"an independent online kurdish website

پاش رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە عێراق و لە گەرمەی شەری نێوان شیعە و سوننە لەو وڵاتەدا ناوی سپای قودس و سەرکردەکەی هاتە سەر زمانی خەڵکagri-esmailz-nejad

و هاوشان لەگەڵ تێرۆریستانی وەکوو بن لادەن ، زەرقاوی ، زەواهێری و …

بەڵام سپای قودس چییە؟ قاسم سولێمانی کێیە؟

١: بۆ جوابی ئەو پرسیارە دەبێت بگەرێینەوە بۆ ڕووداوەکانی سەردەمی شۆڕشی نەتەوەکانی ئێران و چونێتیی دامەزاندنی سپای پاسداران لە ئێران:

لە سەرەتای دامەزراندنی سپای پاسداران بەشێک بە نێوی “یەکەی بزوتنەوەی رزگارکەری سپا” دامەزرا ئەو یەکەیە لە ژێر چاوەدێری محەممەد مونتەزری دا بوو.

محەمەدی مونتەزری ناسراو بە “ممد رینگو” کوڕی حوسێن عەلی مونتەزری بوو. ئەو نزیکەی ١٠ ساڵ لە نێو رێکخراوە ئیسلامییەکان لە وڵاتانی ئیسلامیدا ژیا بوو.

مونتەزری باوەڕی بە ئینترناسیونالیزمی ئیسلامی هەبوو و بە پێی ئەو باوەڕەش ئەو یەکەیەی دامەزراندبوو. ئەرکی سەرەکیی یەکەی “بزووتنەوەی رزگارکەری سپا “، پشتگیری لە بزاڤ و رێکخراوە ئیسلامییەکان بوو. مونتەزری هاوکات لەگەڵ ئەوە گۆڤارێکی بە زمانی عەرەبی بە نێوی “الشهید” دەردەکرد ئەو گۆڤارە لە راستیدا وەکوو زمانحاڵی “یەکەی بزووتنەوەی رزگارکەری سپا”وابوو، مونتەزری لە ٧ی پووشپەڕی ١٣٦٠ لە تەقینەوەی نووسینگەی حیزبی کۆماری ئیسلامیدا کوژرا.

پاشان میهدی هاشمی کە کەسێکی نزیک لە حوسێنعەلی مونتەزری بوو، بەرپرسایەتیی “یەکەی شۆڕشی رزگارکەری سپا”ی گرتە ئەستۆ.

بەڵام چەند مانگ دواتر ئەو یەکەیە بە هۆی ئەوەی بە تەواوی لە ژێر رکێفی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیدا نەبوو لەلایان پارلمانی ئێرانەوە هەڵوەشاوە و زۆربەی ئەندامانی چوونە نێو “یەکەی زانیاری سپا” هەر چەند پاش ئەوەش میهدی هاشمی “رێکخراوی شۆڕشی جیهانی ئیسلام”ی دامەزراند و بەشێکیش لە ئەندامانی “یەکەی بزووتنەوەی رزگارکەری سپا” لەگەل مێهدی هاشمی کەوتن.

لە پاشان مێهدی هاشمی بە دەست کۆماری ئیسلامی ئیعدام کرا هۆکاری ئێعدامی ئەو ئەوە بوو کە ،سەودای “مەک فارلێن”ی لە رۆژنامەی الشراع لە هەڵا دابوو.

٢: حەمەعەلی رەجایی لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٠ و لەو سەردەمێک کە سەرکۆماری ئێران بوو، لەگەڵ دووحەوتوونامەیەک بە نێوی “پیام انقلاب” وتوێژێک دەکات و دەڵێت: بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی لەوە دایە کە شۆڕش بنێرێتە دەرەوەی ئێران.

رەجایی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی لەودایە کە شۆڕشە ئیسلامییەکەی هەناردەی هەموو دنیا بکات، هەرچەند ئەگەر، لەو کردەوەیە لە بواری مادییەوە هیچ قازانجێکێش نەکەین و ناچاریش بین خەرجیشی تێدا بکەین.”

هەر لەو ژمارەیەدا وتارێک لە ژێر ناوی “بزووتنەوەکان و سپا” باس لەدامەزراندنی پەیوەندی پتەو لە نێوان حەشیمەتی موسلمانان دەکات و لە درێژەی بابەتەکەی دا دەڵێت: بۆ برەودان بە شۆڕشی ئیسلامی لە نێوان نەتەوەکاندا دەبێ سیاسەتی دەرەوەری کۆماری ئیسلامی بە روانینێکی تایبەت بروانێتە بزووتنەوەکان، لە درێژەی بابەتەکەدا هاتووە: “سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی چون بەرپرسایەتییەکی لەبەرانبەر بزووتنەوە رزگاری خوازەکان لە ئەستۆیە لەو بوارەدا چەند هەنگاوێکی هەڵێناوتەوە”.

ئەو وتووێژە و ئەو وتارە پاش ئەوە کراوە کە “یەکەی بزووتنەوەی رزگارکەری سپا”هەڵوەشاوتەوە.

دووحەتوونامەی “پیام انقلاب” سەر بە سپای پاسداران بوو. ئەو دووحەوتوونامەیە لە چەند ژمارەی دواتری دا وتارێکی لە ژێر ناوی “شکستی سەدام، شکستی ئیمپریالیزم بە دامەزراندنی سپای قودس” بڵاوکردەوە و لەو وتارەدا باس لەدامەزرانی سپای قودس دەکا، سپای قودس ئەرکی هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی ئێران بوو.

لەمانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٠دا هاشمی رەفسەنجانی کە لەو کاتەدا سەرۆکی پارلمانی کۆماری ئیسلامی بوو لە نوێژی جومعەی تاراندا دەلێت:

وا باشە وڵاتانی ئیسلامی هەموویان گەمارۆیەکی نەوتی بخەنە سەر ئیسرائیل و پاشان هەر کامەی لەشکرێک بێنێت و ئەو لەشکرانە کۆکرێنەوە و رێکبخرێن و پاشان بە هەمووان بچین بۆ شەری ئیسرائیل” ئەو پێشنیارەی رەفسەنجانی قەت سەری نەگرت و هیچ وڵاتێک لەگەڵی نەکەوت.

لە سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا قەرارگای رەمەزان لە کرماشان ببوو بە یەکێ لەو ناوەندانەی کە بریار بوو شۆڕش لەوێوە هەناردە بکرێتە عێراق و هەر ئەوەش وای کردبوو کە زۆربەی بەرهەڵستکارانی ریژیمی بەعس لەوێ کۆببوونەوە.

پاش هەڵگیرسانی شەڕی یەکەمی خەلیج بە پێشنیاری هاشمی رەفسەنجانی بۆ ئامادەکاری لە بەرانبەر هەر ئەگەرێکدا باسی بڕەودان بە سپای قودس وەکوو بەشێک لە سپای پاسداران هاتە ئاراوە ئەو لە بیرەوەرییەکانی ساڵی ٧٠دا باسی ئەو بابەتە دەکا.

پێشنیارەکەی رەفسەنجانی دەگەراوە بۆ وتووێژەکەی کە حەمە عەلی رەجایی لە ساڵی ١٣٦٠دا لەگەل گۆڤاری ” پیام انقلاب” کردبووی.

بەڵام یەکەم کردەوە تێرۆریستیەکان کە شوێن پێی سپای قودسی لێ هەڵگیرا تەقینەوەی ناوەندی نیزامیی ئامریکا و فەرانسە لە بەیروتی لوبنان لە یەکی گەڵارێزانی ١٣٦٢ بوو. لەو تەقینەوەیەدا ٢٩٩ کەس کوژران ئامانجی تەقینەوەکە ئەوە بوو کە هێزی نیزامی ئامریکا و فەرانسە لوبنان چۆل بکەن کە ئەو ئامانجەش هاتە دی. ئامریکایی و فەرانسەوییەکان پاش ئەو تەقینەوەیە لوبنانیان چۆل کرد.

لەو تەقینەوەیەدا سپای قودس و حیزبوڵای لوبنان دەستیان هەبوو، لە ساڵی ١٣٩١دا کۆماری ئیسلامی بە تاوانی ئەو تێرۆرە ٨ میلیارد و ٨١٣ ملیۆن دۆلار غەرامە کرا.

٣: لە تیرۆری بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامی دا، بەردەوام ناوی لوبنانییەکان و گروپە ئیسلامییەکان دەهاتە گۆڕێ بەڵام ناوی سوپای قودس وەک رێکخراوەیەک باس نەدەکرا. ئەو بێ دەنگییە هەتا تەقینەوەی ئامیا درێژەی هەبوو. لە تەقینەوەی ناوەندی هاوکاریی ئیسرائیل و ئارژانتین “ئامیا”، دادگا لە رەشەمەی ١٣٨٥ دا بریاری دەستبەسەر کردنی ئەحمەدی وەحیدی وەکوو بەرپرسی سپای قودس و عماد مۆغنییە کەیەكێ لە سەرۆکە نیزامییەکانی حیزبوڵا بوو دەرکرد و هاوکات لەگەڵ ئەوە بڕیاری دەستبەسەر کردنی ٧ کەس لە بەرپرسانی سیاسی کۆماری ئیسلامی لە لایەن دادگای ئامیاوە دەرکرا کە لە نێو ئەواندا هاشمی رەفسەنجانی سەرکۆماری ئێران لە کاتی تەقینەوەی ئامیا و وەزیری دەروەی ئەو کاتی ئێران عەلی وەلایەتی تێدا بوو.

پێش ئەو دادگایە، دادگای میکونۆس لەبەرلین لە ٢١ خاکەلێوەی ١٣٧٦دا بڕیاری دا کە کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی و لەوانەش رێبەر و سەرکۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران و وەزیری ئیتلاعات لە تیرۆری میکۆنوسدا دەستیان هەبووە. لەو تیرۆرەشدا ٤ کەسی لوبنانی وەکوو تاوانبار ناسران. بەڵام لەو دادگایەدا باسێک لە دەست‌تێدا بوونی سپای قودس نەکرا.

لە تیرۆری یەکەمی شاپووری بەختیاریش کەسێکی لوبنانی وەکوو تاوانبار ناسرا ئەو کەسە ئەنیس نەقاش بوو نەقاش دواتر گوتی: من لەلایەن کاربەدەستانی حکوومەتی ئێرانەوە راسپێردرابووم بۆ ئەوەی بەختیار تیرۆر بکەم.

لە تێرۆری هادی خورسەندی دا، کە پێی زانرا و سەری نەگرت بریار بوو دو پیاو و ژنێکی ئەلجەزایری ئەو تەنزنووسە ئێرانییە بکووژن.

هەر چەند لە تێرۆری بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامیدا باسێک لە ئەوە ناکرێت کە سپای قودس دەستی لەو تێرۆرانەدا بووبێت بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو تیرۆرانە ئەوەیە کە کەسانێک لە بزووتنەوەی وڵاتێکی ئیسلامیدا دەیانویست بەرهەڵستکارانی ناخۆیی و دوژمنانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی تیرۆر بکەن.

ئەگەر ئەو خاڵە، واتە دەست تێدابوونی کەسانی سەر بەگرووپی ئیسلامی لە بزووتنەوە ئیسلامییەکانی وڵاتانی موسڵمان لە تیرۆری بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامی لە پەنا دروشمی پشتگیری لە بزووتنەوەی ئیسلامی لە وڵاتانی موسڵمان و هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی دابنێن، کە دروشم و بنەمای فکری دامەزراندنی سپای قودس بووە زۆر بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە ئامانج لە دامەزراندنی سپای قودس، دروشمی هەناردە کردنی شۆڕش و پشتگیری کردن لە بزووتنەوەی ئیسلامی، لە راستیدا پاراستنی کۆماری ئیسلامییە.

هاوکات لەگەڵ ئەوە پرسیارێک دێتە گۆڕێ ئەویش ئەوەیە ئاخۆ سپای قودس شتێکی جیاواز لە کۆماری ئیسلامییە؟ بڕیاری نێو ریزەکانی ئەو سپایە چۆن دەدرێت؟ و چ کەسێک گەڵاڵە و پیلان بۆ ئەو سپایە دادەرێژێت؟

پرسیار ئەوەیە: “ئایا سپای قودس شتێکی جیاواز لە کۆماری ئیسلامییە؟

١: رەمەزان شەریف بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی سپای پاسداران لەوتووێژ لە گەڵ ژمارەی ٩٢ی گۆڤاری ئاسماندا، کە لە رەزبەری سالێ ١٣٩٠دەرچووە دەڵێت: سپای قودس یەکێ لە لقەکانی سپای پاسدارانە و ئەرکەکانی دەچێتە چوارچێوەی ئەرکی گشتیی سپای پاسداران و ئەرکی سپای پاسدارانیش پاراستن و داکۆکی کردن لە دەسکەوتەکانی کۆماری ئیسلامییە.

ئەو لەدرێژەی ئەو وتووێژەدا دەلێت: ئێمە ناتوانین سپای قودس لەسپای پاسداران هەڵاوێرین. بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی سپا هەر لەو وتووێژەدا دەڵێت: سپا پێبەندی سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامی و شۆڕشی ئیسلامییە.

ئیسماعیل کەوسەری جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی نەتەوەیی لەپارلمانی ئێران لە وتووێژ لەسەر سپای قودس لەگەڵ ژمارەی ٩٢ گۆڤاری ئاسماندا کە رەزبەری ساڵی ١٣٩٠ دا بڵاوبۆتەوە،دەڵێت: جەغزی کارکردنی سپای قودس هەموو جیهان دەگرێتەوە بەڵام ئێمە تەنیا ئەزموونی خۆمان دەگەیەنینە دەست لاوانی موسلمانی دنیا.

قاسم سولیمانی بەرپرسی سپای قودس لە دانیشتن لەگەڵ خوێندکارانی مەدرەسەی حەقانی قوم لە جۆزەردانی ١٣٩٠ دا دەلێت: شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەراست و باکووری ئافریقا باشترین دەرفەتی بۆ شۆڕشی ئێمە خوڵقاندووە ئەمرۆ شکست و سەرکەوتنی ئێران لە مێهران یان خۆرەم‌شار نییە ئەمرۆ سنوورەکانی ئێمە بڵاوتربۆتەوە و ئێمە دەبێت سەرکەوتن لە میسر ، عێراق ، لوبنان و سووریە بەدەست بێنین [ئەو شۆڕشانەی ئێستا لەو ناوچانە دەیبینن] دەسکەوتی کۆماری ئیسلامییە١.

حەسەنی عەباسی کە بە دارێژەری ئێستراتژی سپای پاسداران ناسراوە لە بەرنامەی لێکدانەوەی فیلمی” هەڵاتن لە زیندان” کە بۆ خوێندکارانی بەسیجی داناوە دەلێت: ئامریکا پێی وانەبێت کە ئێران ناتوانێ زەربەی لێدا ئامریکا موسلمانی تێدایە و ئێمە هەر لە رێگەی موسلمانانی خۆیەوە دەتوانین زەربەی زۆر کاریگەر لە ئامریکا بدەین پێویست ناکات ئێمە لە ئێرانەوە هێز بنێرین بۆ ئامریکا هەتا لەوێ زەربەی لێدەین ئێمە دەتوانین موسڵمانانی ناوخۆی ئامریکا بۆ ئەو ئامانجە بەکار بێنین.

٢: سپای قودس لە راستیدا لەسەر بنەمای دۆکتۆرینی ئیسلام_ئێران و بۆ مەبەستی پاراستنی کۆماری ئیسلامی دامەزراوە. بەو واتایە کە سپای قودس لە رێگەی ئایینی ئیسلام و ناسیونالیزمی ئێرانی دەیەوێت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پەرە پێبدات بەردەنگی ئەو تیورییە، موسڵمانانی ناڕازی لە دەسەڵاتدارانی وڵاتانی خۆیان، بەر‌هەڵستکارانی سیاسیی وڵاتە ئیسلامییەکان و حەشیمەتی موسلمان کە خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامین.

سپای قودس لە راستییدا رێکخراوەیەکە کە بۆ بەڕێوەبردنی دوکتۆرینێکی ئەمنیەتی ـ سیاسیی ئیسلام ـ ئێران بە ئامانجی پاراستنی کۆماری ئیسلامی دامەزراوە.

ئەو سپایە هەم بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی دەپارێزی و هەمیش سیاسەتە ئیستراتژیکەکانی ئەو رێژیمە پەرەپێدەدات.

دیارە حەمە عەلی رەجایی لە سەردەمی سەرکۆماریی و لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاویدا بە ئاشکرا دەلێت : بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی لەوەدایە کە شۆڕشی ئیسلامی هەناردەی دەرەوە بکات هەرچەندە لە بواری ئابوورییەوە هیچ قازانجێکی بۆ ئێمە نەبێت بەڵام ئێمە ناچارین کە سەرمایەیەکی زۆری بۆ تەرخان بکەین.

ئەو دۆکتۆرینە بیرۆکەکەی لە دۆکتۆرینی کۆمۆنیست_سۆڤیەت وەرگیراوە. ئێران وەکوو ناوچەیەک کە زۆر جار دۆکتۆرینی کۆمۆنیست _سۆڤیەت بارودۆخی سیاسیی ئەو وڵاتەی ئالۆز کردووە یان ئاراستەی رووداوە سیاسییەکانی گۆرییوە، لە بواری مێژووییەوە رەوتە سیاسییەکانی نێو ئێران ئەزمونێکی زۆریان لەو بوارەدا هەیە.

ئێستاش رەخنەگرانی سیاسەتی حیزبی توودە و رەوتە چەپەکانی ئێران بە گاڵتە بە لایەنگرانی کۆنی ئەو رەوتە دەلێن : ئەگەر لە مسکۆ باران باریبایە ئێوە لە تاران چەترتان هەڵدەدا.

ناوەڕۆکی ئەو رەستەیە ئەوەیە کە حیزبی تودە لە ئاستی سیاسەتەکانی سۆڤیەتدا بەرپرسایەتی هەبوو نەک لە بەرانبەر ویستە سیاسی و کۆمەلایەتییەکانی کۆمەڵگای ئێران دا. هەر وەکوو دەشبینین لە کۆدەتای گەلاوێژی ١٣٣٢دا هەر چەند توودە دەیتوانی لە دژی ئەو کۆدەتایە راوستێ بەڵام دەستی لەسەر دەست دانا! چون سۆڤیەت دژی سیاسەتەکانی محەمەدی موسەدیق بوو هەر ئەوەش وای کرد کە حیزبی توودە توشی ئالۆزی بێت و نەتوانێت سیاسەتێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و لاینگرانی بەرێوە بەرێت.

لێرەدا دەبێ بڵێین سپای قودس لە سەر بناغەی ئیسلام _ ئێران دامەزراوە بە شێوەیەک کە ئەو سپایە پاش ناسینی رەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی نێو وڵاتانی موسلمان، هەوڵ دەدات لەگەڵ ئەو رەوتانە پەیوەندی بگرێت ئامانجیشی لەو پەیوەندییە ئەوەیە کە دزە بکاتە نێو ریزەکانی ئەو رەوتانەوە هەتا لە رێگای ئەو رەوتانەوە :

١: بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی بپارێزێت.

٢: بڕەو بە بیری سیاسیی هەڵقوڵاو لە دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی بدات.

واتە سپای قودس دەیەوێت ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و ویستی سیاسیی کۆمەڵگای ئیسلامی و تاکی موسڵمان بخاتە ژێر رکێفی خۆی و بۆ ئامانجی خۆی بەکاریان بێنێ.

ئەگەر بمانهەوەێ ڕوونتر بڵێین، ئەو سپایە دەیەوێت لە رێگای رەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی وڵاتانی موسلمان کە لەسەر بناغەی بیری ئیسلامین، حەسارێک لە دەوری سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی ساز بکات. هەر وەکوو ئێستا سولەیمانی بە راشکاوی دەلێت: سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی بڵاوبوونەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەوە کۆماری ئیسلامی لە پاش ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١دا لە هەوڵدابووە کە بایەخە جیهانییەکان وەکوو مافی مرۆڤ، دێموکراسی، مافی تاکەکەسی، مافی منداڵ، مافی ئافرەت پێناسەیەکی ئیسلامی پێبدات. ئەو لە رێگای دزە کردن لە نێو ریزەکانی رەوتە ئیسلامییەکانەوە دەیەوێت خوێندنەوەی خۆی لەو چەمکانە لە نێو موسلمانان برەو پێبدات هەتا بەو شێوەیە کۆسپێک لەسەر رێگەی بایەخە گشتییەکانی سیاسەتی رۆژئاوا دا ساز بکات.

لێرەدا پرسیارێک ساز دەبێت ئەویش ئەوەیە : سپای قودس بە چ شێوەیەک کار دەکات؟

دەبێ پێش وڵامی ئەو پرسیارە ئەو باسە بێنینە ئاراوە کە رەنگە لە روانگەی هەوەڵدا زۆر کەس بیرلەوە بکاتەوە کە سپای قودس تەنیا لەگەڵ موسلمانانی شیعە پەیوەندی دەگرێت. ئەوە زۆر راست نییە. سپای قودس لە موسلمانانی شێعە نزیکترە بەڵام بنەمای کاری سپای قودس لەسەر بناغەی دۆکتۆرینی ئیسلام_ ئێران دامەزراوە. ئەو دۆکتۆرینەش لە هەوڵ دایە کە لە ئایینی ئیسلام بۆ پاراستنی کۆماری ئیسلامی کەڵک وەرگرێ وەک چۆن لە سەردەمی شەری سارد دا، سۆڤیەت دەیەویست لە بیری کۆمۆنیزم بۆ پاراستنی خۆی کەڵک وەرگرێت.

سپای قودس بە ستراتێژیی پاراستنی کۆماری ئیسلامی و لەسەر بناغەی دۆکتۆرینی ئیسلام _ئێران بە سێ تاکتیکی جیاواز کار دەکات.

بۆ ئەوەی باسەکە ڕوون بکەینەوە نەخشەی جیهان بە پێی رێژەی حەشیمەتی موسڵمانان و ئایینزای موسڵمانان بەسەر سێ بازنەدا دابەش دەکەین:

١: بازنەی یەکەم: ئەو بازنەیە هەرێمێک لەخۆ دەگرێت کە موسڵمانی شێعە زۆرینەی حەشیمەتەکەی پێک دێنێ یان تێیدا دەسەڵاتدارە ئەو بازنەیە دەقاودەق هیلالی شێعە دەگرێتەوە.

٢: بازنەی دووهەم: ئەو بازنەیە، ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە موسڵمانی سونی زۆرینەی حەشیمەتەکەی پێکدێنن.

٣: بازنەی سێهەم: ئەو بازنەیە هەرێمی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی دەگرێتەوە و هەموو ئەو وڵاتانە لە خۆ دەگرێت کە لەواندا موسڵمانان وەکوو کەمینەیەکی ئایینی دەژین.

بازنەی یەکەم: سپای قودس لە بازنەی یەکەم دا خولیای دامەزراندنی دەوڵەتی شیعەیان مانەوەی دەوڵەتی شیعەیە ئەو بازنەیە عێراق، سوریە و لوبنان دەگرێتەوە.

سپای قودس بە بەربڵاوی پشتیوانی لە رێژیمی ئەسەد دەکاتو راستەخۆ بەشداری سەرکوتی بەرهەڵستکارانی ئەسەد دەکات و دەبینین لە عێراق، سپای قودس بەتەواوی پشتی مالکی دەگرێت و لە هەموو توانای کەڵک وەردەگرێت بۆ ئەوەی مالکی بمێنێتەوە.

ئەو چەشنە پشتگیرییە دوو هۆکاری هەیە:

١: نابێت بایەخەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا و رۆژئاوا لە عێراق و سوریە ببنە بنەمای دەوڵەت ئەو بایەخەنە بریتین لە:

دێموکراسی، ئازادی تاکەکەسی،مافی مرۆڤ، مافی کەمینە،مافی ژنان و منداڵان و ئازادی رادەبرین و ئازادی بلاڤۆکەکان .

هۆکاری ئەوەی سوپای قودس لە دژی ئەو چەمکانەیە دەگەرێتەوە بۆ پێکهاتەی کۆمەلایەتی، ئایینی و ئێتنیکیی ئێران و لەگەڵ ئەوەش کۆماری ئیسلامی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەهەوڵدابووە پێناسەیەکی ئیسلامی بۆ ئەو چەمکانە دانێت و لە رێگای جۆراوجۆریشەوە ئەو پێناسەیەی بڵاوکردۆتەوە.

٢: ئامانجی دووهەمی سپای قودس دامەزراندنی دەسەڵاتی ئیسلام_ شیعەیە بۆ وێنە لە عێراق بە ئامانجی دامەزراندنی دەسەڵات لەسەر بناغەی ئیسلام _ شیعە پشتگیریی مالکی دەکات ئەو ئامانجە بە گشتی هەموو بازنەی یەکەم دەگرێتەوە. سپای قودس لە سورییە داکۆکی لە دەسەڵاتی ئەسەد دەکات و راستەوخۆ بەشداریی سەرکوتی بەرهەڵستکارانی سورییە دەکات. و لە لوبنان بە هەموو توانای پشتگیری لە گروپی ٨ی مارس دەکات.

لێرەدا رەنگە ئەو پرسیارە ساز بێت کە چۆنە سپای قودس کە بەشێوەی رەسمی دەڵێت پشتگیری لە هێزە ئازادیخوازە ئیسلامییەکان دەکەین بەڵام لایەنگری لە ئیسلام_شیعە دەکات؟!.

هۆکاری کێشانی سێ بازنە بۆ چالاکییەکانی سپای قودس دەگەرێتەوە سەر ئەو پرسیارە. سپای قودس ئەگەر بریار بێت لە نێوان ئیسلام _شیعە و ئیسلام_سوننی لایەنێک هەلبژێرێ ئەوە بە دڵنیاییەوە شیعە هەڵدەبژێرێ.چون بنەمای دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئێراندا ئیسلامی شیعەی جەعفەرییە، لەگەڵ ئەوەش دا، سپای قودس لە بازنەی یەکەم دا کە هەمان هیلالی شیعەیە ئامانجی ئەوەیە دەسەڵاتی شیعە دامەزرێنیت واتە ئێران لە ناوچەی هیلالی شیعی بە دوای ئەوەوە نییە ئەو ناوچانە بخاتە سەر ئیران بەڵکوو ئامانجی ئەوەیە کە چەند دەسەڵاتێکی شێعەی هاوپەیمان لەو هەرێمەدا دامەزرێنێت و بە یارمەتی ئەوان سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەلاتی نێوەراست و دنیا دا بەرێوەبەرێت.

بازنەی دووهەم ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە زۆرینەی حەشیمەتەکەی موسڵمانی سوننین سپای قودس لەو وڵاتانە دا بە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامییەوە نییە ،بەڵکوو بەداوای ئەوەوەیە کە لە رێگەی رەوتە کۆمەلایەتی و سیاسیەکانی دژ بە دەوڵەت لەو وڵاتانە، بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی بپارێزێت.

شێوەی کاری سپای قودس لەو بازنەیەدا بە دوو جۆرە:

١: دامەزراندنی حیزب و رێکخراوەی سەربەخۆی

٢: دامەزراندنی “چاوگەی هاوکاری” سەربەخۆی

ئامانج لەو دامەزراوانە ئەوەیە لە رێگەی ئەو دامەزراوانەوە زەخت بخاتە سەر دەوڵەتانی ناوچەکە هەتا ئەو دەوڵەتانە پێملی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بکاتو مەترسییان لەسەر کۆماری ئیسلام کەم بکاتەوە.

بازنەی سێهەم ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە زۆرینەی حەشیمەتەکانیان کەسانی ناموسلمانن و کەمینەی موسلمان بەشیک لە شارۆمەندانی ئەو وڵاتانەن.

گەڵالەی سپای قودس لەو بازنەیەدا بە پێی هەڵاواردنی ئایینی و مافی کەمینە پێک دێ.

لەو بازنەیەدا سپای قودس بە دوای رەوتی کۆمەلایەتی یان سیاسی ئیسلامییەوە نییە بەڵکوو لەو هەرێمەدا سپای قودس دەیەوێت “چاوگەی هاوکاری” دامەزرێنێ.

ئەو چاوگانە لەسەر بنەمای دۆکتۆرینی ئیسلام_ئێران دادەمەزرێت و بە گشتی موسڵمانانی دەمارگرژ، ئێرانیی دانیشتووی دەرەوە بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە پێشتر بەرهەڵستکاری کۆماری ئیسلامی بوون و ئێستا لە کردەوەی خۆیان پەشیمانن بە هەر هۆیەک لەو بازنەیەدا گرینگیی تایبەتیان هەیە.

چاوگەی هاوکاری” پێکهاتووە لە چەند کەسێک کە خولی فێرکاریی نیزامی و سیخوڕیی تایبەت دەبینن و لە کاتی پێویست دا رادەسپێردرێن بۆ کردەوەیەکی تێرۆریستی. ئەو چاوگانەلەبواری ریکخراوەییەوە پێکەوە پەیوەندییان نییە و هەر چاوگەیەک لە چاوگەکەیتر جودایەو و بەتەواوی سەربەخۆن و هەر چاوگەیەک جیا لە چاوگەکەیتر کار دەکات و ئەوانە تەنیا ناوەندی بریارەکانیان یەکە و هیچ چەشنە پەیوندیەکی ئۆرگانی و ریکخراوەی و فێرکاریان پێکەوە نییە و هەر کامەی بەتەواوی لەوەی کە جیایەبەڵام لە ناوەندی بریاردا یەک دەگرنەوەوەکوو هێشوو ترێ وان هەر کامە خۆی جیا لەوەی کەیە ئەو قانوونە هەموو چاوگەکان دەگرێتەوە تەنانەت ئەگەر دوو چاوگە لە یەک دەڤەریشدابن.

ئەو چاوگانە پتر بۆ کردەوەی تێرۆریستی رێکدەخرێن و لە کاتێدا کە کۆماری ئیسلامی بەرژەوەندییەکی تایبەتی تووشی مەترسیدەبێت یان بۆ مەبەستیکی تایبەت پێویست بێت کردەوەیەکی تێرۆریستی بەرێوە بچێت ئەو چاوگانە چالاک دەکرێن و لە کاتی ئاساییدا خامۆشن.

گەڵالەی تێرۆری بالوێزی عەرەبستان لە واشینگتن دی سی باشترین وینەیە بۆ ئەو بەشە.

شێوەی کارکردن لە هەر بازنەیەک دا چەق بەستوو نییە بەڵکوو سیاسەتێکی کراوەیە. تەنیا ئامانج یەک ئامانجە ،بەڵام بەگشتی هەر بازنەیەک بە پێی سیاسەتی تایبەت ئیدارە دەکرێت. ئەوەش هۆکاری دەگەرێتەوە بۆ دەرەتانی کۆمەلایەتی و سیاسی ئەو هەرێمەی کە بریارە چالاکیەکی لێبکرێت و جۆری کردەوەکە نەک بۆ ئامانجی کردەوەکە.

ئامانجی هەموو ئەو کردەوانەی سپای قودس پاراستنی کۆماری ئیسلامییە و هەر بەو هۆیەشەوە ناکرێت بلێن سپای قودس رێکخراوەیەکی سەربەخۆ یا دەمارگرژی نێو رەوتە سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامییە. بەشی دووهەمی ئەو بابەتە بەو پرسیارە کۆتایی دێت ئۆرگانە فەرمییەکانی هەموو دەسەڵاتێک لە دنیادا کاریان پاراستنی ئەو دەسەڵاتەیە کەواتە چی پێویست دەکات کە رێکخراوەیەکی هاوشانی ئەو ئۆرگانانە دامەزرێ و ئەویش هەر ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ؟

وەرگیراو لە کەمپەینی نا بۆ تیرۆر

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی