یەکێک لە دەستکەوتەکانی شۆرشی پیشەیی – زانستی کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیستو یەکەم گەشەکردنی تێکنیک لە تەواوی بوارەکان و یەک لەوان بوونی ئینتێرنێت،
موبایل و وایبێر، فەیس بووک و ساتەلیت و تلەویزیۆنی گشتیییە. ئەگەر تا یەک دوو دەیە لەوە پێش پێوەندیی گرتن لەگەڵ خەڵکی ناوخۆی کوردستان تەنیا لە ڕێگای ناردنی پێشمەرگە و ڕۆژنامە و بەیاننامە بوو ئەمرۆ لە چەند چرکەدا لە ڕێگای ئینتێرنێت و یاخود ئەو هەموو تلەویزیۆنەی کە بە تایبەتی حیزبەکانی رۆژهەڵاتیش هەیانە دەکری پەیامی پێویست بە خەڵکی رابگەیەندرێ. لە باشوری کوردستانیش بە پێی پێکهاتنی دەسەڵاتی کورد دەیان تلەویزیۆنی فەرمی و نافەرمی خەریکی کار و چاڵاکین و تلەویزیۆنەکانی زاگرۆس و کوردستان و بە تایبەتی ڕووداو بەرنامەی ٢٤ سەعاتەیان هەیە و ڕووداو تەنانەت ڕۆژانە بەرنامەیەکی نیوسەعاتەی بە ناوی ڕۆژهەڵات هەیە و جار و بار وتووێژ لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسان و چالاکەوانانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا کە زۆرینەیان ساڵیانی ساڵە دانیشتوو یاخود میوانی باشورن و برایانی باشور هەرچەند ڕۆژ جارێک وەکو میواندارێک کە لە بوونی میوانی نەخوازراو ماندوو ببێ بە چەشنێکی زۆر ناشیاو و ناحەز وەبیریان دێننەوە “میوان بوونیش حەد و ئەندازەی هەیە و ئیتر قەرار نییە ئاوا بێتامی کەن و باشترە کەم کەم ڕێگای ماڵەیان بگرن بەر و لەوە زۆرتر نەبنە هۆی کێشە بۆ ئەوان لەگەڵ برایانی مێژینەی ئێرانییان” کە بە ٧٠ کەسەوە تەنانەت هەوڵێریان لە مەترسی گیرانی لە لایەن داعشەوە ڕزگار کرد. لەو بێنەدا “ڕووداو” دەورێکی گەڵێك خەراپ دەگێرێ و بە رۆژی ڕوون سووکایەتی بە ڕۆژهەڵاتیان دەکا.
ماوەیەک تا پێش شەهید بوونی نەمر هەژار حوسێنی و شەری نیوان پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات و پاسدار و جاشەکانی سەر بە کۆماری ئیسڵامی، پرسی “ئەوە بۆ لێرە دانیشتوون و بە جێگای بەشداری لە شەر دژی داعش و پاریزگاری خاکی کوردستان و لەبەر چاوگرتنی بەرژوەندی باشور ئایا باشتر نییە بچنەوە ڕۆژهەڵات و ئەو هێزەتان لەوێ بەکار بگرن؟” بنێشتە خۆشەی بەرنامەکەیان بوو و زۆر جار شێوەی پرسیار کردنیان وەبیرهێنەری بازجویی دەزگاکانی ئەمنی ئێرانی بوو، بەڵام ئێستا بە بارێکی دیکەوە کەوتن و پرسیاری سەرەکیان ئەوەیە” بۆ پێشمەرگە دەنێرنەوە و بە شەری دژی ئێران بەرژوەندی ئەوان دەخەنە مەترسییەوە و باشتر نییە بچن لە کۆبانی شەر دژی داعش بکەن؟”. لەهەر حاڵدا کوردی ڕۆژهەڵات بە هەر بارێکدا بسووڕێ هەر خەتابارە و تەنیا بەرهەمی ئەم بەرنامەیە بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لاواز و بێ کەڵک نیشان دانی حیزبەکان و کەسایەتیەکانی ڕۆژهەڵاتە.
خاڵێکی دیکەش کە برایانی باشور و بەرنامەگێرانی ڕووداو لە بیریان چۆتەوە یان نایانەوە وەبیری بێنەوە و هەر باسی ئەوە دەکەن کە بۆچێ کوردی ڕۆژهەڵات لە باشور دانیشتوون و ناچنەوە خاکی کوردستان خۆیان و توانایی ڕووخانی دەوڵەتی تارانیان نییە، ئەوەیە، ئەگەر لە دەیەی ٩٠ی سەدەی ڕابردوو باروودۆخی نێونەتەوەیی و دژایەتی ئەمریکا و ئەوروپا لەگەڵ عێراق نەبایە و مەداری ٣٦ دەرجە درووست نەکرابایە و برایانی ئەمریکی سەدامیان بۆ نەرووخاندبایە، ئێستاش کوردی باشور دەبوو قاچێکی لە ئێران و قاچی دیکەی لە سووریە با. بەڵام کورد کوتەنی ڕووی دونیا ڕەش بێ، زەمان لە گەڵ دۆراو و بێ دەسەڵاتەکان نییە و هەر تازە پێگەیشتوویەک ئەو ئیزنە بە خۆی دەدا ئاوا گاڵتە بە حیزب و کەسایەتیەکانی ڕۆژهەڵات بکا، ئەویش لە حاڵێکدا کە سەرۆکەکانیان باش دەزانن لە مێژووی ٥٠- ٦٠ ساڵی رابردوودا کاتێک کوردی ڕۆژهەڵات بۆخۆی لە ژێر گوشاری حکومەتە داگیرکەرەکانی ئێران بوو چ خزمەتێکیان بە کوردی باشور کردووە و ئێستاش لەم باروودۆخەدا پشتیوانی خۆیان لە کردەودا چ لە نێو خۆی وڵات و چ لە دەرەوە بە کردەوە بە جێ هێناوە.