"an independent online kurdish website

هێندێک کورد بەتایبەتی لە باشوری کوردستان ئێستا خۆیان خەریک کردووە بە وەرگێڕانی بەرهەمەکانی عەلی شەریعەتییەوە و وەک بیرمەندێک سەیری دەکەن و تەنانەت لە مێدیاکانیشدا وەک سەرچاوە کەڵک لە بەرهەمەکانی وەردەگرن!hamid_droudi10

باشترە بزانین عەلی شەریعەتی کێیە و چۆن بوو بەو کەسەی کە لە ئێراندا وەک پاڵەوانێکی بواری نوێگەریی لە ئاینی شێعەگەری و وەک مامۆستای شۆڕشی ٥٧ سەیر دەکرێ. زۆرێک لەو دروشمانەی کە لە ساڵانی دوای عەلی شەرێعەتیدا بوون بە دروشمی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆچوون و نووسینی عەلی شەرێعەتی بوون، هەوەڵجار لە سەرەتای شۆڕی گەلانی ئێران و دواتریش سی ساڵ دوای مردنی، کۆماری ئیسلامی بۆ سرنج راکێشانی خەڵکی هەژاری ئەو وڵاتە و زەق کردنەوەی رێبازی عەلی شەرێعەتی کەوتە پڕوپاگەندە بڵاو کردنەوە، بەداخەوە هێندیک کوردیش کوێرکوێرانە و بە بێ ئەوەی لە ئاماجی پشت پەردەی ئەو سیاسەتە ئاگادار بن، دەستیان بە بڵاو کردنەوەی ئەو درۆ و دەلەسانەی عەلی شەرێعەتی کرد، رەنگە هێندیکیشیان هەدەفمەندان و بە ئاماجێکی تایبەتییەوە ئەو کارە بکەن و بە شێوەیەک دەستی کۆماری ئیسلامیان لە پشت بێ.

عەلی شەرێعەتی کوڕی محەمەدتەقی شەرێعەتیە کە لە ساڵی ١٣١٢ی کۆچیدا لە گوندی مزینانی سەر بە شارستانی سەبزەوار لە دایک بوو. ساڵی ١٣١٩ لە تەمەنی ٧ ساڵی دا لە قوتابخانەی ئبن یەمین لە مەشهەد نرایە بەر خوێندن لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا سیکلی وەرگرت (پۆلی نۆهەم لە نیزامی پێشوود) و پاشان لە دانیشسەرای مەشهەد دوێندنی تەواو کرد و بە بورسی خوێنکارییەوە چوو بۆ فەرانسە بۆ خوێندن. لە فەرانسە لە دانشکەدەیەکدا بە ناوی ئۆتستوت خۆی ناونووس کرد و لەسەر تزێک بە ناوی “هاژیولۆژی” (حاجی لۆژی = زانستی حاجی، ناساندنی پیاوان و باوکانی گەورە و پیرۆز) کە بەشێکە سەر بە تیئۆلۆژی (ئایین ناسی) [1] دەستی بە خوێندن کرد و پاشان تەواو بوونی بورسەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئێران و لەبەر ئەوەی ئەو بڕوانامەیەی کە لە فەرانسە وەریگرتبوو لە زانکۆی مەشهەد کە دواتر بوو بە زانکۆی فیردەوسی داوای کار دەکا و لەبەر ئەوەی بەڵگەنامەکەی ئەو لە ئێراندا نەناسراو و تا رادەیەکیش بێ بایەخ بووە، لە زانکۆدا کاری پێ نادەن و دەینێرن بۆ دێیەیکی سەر بە مەشهەد بە ناوی ترۆق و لەوێ دەبێ بە دەبیر (مامۆستای پۆلی ناوەندی).

بە پێی وتەی ئەو کەسانەی کە پێش رۆیشتنی عەلی شەرێعەتی بۆ پاریس لەگەڵی بوون لەوانە سەید حوسێن نەسر کە ئێستا ماوە و لە تاران دەژی دەستپێکردنی تێکۆشانی عەلی شەرێعەتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە کەسێک بە ناوی هومایۆن، حوسێنیەی ئیرشادی ئیسلامی لە تاران دروست کردووە و چوار کەسی وەک مەشاویری سەرەکی ئەو ناوەندە دیاری کردووە کە ئەمانە بوون: متەهەری، سەید حوسێنی نەسر، شەریعەتی و شاهچراغی. دیارە دواتر متەهەری و حوسێن نەسر لێیان جیا دەبنەوە و لەوە زیاتر لەگەڵی نابن. ئەوانەی کە لەو سەردەمەدا ژیاون و ئاگاداری بارودۆخی کردنەوەی حوسێنیەی ئیرشاد بوون، گوایە پارە و پووڵێکی زۆر لە لایەن عەرەبستانی سعودییەوە و رادەیەکی زۆریش لە لایەن سازمانی ئەمنیەتی ئێرانەوە بۆ کردنەوە و رازاندنەوەی ئەو ناوەندە تەرخان کرابوو. بە قسەی ئەم کەسانە لەوانە سەید حوسێن نەسر و تەوەسولی و هیتر شەریعەتی هاوکارییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ سازمانی ئەمنیەتی حکومەتی ئێران هەبووە و ئەوانیش زۆر یارمەتیان داوە و هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە شەرێعەتی هاوکار و ئەندام ئەو رێکخراوەیە بوو. هەر ئەو رێکخراوەیەش بڕیاری بە زانکۆی فیردەوسی دابوو کە مووچەی مانگانەی پێ بدا لە کاتێکدا ماوەیەکی هیچ کارێکی بۆ زانکۆکە نەدەکرد و مووچەیەکی باشیشی وەردەگرت. دواتریش کە رێکخراوی ئەمنیەتی ئێران هێنایانەوە بۆ تاران و کردیان بە مەشاویری وەزیری علووم، دیسانەوە لێرەش بە بێ ئەوەی هیچ کارێک بکا مووچە و مانگانەیەکی باشی وەردەگرت. (دیارە هێندیک لە لایەنگرەکانی بەو جۆرە پاساویی هاوکاریی کردنەکەی لەگەڵ سازمانی ئەمنیەت دێننەوە کە گوایە بۆ کاری سیاسیی و رێکخراوەیی خۆی لەوێ خزاندووە!)

هاوکاریی شەرێعەتی لەگەڵ سازمانی ئەمنیتە بەردەوام بوو تاکوو سەرهەڵدان و دەستپێکردنی رێکخراوی مەجاهیدنی خەڵکی ئێران و خەباتی شاراوە و نەهێنی ئەو رێکخراوەیە و کوشتنی چەند کەس لە کەسانی سەر بە ریژیمی پاشایەتی ئێران و پاشان دەست بەسەراگرتنی چەند ماڵی تیمی و شانەی رێکخراوەیی (خانە تیمی) لە لایەن دەوڵەتەوە و پەیدا کردنی چەندین بەرگ لە کتێبەکانی عەلی شەریعەتی لەو خانە تیمیانەدا. هەر بۆیە ساواک دەیگرن و لێپێچینەوەی لێ دەکەن. لە بارودۆخی ئەو کاتەی ئێراندا دوو باڵەی سیاسی بە دژبەرانی حکومەت و سەربە دوژمنانی دەرەکی ئێران دەناسران، چەپەکان و ئیسلامییە سیاسییەکان. کە عەلی شەرێعەتی بەو بەڵگانەدا کە کەوتبوونە دەست ساواک کە زۆرتریش کتێبە ئیسلامییەکانی بوون لە ریزی دەستەی دووهەمدا دەژمێردرا. بۆ خۆی لە لێپرسینەوەی ساواکدا لەسەر بڕوانامەکەی لە فەرانسە ئاوا دەڵێ: ” از نظر زندگي خصوصي، من دو دکترا، يکي در جامعه شناسي مذهبي (مسلمانان) و ديگري در تاريخ گرفته ام و در ضمن، “مدرسۀ تحقيقات عاليه” (Ecole des hautes études) وابسته به دانشگاه سوربن را نيز در رشتۀ “جامعه شناسي اسلامي” گذراندم و در درس هاي “جامعه شناسي عمومي”، “تاريخ”، “علوم اسلامي” و “کشورهاي توسعه نيافته” شرکت مي کردم. ” نهضت امام خمینی، ج3، ص219  (لە بواری ژیانی تایبەتییەوە، من دوو دوکتورام هەیە، یەکێک لە کۆمەڵناسی ئایینی موسڵمانان و ئەویتر لە مێژوودا وەرگرتووە، ئەوەش بڵێم کە قوتابخانەی لێکۆڵینەوەی باڵا (Ecole des hautes études کە سەر بە زانکۆی سوربونە لە رشتەی کۆمەڵناسی ئیسلامیم خوێندووە و لە وانەکانی “کۆمەڵناسی گشتی”، “مێژوو”، “زانستی ئیسلامی” و “وڵاتانی ناپێشکەوتوو” دا بەشداریم دەکرد.)

بە پێی ئەو بەڵگەیەی ساواک بۆمان دەردەکەوێ کە ئەمانە تەنیا وتەی بێ بنەمان و هیچ بەڵگەیەکی سەلمێندراو لەسەر ئەو بڕوانامانەی کە عەلی شەرێعەتی باسیان دەکا، لە گۆڕێدا نیە! ماوەی بورسی خوێندنی ناوەبراو لە فەرانسە ساڵانی (1338-1343) بووە، بۆ کەسێکیش کە بۆ یەکەمجار بچێتە فەرانسە شتێکی نەگونجاو و دوور لە راستییە کە لە ماوەی ٥ ساڵدا بتوانێ دوو دوکتورا وەربگرێ. بۆ سەرلماندنی ئەم قسانە بیرەوەرییەکانی جەلال مەتینی بخوێنینەوە کە ئێستا لە ئامریکایە و ئەو کاتە بەرپرسی زانکۆی مەشهەد بووە. ئەو دەڵێ:

” کاتێک عەلی شەریعەتی بە کارنامەکەیەوە “هاژیولۆژی” لە فەرانسەوە هاتەوە بۆ لای ئێمە لەبەر ئەوەی ئەو بڕوانامەیە نەناسراو بوو و جێگای باوەڕ نەبوو، قەبووڵمان نەکرد و لە لایەن زانکۆوە نامەیەکامان بۆ ئەو شوێنەی کە ناوبرای لە پاریس لێی خوێندبوو، نووسی و داوامان لێ کردن کە روونکردنەوەیەک لەو پێوەندییەدا بدەن. ئەوانیش لە وەڵامدا نووسیبوویان کە بەڵێ لاوێکی بەو ناوە و نیشانە لە لای ئیمە بووە و نووسراوەیەکی (لایەنگرەکانی ناوی تزیان لێ ناوە) بە ئێمە داوە و ئێمەش لە سەرتادا نەماندەویست نمرەی پێ بدەین و قەبووڵی بکەین، بەڵام دواتر کە باسی تەواو بوونی بورسی خوێندنەکەی و کۆسپی ماڵیی خۆی بۆ باس کردین کە ژن و منداڵی هەیە و دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ئێران، ئێمەش بەڵگەنامەیەکمان پێدا کە بتوانێ بگەڕێتەوە بۆ ئێران ئەویش بە کەمترین نمرەوە واتەPassable  (قەبوڵ).” لەم پێوەندیەدا دەتوانن سەیری ” دکتر علی شریعتی در دانشگاە مشهد چاپ: انتشارات آرش در سوئد” بکەن.

دوکتور تەوەسولی کە ئێستا لە تاران دەژی و هاوکات لەگەڵ عەلی شەریعەتی لە پاریس بووە، لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا دەگێڕیتەوە کە کاتێک ئێمە دەچووین کلاسی خوێندن، شەریعەتی نەدەهاتە کلاس و دەچوو لەگەڵ موسڵمانەکانی ئەلجەزایر، مەراکیشی و خەڵکانی رۆژئاوای ئافریقا هەڵسووکەوتی دەکرد و کەمتر حەزی لە دەرس و خوێندن بوو. لە کۆتاییشدا ئەو نووسراوەیە کە وەک “تز” خەریکی نووسینی بوو، لە راستیدا وەرگێڕانی فەرانسەیی کتێبی ” فضایل بلخ ە.

کتێبی فضایل بلخ کتبێکە کە باسی گەورە پیاوانی بلخ دەکا و عبدالحی حبیبی ساغی کردووەتەوە و چەند ساڵ پێش لە شۆڕشی ١٣٥٧ لە ئێراندا چاپ کرایەوە.

شاهرخ اخوی لە کتێبی “تفکر اجتماعی شریعتی” دا لە لاپەڕەی ١٢٦ دا لەسەر ئەم بەڵگەنامەیەی شەریعەتی دەنووسێ: “… ئەم رەسالەیە کە بە بەرپرسایەتی ئوستاد ژ. لازار، ئامادە کراوە، لە بواری کۆمەڵناسیدا نیە و تەنیا پێوەندی بە زمانناسی سەدەکانی نێوەڕاستەی ئێرانەوە هەیە.”

ئەوەیش کە لە ئێراندا لەسەر کتیب و نووسراوەکانی عەلی شەرێعتی چەندین تایتڵ و ناوی زرت و زەلامی وەک دوکتور عەلی شەرێعتی کۆمەڵناس، فیلەسوف و هیتر… دەنووسن، بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەو نە کۆمەڵناسی خوێندووە و نەک فیلەسویشە. وەک پێشریش باسمان کرد ئەو نووسراوەیەکی لە بواری “هاژیولۆژی” (حاجیلۆژی، زانستی پیاوە ئایینەکان) نووسیوە ئەویش دواتر دەرکەوت کە وەرگێڕانی کتێبێکی ئەفغانستانییە.

بێجگە لەو بەڵگانەی لەسەرەوە باسمان کردن نووسین و بەڵگە زۆرن بەڵام سەرەڕای ئەمانەش ئەگەر عەلی شەریعەتی بڕوانامەیەکیشی هەبێ. تەنیا لە ئەدەبیاتدا بووە و ئەویش بە لاوازترین نمرەوە پەسند کراوە. سەرەڕای ئەمەش بۆ لە لایەن لایەنگرەکانیەوە و بەتایبەتی لە لایەن هێندێک کوردەوە وەک زاناییەکی ئیسلامی سەیر دەکرێ؟ بەراستی بەم کردەوە دەیانهەوی پاساو بۆ ئەو هەموو هەڵە زەقە ئایینی و میژووییانەی بێنتەوە؟ یان هەموو ئەمانە بەشێکن لە گەمەی شەڕێکی دەروونیی کە رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دوای سی ساڵ ئێستا دیسانەوە دەیهەوێ بە ناوی شەریعەتی و ئیسلامی نوێوە زیندووی بکاتەوە، هێندیک کوردیش بە بێ لێکۆڵینەوە و هیچ زانیارییەک کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەم شەڕە دەروونیەوە و لە وەرگێڕانی بەرهەمە پڕ لە درۆ و ساختەکانی ناوبرادا لەگەڵ یەک لە پێشبڕکێدان.

ساختەکاری عەلی شەرێعتی تەنیا بە وەرگێڕانی کێتێکەوە ناوەستێ کە کردووەیە بە تزی خوێندنەکەی خۆی لە پاریس. دوکتور سیاوش اوستا کە لە دەورانی شۆڕشی ئێراندا ماوەیەک لە ماڵی باوکی عەلی شەرێعەتی خۆی پەنا داوە بۆ ئەوەی نەیگرن و بیکوژن و وەک مامۆستای خۆی سەیری محەمەدتەقی شەرێعەتی دەکا، لە گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانیدا شتێکی زۆر سەرنج راکێش دەگێڕیتەوە کە پێوەندی بە دروشمە ئیسلامییەکانەوە هەیە کە لە سەرەتای شۆڕشدا زۆر گوێمان لێ دەبوون. ئەو دەڵێ: “… لەسەر دروشمی ئازادی، بەرابەری و برایەتی (آزادی، برابری، برادری Liberté Egalité Fraternité) بە ئێمەی دەوت کە لە خەودا بووە و خێرا هەستاوە و وتوویە دەبێ ئەم سێ چەمکەوە بنووسمەوە. دواتریش “نان” و “عیرفان” یشی پێ زیاد کرد. ئێمە کە ئەوکات نەماندەزانی بەلامانەوە زۆر سەیر بوو، دەمانوت بەراستی شیکاری مێژوو هەر ئەمەیە ئازادی، بەرابەری و برایەتی. ئەو کات ١٥ یان ١٦ ساڵان بووین و ئەوینداری ئەم وتانەی شەرێعەتی بووین. دواتر کە من هاتم بۆ پاریس بینیم کە لەسەر هەموو پووڵە وردە (سکە)کانی ئەو وڵاتە لە ١٠ سنیتەوە بگرە تاکوو ٥ فرانکی نووسراوە Liberté Egalité Fraternité (ئازادی، بەرابەر، برایەتی) و ئەمە دروشمی شۆڕشی فەرانسە بووە و زیاتر لە ٢٠٠ ساڵە ئەم درۆشمە نووسراوەتەوە. کەچی دوکتور شەرێعەتی دێتەوە بۆ ئێران و بە ئێمە دەڵێ لە خەودا وەحیم بۆ هاتووە و خەوم پێیانەوە دیوە! خاڵێکی گرینگی دیکە بەسەرهاتی “ئمە سزر” (امه سزر)ە کە عەلی شەرێعتی وەک بۆتی لێ کردبوو بۆ ئێمە کە گوایە شاعیر و ئازادخوازە و دژی ئیستعمارە و لەم جۆرە پێداهەڵگوتنانە. من لە پاریس بووم بیستم کە “ئمە سزر” کۆڕێکی هەیە. منیش لە دڵی خۆمدا وتم حەتمەن ئەمە نەوە و نەتیجەی “ئمە سزر”ە با بڕۆم بۆ کۆڕەکەی بزانم باسی چی دەکا. کە چووم و بینیم و پرسیم زانیم کە ئەمە هەمان ئەو “ئمە سزر”ەیە کە عەلی شەرێعەتی بۆی کربووین بە بۆت. ئەم کەسەش رەئیسی جەزیرەیەکی مستەعمەرەی فرانسەیە لەو پەڕی دونیا. گوایە ناوبراو شارەداری جەزیرەی مارتینی بووە و بە پێچەوانەی قسەکانی عەلی شەرێعەتی “ئمە سزر”  بۆ خۆی پیاوی ئیستعمارە. دواتر کە لەسەر عەلی شەرێعەتی لە “ئمە سزر” م پرسی، تەنانەت نەشی دەناسی و نەیدەزانێ کێیە…”

لە سەر کتێبەکانی عەلی شەرێعەتیش زۆر رەخنە و گازندە هەیە، بەتایبەتی کتیبی “فاتمە فاتمەیە” ئەوەی بەكەڵک بێ و لەسەر فاتمە بێ لەو کتێبەدا نیە، نە باسی منداڵی و لاوەتی فاتمەی تێدایە، نە باسی ژیاننامەی ئەویشە، شتێکی بۆ خۆی نووسیوە و کردوویە بە ناوی ئەوەوە. هەروەها کە لەسەر زەینەبیش نووسیویە، راست مێژووەکەی بەراوەژوو کردووەتەوە، ئەوەی لە مێژوودا هەیە کاتێک زەینەب دەچێ بۆ لای یەزید، گوایە زۆر رێزی لێ دەگرێ و پووڵی پێدەدا و یارمەتیشی دەدات و سەرەڕای هەموو ئەمانەش یەزید ئیجازەی دەدات لە مزگەوتدا قسە بۆ خەڵکی بکا. بەڵام عەلی شەرێعەتی هەموو ئەمانەی پێچەوانە کردووەتەوە.

ئێستا دوای زیاتر لە سی ساڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دیسانەوە دەستی داوەتە زیندوو کردنەوەی بیروبۆچوونی شەرێعتی و دەیهەوێ بە هەر شێوەیەک بووە ئەو کەلێن و کونانە کە تێی بووە، بەم جۆرە بگرێ و پڕ بکاتەوە.

حامید  ١٧ی ٩ی ٢٠١٤



[1] ـ تەوەسولی کە ئێستا ماوە و لە تاران دەژی، هاوکات لەگەڵ عەلی شەریعەتی لەو خوێندنگایە بووە لە پاریس و لە بیرەوەرییەکانیدا باسی ئەو دەورانەی گێڕاوەتەوە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی