ساڵ لەمەوبەر، ١٧ سێپتەمبەری ١٩٩٢ دكتۆر سادق شەرەفكەندی، سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لە ریستۆرانتی میكۆنۆسی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەگەڵ فەتاحی عەبدولی و هومایون ئەردەڵان و نووری دێكوردی لەلایەن راسپێردراوانی كۆماری ئیسلامیی ئێران تیرۆر كران.
تیرۆری دكتۆر شەرەفكەندی تەنیا 3 ساڵ دوای تیرۆركردنی دكتۆر عەبدوڕەحمانی قاسملوو رووی دا، بەڵام ئەمجارەیان دادگەی ئەڵمانیا هاوشێوەی وڵاتی نەمسا بێ دەنگبوونی لەم تیرۆرە هەڵنەبژارد.
دادگەی میكۆنۆس
دادگەی میكۆنۆسی ئەڵمانیا لەسەر دۆسیەی تیرۆركردنی دكتۆر شەرەفكەندی گومانی خستە سەر كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و بە دیاریكراوی ناوی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەكبەری هاشمی رەفسەنجانی، سەركۆماری ئەوكاتی ئێران و عەلی فەلاحیان، وەزیری ئیتڵاعاتی پێشووی ئێران راگەیاند و بانگێشتی دادگەی كردن بۆ پارێزگاریكردن لە خۆیان بەرامبەر بەو تاوانەی ئەنجامیان داوە.
محەمەدنەزیف قادری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان، لەسەر تیرۆری دكتۆر شەرەفكەندی بە “وشە” دەڵێت: “دكتۆر سەعید ساڵی ١٩٩٢ بۆ كۆبوونەوەی “ئیشتیراكی دوەلی” ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست، چوو بۆ بەرلین و دوای كۆبوونەوەكە لەگەڵ بەشێك لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بە مەبەستی گەیشتن بە رێكەوتننامەیەك بۆ هاوكاری و چالاكتركردنی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لەپێناو رووخانی كۆماری ئیسلامی و هێنانە سەركاری حكوومەتێكی دیموكراتیك، لە ریستۆرانتی میكۆنۆس كۆ بوونەوە و لەو كۆبوونەوەیەدا دەستێكی ڕەش كە لەگەڵ جاسووسخانە “كۆنسوڵخانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران” لە ئەڵمانیا پێوەندی هەبوو و هەر لە ڕێگەی ئەوانەوە نێردرابوونە شوێنی كۆبوونەوەكە و سەركردە و ئەندامانی حزبی دیموكراتیان دایە بەر دەستڕێژی گولە و تیرۆریان كردن”.
لە دادگەییەكەدا كەسێك كە پێشتر ئەندام بووە لە ئیتڵاعاتی ئێران، بە پاڵپشتی بەنی سەدر و گەرەنتی دادگەی ئەڵمانیا بۆ پاراستنی ژیانی، وەك شایەت ئامادە بوو. ئەو كەسە كە ناوی لە دادگەی میكۆنۆس پارێزراوە، دانی بەوە نا كە خۆی پێشتر ئەندامی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران بووە و شایەتی لەسەر ئەوە دا كە شێوازی داڕشتنی تیرۆرەكە بە باشی دەناسێت.
حەمە نەزیف قادری دەڵێت: “كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای دەستبەكاربوونی سیاسەتی فەرمی، تیرۆری كەسایەتییە سیاسی و پێشكەوتنخوازەكانی ئێران بووە و بەتایبەتی رێبەرانی كورد و تێكۆشەرانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، ئەویش بەهۆی بیروباوەڕی دیموكرات و پێشكەوتووانەیان هەمیشە كەوتوونەتە بەر ئامانجی تیرۆری كۆماری ئیسلامی ئێران”.
ئەو ئەندامەی پێشووی وەزارەتی ئیتڵاعات لە دادگە كۆمیتەیەكی شاراوەی تیرۆری ئێرانی ئاشكرا كرد كە بەرپرسیاری سەرجەم تیرۆرەكانی دەرەوەی وڵاتیان لە ئەستۆ بوو كە پێك هاتبوون لە رێبەری ئێران و سەركۆمار و وەزیری ئیتڵاعات و وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران.
دوا بەدوای ئەو شایەتییە دادگەی ئەڵمانیا بەرپرسانی باڵای ئێران، لە سەرووی هەمووانەوە، عەلی خامنەیی بە ئەنجامدەرانی تیرۆری دكتۆر سادقی شەرەفكەندی ناو برد.
قادری رای گەیاند: “هەر لە ساڵی ٧٩وە خومەینی بەداخ بوو لەوەی كە دكتۆر قاسملو بۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بژاردەكان “مەجلیسی خیبرەگان” نەچوبووە تاران بۆ ئەوەی بیخاتە داو و تیرۆری بكات و خومەینی لە ژیاندا بوو كە بڕیاری تیرۆری دكتۆر قاسملوو درا و دوای تیرۆری قاسملوو، دكتۆر سادق شەرەفكەندی بوو بە ئامانجی ئەو پیلانە دژ بە مرۆییەی رژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران و بەداخەوە زەفەریان پێ برد و تیرۆریان كرد”.
سەرباری هەوڵەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەرپۆشكردنی ئەو دۆسییەیە، هەرگیز نەیانتوانی وەك كەیسی دكتۆر عەبدوڕەحمانی قاسملوو بە ساتوسەوداكردن دەوڵەتی ئەڵمانیا پاشگەز بكەنەوە. سەرباری ئەوەی دەوڵەتی ئەڵمانیا فشاری زۆری بۆ دادگە هێنا بۆ ئەوەی زیاتر رۆ نەچێتە ناو لێكۆڵینەوەكان، بەڵام هەر ئەو كەیسە بوو بەهۆی ئەوەی پێوەندی دەوڵەتی ئێران و ئەڵمانیا بگاتە خراپترین ئاست لە مێژووی هەردوولا.
تیرۆری دكتۆر شەرەفكەندی لە كاتێكدا بوو كە سەرۆكایەتیی شاندێكی حزبی دیموكراتی دەكرد بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست لە بەرلین و چەند كاتژمێرێك دوای كۆتایی كۆبوونەوەكە لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی سیاسی لە نەتەوەكانی ئێران دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ریستۆرانتی میكۆنۆس كۆ بووبوونەوە.
حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەكدا سەبارەت بە هەڵوێستی دادگەی ئەڵمانیا پێزانینی خۆی سەبارەت بەو هەوڵانە دەربڕی و رای گەیاند، دادگەی ئەڵمانیا بەو كردەیەی سەلماندی كە سەربەخۆیی لە بڕیارداندا هەیە و بە جورئەتەوە سەركردە باڵاكانی ئێرانی لە تێوەگلان لە تیرۆری سیاسی ئاشكرا كرد. لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە درابوو كە ئەگەر دادگەی نەمسا هەڵوێستێكی هاوشێوەی دادگەی ئەڵمانیای گرتبایە بەر، ئەوا رەنگ بوو لە تیرۆری دكتۆر شەرەفكەندی و كەسایەتییە سیاسییەكانی تر سەركەوتنیان بەدەست نەهێنابایە.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەڵێت: “شەهیدبوونی دكتۆر سادق شەرەفكەندی دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانە گەورەیە بوو كە لە ڤییەنا دەرحەق بە دكتۆر عەبدوڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی كرا”.
دیموكرات پاش تیرۆری شەرەفكەندی
ئەگەرچی حزبی دیموكرات رای گەیاند بە تیرۆركردنی سەركردەكانیان هەرگیز لە چالاكییەكانیان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان سارد نەبوونەتەوە، بەڵام بە كردەیی دوای تیرۆری ئەو دوو سەركردە سیاسییەی دیموكرات شایەتی دابەزینی ئاستی چالاكی ئەو حزبە بووین.
حەمەنەزیف قادری پێی وایە شەهیدبوونی ئەو دوو سەركردەیە كاریگەری لەسەر حزبەكەی داناوە و دەڵێت: “بێگومان، نەمانی هەر ئەندامێكی خاوەن جێگە و پێگە لە هەر حزب و رێكخراوێكی سیاسیدا كاریگەری خۆی هەیە، بەڵام حزبی دیموكراتی كوردستان ئەزموونێكی مێژوویی هەیە و بە دەیان و سەدان كادیر و سەركردەی گەورەی پێ گەیاندووە و لە رەوتی درێژەدان بە خەبات لە دژی دیكتاتۆری رژێمەكانی ئێران لە مەیداندا بووە”.
قادری هۆكاری سستبوونی حزبەكەی لە دوای تیرۆری شەرەفكەندی دەگەڕێنێتەوە بۆ هەلومەرجی سیاسی سەردەم و دەڵێت: “ئەم سستییەی باسی لێوە دەكرێت دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی سیاسی و پێگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بزوتنەوەی كورد بە تێكڕایی و پەیوەستە بەو ئاستەنگانەی ئێستە لە ئێران سەبارەت بە بزووتنەوەی كوردی لە ئارادایە، بەڵام حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئێستەیش حزبێكی چالاكە لە بوارەكانی سیاسی و رێكخستن و راگەیاندن و دیپلۆماسییەوە و لە رووی رێبەرایەتیكردنی بزووتنەوەی نەتەوەییەوە هەر ئاڵاهەڵگر و پێشەنگە لە كوردستانی ئێران”.
ترس لە دیموكراسی و ئازادی
كۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا ئامانجی تیرۆرەكانی ئەو كەسایەتییە سیاسییانە بوو لە باسیان لە دیموكراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ دەكرد، لە سەركردە سیاسییە ئێرانییەكانی جگە لە كورد شاپووری بەختیار یەك لەو كەسایەتییانە بوو كە لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تیرۆر كرا، ئەو لە كتێبەكەیدا بەناوی “یەكڕەنگی” دەنووسێت: “من بەرلەوەی كە خۆم وەك ئێرانییەك و پێڕەوی ئاینێكی دیاریكراو بناسێنم، لە سەرووی هەمووانەوە بڕوام بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی هەیە”. وەك قادری دەڵێت: “سیاسەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە رێبەرانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات زۆر بێ بەزەییانە بووە، هەر لە دكتۆر شاپوور بەختیار و دكتۆر رەجەوی و زۆر كەسایەتی سیاسیی تریان لە دەرەوەی وڵات تیرۆر كرد”.
حەمەنەزیف قادری كۆماری ئیسلامیی ئێران بەوە ناو دەبات كە لە هەموو بیرێكی ئازادیخوازانە سڵ دەكاتەوە و دەڵێت: “ئەو كەسایەتییانەی كە سیكۆلار و دیموكرات بوون و دژی عەقڵیەتی چەقبەستووی رژێمی كۆماری ئیسلامی خەباتیان دەكرد و كاریگەریان لەسەر گەشەكردنی پرۆسەی دیموكراسی لە ئێراندا هەبوو، دەكرانە ئامانجی تیرۆری كۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆكاریش ئەمەیە كە جەوهەری كۆماری ئیسلامی دژایەتیكردنە لەگەڵ ئازادی و دیموكراسی و دادپەروەری و دژایەتییە لەگەڵ عەقڵیەتی پێشكەوتوو كە دژی كۆنەپەرستی خەبات دەكات”.
بۆچی حزبی دیموكرات دەكەوێتە بەر ئامانجی تیرۆر
لەناو ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵاتی كوردستان حزبی دیموكرات ئەو حزبە بووە كە لە تیرۆری سیاسیی كۆماری ئیسلامیدا پشكی شێری بەركەوتووە و دوو لە سەرۆكی هەرە كاریگەری ئەو حزبە بوونەتە قوربانی تیرۆر.
حەمەنەزیف قادری هۆكارەكەی دەگەڕێنێتەوە بۆ كاریگەربوونی حزبەكەی لەسەر رای گشتیی رۆژهەڵاتی كوردستان و دەڵێت: “لەگەڵ رێزمان بۆ سەرجەم ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێران، كۆماری ئیسلامیی ئێران بە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران زیاتر بێ تاقەت بووە، لەبەر ئەوەی حزبی دیموكرات خاوەن جێگە و پێگەیەكی سیاسی و رێكخراوەییە لە كوردستانی ئێران و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و رێبەرانی ئەو حزبە هەوڵیان داوە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و كەسایەتییە دیارەكان لە دەوری بەرنامەیەكی سیاسی كۆ بكەنەوە بە مەبەستی خەبات لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران. هۆكاری تریش ئەوەیە كە حزبی دیموكراتی كوردستان ناوەندی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی كورد لە كوردستانی ئێران بووە”.
ئەوەش دەڵێت: “حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە دوو روانگەوە كەوتووەتە بەر ئامانجی كۆماری ئیسلامیی ئێران. یەكەم، هەڵگری بیروباوەڕی دیموكراسیخوازانە بووە، دووەمیان، هەڵگری خەباتی نەتەوەیی بووە كە ئێران خۆی وڵاتێكی فرە نەتەوەییە و كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوانە بە مەترسی دەزانێت لەسەر پێگە و جێگەی خۆی. بۆیە بەشێك لە كەسایەتییە سیاسی و ئۆپۆزسیۆنەكانی كوردی ئێرانی تیرۆر كردووە. بۆ نموونە كاك سەدیق كەمانگەر یەك لەو كەسایەتییانە بووە كە بەهۆی پیلانێكی خەیانەتكارانەوە تیرۆر كراوە، بۆیە ئۆپۆزسیۆنی چالاكی كوردی ئێران هەمیشە ئامانجی تیرۆری كۆماری ئیسلامی بوونە”.
زنجیرە تیرۆرەكانی كۆماری ئیسلامی
تیرۆری دكتۆر سادقی شەرەفكەندی تاكە كاری تیرۆری سیاسی نەبوو لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەڵكو هەروەك شایەتەكەی دادگەی میكۆنۆس ئاشكرای كرد، كۆمیتەیەكی تایبەت بە سەرپەرشتی سەركردە باڵاكانی كۆماری ئیسلامی پێك هاتبوو بۆ لەناوبردن و تیرۆری ئەو كەسایەتییە سیاسییانەی كاریگەرتریان لەسەر رای گشتی ناوخۆی ئێران هەبوو و لە سەرووی هەمووان دكتۆر عەبدوڕەحمان قاسملوو و شاپووری بەختیار بوو.
دكتۆر قاسملوو، سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لە ساڵی 1989 لە ڤیەننای پایتەختی لەكاتی دانوستان لەگەڵ بەناو دیپلۆماتكارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن ئەو دیپلۆماتكارانەوە تیرۆر كران.
شاپووری بەختیار سكرتێری گشتیی “حزبی ئێران” و دوا سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی شای ئێران بوو كە پاش رووخانی رژێمی شای ئێران لە چوارچێوەی “نیهزەتی مقاومەتی میلی” دژایەتی خۆی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران درێژە پێدا و ساڵی ١٩٨٠ هەوڵی تیرۆركردنی درا، بەڵام سەركەوتوو نەبوون و لە ئەنجامدا لە ساڵی ١٩٩١ جارێكی تر لە پاریس لەلایەن چەند چەكدارێكەوە هێرش كرایە سەری و تیرۆر كرا. هەر ئەوكات میدیاكان بەرپرسیاری هەردوو
هێرشەكەیان خستە ئەستۆی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام حكوومەتی فڕەنسا هاوشێوەی كەیسی تیرۆری دكتۆر قاسملو لە نەمسا، ئەو تاوانەی پەردەپۆش كرد و كەیسەكەی بە نهێنی هێشتەوە.
سەرچاوە: سایتی وشە
وشە/هەولێر-هیدایەت جان