نەورۆزی ٢٧١٤ی کوردی
………
خۆم داوەتە دەست شەپۆلی
چارەنووسی پڕ تەم و مژ
خەیاڵم زۆر ئاڵۆزە وەک،
پرچی بژی ژنە قەرەج،
وەکوو گەڵای بێ ئەژماری
تێکچڕژاوی
دەم ڕەشەبای پاییزێکی
ئێجگار خەمین
گۆمی مانگی شڵەقاوم …
بە لێزمەی بارانێکی خەستی ناوەخت!
چۆڕەی ئاوی بە جێ ماوم
لە خوڕێنی زێی عاشقە زەریای سەر مەست!
حەسرەتێکم لە دڵدایە،
دواندنی زۆر ئەستەمە،
درکاندنی ئازارێکە بێ کۆتایی،
جاری وایە
وەک بزیسکەی بزمار ڕێژی ئازارێکی
نە خوازراوی نیوەشەوان،
وەک قەتماغەی زامێکی کۆن،
وەک ڕووپەلی ئەو یادانەی کە بای حەسرەت
مڵۆچ … مڵۆچ ،
وەکوو “ئاهو خۆزگەی تەزیوو” لە نێو لەپی شەقاڕ … شەقاڕ داگەڕاوی هەژارێکی
ئەڵها کوژارو، دەی با و ئیدی نایەنەوە!!!
چاوەڕوانیش
تەنیا …. و …. تەنیا
مەراقێکە و قەفی دووکەڵ
هەر بارانی خوێنی چاوان دەبارێنێ
ئەم ئازارە،
وەک مەلووتکە،
لەگەڵ خۆم و هەناسەم دا ڕاهاتووە
جاری وایە،
وەک بزیسکە
سینگم لەت لەت دەئاژنێ،
بێ بەزەیی تاکوو ناخی لێواری مەرگ
دەم هەژێنێ
نازانم چۆن ئەم ساتانەی
تەمەنی سەر بەرەو لێژی
تێپەڕێنم؟!
بۆ یەک چرکەش
وەک مڵۆزم،
دەستم لە کۆڵ ناکاتەوە،
چاک دەزانم
هەموو ڕۆژێک
تارمایی مەرگ بە سەرمەوە
دێت و دەڕوا
هاوڕێم وەرە
هاوسەفەر بە… با پێکەوە، وەک چۆن بۆ ژیان، بێ پسانەوە،
هەردووک دەگریان
با ئاوەهاش،
بە پێشوازی خەونێکی دوور…. بێ کۆتایی
خەونێکی بێ هەستانەوە
بە پێکەنین … بە پێشوازی چارەنووسی
لێڵ و نادایار بچینەوە