"an independent online kurdish website

ماڵپەری پێشمەرگەکان بە مەبەستی رێزلێنان لە یادی ٦٨مین ساڵیادی شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە کە لەودا پێشەوای مەزنی کورد ” شەهید قازی محەممەد” shehid_haji_qomri

، ” شەهید سەیفی قازی” و ” شەهید سەدری قازی” بە دەستی رێژیمی پاشایەتی شەهید کران ،لەگەڵ خاتوو قومری ساڵحزادە  کچە تێکۆشەری گەلەکەمان و ئەندامی بنەماڵەی بەرێزی شەهیدان  وتووێژی پێک هێناوە.

خوشکە قومری ساڵحزادە ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە هەمانکاتدا ئەندامی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە . لە دایک بووی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان و کچی شەهیدی هەرگیز نەمر” شەهید حاجی عەبدوللا ساڵحزادە”یە. بە هۆی خەبات و تێکۆشانی بنەماڵە شۆڕشگێرەکێیەوە ، روو لە کوردستانی باشوور دەکەن و لە شاری سلێمانی نیشتەجێ دەبن .

 پاش ڕاپەرینە بە شکۆکەی باشووری کوردستان و ئازاد بوونی بەشێکی نیشتمان ، دەزگای تیرۆری کۆماری ئیسلامی دەکەوێتە گەڕ و بەسەدان کادر و پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگر  لە بزووتنەوەی رزگاری خوازی گەلی کورد و بەتایبەت لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دەستی خۆفڕۆشانی خۆماڵی شەهید دەکات . یەکێک لەو شەهیدە سەربەرزانەی گەلەکەمان شەهید حاجی عەبدوڵا ساڵحزادەیە . بەدوای شەهید بوونی کاک  حاجی عەبدوڵا ، خوشکە قومری و بنەماڵەکەی تێکۆشەرەکەی روودەکەنە هەندەران و لە وڵاتی دانمارک دەگیرسێنەوە . ئەندامانی بنەماڵەی شەهید  حاجی عەبدوڵا لە دانمارک سەرلەنوێ لە ناو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەست بە خەبات و تێکۆشان دەکەنەوە .

 

پ – خوشکە قومەری ئەگەر بکرێ ، کەمێک باسی خۆت و سەردەمی مناڵی و بەتایبەت ئەو ساڵانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و دواتر کە چوونە باشووری کوردستان و ژیان و  گوزەرانی رۆژانەتان بکەن .

و- سەرەتا سوپاستان دەکەم کە بە بنەماڵەی شەهیدان و تێکۆشەرانی حیزب بە سەر دەکەنەوە. کەم تا کورتێك ئازار و ژانی دووری ووڵات و غوربەت کەم دەکاتەوە بەوەی کە هێشتا لە بیری هاوسەنگەران ماووین و نەچووینەتە دنیای لە بیر چوونەوە. هیوادارم ئەمە هەنگاوێك بێت بۆ هەر ئەندام و تێکۆشەرێك کە دابڕاون لە تێکۆشان ، بێنەوە مەیدان و ببێتە دڵ گەرمی هاوسەنگەران تا بتوانین ریزەکانی ناو شۆڕش یەکبخەین بە تایبەت بنەماڵەی دێمۆکراتی شۆڕشگێڕ کە هیوای دوا ڕۆژی زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستان و کوردە، وە هەروەها بەرهەمی خوێنی شەهیدانە.

هەر کەس لە ئێمە وەک کورد نەمانبووە کە ئاوارەی و ماڵوێرانی نەدیبێت. چ پێش شۆڕشی ئێران و چ سەردەمی پاشایەتی ، بە تایبەت هەر بزووتنەوەیەک یان سەرهەڵدانێك هەبووایە ڕژێمی داگیرکار هەمیشە هەوڵی داوە سەرکوتی بکات و لە ناویان بەرێت، بۆیە هەر ئەو سەردەمە و  باوکم کەوتە زیندانەکانی ڕژێمی پاشایەتی. ئەو کاتە و دوور خرایەوە لە زێدی باو و باپیری و ماوەیەکی لە زینداندا مایەوە ئەو کاتە من تازە لە دایک ببووم .

تا سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران کورد و گەلانی ئێران کەمێك حەسانەوە. بەڵآم زۆری نەبرد ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی کردەوە بە قەتڵ و عامی خەڵکی کوردستان بە ناوی جیهاد و ناموسوڵمان بوونی نەتەوەی کورد لەو بەشەی داگیرکراوی کوردستاندا. من ئەو سەردەمە لە پۆلی دووی سەرەتای بووم ،شەڕی سێ مانگەی سەقز و بە ڕۆژانە سەدان لاوی کورد لە سێدارە دەدران و دەیانویست دەنگی کورد و ئازادیخواز کپ بکەن. بەڵام نەیانتوانی بۆیە ئەو کاتە زۆربەی زۆری شارەکان لە دەستی پێشمەرگەی کوردستاندا بوو. ئەگەرتەنها باسی ناوچەیەکی کوردستان بکەم کە خۆم تێیدا بووم و گەورە بووم بمبوورن چونکە زۆر زانیاریم نی یە .

ئەو کاتە دیسان باوکم بە تاوانی ضد انقلاب واتە دژی شۆڕش دەستگیر کراو کەوتە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران و حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو. پاش ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر و دوای چەند مانگ ئازاد کرا، پاش ماوەیەکی دیسان حوکمی دەستگیر کردنی درایەوە و ئەم جارەیان سەد لە سەد حوکمی لە سێدارەدانی بە سەردا دەسەپێنرا ، بۆیە هەر ئەو کات هاوڕێیەکی باوکم کە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی هاوسەنگەری بوو  و ئێستا جاشی کۆماری ئیسلامی بوو فریای کەوت و پێی ڕاگەیاند کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جێ بێڵێت بە زووترین کات . لە ساڵی ١٩٨٠ نزیکەی ساڵێک دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بوو. بۆیە هەر ئەو کاتە باوکم هەموو شتێکی بە جێ هێشت وتەنها خۆی و ماڵ و منداڵی و دایکێکی بە تەمەنی هەڵگرت و ڕێی شاخی گرتە بەر. بەرەو باشووری کوردستان بەڕێکەوتین. ئەو کاتە من پۆلی سێی سەرەتای بووم ، لە سلێمانی گیرساینەوە و باوکم برمیەوە بۆ قوتابخانە و دەستم کردەوە بە خوێندن .لە سێی سەرەتای دەستم پێ کردەوە. ئەو کاتە ئێمە منداڵ بووین بەڵام هەستی نەتەوایەتی لە دڵ و دەروونمان چەکەرەی کردبوو بۆیە دیسان لە باشوریش بێ دەنگ نەبووین و ئەو کاتە براکەم دەستی کرد بە کاری سیاسی.  سەرلەنوێ ژیان بۆ ئێمە لە باشوور سەخت بووەوە .بۆیە هەمیشە لە دڵە ڕاوکێ و ترسدا دەژیان، بەڵام چونکە باوەڕێكمان هەبوو بۆیە لەوەش سڵمان نەدەکرد. منیش هەر ئەو کاتە سەرم نایەوە بەر خوێندن و زۆر جار لە چالاکی قوتابخانەکان بەشی شانۆ چالاکیم دەکرد تا سەرەتایم تەواو کرد کە گەورە بووم لە زۆر لە چالاکیەکان دابڕام بە هۆی باری ڕامیاری لە باشور کوردستان کە لە پێشدا ئاماژەم پێ کرد چونکە نەماندەتوانی بە تەواوی لە ناوچەیەک جێگیر ببین، هەر لە ژیان بەردەوام بووین تا ڕاپەڕینە مەزنەکەی باشووری کوردستان و کەمێك ئازادیمان دیت بەڵام زۆری نەبرد ئەو ئازادیەشمان لێ زەوت کرا. بە هۆی بارو دۆخی ئەو سەردەمەی باشووری کوردستان و دەست تێوەردانی داگیرکەرانی دەورو و بەری کوردستان و ناردنی سوپا و بە کرێگیراوانی کوردستان بۆ ئەو بەشە ئازادکراوەی باشوری کوردستان و بە دوا کەوتنی ئۆپزسیۆنی ڕۆژهەڵات و ئێران و تێرۆر کردنیان کە ئێمەش لەو کارەساتە بێ بەش نەبووین وەک زۆربەی زۆری تاکی کورد و ئازادیخواز. باوکم دەستڕێژی گوللە کرا و ڕۆژی رەش نەیهێشت لە بەری رەنچ و ئازادی بەشێکی داگیرکراوی کوردستان بخۆین و تێیدا بحەسێینەوە. لە سەرەتای ساڵی تازە ٢/١/١٩٩٦ کە هەموو خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی ساڵێکی نوێیان دەکرد جەژن و خۆشی بگرن بەڵام بۆ ئێمە بەشمان فرمێسک و خوێن ڕشتن بوو. دوای ئەو کارەساتە لە بیر نەکراوەم کە تەنها خۆم و دایکێکی بە تەمەن و خوشکێکم بووین. من و خوشکم سەرقاڵی خوێندن بووین لە کۆتایی خوێندنی دوا ناوەندی بووین .دوایی هەردووکمان پەیمانگامان هەڵبژارد بە مەبەستی بەردەوام بوونمان لە خوێندن. بۆیە ئەو واتە خوشکم ( شەیدا)  پەیمانگای بەشی مامۆستایانی تەواو کرد و منیش پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی. تەنانەت لە ووڵاتی کوردستان نامۆ بووین و خاوەنی هیچ شتێك نەبووین. تەنانەت لەو ڕۆژەدا خاوەنی کیانی خۆشمان نەبووین. ناچار شەهیدی نەمر کاکا سەید مەنسور کە ئەو کاتە بەرپرسی مەقەری سلێمانی بوو پێشنیارم پێ دام کە بتوانین باشور بە جێ بێڵین و ڕوو بکەینە هەندەران تا ژیانێکی تازە و ئازاد هەڵبژێرین، بۆیە منیش قسەکەیم قەبوڵ کرد و ڕووم کردە بارەگاکانی سازمانی نەتەوە یەکگرتووەکان تا بتوانی  وڵاتی سێهەم هەڵ بژێرین و کەمێك پشوو بدەین.  بە ناچاری و جارێکی دیکە غوربەتمان هەڵبژارد بۆ ژیانێکی ئاسودەتر . هەر چەندە غوربەت ژیانێکی دژوارە بە تایبەت بۆ کەسانێك لە لە ناخی نەتەوە و گەلدا هەڵقوولاوون زەحمەت بوو. بەڵام ژیان وەها بوو دەبوو قەبوڵمان کردبا.

haji_abdola

پ –  بەر لە هاتنە دەرەوەتان بۆ دەرەوەی وڵات ، هیچ جۆرە چالاکییەکی سیاسی و یاخود مەدەنی و بەتایبەت لە پەیوەندی بە خەباتی ژنانی کوردەوە بووە؟

وەو- چالاکی سیاسی ؟نا نەمبووە ، بەڵام وەك چالاکی مەدەنی ئەندامی ڕێكخراوی یەکێتی خوێندڤانان ووڵاتپارێزێن کوردستانێ و لە بواری ڕۆشنبیری و هونەریش لە گەڵ مەڵبەندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامیا بووم .

پ- خوشکە قومری کەمێک باسی شەهید حاجی عەبدوڵامان بۆ بکە ، پەیوەندی ئێوە و بەتایبەت خۆت وەک کچی ئەو نەمرە لەگەڵیان چۆن بوو ؟

‫و- دیارە من وەك کچی گەورەی باوکم و کە دووهەم منداڵم  لە دوای براکەم ، هەمیشە  لەگەڵی زیاتر هەستم  بە نزیکایەتی دەکرد ، بۆیە زۆر جاران کە دەچووم بۆ چالاکیەکانی بەشی ڕۆشنبیری، هەوڵم دەدا لە گەڵ خۆم بیبەم و هەوڵم دەدا هەمیشە وەك هاوڕێیەک ڕەفتاری لە گەڵدا بکەم . ئەو کەسێکی دێمۆکرات بوو . هەوڵی دەدا نەک تەنها منداڵەکانی خۆی پێ بگەیەنێت و بیانخاتە بەر خوێندن ، بەڵکو هانی هاوڕێکانیشی دەدا کە هەول بدەن منداڵەکانیان پێ بگەیەنن.  ئاستی ڕۆشنبیریان زیاد بکەن. بە تایبەت کچان ، چونکە ئەو هەوڵی دەدا کچەکان دەستپێشخەر بن لە بەرەو پێش چوونی نەتەوە و کۆمەڵگا و خۆیان ڕۆشنبیر بکەن . بۆیە هەوڵی دەدا بۆ ئێمە ، زیاتر لە ئەرکی باوکایەتی خۆی گرتبووە ئەستۆ ،  زیاتریش هەوڵی دەدا لە بواری ئابوری یارمەتیمان بدات بۆ ئەوە پلەکانی خوێندن تەواو بکەین .ئەو کەسێکی زۆر ئازادیخواز و نەتەوەیی بوو .جیاوازی نەدەکرد لە نێوان بەشەکانی دیکەی کوردستان وەک کورد و وەک مرۆڤیش ماڵی هەمیشە لانەی غەریبان بوو ە . پشت و پەنای هەموو کەس بوو.

پ – وەک ئێمە ئاگادارین ، باوکی ئێوە بە بەرچاوی بنەماڵەکێیەوە کەوتە بەر هێڕشی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی و شەهید کرا ، لەو کاتەدا ئێوە لە کوێ بوون ؟ دەتوانن چۆنیەتی ئەو رووداوە بگێڕنەوە ؟

‫و- وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ، سەرەتای ساڵی تازەی ١٩٩٦ بوو.  ئەو کاتە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران هەلی باشتری بۆ ڕەخسابوو کە باشوری کوردستان بکاتە مۆڵگەیەک بۆ بێ دەنگ کردن و کپ کردنی دەنگی نەیارانی لەو بەشەی کوردستان و هێزە ئۆپزسیۆنەکانیش لە زۆر بواردا چالاکیەکانی خۆیان ڕاگرتبوو بۆ ناو خۆ بۆ پاراستنی ئەو دەستەکەوتەی کە باشووری کوردستان پێی گەشتبوو . بۆیە دوژمنانی کورد ئەو هەلەشیان قۆستەوە و باشوریان کردە خەڵتانی خوێن . بە ڕژاندنی خوێنی برا کوردەکانی ڕۆژهەڵات هەر لەو ماوەیەدا زۆرێک لە هەواداران و چالاکانی ڕۆژهەڵات کەوتنە بەر دەستڕێژی گوللەی تیرۆریست پەروەرانی کۆماری ئیسلامی( لە ناوجەرگەی بازاری شاری سلێمانی بەردەم نەخۆشخانەی ئیمیرجنسی ئەو کاتە) ، ئەو سەردەمە تەنانەت خوای مەزنیش بارانی نەهێشتبوو بۆ دەغڵ و دان و جوتیارانی کورد . لە هەموو ڕوویەکەوە نەهامەتی باڵی کێشابوو بە سەر ژیانی گەلدا و ئابڵۆقەی ئابووری لە هەڵکشاندا بوو، ئاغای ئیتلاعات و بەرپرسی قەرارگەی رەمەزان هاتە سلێمانی ووتارێکی دا بە خەڵکی ستەمدیدەی شاری خۆراگری سلێمانی . چەند کەسێکیان تیرۆر کرد و بوونە قوربانی ڕێگای ئەو ئاغایە ،بۆیە هەر ئەو خەڵکە ساویلکەیە ناویان نا” ئاغای مطری” واتە ئاغای باران و خێر و بەرەکەتی هێنایە کوردستانەوە بارانی باران، بەڵام نەیانزانی کە ئاسمان دەستی کردە گریان بۆ ڕژاندنی خوێنی بێتاوان. سێ ڕۆژ پێش باوکم لە قەندیل بوو .  چووبوو بۆ سەرەخۆشی شەهیدان عەلی رەش و کاک غەفوور.

haji_abdola1

من ئەو کاتە پۆلی شەشی ئامادەی زانستی بووم ،لە یەکێك لە قوتابخانەکانی شاری سلێمانی تاقیکردنەوەم هەبوو ، لەو قوتابخانەیەش کەم کەس منیان دەناسی. کاتژمێر نزیکی یەکی دوانیوەڕۆ بوو . مامۆستایەک هات و بە هەموو پۆلەکاندا گەڕا تا ئاخر پۆل گەیشتە لای من و بە گوێی مامۆستاکەیم چرپاند قومری کامەیە؟ دوای ئەوە بە منیان ووت وەرە بچۆرەوە بۆ ماڵ، منیش ووتم با تاقیکردنەوەکەم تەواو بێت ئەو کاتە دەڕۆمەوە، ووتیان براکەت لە ئەلمان گەراوەتەوە. دەیەوێت بتبینێت .منیش زەردەخەنەیەکی چاو پڕ فرمێسک دروست بوو بۆم  ، بۆیە ووتم دەی با دوایی برۆمەوە .ووتیان نا ،گوێ بە تاقیکردنەوە مەدە، ئیمە خۆمان ئەوە چارەسەر دەکەین . ئیتر من تێگەشتم کە شتێك ڕووی داوە، بۆیە بە پەلە خۆم گەیاندە دەرەوە دیتم دوو کەس لە دراوسێکانم هاتبوون بە دوامدا .رۆحم باوەری نەدەکرد .بێ گوێ دانە بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستاکانم خێرا خۆم گەیاندە لای ئەو دوو کەسە وپرسیم چی قەوماوە تکایە. بە پێکەنین ووتیان هیچ نی یە، کاکەت لە ئاڵمان گەراوەتەوە . دەمێکەیە نەیدیوویت ، دەیەوێت بتبینێت. بەڵآم من هەر ترسم لێ نیشتبوو.  دوایی کە چوومە ژوور بۆ لای بەڕێوەبەر ، هەر چەندە بەڕێوەبەرەکەمان زۆر جدی و توند بوو و کەم قوتابی دەیوێرا لە ئاستیدا قسە بکات. کە رۆشتم ترس لە گیانم بە تەواوی ڕۆچووبوو ، بۆیە هەر بە بێ ترس لە بەڕێوەبەر ووتم تکایە چی بووە، ئەویش ویستی خۆی بە جدی توڕەی نیشان بدات ووتی ئەوانە کێن هاتوون بە دواتا، منیش ووتم دراوسێمن، تەواو شڵەژابووم زمانم لاڵ بووبوو. ئیتر ئیزنیان دام و ڕۆشتم دیتم تەکسیەک ڕاوەستاوە . ئەوەی ڕاستی بێت دیسان ترسام چونکە نەفەرێکی دیکەیان لە گەڵ بوو نەمدەناسی . کە باسی براکەمی دەکرد زۆر ترسام ،  ئەو جا بیرم کردەوە لەوەی کە ئەمە پلان نەبێت بۆم دادەڕێژن . لەم لاشەوە دەمووت خوایە هیچ نەبوبێت . لە گەل کابرای دراوسێم قسەم دەکرد و خۆم ئامادە کردبوو ئەگەر دوور بمبەن خێرا دەرگای سەیارەکە بکەمەوە و خۆم  فڕێ بدەمە دەرەوە چونکە دراوسێکانم بە جێیان هێشتم. تەنها ئەو نەفەر کە نەمدەناسی مایەوە لە گەڵ سایەقی تەکسی، دوایی برمی بۆ گەرەکێك لە گەرەکەکانی سلێمانی بۆ ماڵێك کە بە داخەوە ئەویش هەر لە گەڵ باوکم تیرۆر کرابوو . هەموو هاواریان دەکرد و . دەگریان منیش خوشکمم بینی تەواو سەر و قژی لێك ئاڵابوون و باوەشی کرد بە قاچمدا ووتی: قومری ژیانمان تەواو ،باوکم کوژرا. ئیتر هەر ئەوەندەم گوێ لێ بوو تەواو کەوتم. دیارە ئیتر نەهامەتیەکانمان زیاتر بوو ،بۆیە هەر ئەو پێشنیارەی کە شەهید کاک سەید مەنسور دابووی منیش دوای کەوتم .     

پ – لەو ساڵانەدا کە شەهید عەبدوڵا هێشتا زیندوو بوو و لەگەڵتان ئەژیا ( هەرچەند شەهیدانی گەل و نیشتمان هەردەم زیندوون و هەرگیز نامرن) ، چ بیرەوەرییەکی خۆش و جێگای سەرنجتان لەگەڵ ئەو نەمرەدا هەیە ؟

و – دیارە منداڵ هەمیشە بیرەوەری خۆش و ناخۆشی دەبێت . بەڵام لە بیرمە کە تازە هاتبووینە باشور کە من ئەو کاتە کوردیم بە باشی نەدەخوێندەوە دەیووت وەرە ئەو هۆنراوانەی قانع بخوێنەرەوە بۆم یان دەرسەکانی خۆمم دەهێنا . زیاتر کەیفی بە مام ڕێوی فێڵبازیش دەهات کە بۆم دەخوێندەوە، هەر چەندە لە دوایدا زۆر جاران شێعری کاک شەریف ی ملوانکەی شین دیوانی قانعی زۆر خۆش دەویست،زۆربەی زۆری شێعرەکانی قانعی لە بەر بوو و دەیانی ووت. بیرەوەریەکی دیکەی کاتێك کۆڕەوەکەی کوردانی باشور بەرەو ڕۆژهەلات و لە سەر سنوری دەستکرد پاسداران چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد کە زۆر کەس لە کوردانی ڕۆژهەڵات دەستگیر بکەن ، خەبەریان بۆمان هێنا کە نەچینە سەر سنوور. بۆیە ناچار لە هەڵەبجە گیرساینەوە چووینە شوێنێك نە دەرگای هەبوو نە پەنجەرە . لە ماڵە ڕووخاوێکی شاری برینداری هەڵەبجە گیرساینەوە ،هیچمان نەبوو ،نەماندەزانی چی بکەین وکەسیشمان  نەدەناسی، بۆیە ناچار باوکم کەسێکی دۆزیەوە و بوو بە دۆستی . چووین بۆ ماڵیان ، لەو کاتەدا باوکم دەچوو لەو ماڵە ڕوخاوە کە ئێمە لێ دانیشتبووین پڕ بوو لە گوللە و قاوەنە فیشەک و باڕووتی ئارپیجی و ئەمانە کە ئیمە نەمادیبوو، خوشکم پێی وابوو کە ئەوە رەشکەی سەر کولێرەیە دوای کەسێك لە گەڵماندا بوو، هەموو ئەوانەی دەناسی ،ووتی ئەوە باڕووتە .  هاتن ووتی دەیسوتێنین ، نەیانزانی ، کۆیان کردەوە  ، شەمچەیەکیان لێدا و هەڵپڕژا بە سەر و چاوی خوشکمدا ، قیژاندیان . بابم یەکسەر ڕایکرد ، خەریک بوو بکەوێت بە دەما ووتی ئەوە چی بوو؟ بە خوا تێدا چووین . کاتێك هات خوشکمی بینی سەر و چاوی هەمووی سووتابوو  زۆر نارەحەت بوو و توڕە بوو لەو نەفەرە ووتی خۆ تۆ دەتزانی ئەوە چییە، بۆ وات کرد؟ ئیتر هەر کەس دەهات چاوی لە خوشکم دەکرد زۆر ناراحەت دەبوو . دایکیشم راستیەکەی نەدەووت کە بڵێ وای کردووە . خوشکیشم جار جار بە دەم و چاوی سووتاوەوە پێ دەکەنی.هەر چەندە زۆر ناخۆش بوو بەڵام زۆر جار ئەو ڕووداوە ناخۆشانەش مرۆڤ دێنێتە پێ کەنین .

پ- باشە ئێوە چۆن لەگەڵ ریزەکانی حیزبی دێموکرات ئاشنا بوون و بۆ یەکەم جار کەی بە رەسمی بوونە ئەندامی حیزب ؟

و- دیارە پێشتریش ئاماژەم پێ کرد بابم خۆی ئەندامی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیران بوو لە ساڵانی ١٣٤٥ ەوە ، بەڵام من وەك خۆم ماوەی پێنج ساڵە ئەندامی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و ماوەی ساڵ و نیوێکیشە ئەندام یەکێتی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانم.

پ – ئێستا لە دانمارک چۆن ژیان دەبەنە سەر ، بە رۆژانە بە چییەوە سەرقاڵن و خوێندنی ئێوە بەکوێ گەیشتووە “

و- ماوەی ١٦ ساڵە لە دانمارک ژیان بە سەر دەبەم . دیارە هاتنی هەر کەسێك بۆ وڵاتێکی تازە بە هەوا و کولتور و فەرهەنگ و زمان و هەمووی تازە کاتی دەوێت تا خۆمان بگونجێنین . ئەوە بوو من لە سەرەتاوە بە هۆی ئەو فشارە ڕۆحیەی دوای باوکم بۆم پێش هات ، نەمدەتوانی زۆر بەردەوام بم .تەنانەت لە ژیانی خۆشیش خۆم بێ بەش کردبوو ،بۆیە درەنگانێك دەستم دایەوە فێر بوونی زمان و بەردەوام بووم تا زمانم تەواو کرد و دەستم کرد بە کار کردن و ئەو جار بڕیاری خوێندنم دا .لە سفرەوە دەستم کردەوە بە قوتابخانە هەر چەندە تەمەنەکەم گونجاو نەبوو بەڵام خۆشبەختانە ئەم ووڵاتانە تەمەنیان بۆ گرنگ نی یە. لە هەر تەمەنێکدا بیت دەتوانیت بەردەوام بیت لە سەر خوێندن بۆیە منیش ملی ڕێگام گرت و بەرەو خوێندن تا ئامادەیم تەواو کرد. ساڵی ٢٠١١ دەبوو تەواوی بکەم بەڵام کردمە پشووی نەخۆشی بە هۆی کێشەیەک کە بە داخەوە بە هۆی لە دەست دانی دایکم لە دانمارک نەمتوانی بەردەوام ببم . ماوەی دوو ساڵ هەوڵم دا پشوویەک بدەم چونکە زۆر زۆر کاریگەری خراپی لە سەرم دانا بە تایبەت لە ووڵآتێکی نامۆدا و لە دەست دانی ئەزیرترین کەس هەر وا بە ئاسانی لە بیر ناکرێت بۆیە هەوڵم دا سالی ٢٠١٢ بەڵگەی تەواو کردنی ئامادەی واتە دەبیرستان وەربگرم لە کۆتای ساڵی ٢٠١٣ دەستم کرد بە خوێندن لە زانکۆ بەشی کیمیای تەکنۆلۆژی واتە شیمی تەکنۆلۆژی. ئێستا دووهەم سیمیستەرە دەخوێنم  . واتە بەشی دووهەمی ساڵی یەکەم،ئەویش پێی دەوترێت ئەندازیاری کیمی .

 پ – دادە قومری وەک دەزانن ئێستا لە بەرەبەری ١٠ خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان

داین. پێت وایە بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان چ شتێك پێویستە بکرێ کە تا ئێستا نەکراوە؟

و – دیارە بنەماڵەی شەهیدان تەنها لە ڕێز و خۆشەویستی بێ بەش نەبن و پەڕاوێز نەخرێن، بە تایبەت ئەوانەی کە دووچاری پێداویستی تایبەت بوون بەشێکی جەستەیان لە دەست داوە هیوادارم زیاتر ئاوڕ لەوانە بدرێتەوە و ڕێزیان لێ بگیرێت. یەك خستنەوەی ماڵی کورد و دێمۆکرات،

 

پ – بەرێزت ئەندامی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی ، رۆڵی کوماری کوردستان و بە تایبەت شەخسی شەهید پێشەوا قازی محەممەد و بنەماڵە بەرێزەکەی چ

ڕۆڵێکیان لە سەر هوشیار کردنەوەی ژنانی کورد و هەوڵدان بۆ وەدی هاتنی ماف و ئازادییەکانی ژنان گێڕاوە؟

‫و – ماوەی ساڵ و نیوێك دەبێت کە ئەندامی یەکێتی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانم.  “شەهید پێشەوا قازی محەممەد ” یەکەم کەس بوو کە لە خێزان و بنەماڵەی خۆیەوە دەستی پێ کرد کە ژن بێنێتە مەیدانی خەبات دژ بە زوڵم و زۆرداری ئەویش مینا خانم کە یەکەم ژن و دامەزرێنەری یەکێتی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان بوو ،  هەر لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان یەکەم پاڵپشت بوو بۆ پێشەوا و دامەزراندنی ڕێکخراوەیەکی سەربەخۆی ژنان لەو سات و کاتەدا کە دنیای دەرەوە چاویان لە کوردستان بڕیبوو.

پ –  دۆخی ژنانی کورد لە ئێستادا چۆن دەبینی و تا چەند گەشبینی بە سەرکەوتنی  خەبات و تێکۆشانی ژنانی کورد و لەبنەڕەتدا پێتوایە ژنانی کورد و بەتایبەت ڕێکخراوەکانی

ژنان پێویستە چ شتێک بکەن تا زووتر بە ئامانجەکانیان بگەن ؟

‫و- بە باوەڕی من ژنان لە پێشدا دەورو و چالاکیان هەبێت شان بە شانی پیاوان و هەرگیز دژ رەگەزی بەرامبەر نەبن  .هەوڵ بدەن زیاتر لە ڕێکخراوە سیاسیەکان و سڤیلەکاندا کار بکەن. بتوانن بوونی خۆیان بسەلمێنن لە نێو کۆمەڵگادا بە تایبەت ئەو کۆمەڵگایەی کە ناویان لێ ناوە کۆمەڵگای پیاو سالاری . هەر چەندە پیاویش هەر ئەسیری دەستی ئەو سیستەمەیە کە لە کۆمەڵگادا هەیە، هەر چەندە ئێستا ژنان زیاتر چاو کراوەتر و کەسانی پێگەشتوو و باشی تێدا هەڵکەوتووە بە تایبەت لە دەرەوەی ووڵات توانراوە پێگە و جێگایان دیار بێت و شان بە شانی پیاوان زۆر ئازادانە کار و باری ڕێکخراوەی بکەن و بەربەستێکی وا نەبێت لە ژنەکان دڵ سارد بکاتەوە، بەڵام لە ناوخۆدا هێشتا ماوە بە تایبەت لە ڕۆژهەڵات کە بە داخەوە تێرۆری سپی دەستی پێکردووە زۆر لە مێژە کۆماری ئیسلامی بە بڵاو بوونەوەی مادەی هۆشبەر نە تەنها پیاوان بەڵکوو ژنان و لاوانیان دوو چاری ئەو ڕەشە کوژییە کردووە بە ئەندازەیەک ئەو سیاسەتە پەرەی سەندووە کە بە داخەوە زیاتر لە زانکۆ و پەیمانگاکان لاوان و خوێندکارانیان توش کردووە کە بە داخەوە ئەوەشی کە توشی ئەو حاڵەتە نەبووبێت دووچاری ئەوە بووە کە بیفرۆشێت چونکە ئێستا بێجگە لەوەش ئابڵۆقەی ئابوریش باڵی کێشاوە بە سەر ئێراندا بە تایبەت کوردستان. بۆیە کاری ڕێکخراوە ئینجۆیەکان و حیزبەسیاسیەکان ئەوەیە کە بە ڕاگەیاندن بتوانن زۆرێک لە لاوان دوور بخەنەوە لەو کارەساتە و بنکەی ڕۆشنبیری و جەماوەری بکرێتەوە تا لاوەکان لەو ڕێگایەوە بتوانن هۆشیار ببنەوە.

پ – چ پەیامێکت بۆ ژنانی کورد هەیە ؟

و – پەیامی من بۆ ژنان ئەوەیە کە تا دەتوانن لە ناو ڕێکخراوی ژنان و ڕێکخراوەکانی دیکە کار وچالاکی خۆیان بکەن و هەوڵ بدەن لە ژیانی بەستراو بە ماڵ بێنە دەرەوە و کاتەکانی خۆیان تەرخان بکەن بۆ پێگەیانندی خۆیان و کۆمەڵگا و دەورو بەری خۆیان باشتر بناسن ، بە تایبەت لە هەندەران ، چونکە بوار زیاتر  هەیە بۆ پێگەیاندنیان ، لە هەموو بوارێکدا یارمەتی ماڵی و هەر ئیمکاناتێك کە پێوسیتان پێ بێت بۆ ڕێکخراوە سڤیلەکان بۆیان دابین دەکەن . تەنانەت ئەگەر بیشیانەوێت تێکەڵ ببن بە کۆمەڵگای نوێ لەو ووڵاتەی کە تێدا دەژین، ئەگەر

بشتوانن و بۆیان بکرێت بخوێنن و هەمیشە پێشەنگی ژنانی ناوخۆ بن و پرۆژەیان هەبێت بۆ داهاتوو لە ناو خۆ.

دوا قسەم ئەوەیە کە تکا دەکەم لە هەموو ڕێکخراو و حیزبێکی سیاسی بتوانن ماڵی کورد یەکبخەن ، بەرژەوەندی نەتەوە و میللەت پێش هەر بەرژەوەندیەکی حیزب بێت  . هیوادارم کە هەموومان بە یەک دەست هەوڵ بدەین یەکگرتووی و تەبایی لە ناو دڵی نەسڵی تازەدا بڕوێنین و هەوڵ بدەین زۆر بە دڵێکی ئاوەڵا و پاکەوە هەنگاو بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆژەیەکی یەکگرتوو بۆ هەموو میللەتێك بە گشتی و میللەتی کورد بە تایبەتی دروست بکەین.

ئامادەکردنی بابەت : رەشید زەرواوی  

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی