"an independent online kurdish website

پرسی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە هەر لە سەردەمی هەرکام لە دابرانەوەکانەوە خولیای کادیران، ئەندامان، دۆستان و لایەنگرانی کۆمەڵە و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان بووە،Jafar-Ilkhanizadeh

و هەتا باڵە لێکترازاوەکانی کۆمەڵە لێکترازانەکانیان درێژخایەنتر و گرژتر بوەتەوە ئەم خولیایە نەک هەر  دانەمرکاوە بەڵکو بە پێچەوانەوە هەوڵەکان گرژتربونەوە و داوا و داواکاری، هاتوچۆی کەسانی دڵسۆز و بەخەم بۆکۆمەڵەو بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و هەروەهاجموجۆڵ لە ناو خۆی ئەم باڵانەی کە بە ناو کۆمەڵەوە هەڵسوڕانیان هەیە چرتر بوەتەوە.

تەنانەت پرسی یەک گرتنەوە زۆرجار بوەتەهۆیەکی سەرهەڵدانی کێشە و ناکۆکی لە ناو هەمو باڵەکانی کۆمەڵە دا. باشە بۆ مێژوئاماژە بەوەبکرێ کە: هەمیشە لایەنی دەسەڵاتداری ناو حیزبەکان بون کە مانیع و بەربەست بون لە ڕێی ئەم داخوازە دڵسۆزانە گشتییە و هەمیشە کادیران و ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی کۆ مەڵە بون کە ئەم داخوازیەیان هێناوەتە ئاراوە وهەوڵیان بۆداوە،و هەرجارێکیش وڵامی سەخت و گرژ و نەیارانەیان بە نیسبەت حیزبی مۆقابیل و تێکۆشەرانی ڕیگەی یەکگرتنەوە، لە لایەن کەس یان کەسانێک لە ئاڵقە ئەسڵیەکانی ناو دەسەڵاتی حیزبەکانەوە، وەرگرتوەتەوە، بەڵام بەوەشەوە دیسانیش کۆڵیان نەداوە.

 ئەوەی کە هانی دام ئەم هەڵوێستەیە لە کاتیکدا کە شادیەکی تەم و مژاوی و پڕلەدڵەڕاوکێ سەبارەت بەم پرسە لەئارادایە  بڵاو کەمەوە، ئەم دەنگۆیانەن کە سەبارەت بە لێکنزیکبونەوەی نێوان دوباڵی کۆمەڵەوە (ک ش ز ك ئیران) و (ک زک)لە سەر مێدیا گشتیەکانەوە دێ و دەچێ و خۆشحاڵیەکی چاوەڕوانکراوی هاوپێچ لەگەڵ نیگەرانی و دڵەڕاوکێ لێکەتۆتەوە.

دیارە ئەم دەنگۆیانە لە حاڵەتی دەنگۆ تێپەڕ بون و بون بەهەواڵی تەئییدکراو لەتوێی راگەیاندنێکی بیناوەرۆک دا وئەوەەش یەکێکی ترە لەم هۆیانە کە هانی دام بو دەربڕینی بە ئاشکرای ئەم هەلوێستە.

بێگومان هەرجیابونەوەیەک هۆگەلێکی تایبەت بەخۆی هەیە کە بە یارمەتی شەڕایتی زەمانی و مەکانی تایبەت کە ئەم دابڕان و جیابونەوەانەتێیدا رودەدەن، دەبنە هەوێنی ئەم پەرەم پەرەم بون و لێکدابرانانە،دەبێ بڵێم بە داخەوە تائێستا هیچکام لەو دابڕانانە نەیان توانیوە وڵامدەرەوەی ئەم دروشمانەبن کە لە کاتی جیابونەوەکاندابەڵینیان دراوە و خەڵکانێکیان لەدەور کۆکردۆتەوە.

 هییچکام لە جیابونەوەکان(ئێینشیعابەکان) نەیان توانی لە چوارچێوە و شیوەکار و سۆننەتە حیزبییەکانی  پێشوی ناو حیزبە ئەسڵیەکە کەخۆی بەتایبەت یەکێک بوە لە هۆکاری دابڕانەکان، بێنە دەر وخۆی لێ ڕەها کەن،وا دیارە کە ئەم شیوە کارە بۆیە هاتوە کە بمێنێتەوە و نەڕوا،بۆیە هاتوە کە هەروا خەسار لەسەر خەسار لەپاش خۆی بەجێ بێڵێ و دابڕان بەشوێن دابڕانی لە بکەوێتەوە.

 هیچکام لە جیابونەوەکان نەیانتوانیوە سنوری گەورە بونەوە و پان وبەرینتر بونەوەیان بگەیێنە تەنانەت ڕادەی ئەم کاتەی حیزبەئەسڵیەکەیان بەجێهیشت، بەڵکو بە پێچەوەانەوە هەر رۆژ کە هاتوە لێیان دارژاوە و رویان لەکەمی کردوە، ئەم جیابونەوانە هیچکام سەرکەوتو نەبون وئەوئامانجانەیان نەپێکا کەلەسەری جیابونەوە ،هەڵبەت ئەوەبەمانای حەقانیەت و مەەشروعیەت دان بەحیزبە ئەسڵیەکە نیە وبەڵکو تەنیا دەتوانی بەمانای نیشاندانی قەتیس مانەوە لەناو جەغزی دەورێکی باتڵ لەناو ئەم حیزبانەدا دا بێت،یان خۆ دەتوانی ڕادەی لاوازی ویستی ڕێبەرانی ئەم جیابونەوانە بۆ بەدیهێنانی ئاڵوگۆڕی ڕاستەقینەو بنەڕەتی نیشان بدات. هەربویە زۆری پێناچێت بەشوێن هەر جیابونەوەیەکدا شەپۆلێکی نوێ لە بەر‌هەڵستکاری و ناکۆکی سەبارەت بەم شیوەکارە حیزبیانە سەرهەڵدەداتەوە و هەرهەمان داستانی هەمیشەیی تێکرار دەبێتەوە:  زۆر نابا کە ڕەخنەگران لەم سوننەتگەلە حیزبی و شێوەی دەسەڵاتداریەتیەی ناوحیزبەکەیانا دێنەوە دەنگ و زۆر ناخایەنێ کە ئەم ڕەخنەگرانە دیسانەوەش  بە: تەوتیئەگەر، دژ بە حیزبەکەی خۆیان، دژ بە یاسا و ڕیسای حیزبەکەیان کە لە فڵان کۆنگرەدا بڕیاری لەسەردراوە، سەر بەشوێنێکی گۆمانڵیکراو، نەیار و پلاندارێژ بۆ کەمکردنەوەی ئیعتیباری ڕیبەری مەشروع، و هتداتاوانبار دەکرێن، و ئەو ڕیبەریە زۆری پێناچێت لەبیر خۆی دەباتەوە کە هەرکاتی خۆی درۆست هەر ئەم رەخنانە لە شێوەکاری حیزبی و چەند جیاوازیەکی تری سیاسی و نەزەری بو کە بون بە هەوێنی تئۆریزەکردنی ئەم جیابونەوانە.

ئەو ڕیبەریە کە ئاوا بێرەحمانە و بێ بەزییانە هاوسەنگەرانی تائەمڕۆی خۆیان دەدەنە بەر تۆپ بارانی تانە و لۆمە و وەپاڵدانی هەرنەشایەد و نەبایەدێک کە پێیان وایە لە کۆڵ ئەم ءیعترازانەیان دەکاتەوە، لەبیرخۆیانی دەبەنەوە کەهەرکاتی خۆیان ئەوانیش گلێی ئەوەیان لە هاوسەنگەرانی پێشوی خۆیان دەکرت کە: بۆختانیان بۆساز دەکەن ، درۆیان بۆ هەڵدەبەستن، وەک دژی حیزبەکەی خۆیان دەستەبەریان دەکەن،بە هەوڵدان بۆ بوغزاندنی رێبەری تۆمەتباریان دەکەن ،دەیاندەنە پاڵ نەیارانی حیزبەکەوە، سەر بەم و بەو لایەنە گۆمانلیکراوەیان دەناسێنن،تۆمەتی نەپاراستن و دەڵاندنی نهێنیەحیزبیەکانیان  ئاراستەدەکەن و هتد. میژۆ دوپاتدەبێتەوە و دوپات دەبیتەوە و دەڵیی ئەم دوپات بونەوانە تەوەاوبونی نیە و ئەم دەرگایە هەرلەسەر ئەم پاشنەیە دەسوڕێتەوەوبەداخەوە لەهەر دوپاتبونەوەیەکیشدا کۆمەڵەیک کەس و کەسایەتی بە خەسار دەچیت و نائومێدی و دڵساردبونەوەیەکی زۆر دەخاتەوە ناو دۆستان و لایەنگران و دڵسۆزانی بزوتنەوەکەوە و لە ئاکام دا هەربزوتنەوەکەیە کە وەک زەرەمەندی سەرەکی ئەم جیابونەوانە دردەکەوێ.

هەرکام لە جیابونەوەکان بەداخێکی زۆرەوە خەسارێکی گەورەبوە بۆ بزوتنەی شۆڕشکێڕانەی خەڵکی کوردستان وهەرئەم خەسارانەن کەبونەتە هۆکاری ئەم ڕادەیە لە ویست و خواستی یەکگرتنەوە. خۆ ئەگەر هەرکام لە جیابونەوەکان بیانتوانیبا ببن بەسەرچاوەی ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لەناو کۆمەڵگادا و سیاسەتێکی دروست و شیاوی سەردەم بگرنە بەر و لەباری کاری ڕێکخراوەییەوە ئاڵوگۆڕی بنەڕتی پێکبینن و حیزبێکی سەردەمانە بنیاد بنێن، وهەروەها بەئاشکرا لە حیزبەکەی لێێ جیابونەوە رولەگەشەتر بایەن و لەپانتایی سیاسەتیناوچەکەدا نوێ ئاژنتربوایەن و مۆریخۆیان لەسەرئالوگۆڕە ناوچەییەکان دانابایە، چ جای داخوازی یەکگرتنەوە دەماوە؟ کێیە بیەوێت کە ئەم حیزب و ڕەوتەڕولەپێشەی باوەڕی پێیەتی بەرەو دوابەرێتەوە.

 ئەگەر ویستێکی ڕەوا بؤ یەکگرتنەوە لەئارادایە، لەو ڕاستیەوە سەرچاوە دەگرێت کە هیچکام لە جیابونەوەکان نەک تەنیا نەیانتوانیوە سنورە چۆنی و چەندیەکانی(کەیفی و کەمی) ڕەوتیپێشوی خۆیان تێپەڕ کەن بەڵکو بەداخەوەو بەپێچەوانەوە بەشێک لە سەرمایە ئێنسانیە باشەکانی بزوتنەوەکەشیان سوتاندوە و  لەدەست داوە(هەڵبەت ئەوە بڵیم کە جیابونەوەکەی ک ش ز ك ئێران لە حیزبی کۆمۆنیست و ڕیکخرای کوردستانیەکەی ئەم  حیزبە(کؤمەڵە)  جیاوازیەکی بەرچاوی لە گەڵ دابڕانەکانی دواتر هەبو، ئەم جیابونەوەیە سەرەڕای کیشەی حیزبی ،کۆمەڵێک جیاوازی نەزەری و سیاسیش تێیدا دەوری سەرەکیان هەبو وهەر لەسەرەتاوە روتێکردنێکی بەربڵاو بەرەو جەرەیانی تازە جیابۆوە خۆی نیشان دا، و ئەم جەرەیانە تازەیە دە چو تا مۆری خۆی لە سەرئاڵوگۆڕە ناوچەییەکان دابنێت .هەرلەسەرەتاوە بوبە چێی ئۆمێد وموتمانەی خەڵکانێکی زۆر و هتد.. بەڵام زۆری پێنەچو کە سوننەتەرەخنەلێگیراوەکان دزەدەکەنەوە ناو ئەم حیزبەتازەبوژاوەوە و دەرگاکە هەر دچێتەوە سەر پاشنەژەنگاویەکەی یپێشوی خۆی ،بەڵام ئەمجارەیان بە بی حوزۆری زۆرێک لا کادیرانی خۆشناو بە ئەزمونی کۆمەڵە، کە خۆی ئەم بۆشاییە یەکێک بوەلە هۆگەلە سەرەکیەکانی سەر‌هەڵدانەوەی سوننەتە زیانبارە کانی زاڵ بەسەر ڕێبەری کۆمەڵەداو بگرە بەرەو پاش چونەوەی ک ش ز ک ئێران. زۆرێک لە سۆننەت و عادەتی باش و دێمۆکراتیکی ناو کۆمەڵە ش بە هۆی کەم بونەوەی هەڵگرانی ئەم سوننەتە باشانە لە ناوک ک ش ز ک ئێراندا لە باشترین حاڵەتی خۆیدافەرامۆش کران دەنا بۆ بەرژەوەندی تاک و کۆی بەرێوەبەری حیزبەکە بەفەرامۆشی سپێردران و تیئوری سەیر و سەمەرە و بیدعەتی زۆرزیانباریان بۆ لەبیربردنەوەی داتاشی).

دیارە ئەوانەی ئاماژەیان پیکرا بەشیێکی زۆرکەم لەخەسارەکانی ئەم جیابونەوە و لێکدابڕانانەن،کە خواستی لێکنزیکبونەوە و یەکگرتنەوە دەکاتە خواستێکی ڕەوا و بەپەلە، جونکو لە ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی لە ئیران و ناوچەکەدا ئەم پەرەم پەرەم بونە دەبێتە هەڵگری ئاکامێکی تراژیک بۆ بەشی دیمۆکراتیک و حەقخوازی بزوتنەوەکە بەگشتی و لەوێشدا بۆ کۆمەڵە بە تایبەتی.

بەڵام چ تەزمین وبەڵێنیەکی جێی باوەڕ لەئارادایە کە ئەم یەکگرتنەوانە نەکەونەوە ناو دەوەریبێپایان و  باتڵی دابڕان-دابڕان- یەکگرتنەوە-دابڕان؟

چ شتێک بوە هۆی دابڕان و چ ڕویداوە کە ئاوا نزیکبونەوە و یەکگرتنەوەیەک دەکاتەوە ئاجێندای کاری رێبەرایەتی ئەم حیزباەوە؟

کام لێکۆڵینەوە و خەسارناسی سەبارەت بەم دابڕانانە کراوە و ئەگەر کراوە ئاکامەکانی چی بون؟ و چ ئیتمیناێک لە لایەن یارانی غاری پێرێ و دۆژمنانی بەخوێنی سەر تینوی دوێکە و “دۆستانی” ئەمڕۆ وە لەئارادایە کە هەموان دڵخۆشکات و دڵەڕاوکەکان بڕەوێنێتەوە،بەڵین بدات کە هۆگەلی دابڕنەکانیان دۆزیوەتەوە و لەسەری کۆدەنگن و ڕابگەیێنێ کە:هۆ دۆستان و خەمخۆران و حەقخوازان و هۆ کرێکاران و زەحمەتکیشان و خەڵکی چەوساوە و ڕەنجدیدە و زۆلملێکراوی کورد و هۆ بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردوان، مۆژدەتان دەدەینێ کە سەرچاوەی نەخۆشیەکەمان بینیوەتەوە و خەسارناسیمان کردوە و گشت لایەکمان لەسەر دیاردە و ئاکامەکانی ئەم خەسارناسیە کۆکین و ئێستا بە ڕاشکاویەوە دەزانین کە سەر چاوەی ئەم زامانەی گشتلایەکمانی ئازار داوە چیە و ڕیگاچارەشمان بۆ دۆزیوەتەوە و دەیخەینە بەرچاوتان و دڵنیاتان دەکەین کە تازە بەروە دابڕانی لەم چەشنانە ناڕۆین.

هۆی داوا و هەوڵ و کۆششی بەردەوام و ڕەوای جەماوەرێکی زۆر لە کادیران و ئەندامان و لایەنگران و دۆستان و خەمخۆرانی بەئەمەگ و لەخۆبۆردو بو یەکگرتنەوە رؤشنە: زۆربەیان هەر لەهەوەلەوە پاساوێکی گۆنجاویان بو ئەم دابرانانە بەدی نەکردوە و هەرلەهەوەڵە ئەم دابڕانانەیان لە مێشکی خۆیاندا خەسارناسی کردوە و زەرەر و زیانەکەیان هەستپێکردوە و هەرلەهەوەڵەوە و تەنانەت هەر بەر لەجیابونەوەکان هەوەڵیان داوەبەربەم لێکترازانانە بگرن بەڵام سەرکەوتو نەبوۆن و ئەوەی بۆیان ماوەتەوە زامی قوڵی خەم و خەفەتی ئەم خەسارانە بوە.

 زۆر کەس بەداخەوە لە پڕۆسەی ئەم دابڕانانەدا و بەهۆی ئەم  دابڕانانەوە دۆستی چەندین و چەند ساڵەیان بوەتە دوژمنی و دڕدۆنگی، و تەنانەت بەداخێکی زۆرەوەدابڕان لە زۆربنەماڵەشدا  هەربەم بۆنەیەوە ڕویداوە. زۆرێک لە دۆستانی گیانی گیانی دوێکە کە تەنانەت بۆ پاراستنی گیانی یەکتر حازر بون گیانی خۆیان لەدەست بدەن، ئەمڕۆ دەبنە نەیار و دژ بەیەک. تراژێدیای سیاسی و حیزبی لەتڕاژێدیای ئینسانی دا ڕەنگدەداتەوە، ئاڵقەی دۆستایەتی و پێوەندیە عاتیفی و کۆمەڵایەتیەکان هەر دێت و تەنگتر دەبیتەوە و دۆستان و هاوڕێانی تازەش هەر زۆر زو توشی ئەمدەردە دەبنو خۆی ئەم تیراژێدیانە ئاسەوارگەلێکی قورس و دریژخایەن لە سەر کەس وکەسایەتیەکان دادەنێ، پڕیشکەی ئەم ئاگرە زۆریک لەبنەماڵەکانیش دەگرێتەوە. زۆرێک لە منداڵان و گەنجانی ناوبنەماڵەکان کە تا دوێکە بە هەواڵان و هاوسەنگەرانی دایک و باوکیان دەکۆت مامە وخاڵە و پورێ ووو. ئێستا لەبەرانبەر ئەم پرسیارە بێ وڵامانەیاندابیدەنگ دەبن کە چی بو؟ بۆچی وای لێهات؟ ئەو مام و پور و خاڵە خۆشەویستانە چیان لێهات و بۆچی ناکرێ ئێستا هاتو چۆیان بکەین؟ و دەیان و سەدان لەم چەشنە پرسیارە دێت و دەچیت و بێ وڵام دەمێننەوە و دیاردەی بێ بڕواییوەک خۆرە دەکەوێتە گیانی ئەم نەسلەوە ولە نیهایەتدا ئەوەی کە هەمیشەیی و دایمی لەبەرچاوان دەمێنێتەوە وئاسەوار بەجێ دێلێ تەنیا و تەنیا زامەکانی ئەم خەسارانەن کە ئەم دابڕنانە لە سەرجەستەی کۆمەڵە و بزوتنەوەی حەقخوازانەی کوردستان و لەسەر جەستە و ڕەوانی ئینسانەکانی داناوە.

ئەم خەسارانە و دەیان و سەدانی تر کە پێویستی بە خەسارناسیەکی بەرپرسانە و کارزانەنە هەیە دەبی بمان خاتە ئەم بڕوایەوە کە لە سەر هەر روداوێکی پێوەندیدار بەر چارەنوسی کۆمەڵە و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەئ کوردستانەوەبە چاوی ئاوەڵا و بەدور لە ئێحساساتەوە بڕوانینە قازانج و زەرەی هەر روداوێک و لەوانە دیاردە و پرسی یەکگرتنەوە. نابی ئێحساسات و ئەو فەزا خۆڵقاوەی تابیعی ئەم ئێحساساتە کە بەتایبەت لەلایەن کەس یانکەسانێک لەناو ڕیبەری ئەم حیزبانەوە و بەمەبەستی تایبەت و لەباشترین حاڵەتدا کەمتر دڵسۆزانە و زۆرتر لەبەرژەوەندی تاک یان ئاڵقەیەکی بچوک لە ناو رێبەری حیزبەکاندا خۆی دەنوێنی، بەرچاومان بگرێ، ونابێ بمانخاتە ئەم  تەنگژەیەوە کە دەربڕینی هەر چەشنێک لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بەحەق و دڵسۆزانەمان وەک دژایەتی یان کەم بڕوایی بە یەک گرتنەوە لە قەڵەم بدرێت،نابێت بەرژەوەندی بچوک و حەقیرانەی کەس یان کەسانێک بکرێتە پێوانە بۆ بەدەربەست بون یان نەبونمان بە نیسبەت پرسی یەکگرتنەوە. زۆر جار دەبیسترێت و دەکوترێت کە هەر چەشنە لێک نزیک بونەوەیەک لە هەردابڕانێک باشترە، ئەمە دەتوانی بۆ ماوەیەکی زۆر کورت و کاتی راست بێت، بەڵام زۆری پێنەچێت کە دابڕانێکی تر و خەسارێکی تر و نیگەرانی و نائۆمیدییەکی تری بەدواوە بێت و ئەم جارەیان بە دانانی ئاسەوارێکی بە ئاشکرا  لە جارانی پێشوی خۆی قولتر و کوشەندە تر، دیسانەوەش بمان هەژێنێتەوە.

نابێت  مەجال بدەین بەرقی کاتیی یەکگرتنەوەیان لێکنزیکبونەوەیەکی سەرچاوەگرتو لە بەرژەوەندی بچوک و حەقیری تاکە کەسی، مەترسی دابڕانێکی دوبارەی داپۆشراو لە ژێر ویترینی رازاوەی میدیایی دا داپۆشێ وئەم مەوجە بەمەبەست سازکراوە بەرچاومان بگرێت و بێخەممان کات لە مەترسی دابڕانێکی چاوەڕوانکراولە داهاتویەکی چاوەڕوانکراودا، هەر ئەم بەڵایەی کە بەسەر شایی و لۆغانەکانی پێشودا هات.

ئێستا بە شوێن ئەمدابڕانانەدا پرسیاری سەرەکی زۆرکەس ئەویە و دەبێت ئەوەبیت کە:هوی دبڕانەکانی پێشو چ بون و ئێستا کامێک لەم هۆکارانە وڵامیان وەرگرتوەتەوە و کامیان هاتونەتە سەر قسەی کامیان؟ جیالە بەرژەوەندی تاکەکەسی چ شتێک ڕوی داوە کە ئەم لێکنزیک بونەوانەی خستوەتە ئاجێندای ئەم حیزبانەوە. ئەم پرسیارانە بو راگرتن یان شل کردنەوەی پرۆسەکە نیە بەڵکو بە پێچەوەانەو بۆ گەیشتن بە ئامانجی بەرزی دورکەوتنەوەیە لەدابڕان و یارمەتیدەرە بۆ گەیشتن بە نزیکبونەوەیەکی ڕاستەقینە و لەئاکامێکی کورت خایەنیش دا یەکگرتنەوە و سەریەکخستنەوەی هەموماڵی کۆمەڵە. بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە قسەوباسی کەسانی ئاگادار سەبارەت بەم دانیشتنانەدا بەدی دەکرێت،نەبونی هەرچەشنیک لەخەسارناسی و گفتوگۆیە لەسەر هۆگەلی چیابونەوەکان دیارە نەک بەمەبەستی سەرکۆنە و پەنجەکیشانی لایەنێک بۆلایەنەکەی ن تر بەڵکۆ ڕاست بەپێچەوانەوە بۆدابین کردنی تەزمینێکی درێژخایەن بۆ پاراستنی یەکیەتی ئەم حیزبە تازە پێکگەیشتوە و لەبەین بردنی زەمینەو ژینگەی لەبار بۆ هەر هەوڵیکی نوێ بۆ دابڕنێکی نوێیە.

ئەم خەسار ناسیە و بەشوێن داگەڕانە بۆ هۆگەلی دابڕانەکاندەتوانی تاڕادەیەکی زۆر تموح و بەرژەوەندە شەخسیەکان بخاتە ڕو و بەربەستیان پێبدا و دەتوانی ئەم دلەڕاوکێ و پرسیارانە وڵامداتەوەکە:

ئایا ئەم پەلەپڕوزە بۆ بەگەیشتن بەنزیکبونەوەیەکی بێناوەرۆک لە لایەن هەرکام لەلایەنەکانەوە، بەر لەوڵامدانەوە بە خواست و ویستی ڕەوای یەکگرتنەوە، کۆششیک نیە بۆ سێبەرخستنە سەر گیرو گرفتە سیاسی و حیزبیەکانی ناو خۆیان؟ ئایا ئەمە هەوڵ و تەقەلایەکی بێسەمەر و زەرەرمەند لەلایەن ئاڵقەی بچوکی دەسەڵاتدارانی ناو حیزبەکان بۆ سەر کوت و دەمکوت کردنی ئۆپۆزیسییۆنی  ناوخۆیان نیە؟ ئایا دەبیرکۆللی حیزبیک کە دەست دەداتە دەرکردنی دو کەس لەدێرینەترین کادیرانی حیزبەکەی و شمشیری دامۆکلێسی دەرکردنیشی بەسەر ژۆمارەیەکی یەکجار زۆری تریش لەکادیران و ئەندامانی ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیەوە هەڵاوەسیوە، دەتوانێ ئەم مۆتمانەیە بدات بەخەڵک کە ئەم حیزبە مۆجاهیدینیەی بەشوێنیەوەیەتی لە سبەینێی یەکگرتنەوەدا پەلناکێشێت بۆ ئەم کەسانەی  کەتادوێنی وەک دۆژمن چاوی لێدەکردن وئێستا کەوتونەتە بەردەستی؟ ئایا ئەم کەس یان ڕیبەریە دەتوانێ بۆ خەڵک و هۆگرانی یەکگرتنەوە و بۆلایەنەکەی تر بە ڕؤشنی تەوزیح بدات کە چارەنوسی ئەوان دوای ماوەیەکی کۆرت چی بەسەردێت،هەڵبەت ئەگەر لایەنەکەی تر ئەم لێک نزیکبونەوە سیرفەن تەبلیغیەی ئێستا مەنتیقی لێ دور نەخستبنەوە و ئەم پرسیارە بە نیسبەت خۆیان چارەنوسسازەوە، بێنە ئاراوە.

ئایا لایەنەکەی تر بیری لەوەکردۆتە کە ئەوان خریکن دەکرێنە پردەبازی سەرکوت و دەمکوت کردنی هاوڕێیانێک کە لە داهاتوی نزیکی یەکگرتنەوەەیەکیلەناو کەوانەقەول دراودا دەبنە هاورێی حیزبی ئەوانیش؟ ئایا ئەوانیش لە دابینکردن وچەسپاندنی ئەو زمان ئامانە دا هەر لەئێستاوە بەشدارن و دەبنە شەریک یان هەڵوێست دەگرن و هەر لەئێستاوە جیاوازی خۆیان سەبارەت بە دیاردەی زمان ئامان بەیان دەکەن؟ ئایا ئەوان ڕیگە دەدەن کە ببنە پردەبازی سەرکوت و دەمکوت کردن وئایا خۆیان بەر سەر جەنازەی جیاوازبیرانی ئەم لایەنە لە کۆمەڵە دا باز بدەن و ببنە شەریکی ئەم دیاردە دزێوە؟ ئایا ئەوان ببنە هیزبۆ تەواو کردنی پەردەیەک لە نمایشنامەیەکی ناسەرکەوتو و دەستپێکردنی پەردەیەکی تری هەرلەسەرەتاوە بێ تەماشاچی؟

ئایا دەبیر کۆللی کۆمەڵەی  زەحمەکێشانی کوردستان کە ڕادەگەێنێ کە “هەردولا لە سەر شیوە کاری حیزبی هاوڕان” هاتوەتە سەر ئەوەی کە کار بکات بۆ کردنی کۆمەڵە بە حیزبێکی مۆجاهێدینی و لەسەر ئەوە لەگەڵ لایەنەکەی تر کۆکن؟ و ئەگەریش کۆکن لایان وایە کە دەتوانن ئاوا بە ئاسانی و سادەیی کۆمەڵە لە گرێژنە بەرن؟ و لایان وایە هەروا بە سادەیی ڕیگەیان پێدەدرێت ئەم کارە بکەن؟ من گومانم هەیە لەوەی  کە ئەم شێوە دەرکەوتنە لەڕاگەیاندنەکاندا غەیری تەبلیغاتێکی کەم ناوەرۆک و بێ تەئسیر شتیکی تربێت، بەڵام هەرئەوەش کەم نیە بۆ لەباربردنی هەوێنی یەکگرتنەوەیکی ڕاستەقینە. ئایا بەڕێزیان دەتوانی ئەمە بۆحیزبەکەی خۆیان ڕون کاتەوە کە چون ئەساسنامەیەکی کە لەکۆنگرەدا دەنگی پێدراوە و لەوێدا بە ئاشکرا  ڕەوابونی فراکسیۆن لەناو حیزبەکەیاندا مۆردەکرێ و ڕیگەپێدراوە، لە گەڵ لایەنەکەی تر کە بە ئاشکرا لە پەیڕەوی ناوخۆیی (ئەساسنامە)کەیدا باس لە رێگەپێنەدران بە  فراکسیۆن دەکرێت(مەگەر لەماوەیەکی زۆر کورتی دەوروبەری کۆنگرە)، لە سەر شێوەکاری حیزبی کۆکن؟ کام ئەساسنامەیە کە قەول وایە ببێت بە پەیرەوەی ناوخۆی مەرجەع؟ ئایا ئوسوڵی حیزبایەتی حوکم ناکات کە گۆڕینی خاڵێکی ئاواگرینگ لە پەیرەوی ناوخۆی حیزبەکە پێویستی بە کۆنگرە یان کۆنفراسێکی حیزبی هەیە؟ یان ئەوان ئەم نوێنەرایەتیەیان لە کۆنگرەوە پێبەخشراوە کە بتوانن ئەم سازشانە بکەن؟  ئەم پرسیارە روی لە هەرکام لە دەبیرکۆڵی هەردوک حیزبەکەیانئ هەردوک لە هاوڕێیان عەبدۆللا مۆهتەدی وعومەر ئێلخانیزادە یە، ئەم دو هاوڕێ یە  بەرپرسیارن لە وڵام دانەوەی ئەم پرسیارە بە هاوڕێیانی حیزبی خۆیان( ئەگەر هەردوک لایان ولامیان ئەوەنەبێت کە ئەساسنامەکەی ئەوانە کە دەبێت بە مەبنا ومەرجەع).

لە کۆتایی دا هیودارم کە نزیکبونەوە و لەئاکامدا بەیەکگەیشتنە و تێکەڵبونەوە ی حیزبەدابڕاوەکانی ناو ماڵی گەورەی کۆمەڵە بە ئاقار و ڕێوشوێنێکی شیاوی کۆمەڵە و بزۆتنەوەی شۆڕشگێڕانی کوردستاندا بچێتە پێش و گشت لایەک خۆیان لە م پڕۆسەیەدا بە بەشدار و سەهیم بزانن. گشت لایەک بە بێ بەرچاوتەنگی حیزبە چکۆلەترەکەی خۆیان بیر لە کۆمەڵەیەکی گەورە و  حیزبێکی گەورە و جێی مۆتمانەی خەڵک بکەنەوە. بیر لە ئاکامی وێرانگەری شکستی ئەم پڕۆسەیە بکەنەوە و کارێک بکەن کە ببنە مایە دڵخۆشی بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردوانی کۆمەڵە و هەموسەربەرزانی تێکۆشەر و ئازادیخواز و حەقویستی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان. لێکنزیکبونەوە بکەنە هەوێنێکی باش بۆ داهایویەکی گەش کە تێێدا سەرکەوتن مسۆگەر بکات. هیوادارم کە تموح و بەرژەوەندی کەس و گروه لەم بوارەدا مەجالی پیشوەجون پەیدا نەکات و دڵسۆزانی ئەم بوارە مەجال بە هیچ تاک و گروه  و کەس وکەسایەتیەک نەدەن کە ڕێگای ڕونی داهاتویەکی ڕون بۆ کۆمەڵە و بزوتنەوەی کوردستان بکەنە پردەبازی سیاسەتی لەئاکامدا ناسەرکەوتو.

کۆمەڵە موڵکی هەمو ئەو کەسانەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەردیكیان لەسەر بەردێک بۆکۆمەڵە دانابێت و دارەدارەیان بەکۆمەڵەکردوە و لەگەوربەون و گەرەبونەوەی دا تەنانەت بۆماوەی ساتێکیش  بێت لێبڕاوانە بەشدار بون. کۆمەڵە مۆلکێ هیچتاک وگروه و دەستە و حیزبیک بەتەنیا نیە بەڵکو ماڵی هەموانە، با بە گشتمان بۆ نوێئاژەن کردنەوەی ئەم ماڵە پیرۆزە هەوەڵ بدەین.

ئایا ئەمشیوە هەڵسوکەوت کردنە لەگەل پرسی یەکگرتنەو کە لەلایەن کاربەدەستانی هەردوک لایەنی کە بەناوکۆمەلەوە هەڵسوڕانیان هەیە ڕیگەیەکی بیگەڕانەوەیە کەئاکامەکەی دەبێتە یەکگرتنەوەیکی  مسۆگەر؟  یان ڕیگەیەکی ئاکام هەڵدیرە و هەرلەسەرەتاوە بەرژەوەندی حەقیری شەخسی پێوەدیارە؟ من لە نەبون و بەشداری نەدانی لایەنەکانی ترو کادێرانی لە مێژێنەی کۆمەڵە لە م بوارە هەستیارەدا دێمە سەر ئەوباوەڕە کە ئەوەی ڕاستی بیت من نیگەرانی ئەوەیانم و بەناسینێکی کە لە کەسایەتیەکان و پرۆسەکەم هەیە ئاڵترناتیڤی دوهەمە کەزیاتر چاوەڕوان کراوە و  ئازارم دەدا.

جعفر ئێلخانیزادە

٢٠١٤/٠٢/٠٧

بابەتی پەیوەندیدار


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی