"an independent online kurdish website

ھەستی کرد نینۆکەکانی پەنجەی پێی تەواو درێژ بوونەتەوە! بە تایبەتیی پەنجە گەورەی لای راستی، چەند جار زۆر بە ووردیی لە کون و قوژبن و چاڵ و چۆڵ..nejad-reshid

لە تاریکە شەوەزەنگە ئەگوستەچاوەکە لە شتێک دەستەکانی دەکوتا.. بە دوای چەند شتێکدا وێڵ بوو، سێ قۆپچەی خوێناویی.. دانەیەکیان لە ھەر ھەموویان خۆشەویستتر بوو.. لە کاتی ئەشکەنجەو لێدان و ھەڵواسین و فەلاقەکردن لەگەڵ ددانەکانی شکابوو.. ئەوەندە دەربەستی ددانەکانی نەدەھات.. بۆچیمە؟

 

وا دەزانم منداڵی ساوام و ھێشتا ددانم نەھاتووە یان پیرەمێردێکی پەککەوتە و بێ ددانم، لەبەر خۆیەوە وەکو ئەوەی قسە بۆ کۆمەڵیك کەس بکا.. بەندییەکە دەیگوت:

 

سێ قۆپچەکان ھەر دەیاندۆزمەوە، ژوورەکە ئەوەندە گەورە نییە.. درێژایی ھەر یەک مەتر و نیو و پانایی یەک مەتر دەبوو بە مەزەندەی خۆی، لەگەڵ دۆزینەوەی قۆپچە شکاوەکە ئاھێک بە بەریدا ھاتەوە.. چەند جار ماچی کرد بە ئاستەم سپی دەچۆوە، زۆر جار بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لەگەڵ تاریکیی و تەنیایی ھەستی بە بوون و ژیان نەدەکرد، لێرە شەو و رۆژی وەکو یەک وایە یان راستتر ھەستی نە بە بوونی شەو نە ھی رۆژ دەکر، زۆر جار بۆ خۆخافڵاندن و ھەستی بوون.. قۆپچەکانی ھەر یەک بە لایەکدا فڕێدەدان.. ھەڵدەستایەوە چەند جارێک بە دەوری خۆیدا دەسووڕایەوە تا ئاراستەی قۆپچەکان بزرکا بۆ ئەوەی وا بە ئاسانیی نەیاندۆزێتەوە.. پاشان بە وردیی دەگەڕا بە دوایاندا زۆربەی جار وا رێكدەکەوت لەتە قۆپچەی دەدۆزیەوە.. ئەو لەتە قۆپچەیە چەند جار دووبارە گیانی بە بەر لەشیدا کردۆتەوە.. بە لەتە قۆپچە کەوتۆتە بڕینی پێست و گۆشت و زۆر جار دەمار و چەند جارێکیش شادەمارەکانی… ئەوەی ماوە ھاتنی مشکی برادەری بێ ویژدانە.. چەند رۆژە بووە بە ئەستێرەی سیوەیل و دەرناکەوێ، ئەگەر بێتو بە تیکە نان بیژمێرم شازدە تیکە نانە دیار نییە.. واتە ھەشت رۆژە.. لەبەرئەوەی ھەر رۆژەی دوو تیکەنانی دەدەنێ بیخوا، کەی پەیدا دەبێ ئەوەیان دیار نییە، مشکەکە لە لەتە قۆپچەکەش خۆشەویستتر بوو.. تاکە شتێک بە باشیی نەیدەزانی رەشیی چاوەکانی بوون.. نەیدەزانی تاریکیی شەوەزەنگەکە رەشترە یان چاوە وردە تیژەکانی مشک.. چی دەبوو ئەگەر چاوەکانی سپیی فسفۆڕیی بان.. لە تاریکە شەودا وەکو گوڵەستێرە بدرەوشابانەوە، بەو تاریکییە لە نیوە شەودا بە دزییەکەوە بە بێ ھیچ ئاگادارکردنەوەیەک دەست دەکا بە قرتاندن و کرماندنی نینۆکە رەقە خوێناوییەکانی.

 

بۆ یەکەمین جار ئاشنایەتی لەگەڵ مشکەکە پاش ھاتنی بۆ ئەو ژوورە تەنگ و تاریکە تەنیایە بوو، شەش مانگ لەمەوبەر یەکەم شەوی بوو لە ژووری تەنیایی لە نیوە شەودا، بۆیە ھەست دەکا لە نیوە شەودابوو چونکە قەدەرێک بوو تیکە نانی ئێوارەی بۆ ھاتبوو لە نێوان خەو و بێدارییدا بوو.. ھەستی کرد شتێک بۆنی پەنجەکانی پێی دەکا.. سەرەتا کەوتە کرتاندنی گۆرەوییە کۆنە کوون کوونەکانی.. سەرپەنجەکانی بۆ خۆیان کوون بوون پێویستیان بە کوونکردن نەبوو.. سەرەتا بە ھێواشیی وەکو دەلاکێکی باش نینۆکی دەقرتاند، بەندییش وەکو منداڵێکی لاسار لەسەر کورسیی خۆی نەگرێ یان بە پێداھێنانی گوێزان و مەکینە ختووکەی بدرێ پەنجەکانی بەولا و ئەولادا دەبردن.. پاش چەند جارێک شل دەبوو.. بە تایبەتیی ئەو کاتانەی لە ئەشکەنجە دەگەڕایەوە و بە بێ ھۆشیی فڕێیان دەدایە ژوورەوە، مشکەکە دەھات بۆ بێدارکردنەوەی بێ بەزەییانە نینۆکەکانی دەکرۆشتن تا سەر گۆشتەکەی.. ھەستە دەمارەکانی سەری پەنجەکانی ھاواریان دەکرد.. چەند زیاتر دەیکرۆشتن زیاتر ھەستی بوونی دەگەڕایەوە، زۆر بە پەلە کاری خۆی دەکرد.. دیار بوو خەڵکی کەش لە ژوورەکانی کە چاوەڕوانی بوون، لەگەڵ ھەوڵی گرتنی یان دەست لەپشتدانی دەدرا زیڕەیەکی زۆر ترسناکی لێھەڵدەستا، ددانە تیژ و وردەکانی لە گۆشت بزردەکرد.. لەگەڵ کرمەکرمی کرۆشتنی نینۆکەکانی رۆژانی منداڵیی وەبیر دەھاتەوە.. (تا ئەو چەند ساڵانەی دواییش.. دایکی لە نێوان پێیەکانی خۆی گیری دەکرد، بە نینۆکبڕە ژەنگاوییە کوولەکە دەکەوتە بڕینی نینۆکەکانی دەست و پێی.. تا سەر گۆشتەکەی دەبڕی.. ھاواری دەکرد.. ئای بابە ئای.. ھەموو دەمارەکانت بڕین، لەبەردەستی ھەڵدەھات بە حەوشەکەدا راوی دەنا تا ھیلاک و کفت دەبوو، زۆر جار لە کولانەی مریشکەکان بە دوو قاچی رایدەکێشایە دەوەرە.. دووبارە دوو پێی لەسەر سینگی دادەنا.. دەستی دەکردوە بە بڕینی نینۆکەکان… تاقەتی بۆڵەبۆڵی مامۆستایەکانم نییە) لەوەتەی مشکی بێ وەفا دیار نەماوە.. بە یەکجاریی بەندیی چوار دیوارە بێ پەنجەرە و بێ رووناکییەکە بەرەو ونبوونی دەبا.. جاران لەگەڵ ھاتنی مشکەکەی برادەری بیر و خەیاڵی دەڕۆیشتە ئەودیو شوورا و تەلبەند و دیوارە بەرزەکانی زیندان.. بە خەیاڵ ئازاد دەبوو… لە کەژ و کێو و بەندەنان دەسووڕایەوە.. دەبووە پادشا و سوڵتانی زۆر مەملەکەتان.. دەبووە جەنەراڵی زۆر لەشكرە بە ھێزەکان، لەگەڵ ھاتنی دەنگی ھێرش بەرن بە ھەزاران جەنگاوەری شەڕکەر لە گۆڕەپانی جەنگ بە رم و قەڵغانەکانی دەستیان ھێرشیان دکرد.. ئەگەر چەند شەو و چەند رۆژ کوشتار بووایە.. کەس بە بێ پرسی خودی خۆی بۆی نەبوو دەست لە شەڕ ھەڵبگرێ.. بەس بە لاشە بەندییەکی بێ دەسەڵات بوو.

 

جیڕەی چەکمەجە یان دەلاقەی بچووکی بەردەمی ھات.. کەمێک ھەڵدرایەوە لە تاریکییان دیار نەبوو کونی دەرگایە چیە.. سەموونێکی کۆنی رەقی بۆ ھاتە ژوورێ، دەستی کوتا شوێن دەلاقەکە بدۆزێتەوە.. بەڵام وەکو ھەموو جارێک بێ ئاکام ماوە.. کەوتە ھاوار ھاوار پڕ بە دەنگی شیڕاندی.. کوا مشکەکەم؟ پاسەوان و جەلادی مشک.. وەڵام نەبوو مشکی جەلاد و خوێنڕێژی پاسەوان.. دووبارە بە دەنگێکی نووساوی گڕ شیڕاندی.. ھەمووتان جەلادن.. پیاوخۆرن.. ترسەنۆکن.. خوێڕین.

 

حەزی دەکرد بێن باش فەلاقەی بکەن.. چەند دار و کێبڵ و تا کارەبای لێبدەن بەڵکو لەو تاریکییە شەوەزەنگە، بەدەم داچۆڕانی خوێنی لەش و ھەناوی دووبارە بۆ ماوەیەک ھەست بە بوونی خۆی بکا.. ماوم مردووم.. شەش مانگە ئەشکەنجەیان لەسەر ھەڵگرتووە.. دەست لەملانی تاریکییە. جاران ئەگەر ماوەیەک ھەستی بوونی خۆی لەدەست دابا.. بە لێدانی شیشە سارد و سڕەکانی ژوورەکەی.. لەگەڵ زرینگانەوەی دەنگی شیشەکان.. جەلادەکان بە پڕتاو دەھاتن دیاربوو خەویان زڕابوو یان دانیشتنی خواردنەوە و قوماریان لێ تێکچووبوو.. دەکەتنە وێزەی ھەرچەندە وەختی بەرنامەی تەمبێکردن نەھاتوە بەڵام بگرە کام جێت رەقە نەرمی کەین. وەھا بە دڵ و بە کوڵ ئەشکەنجەیان دەدا هەتا خوێن لە ھەموو لەشی فیچقەی دەکرد، لەگەڵ ئەشکەنجەدانی نەک چێژی لێوەردەگرت بەڵکو دووبارە ھەستی بە بوونی خۆی دەکرد، پاش شەش مانگ لە فێڵەکەی گەیشتن، گواستیانەوە بۆ ژووڕێکی تەنیایی بێ پەنجەرە.. بێ شیش و قەفەز.

 

ھەر لە یەکەم رۆژی گیرانی پێش ئەو ھەموو لێدان و ھەڵواسینە، وەرە ئەو لێپێچینەوە ئمزا بکە! ئەوە چیە؟ شتێکی رۆتینییە ھەموو کەس دەیکا.. نوسرابوو (کورد نیم کەرکووکیی نیم) كێ دەڵێ ئەمن کورد نیم کەرکووکیی نیم؟ .کوڕە واژۆی بکە و خۆت و ئێمەش مەخە تالووکەوە.. حەز ناکەین دەستت لێ بەرزکەینەوە.. دوو مانگ بە ھەموو جۆرێک ئەشکەنجەیان دا، بە چەند کەسی بەھێزی بێ ویژدان تا شلوکوت دەبوون لێیاندەدا. لەسەر پشتی درێژ دەبوون.. زۆر جار ھەبوو خۆیان لەبیر دەکرد.. لە ژێریاندا دەبوورایەوە، دوا جار کە لە بیریەتی بانگیان کرد.. رێگایان دا گەرماوێکی باش بکا.. چایەکی گەرم جگەرەیەکی رۆزمەنی بۆنداریان دایێ .

 

ئای خودایە بۆچی لە نەکاوێک ھەست و سۆزیان جوولا؟ کەسێک ھاتە بەرامبەری.. لەبەر تیشکی گڵۆپە بەھێزەکە بەرامبەری دانیشت.. سەروکەللەی گەورە.. ددانەکانی نەیدەزانی تاقمن دروستکروان یان بۆ خویان وا گەورەن.. وەکو کەڵبەی گوورگ باوەڕناکەم ددانی خۆی بن، پاشان بۆی دەرکەوی ھی راستیین، کەڵبەکانی لە تیژیان لێوە ئەستوورەکانی تەقاندبوون.. ماوەیەک بەرامبەری کەوتە پاک کردنەوە و کڕاندنی ددانەکانی وەکو ئەوەی تیژیان بکاتەوە.. بە کوردی لێ پرسی واژۆی دەکەی؟ چی واژۆ بکەم؟ ئەو وەرەقەیە واژۆ بکە.. رووی لە جەلادەکانی برادەری کرد.. بە عەرەبی پێیانی گوت.. راستە کوردە تەواوە! وامزانی بە زۆر دەیکەنە کورد.. گوێ بگرە ھەموومان گەیشتینە ئەو باوەڕەی کوردی… بۆ دوا جار پێت دەڵێم.. بوونی کورد کەس ناتوانێ نکووڵیی بکا.. ئەوەتا بە کوردی قسە دەکەی.. ئاسانکارییت بۆ کراوە، ئەوەی بۆ تۆ کراوە بۆ کەس نەکراوە.. کوردبوون قەیدی نییە.. چاوەکانی زەقکردنەوە، دووبارە ددانەکانی لەجیڕەوە برد بۆ ترساندنی.. داواکارییەکە واژۆ بکە و بگەڕێوە ناوماڵ و منداڵی خۆت.

 

بەندیی بە بێ ترس، ماڵ و منداڵم نییە! باشە بگەڕێوە ناو کەسوکارت.. خۆ نالێی کەسوکارم نییە، بزانە ئەگەر بە باشیی دیقەتی نووسراوەکە بدەی.. تەنھا لە پاش ناوەکەت نووسراوە کەرکووکیی نیم.. بەس دەتوانی کەرکووکیی بی کورد نەبی.. یان کورد بی کەرکووکیی نەبی. ئەمن بۆ خۆم کەرکووکیی بووم.. ئێستا کەرکووکیی نیم، بەندیی بە بێ ھیچ ترسێک بەسەر ھەموویاندا ھاواری کرد.. کوردم کەرکووکییم، ھەر ئەوەندەی ئاگا لە خۆی ما.. کابرای ددان درێژ بە کەڵبەکانی بە بەر قەمپاڵ و گازی گەورە گەورەی دا.. لە شوێنی ھەر قەمپاڵێکەوە و خوێن فیچقەی دەکرد.. پارچە گۆشتی گەورە گەورە دەکەوتنە ناو دەمی جەلاد و بە چنگە تفێک تێکەڵ بە خوێناو تفی دەکردنەوە، پاش ھێرشی گازبارین.

 

سەجان و جەلادەکان ھەستیان کرد دوو تیکە نانەکان بوون بە چوار، کەواتە دوو رۆژە بەندییەکە دەمی لە تیکە نان نەداوە، هەردوو دەستیان گرت.. لە ناوەڕاستی لەشیەوە لە زەوی دەخشکا.. بە راڕەوێکی درێژدا رایانکێشا ژێرزەمینە شێدارەکە، دکتۆر لەوێ چاوەڕوانی دەکرد.. دوو پەنجەی لەسەر شادەمارە خوێناوییەکانی دانا.. سەرێکی راوەشاند.. تەواوە گیانی لەبەر نەماوە.. بەندیی لە خوار مەچەکی لە دەستی چەپی بە قووڵیی ھەڵکەندرابوو.. نووسرابوو ”کوردم کەرکووکیم”.

 

 

najad-rashed@hotmail.com

 

 

 

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی