی شۆڕشی مەلا مستەفا بوو، ئێمە نەماندەتوانی لە جاددەوە بێین لە بناری شارەزوورەوە لە تەوێڵە هەتا قامیش و بەرزەنجە و مۆریاس و چوارتا کە بەدەست حکوومەتی ئەو کاتی عێراقەوە نەبوو، ئێمە بەپێیان پێنج شەو و رۆژ بەرێوە بووین.
کوردستان میدیا: باشە بۆچی ئێوە دەهاتن بۆ ئەم دیو بۆ کار؟
سەدیق عارفی: لەبەر ئەوە لە لای خۆمان لە ئێران کار نەبوو، دەهاتین پووڵێک پەیدا بکەین، دەهاتین بژیوی ژیان پەیدا بکەین.
دوای ئەوە من سەربەخۆ کارم کرد، خۆم بڕیارم دا کە بچم بۆ جۆڵایی بۆ ئەو مەنتەقەیە (قامیش) سەرت نەیەشێنم جارێکی تر چوومەوە بۆ قامیش و دوو شاگردم لەگەڵ خۆم هێنا، یەکێکیان پوورزای خۆم بوو یەکێکی دیکەش جۆڵایی نەدەزانی هەر بۆ بەردەستی خۆمان بوو، ئەو ساڵە لەوێ کارمان کرد و سەنعاتی خەڵکیمان راپەڕاند و تەواومان کرد، من برایەکم لە ”گەڵاڵە” لە حاجی ئۆمەران بوو، ئەو زەمانی شۆڕشی مەلا مستەفا بوو، لە گەڵاڵە بازار و دووکانێک هەبوو من بەو دوو کەسەم وت کە دەچم بۆ لای کاکم و ئەوان لەگەڵاڵەن، پێم نەدەزانی هەر وا شاخ بە شاخ و دۆڵ بە دۆڵ هاتم برایەکم و ( ٣-٤ ) خزمان لەوێ بوون ئەو زستانە لە لای ئەوان مامەوە، کاسبیمان دەکرد، پارچەی ئێرانیمان دەهێنا دەمانفرۆشتەوە.
کوردستان میدیا: لە کوێوە هەتا کوێ بە دەست پێشمەرگەکانی مەلا مستافا بارزانییەوە بوو؟
سەدیق عارفی: ئەگەر لە من بپرسی بنارەکە لە هەورامان یانی لە تەوێلە هەتا گەڵاڵە هەمووی بە دەست پێشمەرگەوە بوو، حکوومەت سەیتەرەی بە سەرەوە نەبوو، هەمووی ئازاد بوو بەدەست پێشمەرگەوە بوو، قەسر دیلمان و ماکوس هەمووی بارەگای پارتی بوو ئەو وەختە مەلا مستەفا لە دیلمان دادەنیشت کاک ئیدریس کوڕەکەی لە قەسرێ دادەنیشت، ئەوێ جێی مەحکەمە بوو، ئەو ساڵە ئێمە لە گەڵاڵە بەسەرمان برد و ساڵی دوایی ویستمان بێینەوە وتیان کە ئەوەیە رێککەوتنێک کراوە (رێککەوتنی ئەلجەزایر) ئێمە هاتین لە تەوێڵە دووکانمان دانا.
کوردستان میدیا: باشە ئەو کاتە چی رووی دا بارودۆخەکە چۆن بوو؟
سەدیق عارفی: کارەساتەکە لە تەوێڵە رووی دا، ئێمە دوو (٢) مانگ بوو لە تەوێڵە دووکانمان دانابوو تەقریبەن پاییز بوو، خەبەریان هێنا و وتیان کە هەرچی کەلوپەلتان هەیە بیبەنەوە بۆ ئێران چونکە جەیشی عێراقی دێت بۆ ئێرە، بۆ تەوێڵە، وتمان چۆن شتی وا دەبێت وتیان بەرێوەڵڵا هەرچیکتان هەیە لەگەڵ خۆتان بیبەن، ئێمە لەوێ بووین خەڵک یەکسەرە دەستیان کرد بە گریان و بە ناخۆشی، و لە تەوێڵە مەیدانێکی گەورەی هەیە هەر خەڵک بوو دەهات و چەکەکەی فرێ دەدا و دەگریا (کاک سەدیقیش لەو کاتەدا دەستی کرد بە گریان) وتی کە پێمان ناخۆش بوو، (بە گریانەوە) زۆرم پێ ناخۆش بوو وەکوو پشتی ئێمە بشکێ وابوو بۆ هەموو کورد و خەڵک نەی دەزانی چ بکا، نەی دەزانی بەرەو ئێران بڕوا باشە، یان بەرەو عێراق، نەیدەزانی چەکەکەی فڕێ بدا یان پێی بێ، کەسەک نەبوو بڵێ دەی کاکە ئەو هەموو پێشمەرگە، یان بیداتە شاخ، یان بڕواتە شوێنێک بۆ ماوەیەک، بەرنامەیەکی دارێژراو نەبوو بۆیە خەڵکەکە وەیلان بوو. عەلا کولی ئەوە تێپەری و ئێمە چووینەوە بۆ نەوسوود و دیتمان کە (٢٠٠-٣٠٠ ) ماشێنی عەسکەری لە ”شوێشمێ”وە هاتن چوون بۆ تەوێڵە شۆڕش ئاوا کۆتایی پێهات.
کوردستان میدیا: ئەو کاتە لە کوردستانی ئێرانیش شۆڕش هەبوو و حیزبی دێموکرات بە نەهێنی کاری کردووە، ئایا لە مەنتەقەی پاوە و نەوسووددا حیزیبی دێموکرات حزووری هەبوو؟ یان ئەندام و لایەنگری هەبوو؟
سەدیق عارفی: بەڵێ ئەوەوشم وەبیر دێ، پێم وابێ هەر لەو سەردەمەدا بوو، ئێمە مقەرێکمان هەبوو دەیانگوت مەقەری ئێرانییەکان هەر لەو سەردەمەدا لە بیارە بوو لە (مەلگای چنار) ئێمە جارێکیان لامان دا وتمان بزانین کێن، ئەوانەی ئێمە دەمان ناسی مام ئەسکەندەر نۆدشەیی بوو، فەتحوڵڵای بابا حەمە کەریم ئێستاش ماوە، حمەی کوێخا حەمەمین ئەویش هەر نۆدشەییە، مستەفا ناوێک هەبوو، حەمە کاڵ بوو و هەندێک کەسیتر، ئەوانەی ئێمە دەمان ناسین ئەوانە بوون، ئەوان دەیان وتت ئێمە ئەوە لێرەین. هەر کات کارێکتان هەبوو ،خەڵک دەیان وتت ئەوانە جەماعەتی ئەحمەد تەوفێقن.
کوردستان میدیا: خۆیان دەیان وت کە کێن؟
سەدیق عارفی: خۆیان دەیان گوت ئێمە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانین و بۆ کوردستانی ئێران کار دەکەین؟
کوردستان میدیا: ئەگەر وە بیرت بێ ئەوان چۆن کاریان دەکرد؟
سەدیق عارفی: ئەوان یەک کەرەت هاتن بۆ ناوچەی ئێمە سێیان هاتبوون لەگەڵ کەسێکی نەناس، ئێمە باخەکەمان لە دەرەهەجیج کەمێک دوورە و هیچ باخێکی بەدەورەوە نییە و چۆڵە. من برایەکەم هەبوو بە ناوی مەلا سەعید عارفی ئەو پێوەندی هەبوو لەگەڵ ئەوان، منیش چووم بۆ باخەکەی خۆمان لەوێ کاک فەتحوڵڵا و کاک ئەسکەندەر و ئەوانم ناسییەوە کەسێکی تریان لەگەڵ بوو بە سۆرانی قسەی دەکرد ئەوم نەناسی براکەم وتی کە ئەوانە جەماعەتی چریکن زاتی نەبوو لە بەر من، وتم برا خۆ من هیچ نالێم چریکی چی من خۆ ئەوانە دەناسم (بە پێکەنینەوە وتی کاکم وتی ئەوانە چریکن) وتم من خۆ ئەوانە دەناسم و ئەوانە مام ئەسکەندەر و ئەوانن، چریکی چی و شتی چی، عەلا کولی ئەوان دوو سێ رۆژ لەوێ مانەوە، بەو ناونیشانە کەڵێکیشیان کوشت ــ کەڵەکێوی ــ باخەکەی ئێمە پڕی بوو لە کەڵەکێوی و حەیوان و شتی وا، دواتر وتیان دەچین بۆ مەنتەقەی ئەسپەرێز و هەجێج و ناو و ژاوەرۆ، ئاوایان وت.
کوردستان میدیا: ئەوان دەچوون بۆ ئەو ئاوایییانە کە چی بکەن؟
سەدیق عارفی: ئەوان دەیانوت کە دەچین تەبلیغات دەکەی و ئیعلامیە بڵاو دەکەینەوە جا نازانم هیچیان دا بە براکەم یان نا لەوانەیە پێیان دابێت، ماوە ماوە براکەی منیش سەفەری دەکرد دەیگوت دەچم بۆ پاوە و بۆ کرماشان دوو رۆژ سێ رۆژ نەدەهاتەوە، کە دوایی ئاشبەتاڵەکە هات ئەوانیش نەمان. من و کاک سەعدوڵڵا و حەمە تەوفیق و کاک سەعید، لە سەدی (لار)یان پێ دەوت ئێمپێرجێلۆتیسا دوای (٣-٤) رۆژ وەریان گرتین، بە بەرتیل و ئەو شتانە لەوانەیە نەفەری دووسەد تمەنمان دابێت، چارمان نەبوو شیرکەتێکی ئیتالیایی بوو کە تونێلی لێ دەدا، عەلا کولی سەرت نەیەشێنم ئێمە دوو سێ ساڵ لەوێ کارمان کرد. دوو ساڵ کە لەو شیرکەتە کارم کرد ژنم هێنا. مەقۆ مەقۆ دەستی پێکردبوو دیانگوت کە ئینقلاب دەکرێ، دوای ماوەیەک کاکە ئێران تێکچوو، بوو بە هەڵا هەڵا، ئەو تورک و فارس و شتە کە لەوێ کاریان دەکرد قسەیان پێ دەوتین، من وتم کاکە رۆژێ میلوێنێکم پێ بدەن من لێرە کار ناکەم، وتیان بۆ؟ وتم ئەوە نییە چۆن چاومان لێ دەکەن و چیمان پێ دەڵێن!، چەند نەفەرێک بووین تەحەمولمان نەکرد و هاتینەوە، کە هاتینەوە لە مەنتەقەی ئێمە ئینقلاب کراوە و پێشمەرگە و رێکخراو و حیزبە کوردییەکان پێک هاتوون.
کوردستان میدیا: ئەو کاتە لەو ناوچانە حیزبی دێموکرات حزووری هەبوو؟ چ کەسانێک بوون کە کاریان دەکرد؟
سەدیق عارفی: وەڵڵا ئەو وەختە ئەوانەی قەدیم کە وتم وەک مام رەسوول، مام فەتحوڵڵا، مام ئەسکەندەر و شەهید کاڵ کاڵ، رەسووڵ رەفعەتی و بە رەحمەت بێ شەهید حەکیم رەزایی بوون کە کاری تەشکیلاتییان دەکرد. ئەوانە لەوێ رێکخراوێکیان دامەزراندبوەوە. من بوومە بەرپرسی رێکخراوی گوندەکەی خۆمان، ئاوایی دەرەهەجیج، هەرچەند سەوادم نەبوو، وتیان لە ناو خەڵک کار بکە و خەڵک بە ئێمە بناسێنە، هەر ئەو زەمانیش یەکیەتی لاوانیان هەبوو هەر هەماهەنگ، برێک لە مندالەکانی دەرەهەجیجیش لەو رێکخراوەدا بەشدار بوون، دوو برای خۆم هەبوون بە ناوی محەممەد و ئیبراهیم عارفی، کورێکی مامم بە ناوی وەیس بوو، دەوری ١١ کەس بوون، هەفتەی دوو جار دەچوون بۆ نۆدشە، رێکخراوی گشتیان هەبوو لەوێ.
رێکخراوەکەی خۆشمان وردە وردە زۆر بووین دوای چوون چەکمان هەڵگرت، پێم وابێ ساڵی ١٣٥٨ هەتاوی بوو، من خۆم بووم ، ئامۆزایەکم هەبوو بە ناوی محەممەد عەبدی، محیەدین بەرزکار، زۆراب موکری، کاک سەعدوڵڵا و کاک سەعید و کاک ئەورەحمان مەقرووزی سێ کەس لە بنەماڵەیەک بوون هەروەها کاک عەلی غەفووری و براکەی و کوڕی پووریان (شەهید سەردار) و کاک سەدیق بەرزکار و براکەشی بوو ئەوانە بووین زۆر بووین لەوانەیە نزیکەی بیست(٢٠) کەس بووین، (بە پێکەنینەوە وتی) بە ناوی یارمەتی (٥٠) تمەنیان دەدا، من وەکوو بەرپرسی تەشکیلاتی دەچووم لە نەوسود وەرم دەگرت، سەرتای پشمەرگایەتیم بەو شێوە دەستی پێکرد، بۆ کاری تەبلیغاتی بۆ ناوچەکانی هەجیج، ئەسپەرێز، ناو، زۆم، دەڵەمەرز و ئەوانە دەچووین. لە ئاوایییەکان بۆ خەڵک کۆبوونەوەمان دەگرت، زۆرتر شەهید کاڵ کاڵ (حەممە سەعید یاقووبی کە لە بەر جوان خاسی پێیان دەوت کاڵ کاڵ) و کاک رەسووڵ رەفعەتی قسەی دەکرد، (١٠-١٥) ئاوایی دەگەڕاین، لەو ئاوایییانەش خەڵکمان پێ پەیوەست دەبوو، خەڵک دەیان وت کە بۆ ئێمە جێی ئیفتیخارە کە پێشوازی لە پێشمەرگە دەکەین. لە بەر ئەو کاتی خۆی رێژیمی شا زوڵم و زۆریی کردبوو، مەسەلەن ژاندەرمەری بۆ خۆیان دەچوون فیشەکیان لە ماڵی خەڵک دەخست لە دواییدا دەچوون بیانوویان بە خەڵک دەگرت و پوولیان لێ دەستان ئەزیت و ئازاریان دەدان.
کوردستان میدیا: کەمێک باسی ژنهێنانەکەتمان بۆ بکە، چۆن ژنت هێنا؟
سەدیق عارفی: تەسمیمان گرت کە ژن بێنم، براکانم و باوکم و ئەون وتیان کە دەبێ ژن بهێنی، ئێمەش ناسیاوێکی خۆمانمان هەبوو بە ناوی حەمەمین کە خوشکێکی هەبوو، وتیان ئەوت بۆ بێنین؟، دیارە مەسەلەی جوانیم بۆ گرینگ نەبوو بەس کار و سەلیقە و حیا و حەیسیەتی ئەو و بنەماڵەکەیم لە بەر چاو بوو، وتم قەبووڵمە، وەڵڵا چووینە خوازبێنی و بێ ئەملاو ئەولا قەبووڵیان کرد، دەست ماچ کردن و ئەوانە تەواو بوو دوای (٢-٣ مانگ گواستمەوە، ئەو رۆژە کە چووینە خوازبێنی ئەویش بە پێکەنینەوە دەهات و دەچوو و دوای ئەوەش هەموو رۆژێ دەچووم بۆ مالیان و جار و بار کارم بۆ دەکردن، ناویشی رابعەیە و کورەکانم، یەکەمیان ناوی ئیدریس، دووهەم یاسین بوو کە مرد، سێیەمیان کامیل و چوارەم فایەق، کچەکانیشمان، گەورەکە شیرین، تووبا ئەویش مرد، رەنگین.
ئەگەر ئێستا وچانێک بدەین، (کەمێک بێ دەنگ بوو بوغز گەرووی گرتبوو) وتم کەمێک ئیسراحەت بکەین؟ هیچی نەوت، بێ دەنگی بەردەوام بوو، دوای کەمێک وتی:
ئێستا نۆبەی ئەوەیە کە بڵێین، نۆبەتی پێشمەرگایەتییە ها،! ئێستا ئێمە بوینەتە پێشمەرگە و حکوومەتی جمهووری ئیسلامیش خەریکە هێرش دێنێتە سەر مەنتەقەی نەوسوود و نۆدشە و ئەوانە، هەتا نزیک پاوەش بە دەست پێشمەرگەوەیە، ئەو زەمانەش پاوە بەدەست پێشمەرگەوە بوو چونکە ئێمە چووینە پاوەش، دوای تەحەسوونەکەی قۆڕی قەڵا ،قۆڕی قەڵا لە نێوان پاوە و کرماشان دایە دوای ئەوە حکوومەت پلانی داڕشت بۆ تێکدانی ئەو ئەزموونە دەستی کرد بە هێرش. پێشمەرگەش ئامادەگیی هەبوو. ئێمە لە شار چووینە دەر وتیان با لە ناو شار شەڕ نەبێ دیارە دوو سێ هێرشی هێنا، بە هەموو جۆرە چەکێک، هات نزیکی پاوە بووە پێشمەرگەش لە نزیک پاوە هەبوو، شەرێکی نابەرابەر دەستی پێکرد پێم وابێ دوو سێ (٢-٣) رۆژ بەردەوام بوو دەیهەویست بێتە ناو شاری پاوە، یەکم جار کە هات ( ٩) کەسی ئێعدام کرد کە تەنیا ناوی مەلا ئەبدولوەهابم لە بیرە، ئێمە پاشەکشەمان کرد هاتینە نجار و نووریاو و خانەگا،شەڕ هەر بەردەوام بوو، ئەمجارە هێرشێکی گەورەی کرد بە هەموو جۆرە چەکێک بە حیسابی خۆی هات کە نجار بگرێ، شەڕێکی گەوەرە دەستی پێکرد و دوبارە شکستمان دا، ئێمە دوو کەسمان ”حەملە رووش” (حەمەدەمین نادری ) خەڵکی نووریاو (فەرماندە) بوو بەهۆی جاشێک کە خزمی خۆی بوو شەهید بوو و پێشمەرگەیەکی تریشمان بە ناوی حەمەشەریف خەڵکی وڕا شەهید بوو. نزیکەی مانگێک، دوو مانگ جار جار شەڕ دەبوو، وتیان ئەمجارە هێرشێکی گەورە دەکا، هەندێک کەس ببونە جاشی عێراق نازانم کێ بوون و دوایی خۆیان تەحویلی ئێران دابۆوە و لە شەڕدا زۆر شارەزا بوون، ئێمە پاشەکشەمان کرد ئێمە هاتینە ئەو دیوی سیروانەوە، پردی دواو، دوایی حکوومەت هات کۆماندۆی لەسەر (کۆی نەروی) پیادەی کردن و پێشمەرگە پێزانی و چوون، هەندێک کوژراو و کۆماندۆیەکی زۆر بە دیل گیران و ناردیانن بۆ مەنتەقی دەفتەری سیاسی. دوای ئەوە شەڕێک کرا، بەیانیەکی زوو بوو گوێم لە تەقە بوو من لە ماڵ بووم و منیان بۆ ئەو شەڕە ئاگا دار نەکردبۆوە، هەستام چەک و رەختم بەست و ئەو وەختە سەلیبیم پێ بوو (بڕنۆ)، شوێنێک هەیە بە ناوی رێزێو ئەو بەریش ناوی گولیجێیە رێیەکی سەختەبە قوڵینگ و ئەوانە چاکیان کردووە و لە زەمانی شێخەکاندا بەرامبەر ئەوێ دانیشتم وتم ئەمڕۆ ناهێلم هێزی یارمەتی بچێ بۆ ئەو هێزە، بەگیانی تۆ نا بە گیانی کوڕم ئەو رۆژە پێنج جار هێرشیان کردووە هەر بەو بڕنەوە، دەیانەویست چەک و موهیمات بەرن بەو رێیەدا. چوار جار هاتن نەمهێشت، لەو لاوە لە لای هەجیج و وڕا و ئەوانە پێشمەرگە لێیان دا و بۆ نیوەڕۆ حکوومەت شکا. لەو شەڕەدا پێشمەرگەیەکمان بریندار بوو بە ناوی سەردار رەزایی کوڕی پووری کاک عەلی عەفووری لەو شەڕەدا بریندار ببوو و ریخۆڵەی هاتبوە دەر، داوای ئاوی کرد نەماندایە ئێمە بریندارەکانمان دەهێنا بۆ تەوێڵە، بێ ماشێن ئیتر لە دەوری (ملەهەندی) شەهید بوو و دوایی هێنایانەوە و بەخاکمان سپارد.
ئێمە چوار لک بووین، لکی ئێمە ناوی ٢٥ی گەلاوێژ بوو، هەر لکەی ( ٢٠٠-٢٥٠ ) نەفەر هەبوو، ئەو کاتە فەرماندە لکەکان یەکیان ”حەملە رووش” بوو، مستەفا یەیناخی بوو، تەوفیقە رەش بوو.
ناوچەی ئێمە لە ئابلۆقەی ئابووریدا بوو، شەڕ هەر بەرداوام بوو، ئەمجارە هێرشێکی گەورەی دیکەیان کرد و ئەمجار هاتنە ئەم دیوی سیروان، بەڵام کەلی چنار و نەروێ و نۆدشە و ئەوانە نەگیراون، ئەمجارە ویستی نۆدشە بگرێ، نۆدشەی زۆر بۆ گرینگ بوو ئێمە هەموو لە نۆدشە بووین، ئەمجارە نیرووی لە لای شمشێرە و کەلی شەهاب و قوتە بەرزەکانی بەرانبەر بە نۆدشەی ئەوانە بە هەلیکۆپتێر نیرووی داینان و شەڕ دەستی پێکرد و ئێمە سێ پێشمەرگەمان شەهید بوون، شەهید حەمە شەریف ،شەهید مەحموود و ئەوەی دیکەشیان ناوەکەی لە بیرم نەماوە، هەر سێکیان لە یەک سەنگەردا بوون ،لە دوای ئەو شەڕە لە بەرزایییەکانی نۆدشە تۆپ و شتی دامەزراند. رۆژێک خەبەریان هێنا وتیان هێرش دەکاتە کەلی چنار ،(کەلی چنار) بەرامبەر نۆدشەیە بە چاش و پاسدارێکی زۆر هێرشی کرد، هێرشیان بۆ ئێمەش کرد کە لە (کەلی شەڕەکان) بووین، ئێمە شێ جار هێرشەکەمان تێکشکاند، لە دواییدا خەبەریان بۆ هێناین لە لایەن پێشمەرگەکانی خۆمان کە بابا کەلی چنار گیراو ئێوە چی دەکەن، وەڵا لە لای ئێمە کەسێکمان بریندا بوو، زاواکەی ئێمە بە ناوی زۆرابی موکری. دوای ئەوە ئەو گەردەنەیە گیرا.
ئێستا بڕیاریان دا کە هێزەکە بکەن بە دوو دەستەوە، وتیان کە کێ دێ بۆ ناوچەی ژاوەرۆ و بوو بە هێزی شاهۆی ژمارە یەک و هێزی شاهۆی ژمارە دوو ،ئێمە لە ژمارە یەک بووین بە شەو وەڕێ کەوتین بۆ ژاوەرۆ مام تاهیر، بە رەحمەت بێ زووتر چووبووە ئاوایی روار و موهیمات و شتی وای بردبوو، هێزی ژمارە دووش هاتە لای هاوار و ئەوانە، لە ژاوەرۆ موستقەر بوون. ناو بە ناوە هێرشمان لەسەر بوو، ئەمجارە لە سێ شوێنەوە هێرشیان کرد لە مەریوان و کامیاران و شاهۆ لەو بەینەشدا شەڕی کۆمەڵەش دەستی پێکردبوو، بۆ ماوەی دوو ساڵ لەو ناوچە بووین، لە سالی ١٣٦٢دا پاشەکشەمان کرد هاتینەوە بۆ لای هێزی ژمارە دووی هێزی شاهۆ لە مەنتەقەی دەرەتوو و هاوار و نەوسوودیشمان بە دەستەوە بوو، نەوسوود هەتا کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە نەگیرا.
کوردستان میدیا: باشە دوای ئەو هەمووە شەڕە گوند و شارەکان چیان بە سەر هات؟
سەدیق عارفی: گوندەکان هەندێکیان چۆڵ کران و خەڵکەکەی چۆلیان کرد و چوون بۆ پاوە و مەریوان، شاری نەوسوود چۆڵ کرابوو، هەمووی ( ١٠-١٥ ) ماڵی تێدابوو، هەندێکیان هاتبوون بۆ پاوە و هەندێکیان لەگەڵ شۆڕش کەوتن.
کوردستان میدیا: ناوی هەندێک لەو گوندانە کە چۆڵ کران لە بیرت ماوە؟
سەدیق عارفی: بەڵی وەزلی، تەشار، نەیسانە، هەر دوو شۆشمێ، لە مەرزەکانی دزاوەر، هانە گەرمەڵە، کێمنە و بێرواس ئەمانە هەمووی چۆڵ کرابوون بەهۆی شەڕەوە. لە خەڵکی ئاسایش کوژران و برینداربوون و دەربەدەر بوون (قابیلە دوژمن لە شەڕدا، کولیچە بڵاو ناکەنەوە!) بێجگە لەوشەڕە، شەڕی ئێران و عراقیش بوو.
ئێمە کە هاتینەوە لای هێزی ژمارە دووی هێزی شاهۆ و پێک شاد بووینەوە، و بەرپرسی کۆمیتە شارەستان کاک حەکیم رەزایی بوو و فەرماندەی هێزیش سەروان سابیر کە خەڵکی مەهاباد بوو، من چوومە لایان وتم دەمهەوێ بچمەوە و لە مێژە منداڵەکانم نەدیتوە و هەندێک نەسیحەت و ئەوانم هەیە بۆ منداڵەکان هەروەها رێ و شوێن دەدۆزمەوە، بەڵام ئەوان بە نەخێر وڵامیان دامەوە، وتم بە تەنیا دەچم و وتیان نابێ.
نوێژی مەغریبم کرد کۆڵەپشتییەکەم هەڵگرت و پڕم کرد لە ئیعلامییە و رۆژنامە بۆ ئەوەی لە گوندەکانی بڵاوی بکەمەوە کە شەو وەڕێ کەوتم لە جادەی هانە گەرمەڵە بۆ دزاوەرە، بە نەزەری خۆم وتم کەلە پاساری جادە مین دانانێنەوە و قەراغی جادەم گرت و چوومە دزاوەر چوومەوە سەردانی ماڵی خۆمانم کرد و منداڵەکانم دیت، دەچوومە هەر شوێنێک لەو کەسانەی لە سەربازی دەهاتنەوە شوێنی پایەگا و مین گوزاری و شتی وام دەپرسی، تەواوی زانیاری ئە ناوچەیەم کۆ کردەوە و گەڕامەوە بۆ هانە گەرمەلە. لەگەڵ فەلامەرز چوومەوە بۆ هێز و چوومە لای کاک حەکیم و سەروان سابیر و وتم ئێوە نەتانهێشت بچمەوە و من چوومەوە و ئەوە هاتوومەتەوە وتیان کە جەریمەت دەکەین.
دوای دوو رۆژ بانگیان کردم وتیان کە دەتوانی ئێستا نەفەر ببەیتەوە بۆ ئەو دیو، وتم بۆ ناتوانم، لەگەڵ شەهید عیزەت حەسەن پوور رەوانەیان کردم دوو نەفەریان لەگەڵ ناردم و نەفەرم پێناساندن و جەولەیەکی کورتمان کرد ئەمجارە هەرچەند ئەوان پلەی تەشکیلاتیان لە من بەرزتر بوو بەڵام من خەڵکم بە ئەوان دەناساند.
لە دواییدا کۆمیتە شارەستان وتیان کە ئایا دەتوانن تیمێکی دە (١٠) نەفەری ببەن و جەولەیەک بکەن و هەتا مەنتەقەی کامیاران ئەوانە بچن؟ وتمان بۆ ناتوانین؟ وەڕێ کەوتین بە تیمێکی چەند کەسی چووین بۆ لای (روار و ئسپەرێز و زۆم و دەڵەمەرز و ناو) و ئەو گوندانە و کاری تەشکیلاتی و رێکخراوەییمان کرد، پێم وابێ دەوری بیست رۆژ بوو و گەڕاینەوە.
لەدوای ئەوە ئیتر رەوابت بەرقەرا بۆوە و ئەمجارە تیم دەچووەوە.
ئێستا دەمهەوێ کە بنەماڵەکەم بێنم،چونکە هەموو رۆژێک دەیانگرتن و دەیان بردنە سپا و چەندین جار خێزانم لە کرماشان لە زیندان کرا و لە نۆدشە حەوت رۆژ لە زیندان بوو لە شوێنێک تفەنگ بتەقیبایە دیانوت مێردەکەی ئەوە و سپای پاسداران دەهات و دەیانگرت یان سوعال و جوابیان دەکرد، یان دەیان نارد بۆ ئیتلاعاتی پاوە یان کرماشان وتم با لەو چەرمەسەریانە نەجاتیان بدەم، چووینە لای هێز و ئیجازەمان وەرگرت بۆ هێنانی بنەماڵەکانی کاک سەعدوڵڵا، کاک سەعید مەقرووزی و بنەماڵەی خۆم سەدیق عارفی، وتیان کە دەبێ زۆر وریا بن وتم هەتا ئەوەی من بزانم هەموومان بە تەجروبەین، وەڵڵا دوو پێشمەرگەی تریان لەگەڵ ناردین یەکیان زاوای خۆم ئەحمەدی مێرابی و زۆرابی موکری چووینەوە دەرە هەجیج و منداڵەکانمان ئاگادر کرد کە سبەی ئێوارە حازر بن دەتان بەین بۆ ئەودیو، من کە چوومەوە کەسێک منی دیبوو بۆ بەیان گوزاریشی بە سپا کەلە گوندەکەی خۆمان بوو دابوو بۆیە بەیانی خێزانی منیان گرت و بردبویان بۆ نۆدشە هەتا بیست دەقە بۆ ئێوارە لەوێ رایان گرتبوو وتبویان کە سبەی وەرەوە، ئێمەش هەر وا چاوەرێ بووین و لە کاتی موعیدەکەمان دا زۆریشی لای دابوو دوایی خۆی گەیاند و وەڕێ کەوتین مانگەشەوی چاردە بوو و هەرکام لە ئێمە منداڵێک بە کۆڵەوە و ئەو دو هاورێیەکەی دیکەشمان کۆڵەپشی گەوەرەیان بە کۆڵەوە کەلە منداڵ گەورەتر و چەکیشمان پێیە و هاتینە (ملەی چووک و نەروی) کە ئێمە بە رووتایییەکدا دێنە خوارێ و مانگەشەوە دەمان بینن و ئێمە چووینە چۆمەکەی نەروی و کەمێک پشوومان دا و هاتینە شوێنێک بە ناوی ملەی بچووک و تەوەنە سوور (بەرزە سوور) وەڵڵا ئێمە لە بەردەکان تێپەر بووین و هاتینە تەختایەکە لێیان داین، وەڵڵا گەراینەوە دوایە لای تاشە بەردەکان (ترامەکان) و کەسمان بریندار نەبوو بەڵام منداڵەکان پێڵاو شتیان لێ بەجێ مابووا هەندێک پەرۆ و شتمان لە لاقیان ئاڵاند و منداڵکانمان برد لە دۆڵێ دامانان و بە رەحمەت بێ کاک سەعدوڵڵامان لە لا دانان و خۆمان هاتین و دەستمان کرد بە شەڕکردن و کەمینەکەمان شکاند و راومان نان بە هات و هاوار وەکوو ئەوەی ئێمە سەد کەس بین ئەوان هیچ ،کاک ئەحمەد، قاوی دەکرد (کورە سروانتون جا موندە) بە فارسی و بە هەورامی و بە سۆران هاوری دەکرد وەڵڵا کەمین شکار و بەرەو ژوور چووین دیتمان کە سیمی خاردارە، دوو نەفەر لەملاوە و دوو نەفەەر لەم لاوە سیمی خاردارمان بەرز کردەوە و منداڵەکان بە ژێری دا تێپەرین و هاتینە ئەو دیو ئێستا ئێمە دوو پایەگامان ماوە تێپەرین کە بێین بۆ دەرەتوێ و وەڵڵا هاتین نزیکی جادەی تەشار نەوسوود بینەوە و دانیشتی کاک ئەحمەد و نازانم کامیان بوون وتمان کە بچن جادەکە تاقی بکەنەوە ئەوان چوون و یەکیان هاتەوە وتیان کە هیچ نییە وەڕێ کەوتین، ناوی خێزانەکەی من رابێعەیە و کەماڵ و شیرین و رەنگین منداڵەکانم و خێزانی کاک سەعیدیش ناوی میسریە و عەتا و عایشێ و خەدیجە منداڵەکانیەتی و کاک سەعدوڵڵاش خێزانی سوەیبە و عەلی کوری و علۆمای کچی لەم چەرمەسەری و کێشەیە دا بەشدارن، منداڵەکان دەیان وت کە ئێمە خۆمان تەحویل دەدەینەوە و ئێوە بڕۆن با نەجاتتان بێ ئێمەش وتمان یان هەر هەموومان بەیەکەوە دەکوژرێن یان هەموومان دەرباز دەبین ئەوە بڕیاری ئاخرمانە لە جادەی تەشاریش تێپەرین و هیچ نەبوو هەتا (چاڵە چەرمێ) کە بەرەو ژوورکێیەکی زۆر سەختە ئێمە سێ چارەک، نیوساعەتە بەو هەورازوەوەین لە سەرەوە دانیشتین پشوومان دا، ئەوە پایەگایەک لەو لاوەیە، بەڵام لەو ناترسێن پایەگاکەی چاڵە چەرموو بوو، لەو کاتەدا تەماشا دەکەین کەسێک بێسیم دەکا، کاک زۆراب جوابی دایە و وتی چییه؟ وتی کە ئەوە شەبەکەیەک هاتەوە بۆ لای مەقەرەکانی و لە هێزیان داوە و دەگەڕێنەوە و منیش ئەوە لە گا کوژەم و بە تەنیام، ئەو کوڕە کاک حەمە عەزیز بوو بەرەحمەت بێ، ئەوەی وا بزووتنەوەی ئیسلامی تەحویلیان دایەوە، ئەو وتی کە ئێوە وەرنە (دواوان و دەرەی شینێ) ئەو شەبەکە لەوێوە دەگەڕێتەوە بەشکم لێیان بدەن، ئەو شەوە شەوێکی پڕ ماجرایە منداڵەکانمان لای کەوێڵێک دانا و دوانمان لە (نەرەی کورە میانی) و دوانیشمان لە (دواوان) دانیشتین هەر چاوەڕێمان کرد بەوێدا نەهاتن، ئەو شەبەکەیە بێجگە لەوەی کەلە هێزیان دابوو لە رێگاکانیش مینیان دانابوو، ئێستا دەمەو بەیانییە و ئێمەش هاتینە (شێنێ) لەوێ پشوویەکمان دا و لەوێ ماڵی ناسیاو و ئەوانەی لێ بوو ماڵێکان لەوێ وتیان کە لەبەر منداڵەکان ئەو هێسترانە بەرن و چووین بۆ هەوارە بەرزە و دوای چووین بۆ دەرەتوێ و خەڵک هاتن بە دەمانەوە. وەڵڵا بە پێی هێسترێک مینێک هاتە دەرەوە من وتتم راوەستن کەس تەکان نەخوا وتیان چیە وتتم تەکان مەخۆن و بچنە بەر رێگا ئەو رێگایە مین گوزاریە، خولاسە لەوێ نەچوون بەسەر مین دا و لەوێش نەجاتمان بوو و هێزی شاهۆ و خەڵکیشمان ئاگادار کردەوە کە بەو رێگایەدا نەچن. گەیشتینە جێ و منداڵان دڵخۆش بوون. (بە پێکەنینەوە وتی) بێخەبەر لەوە کە لەوێ هەموو رۆژێ تۆپبارانە.
دوای چوار مانگ حکوومەت دیسان هێرشی کردەوە و ئێمەش شکستمان پێدا، ا نێزیک ٤٧٠ کەس لەو شەرە دا کوژران و هەتا شێخان راومان ناو شەرەکە بە ناوی شەری (هەوارە بەرزە) ناو نرا و ئامانجی رێژیمیش گرتنی مەقەرەکانی حیزب لە دەرەتوێ بوو و سێ کەسیشمان شەهید بوو شەهید عیزەت ئەحمەدی ، سەعدی نۆدشەیی (شەبرەنگی)مەحموود گەلێنی لە دوای دا هاتینەوە بۆ مەقەرەکان وتیان کە خەبەریان هێناوە کە هەڵەبجە گیراوە و ئێوە بێن خۆتان دەرباز بکەن ، بەر لە مەخریب بوو و کەس پێی نەکرا کە هیچ شتێک هەڵگرێ و وەرێ کەوتین بەڵام بەر لە شەری هەوارە بەرزە ئێمە بەشێک لە بنەماڵەکانمان ناردبوە بۆ هەڵەبجە ، ئەو شەوە وەرێ کەوتین و بۆ رۆژەوە بون گەیشتینە عەنەب لە نێزیکی هەڵەبجە،خەبەریان هێنا کە سوپای پاسداران لە هەڵەبجەن بۆیە لە عەنەب ماینەوە و هەندێک لە بنەماڵەکان هاتن بۆ عەنەب بەڵام ئەوانەی ئێمە نەهاتبوون و هەر لە مەقەری حیزب مابونەوە وەڵا فەرماندەکانی خۆمان کۆبونەوەیان گرت و وتیان کە لە عەنەب دەرۆین ، لەگەڵ ئەوەش مەڵبەندی یەک و هێزی بەیان لە هانەگەڵمەڵ بوون ئێمە لە عەنەب چوینە دەرەوە و دوایی عەنەبی شیمیایی باران کرد ئێمە کە هەوا تاریکی کرد هاتینە بیاوێڵە ، لەوێ مەکتەب و جوجەخانەیەکی لێ بوو کۆمەڵەییەکان لە جوجەخانەکە دابوون ، پێمان وتت با برۆین لێرە بەڵام ئەوان وتیان بە بەلەم دەرۆین لە هانەگەرمەڵە خەبەر هات وتیان کە ئێمەر ئەوە هاتین بەرەو لای ئێوە و وتمان کە وەرن بۆ لای سەرکەندی تاوێرە لەوێ یەکترمان گرتەوە، لەوانەیە هەزار و خوردەیەک نەفەر بوین دەوروبەری دە پازدە بنەماڵەشمان لە گەڵ بوو هەڵەبجەش ئەوە شیمیایی باران کراوە و پەتو شتیان داوە بە پەنجەرە و هەتا ئێوارە نەیانهێشتوون بێنە دەرێ هەتا ئێوارە ئێوارەش لە مقەر هاتونەتە دەر و داویانە بە شاخ.
ئێمە خۆما لە گەڵ هێزەکانی تر یەکمان گرتەوە و سێ رۆژ لە سەرکەندی تاوێرە ماینەوە و ئەوە هیچیشمان نیە کە بیخۆین ، گیاش تازە سەری دەرهێنابوو بۆ رۆژی دووهەم چوون ئاردیان لە هاوار هێنا و دایان بە خەڵک و هەرکەسە بۆ خۆی بەهەر جۆرێک بێ کولێرەیان کرد دوایش چوون سێ چوار سەر کاوڕ و شتیان هێنا و سەریان بری و تیان کە گۆشت ببرژێنن لەوانیە کە ئێمە دوو سێ رۆژ بە رێگاوە بین ئێوارەیەک وتیان کە ئامادە بن دەرۆین، ئەوەم بوارد لە رۆژی یەکەم سێکەسمان گرت کە ئی بزوتنەوەی ئیسلامی بوون و هەتا رۆژی ئاخر بەرمان نەدان ، لەولاشەوە د.قاسملوو لەگەڵ کاک غەفوور هەمزەیی بەردەوام لە تەماس دان بۆ ئەوەی رێگایەک ، چارەیە بۆ ئێمە بدۆزنەوە ، ئێمە کەوتینە رێ ئاخر هەزار کەس ریز بێ بە دوای یەک زۆرە و کەوتینە سەر جادە و گەیشتینە سەر جادەی خورماڵ – هەلەبجە ستونێکی ئێران هات ،ئێمە چوار پێشمەرگەی یەکیەتیمان لەگەڵ بوو یەکیان لەمبەری جادەوە راوەستا بوو یەکیای تریان لەو بەری جادە ، یەکیان لە پێشەوە ی ئەویتریان لە دواوە بوو و وتیان کە ئەوانە پێشمەرگەی خۆمانن (یەکییەتی) ئێمە لەوێ تێپەرین و چووینە خورماڵ وتیان ئێرە کیمیا باران کراوە دەبێ هەر کەسە و دەسماڵێکی تەڕ شتێک بدا بە دەموچاوی هەتا لێرە رەت دەبین. ئەو براژنە فریشتە لەلام بوو وتی (سەدیق ئانە نەفەرێنێ؟ واتم نا حەویوانا مڕار بیەنۆ، ماچۆ وەڵڵا ئادیچ نەفەرا) ئێتر کەلاک کەوتبوو… لە خورماڵ تێپەرین شەوێکی سەخت ، تاریک و سارد ، شەری ئێران عراق بوو گەیشتینە سێتەپان و لە دۆڵێک پێشمەرگەکانی یەکیەتی لەوێ وتیان کە ئێمە هەتا ئێرە دەێین ، لەوێوە سێکەسی سوسیالیست هاتن چووین بۆ سورێن ، بەرەوژورکێیە ئەوهێزە ماندوە و کاتوشاباران و گڤە گڤە و بارانە. ئێمەیان هێنا دوایی سوسیالیستەکان وتیان ئێمە هەتا ئێرە دەتوانین لێرەوە ئێتر شانەدەرە هیچی لێ نیە ،بنەمالەکانیشمان کە لەوێ لە هەڵەبجە هاتبونەدەر ، منداڵەکانی ئێمە و مەحمود برای کاک ئەحمەدی ئامۆزای خۆم دەچن بەرەر شنێروێ عەبابێلێ و ئەوانە و هەر چەند دەست لە تەراکتۆر و ماشێن هەڵدەگرن بۆ یان راناگرن بە شاخی شنروێ دا دەرۆن و بەو پێچاو پێچانە دا نازانم چۆن دەبێ کە یەکێک لە کچەکانی ئێمە، گەورەکە، گم دەبێ دوای دوو سێ ساعەت کەسێک هەیە بە ناوی ئەولەسەن کەم ئەندامە ، کچەکامان ئەو دەبینێ و دەڵێ کە من گم بووم دوایی یەک دەبینەوە دەچنەوە هاوار لەوێ دەبینن کە سوپای پاسدارانی لێیەو ( من باسی منداڵەکانی خۆم دەکەم نازانم منداڵی خەڵکی تر چۆن نەجاتیان دەبێ ) ماڵی کاک سەید عەبدوڵکەریم لەوێیە دەچنە ماڵی ئەوان و نان و شتیان پێدادا و ، هەمویان بەرەوه ئێران بەرێ دەکەون و لە شێخاوە کە بە دەست ئێرانەوەیە خەڵکەکە دەکەنە ناو کۆمپرێسی دەیانبەنوە بۆ پاوە ، منداڵەکان سوێندیان خوارد وتیان کە لەوێ لە کۆمپرێسیەکە هەڵیان رشتین .
ئێمەش کە لە پێشمەرگەکانی سوسیالیست جیا بوینەوە لەو ماویەدا سێکەسمان لێ بریندار بوو ئتر خەریکبوو رۆژ دەبۆوە و نێزیک شانەدەی دەبووینەوە کە تۆپباران دەست پێکر و بە دەبابا و هەلیکۆپتێری عراقی گەمارۆ دراین وتیان کەس لە رێگاکە لا نەدەن کەسێک بە ناوی ئەڵا کەرەم کەوتە سەر مین و لاقی پەری وەڵا بەهەر شێوەیەک لەوێ نەجاتمان بوو ، هاتینە زەرایەن لەوێ پێشوازێکی گەرمیان لێ کردین ، لەوێ کوردی ئاواری ئێرانی لێ بوو ، رۆژی یەکەم نا دووهەم د.قاسملوو تەشریفی هێنا قسەی بۆ کردین و وتتی کە تەنها هێزی شاهۆ توانیوێتی ئەو قارەمانییەتیە بخوڵقێنێ ، لەو روداوە دا سوپای رزگاری و کۆمەڵە و بەشێک لە سوپای عراق تێداچوون.
دوایی سێ رۆژ چووین بۆ لێوژەی لە ئێرانیش منداڵەکانمان لە دوای دا دەیانگرن هەتا نەفەری خۆمان دەچن بە زەمانەت ئازادیان دەکەن سوپای پاسداران پەیان دەڵێن کە دەبێ بچنە نۆدشە ، ئەوانیش دەڵێن کە ئێمە لە نۆدشە کەس ناناسی ئەوان دەڵێن ئێمە کارمان نیە ، دوایی منداڵەکان دەچنە پاوە لە ماڵی براکەم لە تەبەقەی بنەوە دەمێنەوە. لە لێوژێ دە پازدە(١٠-١٥) خێمەیان بۆ هەڵداین ، ئێتر لەوێ بووین کە بەهار هات و ئێستا دەمانهەوێ بچینەوە بۆ مەنتەقە ، هاتینەوە بۆ لای نەوسود و و مەرکەزیەتمان لە شوێشمێ بوو هەندێک عەمەلیاتمان کرد و پایز هات لە دوایش دا وتیان کە دەبێ بچنە قسڵان لە شاخی بەمۆ . ساڵی دوایش چوینەوە بۆ مەنتەقە و بۆ ماوەی دوو سێ مانگ دوایی گەرانیوە . بەیانیەک وتیان کۆبوونەوەی پێشمەرگەیە تەواشات دەکرد هەر مەقۆ مەقۆیە و ئاوا شتێک هەیە ، کەس هیچ بە کەس ناڵێ و وەڵا لە کۆبوونەوە وتیان کە کاکە شتێک بوو تەقیان لە کاک دوکتوور کردوە بەڵام نازانین شەهید بوە یان نا (کاک سەدیق بۆ ماوەیەک راوەستا، دەموو چاوی تێک چوو دەنگی دەر نەدەهات بوخز گەلووی گەرتبوو) وتی هەموومان تەزاین (ئێستا هەنیسکە هەنیسکی دێ) کاک سەدیق دووبارە وتی هەموومان تەزاین هەموو نارەحەت بووین( ئەوە دووهەمین جارە کە کاک سەدیق دەگری یەکەمیان ئەوکاتە بوو کە شۆرشی مەلا مستەفا تێکچوو و ئێستا کە هەوالی ترۆری د،قاسملوو دەگێرێتەوە ) وتی : لە کۆبوونەوەکە دا وتیان نازانین کە شەهید بووە یان نا ( لەو کاتە دا تەلەفونەکەی زەنگی لێ دا بەڵام وڵامی نەدایەوە ) کەمێک هاتەوە سەر خۆ وتی دوای دوو ساعاتی تر هەواڵیان هێنا کە د،قاسملوو شەهید بوەوە ، هەموو کەس نارەحەت بوو پێشمەرگە دەگریا. دڵخۆشی خۆمانمان دەدایەوە کە نابێ ورە لە دەست بدەین . ئێمە وتمان هەر ئێستا حازرین هێزی شاهۆ بچینەوە بۆمەنتەقە بۆ تۆڵە سەندەوە .و گەراینەوە لەگەڵ مەڵبەندی یەک هەتا کامیاران ومەریوان ئەوان عەمەلیاتێ زۆر هەروەها هێزەکانی تریش بێستوون ئەوانە عەمەلیاتیان کرد ئەو ساڵەش تێپەری ئیتر شۆرش بەردەوام بوو.
کارەکەی من زۆرتر کاری تەشکیلاتی و شتی وا بوو لە سەدا هەشتای کاری تەشکيلاتي بوو لە بەر ئەوەی کە من خەڵکم دەناسی و مەنتەقەکە بەڵەد بووم .
ساڵی ٦٩ یە و هاوین بوو گەراینەوە لەبەر ئەوەی فشارما زۆر لە سەر بوو ویستما ن بچین بۆ پاوە و ئامادەباشی بوو ، لە نجار کەوتینە کەمین دوایی گەراینەوە بۆ قسڵان ویستمان بچین بۆ (ترەماس) لە بەمۆ و تەدارکات بێنین و بگەرێینەوە لە سەرتەکی( بەمۆ) مقەرمان هەبوو دەبوا بچیتە بەرزایی بۆ تەماس وەڵاهی تەماسمان گرت و شەو لە مقەر ماینەوە و بۆ بەیانی هەر وا لە دەوری مەقەرەکە دەسورامەوە وتیان کە ئێرە پاک کراوەتەوە لەو دیویی کەپرەکەی مام یەدە ویستم ترێ لێبکەمەوە هەموشیان دەچونە ئەوێ ، ئاوا دەستم بەرز کردەوە پەلێک بێنم هەندێک ترێ لێ بکەمەوە وەڵا یەکسەر چوومە بە ئاسمانا ، مینێک تەقی پێما لە تەنیشت کەپرەکەی مام یەدێ ، هەر لەوێ دەسرەیەکم دەر هێنا و لاقەکەم بەست و بە پێشمەرگەکانم وت کە وەرن لاقم پەریوە، وەرن بەمبەنەوە وەڵا (کاک باوا) هات منی بە کۆڵەوە گرت و ئەوانتر رێگاکەیان بە سەرەنێزە پاک کردەوە و هێنامیانەوە مەقەر ، هیچی لێ نەبیوو بمبەنە خوار و ئەو رۆرژە (منع تەجەموع) بوو یەک ماشێن نەدەهات هەر چی بێسیم مان دەکرد وتیان کە (منع تەجەموعە) ، هیچ وەڵا لەو کاتە دا سەیارەیەکی عەسکەریەی عراق هات ، یەکدانە جووندی تێدا بوو پێشمەرگەکان چوون بەریان پێگرت و وتیان بریندارێکمان هەیە بیبە خوارێ وتی وەڵا ناتوانم مەعمورێتم هەیە ئەگەر بگەرێمەوە زابتەکەم ئێعدامم دەکا وەڵا بە زۆر هێنایان . وەڵا منیان هێنایە قسڵان ئەو کاتە دوکتورێکی سەرەتایی هەبوو دکتوور تاهیر بوو بەرەحمەت بێ ئەویش هەر بە مین شەهید بوو ، لاقمی پانسمان کرد و منیان برد بۆ سولێمانی شەوێک لە سولێمانیە بووم زۆر ئەزیەت بووم ئەو بەشەی بەنجەکانم نەمابوو . وەلا بەیانی زوو بردیانم بۆ قەندیل لەوێ بیمارستانی خۆمان هەبوو و دوکتوورەکان هاتنە سەرم د.پیل بوو د.محێدین بوو ئەوان چاویان لێ کرد وتیان کە دەبێ عەمەل بکرێ وەڵا کەمێک سەرەوەی کوێزینگی قاچمیان بریەوە ، لە خەستەخانە مامەوە و دوای ماوەیەک چاک بوومە و دوای چوومە ئاسایشگا ، بیست شەو لەوێ مامەوە و دوای هێنایانمەاوە بۆ قسڵان دوای دوومانگ ناردیانم بۆ ئەوەی کە لاقی مەسنوعیم بۆ دروست بکەن ،لاقیان بۆ دروست کردم ئیتە هێرش بۆ سەر قسڵان بەردەوام بوو ئێمەش هاتین بۆ دەربەندیخان و ناوتاق ، لەوێ وتیان تۆ ئەنباردا بە ، دوای ئەوە لە ناوتاق ساڵی بەسەر دا نەهاتەوە کە ئەوێش تۆپاران کرا ئەوێشمان لە دەست دا هاتینە باینجان ئێستا زۆر درێژە دەمهەوێ کۆتایی پێ بیێنم . لە باینجانیش ئەو شەبەکە و شتانە دەهاتن ، لێیان دەکوژرا و لە ئێمەش شەهید دەبوو لە سەیتەرەکان کەمینیان دادەنا و و ترۆر دەستی پێکرد لەدوایش دا ئێمە هاتین بۆ کۆیە ئازادی و ماڵم ئەو ماڵە بوو کە ئێستا مالی مەتی فریشتەیە، وەڵا دوای ماویەک حیزب بریاری دا کە ئێمە کەم ئەندامەکان کە دەوروبەری بیست (٢٠) بنەماڵەیەک بووین ناردیانین بۆ هەولێر و لەوێ خانویان بۆ گرتین و وتیان کە دوایی دەتاننێرین بۆ دەرەوە ئێتر لەوێ هەر ماینەوە و ماینەوە و ئێستاش هەر لەوێین. ئێستاش لەگەڵ بنەمالەکەم لە کورانی عەنکاوە دەژیم .لەم ماویانە دا قاچم بوو بە برین و گۆشتی زیادەی هێنا وتیان کە دەبێ دوبارە عەمەل بکرێ ، لە نەخۆشخانەی ( تەواری رۆژئاوا)(٣٠١١٢٠١٣) لاقیان عەمەل کردم ، دەوری دە تا پازدە سانتیان لێ بریوەتەوە ،دوای بیست و سێ ساڵ دوبارە بریانەوە.
کوردستان میدیا: ناخۆشترین و خۆشترین بیرەوەریت چییە؟
سەدیق عارفی: خراپترین کاتی ژیانم کاتێک بوو کە هەواڵی شەهید بوونی د. قاسملوویان پێ داین، هەر چەند ناخۆشیم زۆر دیتوە، بەڵام ئەویان ناخۆشترینە و ئەوە خەسارەتێکی گەوەرە بوو لە کورد درا هەر چەند دوایش دیسان زەربەیەکی تریشمان هەر وا خواردەوە ، کە ئەویش شەهید بوونی د. سادق شەرەفکەندی بوو. خۆشترین خاترەم ئەوەیە کە وتیان کە کەرکووک ئازاد کراوە ( دیسان بوخز گەروی گرت) وتی کە ئەوە خۆشترین کاتی ژیانم بوو.
کوردستان میدیا: کاک سەدیق ئێوە لە ژیانتان دا چەرمەسەری و بەدبەختی زۆرتان کێشاوە ئایا پەشیمان نیت؟
سەدیق عارفی: نەخێر جێی ئیفتیخارە بۆ من کە پێشمەرگایەتیم هەڵبژاردووە و جێی شانازیمە ، هەرچەند بەهۆی منەوە بنەمالەکەم توشی دەربەدەری بوون،. منداڵەکانم هەندێکیان بە نەخوێندەواری مانەوە ، نەیان هێشتووە کە خوێندنی بەرز بە دەست بێنن ، نەیانهێشتەوە کارێکی باشیان هەبێ و بە بێ سەرپەرەست گەوەرە بوون ، سەرەرای ئەوانەش ئیفتیخاخێکی گەورەیە بۆ من کە بوومە پێشمەرەگی حیزبی دێموکرات.
کوردستان میدیا: ئەگەر جارێکی دیکە کات بگەڕێتەوە بۆ دواوە ئایا دووبارە هەڵی دەبژێریتەوە؟
سەدیق عارفی: لە پێشدا، وەسیەتم ئەوەیە بۆ بنەماڵەم کە لە رێگەی کوردایەتی بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هیچکات لانەدەن ، بەڵام بۆ خۆم ئەگەر (٧) جاری دەیکە بمرم و لە دایک ببمەوە ئەو رێگایە هەڵدەبژێرمەوە و هەتا خوێن لە بەدەنی من دابێت هەر پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبم.
کوردستان میدیا: چ شتێک وای لە تۆ کردوە کە دووبارە و چەند بارە ئەو رێگایە هەڵبژێرییەوە؟
سەدیق عارفی: حیزب رێگایەکی رێکی هەڵبژاردەوە و منیش ئەو رێگایەم بە ویستی خۆم هەڵدبژاردووە.
کوردستان میدیا: بنەماڵەی تۆ بەبێ تۆ ژیانیان بردۆتە سەر ئەوان لە سەر تۆ و رێگاکەت چۆن بیر دەکەنەوە؟
سەدیق عارفی: ئەوان ئیفتیخار دەکەن بە پێشمەرگایەتی من، ئەوان لەوانەیە گلەیی لەمن بەکەن لەبەر ئەوەی بژیوی ژیانم بۆ جێ بەجێ نەکردوون ( ئەوە جاری سێهەمە کە گریان بەر بینگی پێ دەگرت) من قەرزداری ئەوانم قەرزداری منداڵەکانمم (گریان نەیدەهێشت کە وشەکان بەباشی بڵێ) نەمتوانیوە وکوو منداڵی خەڵکی بەخێویان بکەم ، من مەدیوونی ئەوانم بەس مەدیوونی کورد نیم چونکە هەرچیم کردووە لەڕێ کورددا کردوومە، بەڵام مەدیوونی خێزانم و کچەکانم و کورەکانمم، من کوردایەتیم لەوان پێ گرینگتر بوو بۆیە دەستم لەوان بەر داوە.
کوردستان میدیا: ئاواتت چییە؟
سەدیق عارفی: ئاوات و ئامانجی من ئەوەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەر بکەوێ و حکوومەتێکی دێموکرات و خەڵکی لە ئێران و کوردستان پێک بێت و خەڵک لەچەرمەسەری، ترس و تۆقاندن رزگاریان بێت، هەروەها بچمەوە بۆ گوندەکەی خۆم، دەرەهەجیج کە ئێستا چۆڵە خانە باخێک بۆ خۆم دروست بکەم و تێیدا بژیم.
کوردستان میدیا: چی بە نەوەی داهاتوو دەڵێی؟
سەدیق عارفی: وەڵڵا بە خەڵکی خۆمان دەڵێم بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ کار و جینایەتەکانی کۆماری ئسلامی لە قاو بدەن و هەردەم رێگای کوردایەتی بە منداڵەکانیان وەبیر بهێنەوە.
سپاس بۆ ئیوە کاک سەدیق کە لەم وتووێژەدا ئامادە بوون.
وێنەکان/ سەلاح نادری