له كه‌ناری ده‌ریای خه‌زه‌ر
هه‌ر ده‌ڕ‌وانم ئای كه جوانه
ئای كه ڕ‌وون و گەوارایە
چه‌ند بێ گه‌ردو شین و پانه
كه‌نارێكه مه‌رزه‌كانی دیار نیه
هه‌تا چاوت هه‌ته‌ر ده‌كات
ده‌ریای شینی خوداییە
له به‌ر چاوم ئای زیبایە
هه‌رچه‌ند جوانه‌و لێم دیاره
به‌لام ناگا به‌سروشتی هەواری من
جوان نیە وەکو خاكی دلگیری من
نەده‌ماوه‌ندی لوتكه به‌رز
نه دیمه‌نی هه‌زار ته‌رز
نه هیچ شوێن و هیچ جێگایێ
نە ڕ‌ۆژ‌گاری هه‌رچوار وه‌رز
نه كه‌ناری ده‌ریای خه‌زه‌ر
نه هامۆن و چیای سه‌وزی
نه گولی جوان و چه‌م و لێڕ‌ی
نه باژ‌ێرو گونده‌واری و کۆسارانی
نە جوانیەکەی ناو گەیلانی
وه‌كو سیمای خاكی کوردم زیبا نیه
وه‌ك قه‌ندیل ودۆندی به‌رزم
وەکو چیا‌و ده‌شتی کوردی
هەزارتەرز و دلگیر نیە
هیچ شارێك و هیچ دیمه‌نێ
ئاوا وه‌كو جوانی کوردستانی منا نیە
وه‌كو ده‌شت و كێ‌و و شارم دڵگیر نیه
واده‌زانم ئێروكانه گولخه‌نێكی ناو دۆزه‌خه
نه ده‌بینم كه سێكی خۆم
نه لێم دیاره گوندی جوان و شاره‌كه‌ی خۆم
دوورم له گشت شادی ژیان
دوورم له خڕ خزم و یاران
ئه‌وێ بۆمن فرده‌وسێكی پڕ نه‌وایه
ئه‌وێ بۆ من هه‌وارێكی پڕ به‌هایه
كه‌سێ نیه لێروكانه وه‌كو وێنده‌ر
ساتێ خه‌مم بڕ‌ه‌وێنته‌وه
به داستانه شیرینه‌كان
به وشه‌ی كوردی و شیعری جوان
شه‌وگارانی یه‌لدایی من
بۆ ساتێكیش كه‌م كاته‌وه
له‌وێندەرێ له خاکی خۆم
به هه‌ناسه‌ی خۆشه‌ویستان
هه‌وری خه‌مم ده‌ڕه‌واێه‌وه
چی كه زامی ناو ده‌روون بوو
به شنه‌بای سروه‌ی به‌یان
له بناری مامه ر‌ووتم
له باله‌ك و شاری دیرین
به شومشالی مامه جه‌ژنیم
گشت برین و زامه‌کانم
هه‌توان ده‌بوون
خەمەکانم دەبڕانەوە
ئه‌تۆ بلێی ئه‌م غوربه‌ته‌م
دۆزه‌خێكی تۆله نه‌بێ
گوناهانم به بیانی بوون زیاد کاته‌وه؟
ئه‌تۆ بلێی ئه‌م تاراوگه‌م
هه‌ر له‌و ساته بۆم نوسرا بێ
كه‌وا ئه‌من له دایك بووم ؟
ئه‌من چی بكه‌م به‌خۆم نه‌بوو
چاره نوسم هاته ئێره
بووم به نامۆ‌و كه‌وتمه ئێره
ئێرە بۆمن گولخەنێکی بێ هاوتایە
من ده‌زانم هیچ دیمه‌نی جوانی ئێره
ناگه‌ن به وێ به دیمنی خاکێ جوانم
نه ده‌ماوه‌ند وه‌ك هه‌لگورده
نه شاری ڕ‌ه‌شت وه‌ك هه‌ولێره
له به‌رچاوم هه‌رچی هه‌یه لێروكانه
ده‌لێی كه‌لاوه‌یه‌و پڕ كونده بۆن
ئه‌م كه‌ناره‌ی ده‌ریای خه‌زه‌ر
هه‌لم ده‌گرێ وده‌مباته‌وه
ده‌شتی جوانی هه‌ولێره‌كه‌م
ده‌مباته‌وه به‌ڕانه‌تی و داره‌به‌نی
زێدی منی خەمبارەکەم
ده‌مباته‌وه خه‌رابه‌درا وی هه‌ڤالانم
ده‌مباته‌وه ده‌شتی جوانی قه‌راجه‌كه‌م
ده‌مباته‌وه زورگه زراوم
دەمباتەوە كه‌ندێناوه‌ی دزه‌ییه‌كه‌م
ده‌مباته‌وه شیخ شه‌روان و هێله‌وه‌که‌م
ده‌مباته‌وه شیوه سوورم
دەمباتەوە ده‌شتی جوانی شه‌مامكه‌كه‌م
دەمباتەوە قەراجەکە و مەخمورەکەم
ده‌مباته‌وه گه‌رمیان و سلێمانیه ره‌نگینه‌که‌م
ده‌مباته‌وه بابه‌گوڕگوڕ
شاری دڵ و داگیره‌كه‌م
ده‌مباته‌وه سه‌ر دێمانم
دەمباتەوە سوره‌بان و
گوندی وەلزێی به هه‌شته‌که‌م
دەمباتەوە گۆر مندال و وه‌ڵآشه‌که‌م
دەمباتەوە مێرگەی ڕەنگین
لای تایەر و مەڵا ڕەشم
ده‌مباته‌وه لای چۆمانی باله‌كاتی
ده‌مباته‌وه بێخۆلان و مه‌می خه‌لان
دمباتەوە شێوە زوورە خه‌مگینه‌كه‌م
ده‌مباته‌وه لای هه‌ڤال و یاره‌كانم
ده‌مباته‌وه ته‌شی ڕێسو عاجی ئۆمه‌ران
دەمابەوە زێنوێی شێخی سەربەرزەکەم
دەمباتەوە لای هه‌ڤال و یارانی زووم
دمباتەوە گردمەندیل و دۆندی بەرزم
ده‌مباته‌و ته‌شی ڕێسه سه‌ربه‌رزکه‌م
دمباتەوە سەکرایەتی و لای هەڤالان
ده‌مباته‌وه بادینان و جه‌زیره‌كه‌ی مه‌م و زینم
ده‌مباته‌وه كوردستانی له‌تله‌ت كراوم
ده‌مباته‌وه‌دیاربه‌كرە خەمگینەکەم
دەمباتەوە لای‌قامیشلووە دلگیرەکەم
دەمباتەوە مه‌هابادی زێدی قازی
ده‌مباته‌وه لای بارزانی گەورە مەردم
دمباتەوە بێخاله‌که‌ی نه‌خشینه‌که‌م
ئه‌من چی بكه‌م ده‌ستی قه‌ده‌ر ڕ‌ه‌ش هه‌لگه‌ڕا
هه‌ڵی داشتم بۆ ئه‌م دووره و بیانیە
به‌لام قه‌ده‌ر قه‌ت ناتوانێ
له خه‌یالی وه‌لاته‌كه‌م بێ به‌شم كات
قه‌ت‌ناتوانێ خۆشه‌ویستی
نیشتمانم له‌دڵم كه‌م كات
كه‌س ناتوانێ هه‌ستی به‌رزی
خاكپه‌روه‌ریم دوور كاته‌وه
که‌س ناتوانێ جوانی و
خۆشه‌ویستی وه‌ڵاته‌که‌م
له به‌ر چاوو هه‌ست و دڵم ره‌شکاته‌وه
ئێستاش ئه‌من وه‌ڵاتی خۆم
به‌هیچ شتێ ناگۆڕمه‌وه
خانوه قوڕ‌ی شیناوەکەم
ژیانی گوندی سایه و مه‌می خه‌لان
زۆرخۆشترن له‌ته‌لاری شاكه‌ی ئێران
وه‌ڵاتی خۆم هه‌ر خۆش ده‌وی
نه‌یگۆرمه‌وه به‌هیچ شتێ
لای ماوه‌ت و كانی خاتوون
کانیاوەکەی شێخی بالەک
کەوا کۆدۆی لێ دیارە
ئای شیرین و زۆر دڵگرە
ده‌م روباری سەکرایەتی و چۆمانه‌که‌م
لا م جوانتره له گشت شوێنێ
له دیمه‌نی ره‌شت و گه‌یلانی دوور
جوانتره له دیمه‌ن وکۆسارانی
ڕ‌ه‌نگاو ی‌ه‌نگی ساری و چالوس
هه‌ر جوانێ كه ده‌بینم
سیمای خاكی وه‌لاته‌كه‌م دێته‌وه یاد
ده‌مباته‌وه كۆسارانی
ره‌نگاو ڕه‌نگی وه‌لاته‌كه‌م
كێنده‌ر وه‌كو هەواری من
وا نەشمیل و ئاوا جوانه ؟
كێنده‌ر وه‌كو وەڵاتی من
وا دڵگیرو شادی ژ‌یانه؟
ئای كه‌نه‌فته ژ‌ین له دووری
ئای كه‌سه‌خته ده‌ربه‌ده‌ری
بێ سه‌بووری و پڕ‌جه‌فایه ئاواره‌یی
بۆ خۆی مه‌رگ و كاره‌ساته
بێ هه‌ڤالی و ژ‌ینی دووری
هه‌ر دێمه‌وه هه‌ر دێمه‌وه
وه‌كو جاران لاتان ده‌ژ‌یم
نیشتمانی خۆشه‌ویستم
له ئه‌شكه‌وت و بن زناران
لە سەر لوتكه‌و ده‌شتی یاران
لە سر خاكی بە هەشتی خۆم
بە سەربەستی ژیانی خۆم
هه‌تا من هه‌م به قوربانی
ڕێگه‌ی بەرزی خاکم دەبم
بە قوربانی سەربەخۆیی و شادی دەبم
من پێشمه‌رگه‌ی دار‌و به‌ردی کوردستانم
بە قوربانی چیا‌و ده‌شت و سیمای
جوانی خاکم دەبم
به قوربانی په‌یڤی كوردی شیرین ده‌بم
ئه‌تۆ جوانی و ته‌نیا گولمی
کوردستانی ئەوینی خۆم
تۆ بەهاری هەرچوار وەرزی ژ‌ینی منی
هه‌رچه‌ند دوور بم
له تۆی ئازیزله ناو دڵمی
كوردستانە بەهەشتەکەم
هەر تۆ ژینمی هەر تۆ گوڵمی
تۆئازیزی ئه‌ی وه‌ڵاته خه‌مباره‌که‌م
ئه‌تۆی هه‌موو هه‌ست و بیری ژیانمی
*
1977 له‌دوای كاره‌ساته شومه‌كه‌ی 1975 له ئێران ئاواره بوبووین،له گه‌ل هه‌ندێ براده‌رانی ئازئزو خۆشەویستم وەک کاکە مەلا حەمەدەمین سنجاوی مامۆستا نەجات و مەحەممەد شێخوی هونەرمەند کە بە ئاوازە شیرینەکانی ئەو سەفەرەی ڕەنگین تر کردبووین چووبووینه كه‌ناری ده‌ریای خه‌زره‌ر ، لەو هاوینە دا هه‌رچه‌ند ده‌مڕ‌وانی ته‌نیا جوانی بوو وەدیم ندەکردن،به‌ڵام له ناودڵی منی ئاواره‌دا ئه‌و جوانیانه جێگه‌یان خۆیان هەرگیز نه‌ده‌گرت ، ده‌ریای بێ سنوور و ئاسمانی شین و دیمه‌نی ڕ‌ه‌نگاو ڕه‌نگی ناوچه‌ی گه‌یلان له گەل ئەو دەریاە بێ شین و جوان و دلگێرەوە، لەناو دڵی من دا هه‌رگیز وه‌ك كوردستانه شیرینه‌كه‌م جێگه‌ی نه‌بوو، بیره‌وه‌ریه‌كانی كوردستانی ئازیز و دۆست و یارانم له خانه‌ی خه‌یال دا هه‌میشه ده‌په‌نگایه‌وه، له نامۆیی دا زۆر بێزار ده‌بووم ، یادی نیشتمانه‌كه‌م له كه‌ناری ده‌ریای خه‌زه‌ردا دڵی ده‌کوشیم و ڕه‌نجم ده‌کێشا، سا به یادی کوردستانه‌که‌م ئه‌م هۆزانه‌م نوسیوه و پێشكه‌شه به هه‌موو ئاواره‌كان و گشت ئه‌وانه‌ی كه‌نیشتمانی خۆیان له هه‌موو شتێ لا خۆشه‌ویستر و جوانتره .
ئێران – گه‌یلان هاوینی 1977 كه‌نار ده‌ریای خه‌زه‌ر به یادی ئاواره‌ییمان.