"an independent online kurdish website

لە پێناو کوردایەتیدا

سەرەتای وەزی بەهار بوو، بریسکە و گرمەی هەورە تریشقەی یەک بە دوای یەکدا سام و هەیبەتی تایبەتیان خستبووە سەر وڵات.

باران بە خوڕە دەستی  پێ کردبوو، لافاو بە ڕق و قینەوە پێش خۆی دەبڕی!

بارام’ بەپەلە لە پەنایەک دەگەڕا خۆی تێ هاوێ. ئەویش لەم کاتەدا نزیکترین شوین هۆدەی وەستا ‘سوارە’ بوو. بە ڕاکردن خۆی گەیاندە بەر دەرگایەو بەبێ لە دەرگادان چوویە ژوور.

وەستا هەرکە چاوی بەبارام کەوت لەبەری هەستا و بەپیرییەوە چوو.

 بارام دوای سڵاو بەدەم پێڵاو داکەندنەوە گوتی:

ـــ وەستا دەبێ ببووری هەروا بەبێ ئاگاداری سەرم داخست و هاتمە ژوور، لێم بەعار مەگرە ئەم بارانە کتوپڕە تەواوێک سەری لێ شێواندووم!

وەستا بەروویەکی خۆش گوتی:

ـــ قسەی لێ مەکە! یاخوا بەخێر بێی! بۆ ئەوەی سەرما لێت نەدا هەر ئێستا سۆبەت بۆ هەڵدەکەم، ئەتۆش خێرا جەلەکانت داکەنە و بە کاوەخۆ ویشکیان کەوە!

بارام جلە تەڕەکانی داندو پاش کەمێک چاوگێران بەنێو ژوورەکەدا چاوی بە وێنەیەکی لە قاب گیراوی وەستای کەوت کە هی سەردەمی لاوێتی بوو. دەست لەبەر پشتێنددا، چەکمە تاکوو سەر ئەژنۆیان هەڵکشاو، قیت و قنج لەنێو باغچەیەکدا راوەستا بوو

بارام روو بە وەستا پرسی:

ـــ وەستا ئەم وێنەی بەدیوارەوە هەڵتواسیوە، لە کوێت کێشاوە؟

وەستاش چاوێکی لە وێنەکە کردو بەدەم پێکەنینەوە گوتی:

ـــ بارام  ئەم وێنە یادگارێکی لە بیر نەچووە! نەقڵەکەی زۆر خۆشە!

بارام گوتی:

ـــ وەستا وەک دەبینی ئێستا لەبەر گۆپاڵباران ڕێگای دەرچوونم نیەو بووم بە پەنابەرت. تکایە لە باتی نان و چا باسی ئەم وێنەیەی خۆتم بۆ بگێڕەوە!

وەستا پێکەنی و گوتی:

ـــ وڵڵا بابم پەزیرایشت لێت دەکەم و باسی ئەم وێنەیەشت بۆ دەگێڕمەوە، بەڵام بەمەرجێک هەر ئەوەندەم لە سەر ڕاوەستە، کەترییەکە خەریکە دەکوڵێ، چایەک دێم کەم و جا پاشان!

وەستا پاش ئەوەی چایەکەی دێم کرد. ئەوسا رووی کردەوە لای وێنەکە و گوتی:

ـــ ئەی بابم! یادی ئەوان بەخێر!… لەو رۆژگارەدا کە ئەم وێنەم كێشاوە، هێشتا شوانەوێڵەیەک بووم بەکێوانەوە! و

بارام قسەکەی بڕی و پرسی:

ـــ وەستا حاڵی نەبووم، مەبەستت لە ئەوان کێیە؟

ـــ هەی هوو بۆ نازانی ئەوان کێن؟!

ـــ نا وەڵڵا! چۆن بزانم؟

ـــ ‌حەق بە تۆییە! ئەوان خوێندەوارو زانا بوون.  لەسەڕاو لەبەرڕا بۆ کوردایەتی تێدەکۆشان. ئەوکات کەسانێکی فیرکردە بە ئەوانیان دەگوت سەرلێشێواو و بێ دین! ژاندەرمەو جاشیش وەک داڵ بە دوایانەوە بوون. ئەوەی  راست بێ لە سەرەتادا منیش لێیان دەترسام، لەبەر ئەوەی نەکا لە نێو دۆڵ و لاپاڵاندا لێم قوت بنەوە، دوایەکەش تووشی گێچەڵی ژاندارمانم بکەن. چونکە یەک دوو جاران ژاندارمە لە خوتوخۆڕایی و بەبێ بڵگە هەڕەشەشیان لێ کرد بووم، نەکا ئەگەر هاتوو ئەوان هاتنە لام، بچم نان و پێخۆریان بدەمێ! هەروەها لە هەر جێگایەکیش دیتمن ئیدی زوو شوێنەکەیان بە کوێخای ئاوایی خەبەر بدەم!

بەڵێ، ئەو رۆژە گەیشت! رۆژێک لە نێو خرێک دا دیتم حەوت هەشت کەسی پاکوخاوێن و وێچوو، بەجلوبەرگی کوردی و چەک لە شان لێم قووت بوونەوە

بەپێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی بڵاو دەکرانەوە، هەتا بڵێی پیاویی حیسابی و قسەکانیان زۆر بەڕێوجێ بوو! من بێجگە لەوەی هیچ لێیان نەترسام، بەڵکوو لە ئەو نان و پێخۆرەی پێم بوو، هێنام لە پێشم دانان.

کوێر بم! زۆر برسی بوون، زۆر بە ئیشتیا نانەکەیان خوارد… دوای ئەوەی ناومیان پرسی، ئەوسا وێکرا هەستان و گوتیان:

 ـــ ئێمە دەرۆین، دیسان دەینەوە ڵات، بەڵام دەبێ بەڵێن بدەی لە بارەی ئێمەدا هیچ زانیاریەک بەم لاو ئەولا نەدەی.

منیش بەڵێنمدا!

دوای ئەو رۆژە هەر بەینا بەین لێم پەیدا دەبوونەوە. ئیدی لەگەڵیان ببووم بە هاوڕێیەکی باوەڕ پێکراو. ئەوان قسەی باش و بەنرخیان بۆ دەکردم، تێیانگەیاند بووم منیش مرۆڤم و لە سەر ڕووی گۆی ئەم زەوییە مافم هەیە! جارجاریش بۆ ئەوەی باش حاڵیم کەن، واتای قسەکانیان بۆ شی دەکردمەوە،

 بۆ وێنە دەیانگوت:

ـــ سوارە وای دانێ پووتی خوری بە چل تمەن بفرۆشی. وەک دەزانین فاسونیاش لە خوری دروست دەکرێ؟ گەزی فاسونیا ئێستا لە بازار بەهەشتا تمەنە؟ پووتێک خوری لانیکەم پێنج گەز قاسونیای تێ دەبێ. پێنج گەز قاسونیا لەسەریەک دەکاتە چوار سەد تمەن. ئەگەر چل تمەنی بەهای خورییەکە لە چوار سەد تمەنەکە کەم کەینەوە، دەبینین بەشی زۆری بەهای ئەو بەرهەمەی کە بەرەنج و ئارەقەی نێو چاوانی تۆ پێکهاتووە دەچێتە نێو گیرفانی کەسانێک کە هیچ چەشنە زەحمەتێکیان بە مەڕو ماڵاتەوە نەکێشاوە!؟

هەروا دەیانپرسی:

ـــ دەزانی بۆچی زۆربەی خەڵکی ئێمە نەخوێندەوارن؟

وەڵامم دەدانەوە:

ـــ خودا بەشی وا داون!

دەیانگوت:

ـــ نەخوێندەواری کاری بە بەشی خوداوە نییە! بەڵکوو نەخوێندەواری کەسانی وەک تۆ ویستی دەسەڵاتدارانە! چونکە هەرچی خەڵک نەخوێندەوار بن، ئەوان باشتر دەتوانن خەڵک فریو بدەن و بەقازانجی خۆیان وەک ئامرازێک کەڵکیان لێ وەربگرن!

هەرچەند زۆر بەوردی گوێم بۆ قسەکانیان ڕادەگرت. بەڵام لەبەرئەوەی نەخوێندەوار بووم، باش لە کاکڵی قسەکانیان تێ نەدەگەیشتم، بەڵام لەسەریەک باش لەوە حاڵی ببووم، هەرچی ئەوان دەیڵێن بە قازانجی کەسانێکی وەک منەو

بەخاتری کەسانی ژێر چەپۆکەی وەک منە سنگیان داوەتە پێش گوللە و سەر نێزەی زۆرداران.

بەکاکی خۆم بڵێم، ئەوان زۆر لەسەرەخۆو بە رووحم بوون، ئیدی وام خوو پێ گرتبوون و قسەکانیان وا چوو بووە دەدڵمەوە، بێتوو رۆژێک نەمدیتبان حەجمینم لێ هەڵدەگیرا! هەر بۆیە منیش بە دڵ و گیانەوە چوومە سەر مەڕامی ئەوان. لەگەڵیان بووم بەیەک، لە سەریەک حەوت سوێندم بۆ خواردن کە خەیانەت بە ڕێبازەکەیان نەکەم. پاش سوێند خواردنەکە لە هەر دەرفەتێک کە بۆیان ڕەخسابایە سەردانیان دەکردم و قسەی بەنرخیان فێر دەکردم، منیش بە دزی کوێخا و ژاندارمە بەردەوام نان و پێخۆرم بۆ دەگەیاندنە سەرکانی و نێو دۆڵی چیا سەرکەشەکان

ـــ هەروا چەند مانگێک پێ نەچوو بوو، لە نەکاو قوڵە تفەنگچی دەوڵەت وەک داڵ بە وڵات وەربوون. هاوڕێکانی منیش پاش چەند رۆژ شەڕو بەرگری لەخۆ، سەرەنجام وەبەردەست هاتن و جگە لە خودا کەس نەزانێ بۆ کوێ قوڵپێچ کران!

بە دوای گیرانی ئەوان دا بوو بە ڕەشبگیرو چرپان چرپان. لەم بەینەدا نازانم منیان بەپیاو نەزانی یان چی!؟ هەر کەس بەلامدا نەهات بڵێ” ئەرێ کاکە قوونت چەند جەواڵ کایە دەبا!؟

بەدوای گیرانی ئەواندا لە نێو کێوو بەندەنان وەک کێژانم لێ هاتبوو، لە سۆیانیان ئارام و قەرارم لێ هەڵگیرا بوو، لە هیچ شوێنێک هەدادانم نەبوو!

هاوین بوو، وڵات ئارام ببووە. تاقەتم بڕاو بڕیارمدا بە هەر لەونێک بووە بە دوویاندا برۆم، تاکوو سەرو سۆراخێکیان لێ نەزانم نەگرێمەوە.

یەک دوو سەر شەکەنێرم فرۆشت و بڕێکیش نەغدینەم هەبوو، هەمووم لە با‌غەڵ نا و رووم کردە شار. یەکسەر چوومە لای کوتاڵ فرۆشێکی ناسراو بە ناوی’ میرزا مستەفا’ کە هەموو خەڵکی ئاواییەکانی لای ئێمە سەوداو مامڵەیان لەلای ئەو بوو.

میرزا دەیناسیم کێم بەخێر هاتنی کردم، پاش تاوێک دانیشتن گوتم:

ـــمیرزا دەزانی بۆچی هاتوومە خزمەتت؟ بۆیە هاتووم بەشکەم هەواڵێکم بۆ لە سەرڕووتەکان بزانی؟!

پرسی: بۆچی؟

گوتم: دەمەوێ بەدوایاندا  برۆم، هەتاکوو نەیانبینمەوە، نەگەڕێمەوە!

ئەویش لە قسەکەم حاڵی بوو، خۆی کێشایە بن گوێم و بە سەبرایەک گوتی:

ـــ بابەلێ ئەوە دەڵێی چی!؟ سەرت نائێشێ پرێسکەی لێ دەبەستی؟ کوڕی باش ئەمە کارە کاری پیاوی وەک من و تۆ نیە! پێش دەمی خۆت بگرە و لەخۆڕا خۆت تووشی کێشەی دەوڵەت مەکە! کوڕە دوایە نەڵێی نەیگوت! لێت وەشک کەون، دوایە بەهیچ جورێک لە دەست ژاندەرمان ڕزگاریت نایە! ئێستاش بە قسەی من بکەو لەم هەڵتۆز هەڵتۆزە گەڕێ!

بەڵام من لە سەر بڕیارەکەم سوور بووم! پاشگەز بوونەوەی تێدا نەبوو. هەر بۆیە بەدەم پاڕانەوە گوتم:

ـــ میرزا گیان! من لە هیچ کەسێک ناترسم! نامگوژن؟ با بمکوژن! هەزار بەڵاشم بەسەر بێ، بەدوایاندا هەر دەڕۆم! ئێستاش تکام لە تۆ ئەوەیە، ئەگەر بەجێگایان دەزانی، هەر ئەوەندەم پێم بڵێ لە کۆی بەندکراون و هیچی دیکە!

ئاغا میرزا گوتی:

ـــ وادیارە زۆر کەلەڕەقی!؟ دەزانم هەتاکوو خۆت بەپەلێکەوە نەکەی دەست هەڵناگری!؟ بەرخی بابم! ئەتۆیەکی بێجگە لە دەوربەری شاخ و کێوی دێیەکەی خۆتان و چەند کووچەو کۆڵانی ئەم شارە نەبێ، بە هیچ جێگایەکی دیکەی ئەم دنیا پان و بەرینە نازانی، چۆن دەتهەوێ بچی وەدوای دەستەیەک زیندانی بکەوی کە ئەویش بەچەکەوە لەسەر کوردایەتی گیرابن!؟

گوتم:

ـــ کاک میرزا! قسە هەزارە و یەکیان بەکارە! بە دوایاندا هەر دەڕۆم و گەڕانەوە نییە!

 میرزا پاش کەمێک رامان، رووی کردەوە لای من و گوتێ:

ـــ هەرکەسە قوبڵەی ماڵێ خۆی بۆ خۆی دەزانێ! لەسەر من گوتنە! بەبرای خۆم بڵێم، وەک دەگێڕنەوە ئەو کەسانە ئێستا لەبەندیخانەی ‘قەسری قەجەر’ تاران دەستبەسەر کراون!؟ ئیدی ئەم خەبەرە تا چ ڕادەیەک ڕاستە نازانم!

ـــ ئاغا میرزا ماڵت هەزار بار ئاوەدان! من هەر ئەوەندەم دەویست! ئێستا دەزانم لە تارانن!؟ هەستام بڕۆم.  ئاغا میرزا پرسی:

ـــ وا بە تاڵووکە بۆ کوێ؟

گوتم:

ـــ چۆن بۆ کوێ! دەرۆم بۆ تاران!

پێکەنی و گوتی:

ـــ بۆ پێت وایە تاران لە پشت هۆو تەپکەیە!؟ کوڕی باش! تۆیەکی نەخوێندەوارو ناشارەزا، لە تارانێکی گەورەو هەزار بە هەزاری پڕ لە سەگ و سەگباب، وەڵڵاهی هەر ناگەیە بەر دەروازەی شار جیببڕان ڕووتت دەکەن!

لە وەڵامدا گوتم:

ـــ بە خوڵای میرزا رووتم کەن هەر دەرۆم! ڕووتیشم نەکەن هەر دەرۆم!

ئەویش گوتی:

ـــ گوتن لە من! ئەوەی تۆ بەدوای دا دەگەڕێی کڵاوی خۆارە

گوتم:

ـــ ئاغا میرزا دە سەرتگەڕێم! هەر ئەوەندە زەحمەت بکێشەو پێم بڵێ لێرەڕا چۆن برۆم و لە تاران بچمە کوێ، ئیدی تەواو؟!

ئەویش زۆر بەحەوسەلە ئەوەی پێویست بوو بۆی لە سەر کوتە قاقەزێک نووسیم و سەرزارەکیش گوتی:

ـــ هەر کاتێک بەڕێگات نەزانی و ون بووی، ئەم کوتە کاغەزە بە کەسێک نیشان بدە و ئیلەڵا! ئێستا بچووە کارێژی ‘میهەنتوور’ بە’سوار ئۆترپۆستی ‘گۆجەگۆجە’ بچووە ‘مەراغە’ لەوێشەوە سواری شەمەندنەفەر بەو لە تاران دابەزە! لە تارانیش بە تاکسی بچووە مسافرخانەی ‘حقیقەت’ کە شوێنی کوردانەو باقی پرسیارەکانت لەوێ لە خەڵکانی شارەزای جێی متمانە بکە

 وەستا سوارە بۆ ماوەیەک بێدەنگ بوو. پاش ئەوەی چایەکی گەرمی خواردەوە، ئەوسا کەمێک پێچ و کڵاوەکەی لار کردە سەر نێوچاوانی و بەدەم بزەیەکەوە گوتی یەوە:

ـــ بە کاکە بارامی خۆم بڵێم. هەر وەک گوتم، هاوینێکی گەرم بوو، هەستام لە دووکانی ئاغا میرزای وەدەرکەوتم. بۆ تاوێک لە دەرێ ڕاوەستام فیکرم کردەوە. چ بکەم چ نەکەم لە تاران پێم بڵێن ئەم کابرایە پیاوماقوڵە؟ وەبیرم هاتەوە ماقوڵترین پیاوانی وڵاتی ئێمە کە هاتووچۆی شارو بازارانیان دەکرد ئاغاوەت بوون. ئەوانیش هەرکە دەچوونە ڕاوو شکارو بازاڕان چەکمەیان دەپێ دەکرد. بۆ خۆشم هەر لە مندالی یەوە بە حەسرەت ئەوەوە بووم جووتێک چەکمەم هەبێ کە رۆژێک لە رۆژان پێ یانەوە بچمە شار یان لە ئاوایی بچم لەسەربان راوەستم پۆزێان پێوە لێ دەم.

بەدووکانی پێڵاوفرۆشان دا گەڕام، وەک لە وێنەکەدا دەبینی، ئەو جووتە چەکمە

لاسک دڕیژانەم کڕێ و هەر لەوێ دە پێم کردن، ئەوجار چووم سواری ئۆترپۆست بووم یاڵڵا بۆ مەراغە.

جارێ هەرکە سواری ئۆترپۆستەکە بووم و کەمێک رۆیشت، کاکە خەو دایگرتم، ئەویش چ خەوێک؟ سەرم بە سەر سەرمەوە گیر نەدەبوو، لەو مەودایەدا ئەوەندە وەئاگا هاتمەوە و دیتم شاگرد شۆفیری ماشێنەکە وەبەر نقورچکانی داوم و دەڵێ:

ـــ کاکە!… کاکە!… مەراغە دی، مەراغە دووڕ!

دوایین کەس بووم دابەزیم، وەک گوێلکی قوشقی بێ ئەوەی بزانم بەرەو کوێ دەرۆم سەرم داخستبوو لە گۆترە دەرویشتم! گەیشتمە مەیدانچەیەک، فایتوونێک هات، دەستم لێ هەڵێنا. ڕایگرت! خۆ ترکیم نەدەزانی حاڵی بکەم بۆ کۆی! بە ڵاڵەپەتە، هەر ئەوەندەم گوت:

ـــ  ئیستگای شەمەندنەفەر!…

فایتونچی حاڵی بوو، بە قامک ئاماژەی پێدام، سوار بە!

ئەمنیش سوار بووم، لە پێشدا کرێی لێ ئەستاندم. دوایە دەستی لە بنانگوێچکەی ناو تێی هەڵکردە قەرەباغڵیان و هاوکات چوار ناڵ پێنج شەش جاران بە دەوری مەیدانچەکەدا سوڕاندمی یەوە، ئەوسا هەر لەو جێگایەی سواری کرد بووم، رایگرتەوە و بە دەست و چاو حاڵی کردم دابەزە!

منێش کە دیتم کابرای کەپێوغڵی سوورسوور کڵاوم لەسەر دەنێ، غیرەتم وەجۆش هات، هەر هێندە نەمابوو خۆی پێدادەم و ببێ بەجەنگی مەغلوبە!

کابرا زۆر لەسەرەخۆ قامکی بۆلای عیماڕەتێکی گەورە ڕاداشت و گوتی:

ـــ کاکە جان دەعوا یۆخ! ئۆردا! ئۆردا!

سەری زمانی خۆم کەست و بەخۆم گوت چاک نەبوو بەگژ کابرای کەپێوغڵیدا نەچووم!؟ کوڕە خۆمن هەر لەبەر دەرگای ئیستگای قەتار سواری فایتونەکە بووم!

 بارام گیان! بە پرسینەوە چووم بڵیتی قەتاریشم کڕی. قەتار لای ئێوارێ بە تەق تەق بەرەو تاران وەڕێکەوت، بۆ رۆژی داهاتوو لای چێشتانگاوێکی درەنگ لە شەمەندنەفەر دابەزیم. تاران ئەوەندە گەرم بوو هێلکەت لە بەر تاوێ دانابایە دەبرژی!  کاکە، کۆک و پۆشتە، هەتا سەر سنگ چین لە سەر چین پشتیند، لفکەی سۆرانیم شۆڕ، کەواو پانتۆڵی پەشمی دەرەجەیەک ئەعلا لەبەردا. پێچ و کەڵاو بەلا تیلاکی سەرەوە و چەکمەش هەتا سەر ئەژنۆیان هەڵکێشراو، ئیدی پۆزو ئیفادە عەرابەی کەڵان نەیدەکێشا! بەخۆم گوت:

ـــ سوارە لە نێو ئەم تارانە هەزارە زیلەیەدا قەت دەبینی پیاوێکی وەک تۆ ماقووڵ؟! رۆژتە و جا بزانم چۆن هاورێکانت دەبینی یەوە و لە بەندیخانە ڕزگاریان دەکەی!…” بەڵام لە بنەوەش خەریک بوو هەر دووک پێم دەنێو چەکمەدا لە گەرمان داپلۆخین. لە لایەیکی دیکەوە هەرکە ئاوڕم دایەوە چ ببینم؟ دیتم: عالەمێک لێم هاڵاون بەدەم گاڵتە پێکردنەوە دەلێن:

ـــ دێوانە! دێوانە!…

بەخۆم گوت:

ـــ ئەی بابە! خەڵکی ئەم تارانە ئاقڵیان لە دەست داوە؟! هەتیو مەتیو بە دوامەوە بەدەم گاڵتە پێکردنەوە فیتوویان لێدەدا. باوەڕ بکە هەر دەتگوت بەعومریان کوردیان نەدیوە! لە نێو ئەو هەراو هەنگامەیەدا پاسەوانێکی تەنگە ئەستووری قەپە گۆڵە لێم هاتە پێش، توند جمگەی گرتم و بەدوای خۆیدا لە نێو ئاپۆڕاکە کێشامی یەدەر. بە توڕەیی پرسی:

ـــ کوجا میری؟

منیش خێرا قاقەزەکەم لە گیرفان دەرهێناو گوتم:

ـــ سەرکار گیان! مسافرخانەی حەقیقەت!

ئەویش لە سەر خەیابان دەستی بۆ تاکسێک هەڵێنا و سواری کردم. کابرای

شۆفیریشی ڕاسپارد:

ـــ ئەم کوردە بگەیەنە خەیابانی(…) لە نزیک پارکی شار دایبەزێنە!

کاکە کابرای تاکسی بەنێو تارانێکی گەورەو پڕ حەشیمەتدا لێی خوری بۆ ئەولا نا بۆ ئەملایە! تاکوو گەیشتە جێیەک و رایگرت. بە قامک ئیشارەتی پێدام، واتە دابەزە!

منیش دابەزیم! ئەو رۆیشت. منیش پاش تاوێک بە دەوری خۆدا سووڕانەوە، نەمدەزانی چۆن بڕۆم مسافرخانەی حەقیقەت بدۆزمەوە! ترسیشم هەبوو نەکا دیسانیش خەڵکم تێ وەروکێنەوە و بە بووکم بەرن. سەرباقی هەموو دەردان ئەوە لاقیشم دە نێو چەکمەدا دەکوڵێ! لەو کاتەدا کوڕێک دووربینێکی وینە هەڵگرتن بە لاشانەوە لێم هاتە پێش و داوای لێ کردم، لەگەڵی بچم لە نێو گوڵوگوڵزاری پارکی ڕووبەڕوو وێنەیەک بەو جلوبەرگە دەگمەنەی لەبەرمدا بوو، بکێشم!

ئەمنیش پێشنیارەکەیم زۆر پێ خۆش بوو، بە داوی دا رۆیشتم . وەک لە وێنەکەدا دەیبینی لای ئەو گوڵوگوڵزارە دەست لەسەر پشتێند ئەم وێنەیە یادگارییەم کێشا!… وەستا پێکەنی و گوتی:

ـــ پاش وێنەکە هەمدیسان گەڕامەوە سەرشەقامەکە ڕاوەستام هەرچی دەمکرد کەسم لە دەردی خۆم بۆ حاڵی نەدەکرا!… بارام گیان پیاو ئەگەر دڵی پاک بوو، لە هیچ جێگایەکی ئەم دنیایە پەکی ناکەوێ! لەو کاتەدا کابرایەک لێم هاتە پێش و پرسی:

ـــ برا ئەوە خەڵکی کۆیی؟

گوتم:

ـــ حەک دەبەر ئەم سەرو زمانت مرم! خەڵکی ‘داربەروو’م؟ ئەدی ئەتۆ؟

ئەویش گوتی:

ـــ من خەڵکی کرماشانم. لێرە لە چ دەگەڕیی؟

گوتم:

ـــ زیندانیم هەیە! لە مسافرخانەی حەقیقەت دەگەڕێم!

ئەویش هەرچی هەوڵی دا بەڵکوو ڕێگام پی نیشان بدا، دیتی نەخێر هەر تەپەم لە گوێ دێ، ناچار وەپێشم کەوت و منیش بەدواییەوە پاش هیندێک بەنێو کۆڵان و شەقاماندان رۆیشتن گەیشتینە باڵاخانەیەک و گوتی:

ـــ ئێرە مسافرخانەی حەقیقەتە! ئەوسا چووینە ژوور، تاکوو بە خاوەن مسافرخانەکەی نەناساندم و جێگای خەوی بۆ نەگرتم، بەجێی نەهێشتم.

 پاش ئەو فریشتەی نەجاتە، بۆلای ئێوارێ کەمێک هۆشم هاتبووە بەرخۆ… بێ خەم و خەیاڵ لە دیوەکەم دانیشتبووم، گوێم لێ بوو لە دیوێک ئەولاتر چەند کوڕە جحێڵە بەکوردی لای خۆمان بڵیند پێکەوە قسەیان دەکرد! هەستام چوومە پێش، دەرگای دیوەکەیان ئاواڵە بوو، هەرکە چاویان بەمن کەوت بە ڕوویەکی گەش بۆ ژوور فەرموویان پێگوتم. منیش چوومە ژوور! لەبەرم هەستان. بە ئێحترامەوە بەخێرهاتنیان کردم، دانیشتم حال و جەرەیانی خۆم بۆ گێڕانەوە.

 یەکیان گوتی:

ـــ من پاسەوانێکی کورد دەناسم، سبەی دەچینە لای، ڕەنگە ئەو بزانی هاوڕێ کانت لە کۆ زیندانی کراون.

بۆ سبەی بەیانی هەستاین چووین کابرای پاسەوانمان دیتەوە. ناوی ‘عەیزقوڵی’ بوو. کاکە هەتا خودا حەز بکا، پیاوێکی زیت و وریا بوو! جارێ هەرکە چاوی بەبەرو لیباسی من کەوت، ڕوو بەلای من و چاوێکیش بەلای کوڕەکانەوە، بەدەم گاڵتە پێکردنەوە گوتی:

ـــ ئەوە کابرا بەم گەرمایە ئەم چەکمە درێژانە چیە هەڵت کێشاون؟ دەی ئۆغر!!

وا دیارە تاژی و تووڵە بەدواوە، تەمالت هەستاندووە، ها!؟

منیش گوتم:

ـــ کاکە بە قوربانت دەبم، لە جیاتی ئەم قسانە گوێم لێ ڕاگرە کارم پێتە!

ئەویش گوتی:

ـــ  کابرا هەتا پێت دەنێو ئەم چەکمانەدا نەبووە بەچەوەندەری پیشاو. هەر ئێستا لەگەڵ ئەو کوڕانە بڕۆ لە بازاڕ جووتێک پێڵاوی هاوینی بکڕە و هێندێکیش جلەکانت سووکبار بکە! جا دوایە وەرنەوە بزانم دەڵێن چی

چووین هەرچی عەیزقوڵی گوتبووی وامان کرد. دوایەش گەڕاینەوە لای و حاڵ و نەقڵەکەم بۆ گێڕایەوە.

ئەوێش پاش ئەوەی بەوردی گوێی لێ ڕاگرتم گوتی:

ـــ کاکی برا! ئەو بەندکراوانەی تۆ باسیان دەکەی منیش دەیانناسم. دڵنیات

دەکەم ئەوان لە زیندانی قەسری قەجەر نین. بە ئەقڵی خۆم دەبێ لە بەندیخانەی ‘قزڵ حەسار’ یان لەوانەیە بۆ گرتووخانەی ‘بورازجان’ بەڕێیان کردبن! جا ئەوسا ئەتۆیەکی دەڵێی گوێلی کێژی! نەخوێندەوارو دنیا نەدیتوو! بەتایبەت لە نێو ئەم تارانەدا پێویستت بەکەسێک هەیە ئاگای لێت بێ ون نەبی. چۆن بەم حاڵەوە دەتهەوێ بچی ئەویش زیندانی سیاسی کورد لە گرتووخانان بدۆزی یەوە؟! وەڵڵا تەواوە!! … کاکە بەقسەم بکە! لەباتی ئەم قوڕەکارییە هەر لە سبەی ڕا بچوو بەو ڕێگایەی پێی دا هاتووی، ڕاست بەگەڕێوە دێیەکەی خۆتان و خەریکی پەز و بزن لەوەڕاندنەکەی خۆت ببەوە و تەواو!

خودا کاری عەیزقوڵی ڕاست بێنێ. دیتم قسەکەی ڕاستەو بێتوو ئەم کورە لاوە جوانچاکانە بەفریام نە گەیشتبان لەتاران وەک رێوی کەوڵم لەحاجەت دەکەوت.

بەئاغای خۆم بڵێم! لە تاران دوای چەند رۆژان گەڕان و خولانەوە لەگەڵ کوڕە جوانچاکەکان، رۆژێک چوومە ئیستگای قەتار بڵیتم کڕی و وێنە لە باغەڵدا، بیلامانێ و بیلاتەشبیە، پەرژینێکی قاییم بێ لە ڕووی تۆ! دەست لە گونان درێژتر بەرەو ماڵ گەڕامەوە،

دەڵێن ئەوەی پیاو لە سەفەراندا قاڵ و بەزموون دەبێ، ڕاستە!… قازانجی ئەو سەفەرە لەوەدا بوو، ئەوەی هاورێیانم بە منیان گوتبوو نەخوێندەواری بەڵای سەرەو ژێر چەپۆکە بوون لە ئەو خەراپتر! لەم سەفەرەدا بەکردەوە هەستم پێکرد! هەر بۆیە کاتێک گەڕاومەوە، شوانی یەتیم وەلاناو ماڵم بار کرد چوومە شار، لە شار بەشەو لە مەدرەسەی گەورەساڵان دەستم بەخوێندن کرد. بە رۆژیش لەلای وەستایەک فێری دارتاشی بووم. جا کاکە گیان لە سایەسەری ئەم بروسکە سەوادەی وەدەستم هێنا توانیم کەمتاکورتێک مافی خۆم بناسم و فێری ڕێگای ڕاستەقینەی کوردایەتیش ببم!!

بابەتەکانی تری کاک سیامەند


 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی